لە ساڵی ٢٠١٥ لە گۆڤاری “The New York Times” جێنیفەر وینەر لە وتارەکەیدا بە ناوی “The pressure to look good” ئاماژەی بەوەدا کە چۆن میدیا و کۆمەڵگە فشارێکی تووند لەسەر ژنان دادەنێن، وێنایەکی نا دروستی ئەستێرە جیهانییەکان دەردەخەن. بەشێوەیەک وا دەردەکەوێت بەبێ هیچ هەوڵدان و بە ڕووکارێکی سادەوە هێشتا جوانیەکی سەرسورهێنەرانەیان هەبێت. ئەمەش بووەتە هۆی دەست بردن بۆ هەموو ئامرازە جوانکارییەکان، کە لە زۆرینەی کاتدا لەڕووی دەروونی و جەستەییەوە زیانێکی زۆری گەیاندووە. بگەڕێینەوە بۆ ساڵانی لەوە و پێش، دەرهێنەری ناسراو ‘’kim ki duk’’ لە ساڵی ٢٠٠٦ هەستا بە دەرهێنان و بڵاوکردنەوەی فیلمی ‘’Time’’. کە دەمان خاتە بەر کۆمەڵێک پرسیار لەسەر ناسنامەمان؛ ئایا ناسنامەی ئێمە هەموو ئەو شتانە دەگرێتەوە کە لە ناوەوەمان دایە، یان ڕواڵەتیشمان بەشێکی سەرەکی پێکدەهێنێت؟ بە گۆڕانکاری کردن لە ڕواڵەتمان، دەبێتە هۆی گۆڕانکاری لە ناسنامەشماندا؟ وە ئەم گۆڕانکارییە جەستەییە دەبێتە هۆی گۆڕانکاری دەروونی؟ ئەوانی دی دەتوانن کەسە “نوێ”یەکە وەک درێژەی کەسە “کۆن”ەکە پەسەند بکەن؟
کاتێک دێینە سەر باسکردن لەسەر چەمکەکانی “ڕواڵەت” “گۆڕانکاری” “سرووشتی”، “ناسنامە”…هتد هەوڵ دەدەین زیانەکان، چارەسەر و گۆڕانکاری بدۆزینەوە. بەبێ ئەوەی بگەینە بەردەم هیچ سنووردارکردنێک. بە پێچەوانەوە بە گوێرەی زیادبوونی ژمارەی ساڵەکان زیاتر تەشەنە دەکات، و بابەتەکە چیتر لە چوارچێوەی ڕواڵەتدا نەماوەتەوە. لە ڕوانگەی چەمکی “سرووشتی” بووندا دەکەوینە بەردەم دوو کاتیگۆری؛ (ڕووکەش – appearance) (خود قبوڵ بوون Self-acceptance) کاتێک دێیتە نێو دونیای مۆدێرن، لەڕاستیدا دەکەویتە بەر ململانێی مانەوەی سرووشتی بوونی یەکێک لەم دوو کاتیگۆریەوە. هێشتنەوەی ڕووکار وەک خۆی (natural appearance)، دژکاری سرووشتی بوونی “بوون”ە، بەجۆرێکی تر جەنگانە لەپێناو مانەوەی سرووشتی بوونی ناوەکی. لەباری ئاسایدا، تۆ دەبێت وەک خود هەست بە سرووشتی بکەیت، ئەمەش درێژە بەرەو سرووشتی بوونی ڕوکار دەدات. بەڵام مۆدێرنیتە ئەمەی گۆڕی، بەجۆرێک دەکەویتە بەرامبەر ڕەزامەند بوون بە یەکێکیان. واتە من بۆ ئەوەی هەست بە سرووشتی بوونی ناوەکی بکەم دەبێت دەست بەرەو ڕووکار ڕابکێشم، بەجۆرێک سرووشتی بوونی ناوەکی دەخەمە پێش ڕووکارەوە. بە پێچەوانەشەوە بۆ ئەوەی پارێزگاری لە سرووشتی بوونی ڕوخسارم بکەم، دەبێت بکەومە بەر جەنگ و ململانێی ڕۆژانەی ناوەکیەوە. ململانێ لەپێناو کپ کردنەوەی (بەراوردکاری، ڕەزامەندبوون، سەرنج، ئیرەیی، دانپێدانان، ترس، بەجێمان…هتد) لەڕاستیشدا لەنێو ئەم ململانێیە دەرونیەدا و لەنێو هەر هەڵبژاردەیەکدا دۆڕاوی سەرەکی هەر خۆتیت.
لە سیستمی ئەورۆدا، کە دەتوانین بە سیستمی “چەوسێنەر” ناوی ببەین، هەمیشە لۆمە دەخاتە سەر ئەستۆی تاکەکان، لەسەر ئەو بنەمایەی بەرپرسیارییەتی تاک خۆیەتی لە بەکارهێنان و کڕینی هەموو ئەو ئامڕازە چەوسێنەرانە (ئامڕازە جوانکارییەکان). پێیان وایە، ئەوە هەڵبژاردەی هەر تاکێک خۆیەتی ئەگەر لەنێو ئەم سیستمەدا، هەست بە خۆ بەکەمزانی بکات. کەواتە چۆن هەریەک لەم ئامڕازانە کە دەبوو بنەچەی دروست بوونی شوناس و متمانە بەخۆبوون بن، دەبنە هۆی پارێزمەند نەبوون و چەوساندنەوە؟ ئایا هەموو ئەم ئامڕازانە وەک ئامڕازی چەوسێنەر هەژمار دەکرێن؟ بەهۆی سرووشتی سیستماتیکی چەوساندنەوە، هەتاوەکوو لە وێنەیەکی فراوانتردا تەماشای نەکەین، ناتوانین دەستنیشانی بکەین. لەنێو ئەم سیستمەدا دەخرێیتە بەردەم دووڕیانێک؛ کاتێک تاکێکی نێو ئەو سیستمەیت، بۆئەوەی بژیت و سەرکەوتوو بیت پێویستە هاوکاری سیستمەکە بکەیت. لە کاتێکدا دەزانیت ئەمە هەمان ئەو سیستمەیە زیانت پێدەگەیەنێت. هەر بۆ نمونە ژنێک دەزانێت کە ئەم ئامرازە جوانکارییانە زیانی پێدەگەیەنن، بەڵام ئەگەر بەکاری نەهێنێت ئەوە نە لە کۆمەڵگەدا و نە لەنێو ژینگەی کارەکەیدا قبوڵکراو نابێت. کەواتە بۆ مانەوە ناچارە بەژداری ئەو سیستمە بکات کە زیانی پێدەگەیەنێت. بەم پێیەش بەرەنگار بیتەوە یاخود نا، هەر قوربانی سیستمەکە دەبیت. هاوشێوەی سیستمی سەرمایەداری ئەوڕۆ، لەگەڵ ئەوەی زیان بە کرێکاران دەگەیەنێت، بەڵام هەر ئەو سیستمەیە پێویستیان پێیەتی بۆ ڕایکردنی بژێوی ژیانیان. بەڵام ئەوەش دەبێت لەبەرچاو بگرین کە ئەگەر کەسێک لەگەڵ ستانداردەکانی ئەم سیستمە یەک بگرێتەوە، مانای ئەوە نییە ئەم کەسە “تاوانبار”ە بەهۆی یەکانگیری و ئەو بڕیارەی کە داویەتی. چونکە خۆی لەخۆیدا ناوەڕۆکی سەرەکی سیستمەکە ئەوەیە کە هیچ هەڵبژاردەیەکی باشت لەبەردەست نییە کە بتوانیت پەنای بۆ ببەیت. لەم بارەدا تەنها دەتوانیت هەڵبژاردەی خراپ یاخود خراپتر بکەیت، لە هەموو هەڵبژاردەیەکدا لەژێر ئەم سیستمدا بەرەنگاربونەوەمان دژی سیستمەکە لاواز دەکات.
بە گوێرەی سیمۆن دی بۆڤوار، ژنان لەڕووی کۆمەڵایەتییەوە وا پەروەردە کراون، جەستەیان وەک ئامرازێک بۆ ئازادیی ڕادیکاڵی نەبینن، بەڵکو وەک ئۆبژێکتێک کە تەرخان کراوە بۆ کەسانی دیکە. بە زانینی ئەوەی بڕیارمان لەسەر دەدرێت وەک ئۆبژێکتێک، کەوایە ئێمەش وەک ئۆبژێکتێک تەماشای خۆمان دەکەین. لەم سەردەمەدا دەمانەوێت خۆمان لەو ئازادییە ڕادیکالە قوتار بدەین، و بکەوینە چوارچێوەی پرۆژەیەکی هونەری تەواو کراو. لە وێنەی دەست بردن بۆ نەشتەرگەرییە جوانکاریەکان، بەو هیوایەی هەڵکشانی تەمەنمان ڕابگرێت. ئەمانە کۆمەڵێک ڕێگەن لەو ڕاستییە ترسێنەرە دەربازمام دەکەن، کە هەر یەکە لە ئێمە ئازاد و سەبژێکتی بەردەوام لە گۆڕانداین. لە جیهانبینی ئەفلاتونیشدا، سێ ئاستی دیاریکراو هەیە بۆ جوانی: یەکەم ئایدیای ئەبستراکت؛ کە ئەم جوانییە تەواو بێ کەموکوڕییە لە جیهانی ئایدیاکاندا، وەک لە نمونەی گوڵێکی سرووشتیدا. بەڵام لەو کاتەی گوڵیکی دەستکرد دروست دەکرێت کە وێنەدانەوەی جوانی گوڵە سرووشتییەکەیە، لادان لە ئایدیای ئەبستراکتی گوڵە سرووشتییەکە دروست دەکات. دواتر لەو کاتەی هونەرمەندێک گوڵەکە دەکێشێتەوە، دەبێتە لادان لە لادانی ئەبستراکتی فۆرمی جوانییەکە. ئەمەش هەمان شێوەی ئامڕازە جوانکارییەکانن لەو ڕۆدا. هەندێک لە ژنە چالاکوانەکان، ئەو بۆچونەیان هەیە کە هەموو ئەم ئامڕازانە لادانێکە لە وێنەیەکی ئایدیاڵی ژنێکی جوان و لە ڕاستی دوورمان دەخاتەوە. ئەو وێنەیەی کە ژنێکی بێ کەموکوری لە سۆشیال میدیا و فیلم و مەگەزینەکاندا دەیبینین بۆ خۆی لادانێکە، وە ئێستاش ئێمە هەوڵ دەدەین لەڕێی هەموو ئەم ئامڕازە جوانکاریانەوە لادان بکەین لەو لادانە.
لقەکانی فەلسەفەی فێمنستیش گەشەیان بەمە داوە، و ڕەخنەیان لە پیشەسازییە جوانکارییەکان گرتووە. ساندرا بارکی لێکۆڵینەوەیەکی فێمینیستی لەسەر مارکسیزم و دەرونشیکارەکان کردووە، ئەو بۆچونەی دەربڕیوە کە بوون بە ئۆبژێکتی سێکسی، فۆڕمێکە لە دابڕان لە خودی ڕاستەقینە بە گوێرەی جۆری ڕەگەزەکەی. وەک چۆن سەرمایەداری کرێکاران لە خودی خۆیان دادەبڕێت. بە گوێرەی ئەوەی کرێکار شتێک دروست دەکات کە هی خۆی نییە، هێز و کاتی خۆی بە شتێک دەفڕۆشێت بێ ئەوەی بتوانێت خاوەندارییەتی بکات. بەو شێوەیەش ژنان لە جەستەی خۆیان دادەبڕێن و کەسانی دیکە خاوەن داریەتی دەگرنە ئەستۆ. هەردوکیان ئەوەی هی خۆیانە وەک موڵکی کەسانی تر دەیبینن. پیشەسازییە جوانکارییەکان کە فێرمان دەکات ژنان بە جەستەیان بناسینەوە، ژنان دەخاتە ئەو قالبە فکرییەی کە هەمیشە بیر لەوە بکاتەوە چەنێک کەموکورتی هەیە، و چۆن باشتریان بکات. پێویستە خۆی بە هیچ شتێکی کە جگە لە جەستەی نەناسێنێت، وە پێویستە خۆی تەنها بەو شێوە ئایدیالەی جەستە پێناسە بکات کە دەبێت بیگاتێ. ئەمە وادەکات ژنان ئەوەندە سەرقاڵی جەستەیان بن، بە شێوەیەک چێژ ببینن لە گفتوگۆکردن لەسەر ئەو کەموکورتیانەی هەیانە. پرسیارە بنەڕەتییەکە لەوەدایە، ئاخۆ جوانی لەنێو خودی شتەکاندا بنەچەی داکوتاوە، یاخود وەک ئۆبژێکتێک تایبەتمەندییەکی بەرکەوتنگەرانەی شتە جوانەکانە؟
زۆرینەی نوسراوە کۆنەکان و چاخی ناوەڕاست جوانییان لە دەرەوەی ئەزمونە کەسییەکانی مرۆڤ داناوە. بەڵام ئەو تێڕوانینەی کە جوانی سەبژێکتیڤە، لە سەردەمی سۆفیستەکانەوە باو بووە. هیوم دێژێ: جوانی هیچ خاسێتێکی نییە لە خودی شتەکان خۆیاندا، تەنها لەنێو ئەو ئەقڵەدا بوونی هەیە کە بیری لێدەکاتەوە. هەر ئەقڵێک تێڕوانینی تایبەت بە خۆی هەیە بۆ جوانی؛ هەر تاکێک دەبێت بەرامبەر بە بیروبۆچونی خۆی قایل بێت، بەبێ ئەوەی کۆنتڕؤلی بیروبۆچونی ئەوانی دیکە بکات. کەواتە ئاخۆ جوانی شتێکی ڕاستەقینەیە یان تەنها ڕای کەسییە؟ بە گوێرەی کانت؛ ئەو حوکمەی لەسەر جوانی دەدرێت، جیاوازە لەو حوکمەی کە لە زانیارییەکەوە بەدەست گەیشتووە: کاتێک دێژین “ئەم گوڵە سوورە” توانانی سەلماندنی سوور بوونی گوڵەکە هەیە، لێ ناتوانین بکەوینە بەردەم سەلماندنی “جوان بوونی گوڵەکە”وە بە گوێرەی ئەوەی پشت بە هەستی کەسی دەبەستێت. بۆ کانت جوانی هەڵقوڵاوی هەستی شادی یاخود ئازاری ئێمەیە لە بینینی شتەکەدا، نەک لە خودی ئەو شتە خۆیدا. بەڵام خۆ ئەگەر جوانی بە تەواوەتی سەبژێکتیڤ بێت، ئەوە چەمکی “جوان” بە تەواوەتی هیچ مانایەکی نابێت، هەر بۆیە کاتێک شتێک بە جوان ناودەبەین، ئەگەری هەیە تەنها هەڵوێستەیەکی پەسەندکراوی سەبژێکتی دەرببڕین.
پێدەچێت لە ئێستادا کەڵکەڵەی جوانی هەمومان بەرەو یەک ئاڕاستە ببات، و هەڵپەی ئەوەمان بێت، کە ئەو شتەی بەلای منەوە جوانە بۆ ئەوی دیکەش پەسەندکراو بێت. بەڵام لە چوارچێوەنانی چەمکی جوانی وەک سەبژێکتیڤ، بۆ هیوم و کانت وەک گرفتێک تەماشا دەکرا؛ “خەڵکی هەمیشە مشتومڕ دەکەن لەسەر جوانی شتەکان “تابلۆ، هۆنراوە، مۆزیک..” لێ ئەگەر جوانی بەڕاستی سەبژێکتیڤ بێت، بۆچی ئەم مشتومڕانە دەکەین؟” پێیان وایە گەر جوانی بەتەواوی پەیوەست بێت بە ئەزموونی تاکە کەسییەوە، بەتەواوی لەنێو تاک و کۆمەڵگەدا بەهای خۆی لەدەست دەدات. هیوم و کانت لەڕێی ئاماژەدان بە سەلیقە، هەوڵیاندا چارەسەرێک بۆ ئەم گرفتە بدۆزنەوە. هەر کەسێک سەلیقەی تایبەت بە خۆی هەیە بۆ دۆزینەوە و ئەزمونکردنی جوانی، لێ هێشتا لە ژیانی ڕۆژانەماندا مشتومڕ دەکەین لەسەر جوانی شتەکان، بەو پێیەش سەلیقە هەم بابەتێکی کەسی و هەم گشتییە. بەڵام بۆ هیوم وکانت جوانی نە بەتەواوی کەسییە و نە گشتییە، بەڵکو شتێکە پەیوەندی بە کۆمەڵگە و کولتوورەوە هەیە. هیوم زیاتر باس لەوە دەکات کە چۆن دەتوانین سەلیقەی باش لە خراپ جیابکەینەوە. بۆ ئەو ئەو کەسانەی کە سەلیقەیەکی باشیان هەیە، کۆمەڵێک تایبەندمەندیان هەیە؛ لەڕووی ئەزموونی باش، و پراکتیک، و توانای بەراورد کردن، و ڕوونی لە بیرکردنەوەدا و بێ لایەنی. کاتێک ئەم چەشنە کەسانە لەسەر شتێک ڕێک بکەون، ئەوە دەبێتە “ستانداردی ڕاستەقینەی جوانی.”
تا سەدەی هەژدەیەم؛ زۆرینەی تێروانینە فەلسەفییەکان جوانییان وەک خاسیەتێکی ئۆبژێکتیڤ لە قەڵەم دەدا، کە لە خودی شتە جوانەکاندا یاخود لە تایبەتمەندییەکانی ئەو شتەدا جێگیریان دەکرد. ئۆگوستن دەپرسێت: داخۆ شتەکان جوانن بۆیە کەیف دەبەخشن؟ یاخود کەیف دەبەخشن بۆیە جوانن؟ لە سیمپۆزیەنی ئەفلاتون و پلۆتینیۆس لە ئینیادەکاندا جوانی بە وەڵامدانەوەی ئەشق و ئارەزووەکانەوە دەبەستێتەوە. بەڵام جوانی خۆی لە دنیای فۆڕمەکاندا دادەنێت و جوانی شتە دیاریکراوەکانیش لە بەژداریکردنیان لەو فۆڕمەدا. کاتێک دەڵێین شتێک “جوان”ە ئایا لەبەر ئەوەیە کە بەڕاستی جوانە یان لەبەر ئەوەی ئێمە هەست بە جوانی دەکەین؟ بۆ کانت، بینینی جوانی لەنێو هەر شتێکدا، دەبێت بخرێتە دەرەوەی هەر مەبەستێکی تایبەتییەوە. ڕوانین لە ژنێک تەنها بەمەبستی ئاوێتە بوون لە تەکیا، یان زەوییەک بە مەبەستی ئابوری، نامان گەیەنێت بە جوانی ڕاستەقینە. بەڵکو جوانی لە شێوە و فۆڕمی شتەکاندایە، نەک لە بەکارهێنانیاندا. کریسپین سارتویل ئاماژە بەوە دەکات، کە جوانی دەکەوێتە دەرەوەی چوارچێوەی هەر یەکە لە سەبژێکتیڤ و ئۆبژێکتیڤەوە، کە نە لەنێو کەسەکاندایە نە شتەکاندا، بەڵکو لەنێو پەیوەندییەکەیان و ئەو ژینگەیەدا کە هەردوکییان تێیدان. بۆ نموونە؛ کاتێک دەڵێین ئاسمان جوانە، تەنها گوزارشت لە هەستی خۆمان ناکەین، بەڵکو گوزارشت لە جوانی ڕاستەقینەی ئاسمان دەکەین. بەڵام خۆ ئەگەر کەس نەبێت ئاسمان ببینێت، ئیدی هیچ جوانییەک نامێنێت. بەم شێوەیە جوانی کاتێک بوونی هەیە کە ئۆبژێکتیڤ و سەبژێکتیڤ پێکەوە هەبن. وە بە گوێرەی ئەلێکساندەر نیهاماس، شتە جوانەکان بە بەردەوامی ئێمە بانگ دەکەن تا ئاویتەیان ببین. جوانی بابەتێک نییە کە یەکجار تێیبگەین، بەڵکو پێویستی بە کات و گەڕان هەیە. وە پێی وایە جوانی لە چوارچێوەیەکی کۆمەڵایەتییەوە خۆی هەلدەگرێت. ئێمە بە بەردەوامی جوانی لەگەڵ کەسانی دیکە هاوبەش دەکەین، بۆیە ئەزمونکردنی جوانی بە تەنها ئەزمونێکی کەسی نییە، بەڵکو کەسەکان و شتەکان پێکەوە پێکی دەهێنن.
ئیدمۆند بێرک دەڵێت: ” کاتێک لەبارەی جوانییەوە دەدوێم، مەبەستم لە ئەو تایبەتمەندییانەیە لە شتەکاندا، کە وامان لێدەکەن خۆشمان بوێن یان هەیەجان بین بۆیان.” لە نزیکەی هەموو چارەسەرەکانی جوانیدا، تەنانەت ئەوانەی وا دەردەکەون ئۆبژێکتیڤانە بنوارن، ساتێک هەیە کە تایبەتمەندیە سەبژێکتیڤەکانی ئەزموونی جوانی جەختیان لەسەر دەکرێتەوە: “کەیف بەخشی، سەرسوڕمان، یان ئارامی…” لە ڕوانگەی فەلسەفەی ئایدیالیستییەوە، رۆحی مرۆڤ، لەنێو جوانیدا سەرچاوە و چارەنووسی ڕاستەقینەی خۆی دەناسێتەوە. بۆ ئایدیالیستەکان، جوانی گوڵێکی سوور لەبەرئەوە نییە کە ڕەنگی سورە، بەڵکو ئەوە ڕۆحی ئێمەیە کە جوانی تێدا دەبینێتەوە. بە هەمان شێوە بۆ یۆنانییەکان، جوانی بە خۆشەویستییەوە گرێدراوە. مێژوو ڕوونە، کە بیرکردنەوەی ئایدیالیستی دەربارەی جوانی و ئەو بیرکردنەوانەی پەیوەندییان بە خۆشەویستی و ئارەزووەوە هەیە، لەگەڵ یەکدا گرێدراون. وەک هۆنراوەکەی سافۆ کە دەڵێت: “هەندێک پێیان وایە جەنگاوەران باشترینن، هەندێک سوپا، و هەندێکی تریش شتە جوانەکانی ئەم جیهانە، بەڵام من دەڵێم لە باشترین شتەکان ئەوانەن کە تۆ خۆشت دەوێن.”







































































