گراهایم فولر: دەڵێت دوای ڕووخانی ڕژیمی بەعس و نەمانی دەسەڵاتی هاوکێشەپارێزی بەعسی سوننی و دوو جەمسەر بوونەوەی جیۆپۆلتیکی ناوچەکە، کێبەرکێی قووڵی نێوان عەرەبستان(سعودیه) و ئێران لەسەر پرسی ناسنامە و بەدەستخستنی پێگە، زیادی کرد و بە سەرهەڵدانی بەهاری عەرەبی، مەیدانەکانی ناکۆکی و بەریەککەوتنی ئەو دوو دەسەڵاتە، هێندەی دیکە بەرفراوان بوو، بەشێوەیەک کە کەنداویشی تێپەڕاند.
بەریەککەوتنەکانی ئێران و عەرەبستان لە سوریە، بەحرەین، یەمەن و ئێراق، هەروەها لە پرسی چالاکییە ئەتۆمییەکانی ئێران کە ئێستا ئیدی ئەمەریکا و وڵاتانی (٥+١)باس لەوە دەکەن ئێران گەیشتووەتە قۆناغی هەرە کۆتایی بۆ درووستکردنی بۆمبی ئەتۆمی، بەشێکن لە مەنزوومەی پڕقەیرانی پێوەندی ئەم دوو وڵاتە دەگەڵ یەکتری.
دوای ئەوەی حوسییەکانی یەمەن کە هێزێکی ملیشیایی سەر بە کۆماری ئیسلامی ئێرانن، سەرەتای مانگی نۆڤامبری ساڵی ٢٠١٧ لە ڕێگەی مووشەکی بالستیک کە توانای بڕینی ٧٥٠ کیلۆمەتریان هەبوو، هێرشیان کردە سەر پێتەختی عەرەبستان، ناکۆکی نێوان ئەو دوو وڵاتە گەیشتە لووتکە.
“ڕەگەزی ململانێی جیۆپۆلتیکی ئێران وعەرەبستان”
لە زانستی جیۆپۆلتیکدا کێبەرکێی جیۆپۆلتیک شێوازی جۆربەجۆری هەیە و سێ لەسەرەکیترینیان بریتین لە:
یەکەم: کێبەرکێی نێوان دوو وڵاتی هاوئاست لە ڕووی تواناییەوە. لەم چەشنە کێبەرکێیەدا دوو لایەنی کێبەرکێ هەتا ئاستێکی زۆر بە ترسەوە کێبەرکێی یەکتری دەکەن و بیرمەندانی بواری جیۆپۆلتیک پێیان وایە چەشنی کێبەرکێی ئێران و عەرەبستان دەکەوێتە ئەم خانەیەوە.
دووهەم: کێبەرکێی نێوان دوو وڵات کە لە زۆربەی بوارەکاندا، تواناییەکانیان وەکوو یەکتر نییە، بۆ نمونەی ئەم جۆرە کێبەرکێیە دەتوانین ئاماژە بە کێبەرکێی دوو وڵاتی هیند و پاکستان بکەین کە لە کۆتاییدا بوو بهکێبەرکێی نیزامی و ئەتۆمی.
سێهەم: کێبەرکێ لە وڵاتی سێهەمدا. لەم حاڵەتەدا دوو وڵات لە وڵاتێکی سێهەم، هەوڵی بەدەستخستنی بەرژەوەندییەکانی خۆیان دەدەن و چەقی ململانێکانیان دەبنە سەر خاکی دەوڵەت و نەتەوەکانیتر. وەک نمونەی بەڕۆژی ئەم بەریەکەوتنانە دەتوانین ئاماژە بە کێبەرکێی ئەمەریکا و ڕووسیا لە سوریە، ئێران و عەرەبستان لە یەمەن، تورکیە و ئێران لە ئێراق،عەرەبستان و ئێران لە بەحرەین و لوبنان و چەندین نمونەی دیکەی وەک ئەمەریکا و ڕووسیە لە ئۆکرانیا بکەین.
لە درێژەی ململانییەکانیاندا، ئاستی ناکۆکییەکانی نێوان ئێران و عەرەبستان هەتا ئەو جێگەیە گەشەی سەند کە محەمەد بن سەلمان، جێنشینی پاشای سعودیە ڕۆژی ٢٩ی مارسی ساڵی ٢٠١٨ لە چاوپێکەوتنێکدا دەگەڵ ڕۆژنامەی (وال ستریت ژورنال) ڕایگەیاندبوو کە ئەگەری هەیە لە ماوەی دە بۆ پازدە ساڵی داهاتوودا دەگەڵ ئێران بکەوینە شەڕ. هەر بۆیە بن سەلمان لەو چاوپێکەوتنەدا داوای لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، بەتایبەت ئەمەریکا و وڵاتانی ئەوروپایی کرد بۆ ئەوەی ڕێگری لە ڕوودانی شەڕی عەڕەبستان دەگەڵ ئێران بکەن، پێویستە گەمارۆکانی سەر تاران چڕتر بکەنەوە.
لەدوای هاتنە سەر کاری کۆماری ئیسلامی ئێران لە ساڵی ١٩٧٩، ڕژیمی نوێی دەسەڵاتدار لە ئێران لەسەر بنەمای مەزهەبی شیعە خۆی پێناسە کرد و شیعیزم بوو بە دوکتورینی سیاسەتی دەرەوەیان.
“هیلالی شیعە، ماکی سیاسەتی (جیۆکاڵچێرجیۆپۆلتیک)ی ئێران”
یەکێک لە گەورەترین ئالنگارییەکانی بەردەم پێوەندییەکانی ئێران و عەڕەبستان، جیۆپۆلتیکە. ئەم جیۆپۆلتیکە لە کەنداوی فارسەوە دەستپێدەکات و هەتا دەریای سوورو مەدیتەرانە درێژ دەبێتەوە.
ڕژیمی ئێران لە سێ دەیەی ڕابردوودا بە بەردەوامی هەوڵی داوە پەرە بە دەسەڵاتی خۆی لە جیهانی عەرەبدا بدات. لە بەغدادەوە بۆ بەیرووت و تاکوو سەنعا و مەنامە و دیمەشق. بەهێزترین ئامرازی دەستی ڕژیمی ئێران بۆ بەئەنجام گەیاندنی پلانی درووستکرنی هیلالی شیعە، جەماوەری شیعەی ناو ئەو وڵاتانە بووە کە ئاماژەیان پێکرا.
کێ بۆ یەکەمجار دەستەواژی هیلالی شیعەی بەکارهێنا؟
پاشای وڵاتی ئوردون، مەلیک عەبدووڵلای دووهەم لە ساڵی ٢٠٠٤دا و لە چاوێکەوتنێکدا ئەم دەستەواژەی بەکارهێنا. بەکارهێنانی ئەم دەستەواژەیە وەک مەترسییەکی جیۆپۆلتیکی لە لایەن مەلیک عەبدووڵا هاوکات بوو دەگەڵ نەمانی ڕژیمی بەعس وەک نوێنەری ڕەوتی سوننەی عێراق و بە دەسەڵات گەیشتنی شیعەکانی ئەو وڵاتە.
پاشای ئوردون هەر ئەم کاتە هۆشداریدا بەوەیکە ئەگەر ڕەوتە سیاسییەکانی سەر بە کۆماری ئیسلامی ئێران لە عێراق بتوانن دەسەڵات بۆخۆیان مسۆگەر بکەن، ئەوە هیلالێکی شیعە درووست دەبێت کە چەندین بزووتنەوە و دەوڵەتی شیعە لەخۆ دەگرێت و ئەم هیلالە هاوکێشەی هێز لەنێوان شیعە و سوننە دەگۆڕێت. پاشای ئوردون ڕایگەیاندبوو کە ئەو هیلالە دەبێتە هۆی ناسەقامگیربوونی وڵاتانی سەر کەنداوو هەموو ناوچەکە و دەبێتە مەترسی لەسەر هەموو جیهان.
بە دەسەڵات گەیشتنی شیعەکانی ئێراق تەواوکەری هیلالی نفوزی شیعە بوو کە وڵاتانی لوبنان، فەلەستین، سوریە، ئێراق، ئێران، پاکستان و ئەفغانستانی لەخۆ دەگرت.
– ئەم ڕەوتانەی هیلالی شیعە پێکدێنن کامانەن؟
سوپای قودس، حیزبوڵلای لوبنان، حەشدی شەعبی، حەماس، ئەنساروڵلای یەمەن، ڕیکخراوی بەدر، لەشکری زێنەبیون و لەشکری فاتمیون، سەرای ئەلاشتەر و سەرای ئەلموختار.
سەرای ئەلاشتەر و ئەلموختار دوو ناوی کەمتر بیستراوی هیزە ملیشیاکانی سەر بە کۆماری ئیسلامی ئێرانن. دوای سەرهەڵدانی ناڕەزایەتییەکان لە وڵاتانی عەرەبیدا کە بە بەهاری عەڕەبی ناوی دەرکرد، شیعەکانی وڵاتی بەحرەین دژی حکومەتی وڵاتەکەیان کە پاشایەتی سوننە مەزهەبە ڕژانە شەقامەکان. بۆ دامرکاندنەوەی ئەم خۆپێشاندانە، عەرەبستان هێزی سەربازی ڕەوانەی ئەو وڵاتە کرد. عەرەبستان و بەحرەین کۆماری ئیسلامی ئێرانیان بەوە تۆمەتبار دەکرد کە دەیهەوێ حکومەتی بەحرەین بڕووخێنێت و دەسەڵاتێکی شیعەی نیزیک لەخۆی لەو وڵاتە بونیاد بنێت. دواتر دەزگای سیخوڕی وڵاتانی ڕۆژئاوایی دەستیان بە هەندێک بەڵگە ڕاگەیشت کە نیشانی دەدا، سوپای پاسداران لەناو خاکی ئێران، مەشقی سەربازی بە لاوانی شیعەی بەحرەینی کردووە. دوای بڵاو بوونەوەی ئەم بەڵگانە ناوی دوو گرووپی ملیشیایی بڵاو بوویەوە کە باسکی جێبەجێکاری سیاسەتەکانی ئێران لە وڵاتی بەحرەین بوون. ناوی ئەم دوو گرووپەش سەرایای ئەلئەشتەر و سەرایای ئەلموختارە. ملیشیاکانی ئەم دوو گرووپە چەندین جار پەلاماری هێزە سەربازییەکانی مەنامەیان داوە و هەر بەم هۆیەشەوە دەوڵەتی بەحرەین لە سەرەتای ساڵی ٢٠١٧ەوە چەندین کەسی لە ئەندامانی ئەو گرووپانە لەسێدارە داوە.
ڕۆژنامەی (شپیگل)ی ئاڵمانی لە سەرووبەندی ئەم خۆپێشاندانەدا، بابەتێکی بڵاو کردەوە و تێیدا ئاماژەی بەوە کردبوو کە، سیاسەتمەدارانی ئێران لەو بڕوایەدان بەحرەین پارێزگایەکی ئێرانییە و دەبێ جارێکی دیکەش بگەڕێتەوە ژێ دەستی تاران.
“بەستێن و مەیدانەکانی ڕووبەڕووبوونەوەی جیۆپۆلتیکی ئایدۆلۆژی ئێران و عەرەبستان”
یەکەم: ڕووخانی ڕژیمی بەعس لە ئێراق لە لایەن ئەمەریکا و هاوپەیمانان و بەدەسەڵات گەیشتنی شیعە لەم وڵاتە کە تێیدا هاوکێشەی هێز بەقازانجی کۆماری ئیسلامی ئێران گۆڕدرا.
دووهەم: سەرهەڵدانی بەهاری عەرەبی و پشتیوانی کۆماری ئیسلامی لە شیعە ڕاپەڕوەکانی بەحرەین.
سێهەم: قەیرانی سوریە و هەوڵەکانی ئێران بۆ ئەوەی بەشار ئەسەد لە دەسەڵاتدا بمێنێتەوە.
چوارەم: شۆڕشی میسرییەکان و پشتیوانی ئێران لە ئیخوانییەکانی ئەم وڵاتە. لە بەرامبەردا عەرەبستان پشتیوانی لە کودەتای ئەرتەشی میسر دژ بە ئیخوان بە سەرۆکایەتی فەتاح ئەلسیسی کرد.
پێنجەم: قەیرانی یەمەن و پشتیوانی کۆماری ئیسلامی لە حوسییەکانی ئەم وڵاتە و هێرشەکانی ئەم گرووپە ملیشیاییە بۆ سەر عەرەبستان بەتایبەت دامەزراوە نەوتیەکان.
شەشەم: ڕووداوی مەنا کە تێیدا ٤٦٥ حاجی ئێران کە بۆ بەجێگەیاندنی فەریزەی حەج چووبوون بۆ مەککە کوژران.
حەوتەم: لەسێدارەدانی مەلایەکی شیعەی سەر بە ئێران بەناوی شێخ نەمر ئەلباقر لە لایەن دەوڵەتی عەرەبستان کە بوو بە هۆی ئەوەی لە تاران و مەشهەد هێرش بکرێتە سەر باڵیۆزخانەی عەرەبستان.
ئەم ڕووداوانە و چەندین ڕووداویکی دیکە گەلێک دەرکەوتەی سیاسی و ئەمنی بەدواوە بووە و کارتێکەری گەورەیان لەسەر جیۆپۆلتیکی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەجێهێشتووە.
ئاکامی لێکۆڵینەوەیەکی ئاکادمی جیۆپۆلتیکی کە لە وەرزنامەی توێژینەوەکانی جیهانی ئیسلامی ئێرانیدا بڵاوبووەتەوە، تایبەتمەندی و ئێلمانەکانی ناکۆکیە جیۆپۆلتیک ئایدۆلۆژییەکانی ئێران و عەرەبستان بەم شێوە پێناسە دەکات.
ئەلف: دابەشکردنی زەمینی و درووستکردنی هەرێمی جیۆپۆلتیکی. لە لایەک بەرەی وڵاتانی ئێراق، سوریە، لوبنان و فەلەستین بە ڕێبەری ئێران و لە لایەکیتر بەرەی کوێت، قەتەر، بەحرەین و ئیمارات بە ڕێبەری عەرەبستان.
ب: کێبەرکێی تووند بۆ پەرەپێدان بە ناوچەی نفوز و زیادکردنی هەرێمی جیۆپۆلتیکی نوێ لە هەندێک شوێنی وەک غەزە و هەروەها ئەفغانستان. یان هەوڵدان بۆ نفوز کردنە نێو هەرێمی جیۆپۆلتیکی یەکتر وەک هەوڵەکانی عەرەبستان بۆ زیادکردنی ڕۆڵی لە ئێراق یاخود کۆماری ئیسلامی و هەوڵەکانی بۆ نیزک بوونەوە لە قەتەر.
پ: فوکۆسی دوو لایەن لەسەر پەرەپێدان بە دامەزراوە سەربازییەکانیان لە دەرەوە سنووری وڵاتەکانی خۆیان و بەهێزکردنیان لە چوارچێوەی هاوپەیمانی سەربازی و ئەمنیدا.
ت: پەرەپێدان بە بەرهەمهێنان و کڕینی چەک و کەرەسەی سەربازی پێشکەوتوو. عەرەبستان لە ڕێگەی کڕینی فرۆکەی شەڕکەڕ و پێشکەوتووی ئەمەریکایی و تەرخانکردنی ١٠ لەسەدی بوودجەی گشتی ئەم وڵاتە بۆ بودجەی سەربازی. لە لایەکی دیکە کۆماری ئیسلامی بە سرنجدان بەو گەمارۆیانەی لە لایەن ئەمریکا و وڵاتانی ڕۆژئاواییەوە خراوەتە سەری، هەوڵی داوە لە ڕێگەی پەرەپێدان بە مووشەکی بالستیک و زیادکردنی کۆگای مووشەکی باڵانسی هێز لە بەرامبەر عەرەبستاندا بپارێزێت.
س: ئەنجامدانی شەڕی بەوەکالەت لە وڵاتانی سێهەم و پشتیوانی لە دەوڵەت و ملیشیاکانی سەر بە خۆیان و شکەستپێهێنان بە دەوڵەت و گرووپی لایەنی بەرامبەر.
ج: هەوڵدان بۆ ڕێبەرایەتی کردنی جیهانی ئیسلام داهاتووی ناکۆکییەکانی عەرەبستان و ئێران بەرەو کوێ؟ئێراق ڕۆژی ٣٠ نۆڤامبری ئەمساڵ کۆمیسیۆنی بەرزی هەڵبژاردنەکانی ئێراق، ئاماری کۆتایی هەڵبژاردنە پەرلەمانییەکی ئەو وڵاتەی بڵاو کردەوە.
ئەنجامی هەڵبژاردنەکان شکەستی گەورە بوو بۆ دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامی و زەنگی مەترسییەکی گەورە بۆ ئەو وڵاتە. بە پێی ئەنجامی هەڵبژاردنەکان هاوپەیمانی فەتح کە پێکدێت کە ملیشیا شیعەکانی سەر بە کۆماری ئیسلامی تەنیا ١٧ کورسی بەدەست هێنا. لە هەڵبژاردنی خوولی پێشووتری ئەو وڵاتە، هاوپەیمانی فەتح خاوەنی ٤٨ کورسی بوو و ئەمەش شکەستی گەورە بۆ کۆماری ئیسلامی ئێران بەهەژمار دێت. لە بەرامبەردا ڕەوتی سەدر بە ناوی سائیرون، کە مەلایەکی شیعەی ناسیۆنالیستە و خوازیاری چەک داماڵینی هێزە ملیشیاکانی سەر بە ئێرانە، توانی ٧٣ کورسی پەرلەمانی بەدەست بێنێت. موقتەدا سەدر دەگەڵ ئەوەی هەڵگری مەزهەبی شیعەیە، بەڵام ساڵی ٢٠١٧ سەردانی هەردوو وڵاتی ئیمارات و عەرەبستانی کرد و ئەمەش بە گووتەی چاودێرانی سیاسی سەرەتایەک بوو بۆ نیزیکبوونەوەی ئەو ڕێبەرە دینیە لەم دوو وڵاتە.
هەڵبژاردنی پێشوەختەی پەرلەمانی ١٠ی ئۆکتۆبر لە ئێراق، ئەنجامی خۆپێشاندانی بەرفراوانی خەڵکی ئێراق بوو دژی حکومەتی ئەم وڵاتە و بەتایبەت دەستێوەردانەکانی کۆماری ئیسلامی لە کاروباری ناوخۆی ئێراق. بە پێی ئەو ڤیدیۆیانەی کە لە هەواڵدەری و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاو دەبوونەوە یەکێک لە سەرەکیترین درووشمەکانی خۆپێشاندەران ئەوە بوو کە، ئێران لە ئێراق بچێتە دەر.
” لوبنان “
ڕاگەیاندنی ئەنجامی کۆتایی هەڵبژاردنەکانی لوبنان لە دوای شکەستی هێزەکانی سەر بە ئێران لە خوولی ڕابردووی هەڵبژاردنەکانی ئێراق، شۆکێکی سیاسی دیکە بوو بۆ کۆماری ئیسلامی ئێران کە تێیدا حیزبوڵلای لوبنان وهاوپەیمانەکانی زۆرینەی پەرلەمانیان لەدەستدا .لەم هەڵبژاردنە نوێیەدا حیزبوڵلای لوبنان و بزووتنەوەی ئەمەلی مەسیحی کە هەردوو ڕەوت سەر بە کۆماری ئیسلامی ئێرانن تەنیا ٦٢ کورسیان بەدەستهێنا و لە بەرامبەردا کاندیدە سەربەخۆکان و ئە هێزانەی کە دژی دەستێوەردانەکانی ئێران لە کاروباری ئەم وڵاتەن، بەشێوەیەکی بەرچاو دەنگەکانیان زیادی کردووە. بە گووتەی هەواڵدەری ڕۆیتێرز کاندیدە سەربەخۆکان کە نوێنەری بزووتنەوەی ناڕەزایەتی ساڵی ٢٠١٩ی لوبنانن و زیاتر لە لایەن حەشیمەتی لاوی لوبنان پشتیوانیان لێدەکرێت توانیویانە ١٣ کورسی بەدەست بێنن. لە لایەکی دیکە حیزبی قوات اللبنانیە سەر بە سەمیر جەع جەع، بوو بە گەورەترین نوێنەری مەسیحییەکانی ئەم وڵاتە و ٢٠ کورسی پەرلەمانی بەدەستهێنا. ئەم حیزبە وێرای دووژمنایەتیەکی تووند دەگەڵ حیزبووڵلای هاوپەیمانی ئێران، پێوەنییەکی پتەوو قووڵی دەگەڵ عەرەبستان هەیە.
” ئەفغانستان “
بەگەڕانەوەی دووبارەی تاڵیبان و بەدەستەوەگرتنی جڵەوی دەسەڵات لە ئەفغانستان، عەرەبستان کە بە پشتیوانی نەریتی ئەم هێزە دەناسرێتەوە، ئاهێکی دیکەی هاتووەتەوە بەر و لە ماوەی چەند مانگی خوولی نوێی دەسەڵاتداری تاڵیبان لە ئەفغانستان هەتا ئێستا، هێزە سنوورپارێزەکانی ئەفغانستان چەندین جار دەگەڵ هێزی سنوور پارێزی ئێران تووشی گرژی و ئاڵۆزی بوونەتەوە. بە گوێرەی بۆچوونی شێورمەندانی سیاسی، ئەگەری گرژی زیاتر لە نێوان حکومەتی تاڵیبان وکۆماری ئیسلامی چاوەڕوانکراوە و بە پێیەی ئەفغانستان هاوسنوور دەگەڵ ناوچە سوننەنشینەکانی ئێرانە، ئەمەش تاران دەگەڵ ئالنگارییەکی گەورە بەرەوڕوو دەکاتەوە.
“دانووستانەکانی بەغدا و شانسی چارەسەری کێشەکانی ڕیاز و تاران”
لە دوای هاتنە سەرکاری جۆ بایدن لە ئەمریکا، دانووستانی نێوان ئەم دوو ڵاتە بە ناوبژیوانی دەسەڵاتدارانی ئێراقی دەستی پێکرد و هەتا ئێستا ٥ خوولی ئەم دانووستانانە بەڕێوە چووە. سەرەڕای ئەوەی دوو لایەن زانیارییەکی کەمیان لەسەر ڕەوتی دانووستانەکان بڵاو کردووەتەوە، بەڵام مستەفا کازمی کە وڵاتەکەی بووە بە ناوەندی ناوبژیوانی لە نێوان تاران و ڕیاز، لە دیمانەیەکدا دەگەڵ ڕۆژنامەی ئەلسەباح ، باسی لەوە کردووە کە گەشبینە بەوەی ڕیاز و تاران لە داهاتوویەکی نیزیکدا پێوەندییەکانیان دەگەڵ یەکتری دەستپێبکەنەوە. هەر لەم پێوەندییەدا باس لەوە دەکرێت لە دوایین خوولی دانووستانەکاندا بڕیار لەسەر ئەوە دراوە کە هەردوو لایەن شاندی نوێنەرایەتی بنێرنە لای یەکتری.
ئەنجام
ئەمەریکا نەیتوانیوە لە ململانێکانی نێوان عەرەبستان و ئێراندا بەتایبەت لە پرسی هێرشی مووشەکی حوسییەکانی یەمەن بۆ سەر ڕیاز لە ئاستی چاوەڕوانیەکانی ڕیازدابێت و بە دەرهێنانی ناوی حوسییەکانی یەمەن لە لیستی گرووپە تیرۆریستییەکان، بێ متمانەیی دەسەڵاتدارانی عەرەبستان بە ئەمریکا تەشەنەی سەندووە. سەبارەت بە کۆماری ئیسلامی ئێرانیش وەک لەسەرەوە ئاماژەی پێکرا، ئێران لە ئێراق ولوبنان لە لایەک تووشی دژکردەوەی خەڵکی ناڕازی ئەم وڵاتانە بووەتەوە و لە لایەکی دیکە، هاوپەیمانەکانی سەنگی جارانیان نەماوە. هەر بۆیەش شیمانە دەکرێت دانووستانەکانی ڕیاز و تاران بەردەوام بن و جارێ زوویە بۆ ئەوەی بڕیار لەسەر ئاکامی ئەم وتووێژانە بدرێت کە پێوەستن بە دەیان ئەگەری سیاسی ناوچەیی و جیهانی و ویست و چاوەڕوانییەکانی دوو لایەن لەیەکتری.