“دەروازە”
زمان؛ ئامرازێكە بۆ لێكتێگەیشتن و گۆكردن، مرۆڤ لە دێرزەمانەوە زمانی بەكارهێناوە بۆ دروستكردنی پەیوەندی و ڕێكخستنی كاروبارەكانی. هەربۆیە بایەخی زمان بەندە بە شێوازی بەكارهێنانەكەی و سوودە بەرینەكەی لە ژیانی هەر مرۆڤێكدا، جوگرافیای زمان جەختكردنەوەیە لە شوێن و پێگەی زمان و سنووری قسەكەرانی زمانی هەر گەل و نەتەوە و كۆمەڵە خەڵكێك لە جوگرافیایەكی دیاریكراو دا هەروەك یەكێك لە رەهەندە پەیوەندیدارەكانی تری جوگرافیا بریتییە لە دابەشبوونی زمان و قسەكەرانی زمانەكە و لێكۆڵینەوە لە هۆیەكانی گەشەكردن و مانەوە و هاوكات توانەوەی زمانە جیاوازەكان چ لە ناوخۆیی یەكەیەكی كارگێڕی و وڵاتێكی دیاریكراو یاخود لەسەر ئاستی هەرێمی و جیهانی.
“جوگرافیای زمان”
مەبەست لە جوگرافیای زمان؛ كاریگەری ڕەوتی جوگرافیا و سنوور و شوێن و ژینگەیە بەسەر زمانەوە، دابەشبوونی جوگرافی زمانە جیاوازەكانی جیهانە لەسەر نەخشە. نەخشە گەلێك كە جوگرافیا كێشاویەتی و شوێنی ئاخێوەرانی زمانەكانی تێدا ڕەنگڕێژكراوە. مادام جۆراجۆریەتی زمان، بەشێكە لە سیماكانی جیهانەكەمان، كەواتا پێویستمان بە جوگرافیایە بۆ پیشاندانی ئەو جیاوازیە. پێویستمان بە جوگرافیایە بۆ دەستنیشان كردنی شوێنی زمانە خۆجێیەكان و زانینی ئەو هۆكارە جوگرافییانەی كە بوونەتە فاكتەری جۆراوجۆریەتی زمان. دەبێتە لێتوێژینەوە لەوە بكرێت ئایا هۆكارە سرووشتی و مرۆییەكان ڕۆڵیان چییە لەم كایەیەدا. هەربۆیە لە كۆتایی سەدەی نۆزدە و سەرەتای سەدەی بیستەم ژینگەیەكی لەبار بوو بۆ سەرهەڵدانی ڕەوتێكی نوێی زانستی لە زمانەوانی نوێدا ئەمەش هەلومەرجی هاتنە پێشەوە و ئەفراندنی زانستێكی نوێی لێكەوتەوە كە بە “زانستی زمانی جوگرافی” یاخود “زانستی جوگرافیای زمانەوانی”. لە زانستی زمانی جوگرافییدا؛ لە ڕوانگەی جوگرافیاوە لە زمان دەكۆڵڕێتەوە، لە زانستی جوگرافیای زماندا لە ڕوانگەی زمانەوە لە جوگرافیا دەكۆڵرێتەوە. (رشید عبدالرحمان العبیدي، 2002، ل33). وادیارە لە یەكەمیاندا جوگرافی ناسەكان ئەو ئەركە لە ئەستۆ دەگرن لە دووەمیاندا زمانناسەكان ئەركدارن.
جوگرافیای زمان؛ ناوێكی سەردەمیانەیە بۆ زانستێك كە لە لێكۆڵینەوەكانییدا دوو زانست لە خۆ دەگرێت ئەوانیش: زانستی زمان و زانستی جوگرافیا. ڕەنگە هەندێك بە “جوگرافیای زمان” و هەندێكیش بە “زمانناسی جوگرافیا” و هەندێكی تریش بە “زمانی جوگرافی یاخود جوگرافیای زمانەوانی” ناوی ببەن. (بن عون، الزبیر، محمد در، 2020، ص137). ئەم زانستە لقێكە لە زانستە مرۆڤایەتییەكان جەخت لە دابەشبوونی زمانە جیاوازەكان دەكاتەوە لە جیهاندا و لە ڕوانگەی جوگرافیای زمانەوە خەمی لێكۆڵینەوەی زمانەكانە لە دۆخی ئێستا و ئاماژە دەدات بە ژمارەی قسەكەران و بەكارهێنانی هەر زمانێك جگەلە دابەشبوونە جوگرافییەكەی و گرنگییە ئابورییەكەی و ئەو لایەنە زانستی و كەلتوری و ڕۆشنبیریانەی كە كاریگەریان هەیە لەسەر ناسینەوەی زمانەكان و لەڕووی شێوەی قسەكردن و نووسینیان. (خیرة، بلجیلالي، 2018، ص187).
هەروەها زانستی جوگرافیای زمان، لێكۆڵینەوە دەكات لە هەرێمێكی جوگرافی و مێژوویی و كۆمەڵایەتی لە یەكەیەكی زمانەوانی دیاریكراودا. لەنێوان ئەو پرسە زمانیانەی پەیوەستن بە لایەنی جوگرافییەوە. ڕووپیوی بۆ زمانی ناوچە جیاوازەكان دەكات بە ئامانجی ئەوەی كاریگەری شوێن لەسەر فرەیی و فرەچەشنی زمان و شێوەزارەكان لە ناوچەیەكی جوگرافی دیاریكراودا دەربخات بە لەبەرچاوگرتنی هۆكارەكانی فرەیی زمان و هەمەجۆری جوگرافی و بەزاندنی زمان بەسەر سنوورە سرووشتیەكاندا و دابەشبوونی بەسەر نەخشە زمانەوانییەكاندا و سوود لێوەرگرتنیان بۆ پلاندانان و پەرەپێدانی نەخشەی جوگرافی و ئەتڵەسە زمانەوانییەكان. هەروەها نیشاندانی بڵاوبوونەوە و دابەشبوونی زمان و شێوەزارەكان بەسەر شوێنە جیاوازەكاندا. ڕێكخستنیان بەشێوەیەك كە بگونجێت لەگەڵ سیستەمی زمان و فرەجەشنییەكەی. (باي، ماریو، 1980، ص11). دەشێت ئەم زانستە نەك تەنها بۆ زمان بەڵكو پۆلێن بەندی بۆ شێوەزارەكانیش بكات لە هەرێمێكی جوگرافی دیاریكراودا لەسەر بنەمای هۆكارە جوگرافییەكان یاخود لێكۆڵینەوە لە زمانەكانی دوو دەوڵەتی دراوسێدا بكات. بۆ بەراوردكردنیان لەوەی بزانین ئەو زمانانە چۆن كاریگەریان لەسەر یەكتر هەیە لەڕووی ڕێزمانی و وشەسازی و قسەكردنەوە. (الحمید، عبدالعزیز بن حمید، 2011، ص29). ئەمە جگەلەوەی جوگرافیای زمان وەك بابەتێكی مرۆیی دەتوانرێت پەیوەست بكرێت بە جوگرافیای كەلتورییەوە، بەو پێیەی زمان یەكێكە لە توخمەكانی كولتوور. ئەوەشی كاریگەری لەسەر زمان و فۆڕمەكانی زمان هەیە، هەریەك لە فاكتەرەكانی (جوگرافیا، كەلتور، ژینگە) ڕۆڵی تێدا دەبینن.(سەدرەدین، كازم ئەحمەد، 2013، ل83).
لە جیهانی ئەمڕۆشدا لەگەڵ پێشكەوتنی زانستی نوێدا زۆر هۆكار و بوار دەركەوتن بۆ داخڵكردنی داتا و زانیارییەكان و نواندنی دابەشبوونی دیاردەكان لەسەر زەوی، یەكێك لەو هۆوپێناوانە (Gis). وەك تەكنیك و ئامرازێكی جوگرافی نەك تەنها كار ئاسانی كردووە بۆ زمان بەڵكو هەماهەنگە بۆ زۆرێك لە زانستەكان. خۆ ئەگەر لە سەردەمە دێرینەكاندا بە قورسی تەماشای نواندنی دیاردەكان كرابێت لەسەر نەخشە. نەخشەكانی جوگرافیا لە چەند دیاردەیەكی دیاردا قەتیس بووبێت و نواندنی بۆ كرابێت، ئەوا لە ئەمڕۆدا كارەكە ئاسانە بەهۆی پێشكەوتنی تەكنەلۆژیا و سەرهەڵدانی سیستمی زانیارییە جوگرافییەكان(GIS). بە تایبەت لەبواری نەخشەسازی و كارتۆگرافیادا. بەو پێیەی یەكێك لە كارەكانی جوگرافیای زمان دابەشبوونی فرەچەشنی زمانەكانە لە جیهاندا. بۆیە سیستەمی زانیارییە جوگرافییەكان دەتوانێت لەڕێگەی دانانی هێمای تایبەت و مۆدێلی وەسفكردنی گرافیكی بۆ زمانە جیاوازەكان. بە باشترین شێوە و كوالێتیەكی بەرزەوە نەخشەیەكمان بۆ دروست بكات كە بە پشت بە ستن بە داتا و زانیاریەكان نەك تەنها زمانە جیاوازەكانمان بۆ بخاتە سەر نەخشە بەڵكو دەتوانێت زۆربە ئاسانی ژمارەی قسەكەرانی هەر زمانێك و شێوەی دابەشبوون و بڵاوبوونەوەیان لە شوێنە جیاوازەكانی سەر گۆی زەویدا پیشان بدات. (Zui Hu, Guoan Tang, Guonian Lu, 2014, P:563).
“ڕەهەندەكانی پەیوەندی نێوان زمان و جوگرافیا”
وەلێ دەتوانین ڕۆڵی جوگرافیا سەبارەت بە پەیوەندی لەگەڵ زمان پەیوەست بکەین بە کۆنتاکت لەگەڵ زانستەکانی تر لە زۆر ڕەهەندی جیاوازەوە، باسکردن لە خاڵە هاوبەش و خاڵە جیاوازەکانی جوگرافیا و کۆمەک وەرگرتن لە زانستەکانی تر، کایەیەکە ڕۆشنایی زیاترمان پێدەبەخشێت سەبارە بە لێکۆڵینەوە و کارکردن لەسەر زمان. بە نموونە بۆ زانینی شێوازی ڕێزمانی و داڕشتنی ئەدەبی هەر نەتەوەیەك سوود لە زانستی زمان و بۆ ساغکردنەوەی بوونی زمان و کردنەوەی گرێکوێرە و کودەکانی زمان و ئاوڕدانە لە ئاخێوەرانی، کۆمەکی لە مێژوو وەردەگرین. بۆ پرسیارکردن لە مەڕ چیەتی زمان و شیکردنەوەی تەونە چنراوە ئاڵۆزەکانی زمان و شکاندنی کۆدەکانی، سوود لە فەلسەفە و بۆ کۆمەڵگە و گرۆی بەکارهێنەرانی سوود لە کۆمەڵناسی. بۆ پەرەپێدان بە سیاسەتی زمانەوانی و بە ئیمپراتۆریەتکردنی زمان سوود لە سیاسەت و بۆ شێوازی نزا و سروت و پەیوەندی یونڤێرساڵی و موتەعالی و بەرزکردنەوەی وزەی ڕووحی سوود لە ئاین…هتد. وەردەگرین. (جەباری، كازم، 2024، ل8)
توێژەران هەوڵدەدەن زادەی پەیوەندی لەنێوان زانستەكاندا بخەڕوو، ئەمەش یارمەتیمان دەدات بۆ دروستكردنی پەیوەندی و بەستنەوەی لایەنە هاوبەشەكانی زانستەكان لەگەڵ یەكدی و كردنەوەی دەلاقەیەكی نوێ بە ئاڕاستەی داهێنان و هێنانەكایەیی بابەت گەلی نوێ، كە شایانی توێژینەوە بن. لەم ڕوانگەوە لێكۆڵینەوە لە ڕەهەندەكانی پەیوەندی نێوان زمان و زانستەكانی تر بەتایبەت زانستە مرۆڤایەتییەكان گرنگی خۆی هەیە و جێگەی بایەخە بەتایبەت لەمەڕ پەیوەندی زانستەكانی زمان و جوگرافیا. هەروەك چۆن شوێنی جوگرافی و سرووشتی كۆمەڵگە و ژینگەكەی و باری سرووشتی ئەو زەویەیی كە كۆمەڵە خەڵكێك لەسەری نیشتەجێن و ئەم كۆمەڵە خەڵكەش لە ژینگەی جیاوازدا دەژین و كۆمەڵگە و وڵات و هەرێمی جیاوازیان بونیاد دەنێن. كاریگەرییەكی ڕوون و ئاشكراش لە سەر فەرهەنگ و كولتوور و زمانی ڕۆژانە بەجێدەهێڵن. (خۆشناو، شێروان حوسێن، 2012، ل89). بێگومان زمان وەك هۆكارێك بۆ ئاخافتن و دواندن و نووسین و مانەوە، كاریگەری ژینگەی سرووشتی و مرۆیی لەسەرە. كە دەكرێت ئەم پەیوەندیە لە چوارچێوەی جوگرافیادا ڕەنگڕێژ بكەین، هەروەك دەكرێت دەرفەت وەربگرین و لەم گۆشەنیگایەوە بپرسین ئایا خودی جوگرافیا چییە؟ بێجگەلە جوگرافیای كولتوور و زمان، ئەوەی لە مێژووشدا واریدە بەدەگمەن جوگرافیایەك هەیە كە كولتوور و زمانێك دوای زەوتكردنی، ڕەنگ و سیمای خۆیان پێ نەدرابێت. ئەمە دەمانباتەوە بۆ ئەو بابەتەی لە هەرشوێنێك كەلتور و زمانێك توانیبێتیان بەهێزەوە دەربكەون و ناوەڕۆكێكی سیاسی و یەكەیەكی كارگێڕی و هەرێمێكی مرۆیی بۆ خۆیان دروست بكەن كەوتا جوگرافیایەكیان بۆ خۆیان بونیادناوە. (سابیر، ڕەفیق، 2008، ل109) زمانێكیان كردوە بە ڕەمز و شكۆی هەرێمەكەیان. هەروەك لە جوگرافیای سیاسیشدا یەكێك لە بنەماكانی دەوڵەت زمانە. بەو مانایەیی زمان دەتوانێت كەلتوری هاوبەش دروست بكات و توانستی ئەوەی هەیە هەستی هاوڵاتی بوون لە وڵاتدا بەهێز بكات.
لە باری ڕەگەزی سرووشتیشەوە دەكرێت بڵێین هەر لە كۆنەوە دیاردە جوگرافییەكان بە نموونە تۆبۆگرافیا و زنجیرە شاخەكان كاریگەریان هەبووە لەسەر فرە جەشنی زمان و دابڕینی قسە پێكەرانی زمانێك و لەگەڵ زانێكی تر و دواتر مانەوەیان لەگەڵ یەكتردا و لە چوارچێوەیەكی تەسكدا بەمەش جۆری قسەكردنیان شێوازێكی تایبەت بەخۆیانی وەرگرتووە. چونكە هەركاتێك ڕادەی تێكەڵاوی كەم بوو زمان كەمتر دەگۆڕێت، هەروەك كاتێك تێكەڵاوی زیاتر بوو گۆڕانی زیاتر لە زماندا ڕوودەدات. كەوتا دیاردە سروشتیەكان سەرەڕای هۆكارە كەلتورییەكان ڕۆڵیان هەیە لە سازدانی ژینگەی تایبەت و درووستبوونی زماندا.(خۆشناو، شێروان حوسێن، سەرچاوەی پێشوو، ل91). هەروەك زانستی جوگرافیا لە ڕووی مرۆییەوە توانستی ئەوەی هەیە لە دەلاقەی جیاوازەوە پەیوەندی لەتەك زماندا دروست بكات، بەنموونە لە ڕێگەی جوگرافیای کەلتوریەوە شیکردنەوە بۆ زمان دەکات و نیگاكان دەباتەوە لای ئەنترۆپۆلۆژیا، ئەگەرچی زمان بە یەکێک لە توخمەکانی کولتوور دادەنرێت و كولتووریش یەكێكە لە پایە و كیڵگەكانی لێكۆڵینەوە ئەنترۆپۆلۆژیەكان، بەڵام لە جوگرافیای كەلتوریدا توێژینەوە لەسەر زمان، شان بەشانی ڕەگەزە كەلتوریەكانی تری وەك ئەدەب و هونەر و داب و نەریت و ئایین و..هتد. دەبێتە جێی بایەخی لێكۆڵەرانی جوگرافیا چ لەڕووی جوگرافیای سروشتییەوە یاخود جوگرافیای مرۆییەوە. (جەباری، كازم، سەرچاوەی پێشوو، ل8).
“دەرەنجام”
- زمان؛ بەتەنها كردەیەكی خۆرسك نییە، بەڵكو ئامرازێكی گرنگە بۆ ئاخافتن و دواندن، هۆكارێكیشە بۆ لێكتیگەیشتن و گۆكردن و دەربڕین. هەروەها زمان دەبێتەهۆی دروستكردنی پەیوەندی و كۆنتاكت لەنێوان مرۆڤەكان. بەجۆرێك هەندێك لە زانایا زمان بە هۆكاری جیاكەرەوەی نێوان مرۆڤ و بوونەوەرەكانی تری سەر گۆی زەوی دادەنێن.
- جوگرافیا بە یەكێك لە لقەكانی مەعریفە دادەنرێت و یەكێكە لە كۆنترین زانستەكان، كە بایەخ بە دیاردە سرووشتی و مرۆییەكان دەدات و لە پەیوەندی نێوان دیاردەكان دەكۆڵێتەوە، بوار و مەودایەكی فراوانی هەیە بۆ لێكۆڵینەوە. سەروكار و لینكی لەگەڵ زۆرێك لە زانستە سروشتی و زانستە مرۆییەكاندا هەیە لەناویاندا زمان.
- جوگرافیای زمان؛ لقێكە لە زانستە مرۆڤایەتییەكان و بە بەشێك لە جوگرافیای مرۆیی دادەنرێت و لەو فاكتەرە جوگرافییانە دەكۆڵێتەوە كە كاریگەری لەسەر زمان هەیە. چ لە ڕووی دابەشبوون و بڵاوبوونەوەیان لە جسهاندا لەسەر نەخشە و ئەتڵەسەكان، یاخود ئەو فاكتەرە شوێنی و ژینگەیی و كەلتوریانەی كە كاریگەریان لەسەر جیاوازی و فرەچەشنەیی زمان هەیە.
- پەیوەندی نێوان جوگرافیا و زمان، وەك پەیوەندی نێوان زۆرێك لە زانستە مرۆڤایەتییەكان، پەیوەندیەكی بە بایەخە و لە زۆر ڕەهەندەوە دەرگا لەبەردەم دەلاقەیەكی نوێدا دەكاتەوە بە ئاراستەی لێكۆڵینەوە لە دۆزینەوەی خاڵی هاوبەش و ئەو نزیكایەتی و پەیوەندییە تەواوكارییەی كە لەنێوان زانستەكانی زمان و جوگرافیادا هەیە. ئەم پەیوەندییە لە چەندین ڕەهەندی جوگرافی سروشتی و مرۆیی وەك: كاریگەری شوێن و ژینگە و..هتد و كاریگەری كەلتور و بەكارهێنانی تەكنەلۆژیا و تەكنیەكە نوێیەكانی وەك سیستەمی زانیاریە جوگرافیاكاندا دەردەكەوێت.
سەرچاوە كوردییەكان:
یەكەم: كتێبەكان:
- سابیر، ڕەفبق، 2008، كولتوور و ناسیۆالیزم، سلێمانی: چاپی سێیەم، چاپخانەی تیشك.
- سەدرەدین، كازم ئەحمەد، 2013، جوگرافیای كەلتوری ناوچەی جەباری، سلێمانی: چاپی یەكەم، چاپخانەی كارۆ.
دووەم: گۆڤارەكان:
- خۆشناو، شێروان حوسێن، 2012، دیالێكتی جوگرافی، گۆڤاری گزنگ، ژمارە (94).
- جەباری، كازم، 25/2/2024، پەیوەندی نێوان جوگرافیا و زمان، كوردستانی نوێ.
سەرچاوە عەرەبییەكان:
یەكەم: كتێبەكان:
- بايو ماریو، 1980، أسس علم اللغة، ترجمة: أحمد مختار عمر، عالم الكتب، القاهرة-مصر.
- العبیدي، رشید عبدالرحمن، 2002، مباحث في علم اللغة و اللسانیات، الطبعة الاولی، دار الشؤون الثقافة العامە، بغداد.
دووەم: گۆڤارەكان:
- بن عون، الزبیر، محمد در، 2020، الجغرافیا اللغویة موضوع و مجالات البحث، مجلة العلوم الاجتماعیة، المجلد14، العدد2.
- الحمید، عبدالعزیز بن حمید، 2011، علم اللغة الجغرافي بین حداثة المصطلح وأصولە لدی العرب، مجلة الدراسات الغویة و الأدبیة، سنة الثانیة، عدد الثاني.
- خیرة، بلجیلالي، 2018، علم اللغة الجغرافي مفهونە و أصولە عند العلماء العرب، مجلة الفكر المتوسطي للبحوث والدراسات في حوار الدیانات والحضارات، مجلد 7، عدد2.
سەرچاوە ئینگلیزییەكان:
- Zui Hu, Guoan Tang, Guonian Lu, 2014, A new Geographical Language A perspective of GIS, Journal of Geographical Sciences 24, (3).:
- https://doi.org/10.1007/s11442-014-1106