22- تایبەتمەندییەکی دیکەی کەسی تەندروست، ئەوەیە ڕێگە بە خۆی و کەسانی دیکە دەدات، هانی هەموو کەسێک دەدات کە ڕەخنە لە هەموو سیستەمە فیکری و ئایینی و ئایدۆلۆجیاکان بگرن، دژایەتی بکەن، ناڕەزایی دەرببڕن. مرۆڤی تەندروست ئەو ڕاستییە دەزانێت کە هەموو سیستەمەکان، هەموو ڕێکخراوەکان، هەموو باوەڕ و ئایدیاکان، کاتێک ڕووبەڕووی ڕەخنە و ناڕەزایەتی دەبنەوە، باشتر و بەهێزتر دەبن. کەسی تەندروست هەرگیز دوژمنایەتی شەخس ناکات، چونکە مرۆڤ پیرۆزە، بەڵام ناکامڵە و بەرەو کەماڵ حەرەکەت داکات. بەڵکوو دژایەتی فیکر و باوەڕ و سیستەم و ڕێبازەکان دەکات و ڕەخنەیان دەکات. بە دوو هۆکار:- یەکەم بۆ ئەوەی باشتری بکات، دووەم هیچ فیکر و باوەڕ و ئایدۆلۆجیایەک موڵکی تاکە کەس نییە و هەمووان دەتوانن قسە و سەرەنج و ڕەخنەی خۆیان هەبێت.
کەسێک کە دژایەتی بیر و باوەڕ و دنیابینیت دەکات و ڕەخنەی دەکات، دوژمنت نییە و تۆمەتی نەکردووە، بەڵکوو دیدگایەکی جیاوازی هەیە و بەیانی دەکات. لەدنیادا هیچ باوەڕ و سیستمێک ڕاستی ڕەها نییە و هەمیشە دەکرێت باشتر بکرێت، بۆیە هەمیشە دەبێت ڕەخنە بکرێت. کەسی تەندروست ئەوەیە کە هەمیشە ئامادەیە ڕەخنەی بیر و باوەڕی خۆی و ئەوانی دیکە بکات و ڕەخنە قبووڵ بکات بەبێ جەنگ و ڕق و کینە. بەڵام بە ئاسانی دەتوانێت ڕووبەڕووی هەموو جۆرە فیکر و سیستەمێک ببێتەوە. ئەو ڕاستییە قبووڵ دەکات کە لە ڕێگەی ئازادی ڕادەربڕین و هەڵوێست و بۆچوونە جیاوازەکانەوە، تەنانەت هەندێکجار بە زمانی زبر، دەتوانین بیرۆکەی باشتر بدۆزینەوە بۆ ئەوەی بە ئاسوودەیی و ئاشتی بژین. لەبەر ئەوەی هیچ سیستەم و ڕێکخراوەیەک موڵکی تاکەکەس نییە، هەمیشە دەکرێت هەر ناڕەزایەتییەک ئاڕاستەی ئەم باوەڕ و سیستەم و ڕێکخراوانە بکرێت.
23- لە حاڵەتی تەندروستی دەروونیدا، کەسێکی تەندروست ئەوەیە گیانی بەرەنگاربوونەوەی هەیە challenge، بەهۆی سەرکێشی و بەرەنگاربوونەوە، هەیەجانی دەبێت. وەک دەزانن هەیەجان یان excitement، هەست و خرۆشانێکە لە هەندێک ڕووەوە، مەترسییەکە بە سەلامەتی کۆنترۆڵ دەکرێت، هەر بۆیە لە بنەڕەتدا تایبەتمەندییەکانی کەسێکی تەندروست بەو ئاراستەیەدا دەجوڵێن. حەز دەکات، بابەتەکان، ژیان، کار، چالاکییەکان هەمیشە قورس بن نەک مەحاڵ. نە دوای کاری مەحاڵ دەکەوێت، نە دوای شتی سادە. ئەمەیە جیاوازی نێوان کەسێکی تەندروست و کەسێکی ناتەندروست. ئەو کەسەی کە تەندروست نییە، پێش کار و چالاکی، هەمیشە بەدوای جۆرێک لە ئاسوودەیدا دەگەڕێت. لە کاتێکدا کەسێکی تەندروست کار دەکات، دواتر دەچێت بەدوای پشوودان و ئاسوودەیی. کەواتە وەک کەسێکی تەندروست، پێویستە لە بیرکردنەوە و ژیانتدا خەبات بکەیت و لەگەڵ سەختییەکان بەرەنگار بیتەوە. ئەگەر حەزت لە جۆرێک ئاسوودەییە لە ژیانتدا و بە هیچ شێوەیەک بەشداری لە کێشە و گرفت و سەختییەکاندا ناکەیت، من پێت دەڵێم ڕووبەڕووی خراپترین و سەختترین و قورسترین کێشەکانی ژیانت دەبیتەوە. لەبەر ئەوەیە زۆر کەس کە پێیان دەڵێیت پەیوەندییان لەگەڵ خەڵکدا هەبێت، دەڵێن کێشەمان زۆرە. کە پێیان دەڵێیت هاوسەرگیری بکە، دەڵێن کێشەیە. پێیان دەڵێیت با منداڵێکت هەبێت، قسەیەکی دیکە دەکەن.
هۆکارەکەی لەبەر ئەوەیە، چونکە ئاسوودەیی بە شێوەیەک دەبینن کە بە هیچ شێوەیەک لەگەڵ واقیعی مرۆڤدا ناگونجێت. بۆیە کەسێکی تەندروست، بەرەنگار دەبێتەوە و شەڕکەرە. بەگوێرەی لێکۆڵینەوەکان کە لەسەر خۆشبەختی کراوە، مرۆڤ هەست بە دڵخۆشی ناکات تا بەرەنگار نەبێتەوە و نەبێت بە کەسایەتییەکی نوێ.
24ـ کەسێکی تەندروست خۆی خۆش دەوێت self-love، مانای خۆشویستنی خود زۆر سادەیە: واتە خۆی بە باش و خۆشەویست دەزانێت. کەسێک کە خۆی بە باش و خۆشەویست دەزانێت، وا دەکات هەموو کارێکی باش بۆ خۆی بکات و خۆی بەدوور بگرێت لە هەموو کارێکی خراپ. بەرپرسیارێتی و دەرئەنجامی هەموو چالاکییەکانی لەئەستۆ دەگرێت و پێشێلی تایبەتمەندی و مافەکانی هیچ کەسێکی تر ناکات. خۆشویستنی خود، بە بڕوای من جگە لەمە، شتێکی دیکە نییە. هەرکات بەم جۆرە بیت، تۆ خۆتت خۆش دەوێت و چونکە خۆتت خۆش دەوێت، دەتوانیت ئەوانی تریشت خۆش بوێت. بەڵام کەسێک کە خۆی خۆش ناوێت، خۆبەزلزانە، خۆپەرستە، نارسیستە. کەسی نارسیست کەسێکە لە قووڵایی ناخییەوە ڕقی لەخۆیەتی.(self-centered grandiose. narcissistic selfish) بۆ ئەوەی نەکەوینە ئەو قۆناغە، کە زۆرجار بە هەڵە تێی دەکەوین، دەبێت خۆمانمان خۆش بوێت. خۆشویستنی خود، سوودی بۆ خۆمان ئەوانی دیکەش هەیە. دایکێک کە خۆی خۆش بوێت، منداڵەکەیشی خۆش دەوێت. دەتوانێت تۆوی خۆشەویستی لە ناخی منداڵەکەیدا بچێنێت. دایکێک کە خۆی خۆش ناوێت، هەرگیز ناتوانێت شتێک ببەخشێت کە نییەتی. بۆیە منداڵەکەی لە سۆز و خۆشەویستی بێبەش دەکات. کەسی تەندروست کەسێکە چونکە خۆی خۆش دەوێت، دەتوانێت خەڵک و سروشت و ژیان و بوونەوەری خۆش بوێت.
25- کەسی تەندروست، کەسێکی ئازاد و ڕەهایە. ئازادی و ڕەهایی واتە: من لە جیهانێکدا دەژیم کە بەشێکی کەمی خراپ و هەڵەیە و بەشێکی کەمی باش و ڕاستە. ئەولاکەی جیاوازییە. جیهان جیهانی جیاوازیە. لە سەدا پێنجی جیهان لەوانەیە باش یان خراپ بێت، بەڵام لە سەدا نەوەد و پێنجی جیاوازییە. مرۆڤی ئازاد بەم شێوەیە جیهان دەبینێت، لە کاتێکدا مرۆڤی بیرتەسک، جیهان بە هێڵێکی ڕەش و سپی، دیندار و بێدین، دۆست و دوژمن، چاکە و خراپە، حەڵاڵ و حەرام دەبینێت. ئەم جۆرە دنیابینییە، وامان لێدەکات کاتێک دەگەینە تەمەنی ٤٥ ساڵی، تووشی دڵەڕاوکێ و خەمۆکی و تووڕەیی بین، ئەگەر چارەسەری خۆمان نەیکەین، ناچارین، تا کۆتاییی تەمەنمان، لەنێو ئاگری ڕق و خەم و دژبەری بسووتێن. مرۆڤی ئازاد کەسێکە لە دنیای جیاوازیدا دەژی. هیچ یەک لە ئێمە جلوبەرگی ئەوی تری نییە، جلوبەرگەکانمان جیاوازن. هیچ جلوبەرگێک نە باشە، نە خراپ. ئێمە جلوبەرگی گونجاومان هەیە نەک جلوبەرگی خراپ و هەڵە. ئەمە بەنزیکی بۆ هەموو شتێکە. حاڵەتی نائاسایی هەیە، وەک گوتم باش و خراپ، ڕاست و هەڵە، دەبێت لەسەر بنەمای واقیع قبووڵ بکرێن. بەهەرحاڵ مردن خراپە و ژیان باشترە، ئازار خراپە و چێژ باشترە، گەشە و پێشکەوتن لە دواکەوتوویی و چەقبەستوویی باشترە، ئازادی لە زیندان باشترە. ئەمانە ئەو چوار بنەمایەن کە ئەمڕۆ دەیانزانین. ڕێککەوتنێکی گشتی هەیە کە دەتوانین هەموو شتە باش و خراپەکانی جیهانی لەسەر بنیات بنێین. کەسێکی ئازاد کەسێکە باوەڕی وایە ئێمە لە جیهانێکی جیاوازدا دەژین: ئەوە دایکی تۆیە، ئەوە دایک منە، ئەوە باوکی تۆیە، ئەوە باوکی منە، ئەوە ئایینی تۆیە، ئەوە ئایینی منە، ئەوە باوەڕی منە، ئەوە باوەڕی تۆیە.
ئەگەر کەسێکی ئایینیت، یان دەبێت بنەمای جیاوازیانە قبووڵ بکەیت و هیچ ئیمتیاز و بەها و سەروەرییەکی دینەکەت نەسەپێنی بەسەر کەسانی غەیرەدینی خۆت، یان تا ماویت لەنێو خەم و ڕق و سترێس و جەنگدابیت لەگەڵ خۆت و ئەوانی دیکە. لە دنیای یەکسانی و جیاوازیدا، وەک چۆن دیینی تۆ پیرۆز و ڕێزلێگیراوە، دەبێت ئەو واقیعەیش قبووڵ بکەیت کە دین و باوەڕی ئەوانی تریش پیرۆز و جێگەی ڕێزە. بەڵام ئەگەر ڕۆژێک بێیت و بڵێیت ئایینەکەت باشتر و لەبەرترە، دەبێت ئامادە بیت بیسەلمێنیت. لەبەر ئەوە خەڵکی جیهان باشترە لەم یارییە بێنە دەرەوە، چونکە هیچ ڕێگایەکی دیکە نییە. واتە مەرجی ئازادی و ئازادبوون ئەوەیە، ئەم واقیعە قبووڵ بکەین. ئازادی ئاڵۆزترین بابەتی زانستی و فەلسەفی و ئایینییە. بەبێ ئازادی، ژیانی مرۆڤ هیچ واتایەکی نییە. لەگەڵ بابەتی ئازادی، دەکرێت ژیانی مرۆڤ بە ئاراستی جیاوازدا بگۆڕدرێت. بەڵام بەداخەوە زۆرترین هەڵەتێگەیشتن لەم بوارەدا هەیە. زۆربەی خەڵک لایان وایە ئازادی واتە بەرەڵایی و بێ یاسایی. لەکاتێکدا مانای دەقیقی ئازادی واتە هەڵبژاردنی یاسای دروست، چوارچێوەی دروست، تەنانەت زیندانی دروست. کاتێک باسی ئازادی دێتە گۆڕێ، واتە تۆ یاسا و ڕێسایەکت هەڵبژاردووە کە بە سادەترین شێوە و کەمترین مەترسی، دەگەیت بە ئامانجەکەت. وەک ئەو یاسایانەی هاتووچۆیە کە لە شارەکاندا هەیە. ئازادیی هاتووچۆ مانای بێ قانوونی نییە، هەزاران قانوون لە یاسای هاتووچۆی شارەکاندا هەیە. بەڵام چونکە ئەم یاسایانە باش و دروست و گونجاون، هەم ڕێگری لە پێکدادان دەکەن، هەم لە خێرایی. لەبەر ئەوە، ئەگەر گڵۆپێک لابەریت، لەوانەیە هەم خێرایی بخەیتە مەترسییەوە، هەم گیانی مرۆڤەکان. بۆیە دانانی ئەو گڵۆپانە بۆ دۆخی واقیعی ئۆتۆمیلەکان، نیشانەی ئازادییە. بەداخەوە زۆربەمان دنیابینی و وەهمێکمان هەیە، لامان وایە ئازادی واتە هەرچیمان پێ خۆش بووو بیکەین، یان حەزمان لە هەر شتێک نەبوو، نەیکەین! بۆیە زۆر جار ئەم پرسیارە دەکرێت، ئایا منداڵەکانمان ئازاد بکەین یان نا؟ کاتێک ئەم پرسیارە دەکەیت، واتە کام یاسا حوکم بکات؟ بەهیچ شێوەیەک ناتوانین لە هیچ دۆخێکدا بەبێ یاسا بژین. هیچ کەس، هیچ شتێک، لە هیچ ساتێکدا لە جیهاندا ئازاد نییە، بەو واتای کە لەدەرەوەی یاسا بێت. شتی وا نییە. لەبەر ئەوە کاتێک باسی ئازادی دەکرێت و باوەڕمان پێی هەیە:- یەکەم، یاسایەک هەڵبژێرین کە دروست و باشە، دووەم مافی هەڵبژاردن.
واتە من مافی ئەوەم هەبێت لە مەلەوانگەیەک مەلە بکەم، یان لە شەقامەکاندا شۆفێری بکەم. بەڵام کاتێک دەچم بۆ مەلەوانگە یان شۆفێری، دەبێت تەواوی ئەو یاسایانە جێبەجێی بکەم کە بەسەرمدا سەپێندراون. ئەگەر وا نەکەم، گرفتار دەبم. پرسی ئازادی مەسەلەیەکی گرنگ و بنەڕەتی مرۆڤە. تەنانەت دیندارەکان باوەڕیان وایە خوا لە بەهەشت ئازادیی بە ئادەم و حەوا داوە، بەهۆی سەرپێچی لە یاساکان سزادراون. بە بڕوای من پەیامێکی گرنگە، مەسەلەی ئازادی، گرنگترین پرسی ئینسانییەتە. وەک پێشتر لە باسی ئەقڵ ئاماژەم پێ دا، ئینسان تەنیا بوونەوەرە کە ئازادە، لێرەدایە کە لە هەموو بوونەوەرەکانی دیکە جیاوازە. لەبەر ئەوە مرۆڤی تەندروست:-
۱ـ ئازاد و ڕەهایە.
۲ـ جیاوازییەکان قبووڵ دەکات.
۳ـ دژایەتی جیاوازییەکان ناکات.
٤ـ حوکمی باش و خراپ ناسەپێنێت بەسەریاندا.
٥ـ یاسای باش و دروست و گونجاو هەڵدەبژێرێت.
26- کەسێکی تەندروست، دادپەروەر و بەئینسافە. لەوانەیە ئەمە گەورەترین بەهای مرۆڤایەتی بێت. justice and fairness ئێمە دەزانین لە سەردەمی ئەرستۆوە دادپەروەری پێناسەکراوە بۆ ئەوەی هەموو کەسێک مافی هەبێت. بەڵام لە چەمکە فەلسەفی و ئایینییەکانماندا فێڵکردن هەیە. پێویستە سەرەتا ماف دیاری بکەین بۆ ئەوەی بدرێت، پاشان دادپەروەری دامەزرێنین. ماف لە دادپەروەری لەپێشترە. چەمکی دادپەروەری لە ڕاستیدا جۆرێکە لە دانانی هەموو شتێک لە شوێنی خۆیدا. ئەم بابەتە زۆر ورد و ئاڵۆزە و نامەوێت لێرەدا تیشکی بخەمە سەر چونکە کاتی زۆری دەوێت. بەڵام گرنگترین بەهای مرۆیی بێگومان دادپەروەرییە. بۆیە گوتراوە کۆمەڵگایەک دەتوانێت لەگەڵ کوفردا بژی، بەڵام ناتوانێت لەگەڵ ستەم و ناداپەروەری بژی. بەداخەوە، لەبەر ئەوەی جیاوازی و جیاکاری لە خێزانەکانماندا هەیە، زۆرترین زیانمانمان لە خێزانەوە بەرکەوتووە. ئەو تووڕەیی و بێزاری و خەم و ڕقە زۆرەی هەمانە، لەوێوە سەرچاوەیان گرتووە. ئێمە لە کۆمەڵگایەکدا دەژین کە کێشەی دادپەروەری لەسەر ئاستی سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتی و تەنانەت تاک و خێزانییش، چارەسەر نەکراوە. واتە هێشتا لە جیهانی جیاکاری و ستەمدا دەژین، ستەم و ستەمکار هەرگیز لەناو ناچن تا ستەملێکراو لەناو نەچێت. تاکە ڕێگا ئەوەیە کە ستەملێکراوان نەمێنن بۆ ئەوی ستەمکاران نەمێن. جگە لەمە هیچ ڕێگایەکی دیکە نییە. بەهەرحاڵ، مەسەلەی دادپەروەری و وشەی ئینساف fairness کە لە زمانی فارسیدا بە واتای 50 بە 50 دێت، بناغەی پەیوەندییە مرۆڤایەتییەکانە. ئینساف وامان لێ دەکات دادپەروەرین، تەنانەت ئەوکاتەش کە هەموو شتێک بەهۆی دادپەروەرییەوە دژی ئێمەیە.
27- خۆشەویستی و میهرەبانی، بێگومان ئەگەر من و تۆ گفتوگۆیەک بکەین دەربارەی هەر شتێک کەمێک پەیوەندی بە جیهانی زانستەوە هەبێت، ئەوە پرسی خۆشەویستییە. ئێمە لە جیهانێکداین گەردوون بەگوێرەی یاسای ڕاکێشان کاردهکات، لەڕووی بۆماوەیی و فیزیۆلۆجی و دەمارییەوە، دەکرێت ئەوە نیشان بدرێت ئێمەی مرۆڤ بەرەو یەک کێشراوین و کێش دەکرێین. لەبەر ئەوە منداڵ تۆ فێری ناکەیت بەرەو لای دایکی بڕوات، یان کەسێک دێتە لای زەردەخەنەی بۆ بکات. ئەوە نیشانی دەدات ئەم شتانە له غەریزەماندایە. ئێمە دەزانین دایک بە سکپڕبوون، ئۆکسیتۆسینی دەگۆڕێت بۆ پەیوەندییەک لە شێوەی ڕاکێشان لەگەڵ منداڵەکەی و ئەوانی دیکە. پرسی خۆشەویستی وەک ئۆکسجین و شلەی جیهانە. کاتێک مرۆڤ دێت بۆ ئەم جیهانە، لەسەدا بیستی پێکهاتەی لەشی لە خوێ و پۆتاسیۆم و فۆسفۆر و سۆدیۆم و کالسیۆم پێک دێت، خودا یان سرووشت، بە دایک و باوکی دەدات و دەڵێت ئێوە هەشت ساڵ دەرفەتتان هەیە کە باقیی ئەم بوونەوەرە پڕ بکەن لە ئاوی خۆشەویستی. کەواتە من و تۆ لە تەمەنی هەشت ساڵیدا، یان ئەم خۆشەویستییەمان هەیە کە دایک و باوکمان لە ئێمەدا چاندوویانە، یان نیمانە. ئەگەر هەمان بێت، مرۆڤێکی تەندروسین، ئەگەر نەمان بێت، تۆپەڵێک قوڕی بێبەشین لە خۆشەویستی. کە لە گەورەییدا بۆ قەرەبووکردنەوەی ئەم خۆشەویستییە، فوو دەکەینە خۆمان، تا لەم ڕێگەوە نیشان بدەین وەکوو ئەوانی دیکەین. لەبەر ئەوە ناتوانین لە هیچ کەسێک نزیک بینەوە، چونکە بە نزیکبوونەوە، دەستبەجێی ئەم بایە خاڵی دەبێتەوە و خودی ڕاستەقینەمان دەردەکەوێت.
پرسی خۆشەویستی وەک لە فەلسەفە و ئایینییەکاندا هاتووە، هۆکاری دروستکردنە. میکانیزمی دروستبوون خۆشەویستییه، ئامانج و ئاڕاستەی دروستبوون خۆشەویستییە، ئەم چەمکە بە ئاسانی دەتوانرێت ببینرێت تەنانەت لە گەشەکردنی درەختێکەوە کە سەری لە ئاسماندایە، ئەمە ڕاستییەکە لە هەموو جیهاندا بوونی هەیە. ئەگەر ئەم واقیع و ڕاستییە ڕەت بکرێتەوە، لەوانەیە هیچ شتێک نەمێنێتەوە. بۆیە کەسێکی تەندروست میهرەبانە. وەک دەزانن کەسێکی میهرەبان، کەسێکە خۆی خۆش دەوێت، ئەوانی دیکەی خۆش دەوێت و ئەوەی دەیکات خۆشی دەوێت. ئەو کارەی دەیکات چێژی لێ وەردەگرێت، گەشە دەکات، ڕازی و خۆشحاڵە. ئەم کارە بۆ ئەو ئامانج و مانای ژیانە. بۆیە نە خۆی بە خاوەنقەرز دەزانێت، نە منتەت دەکات، نە ئومیدی گەڕانەوەی هەیە، نە چاوەڕوانی پاداشتی هیچ کەسێکە، چ لەم دنیا و چ لەو دنیا. پرسی میهرەبانی ئەوەیە کەسێک سوپاسی کەسێک دەکات بۆ ئەوەی دەرفەتی پێداوە چاکە و میهرەبانییەکی لەگەڵ بکات. بۆیە هەرکە خۆمان بە خاوەن قەرز زانی و چاوەڕوانیمان هەبێت، ئیتر ئەمە میهرەبانی نییە. بە دڵنیاییەوە بەشداری لە مامەڵە و بازرگانیدا هیچ هەڵە نییە. ئەوە پەیوەندییەکی بنەڕەتیی مرۆڤە و له شوێنی خۆیدا دروستە. بەڵام پەیوەندیی بە خۆشەویستی و سۆزەوە نییه. به خۆشحاڵییەوه مرۆڤ باکگراوندێکی بۆ ئەم سۆزە هەیە. ئەگەر ئەم بنەمایە لە ژیانی منداڵەکانماندا جێبەجێ بکەین، ئەوا نەوەیەک پێدەگەیەنین کە خۆیان و ئەوانی دیکەیان خۆش دەوێت. ئەم کارەش لە خێزانەکانەوە دەکرێت.
28- متمانە trust، وەک دەزانن، دەوترێت بەردی بناغەی کەسایەتی مرۆڤ متمانەیە trust. بنچینە بنەڕەتییەکانی متمانە کە زۆر جار تا کۆتایی تەمەن درێژ دەبێتەوە، لە ۱٤ مانگی یەکەمی تەمەندا دانراون. لەبەر ئەوە من و تۆ لە ۱٤ مانگی یەکەمدا بەهۆی ئەوەی لە دەورووبەرمان ڕوودەدات و دواتر لەوانەیە پشتڕاست ببینەوە، دەبینە کەسێک کە متمان بە خۆمان و ئەوانی دیکە و جیهان دەکەین، پرسی متمانە، بە بنەمای کەسایەتی مرۆڤ دەژمێردرێت. لەڕاستیدا، کۆڵەکەیەکە هەموو شتێکی لەسەر چێ دەکرێت. بەداخەوە لە زۆربەی حاڵەتەکاندا متمانەمان بەهۆی ڕووداوەکانەوە لەدەست دەدەین، زۆر جار زەحمەتە متمانە بە کەسێک بکەین، یان کەسێک متمانەمان پێ بکات. هۆکاری ئەمەش ۱٤ مانگی یەکەمە. وەک هەمیشە ئاماژەم پێکردووە، کەسێک کە لە چواردە مانگی یەکەمدا لە دۆخێکی باشدا گەورە بووە، ددنیا بە گوڵستانێک دەبینێت کە هەندێک لەو گوڵانە دڕکیان هەیە، هەندێک لەو دڕکانە، لە هەزار دانە یەکێکیان لەوانەیە مرۆڤ بکوژێت. لە کاتێکدا مرۆڤێک کە متمانەی نییە، باوەڕی وایە جیهان دڕکستانە، ڕەنگە هەندێک جار ئەو دڕکانە گوڵێکیان تێدا بێت. ئەوە ڕوون و ئاشکرایە کەسێک کە متمانە دەکات، بەدڵنیایی لە ژیاندا چەند جارێک بریندار دەبێت. بەڵام بەو برینانە گەورەتر دەبێت و هەڵدەستێتە. کەسی تەندروست متمانەی هەیە، کار دەکات، هەندێک جار لەوانەیە بکەوێت، شکست بهێنێت. بەڵام ئەوانەی متمانەیان نییە، لەترسی شکست هیچ ناکەن، هەمیشە دۆڕاون. کەسی تەندروست پێی باشە ۹۰ ساڵ بژی و ۹ ساڵ لەسەر جێگە بێت، بەڵام ٨۱ ساڵ کار و چالاکیی هەبێت، نەک ۹۰ ساڵ شکستخواردوو بێت. پرسی متمانە زۆر گرنگە. کەسی تەندروست متمانەی هەیە. ئەوە متمانەیە وا دەکات شۆفێری بکەین، لەکاتێکدا هەموومان دەزانین کە چەند کارێکی پڕ لە سترێس و مەترسییە. ئەگەر متمانە نەبێت، ژیان نابێت. بۆیە زۆر گرنگە منداڵەکانمان فێری متمانە بکەین.
29- ئارامی، زۆرێک لە خەڵک کێشەی ئارامییان هەیە، لەگەڵ تەمبەڵی و بێکاری و شتێکی دیکە تێکەڵیان کردووە. ئارامی واتە زۆرترین خێرایی، بەبێ جووڵە و لەرزە smooth. کاتێک ئارامیت کە لە ڕووی جەستەیی و دەروونییەوە بەهێزیت. لەوانەیە هەیەجانت هەبیت، بەڵام لە ترس و نیگەرانی بەدووریت. ئارام ئەو کەسەیە کە زۆرترین گەشەی کردووە و ئاسوودە و خۆشحاڵە. نا ئارامی ترس و دڵەڕاوکێ و نیگەرانی دروست دەکات. ئەوانەی هیچ ناکەن و ترسی شکستیان هەیە، نائارامن. پرسی ئارامی زۆر گرنگە. خۆشبەختانە دەتوانین خۆمان ئارام بکەینەوە. جەستە دەکرێت ئارام بکرێتەوە، بە ئاسانی بچێتە قۆناغی ئەلفا. ئەلفا شەپۆلێکی مێشکە، کە لەنێوان حەوت بۆ چواردە سووڕە لە چرکەیەکدا. لەم ڕێگایەوە مرۆڤ تەنانەت دەتوانێت دووبارە خۆی دروست بکاتەوە و خۆی ئامادە بکات بۆ ژیان. بەڵام وەک هەموو شتێکی دیکە، پێویستە ئاگادارتان بکەمەوە کە پشوودان ڕیلەیسەکشن و بیرکردنەوەی زۆر، زیانبەخش و مەترسیدارە، چونکە چینی سەرەوەی مێشک لەکار دەخات کە مرۆڤبوون بەهۆی ئەوەوە مانای هەیە. ئەگەر مرۆڤ ڕۆژانە شەش تا هەشت کاتژمێر لە بیرکردنەوەدا بەسەر ببات، لە مرۆڤبوون دەکەوێت و دەبێت بە بوونەوەرێک کە زیاتر لە ڕووەک و ئاژەڵ دەچێت. لە کاتێکدا مرۆڤ پێویستیی بە دیسپلین و پلاندانانە و چینەکانی سەرەوەی مێشک بەرپرسن لەم کارە، ئارامیی زۆر. ئەم سیستەمە تێک دەدات. وەک هەموو کارێکی تر، لەم بوارەشدا پێویستمان بە هاوسەنگییە. زیادەڕۆیکردن کێشەیە. بەداخەوە زۆربەی ئەو کۆمەڵگایانەی کە لە ئاشتییەکی هەمیشەییدان. لە ڕووی مرۆڤایەتی و زانستی و ئەخلاقییەوە دواکەوتووترن. بۆیە ئەگەر باوەڕمان وابێت بۆ ئەوەی ببین بە مرۆڤێکی باشتر و باڵاتر، پێویستمان بە ئارامی زیاترە، ئەم باوەڕە بەهیچ شێوەیەک لەگەڵ واقیعدا ناگونجێت. تەنیا لە قۆناغی هاوسەنگیدا مەحاڵە.
30ـ بەرپرسیارێتی responsibility. کەسێکی تەندروست گرنگی بە ئەرک دەدات، واتە گرێبەست یان ئەرک contract duty. ، ئەرک بە زۆری لە دەرەوە سەپێنراوە. لە کاتێکدا بەرپرسیارێتی responsibility توانای وەڵامدانەوەیە، دیاردەیەکی ناوەوەکییە. کەسی تەندروست ئەوەیە کە ئەرک و بەرپرسیارێتی خۆی جێبەجێ دەکات. بەرپرسیارێتی وەک پلەی گەرمی جەستەیە. تا ۳۷ پلە نۆرماڵە. بەڵام ۲۷ یان ٤۷ هەردووکیان مرۆڤ دەکوژن. کەسانێک کە زۆر بەرپرسیاری لەئەستۆ دەگرن، لەگەڵ ئەوانەی کەمتر بەرپرسیاری قبووڵ دەکەن، هەردووکیان نەخۆشن. بۆیە پێویستە بەرپرسیارێتی بە ئەندازە بێت. ئەگەر پەرداخێک بەدەستەوە بگریت لە حاڵەتی ئاسایی کۆنترۆڵ دەکرێت، هێواش بیگری دەکەوێتە خوارەوە، زۆری لێ بکەیت دەشکێت. ئەمە ئەو شتەیە کە زۆرێک لە دایک و باوکان لە پەروەردەی منداڵەکانیان دەیکەن. بەرپرسیارێتی ئەندازەی هەیە. پەسەندکردنی بەرپرسیارێتی گونجاو، قبوڵکردنی بەرپرسیارێتییە. بەپێی کات و شوێن و تەمەن جیاوازە. کەسێکی تەندروست کەسێکە ئەرک و بەرپرسیارێتی جێبەجێ دەکات. ئەرک لە دەرەوە لەسەر بنەمای گرێبەست ئەنجام دەدات و لە ناوەوە هەست بە بەرپرسیارێتی دەکات، بۆیە تۆ وەک دایک و باوک، دەتوانیت بەرپرسیارێتی قبووڵ بکەیت و ئەرکەکانت جێبەجێ بکەیت. کەمتەرخەمی و زیادەڕەویی لە جێبەجێکردنی ئەرک و بەرپرسیارێتی، زیان لە خۆت و منداڵەکانیشت دەدات.
نووسین: پڕۆفیسۆر دکتۆر فەرهەنگ هولاکوویی
وەرگێڕان: شاهۆ لەتیف