پەرتووک و مێژوو و چیرۆکەکان ئەوەمان بۆ باس دەکەن، کە هەرکات مرۆڤایەتی نوقمی گرفت و گێژاوێک بووبێت، گۆڕانکارییەک رووی داوە و مرۆڤ جارێکی دیكە بە هۆشی خۆیدا هاتووەتەوە و خۆی دۆزیوەتەوە. لای ئەوانەی باوەڕیان وا بووە، مرۆڤ زۆر جار بە هۆی نەمانی یەکتاپەرستی و شێوانی ئەقیدە و بیروباوەڕ، کە تووشی تاریکایی و بتپەرستی و بەردودار پەرستی بووە، سەردەمانێک لە یەکتاپەرستی دوورکەوتووەتەوە، خوا پێغەمبەرێکی بۆ ناردووە تا لەو گێژاوە رزگاری بکات.
ئەگەر لە رووی زانستییەوە بڕوانین، لە هەر سەدەیەکدا چەندین پەتا و نەخۆشبی کوشندە بڵاو بوونەتەوە، جاری وابووە لە جیهاندا یەك ملیۆن کەسی کوشتووە، دەستبەجێ پزیشکان و زاناکانی ئەو بوارە کەوتوونەتە دۆزینەوەی چارەسەر و دەرمانێک، کە تاڕادەیەک توانراوە ژمارەی قوربانییەکانی ئەو پەتایە کەم بکرێتەوە، یان سەر هەڵنەداتەوە، ئەگەر سەریشی هەڵدایەوە، ڤاکسین و دەرمانی چارەسەری ئامادە هەبێت و بەردەست بێت.
(کۆڤید-١٩) نموونەیەکی زیندووی ئەمە بوو، کە هاریکارییەکی جیهانیی گەورە دروست بوو، تاکوو بەخێرایی ڤاکسین و دەرمانی چارەسەر پەیدا کرا، بەڵام گێژاوی ئەم جارە و دەردەکەی ئەمجارە ئاسان نییە، هەرچیی زووترە ڤاکسینی چارەسەری بۆ بدۆزرێتەوە. ئەم جارە شۆڕشەکە شۆڕشی کودەتایە بەسەر مرۆڤدا. یوڤاڵ نووح هەراری دەڵێت: ‘لە ئایندەیەکی نزیکدا ئەم زەوییە بە بوونەوەرێک داگیر دەكرێت، زۆر جیاوازە لە ئێمە، وەک چۆن مەیموون و نیاندرتاڵ لە ئێمە جیاواز بوون، لەبەرئەوەی نەوەیەک بەرهەم دێت، کە دەتوانێت مێشک و جەستە و هۆشی مرۆڤ بەرهەم بهێنێت، ئەمە باشترین بەرهەمی ئابووریی سەدەی ٢١ە، نەک چەک و ئۆتۆمبیڵ و جلوبەرگ و لۆکە، بەڵکوو جەستە و مێشک و هۆش، دەبێت ئایندەی ئەم ئەستێرەیە لە چی بچێت؟”
ئیلسۆن مەسک، گەورە بازرگان و وەبەرهێنی ئەمریکی دەڵێت “لە ترسی خێرا گەشەسەندنی زیرەکی دەستکرد، شەوانە خەوم لێ ناکەوێت”. لە هەمووی مەترسیدارتر ئەوەیە، نەزانیت ئایندەت بەرەوکوێ دەڕوات و چ ژیانێک چاوەڕوانتە. ئەبێت بیر بکەینەوە، کێ بەڕێوەمان دەبات؟کێ لەم جیهانەدا دەسەڵات دەگرێتە دەست؟ لەڕابردوودا ئەوەی خاوەن زەویوزارێکی زۆر بوو، دەسەڵاتی لابوو، دواتر، کە شۆڕشی پیشەسازیی هات، ئەوەی خاوەن ئامێر و ئامرازی زۆر و کەلوپەلی کشتوکاڵی و پیشەسازی بوو، دەسەڵاتی لابوو، ئێستا لە سەردەمی زیرەکی دەستکرد، دەسەڵات لای خاوەن زەوی و موڵک و کەلوپەل و ئامێرەکان نییە و نابێت، بەڵکوو ئەوەی داتای زۆری لابێت، کە لە مرۆڤەکانی وەرگرتووە، دەبێتە خاوەن دەسەڵات، تائێستاش روون نییە کێ زۆرترین داتای لادەبێت، ئەوەش بزانین، خاوەندارێتیی داتا جیاوازە لە خاوەندارێتیی موڵک و کەلوپەل، چونکە داتا لە هەموو شوێنێکە و لە هیچ شوێنێکیش نییە، واتە شوێنی دیاریکراوی نییە تا بزانین لای کێیە.
مەبەست لە داتا، داتای بایۆمەتری و بایەلۆجی، نەک داتا لەبارەی ئەوەی چی دەکڕین و بۆ کوێ دەچین. داتا لەبارەی ئەوەی چی لەناو جەستەی من و لەناو مێشکی مندا روو دەدات، تا ئێستا کەس ئەو هێزی کۆکردنەوەی داتاشی نییە، تەنیا ئاژانسی سۆڤیەتی زیرەکی Soviet KGB و دەزگای لێکۆڵینەوەی ئیسپانی Spanish inquisition دەگەڕێت بە هەموو شوێنیکدا، ٢٤ کاتژمێر و بەدرێژایی رۆژ، سەیری هەموو شتێک دەکات، كە تۆ دەیکەیت، گوێ لە هەموو شتێک دەگرێت، كە تۆ دەیڵێیت، بەڵام هێشتا ئەوانیش ئەو هێزە کۆمپیتەر و داتا زۆرانەیان لەبەردەستدا نییە، بتوانن تەواو لە تۆ تێ بگەن، تا بزان چۆن بیر دەکەیتەوە؟ چۆن هەست دەکەیت؟
گەشەیەکی باڵای تەکنەلۆجیا و کۆمپیوتەر و زیرەکی دەستکرد، گەشەی بایۆلۆجی و زانستی بایۆلۆژی توانای پێ دان، مرۆڤایەتی هاک بکەن، هەر شتێکیش توانیت هاکی بکەیت، باش دەتوانیت دیزاینی بکەیتەوە. پسپۆڕانیش تێڕاماون و نازانن بڵێن ئایندە چۆن دەبێت و دەڵێن وەڵامی ئەم پرسیارەمان ئەوکاتە دەست دەکەوێت، کە بزانین کێ و کوێ زۆرترین داتای لەسەر مرۆڤەکان کۆکردووەتەوە و دەبێتە خاوەنداری، ئەوکاتە ئیتر ئەو شوێنە دەبێتە خاوەن دەسەڵات. هیچ جۆرە چارەسەر و رێگایەکی رزگاری بۆ مرۆڤ تائێستا پێشنیار نەکراوە، کە بوونی خودی خۆی لە مەترسیدایەوە، شۆڕشەکە بەسەر ئەودایە، جگە لە هۆشیارکردنەوەی مرۆڤ و گەشەی هۆشی، کە ئەمەش شارەزایان ئومێدیان پێیی نییە، چونکە گەشەی خێرای زیرەکی دەستکرد بەشێوەیەکە، هۆشیارکردنەوە داد نادات.
رەنگە تاکە چارەسەرێک هەبوون و دروستکردنی هاریکارییەکی جیهانیی خێرا و رێکكەوتنێکی خێرایی جیهان بێ بۆ وەستاندن، یان لانی کەم هێواشکردنەوەی ئەم خێرا هەنگاونانەی زیرەکی دەستکرد، وەک هەموو رێکكەوتنە جیهانییەکان، كە پێشتر کراون. بۆ ئەمەش، بانگەشەیەک بۆ کۆنفرانسێکی گەورەی جیهانی بکرێت لەم بوارەدا، تا رێگای مامەڵەی دروستی بۆ بگیرێتە بەر. ئەگەرچی خۆشمان بارودۆخی جیهان دەزانین ئێستا گرژییەکان بەشێوەیەکن، ئەستەمە رێکكەوتنی نێودەوڵەتی بێتە ئاراوە، بەڵام لەوەش زیاتر هیچ دەرچەیەک بۆ خۆپارێزی و رزگارکردنی مرۆڤ لەم فەنابوونەدا نییە.