“ڕزگارکردنی دڵی حکومەت”
پەیوەندی کاریگەر لە هەرە گرنگترین ڕەگەزەکانی هەر ڕێکخراوێک یا دامەزراوەیەکدایە. هەروەک چۆن دڵ، کاری پەمپکردنی خوێن لە جەستەدا دەکات، ڕەوتی تەندروستی کارلێککردن و فیدباکیش، دڵنیایی و گەرەنتی دینامیزم و گەشانەوە و سازگاری و مانەوەی ڕێکخراوەکان دەدات. کاتێک ئەم ڕێڕەو و ڕێگایانە بەهۆی هۆکارە مرۆییەکان، شێوازی بەڕێوەبردن، پێکهاتە، کولتوور، یان ژینگەی فراوانترەوە پەکیان دەکەوێت و تێکدەچن، “جەڵتەی ڕێکخراوەیی” ڕوودەدات:- دۆخێک کە تێیدا ڕەوتی زانیاری و کارلێککردن بە ڕادەیەک تێکدەچێت کە تەندروستی و کاریگەری ڕێکخراوەکە دەخاتە مەترسییەوە. لێرەدا زۆر بە کورتی لە چەمکی مۆدێڵی جەڵتەی ڕێکخراوەیی ورد دەبینەوە و بە پشتبەستن بە لێکۆڵینەوەکانی ئەم دواییە، ئەزموونە جیهانییە سەرکەوتووەکان، و واقیعەکانی کەرتی گشتی لە هەرێمی کوردستانی، چوارچێوەیەک بۆ دەستنیشانکردن و ڕێگریکردن و چارەسەرکردنی سستبون و تێکچوونەکانی پەیوەندی و کارلێککردن دەخەینەڕوو کە هەڕەشە لە دینامیزم و گەشەکردن و ئەرکی پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییەکانی ڕێکخراوە حکومییەکان دەکەن.
“تێگەیشتن لە جەڵتەی ڕێکخراوەیی”
هاوشێوەی هاوتا بایۆلۆژییەکەی، جەڵتەی ڕێکخراوەیی لە ئەنجامی گیران یان تێکچوون یا لە کارکەوتنی ڕێڕەوی گرنگ و هەستیاری پەیوەندییەکان دروست دەبێت. لە دەزگاکانی حکومەتدا، ئەم ڕێگا یا ڕێڕەوانە ( پەیوەندی و کارلێکی فەرمی و نافەرمی لە نێوان کارمەندان، بەڕێوەبەران و لایەنە پەیوەندیدارە دەرەکییەکان) لەخۆدەگرن. ئاڵۆزی بیرۆکراسی حکومی، بڕیاردانی پلەبەندی و ئاڵەنگارییەکانی خزمەتگوزاری گشتی، مەترسییەکانی ئەم چەشنە لەکارکەوتن و تێکچوون و بەربەستانە زیاد دەکات. زاراوەی “جەڵتەی ڕێکخراوەیی” ئاماژەیە بۆ ئەو قۆناغانەی کە تێیدا ڕەوتی ئاسایی زانیاری، هاوکاری و لێپرسینەوەی ڕێکخراوەیی تێکدەچێت- دەبێتە هۆی وەستان، ململانێی ناوخۆیی، کەمبوونەوەی داهێنان و لەدەستدانی متمانەی گشتی. ئەمەش دەتوانێت لە ئەنجامی تێکەڵەیەک لە داینامیکی ناوخۆیی و فشارە ژینگەییەکان بێت.
“فاکتەرە سەرەکییەکان کە دەبنە هۆی گیران یا لەکارکەوتن و تێکچوون بریتین لە”
بەپێی لێکۆڵینەوەکان ئەم هۆکارانەی خوارەوە ڕۆڵێکی سەرەکی دەگێڕن لە دروستبوونی ئەم تێکچوونانە:-
کێشەکانی پەیوەندیکردن:- نەبوونی شارەزایی و لێهاتوویی، پاڵنەر، ئیرادە یان دەرفەتی پێویست بۆ کارلێکی کاریگەر، دەبنە هۆی تێنەگەیشتن و بەشدارینەکردنی کارمەند.
شێوازەکانی بەڕێوەبردن:- سەرکردایەتی خۆسەپێن، کە پاڵپشت و پارێزەر نیە و هەماهەنگیش نیە، هەندێکجار بەبێ مەبەست، گفتوگۆی کراوە دەخنکێنێت و دەبێتە هۆی کێشە و ئاڵۆزی و تێکچوونی پەیوەندییەکان.
نەرم و نیان نەبوونی پێکهاتەیی:- پلەبەندییە کۆنەکان و پرۆسە نەگۆڕەکان توانای خۆگونجاندن لەگەڵ گۆڕانکارییەکانی ڕێکخراوەکە کاڵ دەکەنەوە و نایهێڵن.
درز و دابەشبوونی کولتووری:- ئەو نۆرم و بەهایانەی کە ڕێگری لە ئاڵوگۆڕی ئازاد یان داهێنان دەکەن، تەنانەت پاڵنەرترین کارمەندانیش دەکاتە بەرگریکار یان دوچاری هەڵچوون و بەرپەرچدانەوەیان دەکات.
تەحەددیاتی ژینگەیی:- گۆڕانکاری خێرای ڕێکارەکان و سیاسەتەکان، کەمیی سەرچاوە، یان قەیرانی دەرەکی (وەک نائارامی سیاسی یان پێشکەوتنە تەکنەلۆژییەکان) دەتوانن فشاری زیاتر بخەنە سەر سیستەمی پەیوەندییەکان.
“هەرێمی کوردستان؛ ئاڵەنگاری و دەرفەتەکان”
دامەزراوە حکومییەکان و ناحکومییەکان و تەنانەت کەرتی تایبەت و کۆمپانیاکان لە هەرێمی کوردستان لەژێر هەلومەرجێکی جیاواز و تایبەتدا کاردەکەن:- پەیکەری حوکمڕانی کە لەگۆڕانکاری و پێشکەوتنی بەردەوامدایە، چاوەڕوانی و ئەرکە گۆڕاوەکان و فشارەکانی لامەرکەزی یان هاوتەریببوون لەگەڵ سیاسەتە نیشتمانییەکان. لەم نێوەندەدا ئەم خاڵانەی خوارەوە گرنگن کە بە هەند وەربگیرێن و زیاتر کاری لە سەر بکرێت:-
- بیرۆکراسی ئاڵۆز:- کەڵەکەبوونی ئەرکەکان و بەرپرسیارێتییە ناڕوونەکان دەبێتە هۆی پەرتبوونی پەیوەندییەکان.
- فرەچەشنی کولتووری:- بوونی نەتەوە و زمان و پاشخانی سیاسی جیاواز کارلێکەکانی ڕۆژانە هەستیارتر دەکات و پێویستی بە گونجانی زیاتر هەیە.
- لێپرسینەوە بەرامبەر بە خەڵک:- هاووڵاتیان داوای شەفافیەت و بەشداریکردن و لێپرسینەوەی زیاتر دەکەن- کە هەندێکجار لەگەڵ پێکهاتە کارگێڕییە تەقلیدییەکاندا ناکۆکن و لە خاڵی تا ڕادەیەک بەرامبە دەردەکەوێت.
- سنووردارکردنی سەرچاوەکان:- کەمی بودجە بڕینی موچە، کێشەی سەرچاوە مرۆییەکان (سەدان کێشەی تر) و ئەگەری ڕاهێنان و گفتوگۆی ڕێکخراوەیی سنووردار دەکات.
سەرەڕای ئەم تەحەددایانە، هەرێمی کوردستان دەرفەتی زۆری هەیە بۆ بنیاتنانی میکانیزمی پەیوەندی بەهێز- بەتایبەتی لەگەڵ هاتنی نەوەی نوێی فەرمانبەرانی ڕاهێنراوی حکومی و کەرتی تایبەت و ڕێکخراوە ناحکومییەکان کە بەدوای چاکسازیدا دەگەڕێن.
“نیشانە و دەرئەنجامەکانی جەڵتەی ڕێکخراوەیی”
ئەو ڕێکخراوانەی بەدەست “جەڵتەی ڕێکخراوەیی” دەناڵێنن، نیشانەی ئاشکرایان هەیە:-
خاوی بڕیاردان:- خراپی پەیوەندیکردن دەبێتە هۆی دواکەوتن و وەستان لە جێبەجێکردنی بڕیارەکاندا.
زیادبوونی ململانێ:- لێک تێنەگەیشتن و ململانێی نێوان کەسەکان و تەنانەت فەزیحەی گشتی زیاد دەکات.
لەدەستدانی پاڵنەر و داتەپینی ئیرادە:- کارمەندان بێهیوا دەبن، داهێنان کەم دەبێتەوە و ئەوان بە سادەیی تەنها واجبەکە لە سەر خۆیان ناهێڵن” کارەکە ئەنجام دەدەن” و هیچی تر.
وەرینی متمانە:- پشتگوێخستن یان پشتگوێخستنی فیدباکەکانی کارمەند پەیوەندی کۆمەڵایەتی نێوان ڕێکخراوەکە و ئەندامەکانی لاواز دەکات.
ناڕەزایەتی و ڕەخنەی گشتی:- کوالیتی خزمەتگوزارییەکان دادەبەزێت و ناڕازیبوونی گشتی شەرعیەتی دامەزراوەکە دەخاتە ژێر پرسیارەوە. ئەگەر ئەم نیشانانە چارەسەر نەکرێن، دەتوانن ببنە هۆی داتەپینی ڕێکخراوەیی، لەدەستدانی بەهرە و تەنانەت شکستی دامەزراوەیی.
- دەرئەنجامی لێکۆڵینەوەکان و توێژینەوە چۆنایەتییەکان دەریدەخەن کە جەڵتەی ڕێکخراوەیی بە شێوەیەکی سەرەکی لە ئەنجامی کەڵەکەبوونی چەند هۆکارێک دێتەکایەوە:-
نەبوونی لێهاتوویی ڕەفتاری:- نەبوونی ڕاهێنانی گونجاو لە پەیوەندیکردن، فیدباک و چارەسەرکردنی ناکۆکییەکان لە نێوان کارمەندان و بەڕێوەبەران.
پشتبەستنی زۆر بە کەناڵە فەرمیەکان:- بەکارهێنانی تەنیا کتێبی ڕێنمایی و نامەنووسی ئیداری، بەبێ ئەوەی کەش و شوێنی پێویست بۆ گفتوگۆی نافەرمی و ئازادانەی نێوان بەشەکان دەستەبەر بکرێت.
نەبوونی سەرنج و قەدرزانی:- نەبوونی ئاماژە سادەکانی وەک ستایشکردن، بەشداریکردن لە بڕیاردان، یان گوێگرتنی هاوسۆزی و هەروەها پێزانین دەبێتە هۆی نەمانی پاڵنەر و ئیرادە.
میکانیزمی ناکاریگەرەکانی فیدباک:- ئەگەر کارمەندان هەست بکەن فیدباکەکانیان پشتگوێ دەخرێن یان تەنانەت سزا دەدرێن بە هۆیەوە، ئەوا پاڵنەریان نابێت بۆ دەربڕینی بۆچوونەکانیان.
بێتوانایی لە خۆگونجاندن لەگەڵ گۆڕانکاری:- ئەو پەیکەر و چوارچێوانەی کە پێشتر کاراییان هەبوو، ڕەنگە چیتر بۆ کەرتی گشتی دینامیکی و هەمیشە لە گۆڕانی ئێستاکە و ئەمڕۆدا نەگونجێن.
یەکێک لە دۆزینەوە گرنگەکانی توێژینەوەکان ئەوەیە کە یەکەم نیشانەکانی تێکچوون یا جەڵتەی دامەزراوەیی یا ڕێکخراوەیی زۆرجار لە کارلێکەکانی ڕۆژانەدا دیارە و دەردەکەوێت یان هەستی پێدەکرێت:- بێدەنگی لە کۆبوونەوەکان، پەیوەندی ڕووکەش یان پەرەسەندنی هەڵوێستی “ئێمە و ئەوان” لە نێوان بەشەکاندا.
“ستراتیژییەکانی خۆپاراستن و ڕێگریکردن و چاکبوونەوە”
مۆدێلی جەڵتەی مێشکی ڕێکخراوەیی تەنها ئامرازێک نییە بۆ تێگەیشتن لە تێکچوونەکان و کەموکوڕییەکان، بەڵکو ڕێگاکانی خۆپاراستن و چاکبوونەوەش پێشنیار دەکات. باشترین پراکتیزە جیهانییەکان بریتین لە:-
١-بڕەودان و پێشخستنی کولتووری (پەیوەندی کراوە).
- هاندانی گفتوگۆ:- بەڕێوەبەران پێویستە دەرفەتی بەردەوام و سەلامەت بۆ کارمەندان دابین بکەن بۆ دەربڕینی بۆچوون و نیگەرانییەکانیان.
- بەرەوپێشبردنی گوێگرتنی چالاک:- ڕاهێنان و فێرکردنی بەڕێوەبەران لە گوێگرتنی چالاک و هاوسۆزی دەتوانێت تێنەگەیشتنەکان کەم بکاتەوە و نیشانی کارمەندان بدات کە بەهایان هەیە.
- قەدرزانینی سەرکەوتنە بچووکەکان:- دەستنیشانکردن و ڕێزلێنان لە هەوڵەکان- تەنانەت بچووکترین هەوڵەکانیش- مۆڕاڵ بەرز دەکاتەوە و بەهای هەموو بەشدارییەک نیشان دەدات.
٢-پێکهاتەی گونجاو و نەرم و نیان.
- کەمکردنەوەی پلەبەندییە ناپێویستەکان:- لابردنی چینە ناپێویستەکان لە بڕیارداندا پەیوەندیکردن و پرۆسەی پەیوەندی ئاسان دەکات و خێرایی وەڵامەکان زیاد دەکات.
- تیمی نەرم و نیان:- پێکهێنانی تیمی کارای نێوان بەشەکان ویەکەکان بۆ چارەسەرکردنی ئاستەنگە تایبەتەکان، یارمەتیدەر دەبێت لە شکاندنی دیوار و بەربەستەکان و هاوبەشکردنی زانست و زانیاری دەدات.
- تەکنەلۆژیای پەیوەندی:- بەکارهێنانی پلاتفۆرمی دیجیتاڵی بۆ پاراستنی پەیوەندی، تەنانەت لە ئۆفیسە دوورەکان یان بەشە جیاوازەکانی ڕێکخراوەکە.
٣-وەبەرهێنان لە پەرەپێدانی سەرچاوە مرۆییەکان.
- ڕاهێنانی لێهاتوویی و کارامەیی:- وۆرک شۆپی بەردەوام لەسەر پەیوەندیکردن، دانوستان و ژیری یا زیرەکی سۆزداری وا دەکات ڕێکخراوەکە خۆڕاگر بێت بەرامبەر بە بەربەستەکان و تێکچوونەکان.
- بەرنامەکانی چاودێری و سەرپەرشتی و ڕێنمونیکردن:- هاوتا و هاوتەریبوونی کارمەندانی بە ئەزموون لەگەڵ تازەهاتووان نەک تەنها گواستنەوەی زانیاری تەکنیکی بەڵکو نهێنی هاوکاریش ئاسان دەکات.
٤-هەستیاری بە ژینگە و لایەنە پەیوەندیدارەکان(خاوەن بەرژەوەندییەکان).
- فیدباکێکی بەردەوام:- دامەزراندنی میکانیزمی فیدباکەکانی ناوخۆیی و دەرەکی یارمەتیدەرە بۆ دەستنیشانکردنی خێرای گیروگرفت و بەربەستەکان.
- پلاندانانی سیناریۆ:- ھاوشێوەکردنی وەڵامەکان یا کاردانەوەی قەیرانەکان یان گۆڕانکارییە گەورەکان، لاوازییەکانی تۆڕی پەیوەندییەکان ئاشکرا دەکات پێش ئەوەی کێشە ڕاستەقینەکان یا قەیرانەکان سەرهەڵبدەن.
- پەیوەندیکردن لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارە دەرەکییەکان (خاوەن بەرژەوەندییەکان):- هێنانەکایەوەی تۆڕ و تۆڕسازی لەگەڵ دەزگاکانی تری حکومەت، ڕێکخراوە ناحکومییەکان یان خەڵک،کەناڵەکانی زانیاری فراوانتر دەکات.
“تایبەتەمهندییەکانی کوردستان”
لە هەرێمی کوردستان چاکسازییە پێشکەوتووەکان و هاوکارییە نێودەوڵەتییەکان دەستکەوتی بەنرخی لێکەوتۆتەوە:-
- پلانی هاوبەش:- بەشداریکردنی ستاف لە هەموو ئاستەکاندا لە پرۆسەکانی پلاندانان هەم تیشک دەخاتە سەر زانیاری ناوخۆیی و هەم هەستکردن بە خاوەندارێتی و پاڵنەر زیاد دەکات.
- دەستپێشخەرییەکانی شەفافییەت:- بڵاوکردنەوەی بڕیارەکان، پێوەرەکانی پلەبەرزکردنەوە، یان هۆکارەکانی گۆڕانکاری گەورە لە سیاسەتدا متمانەی گشتی زیاد دەکات و ئەگەری هەڵە تێگەیشتن کەمدەکاتەوە.
- بەهادان بە فرەچەشنی:- داننان و قەدرزانینی فرەچەشنی کولتووری و زمانەوانی دەتوانێت ببێتە هێزێک نەک سەرچاوەی ململانێ.
- فێربوونی بەردەوام:- گۆڕینی هەموو هەڵەیەک بۆ دەرفەتی فێربوون- نەک لۆمەکردن و بەدوای هەڵەکارگەڕان-شێوەی بەرگریکارانە کەمدەکاتەوە و کراوەیی زیاد دەکات.
ئەم هەوڵانە کاتێک زۆرترین سەرکەوتن بەدەست دێنن کە سەرکردایەتییەکی پابەند و نمونەیی لە هەموو ئاستەکاندا و سیاسەتی ڕوون و سەرچاوەی پێویست لەگەڵیدا بن.
“نەخشەڕێگای داهاتوو بۆ دامەزراوەکان لە هەرێمدا”
بۆ ڕێگریکردن جەڵتەی ڕێکخراوەیی یا چاککردنی، پێویستە بەڕێوەبەرایەتییەکان و دامەزراوەکان لە ئەم خاڵانەی خوارەوە لەبەرچاو بگرن:-
١-هەڵسەنگاندنی بەردەوام:- هەڵسەنگاندنی (تەندروستی پەیوەندییەکان) بە بەکارهێنانی ڕاپرسییە بێناوەکان، چاوپێکەوتنەکان و پێداچوونەوە بە ئەدای کارکردن.
٢-وەبەرهێنان لە کارامەییەکان:- پێویستی بە پەیوەندی نێوان کەسەکان و چارەسەرکردنی کێشەکان و ڕاهێنانی کاری تیمی هەیە بۆ هەموو کارمەندەکان.
٣-دامەزراوەییکردنی فیدباک:- دروستکردنی ڕێوشووێن و دەرچە و کەناڵی پارێزراو بۆ دەربڕینی نیگەرانییەکان یان پێشنیارەکان بەبێ ترس لە کاردانەوەکان.
٤-پەسندکردنی تەکنەلۆژیای دیجیتاڵی:- تەکنەلۆژیا بەکاربهێنە بۆ زیادکردنی شەفافیەت و ئاسانکاری پەیوەندییەکان- بە تایبەت لە ژینگە فرە زمانی و پەرشوبڵاوەکانی جوگرافی.
٥-بەهێزکردنی بەڕێوەبەرانی ناوەڕاست:- دابینکردنی ئەو ڕاهێنان و دەسەڵاتەی کە پێویستە بۆ بەڕێوەبەرانی ناوەڕاست بۆ ئەوەی گۆڕانکاری کولتووری لە “ناوەڕاستی ڕێکخراوەکەوە” بباتە پێشەوە.
٦-هاوتەریبی بەها و ئەدا:- دڵنیابوون لەوەی کە بەها ڕاگەیەندراوەکانی ڕێکخراوەکە (هاوبەشی، ڕێزگرتن، خزمەتگوزاری) لەگەڵ پراکتیکەکانی ڕۆژانەدا هاوتەریبن.
٧-چاودێریکردن و ئاهەنگگێڕانی پێشکەوتن:- پێوانەکردنی پێشکەوتن لە کوالیتی پەیوەندییەکان، ئاهەنگگێڕانی سەرکەوتنەکان، و گشتاندن و هاوبەشکردنی وانەکانی فێربوو لە سەرانسەری بەشەکاندا.
لە کۆتاییدا دەبێ بووترێت کە مۆدێلی جەڵتەی مێشکی ڕێکخراوەیی چوارچێوەیەکی بەنرخە بۆ تێگەیشتن لە لاوازییەکان و هەروەها توانای ڕێکخراوە حکومیی و ناحکومییەکان لە هەرێمکی کوردستان و هەموو جیهاندا. بە تێگەیشتن لە تۆڕی ئاڵۆزی ئەو هۆکارانەی کە کاریگەرییان لەسەر پەیوەندییەکان هەیە و بە چاودێریکردنی بەردەوامی تەندروستی ئەم کەناڵانە، دامەزراوە گشتیەکان دەتوانن دڵنیابن و گەرەنتی ئەوە بکەن کە (لێپرسراو و پابەندبوو و شایستەی متمانەی گشتی) دەمێننەوە. سەرکردایەتی، کولتوور، پێکهاتە و ژینگە هەموویان ڕۆڵ دەگێڕن؛ بەڵام لە سەرووی هەمووشیانەوە ئەوە پابەندبوونە بە پەیوەندییە مرۆییە بەردەوامەکانەوە کە دڵی ڕێکخراوەکە بە زیندووی دەهێڵێتەوە. بەهیوام کە بەرپرسانی ئیداری ئاورێکی جیدی لەم چەمکە هەستیارە بدەنەوە بۆ ڕێگریکردن لە پەککەوتنی دامەزراوەکان و گەیشتن بە ئاست و ستانداردە جیهانییەکان لە بەدامەزراوەیی بوون لە هەرێمدا.