“پێشەکی”
لە سیستەمە سیاسییەکاندا، چ دیموکراسی بێت یاخود نادیموکراسی، ئامرازەکانی راگەیاندن روڵێکی کارا لە رێکخستن یاخود لێکترازاندنی کۆمەلگا دەگێڕن؛ تەنانەت لە ئاستی تاکەکەسی راگەیاندن بووەتە بەشێکی دانەبراوی ژیانی رۆژانەی مرۆڤ. ئەگەرچی جۆری ئەم راگەیاندنە لە قۆناغێک بۆ قۆناغیکیتر گۆڕانی بەسەردا هاتووە، چاپەمەنی، رادیو، تەلفزیون و دواتر سوشیال مێدیا و هۆشی دەستکرد، بەڵام ئامرازەکانی راگەیاندن چ لە قۆناغی ئاشتی و چ لە قۆناغی جەنگ، چ لە قۆناغی سەقامگیریی یاخود ناسەقامگیریی، توانیویەتی پارێزگاریی لە پێگەی خۆی بکات. لەم روانگەیەوە لەم کورتە باسەدا تیشکدەخەینە سەر دۆخی راگەیاندن لە هەرێمی کوردستان.
“یەکەم؛ راگەیاندنی هەرێمی کوردستان دوای راپەڕین”
ڕاگەیاندنی کورد لە هەرێمی کوردستان بریتییە لەو میدیا و دەزگایانەی ڕاگەیاندن کە لەرێی ئامرازی جۆراوجۆری گەیاندنەوە بە زمانی کوردی کار دەکەن و هەوڵی گەیاندنی پەیام و ئایدیولۆژایی سیاسیی خۆیان بە کۆمەڵگە دەدەن؛ لە دوای ساڵی ١٩٩١ کە هەوکات بوو بە دامەزرانی قەوارەی سیاسیی هەرێمی کوردستان، ڕاگەیاندنی کورد گەشەیەکی بەرچاوی بە خۆیەوە بینی. ئەم گەیەشەکردنە فرە ئاست بوو:-
یەکەم، ژمارەیەکی زۆری دامەزراوەی راگەیاندن سەر بە پارتی سیاسیی جۆراوجۆر دامەزران.
دووەم، سنورەکانی ئازادیی رادەربڕین بەرفراونتر بوو.
سێیەم، میدیا بە هەموو روویەکەوە، کۆمەڵایەتی، سیاسیی، ئابووری، ئافرەتان، منداڵان برەوی سەند.
چوارەم، لە رووی چەندایەتی و چۆنایەتیی، بوونی قەوارەی هەرێمی کوردستان یارمەتیدەری بواژەنەوەی کەرتی رۆژنامەگەریی بوو.
گشت ئەم فاکتەرانە بوونە هۆی ئەوەی کە لە دوای ساڵی ٢٠٠٩ راگەیاندنی کورد لە هەرێمی کوردستان بە لوتکەی زێڕێنی خۆی بگات، ئەمەش هەم بە هۆی نەمانی رژێمی بەعس، هەم بە هۆی هێدی هێدسی سەرهەڵدان ئوپۆزیسیۆن و هەمیش بە هۆی باشتربوونی دۆخی دارایی هەرێمی کوردستان. لەگەڵ گشت ئەم خاڵە ئەرێنیانە، بەڵام هاوکات لە لەڕووی هزرەوە دەستپێکێکی نەرێنی بوو بەهۆی نەبوونی سیستەمێک کە کاری میدیایی لە هەرێمی کوردستان رێکبخات و ئەم ئازادییە بەرفواوانە بووە هۆی دروستکردنی لێکترازانی سیاسیی-کۆمەڵایەتی قووڵ لە هەرێمی کوردستان کە لێکەوتەکانی تا ئێستاش هەر بەردەوامە.
دۆخی ڕاگەیاندنی کوردی لە چەند ساڵی ڕابردوودا پێشکەوتنی بەرچاوی بەخۆیەوە بینیوە، وەک: زیادبوونی کەناڵە تەلەفزیۆنەکان، زیادبوونی کەناڵەکانیی ڕادیۆیی، دەرچوونی ژمارەیەکی زۆر لە ڕۆژنامە و گۆڤارەکان، هەروەها کرانەوەی بەشەکانی ڕاگەیاندن لە زانکۆ و پەیمانگەکان و خوێندنیان لەناوەندەکانی ئەکادیمی؛ زیاد لەمەش، بەرەو پێشچوونێکیتر لە ڕاگەیاندنی کوردی بریتییە لە گەشەکردنی میدیای ئەلکترۆنی و سەرهەڵدانی سۆشیاڵ میدیا لە کۆمەڵگەی کوردی و ئاشنابوون پێیان.
“دووەم؛ ئاستەنگەکانی بەردەم ئامرازەکانی راگەیاندن لە هەرێمی کوردستان”
میدیا و راگەیاندن لە هەرێمی کوردستان رووبەرووی کۆمەڵێک ئاستەنگ دەبنەوە کە چارەسەرکردنی بەشێک لەم ئاستەنگانە ئەگەر ئەستەم نەبێت بەڵام قورسە. لە خووارەوە ئاماژە بە کۆمەلێک ئاستەنگ دەدەین:-
یەکەم:- سەرەکیترین ئاستەنگ لەبەردەم راگەیاندنی کورد لە هەریمی کوردستان دەتوانین بڵیین کە نەبوونی یەک شێوەزارە لە کاریی میدیایی. ئەگەرچی لە زۆربەی وڵاتان میدیا بە زمانی لۆکاڵی پەیامەکانیان دەگوازنەوە، بەڵام میدیای نیشتیمانی بوونی هەیە کە بە زمان/شێوەزارێکی یەکگرتووی ستاندەر پەیمەکانی بڵاودەکاتەوە. لێرەوە میدیا دەبێتە کۆڵەکەیەکی سەرەکی نیشتیمانسازیی و بوونیاتنانی نەتەوە.
دوووم:- پاڵپشتی نەکردنی حکومەت لەڕووی داراییەوە، ئەگەرچی لە هەرێمی کوردستان دامەزراوەیی میدایی کەم بوونیان هەیە کە لەلایەن لایەنێکی سیاسییەوە پارەدار نەکرێن، بەڵام لە ئاستی حکومی ئەم کارە بە کەمی دەبینرێت، هەر بۆیەش دەبینین راگەیاندنێک کە پاڵپشتی حکومەتی هەبێت، بە هۆی پاڵپشتی کەمەوە ناتوانێت وەک پێویست لە کۆمەلگەدا رۆڵ بگێڕێت.
سێیەم:- نەبوونی ئازادی کارکردنی ڕۆژنامەنووسان بەشێوەیەکی پێویست. ئەم ئارگیومێنتە بە مانای ئەوە نایێت کە لە هەرێمی کوردستان ئازادیی رۆژنامەگەریی بوونی نییە، چونکە مادەم ئامرازیی راگەیاندنی جۆراوجۆر و میدیای پاڵپشتکراو لەلایەن پارتە سیاسییەکانەوە بوونیان هەیە، کەواتە ئازادیی راگەیاندنیش بوونی هەیە، بەڵام ئەم ئازادییە لە سنورە جوگرافییەکاندا یاخود لە چوارچیوەی لایەنگریی حزبیدا قەتیسکراوە.
چوارەم:- نەبوونی یاسای ڕێکخستنی کاری ڕۆژنامەوانی. ئەگەرچی لە هەرێمی کوردستان یاسای ژمارە ٣٥ی ساڵی ٢٠٠٧ لەلایەن پەرلەمانی هەرێمی کوردستانەوە پەسەندکراوە وپەرلەمانی هەرێمی كوردستان ساڵی ٢٠١٣ “یاسای مافی بە دەستهێنانی زانیاری لەهەرێمی كوردستان” پەسەندكردپەرلەمانی هەرێمی كوردستان ساڵی ٢٠١٣ “یاسای مافی بەدەستهێنانی زانیاری لەهەرێمی كوردستان” پەسەندكرد و پەرلەمانی هەرێمی كوردستان ساڵی ٢٠١٣ “یاسای مافی بەدەستهێنانی زانیاری لەهەرێمی كوردستان” پەسەندكرد، بەڵام لەگەڵ ئەمەشدا، تا ئیستا وەک پێویست یاسای رۆژنامەگەریی لە هەریمی کوردستان جێبەجێ ناکرێت. هەروەها، بەهۆی ئەوەی لە هەرێمی کوردستان لەدوای ڕاپەڕینی ساڵی ١٩٩٢، چەند ڕووداوێکی شەڕی ناوخۆ ڕوویاندا ڕاگەیاندنی کورد بە شیوەیەکی سەرەکی بەسەر دوو بەرە دابەشبوو. دواتر ئەم دابەشبوونە بە زۆر بوونی ژمارەی حزبە سیاسییەکان قووڵتر و زیادتر بوو بەهۆی ململانێ سیاسییەکان و کێشەو ناکۆکییەکان کە لەڕابردوودا تاوەکو ئێستا بەردەوامبوون ڕاگەیاندن پەلکێشکرا بۆ ناو ئەم بارودۆخە ناهەموارە کە ئێستا تێیدایە، بۆیە دەتوانین بڵێن ڕاگەیاندن لە بارودۆخێکی باشدا نییە.
“چوارەم؛ بۆچی ڕاگەیاندنی کوردی لە دۆخێکی باشدا نییە؟”
دەکرێ لێرەدا باس لە کۆمەڵێک فاکتەر بکەین:-
یەکەم:- ناکۆکی بەردەوامی نێوان پارتە سیاسییەکان، ناکۆکی و ململانێ دیاردەیەکی ئاسایی و دیموکراتێکە، بەڵام بە مەرجێک نەبێتە هۆی تێکدانی شیرازەی کۆمەڵگا و سەرهەڵدانی رەوتی پۆپۆلیستی.
دووەم:- هاووڵاتیان لە هەرێمی کوردستان بڕوایان بە پەیامە میدیایەکان نەماوە، هۆکاری سەرەکیش بەردەوامی ناکۆکییە سیاسییەکانە.
سێیەم:- هاووڵاتی لەوە تێگەیشتووە کە هەر کەناڵ و ئامرازێکی راگەیاندن سەر بە لایەنێکی سیاسییە، بە واتایەکیتر میدیایی سەربەخۆ بوونی نییە.
چوارەم:- لە هەندێک حاڵەتدا، کەمی شارەزایی و پیشەگەرایی لە بواری ڕاگەیاندندا دەبینرێت، کە دەبێتە هۆی کەمبوونەوەی کوالێتی بەرهەمەکان.
پێنجەم:- بەکارهێنانی زمانێکی توند و نەشیاو لە هەندێک بەرنامە و ڕاپۆرتدا، کە کاریگەری نەرێنی لەسەر پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان دروست دەکات.
بە واتا گشتییەکەی دەتوانین بڵێین ڕاگەیاندن لە هەرێمی کوردستان بریتیە لە ڕاگەیاندنی سەر بە پارتی سیاسیی، واتە بەشێوەیەک کار بۆ گەیاندنی پەیامی پارتە سیاسییەکەی خۆی دەکات، ئەگەرچی لێرەشدا کۆمەلێک کەناڵ نیشتیمانیتر کار دەکەن. بەڵام لەگەڵ ئەمەشدا دەکرێ ئاماژە بە کۆمەڵێک لایەنی ئەرێنی راگەیاندنی کورد بکەین:-
1. ڕاگەیاندنی کورد لە هەرێمی کوردستان، ڕۆڵێکی گرنگ دەبینێت لە پاراستن و گەشەپێدانی شوناسی نەتەوەیی کورد.
2. میدیای کورد پردێکە بۆ پەیوەندی نێوان کوردانی پارچە جیاوازەکانی کوردستان و دیاسپۆرا.
3. ڕاگەیاندنی کورد لە هەریمی کوردستان ڕۆڵێکی گرنگ دەبینێت لە بڵاوکردنەوەی زانیاری و هۆشیاری دەربارەی گرفتە کۆمەڵایەتیی و سیاسییە ناوخۆیی و دەرەکییەکان .
4. میدیا کورد توانیویەتی ڕۆڵێکی گرنگ ببینێت لە دەستنیشانکردن و چارەسەرکردنی کێشە کۆمەڵایەتییەکان.
“بە کورتی”
ڕاگەیاندن لە گشت جیهان و لە هەرێمی کوردستان چەکێکی دووسەرەیە هەم لایەنی ئەرێنی و هەم لایەنی نەرێنی هەیە، بەڵام ئەوەی لێرەدا گرنگە ئەقڵیەت و خۆگونجاندنی کۆمەڵگایە لەگەڵ پێشکەوتنە هەنووکەییەکان کە ڕوودەدەن، ئەمەش بۆ پەروردەیەکی تەندروست و سیستەمێکی تەندروست دەگەڕێتەوە.