ئایا خوێندنەوە کەسێکی باڵاتر دروست دەکات؟
پێشەکی
خوێندنەوە و نووسین هەمیشە پەیوەست بووە بە بیرۆکەی پێشکەوتنی مرۆڤەوە. لە خەیاڵی گشتیدا ڕۆشنبیر هەڵگری بەهاکانە، دروستکەری هۆشیارییە و بنیاتنەری مرۆڤایەتییەکی فراوانترە. بەڵام مێژوو پارادۆکسێکی مەترسیدار ئاشکرا دەکات:
“بینیامین ناتانیاهو” بە نموونە
“بنیامین ناتانیاهۆ” خوێنەرێکی قووڵە و چەند دانە کتێبی هەیە لەسەر “بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر” و”ئاشتی” وژیاننامە و زۆرێک لە بابەتەکان و وتاری قووڵ و هزرێکی فراوانی هەیە .
کتێبەکانی بنیامین ناتانیاهۆ:
١- بیبی: چیرۆکی من bibi :my store
لە ساڵی ٢٠٢٢دا بڵاوکرایەوە، ژیاننامەیەک کە تیایدا ناتانیاهۆ ژیانی سیاسی و خێزانی خۆی دەگێڕێتەوە، لە سەربازەوە بۆ سەرکردەی سیاسی، بە گرنگیدان بە تەحەددای جیۆپۆلەتیکی و ئابووری.
٢- شوێنێک لە نێوگەلاندا “A Place Among the Nations”
لە ساڵی ١٩٩٣ بە زمانی ئینگلیزی بڵاوکراوەتەوە، دواتر وەرگێڕدراوە بۆ زمانی عیبری بە ناوی شوێنێک لە ژێر خۆردا. باس لە مێژوو و شوێنی ئیسرائیل دەکات لە جیهاندا، تیشک دەخاتە سەر ئەو تەحەددایانەی کە ڕووبەڕووی بووەتەوە.
٣- بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر: چۆن هێزە دیموکراسیەکان دەتوانن تیرۆریستانی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی تێکبشکێنن ؟
“ Fighting Terrorism: How Democracies Can Defeat Domestic and International Terrorists”
لە ساڵی ١٩٩٥ بڵاوکراوەتەوە، لە ڕوانگەیەکی دیموکراسیەوە باس لە ستراتیژییەکانی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر دەکات، پێداچوونەوە بە ئەزموونەکانی ئیسرائیل و ئەمریکا دەکات.
٤- تیرۆر: چۆن ڕۆژئاوا دەتوانێت سەربکەوێت؟ “Terrorism: How the West Can Win
لە ساڵی ٢٠٠٤ بڵاوکراوەتەوە، شیکارییەک بۆ دیاردەی تیرۆر و چۆنیەتی ڕووبەڕووبوونەوەی وڵاتانی ڕۆژئاوایی دەخاتە ڕوو، لەگەڵ گرنگیدان بە هەڕەشە ئەمنییەکان.
٥- ئاشتییەکی بەردەوام: ئیسرائیل و شوێنی لە نێو گەلاندا “ A Durable Peace: Israel and Its Place Among the nations”
لە ساڵی ١٩٩٣دا بڵاوکراوەتەوە و باس لە دیدگای ئەو دەکات بۆ ئاشتی بەردەوام لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، تیشک دەخاتە سەر ڕۆڵی ئیسرائیل لە گەیشتن بە ئاشتی ، چەندین وتار لە گۆڤار و ڕۆژنامەکانی ئیسرائیل و جیهان . بەڵام خوێندنەوە و نووسینەکانی لە بنەڕەتدا پاساو بوون بۆ سیاسەتەکانی گەمارۆدان و کوشتن لە دژی فەلەستینییەکان, هەموو نووسەرێک بەرهەمنييه بۆ مرۆڤایەتی . هەندێک نووسینیان کردووە بە ئامرازی کوشتن و پاساودانی ئایدیۆلۆژی توندوتیژی.خوێندنەوە وەک ئامرازێک بۆ پێشکەوتن وتیۆری پەروەردەیی کلاسیک جەخت لەوە دەکاتەوە کە خوێندنەوە تێڕوانینەکانی مرۆڤ فراوانتر دەکات و لە کایەی غەریزەوە دەمانباتە ئاسۆی بیرکردنەوە.
“گاندی” لەسەر ناتوندوتیژی نووسی و تیۆریزەی کرد، بوو بە هێمای ئاشتی.
“ماندێلا” ئەزموونەکانی خۆیی بەڵگەدارکرد و ژیاننامە و ئارامگرییەکەی بوو بە سەرچاوەی ئیلهام بۆ ڕزگاری.
“مارتن لۆثەر کینگ جونیۆر” وتارەکانی نووسی، وشەکانی گۆڕی بۆ ئامرازێک بۆ بەرەنگاربوونەوەی جیاکاریەکان .
لەم حاڵەتانەدا وشەی نووسراو مرۆڤایەتییەکی قووڵتری بەرهەمهێنا و خوێندنەوەش کردەوەیەکە بۆ پێگەیشتنی مرۆڤ .دیوەکەی تری خوێندنەوە نووسەری بکوژ دروستدەکات ، مێژوو ڕوویەکی تری نووسینمان بۆ ئاشکرا دەکات:
“نازییەکان” دەقی ئایدیۆلۆژییان داڕشت کە جینۆسایدیان کردە پڕۆژەیەکی ڕەوا.
هەندێک لە تیۆریستەکانی “کۆلۆنیالیزم” لە ڕێگەی کتێبەکانیانەوە پاساویان بۆ کۆیلایەتی و تاڵانکردنی گەلان هێنایەوە.
لەم نموونانەدا نووسین ئامرازی ڕزگاری نەبووە، بەڵکو ئامرازی زاڵبوون بووە، قەڵەم دەکاتە هاوبەشی تاوانەکە.کەواتە پارادۆکسەکە ئەوەیە کە خوێندنەوە و نووسین گەرەنتی پێشکەوتن نین. ئامرازن و بەهای ڕاستەقینەیان بەپێی ئەو مەبەستە دیاری دەکرێت کە بۆی بەکاردەهێنرێن .ئەگەر بەرەو بنیاتنانی دادپەروەری و ئاشتی ئاراستە بکرێن، دەبنە کردەوەی ڕزگاری مرۆڤ. ئەگەر بۆ ڕەوایەتیدان بە هەژموونی و توندوتیژی بەکاربهێنرێن، دەبنە بەرگێک بۆ کوشتن و جینۆساید.
ئەو وتەیەی کە دەڵێت “خوێندنەوە مرۆڤێکی ئاڵۆز دروست دەکات پێویستی بە سەرلەنوێ داڕشتنەوە هەیە. خوێندنەوە گاندی و ماندێلا و هیتلەریش بەرهەم دەهێنێت، یان بەشداربێت لە سەرهەڵدانی نەتانیاهۆ. جیاوازی لە کردەی خودی خوێندنەوەدا نییە، بەڵکو لە بەهاکاندایە کە دەقەکان ڕێنمایی دەکەن و مەعریفە دەگۆڕن بۆ ڕەفتار.تەحەدای بەردەم مرۆڤایەتی تەنیا هاندانی خوێندنەوە نییە، بەڵکو ئاراستەکردنی بەرەو بەرهەمهێنانی بەها ئینسانییەکانە، بۆ ئەوەی وشەکە نەبێتە چەکێکی دیکە لە دەستی “نووسەری بکوژ”دا.
نموونەیەکی تر لە پارادۆکس و دژایەتی نێوان خوێندنەوە و نووسین وفیکر و پراکتیک لە ژیانی هەندێک بیرمەنددا دەبینرێتەوە ، وەک “ ژان جاک ڕۆسۆ “ فەیلەسوف و چاکسازیخوازی کۆمەڵایەتی کە بەرهەمی کاریگەرانەی لەسەر پەروەردە و ئەخلاق نووسیوە، بەناوبانگترینیانیان لەسەر پەروەردەبوو، کە تیایدا بیرۆکەی شۆڕشگێڕانەی سەبارەت بە پەروەردەکردنی منداڵان بە شێوەیەکی سروشتی پێشکەش کرد کە فەزیلەت و ئازادی پەروەردە دەکات. بەڵام ئەوەی جێی سەرنجە ئەوەیە کە سەرەڕای ئەم بنەما قووڵانە، هەموو منداڵەکانی ناردووە بۆ خانەی هەتیوەکان و خۆی وەک پەروەردەکارێک گرنگی پێنەداون. ئەمەش خاڵێکی گرنگ دەخاتە ڕوو: خوێندنەوە و نووسین توانای بەرهەمهێنانی بیری بەرز، مەرج نییە گەرەنتی بکات لە بەکارهێنانی لە ژیانی کەسیدا. هەندێک جار کەلێنێک لە نێوان تیۆری و ئەزموونی ژیاندا هەیە، یان لە نێوان پابەندبوون بە ئایدیاڵەکانە و ئەو فشارە کەسیی یان کۆمەڵایەتیانەی مرۆڤ ڕووبەڕووی دەبێتەوە.