چه‌ند ساڵ له‌مه‌وبه‌ر ئامارێک له ئێراق بڵاو کرایه‌وه که تێیدا هاتووه له ماوه‌ی سێ مانگدا 1896 پیاو له ئێراق ژنی دووهه‌میان هێناوه، ئه‌نجوومه‌نی باڵای دادوه‌ریی ئێراق ده‌ڵێت: یه‌کێک له هۆکاره‌کان ئاره‌زووی پیاوانه بۆ ژنهێنان به تایبه‌ت له دوای باشبوونی دۆخی ئابوورییان. ئاخێزگه‌ی ئه‌م کرده‌وه‌یه یه‌ک ڕه‌هه‌ندی نییه، به‌ڵام به گشتی له ناو پێکهاتێکی کۆمه‌ڵایه‌تی و کولتووریدا ڕوو ده‌دات که نه‌رێتی و کۆنباوه و ژن وه‌کوو ئامراز و ئوبژه پێناسه ده‌کات و ڕۆحی ئه‌م جۆره تێڕوانینه‌ش له قودسییه‌ت ته‌وه‌ری و پیرۆزاندنی ئه‌و به‌هایانه دایه که ژن خۆی هیچ ڕۆڵێکی له به‌رهه‌مهێنانیدا نه‌بووه و نییه، به‌ڵکوو ته‌نها له سۆنگه و ڕێگه‌ی ئه‌وه‌وه خه‌رمانه و ناوه‌ندێكی قودسی و پیرۆز پێناسه کراوه و ژن ده‌بێت به جۆرێک له جۆره‌کان باج و تێچووه‌که‌ی بدات. ڕاستییه‌کی تاڵ که له کۆمه‌ڵگا نه‌ریتی و کۆنباوه‌کاندا هه‌یه جۆه نه‌خوێنده‌وارییه‌کی ئاڵۆزه که جیاوازه له شاره‌زایی له نووسین و خوێندنه‌وه و خیتابدان و هه‌ڵوێست ده‌ربڕین، ئه‌م نه‌خوێنده‌وارییه به‌ر له هه‌ر شتێک په‌یوه‌ندی به تێفکرین و تێنه‌فکرین یان بیرکردنه‌وه و بیرنه‌کردنه‌وه‌وه هه‌یه، له سه‌رده‌می پێش مۆدێڕنه‌ی نیو و ناته‌واو و خوار و خێچی کۆمه‌ڵگاکانی ڕۆژهه‌ڵاتدا خوێنده‌واری زیاتر و به مانا گشتییه‌که‌ی ئه‌و که‌سه‌ی ده‌گرته‌وه که بتوانێت نوسینی سه‌ر کاغه‌زێکی ئیداری یان تابلۆیه‌کی ناو شار بخوێنێته‌وه و به مانا تایبه‌تییه‌که‌شی به‌و مه‌لا و شێخ و میرزایانه ده‌گوترا که کاروباری ئایینی و میریی له ڕێگه‌ی نووسین و خوێندنه‌وه‌وه ڕاده‌په‌ڕێنن ئه‌مه ئه‌گه‌رچی ئاستێک له خوێنه‌وارییه، به‌ڵام خوێنه‌وارییه‌کی کاربه‌ڕێکه‌ر و نابه‌رهه‌مهێنه‌ره.
خوێنه‌واری کاتێک مانای ڕاسته‌قینه‌ی خۆی وه‌رده‌گرێت که بکه‌وێته ململانێی گومان و پرسیار و تێفکرینهوه و که‌سی خوێنه‌ر له‌گه‌ڵ ئه‌و گوزاره و حوکم و بڕیارانه‌ی که له‌سه‌ر کۆمه‌ڵگا و به‌هۆی کتێبه ئایینی یان غه‌یری ئایینییه‌کانه‌وه ته‌تبیق ده‌کرێت بکه‌وێته کێشمه‌کێشێکی فیکری و ده‌روونییه‌وه تاکوو له ئاستی که‌سێکی به‌رکار و ئۆبژه ده‌ربچێت و ببێته به سووژه و بکه‌رێکی خاوه‌ن پرسیار و بتوانێت پرسیاری بۆچی له هه‌مبه‌ر ئه‌و بڕیار و کرده و هه‌ڵسوکه‌وتانه دا‌نێت که په‌یوه‌ستن به چاره‌نووسی ئه‌وه‌وه. خوێندنه‌وه‌ی بنیاتنه‌رانه و به‌رهه‌مهێنه‌رانه بنه‌ما و ڕێڕه‌وی وشیاری و تێفکرین و تێگه‌یشتنه له‌و یاسا و بڕیار و حوکمانه‌ی که به سه‌ر تاکه‌کانی کۆمه‌ڵگادا پراکتیزه ده‌کرێت، له قۆناغی ئێسته‌ی کۆمه‌ڵگاکانی ڕۆژهه‌ڵاتی موسڵماندا و له‌وانه‌ش کۆمه‌ڵگای کوردی دیارده‌ی فره‌ژنی پاڵپشتییه‌کی ئایینی و شه‌رعی هه‌یه و ئه‌مه‌ش به‌ر له هه‌ر شتێک خوێندنه‌وه‌یه‌کی نابه‌رهه‌مهێن دێنێتییه کایه‌وه، جومگه‌کانی خوێندنه‌وه‌ی نسوس و ده‌قه دینییه پیرۆزه‌کان به ئاڕاسته‌یه‌کی پیاوسالارانه و کۆنباودا ده‌ڕۆن که خواست و دونیای سه‌ربه‌خۆ و جیاواز و سایکۆلۆژییه‌تی ژن نه‌دیو ده‌گرن و به کۆمه‌ڵێک پاساوی شه‌رعی و کۆمه‌ڵایه‌تیی نه‌رێتی و مێژوویی ده‌به‌ستنه‌وه، ئه‌مه له کاتێکدایه خودی ئه‌م پرۆسه‌ی داگیرکردنه‌ی ژن و به ئامرازکردنی بۆ پیاو به‌شێکی له ناو هاوکێشه‌یه‌کی ئابوورییه‌وه هه‌ڵده‌خێزێت. واته ئه‌گه‌ر ژن له ناو هاوکێشه‌یه‌کی ئابووریدا بێت که بتوانێت سه‌ربه‌خۆیی خۆی له به‌ڕێوه‌بردنی ژیاندا وه‌رگرێت و بژارده و ڕێبازی ژیانی خۆی دیاری بکات، نابێت به ئۆبژه و ئامرازی دونیای پیاوسالارانه به‌ڵام ئه‌مه به ته‌نها گه‌ره‌نتیکه‌ری ئه‌وه نییه که نه‌که‌وێته ئه‌و داوه‌وه، به‌ڵکوو له‌پاڵ ئه‌وه‌شدا وشیاری و تێگه‌یشتن و خوێنده‌واری به‌رهه‌مهێنه‌رانه پێویسته، یه‌کێک له‌و ڕووبه‌ر و ده‌ق و پانتایانه‌ی که ده‌بێ سه‌رنجی بدرێتێ ده‌ق و نسووسه پیرۆزه‌کانه که ده‌شێت له‌م ڕێڕه‌وه بچینه ناویان که هه‌ڵگری ڕاڤه و ته‌فسیری جوداوازن. به‌تایبه‌تی ئه‌وه‌ی که له سه‌رده‌مێکی زۆر دوور له ئێستا و جیاوازتر له‌م جیهانه‌ی ئێستادا به‌رهه‌م هاتوون.
مه‌کینه‌ی به‌رهه‌مهێنانی شه‌رح و ته‌فسیری ده‌قه دینییه‌کان وه‌کوو زۆرێک له جومگه‌کانی ناو کۆمه‌ڵگا و پێکهاتی که‌لتووریی ئێمه به ڕه‌ق و ته‌قی ئیش ده‌کات و ئه‌وه‌ی به‌رهه‌می دێنێت ماوه‌ی به‌سه‌ر چووه و بۆ سه‌رده‌می ئێسته ناشێت و گونجاو نییه، ئێمه لێره‌دا باسی خوێندنه‌وه و ته‌فسیر و ڕاڤه و شه‌رحێک ده‌که‌ین که هه‌ندێک تریبۆن و لایه‌ن له گوتاری ئایینی‌دا به‌رهه‌می دێنن و جگه له‌و شه‌رح و ته‌فسیره‌ی خۆیان ئه‌وانی دیکه ڕه‌ت ده‌که‌نه‌وه، تاکوو کۆمه‌ڵگای کوردی و گوتاری نه‌رێتیی ئایینی کوردی نه‌گات به‌م قه‌ناعه‌ته که جیهان ته‌نها له یه‌ک گۆشه‌وه نابینرێت و گوڵ ته‌نها یه‌ک ڕه‌نگ و بۆنی نییه و دڕکیش به هه‌مان شێوه ئه‌وا ئێمه له ناو هه‌ندێ بڕیار و هه‌ڵسوکه‌وت و کرده‌ی کۆمه‌ڵایه‌تیدا ده‌ژین که به‌ر له‌وه‌ی مایه‌ی تێڕامان بن زیاتر تراژیک و کاره‌ساتبارن له عه‌ینی ئه‌وه‌ی که هه‌ڵگری لایه‌نی کۆمیک و پێکهنیناویشن. به‌پێی ئاماره به‌رده‌سته‌کان ڕێژه‌ی پیاوان له ژنان له وڵاتێکی وه‌کوو ئێراقدا زیاتره ئه‌گه‌ر پیاوه‌کان له ناو نه‌ریتی پیاوسالاری و خێڵه‌کیدا هه‌ر یه‌که‌و چه‌ند ژن بهێنن (دیاره زیاتر پیاوانی ئایینی و خێڵ و ده‌ستڕۆیشتوو ده‌گرێته‌وه) ئه‌وا به‌شێکی زۆر له گه‌نجان له ڕووی ئامار و ژماره‌وه ژنیان بۆ نامێنێته‌وه و هه‌ر ئه‌مه ده‌توانێت ئاڕاسته‌یه‌ک به‌ره‌و بێئه‌خلاقی و خه‌یانه‌تی خێزانی و به‌دڕه‌وشتی بکاته‌وه و له کۆمه‌ڵگاشدا ئه‌مانه شتانێکی سه‌یر و سه‌مه‌ره نین و وه‌کوو دیارده له کۆمه‌ڵناسیدا چاویان لێ ده‌کرێت که ده‌شێت هۆکاره‌کانی سه‌رهه‌ڵدانیان دیاری بکرێت و پێشیان پێ بگیرێت. ئه‌و ئایه‌تانه‌ی که په‌یوه‌ستن به‌م باسه‌وه و گوتاریی دینیی نه‌رێتی و پیاوسالار و کۆنباو له‌سه‌ری هه‌ڵوێسته ناکات ئایه‌ته‌کانی سوڕه‌تی نیسا‌ء وه‌کوو ئایه‌تی 3 و 129ی هه‌مان سوڕه‌ت و ئایه‌تی 3-4ی سوڕه‌تی ئهلماعوونه. یوونس ڕاوی وه‌کوو توێژه‌ری فه‌لسه‌فه و بیری دینی ئه‌مه به له‌تکردن و قرتاندنی ئایه‌ته‌کان ناو ده‌بات و ده‌ڵێت فره‌ژنی له ئیسلامدا ڕێگه‌پێدراو نییه ئه‌م بیرمه‌نده نوێیه‌ی نێو گوتاری مۆدێڕنی دینی ده‌ڵێت:
قورئان ده‌فه‌رمووێت “و ان خفتم الا تقسطوا فی الیتامی فانکحوا ما طاب لکم من النساء مثنی و ثلاث و رباع فان خفتم الا تعدلوا فواحدة” سوڕه‌تی النساء ئایه‌تی 3. واته گه‌ر ترسان دادپه‌روه‌ریی نه‌نوێنن له نێو هه‌تیواندا ئه‌وا ده‌توانن ژن بێنن دووان و سیان و چوار، وه‌لێ ئه‌گه‌ر ترسان دادپه‌ره‌وه‌ر نابن ئه‌وا ته‌نها یه‌ک ژن بهێنن”. که‌واته به‌پێی ئه‌م ئایه‌ته بێت فره‌ژنیی به‌ستراوه‌ته به مه‌رج و چه‌مکێکی سه‌خت و ئاڵۆزه‌وه که ئه‌ویش دادپه‌روه‌رییه، به‌ڵام پرسیاره‌که ئه‌وه‌یه ئایا دادپه‌ره‌وه‌ریی له هه‌موو ڕوو و ڕه‌هه‌ند و ئاسته‌کانییه‌وه به ڕاستی ده‌کرێت؟ ئه‌گه‌ر “و مثقال ذرة خیر یره و مثقال دڕة شره یره” شمان له‌به‌رچاو بێت ئه‌و پیاوه‌ی که به ئاوه‌ها نیاز و پاساوێکه‌وه ژن دێنێت له تۆزێک لادان له‌و دادپه‌روه‌رییه که به مسقاڵ حسابی بۆ ده‌کرێت و پێوانه ده‌کرێت ناترسێت؟! بۆیه وه‌کوو ڕاوی له شیکارییه‌که‌یدا ده‌یڵێت قورئان له هه‌مان سوڕه‌تی النساء و له ئایه‌تی 129دا ده‌فه‌رمووێت ” ولن تستطیعوا ان تعدلوا بین النساء و لو عرصتم” واته قه‌ت ناتوانن دادپه‌ره‌وه‌ر بن له نێو ژناندا ئه‌گه‌ر خۆ مکوڕیش بن. که‌وایه قورئان ئه‌و مه‌رجه‌ی بۆ فره‌ژنی دایناوه پووچه‌ڵی ده‌کاته‌وه به‌وه‌ی که پیاو قه‌ت ناتوانێت دادپه‌روه‌ر بێت. سا گرفتی گه‌وره‌ی موفه‌سیر و موحه‌دیس و کاهینه‌کان ئه‌وه‌یه ته‌نیا ئایه‌تی یه‌که‌م ده‌هێننه‌وه ئه‌ی ئایه‌تی دووهه‌م چی لێ بکه‌ین؟ بۆیه له‌به‌ر شه‌هوه‌تی خۆیان و گوتاری پیاوسالارانه ته‌نها ئایه‌ت له‌ت ده‌که‌ن، سزای خودا بۆ ئه‌م کاره‌یان ده‌بێت چی بێت؟
ئه‌م ته‌فسیر و ڕاڤه پیاوسالار و پیرۆزته‌وه‌ر و نه‌رێتییه له ده‌قه‌کان جیاواز له فره‌ژنی به‌رهه‌مهێنه‌ری دیارده‌ی کوشتن و قه‌تڵه نامووسییهکانیشه که به‌داخه‌وه له کوردستاندا ئامارێکی سامناکی لێ تۆمار کراوه. تاکوو ئه‌م خوێندنه‌وه نه‌رێتی و ته‌فسیره کۆنباوه له ده‌ق و نه‌سه دینییه‌کان له ئارادا بن ڕووداوانی هاوشێوه و دیارده‌کانی فره‌ژنی و قه‌تڵ و کوشتنه‌کان له سه‌ر شه‌ره‌ف به‌رده‌وام ده‌بن. و ئه‌مه‌ش ته‌نها لایه‌نێکی هاوکێشه‌که‌یه که شوناس و که‌سایه‌تی ژن ده‌کات به ئامراز و ده‌یپلیشێنێته‌وه. لایه‌نی ئه‌ودیوی ئه‌م دیارده کۆنباو و پیاوسالارانه‌یه به‌کاڵاکردن و به بازاڕکردنی جه‌سته‌ی ژنه که له‌گه‌ڵ شه‌پۆلی سه‌رمایه‌داریدا دێت و ژن وه‌کوو ئامرازی سێکسی و ئامێری گه‌رمکردن و تینخستنه ناو بازاڕ به‌کار ده‌هێنێت و به‌هۆی ئه‌وه‌ی که جومگه سه‌ره‌کییه‌کانی هاوکێشه‌کانی سه‌رمایه و بازاڕیش له ده‌ستی پیاواندان ژنان به ئاسانی ده‌کرێنه قوربانی و به داخه‌وه ئه‌مه‌ش دیارده‌یه‌کی جیهانی و گشگیره، به‌ڵام له کوردستاندا گۆڕمه‌نی و لایه‌نی دژوازی خۆی هه‌یه له عه‌ینی ئه‌وه‌ی که کوردستان به گشتی وڵاتێکی موسڵمانه و ڕوانینی بۆ جه‌سته‌ی ژن به باوه‌ڕه شه‌رعی و سونه‌تییه‌کان گه‌مارۆ دراوه، به‌ڵام ڕێژه‌یه‌کی زۆر له به‌ئامرازکردن و به بازاڕیکردنی جه‌سته‌ی ژن و به‌رهه‌مهێنانی خه‌یاڵه سیکسییه‌کان هه‌یه که ئه‌مه‌ش مه‌ترسییه‌کانی سه‌ر ته‌ندروستیی گشتیی کۆمه‌ڵگامان زیاتر پیشان ده‌ده‌ن و ده‌بێت به پلان و ئه‌ندازیاریی کۆمه‌ڵایه‌تی و چالاکیی که‌لتووری و دروستکردنی هه‌لی کار به شێوه‌ی ته‌ندروست بۆ ژنان و ڕێزگرتن له فه‌زای تاکه‌که‌سییان تێپه‌ڕێنرێت ئه‌گینا که‌سایه‌تی و بوون و سووژه‌ی ژن له ناو کایه و شه‌هوه‌تی پیاوسالارانه له ڕێگه‌ی ته‌فسیری کۆنباو و نه‌رێتی ده‌قه‌کان و بازرگانییه‌کی ڕه‌شۆداماڵراو و مافیاییانه‌دا وردوخاش ده‌بێت و ئه‌وه‌ی له‌ناو ده‌چێت گه‌وره‌ترین سه‌رمایه‌ی مه‌عنه‌ویی مرۆڤ واته خۆشه‌ویستی و ڕێز و که‌رامه‌تی ژن و یار و دایک و نه‌وه‌کانی داهاتووه.