لە پاییزی ٢٠١٥دا، لە زانکۆی پرینستۆن (Princeton university) خەریکی وتنەوەی وانەی ئیتیکی پراکتیکی بووم. لە ناوەڕاستی وانەکەدا، چەند خوێندکارێک هەستان و وانەکەیان جێ هێشت و هاوڕێ لەتەک سەدانی دیکەدا، بەشداریی ناڕەزایەتییەکیان کرد، ناڕەزایەتییەکە دەستەی دادپەروەریی ڕەشپێستەکان (Black Justice League) سەرۆکایەتیی دەکرد. “BJL” یەکێک بوو لەو کۆمەڵە خوێندکارییانەی لە بەرسڤی کوشتنی ئەمەریکییە بە ئەسڵ ئەفریکییە بێچەکەکان لە لایەن پۆلیسەوە، لە سەرتاپای ئەمەریکادا سەریان هەڵدابوو.
دواتر لە هەمان ڕۆژدا، دەستەی دادپەروەریی ڕەشپێستەکان چوونە نێو نووسینگەی کرسیتۆفەر ئیسگروبهر (Christopher Eisgruber)ی سەرۆکی زانکۆی پرینستۆن و بەڵێنیان دا تا داخوازییەکانیان جێبەجێ نەکرێت، جێیەکە چۆڵ نەکەن، بەشێک لە داواکارییەکانیان بریتی بوون لە “ڕاهێنان لەسەر لێهاتوویی کولتووری” بۆ فەرمانبەرە ئەکادیمی و نائەکادیمییەکان. پێویستە قوتابیان وانەگەلێک لەبارەی مێژووی کەسانی پەراوێزخراوەوە بخوێنن، هەروەتر فەراهەمکردنی “Cultural Affinity Space” لە نێو کەمپی زانکۆدا کە به تایبەت بۆ کولتووری ئەمەریکییە بە ئەسڵ ئەفریکییەکان تەرخان کرابێت. بەڵام ئەو داخوازییەی لەسەر ئاستی وڵاتەکە سەرنجەکانی بۆ خۆی ڕاکێشا، بریتی بوو لە گۆڕینی ناوی سکووڵی ودرۆ ویڵسن بۆ کاروباری گشتی و نێودەوڵەتی (Woodrow Wilson school of public and international affairs) و یەکێک لە کۆلێجە لاوەکییەکانی بە ناوی کۆلێجی ویڵسن (Wilson College). لە هۆڵی نانخواردنی کۆلێجیشدا، وێنەیەکی گەورەی ویڵسن هەڵواسرابوو، “BJL” داوای لابردنی کرد، بە قەولی دەستەکە، ڕێزلێنانی ویڵسن سووکایەتییه بە قوتابییە ئەمەریکییە بە ئەسڵ ئەفریکییەکان، چونکە ویڵسن ڕەگەزپەرست بوو.
ویڵسن لە کاروباری نێوخۆدا پێشکەوتنخواز و لە سیاسەتی دەرەکیدا ئایدیاڵیست بوو، ئیدارەکەی چەندین یاسای دژی کارکردنی منداڵان دەرکرد، هەروەتر گەرەنتیی مافی نوێی بۆ کرێکاران کرد، چاکسازیی لە یاسا بانکییەکاندا ئەنجامدا، ڕووبەڕووی قۆرخکاری بووهوه. دوای کۆتاییهاتنی جەنگی یەکەمی جیهان، پێداگیریی لەسەر ئەوە دەکرد کە پێویستە بەها ئاکارییەکان ڕێنوێنیی سیاسەتی دەرەکی بکەن، هەروەها پاڵپشتیی لە دیموکراسی و مافی دیاریکردنی چارەنووس لە ئەورووپا کرد. بەڵام سیاسەتەکانی لە پەیوەندیدا بە ئەمەریکییە بە ئەسڵ ئەفریکییەکانەوە کۆنەپەرستانە بوون. لە ساڵی ١٩١٣دا، کاتێک بوو بە سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا، حکومەتێکی هاتە دەست کە ژمارەیەکی زۆری ئەمەریکیی بە ئەسڵ ئەفریکیی دامەزراندبوو، هەندێکیان شان بە شانی سپیپێستەکان لە پێگە کارگێڕییە ناوەندییەکاندا کاریان دەکرد، وەلێ لە سایەی ئیدارەکەی ویدا، ئەو شوێنکار و شوشتنگانەی جیاکاریی ڕەگەزییان تێدا دەکرا و لە دوای کۆتاییهاتنی جەنگی نێوخۆییەوە داخرابوون، جارێکی دیکە کرانەوە. هەروەتر پلەوپایەی بەڕێوەبەرە ڕەشپێستەکانیان بۆ نزمتر دابەزاند، کاتێکیش شاندێکی ئەمەریکیی بە ئەسڵ ئەفریکی ناڕەزایەتییان دەربڕی، پێیانی وت پێویستە وەک شتێکی بەسوود لە جیاکاریی ڕەگەزی بڕوانن.
ناوی ویڵسۆن لە زانکۆی پرینستۆندا پێگەیەکی دیاری هەیە، نەک تەنها لەبەر ئەوەی یەکێکە لە بەناوبانگترین دەرچوانی ئەو زانکۆیە (تاکە دەرچوویەکە خەڵاتی نۆبڵی ئاشتیی وەرگرتووە)، بەڵکو لەبەر ئەوەش بەر لەوەی ببێ بە سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا، سەرۆکی زانکۆی پرینستۆن بووە، وەک ئان – ماری سلاوتەری ڕاگری پێشووی کۆلێج دەڵێت، “ڕەنگە لە هەموان زیاتر ڕۆڵی لە گۆڕینی پرینستۆن بۆ زانکۆیەکی مەزن هەبووبێت.” ویڵسن لە جیهاندا بەو چواردە خاڵە بەناوبانگە کە وەک بنەمای پەیماننامەی ئاشتی بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگی یەکەمی جیهان پێشنیازی کردن. ویڵسۆن داوای ئۆتۆنۆمیی بۆ گەلانی ئیمپراتۆرییەکانی نەمسا – هەنگاری و عوسمانی کرد، هەروەتر پاڵپشتی دەوڵەتی سەربەخۆی پۆڵەندی بوو. بۆیە مایەی سەرسووڕمان نییە لە وارشۆ مەیدانی ویڵسۆن هەیە و وێستگەی سەرەکیی قهتاری پراگیش ناوی ویی لێ نراوە، هەروەتر، لە هەریەکە لە پراگ (Prague) و براتیسلافا (Bratislava) شەقامی بە ناوەوە کراوە.
لە نێو چواردە خاڵەکەدا داواکاری هەن بۆ پەیماننامەی کراوە –پەیماننامەی نهێنی بۆ دابەشکردنی هەرێمی وڵاتی دیکە لە دوای جەنگەوە، نییە- و کەمکردنەوەی لەمپەرە بازرگانییەکان و ڕەنگە گرنگترین خاڵیش بریتی بێت لە پێشنیازی “پێکهێنانی کۆمەڵەیەکی گشتیی نەتەوەکان… بە ئامانجی دابینکردنی گەرەنتیی هاوبەش بۆ سەربەخۆیی سیاسی و یەکپارچەیی خاکی دەوڵەتە گەورە و بچووکەکان وەک یەک.” ئەم بانگەشەیە کۆمەڵەی گەلانی لێ کەوتەوە کە دواتر نەتەوە یەکگرتووەکان شوێنی دەگرێتەوە، شایانی باسە بارەگای نەتەوە یەکگرتووەکان لە ساڵی ١٩٢٠ـهوە تا ١٩٣٦ لە کۆشکی وڵسندا بوو لە جنێڤ، تا ئێستاش ئەم باڵەخانەیە بە هەمان ناوەوە بارەگای کۆمیسیاری باڵای نەتەوە یەکگرتووەکانە بۆ مافەکانی مرۆڤ.
مێژوو تژییە لەو مرۆڤانەی کێماسیی گەورەیان هەبووە، وەلێ کاری مەزنیان كردووه، لە ویلایەتە یەکگرتووەکان بەشێک لە باوکانی دامەزرێنەر و سەرۆکە ئەوەڵینەکانی وەک جۆرج واشنتۆن و تۆماس جیفرسۆن و جەیمس مادیسۆن کۆیلەدار بوون. دەشێت کەسانێک هەبن پاساویان بۆ بهێننەوە و بڵێن لایهنی کەم ئەمان، بە پێچەوانەی وڵسنەوە، خراپتر نەبوون لەو پێودانەگانەی لەو سەردەمەدا زاڵ بوون، بەڵام ئەمە پاساوێکی کافییە بۆ ئەوەی لە یادکردنەوەیان بەردەوام بین؟ ئەنجوومەنی کارگێڕیی قوتابخانەی نیو ئۆرلیانز لەو باوەڕەدا نەبوو، دوای ئەوەی بڕیاریان دا کە نابێت قوتابخانەکان ناوی خاوەن کۆیلەکانیان لێ بنرێت، ئەنجوومەن بڕیاری گۆڕینی ناوی قوتابخانەی جۆرج واشنتۆنی سەرەتایی (George Washington Elementary School)دا و کردی بە ناوی پزیشکێکی نەشتەرگەری ئەمەریکیی بە ئەسڵ ئەفریکی کە لەپێناو جیاکارینەکردن لە بواری گواستنەوەی خوێندا کۆشابوو. کەواتە ئاخۆ دەبێت بە ناوی پایتەختی وڵاتیشدا بچینەوە؟
لە کتێبەکەیدا بە ناونیشانی Veil Politics in Liberal Democratic States، ئجیوم وینگو (Ajume Wingo) باس لەوە دەکات چلۆن “ڕووپۆشی سیاسی” وردەکارییە مێژووییەکانی سیستەمی سیاسی دادەپۆشێت، بەمەش وێنەیەکی ئایدیاڵیی بۆ دروست دەکات، هەمان شت دروستە بۆ ئەو سەرکردە سیاسییە مەزن و تا ڕادەیەک مەزنانەی بوونەتە ئامرازی ڕەمزی بۆ چاندنی فەزیلەتە مەدەنییەکان. هاوڕێ لەتەک گۆڕانی پێودانگە ئاکارییەکانمان، تایبەتمەندییە جیاوازەکانی کەسی مێژوویی زیاتر پەیوەندیدار دەبن و هێماکە دەتوانێت پهره به مانای جیاواز بدات. کاتێک لە ساڵی ١٩٤٨دا ناوی ویڵسن بۆ سکووڵی پرینستۆن بۆ کاروباری گشتی و نێودەوڵەتی زیاد کرا، ڕووداوە بەناوبانگەکەی ڕۆزا پارکسی ساڵی ١٩٥٥ هێشتا حەوت ساڵی مابوو، جیاکاریی ڕەگەزییش لە باشووری ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکادا لەژێر ئاڵهنگارییەکی ئەوتۆدا نەبوو، بەڵام ئێستا هەر بیری لێ ناکرێتەوە، بۆیە ڕەگەزپەرستیی ویڵسن زەقتر دەردەکەوێت؛ بە جۆرێک، چیتر نوێنەرایەتیی بەها باڵاکانی ئەمڕۆی زانکۆی پرینستۆن ناکات.
سەرەڕای ئەوەش، بۆ ماوەی نزیکەی پێنج ساڵ دوای ناڕەزایەتییەکانی BJL، کۆلێجی ویڵسن و سکووڵی ودرۆ وڵسن بۆ کاروباری گشتی و نێودەوڵەتی ناوەکانی خۆیان پاراست، بەڵام لە دەرەوەی سکووڵەکە، مۆنۆمێنتێک دانرا کە ددانی بە ڕەگەزپەرستیی ویڵسندا دەنا. ئەو خوێندکارانەی ناڕەزایەتییان دەردەبڕی، دەرچوون، ڕەنگە هەبووبێت وای زانیبێت بابەتەکە لەوێدا کۆتایی دێت، بەڵام لە ساڵی ٢٠٢٠دا، دوای ئەوەی پۆلیس لەبەر چاوی دونیادا جۆرج فلۆیدی کوشت، دواجار زانکۆی پرینستۆن ڕای گەیاند ناونانی سکووڵی کاروباری گشتی و نێودەوڵەتی بە ناوی وڵسنەوە، بە هۆی سیاسەتە ڕەگەزپەرستییەکانیەوە، شتێکی نەگونجاوە. هەروەتر ناوەکەشی لە کۆلێجەکە کردەوە. باربۆکردنەکان(مساهمات)ی ویڵسن بۆ زانکۆکە و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا و جیهان نابێت لە مێژوودا بسڕرێنەوە، لەبری ئەوە، پێویستە بە جۆرێک وەربگیرێن کە گفتوگۆیەكی ورد لەبارەی گۆڕینی بههاکانەوە بهێننە ئاراوە، گفتوگۆکە هەم دەستکەوتە ئەرێنی و هەمیش بەشداریکردنەکانی لە سیاسەت و پراکتیکە ڕەگەزپەرستانەکانی ئەمەریکادا بگرێتەوە. لە پرینستۆنیشدا، یەکێک لە دەرئەنجامەکانی ئەو گفتوگۆیە پێویستە هۆشیارکردنەوەی ئەو خوێندکار و مامۆستایانە بێت کە لە ئاڵۆزیی کەسایەتییەکی گرنگی مێژووی زانکۆکە بێئاگان.
سەرچاوە:
Ethics in the Real World: 90 Essays on Things That Matter – A Fully Updated and Expanded Edition
نووسینی: پیتەر سینگەر
وەرگێڕانی: دڵشاد حامید دەروێش