ئه‌گه‌ر بڵێم ژینگه‌ی کوردستان و تاوانی ئه‌نفال یان لێره‌دا ئۆپه‌راسیۆنی ئه‌نفال په‌یوه‌ندییه‌کی تووندوتۆڵی نه‌رێنییان پێکه‌وه هه‌یه، شتێکی سه‌یرم نه‌گووتووه. ئێمه ژینگه ته‌نها وه‌کوو سرووشتێکی خاوێنی پڕ له سه‌وزه‌ڵان و دارودره‌خت و تاڤگه و سۆلاڤه‌کان که باڵنده و ئاژه‌ڵ و جڕ و جانه‌وه‌ر تانوپۆیانی پێکهێناوه، نابینین و نابێت وه‌هاش بینینین. ژینگه سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی که مێژوویه‌کی هه‌یه له هه‌مان کاتدا یه‌که‌یه‌کی پێکه‌وه‌به‌ستراو و گشتگیریشه که ئه‌گه‌ر هه‌ر ڕووداوێکی دژه ژینگه‌یی له هه‌ر قوژبنێکی جیهاندا بۆ نموونه گڕگرتنی دارستانه‌کانی ئامازۆن که به سیییه‌کانی گۆی زه‌وی ناسراون، ڕوو بدات ئه‌وا بێگومان کاریگه‌ریی له سه‌ر کرماشان و که‌رکووک و سلێمانیش ده‌بێت، ڕه‌نگه کاریگه‌رییه‌که‌ی له‌و ئاسته‌دا نه‌بێت من ئێسته له کوردستان یان که‌سێکی خه‌ڵکی ئیکوادۆر یان تینیسی و تاران، هه‌ستی پێ بکه‌ن به‌ڵام به دڵنیاییه‌وه له داهاتوویه‌کی نزیک یان دوور یان خۆمان کاریگه‌رییه‌کانی ده‌بینین یان منداڵ و نه‌وه‌کانمان ڕووبه‌ڕووی لێکه‌وته‌کانی ده‌بنه‌وه.
دوای دروستبوونی ده‌وڵه‌ت-نه‌ته‌وه‌کان له سه‌ده‌ی بیسته‌م و ئه‌و هێڵکاری و سنووربه‌ندییه تووند و تۆڵ و زۆره‌ملییه‌ی که سیاسه‌تی مۆدێڕن به‌سه‌ر جوگرافیای هه‌موو جیهان و زه‌وینی دایکدا سه‌پاندی ژینگه بۆ به‌شانێکی ورد و بچوک بچووک دابه‌ش بوو، ئه‌مه‌ش وایکرد هه‌ر وڵاتێک به‌پێی سیاسه‌ته‌کانی خۆی ڕێوشوێنی ڕه‌فتارکردن و هه‌ڵسوکه‌وت له‌گه‌ڵ ژینگه بگرێته به‌ر، بۆ نموونه وڵاتێکی وه‌کوو ئیسرائیل به‌هۆی مێژوویه‌کی خویناوی که به‌سه‌ر نه‌ته‌وه‌ی جوودا سه‌پێندرابوو به پێویستی زانی سیاسه‌تێکی دواڕۆژ بینانه به نیسبه‌ت ژینگه‌که‌یه‌وه هه‌ر له که‌ش و هه‌واو و ئاوه‌وه تاکوو پاک و خاوێنی بگرێته به‌ر، ده‌وڵه‌تێکی وه‌کوو ئێران به‌هۆی ئه‌و تێڕوانینه ئایدۆلۆژیکه‌ی هه‌یه‌تی ژینگه ته‌نها وه‌کوو ئامرازێک ده‌بینێت بۆ سه‌رخستنی ئایدۆلۆژیاکه‌ی، بۆیه تاران ئێسته وه‌کوو یه‌کێک له پیسترین میترۆپۆل و گه‌وره‌شاره‌کانی جیهان ده‌بینرێت که زۆربه‌ی ڕۆژه‌کانی حه‌وته که‌سانی ئاسایی تووشی کێشه‌ی ته‌نگه‌نه‌فه‌سی و هه‌ناسه‌دان بن و ئه‌وانه‌ش وا نه‌خۆشی سی و هه‌ناسه‌دانیان هه‌یه له به‌رده‌م مه‌ترسی مه‌رگ و مردن دان، مه‌به‌ستمه بڵیم ژینگه‌ی ناو وڵاته‌کان پاش دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌ته‌کان هه‌ڵگری پێناسه‌یه‌کی به‌رته‌سکتر له‌و ژینگه مه‌زنه‌ی دایکه که گۆی زه‌وییه. ژینگه هه‌ر کات به سیاسی کراو و له ڕێگه‌ی ئامرازه‌کانی مۆدێڕن و ته‌کنه‌لۆژیای سه‌رده‌م و پیشه‌سازییه‌وه خرایه خزمه‌ت ئامانجی ئایدۆلۆژی وڵاته‌کان وه‌کوو له سه‌ره‌وه نموونه‌ی دوو وڵاتم باس کردووه، ڕووبه‌ڕووی کاره‌ساتی گه‌وره بوویه‌وه.
ئه‌م دۆخه به نیسبه‌ت کورده‌وه که وڵاته‌که‌ی دابه‌شکراو و داگیرکراوه ئاڵۆزتر ده‌بێته‌وه، کوردستان ژینگه‌که‌ی هی خۆیه‌تی به‌ڵام له ژێر کۆنترۆڵی خۆی و خه‌ڵکه‌که‌یدا نییه، واته هی خۆیه‌تی و هی خۆشی نییه. جگه له به‌شێک له باشووری کوردستان که ئازاده و ده‌توانێت بۆ خاوێنکردنی ژینگه‌که‌ی به ئیراده و وشیاری حوکمڕانی و خه‌ڵکه‌وه هه‌وڵ بدات ئیدی ژینگه‌ی کوردستان شوێنیکه بۆ پراکتیزه‌بوونی سیاسه‌ته‌کانی داگیرکه‌ران هه‌ر وه‌کوو چۆن ئه‌نفال سیاسه‌تێکی کوردقڕان بوو هاوکات پلانێکی ژینگه خاپوورکردنیش بوو، چوون مرۆڤی کورد و ژینگه‌که‌ی دوانه‌یه‌کی لێکدانه‌بڕاوی وڵاتی سرووشتیی کوردستانن. بۆیه ئه‌نفالکردنی کورد له باشووری کوردستان ته‌نها له‌ناوبردنی ژنان و کچان و کوڕان، نه‌ته‌وه‌یه‌ک نه‌بوو به شێوه‌یه‌کی دڕنده که مه‌کینه‌ی به‌عسیزم و ئایدۆلۆژیای فاشی به‌ره‌و چاڵی مه‌رگ و نه‌مانی بردن به‌ڵکوو ژینگه‌ی کوردستانیش وه‌کوو بێشکه و دایه‌نگه‌ی ئه‌م مرۆڤانه به هه‌موو بوونه‌وه‌ر و ئاژه‌ڵ و دیارده‌کانییه‌وه (له کانی و گونده‌کانییه‌وه بگره تاکوو چۆله‌که و په‌پووسلێمانه‌وه) که‌وتنه به‌ر شاڵاوی کیمیایی و کوێربوونه‌وه و ئه‌نفاله‌وه. ئێمه ئێسته ناتوانین وه‌ڵامی ئه‌م پرسیاره بده‌ینه‌وه که ئایا به‌هۆی کیمیایی و ئه‌نفال و ڕاگواستن و خاپوورکردنی گونده‌کان و کوێرکردنی کانیاوه‌کانه‌وه چنه‌د نموونه‌ی گیا و گۆڵ و ئاژه‌ڵ و جڕ و جانه‌وه‌ر له‌ناو چون و ئێمه ته‌نانه‌ت ناویشیمان تۆمار نه‌کردوون؟ هه‌ر بۆیه گه‌ڕانه‌وه بۆ ژینگه هاوکات یادکردنه‌وه‌ی ئه‌نفال و کیمیابارانیشه له ئاستێکی به‌ربڵاوتر و له گۆشه‌نیگایه‌کی به‌رینتره‌وه. بۆیه له یادی ژینگه‌دا ده‌بێ ئه‌نفال بخوێنینه‌وه و له یادی ئه‌نفالیشدا ده‌بێت ژینگه پێناسه بکه‌ینه‌وه و له رووی هه‌ڵکه‌وته‌ی زه‌مه‌نیشه‌وه زۆر سه‌یر و تاڵ و ته‌وساوییه که ئه‌م دووه به مێژوویه‌کی نزیک له یه‌کدی یاد ده‌کرینه‌وه که هه‌موو یه‌ک ڕؤژ نێوانیان هه‌یه.
ژینگه وه‌کوو له ناوه‌که‌یه‌وه دیاره شوێنی ژین و ژیانی ئێمه‌یه، په‌رژانه‌سه‌ر ژینگه و ماناکانی نابێت له یه‌ک ڕۆژی دیاریکراودا به تایبه‌تی له وڵاتێکی وه‌کوو کوردستان کورت و قه‌تیس بکرێته‌وه، چونکه کوردستان به‌شێکی زۆری ژینگه‌که‌ی له ناو شه‌ڕ و جه‌نگه جۆراوجۆره‌کان به تایبه‌تی له ڕێگه‌ی چه‌کی کیمیاییه‌وه له ماوه‌ی شه‌ڕی درێژخایه‌نی هه‌شت ساڵه‌ی نێوان ئێراق و ئێران و هه‌روه‌ها له ماوه‌ی شه‌ڕی درێژخایه‌تی کورد بۆ ڕزگاریخوازی و سه‌ربه‌خۆیی له سه‌رتاپای سه‌ده‌ی بیسته‌مدا به‌رده‌وام بووه، ئه‌مه نه‌ک ته‌نها باشووری کوردستان، به‌ڵکوو ته‌واوی پارچه‌کانی کوردستان وه‌کوو جوگرافیایه‌کی سیاسیی له ژینگه‌دراو و ژینگه خاپوورکراو ده‌گرێته‌وه، ئێسته‌ش ته‌واوی سنووره‌کانی نێوان پارچه جیاجیاکانی کوردستان پڕن له لوغم و مین و ئێمه مانگانه و هه‌فتانه و ته‌نانه‌ت ڕؤژانه هه‌واڵی کوژرانی جووتیار، شوان یان کۆڵبه‌رێک به‌هۆی پاشماوه‌کانی جه‌نگ که ئێسته بوون به به‌شیک له ژینگه‌یه‌کی تێکدراو، ده‌بیستین، نابێت ئه‌مه خاڵه هه‌ره گرینگه فه‌رامۆش بکه‌ین که مرۆڤه‌کانی دانیشتووی سرووشت و ژینگه‌ی کوردستان خۆیان گرینگ‌ترین بوو نه‌وه‌رانی ناو ژینگه‌که‌ن که به‌داخه‌وه به‌هۆی سیاسه‌تی فاشیزمی نێوده‌وڵه‌تی و ناوچه‌یی داگیرکارانی کوردستان به‌کۆ خراونه‌ته به‌ر هێرش و ده‌ستێوه‌ردان و شێواندنه‌وه.
ژینگه‌ی کوردستان ته‌نها له ناو هاوکێشه‌کانی پاک و خاوێنی و خاشاک کۆکردنه‌وه‌دا ناخوێنرێته‌وه هێنده‌ی له ناو هاوکێشه‌ی جه‌نگ و که‌لتووری فاشیی و پاشماوه‌کانی و شێوازی ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی ئێمه له‌گه‌ڵیدا ده‌خوێنرێته‌وه، بۆیه ده‌ڵێم مرۆڤی ناو ژینگه‌ی کوردستان خۆی گرینگ‌ترین به‌شی کارای ناو ژینگه‌یه چوون ته‌نها بوونه‌وه‌رێکی ئاوه‌زداره که ده‌توانێت له دواجاردا له زیانه‌کانی ژینگه ڕزگارمان بکات یان خود دۆخی خراپی ژینگه خراپتر و خراپتر بکات. ئه‌گه‌ر بگه‌ڕێمه‌وه سه‌ر خودی وشه‌ی ژینگه و ڕه‌چه‌ڵه‌کی مانایی و دروستکردنی وشه‌که هه‌ڵکۆڵم ده‌ڵێم ئه‌م وشه‌یه له دوو وشه‌ی ژین+گه پێکهاتووه واته شوێنی ژین، مه‌کۆی ژیانکردن و سه‌رزه‌مینی ژیان به‌سه‌ربردن، دیاره له هه‌موو ده‌لاله‌ته‌کانیدا ئاماژه به‌وه ده‌کات شوێن وه‌کوو جوگرافیا و سرووشت چه‌نده له به‌رده‌وامبوونی کۆی ئه‌و ئۆرگانیزمه‌ی که ئێمه ده‌توانین وه‌کوو مێتافۆڕ ناوی ژینگه‌ی بۆ به‌کار ببه‌ین، گرینگ و چاره‌نووسسازه.
له بنه‌مادا ئێمه له سه‌ده‌ی بیسته‌مدا وه‌کوو دانیشتوانی سه‌ر گۆی زه‌وی له‌گه‌ڵ قه‌یرانی شوێندا ڕووبه‌ڕوو بووینه‌وه، هه‌م به‌هۆی زیادبوونی دانیشتوانی گۆی زه‌وییه‌وه و هه‌میش به‌هۆی په‌ره‌سه‌ندنه جۆراوجۆره‌کانی دنیای پێشکه‌وتن و مۆدێڕنه‌وه، ئه‌م بێ شوێنییه بۆ نه‌ته‌وه و کۆمه‌ڵگایه‌کی وه‌کوو کورد له ئاستێکی ڕه‌مزیتر و سه‌یرتردا خۆی ده‌رده‌خات کورد نه‌ک ته‌نها شوێنی ژین واته نیشتمانی باو باپیرانی وه‌کوو به‌شێک له ژینگه‌که‌ی داگیرکراوه، به‌ڵکوو هه‌ر له ناو ئه‌و نیشتمانه‌ی ناو ژینگه گه‌وره‌که‌ی خۆشی کێشه‌ی گه‌وره‌ی ماڵ و خانووی هه‌یه. ڕه‌نگه که‌م نه‌ته‌وه و کۆمه‌ڵگایه‌ک وه‌کوو کورد هێنده‌ی له ڕووی ده‌روونییه‌وه دڵه‌خورپه و قه‌له‌قیی ده‌روونیی به‌نیسبه‌ت ماڵ و شوێنی نیشته‌جێبوونه‌وه هه‌بێت ئه‌مه‌ش به‌شێکی ئه‌و که‌شه گشتگیره جیهانییه‌ی په‌ره‌سه‌ندنه‌کان و زیادبوونی ڕێژه‌ی حه‌شیمه‌تی دانیشتووانی گۆی زه‌وییه به عام و به‌شێکی دیکه‌شی دۆخی کورد، وه‌کوو نه‌ته‌وه‌یه‌کی نیشتمانپارچه‌کراو و ژینگه‌سووتێنراو و ژینگه ده‌ستێوه‌ردراو، ئێمه ئه‌و دیمه‌نانه‌ی سه‌رده‌می شاخ و خه‌بات و کۆڕه‌ومان بیر ناچێته‌وه که چۆن هه‌میشه ئاماده‌ی کۆچ و ماڵ و حاڵ جێهێشتن و به‌فه‌رهوو‌دچوونی خانوو و یادگارییه‌کانمان بووین، ئێمه کۆچبه‌ر بووین له وڵاتی خۆماندا، مه‌رگ له‌دوا بووین له ژینگه‌ی له‌مێژینه‌ماندا، بێگومان ئه‌و شیعره‌ی مامۆستا “شه‌ریف حوسه‌ین په‌ناهی” که مامۆستا “عه‌دنان که‌ریم” کردوویه‌تی به گۆرانییه‌کی ڕه‌سه‌ن و باڵا ته‌عبیر له ئاوه‌ها دۆخێک ده‌کات: “نیشتیمانی خۆمه ده‌یپێوم، پێم ده‌ڵێن ئاواره‌یه/گه‌رچی بێ ڕه‌شماڵ و پێخواس، سه‌ر به کۆسارانه‌وه”. ئه‌م هه‌لبه‌ست و گۆرانییه که بۆ کۆڕه‌و وتراوه ده‌توانێت یه‌کێک له‌و ته‌عبیرانه بێت که ئه‌م باسه‌ی منیش ده‌گرێته‌وه. ژیانی کۆچ و ئاواره‌یی به سه‌ر دانیشتووانی ئه‌م ژینگه‌یه‌ی ئه‌م پارچه له نیشتیمان سه‌پێنراوه، ژیانێک که ژینگه‌ی لێ کردوون به کۆچگه و شوێنێک که به‌رده‌وام ده‌بێت ئاواره و کۆچبه‌ر بین تێیدا، که بێگومان وه‌کوو وشه و داڕشتن “کۆچگه” شتێکی دژواز و لێک هه‌ڵنه‌پێکراوه ئاخر چۆن شوێنێک ده‌توانێت هاوکات هه‌م شوێن بێت و هه‌میش به‌جێهێشتراو و لێیوه کۆچکراو بێت؟
به‌ڵام له ڕاستیدا ئه‌م دژوازییه به سه‌ر کورد وه‌کوو ئاوه‌زمه‌ندی دانیشتووی ئه‌م ژینگه‌یه سه‌پێنراوه، دۆخێکی نه‌خوازراو، له باوه‌شی نیشتماندا ئاواره، له لانکه‌ی ژینگه‌دا هه‌ڵگرتووی دڵه‌ڕاوکێی مه‌رگ و نه‌مان و کیمیایی، به هه‌موو ئه‌مانه‌شه‌وه ئه‌و شیعره‌ی له‌سه‌ره‌وه هێنام ده‌ربڕێکی راسته‌قینه‌ی هه‌ست و نه‌ستی به‌شی زۆری کوردن له نیشتمان و ژینگه‌ی باو و باپیرانیانه‌وه، ئه‌م دۆخه ته‌نها له‌م فۆرمه‌دا و له‌م پارچه‌یه‌ی کوردستاندا به‌دی ناکرێت به‌ڵکوو له ڕؤژهه‌ڵاتی کوردستانیش ژینگه وه‌کوو شوێنی جێگیری ژیان له‌ق و لۆق بووه، ئه‌مه هه‌م له ڕووی سیاسه‌ته ئابووریی و سه‌ربازییه‌کانی کۆماری ئیسلامییه‌وه ڕاسته و هه‌میش له‌ڕووی ئه‌و دۆخه‌ی که له زۆر ڕه‌هه‌نده‌وه به‌تایبه‌تی له ڕه‌هه‌ندی بێ ئیشی و بێکاریدا ڕووبه‌ڕووی کوردانی دانیشتووی ئه‌و پارچه‌یه بووه‌ته‌وه هه‌ر ڕاسته. دانیشتوانی گه‌نج و پیری ڕۆژهه‌ڵات ناچار ده‌بن کوردستان وه‌کوو ژینگه‌یه‌ک (ته‌نانه‌ت ژینگه‌یه‌کی گڕتێبه‌ردراو و سه‌ربازیکراو) جێ بهێڵن و له شاره‌کانی مه‌ریوان و بانه و …هتد. ڕێگه‌ی تاران و قه‌زوێن و…هتد، بۆ کاری جۆراوجۆر بگرنه به‌ر، ژینگه‌ی ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان به مانای سرووشت و سه‌وزایی ژینگه‌یه‌کی زۆر مۆدێڕنکراو نییه، به‌ڵام خه‌ساری جیهانی مۆدێڕنێک که کۆماری ئیسلامیی پێناسه‌ی ده‌کات لێ که‌وتووه، واته نه مه‌عمه‌ل و کارخانه‌ی گه‌وره‌ی تێدایه، نه خزمه‌تگوزارییه پیشه‌ییه‌کان به‌ڵام ژینگه‌که‌ی ده‌یان قاتی تاران و ئه‌راک که پیشه‌یین و خاوه‌ن داموده‌زگا پیشه‌یی و به‌رهه‌مهێنانه کاڵا پیشه‌یی و نه‌وتیی و نانه‌وتییه‌کانن، خه‌ساری به‌رکه‌وتووه.
جا بابه‌ته‌که هه‌ر به‌مه‌شه‌وه ته‌واو نابێت، ئه‌و به‌شه‌ی له ژینگه‌ی کوردستان له ڕۆژهه‌ڵات که به خاوێن و شوێنی ژیان ماوه‌ته‌وه “که ئه‌ویش به هه‌ولی خۆبه‌خشان و ژینگه‌پارێزان که به‌حه‌ق پێشمه‌رگه و شۆڕشگێڕه ون و نافه‌رمییه‌کانی ژینگه‌ی کوردستانن هاتووه‌ته ئاراوه” ده‌کرێت به شوێن و داوه‌تگه و سه‌یرانگه‌ی به‌شێکی زۆری فارسه‌کان و شوێنه‌کانی ناوه‌ندی ئێران و له ڕۆژان و کاته‌کانی پشوودا به لێشاو دێن به‌ره‌و ئه‌وێ و تێکی ده‌ده‌ن و مرۆڤ زۆر جار دیمه‌نی خاشاک و پیسکردنی ژینگه‌که ده‌بینێت هه‌ست ناکات ئه‌م هه‌موو پیسکردن و تێکدانه‌ی ژینگه‌ی ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان بگه‌ڕێته‌وه بۆ نه‌بوونی وشیاری یان خاوێن نه‌بوونی هه‌ندێک له خێزانه‌کان و ئه‌ندامه‌کانیان هێنده‌ی زه‌ینی به‌ره‌و ئه‌وه ده‌چێت که ئه‌مه پیلانێکی جێبه‌جێکراوی پێشوه‌خته‌یه بۆ ئه‌وه‌ی بنه‌ماییترین کۆڵه‌که‌ی مانه‌وی کورد که خاک و سرووشت وه‌کوو ڕۆحی ژینگه‌یه له‌ناو بچێت و بایی هێنده‌ی نه‌مێنێته‌وه که هه‌ناسه‌ی تیدا بده‌یت، من به‌هۆی ئه‌وه‌ی ئه‌مانه‌م له‌و به‌شه‌ی نیشتمان له نزیکه‌وه بینیوه باش ئاگاداری هه‌م، هه‌م وه‌کوو گه‌شتیارێک و هه‌میش وه‌کوو ژینگه دۆستێک، بۆیه لام وایه بێگومان پاراستنی ژینگه بۆ کورد ته‌نها ئه‌رکێکی ژینگه‌یی به مه‌به‌ستی خاوێنڕاگرتنی ژینگه و پێشگری له تێکچوونی سرووشت به‌هۆی ماده پلاستیکی و پاشماوه پیشه‌ییه‌کان نییه، به‌ڵکوو ئه‌رکێکی نیشتیمانی و ڕه‌مزیی نه‌ته‌وه‌ییشه له هه‌مبه‌ر شؤڤێنیزمێکی ڕه‌تکردنه‌وه و تواندنه‌وه‌ی کورددا که هه‌موو جه‌مسه‌ره‌کانی بوون و کیانی گه‌مارۆ داوه، هه‌ر بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌شه له ڕؤژهه‌ڵاتی کوردستان ده‌ڵێن پاراستنی ژینگه وه‌کوو ئه‌کتێکی به‌ره‌نگاری و ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی ئه‌قڵیه‌تی شۆڤێنیزمی داگیرکه‌ر و فاشیزمی سه‌رمایه‌دارییه، دیاره بابه‌ته‌که له باشووری کوردستان به‌هۆی ئه‌و به‌شه ئازادکراوه و ئه‌و حکوومه‌ته کوردییه‌وه جیاوازه و ئێمه ده‌ستمان کراوه‌تره له‌وه‌ی که ئه‌و به‌شه‌ی له ژێر کۆنترۆڵی خۆمان و گوتاری نیشتیمانی خۆماندایه به دروستی بیپارێزین و نه‌هێڵین له‌مه زیاتر خه‌ساری به‌ر بکه‌وێت و ته‌نانه‌ت سه‌رووتر له‌مه‌ش له ئاسه‌واره‌کانی جه‌نگ و پاشماوه‌ی پێشێلکاری و ده‌سدرێژییه‌کانی ڕژێمی پێشووش بیسڕینه‌وه.