پرۆسەی داگیركاریی هەر لە سەرەتاوە ڕەهەندێکى دوو لایەنەى سیاسیی و ئابوورییانەی وەرگرتووە، بە پێی پێناسەى فەرهەنگی ئۆکسفۆرد، داگیرکارى پرۆسەیەکە بە مەبەستى دەستگرتن بەسەر جوگرافیایی سرووشتی و مرۆیی ناوچەیەک لە دەرەوەى سنووری سیاسیی و ئابووریی خۆی دێت، بەو واتایەی هەوڵدان بۆ داگیرکارى کۆششێکە لە پێناو دەستکەوتنى قازانجى ئابووریانە. هەروەک “ماکلار ریوس” دەڵێت: “پرۆسەکانى داگیرکاریی سەرجەم ڕێبازەکانى داگیرکارى، سەپاندنى هەژموون و دەستەڕۆیی وڵاتێکە بەسەر ناوچەیەکى تر لە ڕێگەى هێزەوە، کە تیایدا نەک سیستمى سیاسیی بەڵکو سیستمى ئابوورییەکەى وابەستەى خۆی دەکات”. زیاتر لەوە “میخائیل بتریۆس” دەڵێت:- “هێزى سیاسیی و ڕامیارى کە لایەنى ڕواڵەتى پرۆسەی داگیرکارى نیشان دەدات، ناوەڕۆکدا ڕەهەندی ئابووریی بارى هێناوە، بەو واتایەی ئابووری بناغەی کایەی رامیارى وسیاسییە، کە لە ئەنجامى گەشەکردنى پێناوەکانى بۆتە هۆی خێراکردنى پرۆسەی داگیرکارى، لەمەشەوە داگیرکارى ناوەڕۆکێکى ئابووریانە وەردەگرێت، نەک هۆکار و پاڵنەر”.
لەم بۆچوونەوە تیۆرییەوە دەگەینە ئەوەى پرۆسەی داگیرکارى لەسەر دوو بنەماى “هێز و ئابووری”ی وەستاوە، بەڵام بەسەرنجدان لە بنەماکانى گەشەکردنى پرۆسەکە، دەگەینە ئەو خشتە خولیەی کە هێزو ئابووری بە تەنها دوو ڕووی یەک دراو نین، بەڵکو ئابووری سەرەتاو تەواوکەرى پرۆسەکەیە، چونکە هێزو خەسڵەتى ڕامیارى پێویستى بە بەهاو تێچووى ئابووریانە هەیە، ئەوەش ئاشکرایە تا تواناى ئابووری زیاتر بن هێزو دەسەڵاتەکان زیاتر دەبن، لە ئەنجامى ئەم بەهێزیەش پرۆسەی داگیرکارى دروست بووە کە لە ئەنجامدا بە قازانجى زیاد بوونى سەرمایە و دەوڵەمەندى خاوەن هێزە.
لەڕاستیدا هەندێک لە تیۆرییە ئیمپریالییەکان بەتەواوى پرۆسەی داگیرکارى دەبەستنەوە بە ماکى ئابوورییانەوە، وەک ئەوەى مارکس لە کتێبی (الامبریالیة أعلى مراحل الرأسمالة) دەیخاتەڕوو و پێیوایە، “هەڵگرتنى هەر هەنگاوێک لە ڕووی سیاسییەوە، هەنگاوێک لە ڕووی ئابوورییانەوە بە دواى خۆیدا دێنێت”. ئەمەش لەسەر ئەو بەها بنچینەییەى کە ئیمپریالیزم لە پاش قۆناغی مۆنۆپۆلکردنى بازاڕ دەگاتە دوا لوتکەى باڵای سەرمایەداریی کە شۆڕش بەدواى خۆیدا دێنێت، ئەم بۆچوونە بە هەر كەموكوڕییەكییەوە هیچی لەو ڕاستیە نەشاردۆتەوە کە ئابووری یەکسانە بە سیتمى داگیرکاری و قۆناغەکانى لە مێژوودا. بە لەبەرچاوگرتنى ئەو پێشکەوتنە خێرایەی کە ئەوروپاى گرتەوە قۆناغی داگیرکارى سەرەتایی گۆڕا بۆ قۆناغی کۆلۆنیالیزم، لێرەوە داگیرکارى بەتەنها پرۆسەیەک نەبوو لە پێناو داهێنان و شکۆمەندى، بەڵکو ئاماژەیەک بوو بۆ ئەو هەژموونە ئابوورییەى کە هەر لەسەرەتاکانى سەدەى شانزەیەمەوە ڕێچکەى گرت، تا گەیشتە قۆناغی پۆست کۆلۆنیالیزم کە قۆناغی ڕاگوزەر بوو لە پاشکۆیەتى سیاسیی و ئابووریانە وە بۆ قۆناغی سەروەری و ئابووری سەربەخۆ.
“قۆناغە مێژووییەکانى گەشەسەندنى ئابووری و گاریگەریى لەسەر پرۆسەی داگیرکارى”
بە لەبەرچاوگرتنى قۆناغەکانى داگیرکارى، دەگەینە ئەوەى پرۆسەى داگیرکارى لە شێوە سەرەتاییەکانیەوە تا باڵا بوونى، ماکى ئابووری لە هەردوو ڕووی “بازرگانى و پیشەسازى” دوو لە گرنگترین بنەماى بنچینەى پرۆسەی داگیرکارى لە شکڵ و قۆناغی جیاوازدا پێکدێنێـت، لەم ڕووەشەوە ئەو بۆچوونەى “ماک ئارمس روون” بە تەواوى دەسەلمێت، کە وای دەبینێ “بزاوتى ئابووریی بنچینەى باڵایە لە مامەڵە سیاسییە کاندا، هەر لەمەشەوە پێشنیاری سیستمى سیاسەتى ئابووریی هێنایە گۆڕێ”. ئەمەش ئەو ڕاستیە دەردەخات کە سیاسەتى ئابوورییانە پەیوەندى ڕاستەوخۆی بە سیاسەتى گشتى وڵاتانەوە هەیە، هەر ئەمەش لە مێژوودا سەریکێشاوە بۆ هەنگاونان لە پێناو فراوانکردنى ئامانجە داگیرکارییەکان. لەمەشەوە ئەگەینە ئەوەى بۆچوونى (جۆن کارلیل) زانای ئابووری ڕاستە، کە پێوایە “هێزى دەوڵەت و تاجی شاهانەى فەرمانڕەوا لە دەوڵەمەندى گەنجینەی دەوڵەتە نەک بەتەنها شمشێر”.
“قۆناغە مێژووییەکانى گەشەسەندنى ئابووری داگیركاریی”
پرۆسەی داگیرکاریی پەیوەندی ڕاستەوخۆی لەگەڵ ڕەوشی بەرەو پێشچوونى ژیانى مرۆڤ لە قۆناغە مێژووییەکاندا هەیە، لەسەر ئەو بنەمایەی ئابووری سەرچاوەى بەردەوامى ژیانە، هەر لەسەرەتاوە ئابووری و بژێوى تاک بوونى هەبووە، ئامڕازەکانى بەرهەمهێنان و جۆری پەیوەندییەکانى نێوانیان لاواز بووە، مرۆڤ لە قۆناغە سەرەتاییەکاندا بنەما ئابوورییەکانى لەسەر بنەماى خۆژێنى بووە، کاڵاو بەرهەمی کەمی هەبووە، سیستم و دابەشکردن و جۆری کارى نەبووە، لەسەر بەری درەخت و ڕاوکردنى بەردەوام ژیاوە، لە دواتردا ئەم هەنگاوە بەرەو بنەماى ئابووری خێزان هەنگاوى ناوە، کە تیایدا چەند ئەندامێکى خێزانێک سیستمێکى سەرەتای بۆ ڕێکخستنى ئابووریی خۆیان دادەنێن، بڕیاردەدەن لەسەر چاککردنى ئامڕازەکانى بەرهەمهێنان، ئەمەش دەبێتە هۆی زیادکردنى تواناى بەرهەمهێنان، بە جۆرێک کە دەتوانن پێویستیەکانى خۆیان دابین بکەن، لە ئەنجامى ئەم پرۆسەیە ئابوورى خێزان دێتە کایەوە، کاتێکیش لە ئەنجامى زۆربوونى تواناى بەرهەم کە یەکسانە بە زیادبوونى کۆی بەرهەمهێنان، بە تایبەت کە خێزانەکان ئاشنایەتى لەگەڵ سرووشت دەکەن و دەست دەکەن بە کارى کشتوکاڵی و وەرزێری و پاشان ماڵیکردنى ئاژەڵ و سوود وەرگرتن لە بەرهەمی سپیایی، ئەمەش لە ئەنجامدا دەبێتە هۆی زیادبوونى پێداویستیەکان، ئەمەش لەسەر بنەماى ئاڵوگۆڕ لەگەڵ دانیشتوانى سنوورەکانى خۆیان ئاڵوگۆڕیان دەکرد لەسەر بنەماى کاڵا بە کاڵا، دواتر لەسەر پرۆسەی بەردەوام بوونى قۆناغەکانى گەشەی ئابوورى بنەماى سیستمى کۆیلایەتى و فیودالیزم هاتە کایەوە، کە قۆناغێکى پێشکەوتووتر بوو لە بنەماکانى ئابووری خێزان، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا بنەماکانى بەرهەمهێنان لە ئامڕازەکانى بەرهەمهێنان تیایدا سادەو ساکار بوون، بڕی بەرهەم دیاریکراو بوو، پەیوەندییەکانى بەرهەمهێنان لاواز بوون، بنەماى سەرەکى قۆناغەکە کۆیلە بوو کە لەو زەویانەدا کاریان دەکرد و هیچ مافێکیان نەبوو، لەلایەن خاوەنەکانیانەوە خاوەندارێتى دەکران، هیچ مافێکى سیاسیی و ئابووریی و کۆمەڵایەتیان نەبوو، هەرچی قۆناغی دەرەبەگایەتیش بوو بنەمای ئابووریەکەى کشتوکاڵ بوو لەسەر بنەماى سیستمى فیوداڵیزم بوو، دەرەبەگەکان بەرى ڕەنج و ماندووبوونى کرێکارو جوتیارانیان دەخوارد، وەرزێران پەیوەست بوون بە زەوییەکانیانەوە، هەرچەندە لەم قۆناغە ئامڕازەکانى بەرهەمهێنان باشتر بوون لە قۆناغەکانى پێشتر و پەیوەندییەکانى بەرهەمهێنان فراوانتر بوون، دابەشکردنى کار هاتە کایەوە و پیشەی جۆراو جۆر دروست بوون، بازرگانى و شارە گەورەکانى تیادا هاتەکایەوە، بەڵام هیچی لەو ڕاستیە نەگۆڕی کە فیودالیزم و ماکى دەرەبەگایەتى قۆناغێکى دواکەوتوو بوو، ئەم قۆناغە لە ناوچەکانى تری دەرەوەى ئەوروپا بۆ ماوەیەکى زۆر مایەوە بەتایبەت لە ناوچەکانى ئاسیا، ئەفریقا و هەردوو ئەمریکا، بە جۆرێک کە ئەم ماوەیە سەردەمى بەرکەوتنبوو لەگەڵ دەرکەوتنى سەردەمى ڕێنیسانس و شۆڕشی پیشەسازى دواتر ڕۆشنەگەریی ئەوروپی، کە بنەماکانى سیستمى دەرەبەگایەتى بنکۆڵکردو بنەماکانى بەرهەمهێنانى فیودالیزمی لەقکرد. لەژێر ڕۆشناى قۆناغەکانى گەشەسەندنى ئابووری ڕۆڵی لایەنى ئابووری لە پرۆسەی داگیرکارى بەگوێرەی قۆناغەکانى داگیرکارى دەخەینەڕوو:-
“بنەما ئابوورییەکانى قۆناغی داگیركاریی لە سەردمی کۆلۆنیالیزمدا”
كۆلۆنیالیزم كە لە سەدەی 15 دەستپێدەكات و لە نیوەی دووەمی سەدەی بیستەم كۆتایی پێدێت، بەر لە گەشەکردنى شۆڕشی پیشەسازى، فیودالیزم دیارترین سیماکانى ژیانى ئابووری ئەوروپییەکان بوو، کشتوکاڵ و کارى وەرزێری دەرامەتى سەرەکى سامانى نەتەوەیی بوو، سامانى دەوڵەمەندە گەورەکان و خانەدانەکان لەسەر مافی موڵکایەتى و خاوەندارێتى زەوییەکان پێکهاتبوو، لەم قۆناغەدا سەرمایە گەورەکان لە ڕێگەى بازرگانییەوە پەیدا بوو، بە تایبەت بە هاوبەشی کردن لەگەڵ ئەو کۆمپانیا بازرگانییە گەورانەى بازرگانى، کە هندستان و جیهانی نوێیان قۆرغکردبوو. باوترین بنەماى کۆلۆنیالیزم کۆیلە بوو، کە پورتوگالیەكان لە ساڵی 1442ز دەستیان بە بازرگانی كوێلە كرد و خەڵكی ڕەشپێستیان بۆ ناوچەكانی خۆیان گواستەوە، ڕەشپێستەكانی ئەفریقایان بۆ ئەمریكا پەلكێش كرد، لێرەشەوە كوێلەداری بووە دیاردەیەكی باوی كۆڵۆنیالیزمی ئەوروپییەكان و لە ئەمەریكاى تازەدا، کە زۆربەیان سەرقاڵی کارکردن بوون، دواتر بازرگانیکردن بە کۆیلە سەری هەڵدا، كەشتییە بەریتانییەكان لە بەندەرەكانەوە بەروە ئەفریقا دەچوون و توانای هەڵگرتنی 400هەزار كوێلەیان هەبوو. لەگەڵ هەموو ئەمانەش تاوەكو سالی 1800 هیچ دژایەتییەكی فەڕمی و رێكخراو لە لایەن ئەوروپییەكان بۆ كوێلەداری نەكرا، کڵێساکانیش بەناوى هێنانە سەرباوەڕی مەسیح بازرگانى بە کۆیلەکانەوە دەکرد.
لەم قۆناغەدا، لە سەر بنەمای بیرۆكەی مامڵەكردن و بازرگانی، بەدرێژای سێ سەدە لە زەوییە کۆلۆنییەکاندا کاریان دەکرد، ئەوروپییەكان لە رووی بازرگانییەوە بە جۆرێك ڕەفتاریان كرد كە ناوچە كۆڵۆنیاییەكان ببنە وابستەی ئابووری مۆنۆپۆڵكراوی خۆیان كە زۆرجار ئەمە لە رێگەی كۆمپانیاكان ئەنجام دەدران. بۆ ئەم مەبەستە کۆلۆنیاکان دەبوایە لە بوارى بازرگانیدا دوو بنەماى پەیڕەوکردایە:-
1. بەرهەمەكانیان ڕکابەری بەرهەمی ئەوروپی نەکردایە.
2. دەبوایە رێگریان بكردایە لە هاتنەناوەی وڵاتی سێهەم، تەنها لەگەڵ وڵاتی كۆلۆنیایی پەیوەندی بازرگانی هەبێت.
لەگەڵ ئەوەى فیودالیزم سیستمێکى چەوسێنەر بوو، بەڵام بەهۆی زۆربوونى ئامڕازەکانى بەرهەمهێنان و زیادبوونى بڕی بەرهەمهێنان و کارى بەردەوامى جوتیارەکان لە زەوییە کشتوکاڵییەکاندا، بەڕادەیەکی خێرا هەڵتۆقینى ژمارەى دانیشتوانى لە شارەکاندا لێکەوتەوە، بە تایبەت پایتەختەکان کە زیاتر جموجوڵی بازرگانى و بزووتنەوەى پیشەسازیان تێدا دەرکەوت، هەرچەندە وڵاتانى ئەوروپی لەسەرەتاوە فیودالیزم کاریگەرى لەسەر ئابووری لادێکان کردبوو بەڵام بە هۆی دابڕاوییان لە شارەکان بە هۆی کەمى هۆیەکانى گواستنەوەو خراپی ڕێگاکانى هاتووچۆ، ژیانى کشتوکاڵی ڕووتیان هەبوو، بارى کۆمەڵایەتى دواکەتوو و کۆیلایەتیان تێدا بوو، جوتیاران ملکەچی دەسەڵاتى دەرەبەگەکان بوون، تەنانەت خانەدان و کڵێساکان ڕۆڵی چەوسێنەریان دەبینی، بەڵام لەگەڵ هەموو ئەمانەشدا ژیانى گشتى ئەوروپا هەنگاوى گەورەى بە ئاڕاستەى پێشکەوتن هەڵگرت، بە تایبەت لەگەڵ دەرکەوتنى ڕێنیسانس، ئیدی پیشەسازى کەوتە قۆناغی گەشەکردن، لەگەڵ ئەوەى ئەم پێشکەوتنە لەسەرەتاوە لەسەرخۆ بوو، بەهۆی نالەبارى بنەماکانى ئابووریی و نەبوونى هۆیەکانى بەرهەمهێنان، چونکە لەسەرەتاوە لەسەر ئیشی دەست و هەندێک ئامێری سەرەتاى وەستابوو.
شۆڕشی پیشەسازى بە شێوەیەکى گشتى قۆناغە مێژوویییەکانى گەشەی ئابووری بە خێرای پێشخست، هەنگاوەکانى ئەم پێشکەوتنە پێش هەر وڵاتێکى تر لە بەریتانیاوە سەری دەرهێنا، لەوێشەوە گوێزرایەوە بۆ وڵاتانى ڕۆژئاواى ئەوروپاو ناوچەکانى دی، لە بنەڕەتدا هۆکارى دەرکەوتنى شۆڕشی پیەشسازى بەو خێراییە لە بەریتانیادا دەگەڕایەوە بۆ چەند هۆیەک کە دیارترینیان بریتی بوو لە:-
1. جێگیربوونى بارودۆخى ڕامیاری:- کە بەرەئەنجامى ئەو گۆڕانە سیاسییە بوو کە بەریتانیا لە سەرەتاى سەدەى حەڤدەیەمەوە لە نێو سیستمى فەرمانڕەوایەتیدا ئەنجامى دا بەتایبەت ئەزموونى کردنى ژیانى پەرلەمانى ودامەزراوە گشتییەکان لەسەر ئاستى ناوخۆو خۆدوورگرتن لە جەنگەکانى ناپلیۆن.
2. دەرکەوتنى بزوتنەوەى داهێنان:- ئەو پێشکەوتنە خێراییە لە بوارە جۆراوجۆرەکاندا ڕوویدا، بەتایبەت گرنگیدان بە زانستە تیۆرییەکان و خوێندنى زانکۆکان کە بەردەوام لە هەوڵی داهێنان دا بوون و پاداشتى دارایی زۆریان بۆ تەرخانکرابوو، تا لەم ڕێگەیەوە سوود وەربگرن بە شێوەیەکى بەرفراوان لە بوارى چالاککردنى ڕێگاکانى بەرهەمهێنان، ئەم داهێنانەش سەرەتا لە چاککردنى ڕستن وچنینەوە دەستیپێکرد.
3. کەمى کرێ و کارى هەرزان:- کە لە ئەنجامى کۆچی لادێکان بۆ شارەکان دەستیپێکرد، کارکردن بە نرخى کەم و هەرزان، ژنان و مناڵان لە کارگەکاندا بە نرخێکى هەرزان کاریان دەکرد.
4. زۆری کانزاکان بە تایبەت ئاسن و خەڵوز:- لە گرنگترین ئەو دوو فاکتەرە بوون کە هۆکارى سەرەکى پێشکەوتنى پیشەسازى بوو لەو وڵاتەدا.
5. ئاوهەواى بەریتانیا و ژینگە جوگرافیەکەى:- گرنگترین هۆکارى پێشکەوتنەکە بوو، بەتایبەت کە پێکهاتبوو لە چەند دوورگەیەکى دابڕاو لە کیشوەرى ئەوروپا، کە لە ڕێگەى دەریاکانەوە بە ئاسانى دەستى دەگەیشتە داگیرگەکان، تا لەو ڕێیەوە کەلوپەلی زۆر بنێرنە دەرەوەو کەرەستەى سەرەتایش بەدەست بێنن.
لەم قۆناغەدا، بنچینەکانى شۆڕشی پیشەسازى لەسەر دوو بنەماى گرنگ وەستابوو، ئەوانیش بزووتنەوەى داهێنان و سیستمى مانیفاکتۆرەکان بوو، هەر بۆیە لە ئەوروپادا بە دیاریکراوى لە سەدەى نۆزدەدا چەند دۆزینەوەى گرنگی کرا لەسەر دەستى چەند زانایەکی وەک (جۆن کاى، جێمس هاگرێفز، جێمس وات، ڕۆبێرت ڤۆڵتن) کە گرنگترینیان (مەکینەى بوغار بووە هۆی پەیدابوونى شەمەندەفەرو پاپۆڕ و کەشتى بوغار، دروستکردنى ئامێری جینی کە پیشەسازى ڕستن و چنین بەشێوازى پێشکەوتووتر خستەکار، داهێنانى مەکینەى سوتانى ناوەکى، بووە هۆی دروستکردنى ئوتومبێل و شەمەندەفەری ئاسنین). لەگەڵ ئەوەشدا دەرکەوتنى سیستمى کارگەکان لە بوارى فراوانکردنى بنەماکانى پیشەسازیدا ڕۆڵی بایەخدارى بینی، خاوەن پیشەکان بەر لە شۆڕشی پیشەسازى کاریان لە لە ماڵەکاندا دەکرد، بەڵام لەگەڵ دەرکەوتنى داهێنراوە نوێیەکان بە تایبەت ئەوانەى بە هێزى هەڵم کاریان دەکرد کارى ماڵەکان گواسترایەوە بۆ ناوەندى کارگە گەورەکان کە هەزران کرێکار کاریان تێدادەکرد و چەندین ئامێری گەورەکان جێگیرکران، بەمەش ئامێرە میکانییکیەکان دروستکران لەسەر بنچینەى پسپۆری لە کارو بەرهەمدا بەشێوەیەکى بەرفراوان. ئەوەى جێی بایەخە سیستمى کارگەکان لەسەر بنچینەى کۆکردنەوەى سامان دامەزراوە کە کەسانێکى زۆر هاوبەشی کۆکردنەوەکە دەکەن، هەر ئەمەش بووە هۆى کۆکردنەوەى سەرمایەی پێویست و ڕێکخستنى کار.
ئەم گەشەکردنە خێرایانە لەسەرەتادا لە بەریتانیاوە دەرکەوت، بەڵام زۆری نەبرد لە ڕۆژئاواى ئەوروپادا بڵاوبۆیەوە لە فەرەنسادا لە سەردەمى “لویس فلیپ” و “ناپلیۆنى سێیەم” سەریهەڵدا، زۆری نەبرد وڵاتانى تریشی گرتەوەو سوودیان لە شارەزایانى ئەو وڵاتانە وەرگرت. ئەم قۆناغە خۆی لە سەرمایەی کشتوکاڵی و پاشان گەشەکردنى خێرایی بازرگانى دەبینیەوە، زیاتر دەگەڕێتەوە بۆ سەرەتاکانى سەردەمى ڕێنیسانس، بەتایبەت لای هەندێک لە دەوڵەت شارەکانى وەک فلۆرەنسا، هەرچەندە ئەم جۆرە لە موڵکایەتیە تایبەتە لە ئەنجامى گۆڕینەوەى کاڵا بەکاڵای تر لەگەڵ سنوری ناوچەکانى دەوروبەردا بوو، بەڵام دەستەبەری جۆرێک لە موڵکایەتى تایبەتى کرد، کە دواتر سەریکێشا بۆ هەندێک لە شێوە سەرەتاییەکانى پیشەسازى بچووک، هەر بۆیە یەکەمین هۆکارى گەشەکردنى سەرمایەداریی بازرگانى بوو، سەربارى ئەوەى گۆڕینەوەى کاڵا لەگەڵ دانیشتوانى ناوچەکانى تر و ئەو شێوەیە لە بارزگانییە سەرەتاییە مێژووییەکى کۆنى هەبوو، بەڵام لەم قۆناغەدا بەهۆی پێشکەوتنە خێراکانى ئەوروپاوە سەریکێشا بۆ شۆڕشی پیشەسازى و کۆنترۆڵکردنى چالاکییەکانى بەرهەمهێنان لە کۆمەڵگەدا.
هەنگاوەکانى گەشەی پیشەسازى پەیوەندییەکى ڕاستەوانەى لەگەڵ پرۆسەکانى داگیرکاریدا دەستپێکرد، بە جۆرێک بنەماکانى شۆڕشی پیشەسازى کە خۆی دەبینێتەوە لە ( سەرمایە، کرێکار، تەکنیک، کەرەسەتەى خاو، گواستنەوە، بازاڕ)، بە شێوەیەکى ڕاستەوخۆ پەیوەندی بە داگیرگەکانەوە هەیە، بە جۆرێک ئەگەر ناوچە کۆلۆنی وئیمپریالیەکان نەبووایە ڕەنگە شوڕشی پیشەسازى ڕووى نەدایە، لە نێو ئەو بنەمایانەدا جگە لەوەى کە شۆڕشی پیشەسازى ئابووری خێزانى گۆڕی بۆ سەرمایە و پاشان تەکنیک کە بەرهەمی ئیمپریالیزمى بوون، سەرجەم بنەماکانى تر هەوێنى گەشەکردنى پیشەسازى بوون و لە داگیرگەکاندا بەشێوەى ڕاستەوخۆ سوودیان لێدەبینى، کە پاشتر هەنگاوى بە ئاراستەى ئیمپریالیزم هەڵگرت، بەتایبەت کە وڵاتانى ئەوروپی کەڵکێکی زۆریان لە دەستى کار و بەندەکانى ئەفریقاو ئەمریکاى لاتین وەردەگرت، بەم هۆیانەوە وڵاتانى ئەوروپی سودی تەواو یان لە سامان و بەرهەمى داگیرگەکان وەردەگرت.
شۆڕشی پیشەسازى بە شێوەی هێنانى هەندێک داهێنراوى نوێ بۆ مەیدانى پیشەسازى و چاککردنى ئامێرە کۆنەکان دەستیپێکرد، بەڵام ئەنجامەکانى ئەم شۆڕشە بووە هۆی زۆربوون و کەڵەکەبوونى سەرمایە، بەتایبەت کە لە ئەنجامى بەکارهێنانى ئامێرە میکانییکیەکان و فراوانبوونى دامەزراندنى کارگەکان سامانێکى زۆر لە دەوڵەتەکاندا کەڵەکە بوو، کە یارمەتى زۆربوونى بەرهەمهێنانى داو ئەمەش یارمەتى هەرزانى بڵاوبوونەوەى کاڵاکانیدا، ئەم پێشکەوتنانەش بەهۆی زیادبوونى سامان و زۆربوونى بەرهەم لە وڵاتانى وەک فەرنسا سەری کێشا بۆ شۆڕشی فەرەنسی و جەنگەکانى ناپلیۆن، کە ماوەیەک ئەوروپاى سەرقاڵکردبوو، ئەمانەو وێڕای ئەوەى کە لە ژێر سایەى ئەم سیستمە سیاسییەدا ژمارەى دانیشتوان بەڕادەیەکى بەرچاو زیادی کرد، کە ئەنجامى کۆچی لادێکان وکەم بوونەوەى ڕێژەى مردن و فراوان بوونى شارەکان و زیادبوونى بەرهەم و کەڵەکە بوونى سامان بوو. لە ڕاستیدا تەکنیکەکانى بەرهەمهێنان و داهێنراوە پیشەسازییەکان بەتەنها کارى نەکردە سەر گۆڕینى شێوەکانى بەرهەمهێنان، بەڵکو ڕێگاکانى هاتووچۆی ئاسانکرد، ئەمەش گرنگترین بنەماى شۆڕشەکە بوو، چونکە سیستمى کارگەکان و شێوازى بەرهەمهێنان بە شێوەیەکى بەرفراوان دەریخست کە پێویستیەکی باشی بە خێرایی هۆیەکانى گواستنەوە هەبوو، بەمەبەستى گواستنەوەى کەرەستە خاوەکان بۆ ناو کارگەکان و پاشان ناردنى بۆ بازاڕەکان ئەمە لە کاتێکدا هەنگاوى داگیرکاریی بەدواداهات، تا وای لێهات بازرگانى ناوخۆو دەرەکی بە تەواوى پشتیان بە هاتوچۆو خێرایی و کەمى نرخەکەى دەبەست، بە تایبەت لەگەڵ پێشکەوتنى کەشتییە هەڵمییەکان کە لە ماوەیەکى کەمدا زەریا گەورەکانی دەبڕی هەر ئەمەش پرۆسەی بازرگانى بۆ دەرەوەى ئەوروپا زۆر خێراکرد.
“فاكتی ئابووری و بازرگانى ئازاد لە سەردەمى داگیركاری ڕاستەوخۆدا”
شۆڕشی پیشەسازى کاریگەری بەرچاوی بۆ سەر فراوانبوونى بزوتنەوەى بازرگانى هەبوو، پێویستى بەدەستهێنانى کەرەستە سەرەتاییەکان و دۆزینەوەى بازاڕ بۆ ساغکردنەوەى کاڵاکان و خستنە گەڕی سەرمایە، یەکێک لە گرنگترین بنەماکانى گەشەکردنى بارزگانى بەهۆی کەڵەکەبوونى سامان بوو، کە لە ئەنجامدا بووە هۆی بەرپابوونى جۆرێکی نوێ لە سیاسەتى گەشەی بازرگانى ئەویش پەیڕەوکردنى سیاسەتى (بازرگانى ئازاد) بوو، هەر بۆیە فراوانبوونى بازرگانى دەرەوە بووە هۆی دامەزراندنى گەلێک بانکى گەورە بە تایبەت بانکە حوکمییەکان، لە بنەڕەتدا بەرهەمى فراوانبوونى بازرگانى و بڵاوبوونەوەى ڕێبازى بازرگانى ئازاد بوو، لە کاتێکدا لەسەدەى هەژدەیەمدا سەراپاى دەوڵەتە ئەوروپییەکان ڕێبازى رامیارى پاراستنیان گرتبووە بەر، ئەویش بە دانانى باجێکى گومرگی زۆر بەسەر داهاتەکاندا، بەڵام لەسەدەى نۆزدەیەمدا سیاسەتى بازرگانى ئازاد دەستیپێکرد، بە تایبەت پاش ئەوەى لە لایەن “ئادەم سمس”ەوە لە کتێبی “سامانى نەتەوەکان” تیۆریزە کرا.
بەهۆی سیاسەتى بازرگانى ئازاد و دۆزینەوە جوگرافییەكانەوە، پرۆسەی داگیرکارى گۆڕانی ڕیشەیی بەسەردا هات. ئەم كەناڵە ناوچە دوورەدەستەکانیان بەستەوە بە جیهانەوە، خێرایی کەشتی دەریایی بووە مایەی ئەوەی مرۆڤ دەستی بکات بە ناوچە دوورەکان و ببێتە ئەڵقەی پێکەوە بەستنی سەنتەر و کۆلۆنییەکان. بەم جۆرە پرۆژەی کۆلۆنیالیزمی نوێی ئەوروپی دەستی پێکرد، لەبەرئەوەی ئیدی دەتوانرا ژمارەیەکی زۆری دانیشتوان بە دەریاکاندا بگوازرێنەوە و وێڕای پەرتبوونە جوگرافییەکەیش پارێزگاری هەر لە دەسەڵاتی سیاسیی بکرێت. پرۆسەی داگیرکارى لە ئەنجامى گەشەی شۆڕشی پیشەسازى و سیاسەتى بازرگانى ئازادەوە گۆڕانێکى گرنگی هێنایە گۆڕێ، “ڤلێپ مێکسس” لەو باوەڕەدایە ئەگەر ئایین و ئایدۆلۆجیا بنەماى سەرەکی داگیرکاری بووبن لە قۆناغی دۆزینەوە جوگرافیەکان، ئەوا لە قۆناغی پێشکەوتنى پیشەسازى و بازرگانى ئازاد دا، ئابوورى رۆڵی پلەیەک و باڵای هەیە، ئەویش بەو مانایەی کە لەگەڵ گەشەکردنى باوەڕی بازرگانى، ئیدى دەوڵەتان بە کار هێنانى هێزی سەربازیان لە پرۆسەی داگیرکاریدا بە مەرج نەدەگرت، بەڵکو لە ڕێگەی وابەستەیی ئابووری و بەستنەوەى بازاڕی داگیرگەکان بوو بە ئابوورى خۆیانەوە.
ئەمەش گۆڕانێکى گرنگ بوو لە بنەما ئابوورییەکانى پرۆسەی داگیرکارى، کە تەنها سەربازو ئایدۆلۆجیا نەبوو، بەڵکو دەستکاریکردنى ئابووری کۆمەڵگە داگیرکراوەکان بوو، بەجۆرێک لە پێشتردا وڵاتان کارى زۆرە ملێیان بە خەڵک نەئەکرد، بەڵام لەم قۆناغەدا بنەماکانى ئابووری سروشتى بوونى نەما، خەڵکەکەى ئەکردە کرێکارى زۆرە ملێ و کۆیلە و لە پاداشتیشدا زۆر کەم یان هیچیان وەرنەدەگرت، لەبەرامبەردا هندیە سوورەکان ئەم شێوازى داگیرکارییەیان قبوڵنەکرد، هەربۆیە کوشتار لە ناویاندا دەستی پێکرد، هەر بۆیە یەکێک لە شێوازە نوێییەکانى ئەم قۆناغە دەستکاریکردنى سیستمى ئابووری بوو بۆ وێنا بەریتانیەکان خەڵکی داگیرگەکانیان ئازادنەئەکرد تا بە خواستى خۆیان بازرگانى بکەن و باج بدەن، بەڵام لەم قۆناغەدا فۆرمێکى نوێی داگیرکارییان پێشکەش کرد، کە تیایدا ئەندامەکانى خێزانیان دەخستە نێو کارگەیەک و مافێکى کەمیان پێ دەدا و دەکرانە کۆیلەو ئازادى سیاسیی و ئابووریان لە دەست دەدا.
لەگەڵ ئەوەى، هێزە ئەوروپییەکان لە قۆناغی کۆلۆنیالیدا لە ڕێگەى بنەماکانى بازرگانى ئازادەوە گەشەیەکى بەرچاویان بەخۆیانەوە دی، ململانێی نێوان دەوڵەتە پیشەسازییەکان لەسەر ئەو بازاڕانە تووند بۆیەوە، هەریەک لە دەوڵەتە گەورەکان بەنیازى زیادکردنى پشکی خۆیان بوون، لەمەشەوە بەهۆی بەستنەوەی ئابووری داگیرگە و کۆلۆنیاکان بە ئابووریە بنەڕەتییەکانى خۆیانەوە دەستیان بەسەر گەلانى تردا دەگرت، بە شێوەى ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ، هەندێک جاریش بەناوى ناردنى شارەزایان و تەکنیکەوە دەهاتن، خوری مەڕیان لە کەسێکی ئەفریقی بە نرخێکى کەم دەکڕی دواتر زەویەکەى و پاشان خاوەنەکەشیان دەکڕی، هەربۆیە پاڵنەرى داگیرکردنى ئەو گەلانە تەنها ئەوە نەبوو بازاڕێک بدۆزنەوە بۆ کاڵاکانیان، بەڵکو هەوڵیان دەدا ئەو سەرمایەیەش بخەنەگەڕ کە لە ئەوروپادا کەڵەکە ببوو، هەر بۆیە کۆی سەرمایەی بەکارهاتوو لە بەریتانیادا لە دەرەوەدا لە سەرەتاکانى سەدەى بیستدا ١٠ ملیۆن دۆلار بوو، یەک لەسەر پێنجى پیشەسازى رووسیا لە داگیرگەکانیدا بوو، هەربۆیە هەردوو هۆکارى گەڕانى خاوەنکار بە دواى بازاڕ و بەگەڕخستنى سامان لە زەوى وخاکى نوێدا کاریگەری گەورەیان هەبووە لەسەر پەیوەندییە بازرگانەییەکانى نێوان وڵاتانى ئەوروپا، لەم ڕووانگانەوە سیاسەتى داگیرکارى ئەوروپی لە قۆناغی کۆلۆنیالیزمى نوێدا چەند خەسڵەتێکى وەرگرت:-
1. داگیرکارى نوێ بەشێوازێکى تازە خۆی دەرخست، کە بە ناوى پاراستنەوە قۆرغى داهاتى ئابووری وڵاتى دەکرد، بەبێ گرتنەبەری بەرپرسیارێتى سیاسی و کارگێڕی لە داگیرگەکاندا.
2. دابەشکردنى ناوچەکانى جیهان بۆ سێ ناوچە، بێ ڕەچاوکردنى بەرژەوەندییە لۆکاڵییەکان.
3. کاڵاى سەرەکى لەم قۆناغەدا ئاڵتون و کۆیلە بوو، بە حجۆرێک لە سەدەى ١٧ز دا کۆی ئەو ئاڵتونەى گەیشتبووە کیشوەرى ئەوروپا یەک ترلیۆن مارک بوو، کە هەر مارکێک بەرامبەر چوار مسقاڵ زیو بوو.
4. گرنگترین هۆکارى داگیرکارى ئەم قۆناغە بوارى ئابووری و مامەڵەى بازرگانى بوو.
5. سیستمى نەقدی و بانکە بازرگانییەکان سەریان هەڵدا.
لە قۆناغی گەشەسەندنى كۆلۆنياليزمدا سياسەتى بازرگانى ميركەنتری سەريهەڵدا، ئەمەش ئەو سيستمە بوو كە ئەوروپییەکان کاریان پێدەکرد و كاریگەری لەسەر پەیوەندییە ئابورریەكانی و بازرگانی ئەوروپا بوو. ئەم سیستمە ئیشی لەسەر بەهێزكردنی پایەكانی دەوڵەت دەكرد. ئەم سیستمە لەسەر ئەو باوەڕە بوو کە دەوڵەمهندبوونی وڵاتێك بەزیانی ئەوانی تر دەشكێتەوە و هەرچەنێك دەوڵەتێك سەروەت و سامانی خۆی زیاد بكات لەبەرامبەردا سەروەت سامانی گەلان و وڵاتانی تر كەم دەكاتەوە. لەم ڕووەوە مێرکەنتری پێیوابوو كە بۆ ئەم مەبەستە باشترن رێگا بۆ دەوڵەمندبوونی وڵاتێك، كۆكردنەوەی كانزاكان و بەتایبەتی ئاڵتون و زیوە و ئەگەر وڵاتانی رۆژهەڵات هەژارن، بەهۆی نەبوونی خەزێنەی ئاڵتون و زیوە. ئەم سیستمە گرنگییەكی زۆر بە توێژی بازرگانان دەدات و پێویست كە لە ناوخۆی وڵات “بازرگانی ئازاد” گرنگی پێ بدرێت. باج و بەربەستەكان لەسەریان لاببرێت، بۆ ئەمەش دەبوو دەوڵەت بەتەواوى پشتیوانی لە بازرگانی، ناسیۆنالیزم، پیشەسازی و ئازادی بازرگانی ناوخۆ بكات.
بە پێی ئەم سیستمە دەبوو هەناردەکردن زیاتر بێت لە هاوردەکردن، ئەویش لە پێناو مانەوەو جێگیربوونى بەهاى ئاڵتوون، دەبوو زۆرترین کاڵا بچێتە بازاڕەکان و کەمترین هاوردە بکرێت، هەرچەندە ئەم سیستمە لە نێو ئەو وڵاتانە پەیڕەو نەدەکرا کە ڕێژەى هاوردەیان زیاتر بوو لە هەناردە، بەتایبەت ئەو وڵاتانەى سامانێکى زۆریان لە ئاڵتوون و زیو هەبوو، بەم پێیە پرتوگالیەکان و هۆڵەندییەکان تا سەدەى ١٧ز بەردەوام بوون لە کۆلۆنیالیزم چونکە دانیشتوانیان کەم بوو پێویستیان بەدەستى کار بوو، بەڵام دواتر بەهۆی سیاسەتى بازرگانى ئازادەوە بەریتانی و فەرەنسییەکان دەستیانگرت بەسەر ناوچە کۆلۆنیەکانیاندا.
“لەسایەی دەرکەوتنى بنەماکانى بازرگانى ئازادەوە ئابوورى كۆلۆنييەكان دابەش ببوون بۆ دوو جۆر”
- ئابوورى داگيرگە نيشتەجێبووەكان:- وەك ئوستراليا و كەنداو باشووری ئەفريقا، ئەم سيستمە ئابوورييە لەژێر مافی ئۆتۆنۆمیدا دروست بوو لەم ڕێگەیەوە توانيبويان باج و دەرامەت ڕێکبخەن و تاڕادەیەک بەرهەمە نەتەوەییەکانیان بپارێزن و توانيان بەجۆرێک خۆیان بگرن لەبەردەم بازاڕی جیهانیدا، جگە لەمانە توانیان کەرتی کشتوکاڵی و پیشەسازى خۆیان لە پاڵ کۆلۆنیالیزمدا بەروپێشەوە بەرن.
- ئابووری داگیرگە بەکارهێنراوەکان:- دابەشکراوە بەسەر دوو کەرتى هەناردەکردن وکەرتى گشتی.
- هەناردەکردن:- ئەم کەرتە لەلایەن داگیرکەرەوە بەگەرخراوە، ئەو بەرهەمانەى مامەڵەی پێوە دەکردن، پێشی دەخست، ئەو خەڵکەى کاری لەم کەرتەدا دەکرد چینى ناوەڕاست یان کرێکارى ناکارامە بوو، لە چاو ئەوروپییەکاندا پلەیان کەمتر بوو لەڕووی ئیشکردنەوە لە هاوڵاتیانى خۆیان پلەیان بەرزتربوو.
- کەرتى گشتى:- ئەم کەرتە لە ئاستێکى نزمی ئابووریدا بوو، بنەمایەکى ئابووری کۆنیان هەبوو زۆرینەى دانیشتوانى جیهانى سێ یان پێکدێناو کرێیەکى کەم وخزمەتگوزارییەکى کەمیان پێ دەدرا.
“فاكتی ئابووری لە پرۆسەی پێشخستنی داگیركاریدا”
لەو ڕوانگەیەی ئیمپریالیزم شێوازێکە لە شێوازەکانى پرۆسەى داگیرکارى لە بەرگ و ڕووبەرێکى بەرفراوانتردا، بە واتاى سەپاندنى هەژمووى وڵاتێکە کە دەسەڵاتى بەسەر ناوچەیەکى بەرفراواندا هەیە، هەر وەک (زول ڤیراینشتین) پێیوایە (ئیمپریالیزم لە ناوەڕۆکدا واتایەکى ئابووریانەی هەیە، دەکرێت بوترێت بە ماناى گەشەسەندنى سەرمایە دێت کە وڵاتانى ئیمپریالی لە ژێر کاریگەرى ئەو سیستمەى کە بەندە لەسەر باوەڕی کێبڕکێ، هەوڵیاندەدا بۆ دەستگرتن بەسەر بازاڕەکانى جیهان). لەگەڵ ئەمەشدا ئیمپریالیزم بەو وێنا ئابوورییە بەرفراوانەى هەیەتى، دەشێت دەستبەسەراگرتنی دەوڵەتی ئیمپریالی بەسەر ناوچە یان وڵاتێكی تر ڕاستەوخۆ بێت بەو واتایەی لە رێگەی بەكارهێنانی زەبر و هێزی سەربازی و خاكی وڵاتەكە داگیر بكات، هاوکات سیستمى سیاسی و ئابووری تایبەتى خۆی تیادا دادەمەزرێنێت، یان دەشێت ناڕاستەوخۆ بێت و بە بەكارهێنانی هەر ئامرازێكی تری زیرەكانە و داهێنەرانەی سیاسی و ئابووری یان كولتووری دەسەڵاتی خۆی بسەپێنێت، لە راستیدا بەشێک لە بیریارانى قوتابخانەى ئیمپریالیزمى نوێ لەو باوەڕەدان خودى ئیمپریالیزمى نوێ چەمکێکە ڕەهەندێکى ئابووریانەی زاڵى هەیە، لە ڕێگەى بەستنەوەى سروشتى ئابووری داگیرگەکەوە بە سیستمى ئابووری وڵاتی دایکەوە بە تەواوى مانای ڕاستەقینەى ئیمپریالیزم وەک ڕوویەکی ئابووری نیشان دەدات، لەو ڕێگەیەشەوە دەتوانرێت دەست بەسەر سیستمى سیاسیی وسەربازى داگیرگەکەدا بگرێت. لەم پێناسەیەوە دەگەینە ئەوەى ئیمپریالیزم ماناى دەسەڵاتى سیاسیی و مانایەکى ئابووریانەى هەیە، بەو پێیەی ئیمپریالیزم لە قۆناغە جیاوازەکانیدا، فاکتى ئابووری خەسڵەتى بنچینەیی قۆناغەکە پێکدێنێـت، دەکرێت دەستنیشانى گرنگترین تایبەتمەندێتیە ئابوورییەکان و ڕۆڵی لە پرۆسەی داگیرکاریدا بکەین:-
- بەو پێیەی لە سەدەى نۆزدەدا، لە بری وشەی ئیمپریالیزم (بازرگانى ئازاد)یان بەکاردەهێنا، چەمکى (ئازادی)ی کە لەلایەن وڵاتانى ئیمپریالییەوە بەکاردەهات، بەو واتایەی بازاڕەکان ئازادن بە ڕووی کاڵاکانیاندا، ئەمەش ماناو بەهایەکى ڕاستەقینە ئابوورییانەیان دەدا بە پرۆسەی داگیرکاریەکانیان، لەم ڕووەشەوە مانا ڕاستەقیەی ئابووری و بەشدارى لە پرۆسەی داگیرکاریدا دەردەکەوێـت، کە وڵاتێكى زلهێز لهبرى ئهوهى هێرش بكاته سهر وڵاتێكى ههژار و سهرباز رهوانه بكات و خهڵكهكهى بكوژێت، ئهوا زۆر به ئاسانى بهناوى بازرگانى ئازادهوه وابكات دهستى كارى ئهو وڵاته بخاته خزمهتى خۆیهوه به كرێیهكى كهم كاریان پێبكات و لهو رێگهیهوه دهستبگرێت بهسهر ژیانى تاكه و توانا ئابووریەکانیدا، بۆنموونە هەردوو ئیمپریالیزمى فەرەنسی و بەریتانیا بازاڕەکانیان تێکەڵ ببوو پێویست بوو دەستبگرن بەسەر سیستمى سیاسیی ناوچەکاندا، لەبەرامبەردا وشەی داگیرکەر لە نێو ناوچە ئیمپریالییەکان بۆ وڵاتانى ئیمپریالی بەکاردەهات و وێنایەکى ناشرینیان بۆ دەکرد.
- دروستبوونى ئابووری نەتەوە کە بەرئەنجامى دەوڵەتى نەتەوەیی بوو، بەو واتایەی ئەو دەوڵەتەى دەسەڵاتى ئابووری و سەرمایەیەکى بەهێزی هەبووایە زۆرترین داگیرگەى دەبوو، لەمەشەوە ئابووری نەتەوەیی هاتەکایەوە کە پێوانەیەک بوو بۆ هێزی دەوڵەت، ئابوورى نەتەوەیی بە ژمارەى ئەو زەویانەى کە داگیردەکرا پێوانە دەکرا، لەمەشەوە ململانێ لەسەر داگیرگەکان دروست بوو، بەتایبەت لە ئاسیا و ئەفریقا و ئەمریکاى لاتین، لە ژێر کاریگەرى قۆناغەکەدا، ئیمپریالیزم بە خێرایی گەشەیکرد، لە دواى پێکهاتنى یەکێتى ئیتالیا وئەڵمانیا، گومانی تێدا نیە لەم قۆناغەدا بەریتانیا پشکى شێری لە داگیرکارى ئابووری نەتەوەیی هەبوو.
- کەڵەکە بوونى سەرمایە:- ئەم دەوڵەتانە پیشەسازى پێشکەوتوویان هەبوو، بەڵام بازاڕی پێویستیان نەبوو بۆ ساغکردنەوەى بەرهەمەکانیان بۆیە بەدواى داگیرگەدا دەگەڕان. لینین پێیوایە لە وڵاتانی سەرمایەداری، كەڵەكەبوونی سەرمایە دوای ماوەیەك كەمبوونەوەی قازانج بەدوای خوێدا دەهێنێت، بۆ ئەوەی نرخی داهات و قازانجەكە بەرزبێتەوە، بیر لە وەبەرهێنان لە دەرەوەی سنورەکان دەکەنەوە، هانی دەوڵەت دەدەن دەسەڵاتێکى سیاسی – ئابووری دروست بكات بۆ ئەوەی بازار، كەرەستەی خاو بەدەست بهێنن. كۆبوونەوی سەرمایە، دەبێتە مۆنۆپۆڵی تاك جەمسەری، زاڵبوونی سەرمایەی دارایی بەسەر سەرمایەی پیشەسازی. بە واتایەكی تر پاش ئەوەی کۆمپانیاکان تووشی جۆرێك لە هەڵاوسانی بەرهەمهێنان و كەمیی مادەی خاو دەبن، پێویستیان بە بەدەستهێنانی بازار و سەرچاوەیەكی بەدەستهێنانی كەرەستەی خاو دەبێت. ئەمە دواجار دەبێتە هۆكارێك بۆ ركابەری نێوان ئەمپریالیستەكان و “شەڕ”ی ئیمپریالیستەكان بەدوای خوێدا دەهێنێت، شەڕێش، “شۆرش” بەدوای خوێدا دێنێت و شۆڕش دواجار سەرمایەداری و ئیمپریالیزم بەیەكەوە دەڕوخێنێت. بەمشێوەی لینین پێیوایە كە خودی سەرمایەداری هۆكار و سەرچاوەیەكی شەڕی نێوان ئیمپریالیزمەكانە كە دەرئەنجامی كاركردنی سستمی سەرمایەدارییە. بەپێی تێورییەكانی هابسۆن و لینین، ئیمپریالیزم دوایین قۆناغی گەشە و لوتكەی سستمی سەرمایداریە.
- هۆکارى ئابووری گرنگترین پاڵنەرەکانى پرۆسەى داگیرکارییە لە قۆناغی ئیمپریالیزمدا کە وڵاتە داگیرکەرەکان لە پێناو فراوانکردنى دەستکەوتە ئابوورییەکان دەستیان بەسەر ئەو ناوچانەدا دەگرت.
- لەگەڵ ئەوەى ئیمپریالیزم وەک هێزێکى سیاسیی و ئابووریە لە داگیرگەکاندا، بەڵام لە هەندێک ناوچەدا وا خۆی نیشاندەدات کە لە پێناو داگیرکارى نەهاتووە بەڵکو لە پێناو ئاشتى و ئارامی ناوچەکە و ئەوئەرکە مێژووییەی کەوتۆتە سەرشانى هاتووە، هەر بۆیە لە کاتى پێویستدا ئەگەر هێزە سەربازییەکانیشی لەو ناوچەیەدا نەبێـ لەسەر هەر گیروگرفت و کێشەیەکى پەیوەست بەو داگیرگەیەوە بۆچوونى خۆی دەردەبڕێ و لە بڕیارەکاندا بەشدار دەبێت، بەم جۆرە داگیرکارییە دەوترێت (ئیمپریالیزمى کارلێکراو)، بۆ وێنا ڕێکخراوى فرانکۆفۆنى فەرەنسی.
سەرچاوەکان:-
- د.محمد محمد صالح: مێژووى ئەوروپا لە سەردەمى ڕێنیسانسەوە تاوەکو شۆڕشی فەرەنسی، و.ئارام محمد، چاپخانەى نارین، ٢٠١٠.
- ویلیام آوتویت و تام باتامور(1392)، فرهنگ علوم اجتماعی قرن بیستم، ترجمە: حسن چاوشیان، تهران، نشر نی.
- CAMBRIDGE Dictionary (2009), “Imperialism”, Edinburgh, Cambridge University
- John Hoffman (2007), A Glossary of POLITICAL THEORY, Edinburgh, Edinburgh University
- http://www.econjournalwatch.org/pdf/ColeLawsonRejoinderJanuary2007.pdf
- http://www.econjournalwatch.org/pdf/DeHaanSturmReplyJanuary2007.pdf
- ه.ا.ل. فیشەر: مێژووى نوێی ئەوروپا ١٧٨٩ – ١٩٥٠، و.شکور سلێمان و سەروین ئەرجان، چاپخانەى ڕؤژهەڵات، ٢٠٠٩.
- د. جفری برون: پوختەى مێژووى ئەوروپا لە کۆنەوە تا ئەمڕۆ، و. نهاد جلال حبیب الله، چاپخانەى ڕۆژهەڵات، ٢٠٠٩.
- https://web.archive.org/web/19970501050006/http://www.mtholyoke.edu/acad/intrel/ww18.htm
- https://books.google.iq/books?id=oo3F2X8IDeEC&redir_esc=y
- https://books.google.iq/books?id=docaDtxWPK8C&pg=PA142&redir_esc=y#v=onepage&q&f=false
- https://www.opendemocracy.net/en/british_empire/
- https://books.google.iq/books?id=yxNgXs3TkJYC&redir_esc=y
- https://www.academia.edu/3587722/Globalization_and_Violence_Vol_1_Globalizing_Empires_2006_