“دینداری لەسەر بنەمای ئەقڵ”
ئەقڵ تاكە شتێكە كە دەتوانێت دیندارییەكی كامڵ وەدەست بخات. ئەقڵ پێوەری جوانترین ئیمانە. ئەگەر دینداری بەپێی ئەقڵ بێت، ئەوە جوانترین یەكتاپەرستیی و ئەخلاق دەهێنێتە ئاراوە. چونكە ئەقڵ دۆزەرەوەی ئەخلاق و تاقانەپەرستییە. جا لەبەر ئەوەی ئەقڵ ناسێنەری خودایە. ئەگەر ئەقڵ نەبێت ئێمە ناتوانین خودا بناسین. خودا وەها ئەقڵی خوڵقاند و بە مرۆڤی بەخشی كە مرۆڤ بتوانێت بەبێ هیچ پەیامێك خودا بناسێت. ئەقڵ گەوهەری بوونی مرۆڤە. بەبێ ئەقڵ هیچ شتێك ڕەخساو نییە بۆ مرۆڤ. تەنانەت مرۆڤ ئەگەر بیەوێت كارێكی خراپ بكات، ئەوە سوود لە ئەقڵی وەهمی خۆی وەردەگرێت. بەڵام مەبەستی من لە ئەقڵ ئەقڵێكی جوان و باشە. واتە پاكیزەیە. كەوابوو ئەقڵ سەنتەری جوانترین لۆژیك و دیندارییە. ئەوەی كە فەرموودەیەك هەیە و دەڵێت: ئەگەر كەسێك ئەقڵی هەبێت ئەوە دینیشی هەیە. ئەقڵانیبوون واتە دینداربوون. بۆیە مرۆڤ چەندە خاوەنی ئەقڵانییەت و ئەقڵ بوو، ئەوا بەو پێوەرەیش خاوەنی دینە.
“دینداری لەسەر بنەمای ئیشق”
دین لەسەر بنەمای ئیشق یاخود عیرفان بریتییە لەوەی كە: دینداری ئەویندارانە بەبێ هیچ مەرج و بەندێك خوداپەرستی ئەنجام بدرێت. ئیشق سەنتەری خوداپەرستییە. خوداپەرستییەك ئەوینی تێدا نەبێت وەك بازرگانییە. ئەمەیش لە سەردەمی ئەمڕۆدا دەبینرێت. دەبینین دینداری ڕواڵەتگەرا خودای كردوە بە بازرگانێك و مامەڵەی سوود و زیانی لەگەڵدا دەكات. كەوابوو دینداری ئەویندارانە بریتییە لە ڕازیكردنی مەعشوق بەبێ هیچ بەرژەوەندییەك. واتە دینداری ئاشق تەنیا مەعشوق لە بەرچاو دەگرێت. من نمونەیەكی جوان دەگێڕمەوە كە پێشترین باسم كردووە. ناوەڕۆكی هۆنراوەیەكی سەعدی دەگێڕمەوە كە دەڵێت: پێچەوانەی ڕێگای ئاشقانە كە لە خودا شتی بەرژەوەندییان بوێت. ئەگەر چاوت بڕیوەتە ناز و نیعمەتی خودا، ئەوە لە بەرژەوەندی خۆتدا بوویت نەك خودا. جا لەبەر ئەوەی دینداری ئەویندارانە بوونییەتی خۆت فەنا دەكەیت و بوونی خودا دەهێڵێتەوە. دینداری ئاشقانە تاكە دیندارییەكە كە زۆربەی مرۆڤەكان ناتوانن ئەنجامی بدەن. لەبەر ئەوەی وابەستەیە بە ئەقڵ و مەعریفەی مرۆڤ كە: چەندە خاوەنی مەعریفەی باش بیت، ئەوا ئەوەندەیش دەبیتە خاوەنی ئەوین و عیرفان. بۆیە وەها دیندارییەك دەگمەنە و بۆ مرۆڤی ئاقڵ و ئاشق دەبێت بە مانای تەواوی وشە.
“دینداری لەسەر بنەمای ئەخلاق”
ئەم جۆرە لە دینداری زۆر وردە. ئەوەندە وردە كە تەواوی دەقی ئـاسمانی دینـەكـان دەگرێتـەوە. چونكە هـەرچی دەقـی دینی هـەیـە سەرەنجامی ئەخلاقیبوونی مرۆڤە. واتە دین پەیامی ئەخلاقی پێیە بۆ بەشەرییەت. بگەڕێ بەناو تەواوی دەقی دینیدا یەكەم پلە ئەوەیە كە خودایەكی تاقانەت پێ دەناسێنێت. دواتر سەرەتا هەتا كۆتایی بریتییە لە ئەخلاق. لە هەر شوێنێكی دەقی دینیدا هەیە سەرەنجام پێت دەڵێت چاكەكار بە. بەرامبەر بە بوون و بوونەوەر چاكەكار بە. دین و ئەخلاق دەبنە تەواوكەری یەكتر. ئەخلاق سەربەخۆیە. دین بریتییە لە پەیامی ئەخلاقی. بۆیە دەكرێت دین و ئەخلاق جوانترین مرۆڤبوونی مرۆڤ بسەلمێنن. وەك گریمانە ئەگەر كەسێك دینی نەبێت و ئەخلاقی بێت ئەوە لە بازنەی مرۆڤبووندا نابێت بكرێـتە دەرەوە. وەك گوتم پەیامی دین هەمان ئەخلاقیبوونی مرۆڤە. دین بۆ ئەوە هات ئەخلاق جوانتر و كامڵتر بكات. كەوابوو دین و ئەخلاق پەیامی چاكەكاری دەبەخشن بە مرۆڤ.
“دینداری لەسەر بنەمای مەعریفەت”
دینداری مهعریفەتگەرا چییە؟ مرۆڤی خاوەن مەعریفەت جوانترین ئەخلاق و ئیمان بەرهەم دەهێنێت. مەعریفەی دینی بریتییە لە ناسینی دەقی دینی. كەسێك كە دینناسە، ئەوە خاوەنی مەعریفەی دینییە. هەر لە مەعریفەی دینییەوەیە كە مرۆڤ دەڕوات بەرە و ئیشق و ئەخلاق و عیرفان. واتە مەعریفەی دینی دەستپێكە بۆ ڕۆیشتنە مەیدانی ئەوین و عیرفان. مەعریفەی دینی هەمیشە گۆڕانكاری بەسەردا دێت و دەقی دینیش جێگیرە. بۆیە هەرچی دیندارە و مەعریفەی هەیە بـە دیـن، ئەوە دەبێتە كۆناسی زانست و زانیاریی و كۆناسی دین یان مەعاریفی بەشەرییەت سەبارەت بە ناسینی دەقی دینی. لە ڕاستیدا مەعریفەی دینی بنەمایەكی زۆر باش و جوانە كە: مرۆڤ دەتوانێت بە مەعریفەی دینی جوانترین و باشترین هەنگاو هەڵگرێت ڕوو بە ئەوین و ئەخلاق. كۆبەندی هەر سێ بنەما وەك ڕیزبەندی بەیان دەكەم. مرۆڤ پێویستە مەعریفەی دینی هەبێت و دەقی دین بناسێت. لە ناسینی دەقی دینییەوە بەرەو عیرفانی دڵانە. لە عیرفانی دڵانەوە بەرەو مەعریفەی عیرفانی. لە مەعریفەی عیرفانییەوە بەرە و عیرفانی عیشقی كە لەسەر بنەمای مەعریفەی چاك بوونیاد دەنرێت. مەبەستم لە خودی مەعریفەیە نەك مەعریفەت بـە شتێك. لـە عیـرفانـی ئەوینییەوە بـەرەو عیـرفان ئەقڵیی و لەوێشەوە ڕوو بە فەلسەفە و ئەقڵ. كەوابوو سەرەتا ئەقڵ سەنتەرە بەسەر بنەمای ناوبراودا كە دەكاتە: مەعریفەت و ئەشق و ئەوین و ئەخلاق. مرۆڤ كە ئەقڵێكی پاكیزەی لە بوونی خۆیدا دۆزیینەوە، ئەوە دەبێتە خاوەنی زاراوە ناوبراوەكانیش.
“ڕێزی مرۆڤ”
لەناو كتێبدا یاخود لـە زاری فەیلەسوفـەوە ئەگەر جوێن بدرێـت یاخود بنووسرێت و هەر حوكمی جنێوی هەبێت وەك قسەی نابەجێ، ئایا چ حوكمێكی دیكەی هەیە؟ بەگشتی ئەم بابەتە كە: جوێندانە بـە بـەرامبەر، ئەوە زیاتر دەڕواتە بواری ئەخلاق و دینەوە نەوەك بڕواتە بواری فەلسەفەوە. بەڵام فەلسەفە و دین و ئەخلاق پێكەوە ئاوێتەیان دەكەم و وەڵامی پرسیارەكەت دەدەمەوە. جوێندان بە كارێكی نائەخلاقی هەژمار دەكرێت. واتە ئەوەی كە كەسی جوێندەر لە زارییەوە شتی نابەجێ دێتە دەرەوە، ئەوە مامەڵەیەكی نائەخلاقی ئەنجام داوە. كەواتە بۆچی دەبێت مرۆڤـ خۆی بپارێزێت لەم كارە نائەخلاقییە كە جوێندانە؟ بێگومان ئەگەر بەكورتی باسی ئەخلاق بكەم بۆت ئەوەیە كە: ئەخلاق پێك دێت لە: دادپەروەری، ویژدان، ڕاستگۆیی، درۆ نەكردن، پاراستنی مافی خەڵكی، وەفاداری….هتد. كەواتە ئەگەر وشەی نەشیاو بەرامبەر بە تۆ بەكار بهێنم ئەوە لایەنی كەرامەت و حورمەتی تۆم نەپاراستووە. بۆیە مرۆڤی باوەڕدار پێویست دەكات خۆی دوور بگرێت لە وشەی نەشیاو. واتە جوێندان. ئەمەیش دەگەڕێتەوە بۆ چ شتێك كە مرۆڤەكان جوێن دەدەن؟ دەگەڕێتەوە بۆ نەبوونی ئەقڵ و مەعریفەت. ڕیشەی هەموو خراپەكارییەك نەزانینە بە گوتەی حەزرەتی عەلی. كەواتە من ئەگەر بە ئەقڵ بجووڵێمەوە لەگەڵ بەرامبەر، یاخود ئەگەر ئەقڵ بكەمە سەنتەری كاروبارەكانم، ئەوە بێگومان وەها كارێكی خراپ ناكەم. ئەم پرسیارە گرێ نادەم بە كەسایەتی فەیلەسوفەوە. لەبەر ئەوەی فەیلەسوفە كە هەموو كارەكانی بە ئەقڵانی هەژمار دەكرێن. كەواتە بوونی فەیلەسوف هەم ئەقڵانییە و هەمیش ئاوەزمەندە و ئاگاییی هەیە بەو شتەی كە لە زارییەوە دێتە دەرەوە. بۆیە من چاوەڕێ ناكەم لەوەی كە زاری فەیلەسوف بە جوێندان بكرێتەوە، چونكە كەلامی ئەو هەمیشە ئەقڵانییە. كاتێك كەلامی ئەقڵانیی بوو، ئەوە هەرچی بڵێت باشەیە. بەڵام سەبارەت بەوەی كە لەناو كتێبدا وشەی نەشیاو هەبێت، ئەوە بێگومان هەیە، بۆ نمونە شەڕی نێوان فەلسەفە و دین.
فەلسەفە و دین بە بۆچوونی دیندارە ڕواڵەتبینەكان، كە هەركەس بۆ خۆی هەڵدەستێت پەرتووكێك دەنووسێت و لە دژ یەكتر ڕادەوەستن و ئەم ئەو بە ناهەق دادەنێت و ئەویش ئەم بە ناهەق دادەنێت و بگرە لێرەشەوە سەر ڕابكێشێت بۆ وشەی نەشیاو. بەڵام بەگشتی من نەمدیوە لەناو كتێبدا وشەی نەشیاو بەكار بهێنرێت. مەگەر ئەو ساتە نەبێت كە مرۆڤـ كارێكی نائەقلاقی كردبێت. سەبارەت بەوەی كە جوێندان چ حوكمێكی دیكەی هەیە. جوێندان هەر ئەو حوكمە نائەخلاقییەی هەیە. بۆ نمونە ئەگەر تۆ جنێوت پێ بدەن، ئەوە بەپێی ئەو ئیمانەی لە دڵتا هەیە، دەبێت وەڵامیان نەدەیتەوە. كەواتە كەسی باوەڕدار خراپە بە خراپە وەڵام ناداتەوە. لە سەردەمی پەیامبەری ئازیزدا لەنێوان كافر و باوەڕداردا ئەم جنێودانە باو بووە. دواتر ئایەتێك، یاخود وەحیی هاتووەتە خوارەوە بۆ پەیامبەر كە: ئەی باوەڕدارەكان ئێوە جنێو مەدەن بە بتی كافرەكان، لەبەر ئەوەی ئێوە ئەگەر جوێن بدەن بە بتەكانیان، ئەوە ئەوانیش جنێو دەدەن بە خودای ئێوە. ئەمەش ئایەتی قورئانی پیرۆزە كە پڕە لە حیكمەت و زانست. واتە ئەگەر منی باوەڕدار جنێو بدەم بە كەسێك كە كافرە، واتە جنێو بدەم بە بتەكەی كە دەیپەرستێت، ئەوەش بەهۆی ئەوەی كە ئەقڵ بەكار ناهێنێت و تووشی بتپەرستی هاتووە، ئەوە هەمان جنێوم پێ دەداتەوە. كەواتە وا باشترە من بێدەنگ بم و وەڵامی نەدەمەوە.
پرسیارەكە بۆیە دەڕواتە بواری دین و ئەخلاقەوە، لەبەر ئەوەی منی تاك كاتێك كە حەز دەكەم حورمەت و كەرامەتم پارێزراو بێت و كەس وشەی نەشیاوم پێ نەڵێت، ئەوە دەبێت لـە ڕووی ئـەخـلاق و عەدالەتەوە، پێشم خۆش بێـت وشەی نەشیاو بەكار نەهێنم بۆ بەرامبەرم. لەبەر ئەوەی بە گوتەی فەیلەسوفێكی ئەخلاقی، كانتی ئەڵمانی وەڵامت دەدمەوە و ئیتر فەزای پرسیارت بۆ دەهێڵمەوە.
كانت دەڵێت:- ئەگەر ئاسمان چەسپی زەویی ببێت، ئەوە دەبێت كەرامەت و حورمەتی مرۆڤـ پارێزراو بێت. حورمەتی مرۆڤـ بە جوێندان لەكەدار دەبێت. بۆیە دەبێت وەها باوەڕێكمان هەبێت كە وشەی نەشیاو بەكار نەهێنین بۆ بەرامبەر. خودا خۆی كەرامەتی پێ بەخشیوین بە گوتەی قورئان. كەواتە دەبێت هەم كەرامەت و حورمەتی خۆمان بپارێزین هەمیش حورمەت و كەرامەتی ئەوانی دیكە.