“ئەگەری ئازادی لە کۆمەڵگا دا”
لە زۆربەی قۆناغەکانی ژیانمدا بیرم لە پرسی ئازادی کردووەتەوە. لە گەنجییدا لە خۆم دەپرسی، ئایا دەکرێ هاوکات باوەڕت بە ویستی خودا و ئازادی هەبێت؟ کاتێک مێژووی جیهانم دەخوێندەوە، لە خەباتی مرۆڤ بۆ ئازادی بەئاگاهاتم. وێڕای ئەوە، زانینی ئەوەی کە دەروونناسی و کۆمەڵناسی بە ڕژدی گومانیان لە بوونی ئازادی هەیە، نیگەرانی دەکردم. زیگمۆند فرۆید، کارڵ مارکس و ئەریک فرۆم ڕەهەندە نوێیەکانی ئەم پرسەیان لا ئاشکرا کردم، تێگەیشتنی منیان سەبارەت بە چەمکی ئازادی و تەنانەت خواستیشم بۆ ئازادی خستە بێنەوبەردەوە. گرنگترین بەرەنجامی تەواوی خوێندنەوە و بیرکردنەوەکانم ئەوەیە، کە دیاریکردنی ئەوەی ئایا مرۆڤەکان ئازادن یان نە ئەستەمە. قبوڵکردنی ئەم بەرئەنجامە بۆ من قورسە، بەڵام لە ڕاستیدا، ئەوە ئەو شتە بوو کە فێری بووم. خوێندنەوەی کۆمەڵناسی پەیوەندییەکی زۆری بەم ئەنجامگیرییەوە هەیە و کاریگەری لەسەر زۆرینەی هەرە زۆری بیروباوەڕەکانی دیکەم لەبارەی ئازادییەوە داناوە. هەروەها سەبارەت بە سێ هزرینی دیکە تا ڕادەیەک دڵنیام:-
١- ئەگەر ئازادی بوونی هەیە، هەمیشە لەلایەن ئەو هێزە کۆمەڵایەتییەکانەوە سنووردار دەکرێت کە زۆربەی خەڵک هۆشیارییەکی کەمیان لەبارەیانەوە هەیە.
٢- زۆرینەی خەڵک سەبارەت بەوەی لە ڕاستیدا تا چەند ئازادن، تێڕوانینێکی زیادەڕۆییانەیان هەیە.
٣- لای خەڵکی لە کۆمەڵگەی ئەمریکیدا گرینگ ئەوەیە باوەڕیان وابێت ئەمریکییەکان ئازادن و زۆربەی نەتەوەکانی دیکە ئازاد نین.
خوێندنی کۆمەڵناسی زۆرێک لە فێرخوازان بەرەو بیرکردنەوەی ڕەخنەیی لەچوارچێوەی بیروباوەڕەکانیاندا ئاڕاستە دەکات. کۆمەڵناسی کە یەکێکە لە زانستە کۆمەڵایەتییەکان گەرەکە ئامانجی هەوڵدان بێت بۆ تێگەیشتن لەم پرسە کە بۆچی شتەکان ڕوودەدەن؟ بۆچی مرۆڤەکان بەشێوەیەکی دیاریکراو مامەڵە دەکەن؟ خستنەڕووی پرسیارە بۆچییەکان گەڕان و بەدواداچوونە بۆ ئەو هێزانەی کاریگەری لەسەر تاک دادەنێن، کە لەکۆمەڵناسیدا هێزە کۆمەڵایەتییەکانن و وێڕای ئەوەش تێگەیشتن لە کردە لە پانتایی ئەو هێزانەدا. شیکاریی ئاگایانەی هۆکار ئەم پرسیارە دەخاتەڕوو: تا چەند خەڵکی لە هەڵبژاردنەکانیاندا بەڕاستی ئازادن؟
“مانای ئازادی و بەرپرسیارێتی”
بۆ ئەوەی بزانین کۆمەڵناسان چەند لەو باوەڕەدان کە مرۆڤەکان ئازادن و لێپرسراوی کردەکانی خۆیانن، دەبێت لە ڕوانگەی کۆمەڵناسییەوە بپەرژێینەسەر شرۆڤە و لێکدانەوەی بابەتی ئاڵۆزی چەمکەکانی ئازادی و بەرپرسیارێتی. کاتێک کەسێک کارێک ئەنجام دەدات کە ئێمە پێمان ناخۆشە، چی ڕوودەدات؟ تووڕە دەبین، ئەو کەسە بە تاوانبار دەزانین. ئەم مەیلی بە تاوانبار ژماردنەی ئەوانی دیکە لەبەرئەوەی ئەنجامی دەدەن، بەو مانایە کە ئێمە لەو باوەڕەداین، ئەوان بەجۆرێک لە جۆرەکان دەسەڵاتیان بەسەر کردەوەکانی خۆیاندا هەبووە و زانیوویانە و بە مەبەست ڕەفتاریان کردووە: (زانیوویەتی چی دەکات؟) و (دەیزانی ئەوانی دیکە ئازاریان پێدەگات، بەڵام گوێێ پێ نەداوە). (تاوانی هاوسەرەکەی بوو دووگیان بوو)، (نا تاوانی خۆی بوو). واتا ئێمە پاساو بۆ توڕەیی خۆمان سەبارەت بەو شتانەی ئەوانی دی ئەنجامیان دەدەن دەهێنینەوە، بەو گریمانەیەی کە دەسەڵاتیان بەسەر کردەوەکانی خۆیاندا هەبووە. دادوەرەکانی دادگای نۆرنبێرگ دوای جەنگی دووەمی جیهان بڕیاریان دا کە مرۆڤەکان بەشێوەیەکی نائەخلاقی مامەڵەیان کردووە و ئەو بیانووەشی کە ئەوان تەنیا فەرمانیان جێبەجێ کردووە قبووڵکراو نییە و بەهۆی هەڵبژاردنی ئەنجامدانی کردەوەی شەڕانی و دژە مرۆییانەوە بە تاوانبار ناسران: (ئەوان دەیانزانی چی دەکەن و دەیانتوانی بڵێن نا)
سیستەمی دادوەری لە هەر وڵاتێکدا بەشێوەیەکی گشتی لەسەر ئەم بنەمایە کە مرۆڤەکان کۆنترۆڵیان بەسەر کردەکانیاندا هەیە. داننان بەشێتیاندا واتای ئەوەیە کە کۆنترۆڵیان بەسەر کردەوەکانیاندا نییە و بەم پێیە بەرپرسی کردەوەکانیان نین. ناردنی تاکەکان بۆ زیندان یان لە سێدارەدانیان بەهۆی سەرپێچییەوە بەزۆری لەگەڵ گریمانەی ئازادکردنیاندا پیادەدەکرێت. ئایینی ڕۆژئاوا گریمانەی ئەوە دەکات کە سزا و پاداشتی دوای مردن لە بنەڕەتدا بە هۆی ئەو هەڵبژاردنانەوەیە کە لەماوەی ژیانماندا ئەنجامیان دەدەین و لە چاوەڕوانیماندان، ئەم گریمانەیە بەو مانایە کە ئێمە بەسەر ژیانی خۆماندا دەسەڵاتمان هەیە. زاراوەکانی ئازادی و بەرپرسیارێتی هەردووکیان پەیوەندییان بە توانا و دەسەڵاتی تاکەوە هەیە بەسەر ژیانی خۆیدا. هەبوونی ئازادی بەو مانایەیە کە تاکەکان ئەوەی بیری لێ دەکەنەوە و ئەنجامی دەدەن کۆنترۆڵ و بەرزەفتیان دەکەن. ئەوەی کە تاکەکان بەرپرسی کردەکانی خۆیانن لە بنەڕەتدا هەر بەو مانایە کە خاوەنی کۆنترۆڵن. مەبەست لە کۆنترۆڵ چییە؟ کۆنترۆڵکردنی ژیانی خود بەم مانایە کە تاک دەزانێت چی هەڵدەبژێرێت و لە ئازادی هەڵبژاردن و لێکەوتەکانی تێدەگات و لە بارودۆخێکدایە کە چالاکانە ئەو هەڵبژاردنانە دیاری بکات.
کەوایە، ئازادبوون، بەمانای ناسینی هەڵبژاردن، هەڵبژاردن، لە کۆتاییدا کۆنترۆڵکردنی لایەنگیری خودە بەپێی هەڵبژاردنەکە. ئەگەر ئەمە دەستنیشانی بکات کە مرۆڤەکان چین، دەتوانین بڵێین ئەوان ئازادن یان بەرپرسی کردارەکانیانن. کاتێک ڕایدەگەیەنین کە دەبێت تاکەکان بەرپرسیارێتی کردەوەکانی خۆیان لە ئەستۆبگرن، مەبەستمان ئەوەیە، ئەوان دەبێ تێبگەن کە کۆنترۆڵیان بەسەر کردەوەکانی خۆیاندا هەیە و پێویستە لەگەڵ ئەم کەتوارەدا دەست و پەنجە نەرم بکەن، کە کردەوەکانیان لە هەڵبژاردنی ئازادیانەوە سەرچاوەی گرتووە.
هەندێک جار مەبەستمان لە بەرپرسبوون شتێکی دیکەیە، زۆر جار دەڵێین: (پێویستە مرۆڤەکان ئازاد بن، بەڵام لەگەڵیشیدا بەرپرسیار بن.) لێرەدا بەرپرسیارێتی مانایەکی جیاواز لە کۆنترۆڵکردنی ژیانی تاک وەردەگرێت. واتە کاتێک کردەیەک ئەنجام دەدەم نابێت هەڵبژاردنەکانم بە تەواوەتی خۆپەرستانە بێت، کردەوەکانم دەبێت لەگەڵ ئەخلاقی کۆمەڵایەتیدا تەبابن. بە کورتی پێویستە بەپێی ویژدان مامەڵە بکەم. کاتێک ئازادانە مامەڵە دەکەم، پێویستە مافی ئەوانی دیکەش لەبەرچاو بگرم- ئەمەش دەبێتە هۆی ئەوەی کردەکانم بەرپرسیارانە بێت و لە کۆتاییدا بەم واتایە، کە ئازادی پێویستە لەگەڵ ڕێزگرتن لەمافی ئەوانی دیکەشدا بێت. ئازادبوون و بەرپرسیارانە مامەڵەکردن، واتا ئێمە گەرەکە ئازادیمان بە تێبینییە کۆمەڵایەتییەکان سنووردار بکەین. بەم پێیە، ئازادانە مامەڵەکردن، واتا تاکەکان کۆنترۆڵی بیرکردنەوە و کردەوەکانی خۆیان دەکەن. بەرپرسیاربوونیش لە بەرانبەر کردەکاندا بەم مانایە کە ئەوان ئازادن. لەئەستۆگرتنی بەرپرسیارێتی کردەوەکانی خۆیان بەو مانایەیە لەو کەتوارە بەئاگان کە ئازادن و قبووڵی دەکەن. بەرپرسیارانە مامەڵەکردن بەو مانایە نییە کە ئەوان دەبێت ئازادبن، بەڵکوو بەو مانایە کە لەکاتی مامەڵەکردندا پێویستە لەگەڵ کۆمەڵێک لە ڕێسا و یاساکاندا خۆیان بگونجێنین! ئازادی باشە ئەگەر کردە ئازادانەکان لە بەستێنێکی ئەخلاقی دیاریکراودا ئەنجام بدرێن.
“پرس و بەها کۆمەڵایەتییەکان و ئازادی”
ڕەنگە باشتر وابێت دیدگای کۆمەڵناسی سەبارەت بە ئازادی لەگەڵ تێبینیکردنی ئەو بەڵگەهێنانەوەی کە سی.ڕایت میلز لە کتێبی خەیاڵی کۆمەڵناسییانەدا(١٩٥٩) خستوویەتییەڕوو درێژە پێ بدەین. میلز بەڵگە دەهێنێتەوە کە هزرین لە ڕوانگەی کۆمەڵناسییەوە واتە دیتنی خود لە پێگەی کۆمەڵگە و مێژوودا، واتا تێگەیشن لەوەی کە مرۆڤ لە بەسێنێکی کۆمەڵایەتیدا دەژی کە لە بەدرێژایی ساڵانێکی زۆروزەبەند هاتووەتە ئاراوە. ڕەنگە ئێمە چەندین ئەزموونی تاکەکەسی دیاریکراومان هەبێت وەک هاوسەرگیریی نەگونجاو، قەرزاری زۆر، بێکاری و قەیرانی نێوانساڵی- بەڵام ئەگەر بمانەوێ تێبگەین بۆچی ئەم کێشانە سەرهەڵدەدەن پێویستە لە پانتاییەکی فراوانتری کۆمەڵگەدا لێیان بڕوانین. کێشە تایبەتەکانم تەنیا کێشەی خودی من نین. منیش ڕووبەڕووی ئەو ئەو کێشانە دەبمەوە کە زۆرێک لە خەڵکی دیکە لەهەمان بارودۆخی مندا گیرۆدەی دەبن. ئەگەر لەسەردەمێکی دیکەدا بژیامایە کێشەکانیشم جیاواز دەبوون. ئەگەریش پێگەیەکی کۆمەڵایەتی دیکەم هەبووایە لە کۆمەڵگەدا هەر کێشەکانم جیاواز دەبوون. کێشە کۆمەڵایەتییەکانی کۆمەڵگەکەم لەم سەردەمەدا بە تایبەت من و ئەو تاکانەی دیکەشی هاوشێوەی منن هانداوە بۆ چارەسەرکردنی کێشە تایبەتەکانمان. هەرچەندە هەموو کەسێک لەم بارودۆخەی مندا هەمان کێشەکانی منی نابێت، بەڵام چییەتی کۆمەڵگەی ئەمڕۆ ڕوودانی ئەم کێشە تایبەتانە زۆر ڕێتێچوو دەکات، کە لە ڕابردوو (یان کۆمەڵگەیەکی دیکەدا) دەشیا ڕووبدەن. ئەو کێشە تایبەتانەی هەر تاکێکی ئەمریکی بە نەژاد ئەفریقی لەژیانیدا گیرۆدەیان دەبێت بەم هۆیەوە بوونیان هەیە کە ڕق و کینەی نەژادی، هەڵاواردنی نەژادی، نەبوونی دەرفەتی گونجاو لەو کۆمەڵگەیەی تێیدا لەدایکبووە بوونی هەیە. ژیان لە کۆمەڵگەیەکدا کە تێیدا توندوتیژی دژی منداڵان و ژنان باوە و تەنانەت لەڕووی مێژووییەوە ڕەوایەتی پێدراوە، بەم مانایەیە ئێمە لەناخی هێزە کۆمەڵایەتییەکاندا دەژین کە زۆربەمان هاندەدەن توندوتیژ و ئازاردەر بین، یاخود قوربانی توندوتیژی و ئازاردەرەکان بین.
پرسە تایبەتەکان پەیوەندییان بە چییەتی خودی کۆمەڵگەوە هەیە. بۆ نموونە، تاکەکان بە ڕێکەوت جیانابنەوە، خۆیان ناکوژن یان دەست بۆ تاوان و تاوانکاری نابەن. ئەگەر بەم شێوەیە بووایە، هەموو ساڵێک ژمارەکی جیاوازمان لەم جۆرە ڕووداوە تاکەکەسییانە دەبوو. لە ڕاستیدا، ئەم چەشنە کێشانە بە ڕێژەیەکی تاڕادەیەک پێشبینیکراو و جێگیر ڕوودەدەن. دەزانین کە نزیکەی نیوەی هاوسەرگیرییەکانی ئەمڕۆ بە جیابوونەوە کۆتاییان دێت، چونکە هێزەکانی کۆمەڵگە وەها ڕێژەگەلێک دەهێننەئاراوە. ئێمە دەزانین بە نزیکەیی ١٩ پیاو لە ١٠٠٠٠٠پیاو کردەی خۆکوژی ئەنجام دەدەن، چونکە هێزە جۆراوجۆرە کاریگەرەکان لە کۆمەڵگەدا تاڕادەیەک هۆکاری هاتنەبوونی ئەم ڕێژە خۆکوژییەن. ئێمە ڕێژەی لەدایکبوون، مردن، کۆچکردن، بێکاری، وازهێنان لە خوێندن، تاوان و تاوانکاریی و سکپڕیمان هەیە. بە هەر بارێکدا ڕوونە کە کۆمەڵگە هێزێکی دەسەڵاتدارە و کاریگەریی لەسەر بڕیارەکانی تاک دادەنێت. کۆمەڵگە، کۆمەڵێکی بچووکی نێوخۆیی یان گەڕەکێک لەبەرچاوبگرن: بەها هەمە چەشنەکان دەستنیشان بکەن، ئەوکات دەتوانین باشتر تێبگەین کە بۆچی تاکەکان لەو دۆخانەدا وەها هەڵدەبژێرن. تاکێک لاقرتێ و گاڵتە بەهێزە کۆمەڵایەتییەکان دەکات بوونیان ڕەت ناکاتەوە. بە زۆری دەکرێت ئەوە بخرێتەڕوو کام هێزە کۆمەڵایەتییانە پێویستن بۆ ئەوەی تاک بگاتە پێگەیەکی سەرتر لەو کەسانەی کە کۆنترۆڵی ئەوانی دیکە دەکەن. بوونی پرسە کۆمەڵایەتییەکان و بەها کۆمەڵایەتییەکان خاڵی دەستپێکە بۆ کۆمەڵناسان لە ڕوونکردنەوەی ئازادی و بەرپرسیارێتیدا. ئەوەیکە ئێمە لە کوێ و کەی لەدایکبین دەمانخاتە بەردەم پرس و بەها کۆمەڵایەتییە دیاریکراوەکان و کاریگەری لەسەر ئەو ڕێگایانەی لە ژیاندا دەیانگرینەبەر دادەنێت.
“ئازادی، هزر و کردار”
دووپاتی دەکەمەوە، ئازادی بە مانای کۆنترۆڵکردنی ژیانی خودە، واتا ئەوانی دیکە دەسەڵاتیان بەسەر ژیانماندا نییە. ئازادی بەم مانایە کە کۆمەڵگە و ڕێکخراوە کۆمەڵایەتییەکان کۆنترۆڵی ژیانمان ناکەن. بە مەبەستی تێگەیشتن لە تێگەی ئازادی پێویستە دابەشی بکەین بۆ دووبەش: یەکەم –ئەگەر مرۆڤ ئازادە، لە هزری خۆیدا ئازادە. هزرەکان، بەهاکان و ئەو ڕێسایانەی باوەڕم پێیانە هی خۆمن -نەک هی کۆمەڵگە و ئەوانی دیکە. ئەو بڕیارانەی کە لە مێشکمدا دەیان دەم بڕیارەکانی منن، ئەو هەقیقەتانەی باوەڕم پێیانە هەقیقەتەکانی منن. بەبێ ئازادیی بیر، ئازادیی کردار ئازادییەکی پووچە، واتا ئەنجامدانی کارێک لەسەر ئەو بنەمایەی کە ئەوانی دیکە بڕوایان پێیەتی و منیشیان ڕاهێناوە باوەڕم پێی هەبێت. بۆ نموونە ئەگەر من بانگەشەی ئازادیی ڕادەربڕین و نووسین بکەم، بەڵام ئەو بیرکردنەوەی لە گوفتار و نووسینەکانمدا شاراوەیە هی من نەبن، ئازادی ڕادەربڕین یان نووسین بێ مانایە. ئەگەر من بانگەشەی ئازادیی پارە پەیداکردن بکەم، بەڵام لە چواردەووری خۆمدا لەلایەن مەیلی ئەوانەی دەیانەوێت پارە پەیدا بکەن کارم تێبکرێت، لەو کاتەدا من چ ئازادییەکی ڕاستەقینەم هەیە؟ ئەوانی دیکە پێێان گوتوم چی لە ژیانم بکەم. لایەنی دووەمی ئازادی لە خۆگری کردارە، ڕەنگە من ئازادبم کە بیربکەمەوە بەڵام ئازاد نەبم بەپێی ئەوەی بیری لێ دەکەمەوە هەنگاوبنێم. لەوانەیە دژی حکومەتەکەی خۆم بم، بەڵام ئەگەر نەتوانم ناڕەزایەتی دەرببڕم بەرانبەر سیاسەتەکانی، ئازادیی من هیچ مانایەکی نییە. ڕەنگە بڕوام وابێت لەبەرکردنی پۆشاک دروست نییە، بەڵام ئازاد نەبم بەڕووتی بەڕێگادا بڕۆم، ئازادی من گرینگییەکی نییە. ڕەنگە لەو باوەڕەدابم خوێندنی زانکۆ گرنگە، بەڵام ئەگەر توانا و سەرچاوەی دارایی پێویستم نەبێ، ناتوانم بچمە زانکۆ. ڕەنگە بڕیاربدەم ببمە پزیشک، مافناس، مامۆستا یان موزیکژەن، بەڵام بەدەستهێنانی هەریەک لەو پیشانە پەیوەستە بەشتێکی زیاتر لەبیرکردنەوەوە: پەیوەستە بەوەی ئایا دەتوانم بەشێوەیەکی کاریگەر بەپێی بیرکردنەوەم مامەڵە بکەم. ڕەنگە بڕوام وابێت کە دەرفەتدانی زۆر بە منداڵەکانم گرنگە، بەڵام ئەگەر ڕێوشوێنە پێویستە داراییەکانم بۆ ئەنجامدانی ئەم کارە نەبێت، بیروباوەڕەکەم بە ئاسانی ناچێتە قۆناغی جێبەجێ کردنەوە.
ئەگەرچی لەوانەیە تاک تا ڕادەیەک ئازادی بیرکردنەوە و کرداریشی هەبێت، ڕوانگەی کۆمەڵناسی بەزۆری ئەوەیە کە شێوازگەلێکی جۆراوجۆری بەرتەسککردنەوەی ئازادی بخاتەڕوو. ژمارەیەکی کەمی کۆمەڵناسان بانگەشە دەکەن، کە هیچ جۆرە ئازادییەک بوونی نییە، بەڵام هەموویان شێوازە جۆراوجۆرەکانی بەرتەسککردنەوەی ئازادی لەلایەن کۆمەڵگاوە لە ڕێگەی بە کۆمەڵایەتیبوون، مۆدێلە کۆمەڵایەتی و دامەزراوە جیاوازەکانی کۆنتۆڵی کۆمەڵایەتی پیشان دەدەن.
“ئایا ئازادی بوونی هەیە؟”
لە بیرتانە کە ئەم بەشەم بەم گوتەیە دەست پێ کرد، کە ڕێتێنەچووە بتوانرێت دیاری بکرێت، ئایا مرۆڤەکان ئازادن یاخود نا، پێویستە ڕوونبێت ئەوەی ئەنجامی دەدەین لە گۆمەڵگەوە سەرچاوەی گرتووە. هێزگەلێکی زۆر پێکمان دەهێنن و دەسەڵاتیان بەسەرماندا هەیە، بەڵام ئایا شتێک دەمێنێتەوە؟ ئایا بە هیچ کلۆجێک ئازادین؟ ئایا دەتوانین پەنجە بۆ بەخەڵک ڕابکێشین و بەڕاستی ڕایبگەیەنین: (ئەوان بەرپرسیاری کردەوەکانیانن؟). زۆرینەی کۆمەڵناسان هەڵوێستێکی زیادەڕۆۆییانە لەبارەی ئازادییەوە وەرناگرن. لەگەڵ هەموو ئەو گرنگییەی کۆمەڵگە هەیەتی، مرۆڤەکان بە جۆرێکن کە ناکرێت لە کۆمەڵگەدا وەک ڕۆبۆتیان لێ بکرێت. هەموومان تا ڕادەیەک بەسەر هەوڵەکانی بەکۆمەڵایەتیکەرەکاندا زاڵ دەبین و بەڵام هەندێکمان بە ڕێژەیەکی زۆر زیاتر بەسەریاندا زاڵ دەبین. بەلایەنی کەمەوە تا ئەندازەیەک لە ژینگەی خۆماندا کاراین، جیهانی خۆمان دروست دەکەین، بەلەبەرچاوگرتنی ئەو جیهانە مامەڵە دەکەین و سەبارەت بەوەی کە لەم جیهانەدا چی بکەین بڕیار دەدەین. چۆن لە کۆمەڵگەیەکدا درک بە ئەگەری ئازادی بکەین کە لە ڕادەبەدەر سنووردارکەر دێتەبەرچاو؟ ئەمە بابەتێکی سادە نییە، بۆیە پێویستە جارێکی دیکە لە ڕۆڵی کۆمەڵگە لە دیاریکردنی تایبەتمەندییە مرۆییە بنەڕەتییەکانی خۆماندا، لەوانەش ئەگەری ئازادیی مرۆڤ تێبگەین.
ئێمە تا ئێستا بەڵگەمان هێناوەتەوە کە ئازادی لەخۆگری بڕیاردان لە ژیانی خۆمان و ئازادیی هەڵبژاردنە لەو بارودۆخانەی کە ڕووبەڕوویان دەبینەوە، بە گرتنەبەری پەیوەندییەکی کارا نەک ناکارا سەبارەت بە ژینگەکەمان. چۆن وەها تایبەتمەندیگەلێک دەکرێت بێنەبوون؟ ئەوە لەدایکبوون، یان سرووشت، یا ڕەمەک، یا ئەو هێزە سەرووسرووشتییانە نین کە ئەم خەسڵەتە دەهێننەبوون. پێویستە جارێکی دیکە لە کۆمەڵگە بڕوانین. ئێمە لە جیهانێکدا لەدایک دەبین کە بە درێژایی ژیانمان بەکۆمەڵایەتیبوون دەخوازێت. پشکی زۆری ئەم بەکۆمەڵایەتیبوونە بەکارهێنانی هێما و سیمبوولەکان دەگرێتەوە- لەوانەش زمان. مرۆڤ لە ڕێگەی ئەم بەکۆمەڵایەتیبوونەوە فێر دەبێت کە ئەندامی کۆمەڵگە بێت، لەگەڵ ئەوەشدا فێر دەبێت کە پێویستە لەو زمانە تێبگات کە فێری دەکرێت و ئەوسا بەکاری بهێنێت. ئێمە دەگۆڕێین بۆ بەکارهێنەری سیمبوولەکان، بەمەش توانای بیرکردنەوە لە کردەوەکانی خۆمان و ئەوانی دیکە و لەو بەکۆمەڵایەتیبوونەی پەیوەست بەخۆمان ڕوودەدات، بەدەست دەهێنین. لێرەدا بیرکردنەوە فاکتەری سەرەکییە. بەدەر لەوە ئێمە مەحکومین بە کاردانەوە و پەرچەکردار، بە بیرکردنەوە ئەگەری زاڵبوون بەسەر ژینگەی فیزیکیدا دەگۆڕێت بۆ کەتوار. ماکس ڤێبەر پێداگری لەسەر ئەوە دەکات، کە مرۆڤەکان بوونەوەرگەلێکن مانا بە کردەکانی خۆیان و ئەوانی دیکەش دەدەن. ئەوان لە کردەکان تێدەگەن و دەبنە شرۆڤەکارانی ژیانی خۆیان، نەک تەنیا وەڵامدەرەوەی ئەو جیهانەی تێیدان. بیرکردنەوە لەگەڵ زماندا دەرفەتمان پێ دەدەن کردەکانی خۆمان لەو بارودۆخانەی کە لەگەڵیاندا ڕووبەڕوو دەبینەوە شیکار بکەین، هەڵبژاردنەکان تاوتوێ بکەین، ئەخلاقیبوون و کاریگەربوونی ئەوەی لەنێوان خەڵکدا ڕوو دەدات هەڵبسەنگێنین. لە لێکەوتەی ئەو شتانەی ئەنجامیان دەدەین ڕابمێنین. سوود لە مەعریفە و بارودۆخە تێپەڕبووەکان سەبارەت بەهەلومەرجی ئێستا ببینین، تێبگەین لە هزرین و هەستی ئەوانەی کە لەگەڵیاندا کارلێک دەکەین. ئەم توانستی هزرینە لەگەڵ زاراوەکاندا شایانی لێ وردبوونەوەیە، چونکە دەرفەتمان پێ دەدات ڕزگاربین لەو پەیوەندییە هۆ و بەرهۆییە کۆمەڵایەتییانەی کە من لەم بەشەدا شیم کردووەتەوە.
هیچ کۆمەڵناسێک نکۆڵی لە هێزی بەکۆمەڵایەتیبوون، پێکهاتەکان، کولتوور و دامەزراوەکان ناکات، بەڵام کاتێک توانای بیرکردنەوەیان بۆ سەربار دەکەین، دەرچەیەک بەڕووی هەڵبژاردنی ئازادانەدا دەکرێتەوە. ئەگەر ئازادی بە توانای بکەر بۆ کۆنترۆڵکردنی ژیانی خۆی پێناسە بکەین، ئەم توانای هزرینە پێشمەرجێکە بۆی. زۆربەی ئەو کەسانەی بانگەشەی ئەوە دەکەن مرۆڤەکان ئازادن، بیرکردنەوە بە یەکێک لە ڕەهەندە سەرەکییەکانی ئەو ئازادییە ئەژمار دەکەن. ستیڤن لوکس (١٩٧٣:٥٢)، تاکی سەربەخۆ و ئازاد بە تاکێک پەسن دەدات، کە ئەو پەستان و نۆرمانەی ڕووبەڕوویان بووەتەوە بە هۆشیاری هەڵدەسەنگێنێت و ڕەخنەیان لێ دەگرێت. بیروباوەڕ و هزرەکانی پێکدەهێنێت و لە ئەنجامی بیرکردنەوەی سەربەخۆدا بە بڕیارە کردەییە ئەقڵانییەکان دەگات. من بڕیار دەدەم، من هەڵدەبژێرم، ڕێگەگەلێکی هەمەجۆر لەبەرچاودەگرم. ئەم پەیوەندییە ئەقڵانییە لەگەڵ ژینگە و کردەی خۆماندا بۆ تێگەیشتن لە چەمکی ئازادبوون گرنگییەکی بنچینەیی هەیە. لەبری ئەوەی ئەوانی دیکە بە تەنیا ڕەفتارەکانی ئێمە پێکبهێنن، بە خۆمان دەڵێین پێویستە چی بکەین، تەنانەت ئەگەر لەگەڵ کۆمەڵگەشدا تەبا و هەماهەنگ بین، ئەم تەباییەش ڕەنگە لەم چەشنە بیرکردنەوە و هەڵبژاردنەوە سەرچاوە بگرێت.
گافمەن(١٩٦١) پەسنی مرۆڤە کاراکان دەکات، کە ڕۆڵ دەگێڕن، هەڵدەبژێرن، خۆیان و ئەوانی دیکەش هەڵدەسەنگێنن، خۆیان لە زۆرێک لە ڕۆڵەکان بە دوور دەگرن، ڕۆڵەکان پێکدەهێنن، بارودۆخەکان تاوتوێ دەکەن و تێیاندا هەڵدەسن بەگێڕانی ڕۆڵەکانیان. گاری فاین(١٩٨٤) بیرمان دەهێنێتەوە لە بارەی ڕۆڵەکانەوە بیروڕا ئاڵوگۆڕ دەکرێت، ڕەفتارەکان جێگیر نین، بەڵکو لە پێکدادانی کارلێکە کۆمەڵایەتییەکانەوە سەرچاوە دەگرن، کە بەرەنجامی کردەوە دوولایەنەکانی تاکەکانە. کۆمەڵگە شانۆیەکی چالاکە. مرۆڤەکان بەهۆی کۆمەڵایەتیبوونەوە لانیکەم بڕێک کۆنترۆڵکردن لە جیهانی کۆمەڵایەتییەوە وەردەگرن، کە تاڕادەیەک دیاریکەری ئەوەیە چۆن دەبێت بیربکەنەوە و هەڵسوکەوت بکەن. ئەمە هەمان چەمکی خودە لە تیۆرەکەی جۆرج هێربێرت میددا(١٩٣٤): خۆبوون بەو مانایە کە تاک خاوەنی کۆنترۆڵە، بە چاوپۆشی لە گرنگیی ژینگەی کۆمەڵایەتی، ئەم تاکانە دەتوانن ئەو کاریگەرییانە تاڕادەیەک دەستکاری بکەن و بەخۆیان بڵێن کە پێویستە چی بکەن. هیچ کۆمەڵناسێک ئازادی لە پەیوەندی بەو کەسانەوە لەبەرچاو ناگرێت، کە تەنیا لەسەر بنەمای هێزی پاڵنەری لەناکاو، کۆنترۆڵ نەکراو، گرێنەدراو بەکۆمەڵگەوە هەڵسوکەوت دەکەن و هەر شتێک کە لە ساتێکی دیاریکراودا هەستی پێ دەکەن، ئەنجامی دەدەن. ئازادی بە مانای نەبوونی ڕێکخستنی کۆمەڵایەتی، کۆنترۆڵی کۆمەڵایەتی و بەکۆمەڵایەتیبوون نییە، بەڵکو ئاڕاستەکردنی خودە لە بەستێنێکی فراوانتری کۆمەڵگەدا. کۆتاییهێنان بە ژیانێکی ڕێکخراو، کۆتاییهێنانە بە ژیانی مرۆڤ. دۆرکهایم بەڵگەی قایلکەر دەهێنێتەوە کە ئازادی بۆ مرۆڤەکان تەنیا دەکرێت لە پانتایی ڕێکخستنی کۆمەڵایەتی و ئەخلاقیدا بوونی هەبێت. ئازادی زاڵبوونە بەسەر خوددا لە چوارچێوەی کۆنترۆڵی کۆمەڵایەتیدا. بەبێ ڕێکخستنی کۆمەڵایەتی بێسەروبەرەیی دێتەئاراوە و لە پشێویشدا هیچ ڕێسا و یاسایەک بوونی نییە. هەر چەندە ئەم گوتەیە ڕەنگە خەیاڵی بێتە بەرچاو، قورسە بەبێ یاسا و ڕێسا وێنای شتێک جگە لە پێکداهەڵپژانی کۆمەڵایەتی، دەسەڵات لەسەر بنەمای زەبروزەنگ و پشتگوێخستنی ئازادی هەر کەسێک جگە لە خۆد، بکرێت.
لەوانەیە یەکێک لە ڕێگاکانی وێناکردنی بوونی ئازادی لە کۆمەڵگەدا بە تەنیا ناسینی ئەوە بێت کە ڕێکخستنی کۆمەڵایەتی چوارچێوەیەکی بەرفراوان دیاری دەکات کە هەموومان تێیدا مامەڵە دەکەین و لە چوارچێوەیدا تا ڕادەیەک ئازادیی هەڵبژاردنمان هەیە. ڕێکخستنی وەرنەچەرخاو و نەگۆڕ، بێ نەرمی و چاودێری تەواو بەسەر بکەرەوە ناتوانێت بوونی هەبێت. لەبەرئەوە ئەگەرچی ئێمە کۆمەڵگەیەکمان هەیە، کە پێمان دەڵێت بۆ پێشڤەچوون پێویستە بچینە زانکۆ و هەوڵبدەین فێربین و ڕاهێنان بکەین، هەر یەکێک لە ئێمە تا ئاستێک دەتوانێت هەڵبژێرێت لەچی بوارێکی تایبەتدا کار بکات. ئەگەرچی پێمان دەگوترێت کە هاوسەرگیری گرنگە و ئێمە دەکەوینە ژێر کاریگەرییەوە لەگەڵ جۆرێکی دیاریکراو لە تاکەکاندا هاوسەرگیری بکەین، بەڵام تاڕادەیەک ئازادیی هەڵبژاردنی هاوسەرمان هەیە. ئەگەرچی وادێتەبەرچاو هەموو شتێک پێمان دەڵێت بڕوانامەی زانکۆ بەدەستبهێنن، بوارێک بدۆزنەوە کە داهاتوویەکی ئابووری دڵنیاکەرەوە دەستەبەر بکات، وانەگەلێکی تایبەت بخوێنن، کەچی ئێمە هێشتا تاڕادەیەک مافی هەڵبژاردنمان لەنێوان دوو یا سێ زانکۆ، دوو یا سێ بەش و بواری دڵخواز و دوو یا سێ وانەمان هەیە. ئەمە بەو مانایە نییە، کە ئازدای هەمیشە بریتییە لە ملکەچی و گوێڕایەڵیکردنی کۆمەڵگەی ئێستا، بە پێچەوانەوە ئازادی بە دڵنیاییەوە لەخۆگری ڕەخنەگرتن لە کۆمەڵگە و کردە ئەقڵانییەکانە بۆ گۆڕانکاریی یاخود تەنانەت داڕووخانی، بەڵام ڕەخنەگرتن، گۆڕانکاریی و داڕمانی کۆمەڵگە نابێتە هۆی نەبوونی ڕێکخستن، بەڵکو ڕێکخستنێکی جێگرەوە دەهێنێتەکایەوە، کە یان ئازادی تاکەکەسی پتر هان دەدات یاخود دەیتاسێنێت. پێویستە شتێک لە بارەی تەوەری سەرەکیی باسەکەمەوە ڕوون بکەمەوە، ئازادی ئەگەر لە بنەڕەتدا بوونی هەبێت، گەرەکە بە ڕێژەیی لەبەرچاو بگیرێت، ئازادی هەرگیز ڕەها نییە. هیچ کەس ناتوانێت بەتەواوەتی ئازاد بێت. هیچ هەڵبژاردنێک ناتوانێت تەواو ئازادانە بێت. هیچ هزر و کردەیەک ناتوانێت بە تەواوەتی ئازاد بێت. هەمیشە سنووربەندییەکان بوونیان هەیە. بڕێک جار ئەم سنووربەندییانە گەورەن و بڕێک جاریش شایانی باس نین. لە هەمووی گرنگتر بۆ کۆمەڵناس و تەواوی ئەو کەسانەی کە خوازیاری تێگەیشتن لە ئازادین، ئەوەیە کە ئاگاداربن هەندێک لە تاکەکان ئازادترن لە تاکەکانی دیکە، هەندێک کۆمەڵگە ئازادترن لە کۆمەڵگەکانی دیکە و هەندێک بارودۆخی کۆمەڵایەتی ئازادی دەگەیەننە چڵەپۆپ و هەندێکی دیکەیان بەتوندی بەرتەسکی دەکەنەوە. بۆ نموونە دەستەبەری ماددی بەشێوەیەکی گشتی پتر لە هەژاری ئەگەری هەڵبژاردنە ئازادانەکان دەڕەخسێنێت. چاودێریکردن لەلایەن گروپێکەوە کەمتر ئازادی بەتاک دەدات لەچاو بەشداریکردن لە چەندین تاقم و گروپدا. دەسەڵات گرنکییەکی زۆری هەیە: ئەگەر دەسەڵات توانای بەدیهێنانی ویستی خودە لەپەیوەست بەوانی دیکەوە، بەم پێیە ئەو کەسانەی بێ دەسەڵاتن ناتوانن بە ئامانجەکانیان بگەن. ئەوانەی بێ دەسەڵات و وابەستەی ئەوانی دیکەن، ناتوانن ژیانیان هی خۆیان بێت. ئەگەر تاک هەژارە، کەواتە لە پەیوەندی لەگەڵ ئەوانی دیکەدا بەگشتی ئازاد نییە. ئەگەر تاک لە کۆمەڵگەیەکدا دەژی کەتێیدا دەسەڵاتێکی سەرکوتکەر حوکم دەکات، لەو کاتەدا ناتوانێت زۆر ئازاد بێت. ئەگەر تاک لە کۆمەڵگەیەکدا دەژی کە تێیدا کۆمپانیا گەورە سەرمایەدار و دەسەڵاتدارەکان دیاری دەکەن چ کەسانێک کار بکەن، چ بیروباوەڕگەلێک بسەپێنرێت، خەڵک پێویستە سەیری چ پرۆگرامێکی تەلەفزیۆنی بکەن و ئەو بەها چۆراوجۆرانەی پێویستە خەڵک بڕوای پێیان هەبێت تا لە ژیانێکی سەرکەوتووانە و مانادار سوودمەندبن، لەوکاتەدا ئازادیی تاکیش تاڕادەیەک ڕێتێنەچووە.
لە کۆتاییدا دەتوانین بڵێین کۆمەڵناسی تێڕوانینێکی سادە نییە؛ وەڵامەکانی هەمیشە ئاڵۆزن. جۆرەکانی کۆنتڕۆڵی کۆمەڵایەتی لەسەر مرۆڤ هەمیشە بوونیان هەیە و سنوورگەلێکی گرنگ بەسەر ئازادیدا دەسەپێنن. نکۆڵیکردن لە بوونیان ساویلکەییە؛ لە ڕاستیدا، ئەگەر بمانەوێت تێبگەین کە ئێمە کێین و بۆچی بە شێوەیەکی دیاریکراو ڕەفتار دەکەین و بیردەکەینەوە پێویستە لە گرنگیی ئەو شتانە تێبگەین. سەرباری هەمووشتێک گشتمان تاڕادەیەک ئازادییمان هەیە؛ بەو چەشنەی کە گوتم ناکرێت بتوانی ئەمە بسەلمێنیت، بەڵام ئەگەر ئێمە سرووشتی مرۆڤ لە بەرچاو بگرین ئەوا ئەگەری هەیە. تێڕوانینی کۆمەڵناسی لە بواری ئەگەری ئازادییدا بۆ بابەتێکی سادە، بەڵام زۆر قووڵ دەگەڕێتەوە: زمان، بیرکردنەوە و شوناسی تاکەکەسی بۆ ئازادی بنەڕەتین و هەموویان ئەو چۆنییەتییانەن کە کۆمەڵگە ئاخێزگەیانە. هەموویان لە کارلێکی کۆمەڵایەتییەوە دێنەبوون و یەکێک لە ڕەهەندە بنەڕەتییەکانی بە کۆمەڵایەتیبوونمانن.
سهرچاوه؛ (دە پرسش از دیدگاه جامعەشانسی، جوئل شارون[١٥٩-١٩١])
وەرگێڕان: مەهاباد حەسەن