ئەو گرێ دەروونی و ژیانە سەختەی بە منداڵی بەرۆکی گرتبووی. ڕزگاربوویت لێی؟
محەمەد شوکری:- گرێکان لە منداڵییەوە تا مردن هاوەڵیمان دەکەن، وای بۆ ناچم لەو گرییانە ڕزگارم بووبێت، لەگەڵماندا دەژین و تا کۆتاییەکەی لە ناخماندا دەمێننەوە. مرۆڤی وەکو من بە خوودان بە نووسین یان پەنا بردنە بەر دەروونشیکاری خۆشیان چارەسەر بکەن، هێشتا بەتەواوی لەو گرییانە خاڵی نابنەوە و ڕزگاریان نابێت. ئەم گرێیانە ئەمەندە بەشێوەیەکی توند ڕەگی داکوتاوە، دژوارە مرۆ خۆی لێ ڕزگار بکات و مەحفی بکات.
لە گفتوگۆکردنم لەگەڵ تۆدا، ئەوەم لا دروست بوو کە تۆ زیاتر لە ئەدەبی ڕۆژاوادا قووڵ بویتەتەوە. لەگەڵ ئەدەبی عەرەبیدا هاوکۆک نیت؟
محەمەد شوکری: لەڕاستیدا خوێنەرێکی باشی ئەدەبی عەرەبی نیم.
بۆچی؟
محەمەد شوکری:- چون ئازادم ناکات، بەدەم سرووشتی سەرکەشیمەوە نایەت. ئەدەبی ڕۆژاوا، لە گوزارشتکردنی مرۆ لەژیان و بووندا زیاتر ئازادترن و بەگژدا دەچنەوە، ئەمە لە کاتێکدایە کە هێشتا ئەدەبی عەرەبی لە نووسین و گوزارشتدا، ئازاد نییە. کتێبی عەرەبی هێشتا بۆ ئازادبوون لە سێ چەمکەکەدا دەجەنگن. ئەوانیش: سیاسەت، سێکس و ئایینە.
بەڕێز شوکری. دەمەوێت بپرسم بۆچی دەنووسن؟
محەمە دشوكری:- بەشێک لەشارستانییەتی مرۆڤ کتێبە، منیش دەمەوێت وەکو مرۆڤێک خۆم بسەلمێنم. نەتەوەش بە ئەدەب و خوێنەرەکانی و زاناکانییەوە دەناسرێتەوە.
نووسین لە کولـلەمەرگی ڕزگاری کردیت؟
محەمەد شوكری:- ئەگەر خۆم بخستبایەتە ژێر دەستی دەروونشیکارێک، وەکو نووسین نەیدەتوانی ئازادم بکات و چارەسەرم بکات.
ناترسی پێش ئەوەی، کە دەتویست لە مەیدانی کتێبدا بەدەستی بهێنیت، بەدی نەهێنی و بمریت؟
محەمەد شوکری:- خوودی مردن نامترسێنێت، بەڵکو ڕێگەی بەرەو مەرگ دەمتۆقێنێت. ڕێگای مەرگ لە خوودی مردن تۆقێنەرتر و سامناکترە. وەکو ئەپیكۆر دەڵێت: مادام دەژیم، مردن ترسی نییە. کە مردیشم هەست بە هیچ ناکەم. ئەم قسانەشم تەنها دڵنەواییە.
ئێستاکە کە تەمەنت ٦٥ ساڵە بیری مردن یەخەت ناگرێت؟
محەمەد شوکری:- لەڕاستیدا هێشتا تەمەن یەخەی نەگرتبووم، کە مردن هەر چوار لای لێ گرتم، هەستم بە جۆرێک لەتەنهایی و دوورەپەرێزی دەکرد. زۆرێک لەوانەی کە ئاشنایان بووم و خۆشم ویستن و لەگەڵیاندا جووت بووم، یان مردوون یاخود زۆر لە من پیرتر بوون، یاخود کۆچیان کردووە، یاخود زەبری دەروونی و دارایی یەخەی گرتوون. پێنج ساڵ پێش ئێستا کە تەنانەت بۆ نیو کاتژمێر دەڕۆشتم بۆ قاوەخانەی کاربری، هەرئەوەنەم دەزانی چواردەورم بە پێنج شەش کەس قەرەباڵغ دەبوو، وەلێ لەم دوایەدا سێ کاتژمێر لەو قاوەخانەیەدا دانیشتم و لە ماوەی دانیشتم کەسێک تێنەپەڕی بیناسم. بڕوا بەمە دەکەی؟ هەرخۆی ئەمە جۆرێکە لە مردن.
ئایا دروستە کاتێک پیتەر ئۆین (خاوەن بڵاوکراوەیەکی ئینگلیزییە) کاتێک داوای لێکردی “نانی ڕووت” بنووسیت و پۆڵ بووڵز بۆ زمانی ئینگلیزی وەریبگێڕێت. تۆ یەک دێڕیشت لێ نەنووسیبوو؟
محەمەد شوکری:- بەڵێ، دروستە.
لە دیدارێکتدا لەگەڵ گۆڤارێکی عەرەبی باس لەوە دەکەیت کە “لاوازی مرۆڤ، لەخۆشەویستیدایە، کە هەریەک لە ئێمەی ژن و پیاو دەگرێتەوە”؟
محەمەد شوکری:- دروستە، خۆشەویستی مرۆڤ لاواز دەکات، هەندێک جاریش وردوخاشی دەکات.
هەمیشە بیرۆکەی هاوسەرگیری و منداڵت ڕەتکردووەتەوە. هۆکارەکەی بۆ سەقامگیری داهێنان لەناختدا دەگەڕێتەوە، یاخوود هەستەکانت تەنها بەشی خۆت دەکات؟
محەمەد شوکری:- بە ئازادی و بەبڕیاری خۆم، لەگەڵ کتێبدا هاوسەرگیریم کرد. ئەمەش بەمانای ئەوە نایەت کە من دژی ژن یان پڕۆسەی هاوسەرگیری بم، ئەمە شتێکی تایبەتییە نە زیاتر نە کەمتر. ڕەتکردنەوەی هاوسەرگیری بۆ دووشت دەگەڕێنمەوە:-
یەکەم:- من لەناو خێزانێک کە لەلایەن باوکەکەوە بەرانبەر خۆم و خوشک و براکانم و دایکم تووندوتیژی دەکرا، ژیاوم. پەروەردە دڕندانەکەی باوکم بۆمایەوە، لەباوکایەتی و هاوسەرگیری دەترسام، بۆ ئەوەی هەمان ئەتوارەکانی باوکم دووبارە نەکەمەوە، ڕقم لە بوون بە باوکایەتی بوو.
دووەم:- ژیانم بە ئێستاشەوە جێگیر نییە. ئەم هۆکارەیان بۆ سەرکەوتنی پەیوەندی نیوان ژن و مێرد دەبێت فەراهەم بێت، وەلێ لەپێناو نووسین و خوێندنەوە، ژن و خێزانەکەم کرد بە قوربانی.
کەی نانی ڕووت قەدەغەکرا؟
محەمەد شوکری:- سەرەتای ساڵی ١٩٨٣
بڕیاری قەدەغەکردنی لە دەرئەنجامی بڕیارێکی فەرمی لە بەرپرسانەوە هات؟
محەمەد شوکری:- بەپێی ئەو بەدواداچوونانەی خۆم کە کردم، بڕیارەکە نە لەلایەن دەسەڵاتی بەرپرسەوە هات نە لە دەرەئەنجامی بڕیارێکی فەرمیش بوو، بەڵکە لە دەرئەنجامی فشاری کۆنەپەرستان بەبیانووی “تێکدانی گەنجان” بۆ سەر چاودێرەکان هاتبوو.
خاڵی هاوبەش لەنێوان تۆ و ژان ژینییەداهەیە:-
نانی ڕووت و ڕۆژەکانی دزێک، هەردووک سەربووردەیەکی بوێر و ڕاستگۆیانەیە. لەیەکەمیاندا منداڵێکی بێلانەی تەنجە هەیە، لە دووەمیشیاندا پاڵەوانێکی بێلانەی شەقامەکانی پاریس هەیە. هەردووک دزیانکردووە و ژیانێکی دژوار ژیاون. ئەمە چۆن دەبینی؟
محەمەد شوکری:- ئەمە تێبینیەکی بلیمەتانەیە، هەر بەڕاستی خاڵی هاوبەشمان هەیە. هەردووکمان بەسواڵکەری و بێلانەیەی و بە دزی ژیاوین، وەلێ بێگومان هەر جیاوازییەک هەیە. من لەبەر تێرکردنی سکم پەنام بردە بەر دزی، وەلێ ئەو بۆ بەگژداچوونەوەی کۆمەڵگەیەکی بێ بەزەیی وایدەکرد. بۆیە دەستی دایە نووسین، چون پێی وابوو کتێب لە حوکمی هەتاهەتایی زیندان ڕزگاری دەکات. هەر بەڕاستیش کاتێک ژان پۆڵ سارتەر و کۆکتۆ و ئەندری ماڵرۆ و پیکاسۆ لێی هاتنە وەڵام، ئەمە ڕوویدا.
نیگەران نیت لە هەندێک وڵاتی عەرەبی ناوت لە لیستی ڕەشدا دانراوە؟
محەمەد شوکری:- من برای هەرکەسێکم کە دژایەتی کردووم و دەیکات. هێشتا کاروانەکە دوورە. وەستان پشووە نەک بێ ئومێدی، لەوانەشە بۆ ئەوە بێت بزانین کێ لەگەڵمانە و کێ لە دوامانەوەیە. پێشەوە بۆ هەمووانە، ئامانجیش ئەوەیە هەرکەس پەی پێدەبات، پەی پێ بردووە.
سەربووردەی ئێدوار سەعید بەناوی “لەدەرەوەی شوێن” ڕەتکردنەوەی زۆرێکی بەدوای خۆیدا هێنا. بەڕای تۆ بۆچی خەڵکی عەرەب ڕاستگۆیی لە کتێبەکاندا ڕەتدەکاتەوە؟
محەمەد شوکری:- ئەوەی ئێمەی بەرەو بێ ئومێدی بردووە و لەمپەر بووە لەبەردەم بەرەوپێشچوونی فکر و داهێنان لە هەموو ئاستێکدا، ناڕاستگۆییە لە جیهانی عەرەبیدا. لەنێو واقعدا نە بەپێوەین نە بەپیادە دەڕۆین، بەڵکە بە گاگۆڵکێ دەڕۆین.
کاتێک لە زانکۆی ئەمریکی لە قاهیرە “نانی ڕووت” قەدەغەکرا. نەجیب مەحفوز لەبارەی ئازادیت لەڕاستگۆیی نووسینی سەربووردەکەت، بەدەنگەوە هات و بەرگری لێکردی. هیچ لێدوانێکت بۆ ئەم هەڵوێستەی نەجیب مەحفوز هەیە؟
محەمەد شوکری:- بە هەڵوێستی نەجیب مەحفوز زۆر دڵخۆشبووم، هەڵوێستێکی بوێرانە و جوامێرانە بوو. جەختی لە بڕوابوونی بە داهێنان و ئازادی دەکردەوە. قسەکانی بەرگرییەک بوو بۆ ئەو کتێبانەی قەدەغە دەکرێن. هاندانێکیش بوو بۆ من تاوەکو بەردەوام بم لە ئەدەبدا.
چی دەڵێی دەربارەی محەمەد زەفزاف؟
محەمەد شوکری:- هاوڕێی تەمەن و نووسەرێکی گەورەیە. دەستی بە جودایی خۆی لە نووسیندا گرتووە، کتێبەکانیم بەدڵە و خوێنەری هەموویم. کار لەدوای کار لە داهێنانی خۆیدا قووڵ دەبێتەوە. زەفزاف دەرهەقی ئەو دۆسییانەی کە لە پیناویدا دەجەنگێ بەوەفا بوو، ئەوەی هەڵبژارد کە لەبارەیانەوە بنووسێت. وێڕای نەخۆشییەکەی، وەلێ تا ئێستا دەیەوێت زیاتر لەوەی بەدی هێناوە، بەدیبهێنێت.
دوای سی ساڵ دوورکەوتنەوە لە حەرەمی کتێب و نووسیندا. دەمەوێت بپرسم لە کاروانی ئەدەبیت ڕازیت؟ ئەوانەی نووسیوتن لێی ڕازیت؟
محەمەد شوکری:- ڕەزابوونم لە کتێبەکانم، لە فرۆشی کتێبەکانمەوە دێت. هەر بەرهەمێکی نوێم هەبێت، وەکو نان دەفرۆشرێت. خواست لەسەر کتێبەکانم هەیە و هەر ئەمەش واملێدەکات شێتانە لە نووسین بەردەوام بم.
چاوت بە ساموێل بێکێت و ئەلبێرتۆ مۆراڤیا کەوتووە. ئەوانت چۆن بینی؟
محەمەد شوکری:- لەساڵی ١٩٧٣ لە تەنجە چاوم بە ساموێڵ بێکێت کەوت، دوورە پەرێز بوو، حەزی بە تەنهایی بوو، ڕای خۆی دەربارەی هیچ شتێک نەدەدا. ئەمما ئەلبێرتۆ مۆراڤیا، لەساڵی ١٩٧٩ چاوم پێیکەوت و هیچ شتێکمان نەوت شایەنی باسکردنبێت.
سەرچاوە: حوارات مع محمد شكري/ حسن بيريش.
وەرگێڕانی: مەدینە ئەحمەد