“ڕەهەندەكانی په‌یوه‌ندیی نێوان جوگرافیای سیاسی و جیۆپۆله‌تیك”
“دەروازە”
له ڕاستیدا جوگرافیای سیاسی و جیۆپۆله‌تیك دوو بابه‌تی تایبه‌تمه‌ندی بواری جوگرافیای مرۆیین، فۆكەسی هه‌ردووكیان له سه‌ر ده‌وڵه‌ت و یه‌كه سیاسییه‌كانه، له لێكۆڵینه‌وه‌كانیاندا سوود له كه‌ره‌سته جوگرافییه‌كان وه‌رده‌گرن، چونكه “جوگرافیا زانستێكه بایه‌خ ده‌دات به لێكۆڵینه‌وه‌ی زه‌وی و مرۆڤ و ئه‌و كارلێكه‌ی كه له نێوانیاندا دروست ده‌بێت، هه‌ر له به‌ر ئه‌وه‌ی ئامانجی جوگرافیای سیاسی چالاكییه سیاسییه‌كه‌یه، بۆیه گرانه ئه‌و چالاكییانه له چالاكییه‌كانی تری مرۆڤ جیا بكرێته‌وه كه به‌ری كارلێكی نێوان ڕه‌گه‌زه‌كانی سروشته له لایه‌ك و كۆمه‌ڵگە مرۆییه‌كانه له لایه‌كی تره‌وه. بۆیه پێویست ده‌كات بایه‌خ بدرێت به هه‌موو زانسته‌كانی جوگرافیا یان هه‌موو لقه‌كانی جوگرافیا به سرووشتی و مرۆیی و ئابوورییه‌وه. زانسته جوگرافییه‌كان هه‌ر له خۆیاندا به شێوه‌یه‌كی ڕاسته‌وخۆ به‌ستراونه‌ته‌وه به چالاكییه‌كانی مرۆڤه‌وه، مرۆڤیش به‌ستراوه‌ته‌وه به‌و ژینگه‌یەی كه تێیدا ده‌ژی. فه‌رمانڕه‌وایه‌تی یان ڕێكخستنه سیاسییه‌كه‌ش به‌ستراوه‌ته‌وه به سیستمه كۆمه‌ڵایه‌تی و چالاكییه ئابوورییه‌كانه‌وه. چونكه له ڕووی مێژووییه‌وه ململانێ سیاسییه‌كان له سه‌ر زه‌مینه‌یه‌كی ئابوورییدا ڕووده‌ده‌ن لە گۆرەپانێكی دیاریكراودا واتا ‘بێ زه‌وی و ده‌وڵه‌ت’ نابن. (د. عه‌بدوڵا عه‌ته‌وی، ده‌وڵه‌ت و كێشه نێوده‌وڵه‌تییه‌كان، 2007، لا42.).”
“پەیوەندی نێوان جوگرافیای سیاسی و جیۆپۆلەتیك”
له‌مه‌ڕ خاڵی هاوبه‌ش و په‌یوه‌ندیی نێوان ئه‌م دوو زانسته، “زۆر كه‌س جیۆپۆله‌تیك و جوگرافیای سیاسی به یه‌ك مانا لێك ده‌داته‌وه، له‌به‌رئه‌وه‌ی تێكه‌ڵییه‌ك له مانا و چه‌مكه‌كانیاندا هه‌یه و به ئاسانی ناتوانرێت لێك جیا بكرێنه‌وه و له ڕووی زاراوه‌شه‌وه لێك نزیكن. سه‌رەڕای ئه‌وه‌ی جیۆپۆله‌تیك له هه‌ناوی جوگرافیای سیاسی‌دا. (هاوڕێ یاسین محه‌مه‌د، ده‌روازه‌یه‌ك بۆ جوگرافیای سیاسی و جیۆپۆله‌تیک، 2012، لا16) سه‌ری هه‌ڵداوه. په‌یوه‌ندیی نێوان جوگرافیای سیاسی و جیۆپۆله‌تیك یاخود خاڵی هاوبه‌شی نێوان ئه‌م دوو زانسته، جوگرافیناس و توێژه‌رانی په‌یمانگاكانی لێكۆڵینه‌وه‌شی به‌خۆوه سه‌رقاڵ كردووه، هه‌ندێك وای ده‌بینن “جیۆپۆله‌تیك بریتییه له جوگرافیای سیاسیی پراكتیكی، به‌ڵام “ئه‌تۆمۆڵ” كه یه‌كێكه له نووسه‌رانی په‌یمانگای “میونیخ” و یه‌كێكیشە له شوێنكه‌وتووانی “هاوسهۆڤه‌ر”. پێی وایه؛ جیۆپۆله‌تیك گرنگی ده‌دات به وڵات و هه‌وڵ ده‌دات هه‌موو كێشه‌كانی له ده‌ره‌وه‌ی چوارچێوه‌ی سنووری خۆیدا چاره‌سه‌ر بكات، به‌و واتایه‌ی جیۆپۆله‌تیك گرنگی ده‌دات به لێكۆڵینه‌وه‌ی داواكاریی شوێنی وڵات. ئه‌مه له كاتێكدا جوگرافیای سیاسی هه‌ڵده‌سێت به پشكنینی بارودۆخی ئێستای وڵات. له نیوه‌ی یه‌كه‌می سه‌ده‌ی ڕابردوودا كۆمه‌ڵێك مامۆستای جوگرافیای سیاسی له شاری میونیخی ئه‌ڵمانی ڕێكخراوێكی جیۆپۆله‌تیكییان پێكهێنا و گۆڤارێكی جیۆپۆله‌تیكییان ده‌ركرد كه تیایدا وا پێناسه‌ی جیۆپۆله‌تیكیان كردبوو: جیۆپۆله‌تیك زانستێكه له ڕووداوه سیاسییه‌كان ده‌كۆڵێته‌وه كه پابه‌ندن به خاكه‌وه. ئه‌م زانسته له سه‌ر بناغه‌ی جوگرافیای سیاسی دامه‌زراوه و جیۆپۆله‌تیكیش ده‌یه‌وێت ببێته خاوه‌ن كه‌ره‌سته‌ی پێویست بۆ ئه‌نجامدانی كاری سیاسی و خاوه‌نی بیروباوه‌ڕی خۆی بێت بۆ ڕێنماییكردنی ژیانی سیاسی. بۆیه پێویسته جیۆپۆله‌تیك ببێته ویژدانی جوگرافیی ده‌وڵه‌ت. (د. سەفین جەلال فەتحوڵا، جیۆپۆله‌تیک پێناسه و ناوه‌رۆک، 2015، لا20).”
هه‌ر چه‌نده په‌یوه‌ندیی هاوبه‌شی نێوان جوگرافیای سیاسی و جیۆپۆله‌تیك لێكۆڵینه‌وه‌یه له‌و بابه‌تانه‌ی ده‌وڵه‌ت كه جێی بایه‌خی سیاسه‌ت و سیاسییه‌كانن. به واتایه‌كی تر: ئه‌م دوو چه‌مكه له بنه‌ڕه‌تدا یه‌ك بابه‌تن له دوو ڕوانگه‌ی جیاوازه‌وه نیگاكانی خۆیان پێشكه‌ش ده‌كه‌ن. بواره‌كانی به‌كارهێنانیان لێكه‌وه نزیكه. هه‌روه‌ك چۆن “زانستی جوگرافیای سیاسی بایه‌خ و لێكۆڵینه‌وه له سه‌ر ئه‌و ناوچانه‌ش ده‌كات كه كێشه‌یان هه‌یه و نائارامن، ئه‌و هۆكار و دەرئه‌نجامانه شی ده‌كاته‌وه، جا چ له سه‌ر ئاستی هه‌رێمی، یان له سه‌ر ئاستی نێوده‌وڵه‌تی بێت “وەک: كێشه‌ی قوبرس، كێشه‌ی كشمیر، كێشه‌ی كورد، كێشه‌ی عه‌ره‌ب ئیسرائیل، كێشه‌ی نیمچه‌دوورگه‌ی كۆریا و…هتد)” هه‌روه‌ها ئه‌م زانسته له‌و ڕێكخراو و بزوو‌تنه‌وه سیاسی و جوداخوازییه چه‌كدارانه‌ش ده‌كۆڵێته‌وه كه خه‌بات ده‌كه‌ن له ناوچه‌یه‌كی جوگرافیی دیاریكراودا. وه‌ك ڕێكخراوی: (شین فین، ئێرله‌ندا، ئیسپانیا، پۆلیساریۆ، ئه‌مازیغییه‌كان و…هتد). جگه له‌وه‌ش، جوگرافیای سیاسی له ڕێكخراوه نێوده‌وڵه‌تی و هه‌رێمایه‌تییه‌كانیش ده‌كۆڵێته‌وه كه ده‌وڵه‌تان حه‌ز ده‌كه‌ن به ویستی خۆیان ببنه ئه‌ندام تیایدا. وه‌ك ڕێكخراوی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان، ڕێكخراوی سه‌ربازی وه‌ك په‌یمانی باكووری ئه‌تڵه‌سی (NATO)، ڕێكخراوی ئابووری وه‌ك بازاڕی هاوبه‌شی ئه‌ورووپی (E.C.M)، یان ڕێكخراوی باشووری خۆرهه‌ڵاتی ئاسیا (Seato)، یان ڕێكخراوی هه‌رێمایه‌تی وه‌ك كۆمه‌ڵه‌ی هاریكاریی عه‌ره‌ب… هتد. زۆر جار جوگرافیای سیاسی له‌و بابه‌تانه‌ش ده‌كۆڵنه‌وه كه ڕامیاری نین، به‌ڵام ده‌بنه گرفت له نێوان ده‌وڵه‌تاندا (وه‌ك: ئاوزێڵی ڕووباری نیل له نێوان میسڕ و سودان و ئۆگه‌ندا، یان ئاوزێڵی ڕووباری فوڕات له نێوان توركیا و سووریا و ئێراق).
له ڕووی دیارده ناوخۆییه‌كانی وڵاتیش، ئه‌وا جوگرافیای سیاسی ئه‌و لێكۆڵینه‌وانه‌ش له‌خۆ ده‌گرێت كه له سه‌ر هه‌ندێك دیارده‌ی سه‌ر ڕووی زه‌وی ئه‌نجام ده‌درێن، وه‌ك: سنووره سیاسییه‌كان، شوێنی پایته‌خت، شێوه‌ی وڵات، ڕووبه‌ر، قه‌باره‌ی دانیشتووان، له‌گه‌ڵ ئه‌و كێشانه‌ی په‌یوه‌ستن له‌م بواردا، ئه‌مه سه‌ره‌ڕای بایه‌خدان به كێشه‌ی كه‌مایه‌تییه‌كان و له هۆكار و دەره‌نجام و دابه‌شبوونیان ده‌كۆڵێته‌وه. زانستی جوگرافیای سیاسی له‌و ده‌رامه‌تانه‌ش ده‌كۆڵێته‌وه كه له به‌ر ده‌ستی ده‌وڵه‌تدان (جیۆلۆجیا، ئاووهه‌وا، خاك، سامانی ئاو، ڕووه‌كی خۆڕسك و…هتد). ئه‌م زانسته هه‌وڵ ده‌دات تیشك بخاته سه‌ر ئه‌و شێوازه سوودوه‌رگرتنه‌ی كه پێویسته له‌و ده‌رامه‌تانه وه‌ریبگرێت و به‌ها و سه‌نگی سیاسی و گرنگیی هه‌ریه‌كێكیان ده‌خاته ڕوو. (د. سەفین جەلال فەتحوڵا، بنچینه و بنه‌ماكانی زانستی جوگرافیای سیاسی، 2014، لا35). جێوپۆله‌تیكیش به شێوه‌یه‌كی گشتی كار له سه‌ر دوو گریمانه ده‌كات:- گریمانه‌ی یه‌كه‌م، ده‌ڵێت مرۆڤ هه‌میشه هه‌وڵ ده‌دات خۆی ڕێك بخات له یه‌كه‌ی گه‌وره‌تر له خێزان، ئه‌مه‌ش ناچاری ده‌كات بچێته ناو سیاسه‌ته‌وه. هه‌روه‌ها مرۆڤ به سروشتی خۆی وه‌فاداره به‌رانبه‌ر ئه‌و شتانه‌ی كه تێیدایه و له ناویدا له‌دایك بووه، واتە وه‌فاداره به‌رانبه‌ر به شوێن و به‌رانبه‌ر به خه‌ڵك. وه‌فاداری بۆ هۆزێكی دیاریكراو بۆ شارێك یان نه‌ته‌وه‌یه‌كی دیاریكراو، ئه‌مه‌ش مه‌سه‌له‌یه‌كی سرووشتییه. له‌م سه‌رده‌مه‌ی ئێمه‌شدا خۆشویستنی نیشتمان و ئینتیمای نیشتمان مه‌سه‌له‌یه‌كی چاره‌نووسییه. (جۆرج فریدمان، سه‌د ساڵی داهاتوو، 2013، لا24).”
ڕه‌نگه هه‌ر ئینتیمابوون بۆ نیشتمان و نه‌ته‌وه وای له “ڤالكنبرگ” كردبێت له پێناسه‌كه‌یدا ئه‌م گریمانه‌یه‌مان وه‌ك په‌یوه‌ندی له نێوان جیۆپۆله‌تیك و جوگرافیای سیاسی‌دا بۆ بچه‌سپێنێت، وه‌ك ده‌ڵێت: “جیۆپۆله‌تیك بریتییه له جوگرافیای سیاسی له دید و بۆچوونی نه‌ته‌وایه‌تیدا. (د. سەفین جەلال فەتحوڵا، سه‌رچاوه‌ی پێشوو، لا21).” گریمانه‌ی دووه‌م، جیۆپۆله‌تیك خه‌سڵه‌ته‌كانی هه‌ر نه‌ته‌وه‌یه‌ك تا ئه‌ندازه‌یه‌كی زۆر له‌لایه‌ن جوگرافیاوه دیاری ده‌كات نه‌ك هه‌ر ئه‌مه، به‌ڵكوو جوگرافیا په‌یوه‌ندیی نێوان نه‌ته‌وه‌كانیش ده‌ستنیشان ده‌كات. جوگرافیا بەس به ته‌نیا بریتی نییه له سیفه‌ته فیزیاییه‌كانی شوێنێك، به‌ڵكوو له‌وه‌ش ده‌كۆڵێته‌وه كه ئه‌و شوێنه چ ده‌ور و ته‌ئسیرێكی هه‌یه له سه‌ر مرۆڤ و كۆمه‌ڵگه‌كان. (جۆرج فریدمان، هه‌مان سه‌رچاوه‌ی پێشوو، لا24). ئه‌وه‌ی گرنگه له‌مه‌ڕ په‌یوه‌ندیی نێوان جوگرافیای سیاسی و جیۆپۆله‌تیك ئاماژه‌ی پێ بده‌ین ئه‌وه‌یه نه‌ك ته‌نها جوگرافیای سیاسی لانكه‌ی سه‌رهه‌ڵدانی جیۆپۆله‌تیكه، به‌ڵكوو میتۆده‌كانی لێكۆڵینه‌وه‌شیان هه‌مان میتۆده به كه‌ره‌سته و هێڵی جیاوازه‌وه، بواره‌كانی كاركردنیشیان له نێوان ئێستا و داهاتوودا په‌یوه‌ندییه‌كه جودا ده‌كاته‌وه. به نموونه؛ ئه‌گه‌ر جوگرافیای سیاسی لیكۆڵینه‌وه له سنووره ڕاسته‌قینه‌كانی ئێستای ده‌وڵه‌تێك بكات، ئه‌وا له سه‌ر هه‌مان ستراكچه‌ری جوگرافیای سیاسی، جیۆپۆله‌تیك لێكۆڵینه‌وه له داهاتووی سنووره‌كانی هه‌مان ده‌وڵه‌ت ده‌كات. هه‌ر بۆیه زانایان ئەو په‌یوه‌ندییه‌ی نێوان جوگرافیای سیاسی و جیۆپۆله‌تیكیان هێنده توندوتۆڵ كردووه، “جیۆپۆله‌تیكیان به زاده‌ی جوگرافیای سیاسی ناو بردووه و به ویژدانی جوگرافیای ده‌وڵه‌تیان داناوه”.
“جیاوازیی نێوان جوگرافیای سیاسی و جیۆپۆله‌تیك“
جیاوازیی نێوان هه‌ر زانستێك له‌گه‌ڵ زانستێكی تر له ئه‌نجامی چۆنیه‌تیی كاركردنی زانسته‌كه و جودایی ڕێگاكانی لێكۆڵینه‌وه‌یه‌تی، بۆیه ”جیاوازی له نێوان جوگرافیای سیاسی و زانسته جوگرافییه‌كانی تر به هه‌موو لقه‌كانیه‌وه هه‌ر له سه‌ره‌تاوه له هه‌رێمێكه‌وه ده‌ست پێ ده‌كات كه یه‌كه‌ی لێكۆڵینه‌وه‌كه‌یه، جا ئه‌و ده‌وڵه‌ته له یه‌ك هه‌رێمی جوگرافی پێك هاتبێت یان به‌شێكی هه‌رێمه‌كه بێت، ڕووبه‌ره‌كه‌ی بچووك بێت وه‌ك: سویسرا به‌شێكی هه‌رێمی چیاكانی ئه‌لپی ئه‌ورووپایه، هۆڵه‌ندا به‌شێكه له هه‌رێمه ده‌شتاییه‌كانی ده‌لتای ڕاین، یان گه‌وره بێت و ژماره‌یه‌ك هه‌رێمی سرووشتی و مرۆیی له‌خۆ بگرێت وه‌ك: كه‌نداو، وڵاته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مه‌ریكا، به‌ڕازیل، چین، ئوسترالیا. (د. عه‌بدوڵا عه‌ته‌وی، سه‌رچاوه‌ی پێشوو، لا43).” ئه‌وه‌ی جوگرافیای سیاسی له جیۆپۆله‌تیك جیا ده‌كاته‌وه كێڵگه‌ی كاركردنیانه، هەروەها جۆری ئه‌و كه‌ره‌ستانه‌یه كه له لێكۆڵینه‌وه‌كانیاندا به‌كاری ده‌هێنن. “له كاتێكدا جوگرافیای سیاسی لێكۆڵینه‌وه له وڵات ده‌كات و گرنگی ده‌دات به شیكردنه‌وه‌ی ژینگه‌ی سرووشتی و مرۆیی به شێوه‌یه‌كی بابه‌تیانه، ئه‌وا جیۆپۆله‌تیك هه‌ڵده‌سێت به لێكۆڵینه‌وه‌ی بارودۆخی شوێنه‌واری سرووشتیی وڵات له لایه‌نی داواكارییه‌كانیه‌وه له بواری ڕامیاریی وڵات‌دا. (د. سەفین جەلال فەتحوڵا، سه‌رچاوه‌ی پێشوو، لا48).” بۆیه “هاوسهۆڤه‌ر ده‌ڵێت: جیۆپۆله‌تیك لێكۆڵینه‌وه‌یه‌كی داینامیكییه، وه‌ستاوه له سه‌ر فاكته‌ری ناجێگیری و گۆڕاو، له كاتێكدا فاكته‌ری جوگرافیا له په‌یوه‌ندییه نێوده‌وڵه‌تییه‌كاندا وه‌ك بنه‌مای لێكۆڵینه‌وه‌ی جوگرافیای سیاسی به جێگیر و نه‌گۆڕ داده‌نرێت. له سه‌ر ئه‌م بنه‌مایه، دكتۆر “ئه‌مین مه‌حموود عه‌بدوڵا” جیاوازیی نێوان جیۆپۆله‌تیك و جوگرافیای سیاسیی له چه‌ند خاڵێكدا خستووه‌ته ڕوو، به‌م شێوه‌ی خواره‌وه:-
1. جیۆپۆله‌تیكا نه‌خشه‌ی پلانێك ده‌كێشێت كه ده‌بێت ده‌وڵه‌ت له سه‌ری دروست بێت، به‌ڵام جوگرافیای سیاسی لێكۆڵینه‌وه له قه‌واره‌ی ده‌وڵه‌ت ده‌كات وه‌ك ئه‌وه‌ی له واقیعدا هه‌یه.
2. جیۆپۆله‌تیكا نه‌خشه‌ی باری ده‌وڵه‌ت ده‌كێشێت بۆ داهاتوو، به‌ڵام جوگرافیای سیاسی كورت ده‌كرێته‌وه له كێشانی وێنه‌ی ده‌وڵه‌ت له ڕابردوو و له ئێستادا.
3. جیۆپۆله‌تیكا گه‌شه‌كرد و جووڵاو (داینامیك)ە، به‌ڵام جوگرافیای سیاسی نزیكه له جێگیری و نه‌گۆڕه‌وه.
4. جیۆپۆله‌تیكا جوگرافیا ده‌خاته خزمه‌تی ده‌وڵه‌ته‌وه، به‌ڵام جوگرافیای سیاسی ئاوێنه‌یه‌كه وێنه‌ی ڕاسته‌قینه‌ی ده‌وڵه‌ت پیشان ده‌دات. هه‌روه‌ها لێكۆڵینه‌وه له سیاسه‌تی جیهانی ده‌كات له ڕووی دیدی نه‌ته‌وه‌یی ته‌سكه‌وه، به‌ڵام جوگرافیای سیاسی ده‌كۆڵێته‌وه له سه‌ر بنه‌مای بابه‌تی.
5. جیۆپۆله‌تیكا پشت ده‌به‌ستێت به فه‌لسه‌فه‌ی هێز، نه‌خشه و پلانی ستراتیژی داده‌نێت بۆ كۆنترۆڵكردنی، به‌ڵام جوگرافیای سیاسی له تایبه‌تمه‌ندییه‌كانی هێز دەكۆڵێتەوە وه‌ك یه‌كەیه‌كی سیاسی نه‌ك له ژێر هیچ پاڵنه‌رێكی تایبه‌تیدا. (هاوڕێ یاسین محه‌مه‌د، سه‌رچاوه‌ی پێشوو، لا16).
به گشتی جیاوازیی نێوان جیۆپۆله‌تیك و جوگرافیای سیاسی جیاوازییه له نێوان دید و تێڕوانین، كه وا له ده‌وڵه‌ت ده‌كات تایبه‌تمه‌ندییه‌كه‌ی خۆی دیاری بكات به‌وه‌ی پێویسته ئه‌م ده‌وڵه‌ته چۆن بێت، چ پێگه‌یه‌كی هه‌بێت له ئاستی گه‌مه نێوده‌وڵه‌تییه‌كان، چۆن پێشوازی بكات له‌و ڕووداوه سیاسی و دیمۆگرافی و ژینگه‌یی و گۆڕانكارییانه‌ی كه ڕوو ده‌ده‌ن یاخود ده‌شێت له ئایندەدا ڕوو بده‌ن، هەروەها دەتوانین بڵێین:- جیۆپۆلەتیك بەواتای پیشاندانی هێزی دەوڵەتە بەسەر جوگرافیاكەیدا، لەكاتێكدا جوگرافیای سیاسی، دەرخستنی توانا جوگرافییەكانی دەوڵەتە و كەڵك وەرگرتنیانە لەبواری سیاسی‌دا.
“دەرئەنجام”
1. مێژووی جوگرافیای سیاسی له به‌كارهێناندا مێژوویه‌كی كۆنه، هه‌ر چه‌نده له چاخه‌كانی پێش مێژوودا شتێك به ناوی زانستی جوگرافیای سیاسی بوونی نه‌بووه، هه‌تا له سه‌ده‌ی هه‌ژده‌یه‌م ڕاتزڵ بنه‌ما زانستییه‌كانی بۆ جوگرافیای سیاسی داڕشت. به‌ڵام جیۆپۆله‌تیك مێژوویه‌كی تازه‌ی هه‌یه، هه‌ر چه‌نده له هه‌ناوی جوگرافیای سیاسییه‌وه له‌دایك بووه، به‌ڵكوو به‌كارهێنانی وه‌كوو زانست ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ سه‌ده‌یه‌ك له‌مه‌وبه‌ر.
2. جوگرافیای سیاسی بابه‌تگه‌لێكی وه‌سفی و واقیعی و بابه‌تین، یان ڕابردووخوازن یاخود ئێستایین، وه‌لێ بابه‌تی جیۆپۆله‌تیك زۆرتر ئه‌ندێشه‌یی و پلانئامێزن، هه‌وڵێكه بۆ لێكۆڵینه‌وه له ئاسۆكانی ئایندە.
3. جیۆپۆله‌تیك زۆرتر بابه‌تێكی ئایدیاڵییە و پشت به ئایدۆلۆژیا ده‌به‌ستێت. هه‌ر ده‌وڵه‌ته و له چاوی به‌رژه‌وه‌ندییه نه‌ته‌وه‌ییه‌كانی خۆیانه‌وه بۆ ئایندە ده‌ڕوانن، واتا بە زانستی هێزی دەوڵەت یان ئەقڵی دەوڵەت ناو دەبرێت.
4. جیۆپۆله‌تیك زۆرتر بابه‌تی سیاسییه‌كانه، به‌كارهێنانی بابه‌ته جوگرافییه‌كانه له داڕشتنی سیاسه‌تی ده‌وڵه‌ت و به‌نده به ئاسۆكانی ئایندەی ململانێ سیاسییه‌كانه‌وه، له سه‌ر بنه‌مای فه‌لسه‌فه‌ی هێز كار ده‌كات.
5. جوگرافیای سیاسی بابه‌تێكی ته‌قلیدی و “ستاتیكه”، گۆڕانكاریی به‌سه‌ردا نایه‌ت، بەڵام جیۆپۆلەتیك بابەتێكی داینامكییە، هه‌ر بۆیه جیۆپۆله‌تیك به دوا پله‌ی پێشكه‌وتنی جوگرافیای سیاسی داده‌نرێت. خۆ ئه‌گه‌ر جوگرافیای سیاسی هه‌ندێك تیۆری بێ‌گیان بێت، ئاوا جیۆپۆله‌تیك به بابه‌ته پراكتیكییه‌كه‌ی جوگرافیای سیاسی داده‌نرێت و به میكانیزمی نوێوه ڕۆح به به‌ر جوگرافیای سیاسی‌دا ده‌كات.
6. ئه‌گه‌ر جوگرافیای سیاسی سیاسه‌ت به‌كار بهێنێت بۆ خزمه‌تی ده‌وڵه‌ت، وه‌ك له قۆناغه‌كانی سه‌ره‌تای ده‌ركه‌وتنی جوگرافیای سیاسی‌دا باو بوو، ئه‌وا جیۆپۆله‌تیك له كاتێكدا به‌ده‌ركه‌وت به ته‌واوی جوگرافیای خسته خزمه‌ت سیاسه‌ت و هێزی ده‌وڵه‌ته‌وه.
سەرچاوەكان؛
1. د. عه‌بدوڵا عه‌ته‌وی، ده‌وڵه‌ت و كێشه نێوده‌وڵه‌تییه‌كان، و: دجه‌زا تۆفیق تالیب و ئه‌حمه‌د عه‌لی ئه‌حمه‌د، لێكۆڵینه‌وه‌یه‌ك له جوگرافیای سیاسی، چاپخانه‌ی ڕه‌نج، چاپی دووه‌م، سلێمانی، 2007.
2. جۆرج فریدمان، سه‌د ساڵی داهاتوو، و: د. شێركۆ عه‌بدوڵا، چاپخانه‌ی كه‌مال، له بڵاوكراوه‌كانی سه‌نته‌ری مارگرێت، چاپی یه‌كه‌م، سلێمانی، 2013.
3. د. سەفین جەلال فەتحوڵا، بنچینه و بنه‌ماكانی زانستی جوگرافیای سیاسی، چاپخانه‌ی نارین، چاپی یه‌كه‌م، هه‌ولێر، 2014.
4. د. سەفین جەلال فەتحوڵا، جیۆپۆله‌تیک پێناسه و ناوه‌رۆک، چاپخانه‌ی نارین، چاپی یه‌كه‌م، هه‌ولێر، 2015.
5. هاوڕێ یاسین محه‌مه‌د، ده‌روازه‌یه‌ك بۆ جوگرافیای سیاسی و جیۆپۆله‌تیک، چاپخانه‌ی كارۆ، چاپی یه‌كه‌م، سلێمانی، 2012.