“لەبارەی سەرەتاکانی کلینت ئیستوود”
سەڕەڕای تێبینییەکانی ئیستوود، ستۆدیۆی یونیڤێرساڵ ئینتەرناشناڵ(Universal International Studio) لە تاقیکردنەوەی نواندنەکەی ئیستوود قایل دەرکەوت و، گرێبەستێکیان پێشکەش بە ئەکتەرە گەنجەکە کرد کە لە (1/ 5/ 1954) دەستی پێدەکرد و لە کۆتایی تشرینی یەکەمی ساڵی دواتردا کۆتایی دەهات. ئەمە گرێبەستێکی ستۆدیۆیی نموونەیی بوو، بە مووچەی (75) دۆلار لە هەفتەیەکدا و، ئامانجی پەرەپێدانی بەهرەی گەنجەکان بوو کە ستۆدیۆکە بەردەوام دەیدۆزینەوە، بەو هیوایەی کە هەندێکیان ڕۆژێک لە ڕۆژان سەرکەوتن بەدەست بهێنن. لەو کاتەدا ستۆدیۆکە قوتابخانەیەکی ڕاستەقینە یان ناوەندێکی هەبوو کە ئامانجی گۆڕینی ئەندامەکانی بوو – ئەوانەی بە مەبەستی بوون بە ئەکتەر دێنە ستۆدیۆکە – بۆ ئەکتەری پیشەگەر و، خستنەژێر چارت و خشتەیەکی تووندی وانەکانی نواندن و،ەرزش و ڕاهێنانی ڕۆژانە و، هەندێک بەشداریی سەرەتایی لە فیلمەکانی ستۆدیۆکەدا. لەو ماوەیەدا ئیستوود بە تامەزرۆییەوە کتێبی ” خۆئامادەکردنی ئەکتەر “ی دەخوێندەوە کە لە نووسینی ئەکتەری مەزن و قوتابی پیتۆڵی ڕێبازی کۆنستانتین ستانیسلاڤیکی(1863 – 1938) و میخائیل چیخۆف(1891 – 1955) بوو. مامۆستاکانی ئیستوود لەو کاتەدا گەنجەکەیان بە قوتابییەک وەسپ دەکرد کە کارەکەی بە باشی دەکات -ڕەنگە ئەمە ڕێگەیەک بێت بۆ وتن کە کەمێک ناشارەزایە بەڵام کۆششکارە-. ئەکتەرە سەرەتاکە چێژی لە ژیانی ناو ستۆدیۆیەکی گەورە وەرگرت و، بە پێچەوانەی زۆرێک لە هاوپیشەکانییەوە، بەردەوام سەرچڵ بوو و هەمیشە پرسیاری دەکرد و لە شوێنی وێنەگرتنەکاندا ئامادە دەبوو و، زیاتر گرنگی بە کاری دەرهێنەرەکان دەدا بەراورد بە ئەکتەرەکان. لە کۆتایی ساڵی (1954)دا یەکەم کاری خۆی وەک یاریدەدەرێکی تاقیگە لە دیمەنێکی فیلمی (Revenge of the Creature) ساڵی (1955) لە دەرهێنانی جاک ئارنۆڵد، پێشکەش کرد.
دوای ئەوە بەشداریی لە چەندین فیلمی تردا کرد، سەرەڕای بەسەربردنی کاتێکی سەخت دوای کۆتاییهاتنی گرێبەستەکەی لە یونیڤێرساڵ. لە ژمارەیەکی کەمی ڕۆڵی لاوەکیدا دەرکەوت، کە هەندێک جار لە چەند دێڕێک تێپەڕی نەدەکرد -بە دەگمەن زیاتر لەوە و زۆربەی کات کەمتریش-. لە یەکێک لە دیمەنەکاندا لەبەردەم (فرانسیس هێستری قسەکەر) لە فیلمی (Francis in the Navy) ساڵی (1955)ی ئارسەر لوبین نواندنی کرد. لە سەرەتای ژیانی پیشەییدا، ڕۆڵەکانی ئیستوود جۆراوجۆر بوون، لە بەشی کەمتر لە ئەکتەرێکی یاریدەدەرەوە تا کرو(Crew)ی پشتەوە. بە کورتی سەرکەوتنی بەدەست دەهێنا، بەڵام نەک سەرکەوتنێکی گەورە کە شوێنێکی دیار بەجێبهێڵێت. لەنێو فیلمە سەرەتاییەکانی لەگەڵ یۆنیڤێرساڵ، تەنها دەتوانین فیلمی گورگە جاڵجاڵۆکە(Tarantula) ساڵی (1955)ی جاک ئارنۆڵد بهێنینەوە یاد، کە تێیدا ئیستوود ڕۆڵی فڕۆکەوانێک دەگێڕێت و کڵاوەکەی ڕووخساری شاردووەتەوە(ئەم ڕۆڵە بە شێوەیەکی نامۆ لە یەکێک لە ڕۆڵە سەرەکییەکانیدا پاتە بووەوە لە فیلمی فایەر فۆکس(Firefox) ساڵی (1982) لە دەرهێنانی کلینت ئیستوود خۆی)، بەڵام سیمبولێکی گونجاوی بۆ کاروانی پیشەیی لەو کاتەدا پێشکەش کرد. کلینت ئیستوود ” پیاوێک بەبێ سیما “. دواتر لە ژیانیدا، دوور و کەمێک جیاواز لە ساڵە سەرەتاییەکانی وهك بەرهەمهێنەری سینەمایی و ئەکتەر توانی پەنجە لەسەر ئەوە دابنێت کە لە پەنجاکاندا بەم قۆناغە ” بێ سیما “یەدا ڕۆیشتووە، پاشان ئاهەنگی بۆ قۆناغێکی نوێی گەشەسەندن و ” ڕێبازی ئەمریکی ” لەسەر پاشخانی جەنگی سارد گێڕا؛ وی ئەو دەرکەوتنەی نەبوو کە گرێبەستەکانی ئەو سەردەمە داوایان دەکرد “.ەک ئەکتەرێکی گەنج، ئیستوود دەبوو خۆی بخاتە ژێر سیستمێکی ستۆدیۆیی تووندەوە؛ کارگەی خەونەکانی هۆڵیوود و دروستکردنی ” ئەستێرەکان “، هێڵێکی بەرهەمهێنان کە ” ئەقڵانی دەکات، یەکدەخات، پۆلین دەکات، لە هەر بەشێکی خراپبوو ڕزگاری دەکات، قاڵبی دەکات، دروستی دەکات، درەوشاوەی دەکات، دەیڕازێنێتەوە “. بە کورتی ئامێری دروستکردنی ئەستێرەی نموونەیی بوو. بەڵام ڕووکارە جەستەییەکەی بەرەنگاری ئەم جۆرە مامەڵەیە و ئەم مۆدێلە لە قاڵبدان و ستاندارکردن بووەوە. بڕیار بەدەستانی ئەو سەردەمە پێیان وابوو کە دەنگی ئیستوود زۆر ناسکە، قورتمی زۆر بەرز و دیارە، ددانەکانی زۆر دیارن و نیگاکانی زۆر جێگیرن، تەنانەت باڵابەرزییەکەیشی وا دیاربوو بۆ سەردەمێکی پێشتووتری ئەکتەران دەگەڕێتەوە – لەوان دەچێت – وەک گاری کوپەر، هێنری فۆندا، جەیمس ستیوارت. لە ڕاستیدا ئەو تایبەتمەندییە ناوازانەی کە لە کۆتاییدا بوونە هۆی ناوبانگی، هەمان ئەو شتانە بوون کە لە پەنجاکاندا ڕێگر بوون لە کاروانی هونەریی ئیستوود. بۆیە کاتێک لە کاتێکی درەنگدا بوو بە ئەستێرە بەهۆی گەورەبوونی ناوبانگی فیلمە وێسترنەکان، ئەمە بە تەواوی بە ڕێکەوت ڕووینەدا و بە شێوازێکی چاوەڕواننەکراو نەبوو. گرنگتر لە هەمووی ئەوە بوو کە وەک ” دیاردەیەکی دروستنەکراو ” مایەوە و، بەشێک نەبوو لە سیستمی هۆڵیوود کە کاتێکی زۆری ویست تا دان بەوەدا بنێت(واتە هۆڵیوود) کە ئیستوود ناوازەیە.
دەرکەوتنی ئیستوود لەسەر شاشە جۆرێکی ڕەسەنی هەیبەت و شکۆمەندی بە فیلمەکان دەبەخشی و، دەرکەوتنێکی جۆرێکی جۆرێکی نوێی جیاواز بوو کە هۆڵیوود له کۆتایی پەنجاکان و سەرەتای شەستەکاندا نەیتوانیبوو بیقۆزێتەوە و لێی سوودمەند بێت. دەرکەوتنی ئیستوود نوێنەرایەتی چەشنێکی نوێی ئامادەیی جەستەیی دەکرد لەسەر شاشە؛ جەستەی مۆدێرن گەیشت. بۆ گەیشتن بەو قۆناغە ئیستوود دەبوو ڕێگەیەکی لاوەکیی بگرێتەبەر و لە تەلەفزیۆن کار بکات، کە بە پێچەوانەی کاروانە سینەماییەکەی لەو کاتەدا کاتێکی بە نرخ و ئاڵتوونی پێ بەخشی بۆ ئەوەی گەشە بکات و، ڕێگەی بۆ واڵا کرد وێنەیەکی سەرەتایی پێشکەش بکات کە دواتر دەبوو بە خێرایی و بە هەموو هێزییەوە خۆی لێ قوتار بکات بۆ ئەوەی لە کۆت و بەندەکانی ئازاد بێت.
“قۆزترین کاوبۆی جیهان”
پێویستە لەو دەرفەتە تێبگەین کە ئیستوود لە زنجیرە تەلەفزیۆنی ڕۆهاید(Rawhide)ی کەناڵی سی بی ئێس(CBS) لە ساڵی (1959) بەدەستی هێنا، ئەمەش لە چوارچێوەیەکی مێژوویی دیاریکراودا. ساڵانی پەنجاکان دەیەی گەشەسەندنی تەلەفزیۆن بوو و، لە ڕاستیدا بایەخێکی زۆری لەلایەن ستۆدیۆکانی هۆڵیوودەوە پێدرا، کە ترسیان هەبوو لە لەدەستدانی نەوەیەکی نوێی بەرهەمهێنەران و سیناریۆنووسان و ئەکتەران کە ئارەزووی کارکردنیان لەو کایەیە داهێنەرە نوێیەدا هەبوو کە تەلەفزیۆن پێشکەشی دەکردن. ئیستوود تاکە کەس نەبوو کە سوودی لە زنجیرە دراما تەلەفزیۆنییەکان وەرگرت وەک دەرفەتێک بۆ گەیشتن بە شاشەی گەورە، هاوشێوەی زۆرێک لە زنجیرەکانی ئەوکاتە. زەنجیرە تەلەفزیۆنی ڕۆهاید کە لە کانونی دووەمی ساڵی (1959) تا کانونی یەکەمی ساڵی (1965) بەردەوام بوو، زنجیرەکە خەونی ئەوەی هەبوو ببێتە یەکێک لە فیلمە وێسترنەکان و پێشەنگی ئەو ژانرە باڵادەستەی ئەو کاتەی هۆڵیوود بەگرێتە دەست. شەپۆلەکە لە کۆتایی پەنجاکان و سەرەتای شەستەکاندا گەیشتە لووتکە وهك لە فیلمی (The Man Who Shot Liberty Valance) ساڵی (1962)ی جۆن فۆرد. لێ لەو کاتەدا ژانری وێسترن لەژێر مەترسیی نەهێشتنی -لابردنی- لەلایەن تەلەفزیۆنەوە بوو و،اتە ژانری وێسترن هەڕەشەی ئەوەی لەسەر بوو چیتر لە سینەما بینەری نەبێت بەهۆی ئەوەی لە تەلەفزیۆنەوە پەخش دەکرا. بەرهەمهێنەرانی هۆڵیوود سەرکۆنەی تەلەفزیۆنیان دەکرد و دواتر بە شێوەیەکی تووندتر لۆمەی بڵاوبوونەوەی بەرفراوانی خودی فیلمە وێسترنەکانیان دەکرد، چونکێ داهاتی ئەو ژانرەیان کەم کردبووەوە بەهۆی بینینی لە شاشەی تەلەفزیۆنەوە -تێرکردنی بینەر لەلایەن تەلەفزیۆنەوە- بە شێوازی زۆر و جۆرجۆر. لە ڕاستیدا ئەو بەرهەمە داهێنەرانە بەردەوامیی ژانری وێسترنیان مسۆگەر کرد، تەنانەت نوێبوونەوەی شێوازە داستانئامێزەکەیشی کە لەو سەردەمەدا ڕووبەڕووی هەڕەشەی لەناوچوون ببووەوە.
لەم چوارچێوەیەدا دژوازییەکە ئەوە بوو کە ئیستوود، کە لە سەرەتاوە ڕۆڵێکی دیاری لە زنجیرەی ڕۆهایددا پێدرابوو خۆی لە ڕیزی پێشەوەی بینینی – دۆزینەوەی – نهێنییەکانی چۆنییەتی وێنەگرتن لە هۆڵیووددا بینییەوە. لە ڕاستیدا ئەمە هەلیکی باشتر بوو لەو کاتەی لە ستۆدیۆی یونیڤێرساڵ بەسەری بردبوو. بە تێپەڕبوونی هەفتە و مانگ و ساڵەکان، زنجیرە تەلەفزیۆنی ڕۆهاید بووە بنەمایەکی پێکهێنەر بۆ ژیانی پیشەیی ئیستوود، بۆ نموونە سەرەتا توانی ئەو ئەستێرە سینەماییانە بناسێت کە بۆ وێنەگرنی ئەڵقەی تایبەت بانگهێشت دەکران وهك (باربرا ستانویک و پیتەر لۆر)، هەروەها کات و ساتی دیاریکراوی بۆ کارکردن هەبوو، ئەمەش کاتی پێ بەخشی بۆ ئەوەی پیشەی نواندن بە باشی فێربێت، ئەگەر لە خودی خۆیدا هونەر ئامادە نەبێت. گرنگتر لەوە زنجیرەی ڕۆهاید هەلی ئەوەی بۆ ڕەخساند کە چاودێری ژمارەیەکی زۆر لە دەرهێنەری جیاواز بکات کە هەریەکەیان کاریان لەسەر ئەڵقەیەکی جیاواز دەکرد -چاک و خراپیانی بینی لەگەڵ دەرهێنەرە دیارەکانی هۆڵیوود کە لە کۆتایی ژیانی پیشەیی خۆیاندا بوون- هەروەها ئیستوود خەونی بەوەوە دەبینی کە خۆی دەرهێنانی ئەڵقەیەک بکات، لێ وەک چۆن هەموو خەونێک ڕەهەندی نەرێیی هەیە، ئەو هەلە زێڕینەی کە ڕۆهاید نوێنەریەتی دەکرد، ئەوەشی دەگەیاند کە وەک ئەکتەرێک لە زنجیرەکەدا قەدەغە بوو، دەرهێنانی هەر ئەڵقەیەک بکات یان ڕۆڵی دیکە ببینێت، بەهۆی ناکۆکیی بەرژەوەندی سپۆنسەرەکانی. هاوکات ڕۆتینێکی کۆن و تەقلیدی و کاتبەر و شوێنی وێنەگرتنی(لۆکەیشن) کۆن و داڕماوی ڕۆژئاوای کێوی/دڕندە هەبوو کە دەبوو مامەڵەی لەگەڵدا بکرێت. لە کۆتاییدا کەسایەتییەکەی ئێستوود لە زنجیرەکەدا ناوی “ڕاودی یەیتس” بوو، کەنجێکی قۆزی بێ کینە، تەنها بە شێوەیەکی هێمن و بێ حەماسەت توڕە دەبوو و، زۆربەی کاتی بە جێبەجێکردنی فەرمانەکان بەسەر دەبرد. لە کاتێکدا کە هەوادارە سەرەتاییەکانی ئەکتەرەکە بە ” قۆزترین کاوبۆی جیهان ” وەسپیان دەکرد، ئیستوود نازناوی “گەمژەی مێرگەکە”ی لە کەسایەتییەکەی نابوو.
بێگومان ئەم هۆکارانە وایانکرد ئستوود لە ساڵی (1964)دا کوێرانە ئۆفەرێکی ڕۆڵگێڕان لە فیلمی دەرهێنەرێکی ئیتاڵی نەناسراو قبووڵ بکات. فیلمی (Magnificent Stronger – کە دواتر ناونرا بە A Fistful of Dollars)، یەکەم فیلمی بوو لە سێیینەی سێرجیۆ لیۆنی، کە ڕۆڵێکی بە ئیستوود بەخشی کە لە بنەڕەتدا ڕەهەندێکی تاریک و نەرێیی کارەکتەری (ڕاودی یەیتس) بوو. “پیاوە بێ ناوەکە” لە فیلمەکەی لیۆنیدا کاوبۆیەکی پێگەیشتوو، چەپەڵ، فێڵباز، خۆپەرست، لێهاتوو، کەمدوو، بەکردەوە بێ دەنگ و، کاتێک بیەوێت تووندوتیژ بوو. هەروەها ئیستوود گەشتێکی خۆشی بۆ دۆزینەوەی شێوازی بەرهەمهێنانی سینەمایی لیۆنی ئەنجامدا؛ بە شێوەیەکی دڵڕەقانە سەرسوڕهێنەر و وەڵامێکی تەواو بوو بۆ جوانیی پاکی زنجیرەی ڕۆهاید. بێگومان نائومێدی ئیستوود سەبارەت بە کاروانی هونەریی خۆی جارێکی تر سەریهەڵدەدایەوە و لە فیلمەکانی لیۆنیدا دەرچەیەکی بۆ ئەمە دەدۆزییەوە کە دەرفەتێکیان بە ناوبراو بەخشی بۆ گواستنەوە لە یەکەم ڕۆڵی سەرەکیی خۆی لە ڕۆهاید بە لەناوبردنی وێنەیەک کە چیتر بۆی گونجاو نەبوو. ئەو کاتە دەیتوانی بە سانایی تەقە لە کارەکتەری ڕاودی یەیتس بکات. هەروەها هەلومەرجی دەرەکیی ڕۆڵی خۆی گێڕا لە ناردنی ئیستوود بۆ ئیتاڵیا. هۆڵیوود لەو کاتەدا لە دۆخێکی وەستاودا بوو کە وا دەردەکەوت هیچ شتێکی نوێ ڕوونادات.ا دەردەکەوت ستۆدیۆکان زیاتر و زیاتر بەرەنگاریی گۆڕانکاری دەبوونەوە تەنانەت کاتێکیش ڕوون بووەوە کە جیهان لە گۆڕاندایە. ئەم چەقبەستنە بە داهاتی کەمتر لە بۆکس ئۆفیس، کەمبوونەوەی قازانجی ستۆدیۆ گەورەکان و کەمکردنەوەی ژمارەی فیلمە بەرهەمهێنراوەکاندا دەرکەوت و تەنانەت وا دەردەکەوێت کە تایبەتمەندییە هونەرییەکانی فیلمی ستۆدیۆ گەورەکانیش کاڵ دەبنەوە و سیحریان نامێنێت. ناوی گەورە لە جیهانی بەرهەمهێنانی سینەماییدا لە هیچ شوێنێک نەدەبینرا. ئیستوود وەک ئەکتەر و دەرهێنەر لە نێو ئەوانی تردا لە ڕێگەی پەیوەندییەکی ناڕاستەوخۆوە ڕاهێنانی پێکرا. کاریگەریی سێرجیۆ لیۆنی، کە سەرسامییەکی گەورەی بە سینەمای هۆڵیوود و یاریدەدەری دەرهێنەر بوو لە چەندین فیلمدا کە لەلایەن دەرهێنەرە ئەمریکییەکانەوە لە ئیتاڵیا وێنەگیرابوون، کاریگەری لەسەر ئیستوود هەبوو، هەروەها (دۆن سیگڵ)یش هەمان کاریگەری هەبوو، ئەو دەرهێنەرەی کە پێشتر بەرهەمهێنەر و یاریدەدەری دەرهێنەر بوو لە ستۆدیۆکانی وارنەر بڕازەرز(Warner Bros) لە ساڵانی سییەکانەوە لە فیلمەکانی (ڕاول واڵش، مایکڵ کورتیز، هاوارد هاوکس)دا.
“پیاوێک بە بێ ناو”
بەراورد بە کەشی پڕ لە گرژیی و شپرزی هۆڵیوود، کارە سینەماییەکانی سێرجیۆ لیۆنی پچڕانێک بوون لەگەڵ ڕابردوو و ئازادی و، وێنەیەکی خێرای جوانیان بەکارهێنا و، تێیدا جۆرێک لە بێباکییەک -پشتکردنێک- بەرابەر بە ڕێساکانی وێنەگرتنی فیلمی کلاسیکی دەرکەوت و، یاساگەلێکی ئەخلاقی پێشکەش کرد. فیلمە ڕۆژئاواییەکان کە تێیدا بەشدار بوو -و ڕۆڵگێڕانی ئیستوود تێیدا- بە نزیکەیی هاوکاتی بوونێکی نموونەیی بوو لەگەڵ ئەوەی کە ئەوکات ڕوودەدا، هەروەک سەرکەوتنە ڕاستەوخۆ و بەرفراوانەکەی دەیسەلمێنێت هاوشان لەگەڵ ئەو سەردەمەدا. بەڵام پێشبینییەکیش بۆ ئەمریکای داهاتوو، هۆڵیوودێکی نوێ سەریهەڵدا کە وزەیەکی زۆر تەرخات دەکرد بۆ کێشانی ڕاستییەکی کۆمەڵایەتی نوێ و تووندوتیژ و تەقینەوەیی. پێش (فیلمە ڕۆژئاواییە نوێیەکان) لەسەرەتای حەفتاکاندا، زنجیرە فیلمەکانی دەرهێنەرە ئیتاڵییەکان سەرکەوتنێکی دووهێندەیان بەدەستهێنا، لە دیمەنێکدا ئەو ژانرەیان کوشت و لە دیمەنێکی تردا نوێیان کردەوە و بۆ هەمیشە لە نەریتە بەمیراتماوەکانی ڕزگاریان کرد. سێرجیۆ لیۆنی ئاسۆیەکی نوێی بۆ فیلمە ڕۆژئاواییەکان داهێنا، ئەمە لە ڕووی جوانیناسی و ئەخلاقییەوە – تەنانەت بە پێوەرەکانی پێداویستییەکانی بودجەشەوە -. بە هەرحاڵ ڕۆژنامەگەریی ئەو سەردەمە دەستبەجێ ئازایەتی و جەسارەتی بەرابەر بە تووندوتیژیی زیاد لە پێویست لە فیلمەکان دەربڕی و، هێرشیان کردە سەر ئەوەی کە بە شێواندنێکی ئیتاڵیی بێشەرمانەی ستایلی پیرۆزی فیلمی ڕۆژئاواییان دایە قەڵەم و، فیلمەکانی لیۆنییان بەوە تۆمەتبار کرد کە کۆپییەکی پواو و ڕزیوی ژانری وێسترنە. شێواندنی فیلمەکانی لێۆنی لەلایەن ڕەخنەگرانەوە لە کۆتاییدا بووە هۆی دروستبوونی کاریگەریی نەرێیی لەسەر ئیستوود، لێ لەلایەکی دیکەوە، لە کۆتاییدا خاوەنی سیمایەکی تایبەت بەخۆی بوو. چ سیمایەکیش، لە هی هیچ کەسێکی دیکەی ئەو سەردەمە نەدەچوو؛ سیمایەکی باریک، ناسک و سەرنجڕاکێش، بەڵام لە هەمان کاتدا بێزارکەر بوو، دەکرا سیمەکە گرژ بێت و، ببێتە نیگایەکی نەگۆڕ بەو چاوە تیژ و بچووکانەی کە هی بکوژێک بوون. دەربڕینی ڕووخساری بووە چەقی سەرنجی دیمەنەکان و، ئەمە مانای ئەوە بوو کە هەندێک جار پێویستی بەوە نەبوو هیچ شتێکی تر بکات، یان بە پێچەوانەوە سەلماندنی کە دەستپێکێکی نموونەیی فیلم بوو بۆ کاردانەوە خێراکانی کارەکتەرەکەی کە وەک بروسکە وابوون و، پێویستیان بە هیچ ڕاڤەکردنێک نەبوو. بە بەکارهێنانی کەمترین ئامڕاز، سەرنجی خستە سەر زیادکردنی کاریگەریی و دەستبەرداربوون لە پاڵنەری دەروونیی و، تەنها پشتی بە هێزی ئامادەبوونی ئەکتەرەکە دەبەست.
بەڵام مرۆڤ دەتوانێت بە شێوەیەکی تر تەماشای ئارەزووی ئیستوود بکات بۆ پێشکەشکردنی وێنەیەکی نائاسایی. ئیستوود دەیویست بەهرە و ڕەسەنایەتی خۆی وەک ئەکتەرێک بسەلمێنێت، لێ بڕیارەکەی بۆ گێڕانی ئەو ڕۆڵە شکستی هێنا لە بەدیهێنانی خواستەکەیدا، چونکە وێنەکە لە (سێیینەی دۆلار)دا وای لە ڕەخنەگران کرد کە وا بزانن شێوازی نواندنی ئیستوود سنووردارە، تەنانەت گوتیان کە دڵخۆش بووە بە بەشداریکردن لە سێیینەی دۆلاردا. ئیستوود نیازی نەبوو کاروانی پیشەیی خۆی لەسەر نواندن لە فیلمە ڕۆژئاواییە ئیتاڵییەکاندا بنیاد بنێت، بەڵام کاتێک ئەو کارەی کرد، ڕەخنەگران و بەرهەمهێنەران نەیانتوانی بێهێننە بەرچاویان – ئەندێشەی ئەوە بکەن – کە هیچ شتێکی تر جگە لە ” پیاوە جگەرەکێشەکە ” نواندن بکات. پێکەوە لیۆنی و ئیستوود ئەم کارەکتەرە نهێنیئامێزەیان داهێنابوو کە هیچ تایبەتمەندییەکی ڕوون و ڕاشکاوی نەبوو، لەگەڵ ئەوەی کارەکتەرێکی گاڵتەجاڕ بوو، هەروەها نوقمی ماسۆشیزم (چێژوەرگرتن لە ئازار) ببوو. بەڵام سەبارەت بە ئیستوود نواندنی دیمەنەکانی پێکدادانی چەکداری و ڕاوچیی خەڵات سێ جار زیاتر لە پێویست بوو – بەس بوو -. کارەکتەرەکەی (بە گوێرەی دیدی ژمارەیەک ڕەخنەگر، کە هەندێک جار لە ئەکتەرەکە خۆی جیا نەدەکرایەوە) تژی بوو لە سووکایەتی و تووندویژی، بەکورتی؛ نەگونجاو بوو(15). ئەمە بوو کە وای لێکرد ڕۆڵگێڕان لە فیلمەکەی لیۆنی بە ناوی ڕۆژانێک لە ڕۆژئاوا(Once Upon a Time in the West) ساڵی (1968) ڕەد بکاتەوە. دواتر ئارەزووی بۆ یەکجارەکی ڕزگاربوون لە هەر شێوازێکی ئامادەکراو سەبارەت بە وێنەکەی، بووە هێزی پاڵنەر لە پشت هاوبەشییەکەی لەگەڵ دەرهێنەری ئەمریکی دۆن سیگڵ. چ کلینت ئیستوود و چ دۆن سیگڵ کەسایەتییەکی بەهێزیان هەبوو و، لە پێنج فیلمدا پێکەوە کاریان کرد، لەوانە لە فیلمی (Coogan’s Bluff) ساڵی (1968)، بەشداریکردنی ئیستوود لەم فیلمەدا ڕاهێنانێکی پێشوەختە بوو بۆ فیلمی هاری چەپەڵ(Dirty Harry) ساڵی (1971) و، فیلمی هەڵاتن لە ئەلکاتراز(Escape from Alcatraz) ساڵی (1979)، کە یەکێکە لە گرنگترین فیلمەکانیان پێکەوە.
نووسینی؛ بێرنار بینوا
وەرگێڕانی؛ شڤان نەوزاد







































































