باسکردنی مێژووی پڕ لە سەروەری کوردستان و گەلی کورد لە مێژوودا، باسێکە تێڕوانینی قووڵی خۆی هەیە، ڕەنگە مێژووی بزووتنەوە ڕزگاریخوازەکانی کوردستان و پەراوێزخستنی ماف و داخوازیی و ڕەتکردنەوەی ناسنامە و کلتوور و مێژووەکەی بەشێکی گرنگی جووڵانەوە شۆڕشگێرییەکان بووبێت، زۆر جاریش کاردانەوەی وەلانان و زوڵم و ستەم بووە، ئەمەش بۆ خۆی گۆشەیەکی دیکەی قووڵە و قسە زۆر هەڵدەگرێت. لەو ساتەوە تاوەکوو ئێستاش، زۆر لەوانەی کە خۆیان لە بەرپرسیارێتیی نیشتمانیی و ھەتا ئیدارییش دەدزنەوە، ھەمیشە ڕەخنەیان ئەوەیە، بۆچی ڕیفراندۆم کرا؟ ڕیفراندۆم پێش كێشە نەتەوەییەکە، ڕێڕەوی ئەنجامدانی کۆمەڵێک ھۆکار و فاکتەری ھەبوو کە ڕەنگە بەشێک لە ڕەخنەگران، ھەتا ئێستاش خۆیان لەو ڕاستییانە بدزنەوە و بە ھەر ھۆکارێک بێت درکی پێنەکەن، لەکاتێکدا، لەو کاتەی بڕیاری ڕیفراندۆم درا، حکوومەتی ئێراقی بە ھەموو توانای خۆی، لە ھەوڵی لاوازکردنی پێگەی ھەرێمی کوردستان و قەوارەکەیدا بوو، پیلانەکەش بە شێوەیەک بوو کە ھەموو ئەو سەرچاوانەی ھەرێم پشتی پێدەبەستێت، وشک بکرێن، یان لەناو ببرێن، ئەمە جیا لە پێشێلكردنی ٥٥ مادەی دەستووری ئێراق لە دژی هەرێمی كوردستان. هەرچەندە هەرێمی كوردستان، بەهۆی سزا ئابووری و سیاسییەكانی حكوومەتەكەی عەبادی، بە قۆناغێكدا تێپەڕی و بە جۆرێك پەكی كەوت، نەیدەتوانی هەموو مانگێك بەتەواوی چارەكە مووچەش بە فەرمانبەران بدات، ئەمەش كاریگەریی زۆر گەورەی لەسەر خەڵكی كوردستان دروست كرد و بازاڕ و جووڵەی بازرگانی و وەبەرهێنانی لە هەرێمی كوردستانی تەواو پەك خست، بەڵام خەڵك سەربڵند بوون كە بۆ یەكەمین جار لە مێژوودا توانییان مافەکانی خۆیان پەیڕەو بكەن و ئازادانە بڕیار لە داهاتوو و چارەنووسی خۆیان بدەن.
ئەمە سەڕەرای ئەوەی، ھێزی پێشمەرگەی کوردستان بەدرێژایی سێ ساڵ و نیوی شەڕی داعش، ھاوکارێکی گەورەی ھێزەکانی ھاوپەیمانان بوو لە ئێراق، ھەر ھێزی پێشمەرگەش بوو دەرگای چوونە نێو مووسڵی بۆ سوپای ئێراق کردەوە و بەشداریی كارای كرد لە ئازادكردنیدا، ھەروەک خۆیان دەڵێن: ”گەر پێشمەرگە نەبوا، ئازادكردنی مووسڵ ئەستەم دەبوو.“ پێش ئەوەش، لە سەرەتای شەڕی داعشدا، حکوومەتی ئەوکاتی ئێراق، بێباکانە بودجەی ھەرێمی كوردستانی بڕی، شەڕی داعش و ھاتنی بەلێشاوی ئاوارەکان و قەیرانی دارایی و ئالنگارییە نێوخۆیی و دەرەکییەکان، لە دیارترین ئەو کێشە و ئاریشانە بوون، کە ھەرێمی کوردستان لە ناوەڕاستی ساڵی 2017، بەشێکی زۆریانی بە خۆڕاگریی حکوومەت و خەڵکی کوردستان تێپەڕاندبوو. کەچی لەپای ئەو قوربانیدان و خەبات و خۆڕاگرییانەی پێشمەرگە و خەڵکی کوردستان، بە ھەموو شێوەیەک ھەوڵی توانەوەی ھەرێمی کوردستان درا. بڕیاری (ڕیفراندۆم) پێشی بە ھەموو ئەو پیلان و بەرنامەڕێژییە دوژمنکارییانەی ئێراق گرت، لەکاتێکدا زۆر کات لە ناوخۆش خەڵکانێک بۆ داگیرکردنی کەرکووک و ناوچە کوردستانییەکان، ڕیفراندۆم دەکەنە ھۆکار، کەچی ھەر زوو سوپای ئێراق بە بەرنامەڕێژی ھاتبووە نزیک کەرکووک، بۆ داگیرکردن و وێرانکردنی شارەکە، چونکە پێشمەرگە دەیانپاراست. لەکاتێکدا ئەو ھەموو پیلان و ڕکە زۆرەی نەیاران لەگۆڕێیە و نەتەوەی کوردیش ساڵەھای ساڵە خەبات و جووڵانەوە سیاسی و چەكدارییەكانی لە شۆڕشەكان و ھەڵوێستە مێژووییەکانی، ھەر لەپێناو بڕیار و ڕۆژێکی ئاوادا بوو.
سەرۆک بارزانی بە کۆکردنەوەی لایەنە سیاسییەکان و دروستکردنی کۆدەنگییەکی نیشتمانی، لەپێناو ڕیفراندۆم بۆ سەربەخۆیی، ڕۆحی ھەزاران شەھیدی ئارام کرد، ڕۆحیەت و ئیرادەی دەیان ھەزار پێشمەرگەی بەرز کردەوە، کەو لەو پێناوەدا کۆڵیان لە خەبات نەداوە. ئەگەرچی ئالنگارییە نێوخۆیی و دەرەکییەکان، خەنجەری ژەھراوی، ئەنجامەکانی ڕیفراندۆمی بەلاڕێدا برد، جیا لەوەش، حکوومەتی ئێراق بە دەستلەپشدانی ئیقلیمی و نێودەوڵەتی، دوای داگیرکردنی کەرکووک، ویستی داگیرکردنی تەواوی خاکی باشووری کوردستانی ھەبوو، بەڵام داستانەكانی پردێ و سحێلا و مەحموودییە، بەریان لەو خەونە گرت و بە قارەمانێتی و خۆڕاگریی بێوچان، دیسانەوە نەیارانی گەلی کوردیان بەچۆکدا ھێنا. ھەر لەوێش پێی گوتن: ”ھەتا کوردێک مابێت، بڕیاری ڕیفراندۆم و ئەنجامەکانی وەک تاپۆ و شانازییەکی مێژوویی دەمێننەوە، کە لە ھەلومەرجێکدا داخوازییەکانی گەلی كوردستان بەدی نەیەن، ڕیفراندۆم و دەرەنجامەکانی ساز و ئامادەن بۆ کارپێکردن.“