لە نێوان پۆشاک و جلوبەرگ، جلوبەرگ وەک شوناس
پۆشینی جەستە لەلایەن مرۆڤەوە ھەمیشە دوو ڕەھەندارە، ڕەھەندێکی سروشتی و ڕەھەندێکی کۆمەڵایەتی و کەلتووری. رەھەندە سروشیەکە بۆ خۆپارێزیە لە سروشت، ڕەھەندە کۆمەڵایەتیەکە ھەم بۆ خۆ جیاکردنەوە و خۆپارێزیە لە ئەویتری نامۆ، ھەم بۆ سەلماندنی پابەندیە بە نەریتی باو بەھای ئارای کۆمەڵەکەت کە تیایدا ئەندامی و پێوەی لکاوی.
وەلێ بۆ ئەوەی بەھای کەلتووری و شوناسی پۆشین ڕوون بکەینەوە پێویستە جیاکاری بکەین لە نێوان پۆشاک و جلوبەرگ.
پۆشاک تەنھا بریتیە لە کردەی پۆشینی جەستە یان بەشێک لە جەستە، ئەمەش کردەیەکە ھەموو کۆمەڵگاکانی مرۆیی پەیرەویان لێی کردووە جا چ بەھۆی ناچاری سروشتی بێت وەک خۆ پاراستن لە زبری و خشان و ساردی و گەرمی یاخود بەھۆی ناچاری بەھا و رێسا دانراوەکانی کۆمەڵگابن، بەڵام جلوبەرگ تەنھا بریتی نیـە لە کردەیەکی پۆشینی ڕووت، بەڵکو جلوبەرگ کردەیەکی مانادار و ھێمادار و ئاماژەدارە، جلوبەرگ ھەڵگری پەیام و گوتارە.
جلوبەرگ دەکەوێتە نێو جیھانی جیاوازی و ململانێکان، جلوبەرگ ھەمیشە گوزارشتکاری جیاوازی و ململانێی کەلتووری و چینایەتی و نەتەوەیی و ڕەگەزی بووە. ھەر تاکێک لە رێگای جلوبەرگەوە دەیەوێت بڵێت ئەوە کەسایەتی منە، ئەوە ئاستی داراییەکەمە، سەربەو ئاراستەیەم یا سەر بەوچین و توێژ و پێگەیەم، سەربەو نەتەوەیە یا سەر بەو ئایین و مەزھەبەم ھتد…
بەمانایەکیتر جلوبەرگ کردەیەکی نواندنکاریە تۆ لە رێگای جلوبەرگەوە بەو شێوەیە خۆت دەنوێنێ کە دەتەوێت، واتە وێنەی خۆت بەو شێوەیە لە زھنی ئەوانیتر بچەسپێنی کە دەتەوێت، ئەمەش مەرج نیە ھەر لە گرینگیدان بە جلوبەرگەوە بێت بەلکو دەکرێت بە پێچەوانەوە بێت واتە لە رێگای گرینگی نەدان بە جلوبەرگەوە بڵێیت من وەکو ئێوە گرینگی بە جلوبەرگەوە نادەم، ئەوەی ئێوەن بەھای پێدەدەن، لای من بێ بەھایە و ھیچ گرینگی و بایەخی نیـە.
لە ھەموو سەردەمەکاندا جلوبەرگ رۆلی ھەبوو وەک دەرخەر و ئاماژەدەری جیاوازی چینایەتی و کەلتووری، وە بەپێی سەردەمەکانیش گۆرانی بەسەردا ھاتووە تەنانەت لەنێو ھەمان کۆمەڵگاشدا، بۆنموونە لە سەدەی ١٩ لە ئەوڕوپا باڵاپۆشی نیشانەی شارستانیەت و پێگەی کۆمەڵایەتی و خانەدانی بوو بە پێچەوانەوە نیمچە ڕووتی نیشانەی بەربەری و کۆیلایەتی و نزمی کۆمەڵایەتی بوو، بەڵام لە سەدەی ٢٠ و ٢١ بە پێچەوانەوە بویەوە لە ئێستادا باڵاپۆشی لە ئەوروپا نیشانەی داخراوی و دواکەوتووی و نائازادی ئافرەتە بە پێچەوانەوە نیمچە رووتی نیشانەی کراوەیی و مۆدێرنە و پێشکەوتنە.
ئەوەی جێگای سەرنجدانە ئافرەتان لەم ململانێیە کەلتووری و شوناسیە ھەمیشە چەقی ململانێکان بوون. بۆنموونە لە جەزائیر لە سەردەمی کۆڵۆنیالی فەرەنسیدا، کە فەرەنسیەکان دەیانەویست لە پاڵ داگیرکاری سەربازی بەھا و کەلتوور و ناسنامە و شێوازی ژیانی رۆژئاوایی بەسەر جەزائیریەکاندا بسەپێنن (کە ئەمە سیاسەتی ھەموو کۆڵۆنیالیستەکان بوو) لە بەرامبەریشدا ناشوینالیستەکانیش دژایەتی گشت بەھاکانی رۆژئاوا و کۆڵۆنیالیستیان دەکرد و پارێزگاریان لە بەھا سونەتی و رەسەنەکانی خۆیان دەکرد، تا وایلێھات بوو کە ئەو ئافرەتانەی کە سفور بوون لەلایەن ناشوینالیستەکانەوە توشی تانە و تۆمەت دەبوونەوە بە جێبەجێکاری ھەژموونی کەلتووری رۆژئاواییان لە قەلەم دەدان، بە پێچەوانەوەش ئافرەتانی باڵاپۆش ھێمای خۆراگری و نەبەزی و پارێزگاری بوو لە ھەمبەر ھەژموونی رۆژئاوایی و کۆڵۆنیالیزم.
بەھەمان شێوە کاتێک ئەمریکا لە رێگای شاوە ھەوڵی بە رۆژئاواییکردنی کەلتووری ئێرانی دەدا جلوبەرگی مۆدێرن و رۆژئاواییان لەبەر دەکرد لە کاردانەوەی ئەمەدا شۆرشی ئێران جلوبەرگی ئایینی سەپاند وەک جەنگێکی شوناسی و کەلتووری بەرامبەر رۆژئاوادا.
لە ئێستاشدا بە ھەمان شێوە کاتێک ئیسلامخوازەکان دڵیان بە جلوبەرگی ئایینی و باڵاپۆشی ئافرەتان خۆش دەبێت ئەمە لەبەر خودی ئافرەتەکە نیە وەکو تاک بەڵکو ئەمە جەنگێکی شوناسی و کەلتووری و ئایدۆلۆژیە، ھەر ئەمەشە ھۆکاری زۆر جەختکردن لەسەر باڵاپۆشی و بە چەقکردنی لە ململانێکاندا. مەڕاسیمەکانی باڵاپۆشی کە ئیسلامی سیاسی پێی هەڵدەستێ و ڕێکی دەخات، نمایش و مانۆڕێکی ئایدۆلۆژی و سیاسیە نەک خەمی دواڕۆژی تاکەکان بێت، چونکە مرۆڤ بە سروشت بوونەوەرێکی خۆپەرست و خۆویستە، تەنها لە خەمی خۆیدایە نەک خەمی ئەوانی دیکە. کاتێک مۆدێرنخوازەكانیش بە جلوبەرگی ئایینی و باڵاپۆشی ئافرەتان قەڵس دەبن ھەمان ھۆکارە واتە لەبەر خودی ئافرەتەکە نیە کە پێویستە ئازاد و مۆدێرن و کراوە بێت چونکە گەر تۆ ئازادی ئەوت دەوێ دەبێت ئەو خۆی بڕیاربدات نەک تۆ لە جیاتی ئەو بڕیار بدەیت. بەو مانایەی گەر تۆ ئازادی ئەوت دەوێ دەبێ رێز لە بریارەکەی ئەو بگریت نەک سوکایەتی بە بڕیارەکەی بکەی. بەڵام وەک ئاماژەی پێدرا، ھۆکارەکە چاکە خوازی و خەمی ئەویتر نیە بۆ تاکەکە بەڵکو ململانێی گروپبەندیە ئایدۆلۆژیەکانە واتە بابەتەكە دڵخۆشبوونە بە فراوانبوونی بازنەی ھاوفکر و ھاومەشرەبەکانت، وە دڵتەنگبوونە بە پێچەوانەکەی. ئەمەش ڕەتکردنەوەی ئەویترە کە لوتکەی دەمارگیریە.
بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا دەبێ جیاكاری بكەین لە نێوان سەرپۆشی ئاسایی لەگەڵ نیقاب و پەچە. نیقاب و پەچەی سەر ڕوخسار هەر پەیوەندی بە ئازادی كەسیەوە نیە بەڵكو پەیوەندی بە ئاساییشی كۆمەڵایەتی و نەتەوەیشەوە هەیە. چونكە ڕوخساری كەسەكە دیارنیە، گەر سێ كەسی پەچەدار و نیقابپۆش لە شوێنێك بەیەكەوەبن، یەكێكیان تاوانێكی ئەنجامدا، ئایا چۆن بزانین كامەیان تاوانەكەی ئەنجامداوە. ئایا چ گەرەنتیەك هەیە كە كەسێك خۆی لەژێر پەچە نەشاردبێتەوە بۆ ئەنجامدانی كارێكی دیاریكراو. بۆیە ئازادی هەر كەسێك تا ئەو سنورەیە كە مافی ئەوانیتر پێشێل نەكات و مەترسی نەبێت بۆ سەر ئەوانی دیكە. پەچەی سەر ڕوخساریش سنوری ئازادی كەسی تێپەڕ دەكات دەبێتە مەترسی بۆ سەر ژیان و مافی ئەوانیتر، دەكرێت لەژێر سایەیدا چەندین كاری خراپ ئەنجام بدرێت و ئاسایشی كەسی و كۆمەڵایەتی و نەتەوەیی بخاتە مەترسیەوە.