بۆ تێگەیشتن لە ڕیشە قووڵەکانی نایەکسانی کە کۆمەڵگە مرۆییەکانی ئەمڕۆی تەنیوە، یانیس ڤارۆفاکیس، ئابووریناس و بیرمەندی یۆنانی، بانگێشتمان دەکات بۆ گەشتێک بەناو مێژووی ئابووری و تەکنۆلۆژیادا، گەڕانەوەیەک بۆ ئەو خاڵە وەرچەرخانە چارەنووسسازەی بۆ یەکەمجار تۆوی نایەکسانی سیستەماتیکی چاند. لەدیدی ڤارۆفاکیسدا، بە شێوەیەکی سەرنجڕاکێش لە کتێبی «تەکنۆ-فیوداڵیزم؛ ئەوەی سەرمایەداری کوشت» و «لەبارەی ئابوورییەوە بۆ کچەکەم دەدوێم» و کارەکانی تریدا دەیخاتەڕوو، نایەکسانی دیاردەیەکی سرووشتی یان هەڕەمەکی نییە، بەڵکو دەرئەنجامێکی لۆژیکی و مێژووییە کە ڕەگەکانی دەگەڕێتەوە بۆ شۆڕشی کشتوکاڵی و دەرکەوتنی چەمکی «زیادە». ئەم زیادەیە، نەک تەنها خۆراک، بەڵکو توانای کۆنترۆڵکردنی سەرچاوە و کاری کەسانی تر بوو، کە بناغەی سەرەکی نایەکسانییە. ڤارۆفاکیس جەخت لەوە دەکاتەوە بۆ زۆربەی مێژووی مرۆڤایەتی، لە سەردەمی کۆمەڵگەکانی ڕاوچی-کۆکەرەوەدا، نایەکسانییەکی بەرچاو بوونی نەبوو. ئەمە نەک لەبەر ئەوەی مرۆڤەکان لە سرووشتدا یەکسانیخواز بوون، بەڵکو لەبەر ئەوەی هیچ میکانیزمێکی کاریگەر بۆ بەرهەمهێنان، کۆگاکردن و، کۆنترۆڵکردنی «زیادە»ـی بەرچاو و بەردەوام لە ئارادا نەبوو. کاتێک بەرهەمی ڕۆژانە تەنها بەشی پێداویستییە هەنوکەییەکان دەکات، کەڵەکەبوونی سامان و دەسەڵات لەلایەن کەمینەیەکەوە ئەستەم دەبێت. مانەوەی تاک بەند بوو بەمانەوەی کۆمەڵگە و، هاوکاری و دابەشکردنی سەرچاوەکان (هەرچەندە کەمیش بووبن) ستراتیژی سەرەکی بوون بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی سەختییەکانی ژیان. چەمکەکانی وەک موڵکایەتی تایبەتی زەوی، قەرزی بەردەوام و، کرێی کار بەو شێوەیەی ئەمڕۆ دەیانناسین، یان بوونیان نەبوو یان زۆر لاواز و کاتی بوون.
خاڵی وەرچەرخانی گەورە، بەپێی شیکارییەکەی ڤارۆفاکیس، نزیکەی ١٢ هەزار ساڵ لەمەوبەر بوو لەگەڵ شۆڕشی کشتوکاڵیدا. توانای چاندنی زەوی و بەخێوکردنی ئاژەڵ بۆ یەکەمجار ڕێگەی خۆشکرد بۆ بەرهەمهێنانی خۆراک زیاتر لە پێویستی ڕۆژانە. ئەم «زیادەیە» بووە بنەمای مادی بۆ گۆڕانکارییەکی بنەڕەتی لە کرۆکی کۆمەڵایەتی، سیاسی و، ئابوورییدا. زیادە تەنها خۆراکی زیاتر نەبوو؛ بەڵکو بریتیبوو لە توانای کۆکردنەوە، کەڵەکەکردن و، لە هەمووی گرنگتر، کۆنترۆڵکردنی سامان و دووبارە دابەشکردنەوەیان. کێ کۆنترۆڵی ئەم زیادەیەی دەکرد، دەیتوانی کۆنترۆڵی ئەوانی تریش بکات. لێرەوە دەرگاکانی نایەکسانی سیستەماتیک کرانەوە:- نایەکسانی لە نێوان ئەوانەی خاوەنی زەوی و کۆگاکان بوون و ئەوانەی هیچیان نەبوو؛ نێوان ئەوانەی فەرمانیان دەرکرد و ئەوانەی گوێڕایەڵ بوون؛ نێوان ئەوانەی کەڵەکەیان دەکرد و ئەوانەی قەرزدار دەبوون. بەڵام دەرکەوتنی زیادە بە تەنها بەس نەبوو بۆ چەسپاندنی نایەکسانییەکی بەردەوام و ئاڵۆز. ڤارۆفاکیس جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە کۆمەڵێک «تەکنۆلۆژیای کۆمەڵایەتی»ـی نوێ داهێنران یان پەرەیان پێدرا کە ئەم زیادەیەیان کردە ئامرازێکی کاریگەر بۆ دەسەڵات و کۆنترۆڵ:–
١- نووسین:- وەک ئامرازێکی بنەڕەتی بۆ ژمێریاری و تۆمارکردن سەریهەڵدا. تۆمارکردنی ئەوەی کێ چەندی بەرهەم هێناوە، کێ چەندی لە کۆگادایە و، گرنگتر لە هەمووی، کێ چەندی قەرزدارە، بووە یەکەم ئامرازی بەهێز بۆ چەسپاندنی مافی موڵکایەتی (بەتایبەت موڵکایەتی ئەبستراکت وەک قەرز) و جیاکردنەوەی خاوەنەکان لە ناخاوەنەکان و ئەوانەی خاوەنیان نییە. ئەوانەی توانای خوێندنەوە و نووسینیان هەبوو و دەستیان بەسەر تۆمارەکاندا هەبوو، دەسەڵاتێکی نوێ و گەورەیان بەدەستهێنا.
٢- قەرز و پارە:- زیادە ڕێگەی خۆشکرد بۆ سەرهەڵدانی قەرزی سیستەماتیک. جووتیارێک کە ڕووبەڕووی ساڵێکی وشکەساڵی یان هەر نەهامەتییەکی تر دەبووەوە، ناچار دەبوو قەرز بکات، زۆرجار بە سوویەکی قورس. ئەم پەیوەندییە قەرزییە بووە بنەمای دروستبوونی پەیوەندییەکی ناهاوسەنگی دەسەڵات تێیدا قەرزدار دەکەوتە ژێر ڕکێفی قەرزدەرەوە. پارە، سەرەتا لە شێوەی کاڵای بەهادار (وەک خوێ، سەدەف، یان کانزا بەنرخەکان) و دواتر وەک سکەی ستاندارد و پاشان وەک نیشانەی ئەبستراکتی وەک دراوی کاغەزی و دیجیتاڵی، پەرەیسەند بۆ ئاسانکردنی ئاڵوگۆڕ، پێوانەکردنی بەها و، کەڵەکەکردنی سامان. بەڵام لە هەمان کاتدا بووە ئامرازێکی یەکجار بەهێز بۆ کەڵەکەبوونی سەرمایە و چڕبوونەوەی سامان لە دەستی کەمینەیەکدا و، ئاسانکردنی پرۆسەی قەرزدان و قەرزدارکردن.
٣- دەوڵەت و بیرۆکراسی:- کۆنترۆڵکردنی زیادە، پاراستنی کۆگاکان، جێبەجێکردنی گرێبەستەکان بەتایبەت قەرزەکان، پاراستنی مافی موڵکایەتی و، ڕێکخستنی کۆمەڵگەیەکی ئاڵۆزتر، پێویستی بە هێزێکی ناوەندی و ڕێکخراو هەبوو. دەوڵەت وەک دامەزراوەیەک بۆ بەڕێوەبردنی ئەم ئەرکانە سەریهەڵدا، لەگەڵیدا بیرۆکراسی بۆ بەڕێوەبردن، تۆمارکردن و، باج وەرگرتن و هێزی سەربازی بۆ پاراستنی ناوخۆیی و دەرەکی و زۆرجار بۆ فراوانخوازی. دەوڵەت، ڕەنگە لە سەرەتادا وەک پێویستییەکی کۆمەڵایەتی بۆ ڕێکخستن دەرکەوتبێت، زۆر بە خێرایی بووە ئامرازی دەستی ئەو چینە نوێیەی کە کۆنترۆڵی زیادەیان کردبوو، بۆ چەسپاندنی دەسەڵاتی خۆیان، سەپاندنی یاسا بە قازانجی خۆیان و، پاراستنی سیستمی نایەکسانی لەڕێگەی بەکارهێنانی کۆکردنەوەی توندوتیژی شەرعییەوە.
ڤارۆفاکیس تێپەڕین لە فیوداڵیزمەوە بۆ سەرمایەداری وەک گۆڕانکارییەکی بنەڕەتی لە شێوازی بەرهەمهێنان و نایەکسانییدا دەبینێت، بەڵام جەخت لەوە دەکاتەوە جەوهەری نایەکسانی واتە دابەشبوونی کۆمەڵگە بۆ خاوەن و ناخاوەن، بەردەوام بوو و تەنانەت قووڵتریش بووەوە. لە فیوداڵیزمدا، نایەکسانی ڕاستەوخۆ و ئاشکرا بوو؛ جووتیاران بە زەوییەوە بەسترابوونەوە و ناچار بوون بەشێکی زۆری بەرهەمەکانیان بدەن بە ئاغاکان. لەگەڵ سەرهەڵدانی سەرمایەدارییدا، بە تایبەتی دوای شۆڕشی پیشەسازی، دوو وەرچەرخانی گەورە و گرنگ ڕوویاندا:- یەکەم، بەکاڵابوونی زەوی، جووتیارانی لە زەوی دابڕی و ناچاریکردن ڕوو لە شارەکان بکەن. دووەم، بەکاڵابوونی کار، تێیدا مرۆڤەکان ناچار بوون توانای کارکردنی خۆیان وەک کاڵایەک لە بازاڕدا بفرۆشن بە خاوەنکارەکان و سەرمایەدارەکان لە بەرامبەر کرێیەکدا. ئەم ئازادییە نوێیەی کرێکار لەوەی بە زەوییەوە نەبەسترابووەوە، لە ڕاستییدا ئازادییەکی ڕووکەش بوو، چونکە تاکە بژاردەی بۆ مانەوە فرۆشتنی هێزی کاری بوو لە بازاڕێکدا کە تێیدا هاوسەنگ هێز بە شێوەیەکی بنەڕەتی لە قازانجی سەرمایەداردا بوو. بەم شێوەیە، کۆمەڵگەی بازاڕ، کە تیۆریسیانە لیبراڵەکان وەک لوتکەی ئازادی و یەکسانی دەرفەت وێنای دەکەن، لە دیدی ڤارۆفاکیسدا بووە میکانیزمێکی نوێ و زۆر کاریگەرتر بۆ بەرهەمهێنانەوە و قووڵکردنەوەی نایەکسانی. قازانج دەبێتە ئامانجی سەرەکی بەرهەمهێنان، لە بنەڕەتدا لەو بەها زیادەیەوە دێت وا کرێکار بەرهەمی دەهێنێت و سەرمایەدار دەستی بەسەردا دەگرێت.
لە سەرمایەداری مۆدێرندا، بە تایبەتی لە قۆناغی داراییکراودا قەرز ڕۆڵێکی ناوەندی و چارەنووسساز دەگێڕێت لە پرۆسەی کەڵەکەبوونی سەرمایە و زیادکردنی نایەکسانی. ڤارۆفاکیس، بەتایبەت لە شیکارییەکانیدا بۆ قەیرانی دارایی ساڵی ٢٠٠٨ و قەیرانی یۆرۆ، نیشانی دەدات کە چۆن سیستمی بانکی تایبەت توانای دروستکردنی پارەی لە نەبوونی هەیە لە ڕێگەی پێدانی قەرزەوە و، چۆن ئەم پرۆسەیە دەبێتە هۆی دروستبوونی بڵقی ئابووری و زیادبوونی قەرزەکان چ قەرزی تاکەکان، چ قەرزی کۆمپانیاکان، چ قەرزی دەوڵەتان. کاتێک ئەم بڵقانە دەتەقن، زۆرجار بارگرانییەکە دەکەوێتە سەر شانی باجدەران و هاووڵاتیانی ئاسایی لە ڕێگەی سیاسەتی سکهەڵگوشین و ڕزگارکردنی بانکەکانەوە، لە کاتێکدا ئەوانەی لە سەرەوەی سیستمی داراییدان زۆرجار قازانجەکانیان پارێزراو دەبێت یان تەنانەت سوود لە قەیرانەکە وەردەگرن. ئەم میکانیزمە، لەگەڵ نەبوونی سیستمێکی جیهانی کاریگەر بۆ ڕیسایکلکردنی زیادە لە نێوان وڵاتانی خاوەن زیادە و وڵاتانی خاوەن کورتهێناندا وەک لە ناوچەی یۆرۆدا بە ڕوونی دەرکەوت، دەبێتە هۆی قووڵبوونەوەی نایەکسانی نەک تەنها لەناو وڵاتاندا، بەڵکو لە نێوان وڵاتانیشدا.
لە شیکارییە هەرە نوێیەکانیدا، ڤارۆفاکیس ئارگۆمێنتێک پێشکەش دەکات کە سەرمایەداری کلاسیک، بەو شێوەیەی لەسەر بنەمای بازاڕ و قازانج دامەزرابوو، خەریکە جێگەی خۆی دەدات بە سیستمێکی نوێ و مەترسیدارتر، ناوی دەنێت «تەکنۆ-فیوداڵیزم». لەم سیستمە نوێیەدا، سەرچاوەی سەرەکی دەسەڵات و نایەکسانی چیتر تەنها خاوەندارێتی ئامرازەکانی بەرهەمهێنان کارگە و ئامێرەکان نییە، بەڵکو کۆنترۆڵکردنی پلاتفۆرمە دیجیتاڵییەکانە و ئەو ژێرخانە ئەبستراکتانەی زۆربەی چالاکییە ئابووری و کۆمەڵایەتییەکانی ئێمەی لەسەر بەڕێوەدەچێت وەک گۆگڵ، فەیسبوک، ئینستاگرام و ئێکس، ئەمازۆن، مایکرۆسۆفت. ئەم «سەرمایەی هەوری»یە جۆرێکی نوێ لە «کرێی دیجیتاڵی» دروست دەکات. خاوەنەکانی ئەم پلاتفۆرمانە، ڤارۆفاکیس بە «ئاغاکانی هەور» ناویان دەبات، دەتوانن بەها دەربهێنن نەک تەنها لە ڕێگەی فرۆشتنی ڕاستەوخۆی کاڵا و خزمەتگوزارییەوە، بەڵکو لە ڕێگەی کۆنترۆڵکردنی دەستگەیشتن بە بازاڕە دیجیتاڵییەکان، کۆکردنەوە و فرۆشتنی داتای بەکارهێنەران، شێواندنی هەڵسوکەوتی بەکارهێنەران و، وەرگرتنی بەشێک لە قازانجی ئەو سەرمایەدارە کلاسیکیانەی ناچارن لە ڕێگەی پلاتفۆرمەکانی ئەوانەوە کاربکەن. ئەمە دەبێتە هۆی دروستبوونی جۆرێکی نوێ و چڕتر لە نایەکسانی، کە تێیدا کەمینەیەکی زۆر بچووک (ئاغاکانی هەور) دەسەڵاتێکی ئابووری و سیاسی بێوێنەیان بەسەر زۆرینەوە هەیە، کە زیاتر وەک «خزمەتکاری دیجیتاڵی» کار دەکەن، بەرهەم دەهێنن و، داتا دروست دەکەن لەناو ئەم فیۆداڵیزمە تەکنۆلۆژییە نوێیەدا، بێ ئەوەی خاوەنی ئەو بەهایە بن کە دروستی دەکەن. سیاسەتەکانی بانکی ناوەندی بەتایبەت دوای قەیرانی ٢٠٠٨ بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ یارمەتیدەر بوون لە هەڵئاوسانی بەهای ئەم سەرمایە هەورییە و قووڵکردنەوەی ئەم نایەکسانییە نوێیە.
پەیامی بنەڕەتی ڤارۆفاکیس ئەوەیە نایەکسانی، لە هەر قۆناغێکی مێژووییدا، دەرئەنجامێکی حەتمی و نەگۆڕی سرووشتی مرۆڤ یان پێشکەوتنی تەکنۆلۆژیا نییە. بەڵکو دەرئەنجامی هەڵبژاردنە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکانە سەبارەت بە چۆنیەتی ڕێکخستنی بەرهەمهێنان، چۆنیەتی دابەشکردنی زیادە چ کشتوکاڵی، چ پیشەسازی، چ دیجیتاڵی و، چۆنیەتی داڕشتنی یاسا و دامەزراوەکان. لە سەردەمی کشتوکاڵییەوە تا سەردەمی تەکنۆ-فیوداڵیزم، شێوازەکان و میکانیزمەکانی نایەکسانی گۆڕاون، بەڵام بنەماکەی، بریتییە لە کۆنترۆڵکردنی زیادە لەلایەن کەمینەیەکەوە و بەکارهێنانی ئەو کۆنترۆڵە بۆ چەسپاندنی دەسەڵات و کەڵەکەبوونی زیاتر و، ەک خۆی ماوەتەوە. تێگەیشتن لەم ڕیشە مێژوویی و سیاسییانە، بە دیدی ڤارۆفاکیس، تەنها شیکارییەکی ئەکادیمی نییە، بەڵکو یەکەم هەنگاوی پێویستە بەرەو بنیاتنانی بەدیلێکی دیموکراتیک. ئەو بانگەواز بۆ «دیموکراسی ڕاستەقینە» دەکات تێیدا هاوڵاتیان نەک تەنها لە بواری سیاسییدا، بەڵکو لە بواری ئابوورییشدا خاوەن دەسەڵات بن، بۆ نمونە لە ڕێگەی دیموکراتیزەکردنی کۆمپانیاکان، دابەشکردنی دادپەروەرانەتری سامان وەک پێشنیازی پاداشتی بنەڕەتی گشتگیر و گەردونی لە قازانجی سەرمایەوە سەرچاوە بگرێت و، کۆنترۆڵکردنی دیموکراتیانەی تەکنۆلۆژیا نوێیەکان. تەنها لە ڕێگەی ئەم گۆڕانکارییە بنەڕەتییانەوە دەتوانرێت ڕووبەڕووی نەفرەتی نایەکسانی ببینەوە و کۆمەڵگەیەکی دادپەروەرتر و ئازادتر بنیات بنرێت.