ده‌روونشیكاری چاره‌سه‌ری نه‌زانین ده‌كات، نه‌ك گه‌مژه‌یی”
“جاك لاكان”
ئه‌مڕۆكه چه‌ندێك مرۆڤ له‌به‌رده‌م هه‌واڵی ساخته و شێواندنی هه‌قیقه‌ت و ڕاستیدایه، هێنده‌یش له‌به‌رده‌م دژهكهیدایه، ئه‌وه‌نده‌یش ده‌توانێ به‌شوێن هه‌قیقه‌ت و ڕاستی و هه‌واڵی دروستدا بڕوات، ده‌رفه‌ت و ئامڕازه‌كان زۆرن بۆ لێ وردبوونه‌وه و ئازادانه بیركردنه‌وه و پشتڕاستكردنه‌وه‌ی كارێك یان هه‌واڵێك، ئه‌گه‌ر مرۆڤێك گیرۆده‌ی ده‌ستی فێربوونی زمانێك بێت به‌هۆی نه‌بوونی سه‌نته‌ر و ناوه‌ند و نه‌بوونی سه‌رچاوه‌وه، ئه‌مڕۆكه كه‌ره‌سته‌كانی فێربوونی زمان له ژماره‌ی ناوه‌نده‌كان زیاتر به‌رده‌ستن، هه‌ر شه‌پۆلێكی دیجیتاڵی یان بیرۆكه و ڕه‌فتارێك دێته ناو كۆمه‌ڵگه و نه‌ریته‌وه دژه‌كه‌ی له‌گه‌ڵ خۆیدا هه‌ڵده‌گرێت، ئه‌مڕۆكه پانتاییه‌كی فراوان له هه‌موو بواره‌كاندا هه‌یه، ئێمه ده‌توانین زانیاریمان ده‌رباره‌ی ته‌ندروستی خۆمان و ڕاستی و دروستیمان چنگ بكه‌وێت، به‌م شێوه‌یه‌یی هه‌ر شه‌پۆلێك دژه‌كه‌ی له‌گه‌ڵ خۆیدا هه‌ڵگرتووه مرۆڤ خۆی سه‌رپشك ده‌كات له به‌دواداچوونیدا، مرۆڤ ده‌خاته به‌رده‌م به‌رپرسیارێتییه‌كی زیاتره‌وه، له‌وه‌ی پێشتر به ئاماده‌یی له‌سه‌ر خوانێك ڕێسا و یاسا و هۆشمه‌ندی و بیركردنه‌وه‌ی خراوه‌ته به‌رده‌م، تا چه‌ند پانتایی ده‌رفه‌ته‌كان زیاتربن، شێواز و جۆره‌كانی گه‌مژه‌یی فراوانتر و ئهكتهكانی زیاتر ده‌بن.
گه‌مژه‌یی له پێناسه ساده و گشتییه باوهكهیدا كارێك یان كرده‌یه‌ك ده‌گه‌یه‌نێت، كه‌سێك بڕیارێكی هه‌ڵه‌ده‌دات، كارێكی هه‌ڵه ده‌كات، په‌یڤێكی له زار ده‌رده‌چێ و دواتر پێی وایه كارێكی گه‌مژانه بووه، له‌ده‌م ده‌رچوونێكی گه‌مژانه بووه، ئاوه‌ڵناوی گه‌مژه‌یی هه‌میشه له كارێكدا خۆی دیوه‌ته‌وه؛ كه‌سێكیش گه‌مژه بووه كه سه‌رجه‌می كاره‌كانی ژیانی ڕۆژانه‌ی بۆخودی خۆی ئه‌وانی دیكه هه‌ڵه و نادروست و ساویلكانه بووه، بۆیه گه‌مژه‌یی ته‌نها له‌یه‌ك بوار و كاری تایبه‌تدا نییه، له هه‌موو ڕه‌فتار و بیركردنه‌وه‌كاندا هه‌یه، ڕاڤه‌كردنی گه‌مژه‌یی په‌لێكی له‌ناو دهروونشیكاریدایه و په‌لێكی دیكه‌ی له‌ناو فیكردایه، بۆ تێگه‌یشتن و لێ ووردبوونه‌وه له كه‌سی گه‌مژه. بۆ نمونه ڕۆژانه هه‌مووان به‌ر زانیاری ته‌ندروستی ده‌كه‌وین و ده‌زانین “بێ خه‌وی و كه‌م خه‌وی” ده‌ردێكی كوشنده‌یه و كاریگه‌ری به‌سه‌ر كۆی گشتی ئه‌ندامه‌كانی جه‌سته‌وه هه‌یه، له‌هه‌موویشی كاره‌ساتتر ئاسه‌واری خراپ و وێرانكاری به‌سه‌ر یاده‌وه‌ری و مێشك و بیركردنه‌وه و تێڕوانین و تێگه‌یشتنی مرۆڤه‌وه هه‌یه، ئه‌گه‌ر كه‌سێك زیانه‌كانی بزانێ و سیسته‌می خه‌وتنی ڕێك نه‌كاته‌وه، ناكرێ پێی بگووترێت گه‌مژه؟ واتا گه‌مژه‌یی له ئاگاییه‌وه دێت، ئێمه زانیاری پێشوه‌خته‌مان ده‌رباره‌ی هه‌یه. كاركردی گه‌مژه‌یی هه‌میشه مرۆڤانێك ئه‌نجامی ده‌ده‌ن ئه‌وانه‌ن پێیان ده‌وترێت “ژیر- ئاقڵ”، چونكه ئه‌وه‌ی به‌خشراوه له‌ناو كۆمه‌ڵگه ناسراوه، دیاره چاره‌سه‌ری نیه و ده‌زانرێ به دیاریكراوی كه چ گرفتێكی ئه‌قڵی و ده‌روونی هه‌یه، به‌ڵام گه‌مژه‌یی هه‌میشه به ئاگاییه‌وه ئه‌نجام ده‌درێت، مرۆڤ چه‌ندێك له ژێر فشاری سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تی و دینی و نا-دینی بێت بۆ هه‌وڵی به گه‌مژه كردنی ئه‌وه‌نده‌یش و زیاتر به‌ره‌نگاری پێ ده‌كرێت ڕێگه نه‌درێ گه‌مژه بكرێت، گه‌مژه‌یی له‌گه‌ڵ نه‌زانیندا جیاوازه، هه‌ردووكیان له ئاگاییه‌وه دێن، نه‌زان هه‌میشه پاش كردنی كارێك له نه‌زانینه‌وه نایكاته‌وه و ئه‌گه‌ر دووباره بوویه‌وه ده‌بێته گه‌مژه‌یی، گهمژهكانیش هه‌میشه مرۆڤی ڕێز لێ‌گیراو بوون و وه‌ك نه‌زانێك به ئومێدی فێربوونیان هاوكارییان ده‌كرێت، تێ‌یان ده‌گه‌یه‌ندرێ، ئاگادار ده‌كرێنه‌وه، له قسه و گوفتار و ڕه‌فتار و بیركردنه‌وه‌ی، به‌رچاو ڕوونی پێده‌درێت، به‌ڵام ته‌ماشا ده‌كه‌یت له بنه‌ڕه‌تدا گه‌مژه‌یه نه‌ك نه‌زان بێت.
چاره‌سه‌ری گه‌مژه‌ییش ته‌نها ده‌ست لێ به‌ردار بوونی كه‌سی گه‌مژه‌یه و ده‌بێ لێی گه‌ڕێی هه‌ر گه‌مژه بێت، “نیچه” ده‌یگوت ” ئه‌گه‌ر كه‌سێك به مه‌به‌ستی خۆ فڕێدانه خواره‌وه له‌سه‌ر خه‌ره‌ندێك وه‌ستابوو، ده‌بێ تۆ ئه‌وه چاكهیهیی له‌گه‌ڵدا بكه‌یت و پاڵێكی پێوه بنێیت بكه‌وێته خواره‌وه، نه‌ك ڕزگاری بكه‌یت”. چاره‌سه‌ری كاری گه‌مژانه و مرۆڤی گه‌مژه ده‌بێ ئه‌و چاكهیهیی له‌گه‌ڵدا بكه‌یت و لێی بگه‌ڕێیت هه‌ر گه‌مژه بێت، ئه‌و جۆره له گه‌مژه‌یی كه له ئاگاییه‌وه دێت هیچ چاره‌سه‌رێكی ده‌روونی و فیكری نییه، ده‌روونشیكاری فه‌ڕه‌نسی “جاك لاكان” ده‌یگوت “ده‌روونشیكاری چاره‌سه‌ری نه‌زانین ده‌كات نه‌ك گه‌مژه‌یی”. بۆیه ئه‌مڕۆكه گه‌مژه‌یی بووه‌ته جۆرێك له بژارده‌ی خودی، نه‌ك بیرۆكه و چه‌مكێك بێت و به زۆر به‌سه‌رتدا بسه‌پێنرێت. په‌ندێكی كۆنی ئینگلیزی ده‌ڵێت؛ گفتوگۆكردن له‌گه‌ڵ مرۆڤی گه‌مژه، وه‌ك یاری شه‌تره‌نجه له‌گه‌ڵ كۆترێكدا، چونكه پارچه‌كان تێكده‌دات و ده‌ڕوات، دواتریش بانگه‌شه‌ی ئه‌وه ده‌كات براوه بووه. بۆیه له‌گه‌ڵ مرۆڤی گه‌مژه‌دا ئێمه ده‌سته‌وه‌ستانین، بێ ده‌نگ و كپین، بێ به‌رگرین، له پاڵ هه‌موو ده‌رده‌سه‌رییه‌كانی ئه‌مڕۆكه‌ی مرۆڤی شل و ناجێگر و بێ متمانه‌دا گه‌مژه‌یی جۆرێكی دیكه‌ی ده‌ردی مرۆڤ و هه‌تا به‌ڵایه‌كی گه‌وره‌یشه. دوو ساڵ به‌ر له هاتنه سه‌ر حوكمی “هیتله‌ر” له ئه‌ڵمانیادا؛ سه‌رده‌مێكی تاریكی په‌یوه‌ندییه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان باو بوو، تیۆلۆجیست و مامۆستای زانكۆ “دیتریش بۆنهۆفهر” به ته‌ماشاكردنی ژیانی كۆمه‌ڵایه‌تی ئه‌وكاتی خه‌ڵكی ئه‌ڵمانیا ده‌كه‌وێته بیركردنه‌وه له‌وه‌ی بۆچی جۆرێك له ڕه‌گه‌ز په‌رستی و پێكداهه‌ڵپژانی كۆمه‌ڵایه‌تی باوه و ڕوو له زیاد بوونه، كۆمه‌ڵگایش به‌ته‌واوی چۆڵبووه له ڕۆشنبیران و نووسه‌ران و كه‌سانی دیار تا بیركردنه‌وه‌یان سه‌نگی هه‌بێ و خه‌ڵكێك گوێیان لێ بگرێت، بۆیه ده‌ست ده‌كات به زنجیره‌یه‌ك به‌رنامه و قسه‌كردن؛ پێی وایه په‌یوه‌ندی به هیچ یه‌كێك له‌و هۆكاره سۆسیۆلۆجی و ڕه‌گه‌زیانه‌وه نییه و بابه‌ته‌كه ته‌نها “گه‌مژه‌یی” خه‌ڵكه عهوامهكهیه.
بۆیه تا دوای هاتنه سه‌ر حوكمی “هیتله‌ر” به‌رده‌وام نووسین و گفتوگۆكانی له به‌رنامه‌كانی ڕادیۆدا بڵاو ده‌كاته‌وه و به وردی له‌سه‌ر گه‌مژه‌یی ده‌وه‌ستێت، تا ئه‌و كاته‌ی ده‌سه‌ڵاتی نازییه‌كان و هیتله‌ریش تاوانبار ده‌كات و له ماوه‌یه‌كی كه‌مدا “بۆنهۆفهر” ده‌گیرێت، له زیندانه‌وه ژماره‌یه‌ك نامه ده‌رباره‌ی گه‌مژه‌یی ده‌نووسێت و ده‌یانێرێته ده‌ره‌وه‌ی زیندان و به تیۆری گه‌مژه‌یی ده‌ناسرێت. “بۆنهۆڤهر” ده‌نووسێت:- ” گه‌مژه‌یی مه‌ترسیدارتره له خراپه‌كاری، ڕه‌نگه مرۆڤ بتوانێت ناڕه‌زایی ده‌رببڕێت به‌رانبه‌ر به خراپه، ده‌توانیت به ڕوونی بیبینی و گه‌ر پێویستی كرد به زه‌بری هێز ڕێگری لێ بكه‌یت، خراپه هه‌میشه له‌ناوخۆیدا تۆوی بڕانه‌وه‌ی خۆی هه‌ڵگرتووه، به‌و پێیه‌ی لانی كه‌م هه‌ستێكی نا ئارامی له مرۆڤدا به‌جێده‌هێڵێت. به‌ڵام له‌به‌رانبه‌ر گه‌مژه‌ییدا ئێمه بێ به‌رگرین، لێره‌دا نه ناڕه‌زایی و نه به‌كارهێنانی هێز هیچ ئه‌نجامێكی نابێت، وه‌ك ئه‌وه‌یه قسه بۆ نابیستێك بكه‌یت، هه‌موو ئه‌و ڕاستییانه‌ی دوژمنی پێشوه‌خته‌ی مرۆڤن به ساده‌یی پێویست ناكات باوه‌ڕیان پێ بكه‌یت، له‌و چركه‌ساته‌دا كه‌سی گه‌مژه ده‌بێته ڕه‌خنه‌گر، تووڕه ده‌بێت و كاردانه‌وه‌یشی ده‌بێت، به پێچه‌وانه‌ی كه‌سی خراپه‌كاره‌وه گه‌مژه له‌خۆی ڕازییه و ته‌نانه‌ت تووڕه‌یش ده‌بێت، بۆیه نابێ كه‌سی گه‌مژه به‌هۆكارێك ڕازی بكه‌ین چونكه بێ مانا و مه‌ترسیداره. ئه‌گه‌ر بمانه‌وێت باشتر له گه‌مژه تێ بگه‌ین؛ ده‌بێ له سرووشته‌كه‌ی تێ بگه‌ین، چونكه ئه‌و دڵنیایه له ره‌فتار و بیروبۆچوونه‌كانی، له بنه‌ڕه‌تدا گه‌مژه‌یی عه‌یبێكی فیكری نییه، به‌ڵكو عه‌یبێكی ئه‌خلاقی و عه‌یبێكی مرۆڤبوونه، مرۆڤ هه‌یه ئه‌قڵێكی نایاب و سه‌رنجڕاكێش و چالاكی هه‌یه، له ڕووی فیكرییه‌وه بێزاركه‌ر نییه به‌ڵام گه‌مژه‌یه، به تێفكرین له مرۆڤی گه‌مژه؛ تێده‌گه‌یت هۆكاره‌كه‌ی زگماكی نییه، به‌ڵكو ئه‌وه‌یه له هه‌ندێك دۆخدا مرۆڤه‌كان گه‌مژه ده‌كرێن یان خۆیان ڕێگه ده‌ده‌ن گه‌مژه بكرێن، بۆیه گه‌مژه‌یی زیاتر كێشه‌یه‌كی ده‌روونییه وه‌ك ئه‌وه‌ی سۆسیۆلۆژی بێت، به سرووشتی خۆی هه‌بوونی ده‌سه‌ڵاتێكی زۆر واده‌كات مرۆڤ گه‌مژه بێت، هه‌میشه هه‌بوونی هێز و ده‌سه‌ڵاتی كه‌سێك پێویستی به گه‌مژه‌یه‌ك هه‌یه، ئه‌و میكانیزمه‌ی كارده‌كات ئه‌وه نییه وه‌رچه‌رخان یان شكست له ئه‌قڵدا ڕووبدات به‌ڵكو مرۆڤه‌كان سه‌ربه‌خۆیی ناوه‌وه‌ی خۆیان له‌ده‌ست ده‌ده‌ن، لێی بێبه‌ش ده‌بن، كه‌م تا زۆر ده‌ستبه‌رداری پێگه‌ی سه‌ربه‌خۆیی خۆیان ده‌بن، له ژێر جادوو دان، له‌ناو بوونی خۆیاندا كوێر بوون، خراپ به‌كارهێنراون و سووك بوون، به‌م شێوه‌یه مرۆڤی گه‌مژه ده‌بێته ئامرازێكی بێ ئه‌قڵ و بێ توانایه له‌وه‌ی بزانێت گه‌مژه‌یه، ته‌نها شتێك له‌م دۆخه‌دا ده‌توانێ به‌سه‌ر گه‌مژه‌یدا زاڵ بێت كرده‌ی ڕزگاریخوازانه‌یه نه‌ك ڕێنمایی، ده‌بێ له‌گه‌ڵ ئه‌و ڕاستییه‌دا كۆك بین ڕزگارییه‌كی ڕاسته‌قینه‌ی ناوه‌كی ته‌نیا كاتێك مومكین ده‌بێت ڕزگاری ده‌ره‌كی پێشخۆی كه‌وتبێت، ده‌نا ده‌بێ ده‌ستبه‌رداری هه‌موو هه‌وڵه‌كان بین بۆ بڕواپێكردنی ئه‌و كه‌سه‌ی كه گه‌مژه‌یه” .