“ئێراق دەیتوانی شوێنگرەوەی سعودیە بێت، بەڵام کێبڕکێی سوریاشی پێ ناکرێت”
لە چوارچێوەی گۆڕانکارییە جیۆپۆلەتیکییەکانی ئەم دواییەدا؛ لە لایەک ئێراق کەوتە بەر هەڕەشەی هێرشی ئیسرائیلی و ئەمریکی، ئەوەش بەهۆکاری سەرەڕۆییەکانی میلیشیا لادەرەکان. لە لایەکی دیکە، ئەحمەد شەرع، سەرۆکی دیفاکتۆی سوریا، لە کەسێکی پاشخان توندڕۆ و ناونان بە “تیرۆرست” و داواکراوی ملیۆنان دۆلار بۆتە کەسایەتیەکی دیار لە هاوکێشە نیودەوڵەتییەکان و ئەم دەوڵەت ئەو دەوڵەتیەتی بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانی خۆی، یان بە بانگەشەکەی خۆی، ئاواتەکانی گەلانی سوریا. دوای متبوون، سڕبوون یان داتەپینی بەرەی موقاوەمە لە ناوچەکە، ئێراق هێشتاش دوا هەناسەکانی ئەو بەرەیەیی بە بەرەوە ماوە. رێکخراو و میلیشیاکان دەنگیان بەرزە و هێشتاش بەشێکی بەرچاوی سیاسەتی ئێراق ئاراستە دەکەن، کە ئەمریکا دژایەتی دەکات و هۆشداریشی لەبارەوە داوە.
ئێستا ئەو میلیشیایانە ناکاران و هێرش ناکەنە سەر ئیسرائیل و ئامانجە ئەمریکییەکان، بەڵام بە دیوە سیاسییەکەی کاریگەرن و کێشە بۆ نەیارەکانیان دەنێنەوە. هاوکات لەگەڵ لوتکەی عەرەبی، لە سەرەتای دەنگۆ و مقۆمقۆی پێشوازی و داوەتنامە و دژایەتی دەسەڵات و بەرەی موقاوەمە، ئەحمەد شەرع، بە وریایی و لیزانییەوە، رووی کردە سعودیە و هاتنە عێراقی رەت کردەوە. لە بەرامبەر کۆمکاری کەنداو، کە عێراقی خستۆتە پەراوێز و لەگەڵ ئەمریکاش بۆی نالوێ، حکومەتەکەی سودانی و ئەوانەی پێش خۆشی نەیان توانی سوود لە هاوپەیمانی ئەمریکا وەربگرن. لە بەرامبەریش بۆ ئەحمەد شەرع، کە دوای داڕمانی رژێمەکەی ئەسەد چەند مانگێکە خۆی سەپاندووە، یان سەپێندراوە، مێزی شازادەی جێنشینی سعودیەی هەڵبژارد، ریاز زۆر زیاتری پێبوو لە بەغدا لوتکەی عەرەبی. ویڕای لەخۆگرتنی لوتکەی عەرەبی کە چەندین سەرکردەی کاریگەر ئاماددەی نەبوون و کشانەوە. لە ئاستێکی بەرزی نێودەوڵەتی و هەرێمییش ئەحمەد شەرع سەرۆکە دیفاکتۆکەی سوریا سوودمەند بووە، بەو پێیە لەو کاتەی لە ئێراق دژایەتی بەشدارییەکەی لە لوتکەی عەرەبی دەکرا، لە لوتکەکەی سعودیە و کەنداو ئەوەی بەدەست هێنا کە لە عێراق بۆ بەدیهێنانی سەکۆی پێنەدرا. لەو کاتەی ئێراق دەیتوانی شوێنی سعودیە بگرێتەوە و بەغدا بکاتە ناوەندی بەرژەوەندییەکانی ترەمپ و ئەمریکا، شەرع بە پیرۆزکردنی سەرۆکی تورکیا رەجەب تەییب ئەردوگان و محمەمەد بن سەلمانیش چاوی بە دۆنالد ترەمپ کەوت؛ ئەو سەرۆکە ئەمریکیەی دەرفەت و داواکاریی لە تەک یەک دەخاتە سەر مێزی گفوتگۆکان و مەرجەکان دەسەپێنێت. بەهەمان شێوەی دەستکەوتی بۆ سوریاش لە خۆگرتبوون، وەستاندنی سزاکان وەکو نمونە، لە بەرامبەر چەند داواکارییەک لە نێوانیان ئاشتی لە هەرێمەکە و لەخۆکردنەوەی چەکدارە بیانییەکان.
هەرچۆنێک بێت بۆ شەرع، مەرجەکانی ترەمپ لە سەکۆیەکی رێزلێگیراوی وەکو سعودیە، لە سەکۆیەکی شلۆقی ئێراقی مەزهەبگەرا زۆر باشتر بوون، وەکو ئاماژەی بۆ دەدرێت، رێککەوتنی ئیبراهیمی و ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان لەگەڵ ئیسرائیل بژاردەگەلی کراوەن و ترەمپ رایگەیاند ئەرکیان قورس بەڵان ئەوە لەبەرچاو دەگرێت. لە بەرامبەر سودانی، کە داخباریی و نۆستاڵژیایی سەردەمی درۆیینەی بەهێزیی ئێراقی سەدامی پێوە دیارە، لە بەرجستەی سیاسەتەکان شێوازی ماماڵەی، هەوڵێکی شکستخواردووی کۆکردنەوەی نیوماڵی عەرەبی دا. بێگومان شکستەکە بەهۆکاری دەوڵەتی و قوڵ و میلیشیا لادەرە جڵەونەکراوەکان بووە. بێجگە لەمەش، دوگوترێت لوتکەی عەرەبی ئێراقیی لە بەغدا لە کۆی ٣٤ لوتکە، لاوازترینی مێژووە، شارەزایان ئەمە بە هەڵوەرینی شێوەی سیاسیی و سەروەری یاسایی وڵاتەکە لەقەڵەم دەدەن، سەرەڕای هەوڵەکانی محمد شیاع سوودانی سەرۆکوەزیران بۆ خزانەوە نێو قوڵایی عەرەبی لە ناوچەکە.
پێگەی ئێراق لەو لوتکەیە خراپتر بووە و بەو ئەندازەیەش میواندۆستانە نەبووە هەمووان لەخۆبگریت، ئەمە بەهۆی هەژموونی میلیشیاکان یان دەوڵەتی قوڵە، کە خۆیان لە قوڵایی عەرەبی نابینن و هەڵویستەکانشیان بەرامبەر بە سەرۆکی سوریا و پرسە هەرێمییەکان، لە کەنداو تا بیابانی رۆژئاوا، دۆخێکی ئافراند وڵاتان لە ئاستی باڵا خۆبەدوور بگرن. لوتکەکە ئاوێزانی کێشەی پرۆتۆکۆل ببوو، لە گۆڕینی شوێنی دانیشتنی شاندەکان، ەهلەکردنی ئاڵاکان، لە دوا خولەک تا كشانەوە و شاندەکان و چۆڵیی هۆڵەکان و پەرتوبڵاوی میلیشیاکان بەسەر شەقامەکان. کارنامەی لوتکەکەش کە دروشمی “یەکێتی عەرەبی”ی هەڵگرتبوو، وەکو راگەیاندنە عەرەبییەکان ئاماژەی بۆ دەکەن، لە بری ئەمە، عەرەبستانی زیاتر دابەش و، پەرتەوازەتریش کرد. لەو کاتەشی ئێراق لە بەردەم قەیرانی ئابووری و کێشەی جیاکاریی دەناڵینێت، حکومەتی سودانی هەمان ئاوازی ناسیۆنالیستی سەدام -ی وەک “قەڵغانی عەرەبی”-ی دووبارە کردەوە، وێڕای هاوکاری ٤٠ ملیۆن دۆلار بۆ غەزە و لوبنان، لەو کاتەی ئێراقییەکان31.7% هەژارن و 18% بێکارن، ئەمەش نارەزایی نێووەخۆی زیاتری بەدوای خۆیدا هێنا. رەخنەی ئەوەش گیراوە،ئێراق وەها مامەڵە دەکات کێشەی ئابووری نییە و لە رووی سیاسییەوە خاوەن سەروەرییە و پێگەیەکی بەهێزیی هەیە؛ پەیامی کۆتایی لوتکەکەش تەنیا دووبارەکردنەوەی وتارەکانی ساڵانی نەوەدەکان بووە نەک پرژانە سەر پرسە رژدە مەترسیدارەکانی وەکو: گۆڕانی کەشوهەوا و کۆچی گەنجان و گەندەڵیی و پرسی کەمبوونی داهات و قەیرانی وزە و کارەبا. ئێراق سەرەرای پێکهاتە فرە-نەتەوەی خۆی بە ئاقاریی ناسنامەی عەرەبی زاڵ بەردەوامە، لەم لوتکە عەرەبییەش رەخنەی تووندی لێگیرا بەو پێیەی گوایا ئەم لوتکەیە بەرجەستەی گۆڕانی ئێراقە لە کۆدەنگیی عەرەبی و بەرەو خولگەی ئێران و تورکیا و لەگەڵ خۆشی پەلکیش کردنی چەند وڵاتێکی عەرەبی و گوایا لە پیکانی هیچ کام لە ئامانجەکانی سەرکەوتوو نەبوو.
ئەو دۆخە ئیرەیی پێنەبراوەی ئێراق دەگەڕێتەوە بۆ پەرتەوازەیی وتاری سیاسیی لە بەغدا و بەردەوامیی هەژموونی وڵاتانی هەرێمی بەسەر کەشی سیاسیی ئێراق، بەڵام ئێراق گوایا هاوپەیمانی ئەمریکایە، دەیتوانی ببێتە ئەو هەڤاڵەی ئەمریکا، کە بە بڕی ٦٠٠ ملیتار دۆلار رێککەوتن واژۆ بکەن، هەم وڵاتەکە ببوژێتەوە و هەم سوریاش لە خۆ بگرێت. ئێراق لە دوای ٢٠٠٣، زیاتر وەکو پشکۆ ماوەتەوە. دەتواندرێت پێیبگوترێت کلکە وڵات یان وڵاتی سەربەئەوانی دیکە و ناسەربەخۆ، دەرئەنجام ئێراق نە ئەو سەکۆیەیە و نە ئەو سەربەخۆییەی هەیە ناکۆکەکان کۆ بکاتەوە؛ دەرئەنجام ئەو رۆلەی ئێراق دەیتوانی بیگێڕێت، شازادە محەمەد بن سەلمان خاوەنی دەسەڵاتێکی ناوەندییە کە ڕێگە بە بڕیاردانی خێرا دەدات، بۆتە سوپەرمان و سوریاشی خستە نێو ستراتیژیەتی عەرەبی سونی و کەنداو-ئەمریکا، دواجار بۆ سوریا، هەڵگرتنی بەشێکی سزاکانی لێکەوتەوە و هیوای بە سورییەکان بەخشییەوە. هەرچەندیشە دانوستانەکان لەپشت کامیرەکان و کەناڵە دیپلۆماسییە فەرمیەکان بوو، هەم سوریا و هەمیش ئەمریکا و سعودیە واشنتۆن سوودییان لە سوریا لەبەرامبەر وەرگرت لە بەهێزکردنی هاوپەیمانییەکانی بەرامبەر هەژموونە باڵاکانی هەرێمەکە بە گشتی، دۆخێک ئێراق ناتوانێت خۆی لێ رزگار بکات و تەواو لە دۆخێکدا دەژێت لە نێوان ئەمریکا و ئێرانی هاوسێی ئەمبەر ئەو بەریەتی و خۆی بۆ یەکلایی ناکرێتەوە.
ئەم گۆڕانکارییەی ناکارایی ئێراق، بۆتە هۆی ناهاوسەنگی هێز لە ناوچەکە و زیاتر وەدەرنانی ئێراق لە هاوکێشەکان. لە کاتێکدا سعودیە پشت بە هاوبەشی دەبەستێت و یەکەمی ئەمریکا لە ناوچەکە، سوریا براوە و ئێراقیش بە ئەندازی چاوەڕووانی کەشێکی بێ خۆڵبارین، چاوەروانی ئاسۆیەکی روون دەکات، کە پێشبینی نەکراوە.