“دەیڤد ئاورباغ” کە نووسەرێکی ئەمریکییە و لەپێشدا ئەندازیاری مایکرۆسۆفت بووە، لەم دواییانەدا وتارێکی نایابی نووسی لەبارەی ئەوەی کە چۆن (فەلسهفەی زمان)ی لیدویگ ڤیتگنشتاین لە زۆربەی ئەو سەرلێشێواویانە جێی دەبێتەوە، کە دووچارییان دەبینەوە لە میانەی مشتومڕکردنی پرسێک لە پلاتفۆرمە ئۆنلاینەکان. پێموابوو خستنەڕووی ئەم تیۆرییەم کە دەمێکە ھەڵمگرتووە لەخۆمدا لەبارەی ئەوەی کە فیلمی (لباوسکی مەزن ١٩٩٨- The big Lebowski 1998) ھەمان ئەو بیرۆکانە پیشان دەدات، دەرفەتێکی ئێجگار باشە.
بەڵێ خەڵکینە، فیلمی لباوسکی مەزن لە فەلسەفەی زمانی لیدویگ ڤیتگنشتاین وەرگیراوە.
ڕەنگە ئەم ھەویرە ئاو زۆر بکێشێت، بەڵام لەگەڵمدا بمێننەوە. “ئیثان کۆین” تێزە باڵاکەی لە (پرینستن) لەسەر ڤیتگنشتاین نووسیوە. بڕێک لە ھاوتەریبی ڕاچڵەکێنەر لەنێوان چیرۆکی فیلمەکە و ئیشەکەی ڤیتگنشتاین ھەن. ھەروەھا کۆمەڵێک ھاوتەریبی لەنێوان ژیانی ئەو و کارەکتەرەکانی ناو فیلمەکەش ھەیە، لەکۆتاییشدا ئەم فیلمە ساڵی ١٩٩٨ دەرچووە، لەوکاتەی کە چەمکی ( پەیوەندییە جەماورییە ساناکان) بوو بە واقعی کەسی ئاسایی و تۆڕی ھەواڵی ٢٤ کاتژمێری و دەست ڕاگەیشتن بە ئینتەرنێتی بەربڵاو پەیدابوو. کەواتە دەتوانم بڵێم: ڕەنگە ئیثان کۆینیش بەھەمان ئەو دەرەنجامانە گەیشتبێت لەبارەی کولتووری ئینەرنێتی کاتی خۆی، لە فیلمی لباوسکی مەزنیشدا نمایندەی کردبێتن.
خاڵە سەرەکییەکە کە پێموایە بەسەر ھەردووکیاندا جێبەجێ دەبێت، چەمکەکەی ڤیتگنشتاین (گەمەی زمان) یاخود ئەوەی من دەمەوێت پێی بڵێم (مەتەڵی زمان)ە. لەم بارەیەوە نووسیویەتی “فەلسەفە جەنگێکە دژ بە سیحری زیرەکیمان لەڕێگەی ماناکانی زمانەوە” بە واتایەکی دیکە؛ کاتێک کە دەفەلسەفێنین زۆر بەئاسانی دەکەوینە داوی زمانەوە، بەجۆرێک لەجۆرەکان تەنھا وشە لەدوای یەک ڕیزدەکەین بەبێ ئەوەی ھیچ بڵێین، پاشان وا ھەست دەکەین شتێکمان بە شتێک کردووە، کە لەڕاستیدا وانییە. وتارەکەی ئاورباخ جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە، کە ھەمان ئەم دۆخە دێتە ئاراوە کاتێک خەریکی گفتوگۆی ئۆنلاینین.
بە تێڕوانینی من، جەختی فیلمی لباوسکی مەزنیش ھەر لەسەر ئەم پرسەیە، نزیکەی ھەموو کارەکتەرەکان جگە لە – the dude) دوود) مەیلێکی سرووشتییان ھەیە بۆ چوونە ناو فۆڕمی ڕەوانبێژییەکی بێناوەڕۆک، یان “مەتەڵەکانی زمان”. دووبارە و سێبارە چەند دیمەنێک بەوە کۆتاییان دێت کە گفتوگۆکردنی دوود لەگەڵ کارەکتەری دیکە، تەنھا وشە ڕیزکردنە بەدوای یەکدا و قسەکان دابڕاون لە ھەموو مانایەک، لەوکاتانەدا دوود ئارەزووی نامێنێت و دەڕوات.
بۆ نموونە ئەو دیمەنەی کە دوود بۆ یەکەمجار “جێفری لباوسکی” دەبینێت (کە لەلایەن فیلپ سیمۆن ھەفمان’ بەیەک دەناسێندرێن، لە دوود-ی پرسی “ئینگلیزی دەزانیت؟” لەوێدا کۆتایی دێت کە لباوسکی دەست دەکات بە قسەی باقوبریق لەبارەی خۆشگوزەرانی ساڵی نەوەدەکان/ بەرپرسیارێتی کەسی. “ئەم بەزمەت دەوێت؟ خێرێک؟” “سەرسواڵکەرەکان دۆڕان، لباوسکی سەرسواڵکەرەکان ھەمیشە دەدۆڕێن” لێرەدا ھیچی یەک ناگرێتەوە، بۆیە دوود چاویلکە ھەتاوییەکەی دەکاتەوە چاوی و دەڕوات. زۆر بە ئاسانی تێبینی ئەوە دەکرێت کە لباوسکی ھەمان ئەو گوتارە دەدات کە لە بروسکەی دەسەڵاتدارێک دەبیسترێت یان لە تویتەری ڕاستڕەوێک دەبیندرێت، ئەمە مەتەڵی زمانە، ھیچ واتەیەک نادا بەدەستەوە. دوودیش ئارەزووی لێناکات. ئەم پرۆسەیە لە فیلمەکەدا، بەردەوام دووبارە دەبێتەوە، نەخشەی چیرۆکەکە لەگەڵ بڕیارەکانی ھەنگاو دەنێت، تا زیاتر و زیاتر ئەم مەتەڵانەی زمان نمایندە بکات، بۆ زنجیرەیەک ھۆکاری یەک لەدوای یەک: سەرەتا بۆ بەدەستھێنانی پارەکە، کە زیاتر دەیخاتە تەڵەی پلۆتی چیرۆکەکەوە. پاشان بۆ ھێنانەوەی کیژەکە و، لەکۆتایشدا بۆ ئەوەی لە کێشە بەدووربێت.
(واڵتەر) ببینن، “واڵتەر سەبڕێدت” قاچی گرتووە. واڵتەر بەرجەستەی ھەموو ئەوانە دەکات کە لە تویتەر لە وەڵامەکانیاندا دەنووسن “خۆی لەڕاستیدا….”. لە شوێنێکدا واڵتەر بە دیاریکراوی دەڵێت “ھەڵنەچووم، لەتۆ ئارامترم”. لەکاتی نانخواردنەکەدا دوود، بەدیاریکراوی بە واڵتەر دەڵێت “ئەمە ئازادی ڕادەربڕین و شتی وا نییە، کاکە”. ھەروەھا پێموایە کە “دوود” بە واڵتەر دەڵێت “ھەڵە نیت، تەنھا کەرێکیت” ئەمە یەکێک لە بیرۆکە سەرەکییەکانی تێگەیشتنە لە فیلمەکە، ژیرییەکەی بە تەواوی لەڕێگەی مانا زمانەوانییەکانەوە سیحراویکراوە. لە ڕووبەڕووبوونەوەی ھەر کێشەیەکدا، واڵتەر وشەکان بە بێواتایی و بەتاڵی بەدوای یەکدا ڕیز دەکات، واش دەردەکەوێت کە چارەسەری کێشەکە دەکات. ” بۆمنی جێبێڵە، ئەوانە نەشارەزان، دوود.”، “جێی نیگەرانی نییە، ئەمانە نهیلستن، دۆنی.”، “ئەوان ئەو ژنەیان ڕفاندبێ؟ ئەو ژنە-ئەو قەحبەیە، خۆی خۆی ڕفاندووە” دیارە ئەمە لە چیرۆکگێڕاندا باو و ئاساییە، بەڵام لە فیلمی لباوسکی مەزن-The Big Lebowski دا پێموایە فرە مەبەستدارە، چونکە لە هەموو کارەکتەرێکدا (جگە لە دوود) و تەنانەت لە نێوان کارەکتەرەکانیشدا ڕوودەدات، من و چەندان کەسی دیکە تێبینی ئەوەمان کردووە کە کۆمەڵێک دەستەواژە بەدرێژایی فیلمەکە بەکاردێن، کە لەلایەن کارەکتەرە جیاوازەکانەوە دەردەبڕدرێن. وادیارە کەسێک کاتی تەرخان کردووە بۆ دۆزینەوەیان و لە کلیپێکدا جێی کردوونەتەوە.
من دەتوانم بڵێم: ئەمانە هەموویان ئاماژەی ڕوونن، کە کارەکتەرێک دەست دەکات بە ڕیزکردنی وشەکان لە بری ئەوەی لە ڕاستیدا زمان بە شێوە مانادارەکەی بەکاربهێنێت، مەبەست لێییان ئاماژەدانە بە گرنگی مەتەڵی زمانی ڤیتگنشتاین. دیسانیش لەگەڵ بەردەوامبوونی نەخشەی چیرۆکەکە، دوود زێدەتر خەریکە پێیانەوە. گرفتەکە ڕێک لەوێوە دەست پێدەکات کە دوود بە واڵتەر دەڵێت، جانتایەکی پڕ لە پارەی لایە. بیھێنە بەرچاوت، چی دەبێت ئەگەر بڕۆیت لە (ڕێدیت) پرسیار بکەی، چۆن مامەڵە لەگەڵ جانتایەک بکەی کە پڕە لە پارە. بەزۆری وەڵامی ھاوشێوەت دەست دەکەوێت: بیردۆزە پلانگێڕییەکان، پلانی سەرشێتانە بۆ ئەوەی پارەکە ببەیت و…ھتد. ھەروەھا بێگومان دوود بڕێک دوودڵە لەباوەڕکردن بە واڵتەر، چونکە ئەوە کاریگەری پارەیە لەسەر خەڵک، ئەمەش لەوەوە دەردەکەوێت کە ئەو بە گوتەی لینین پاساو بۆ خۆی دەهێنێتەوە. ئەمە گەمەیەکی زمانە: قسەی کەسانی بەهێز بەکاربھێنە بۆ ئەوەی متمانە بە بیرۆکەکانی خۆت بدەیت. پاشانیش کە لەناو ئۆتۆمبێلەکەدان و خەریکن پارەکە فڕێدەدەن، واڵتەر دووبارە و سێبارە دەڵێت “ئەمە تەنھا گەمەیەکە”
مۆد لباوسکیش زۆر پشت بە مەتەڵەکانی زمان دەبەستێت، بەڵام خۆی ئاگادارە. دەزانێت، تەنھا دەتوانێت بڵێت “زێ-vagina” و “خودی وشەکە ھەندێک لە پیاوان نائاسوودە دەکات”. مۆد زیرەکە، ئەم مەتەڵانەی زمان بۆ دەسکەوتەکانی خۆی بەکارەھێنێ، بۆیەش حەزی لەدوود-ە چوونکە گرنگی بەمانە نادات. ھەرچەندە ئەمە مانای ئەوە نییە کە پەردە لەسەر قسەکانی لاببات و ئەوە بڵێت کە مەبەستییەتی” بەگشتی ئەو پیاوێکی چاکە، بەگشتیش، ئەو پیاوێکی چاکە…..” (لاساییکردنەوە: “ئەوە کەمترین نرخە لە کەرەستەکانمان. ئەوە زۆرترین…کەمترین نرخە لە کەرەستەکانمان.”) ھەروەھا ئەو دیمەنەش ھەیە بە ئەو (مۆد) و نۆکس ھارینگتن (ھونەرمەندی ڤیدیۆ) کۆتایی دێت کە بەتەلەفۆن پێ دەکەنن و بەزمانێکی دیکە قسە دەکەن، دوود-یش ئەوێ جێدەھێڵێت.
ئەڵمانییە ھیچگەراکان (نیهیلستهكان)، بێگوومان گەورەترین ھەڕەشەبوون لەسەر واڵتەر، ھیچگەراکان پارە پەیاکەری ئایدۆلۆژیبوون، ھەمان ئەو گەمەیەی واڵتەر یان دەکرد، بەڵام تاکە ھۆکاری ئەوان پارەبوو. ئەگەر ئەوان پابەندی ھەمان ئەو یاسایانە بن، دەکرێت بڵێین ئەسڵەن ئەو یاسایەنە ھیچ مانایەکییان ھەیە؟ “ھەرچی بەدەمتدا دێت لەبارەی بنەماکانی سۆسیالیزمی نەتەوەییەوە بیڵێ، دوود، لانی کەم ئەمە ئیتۆسێکە٢.” نا بووەستن ئەوەیان بسڕنەوە، گەورەترین دوژمنی واڵتەر، (لاری سێڵەرس)ە، ئەو ھەرزەکارەی بێھەستانە چاوی تێدەبڕێت و ھیچ وەڵامی ناداتەوە. تەنانەت دژبوون لەگەڵی لەڕووی ئایدۆلۆژیش ھێشتا باشترە لە کەسێک کە بەھەرشێوەیەکبێت ڕەتی دەکاتەوە لەگەڵیدا بڕواتە یارییەکەوە و قسە بکات، ئەمەیە کە کورتان بە واڵتەر فڕێ دەدات و وای لێدەکات بڕوات بە کوتەکی گۆڵف، سەیارەکە وێرانبکات.
شایەنی باسە؛ کە ڕەنگە بەناوبانگترین تاکە ڕووداوی ژیانی ڤیتگنشتاین مشتوومڕەکەی بووبێت کە لەگەڵ فەیلەسوف (کارل پۆپەر)دا لە زانکۆی (کامربریج)، لەبارەی ئەوەی ئایا لە بنەڕەتدا شتێک ھەیە بەناوی کێشەی فەلسەفی؟ ڤیتگنشتاین پێی وابوو کە هەموو کێشە فەلسەفییە سەختەکان لە ناوەڕۆکی خۆیاندا ئەم جۆرە مەتەڵە زمانییانەن، پۆپەریش پێی وابوو کە لە ڕاستیدا نوێنەرایەتی پرسە مانادارەکانی جیهان دەکەن. ڤیتگنشتاین بەمە زۆر تووڕە دەبێت و مەقاشێک لە ئاوردانەکە دەردەھێنێت، لەدەستیدا دەیسوڕێنێت. پۆپەریش ھیچ تووڕە دەرنەکەوتووە، تەنانەت زۆر ھێمنیش بووە، پێکەنیناویش دێتە بەرچاو کە ھەر وابزانن تووڕە بووە.
بەڵام بابەتەکە ئەوەیە کە واڵتەر کەسایەتی ڤیتگنشتاین نییە، دوود کەسایەتییەکەیە. دووبارە ئیثان کۆین تێزە باڵاکەی لەسەر ڤیتگنشتاین نووسی، بۆیە دەزانێت کە ڤیتگنشتاین لە ساڵی ١٨٨٩ لە نەمسا لە یەکێک لە دەوڵەمەندترین خێزانەکانی ئەوروپا لەدایکبووە، بەڵام ئەوەی هەڵیبژارد دەستبەرداری میراتەکەی بێت (لە بنەڕەتدا دەستبەرداری ناوەکەی بووە) بۆ ئەوەی بکەوێتە سەرخۆی بەبێ هیچ بەرپرسیارێتییەک. هەروەها دەشزانێت کە ڤیتگنشتاین بە درێژایی ژیانی لەگەڵ نازییەکان ناکۆک بووە، سەرەتا لە چوونە قوتابخانەی سەرەتایی لەگەڵ ئەدۆلف هیتلەر دەستی پێکردووە و تا ناوەڕاستی تەمەنی بەردەوام بووە کاتێک سێیەم ئیمپڕاتۆرییەتی ئەڵمانی سەرکەوت بۆ دەسەڵات لەوکاتەدا ڤیتگنشتاین لە ئینگلتەرا بوو و وانەی وتووەتەوە. وەک جولەکەیەک، دووڕیانێکی گەورەی لەبەردەمدابوو سەبارەت بەوەی نازییەکان خەریکن نەمسا نیشتیمان و زێدی خۆی بەڕێوەدەبەن، بەڵام بە جۆرێک بە پشتگوێخستنی پرسەکە، مامەڵەی لەگەڵدا کرد.
تا ساڵی ١٩٣٩ کە ناچار بوو ڕووبەڕووی ئەم کێشەیە ببێتەوە، نازییەکان هەڕەشەیان لە خوشکەکانی ڤیتگنشتاین، هێرمین و هێلین دەکرد کە هێشتا لە ڤیەنا بوون، ئەویش بە شێوەیەکی کەسی چووە بەرلین (و ڤیەنا و شاری نیویۆرک – بەڕاستی دەبێت ڕێک ڕاوکردنی قازەکێوییەکان بووبێت) بۆ ئەوەی دانوستان لەسەر پارێزراوییان بکات لەبەرامبەر بڕە پارەیەکی زۆر لە سامانی خێزانەکەی. هەروەها بە درێژایی ژیانی لە بابەتی سێکسی خۆی زۆر پەژارەیی هەبوو، مشتومڕێکی زۆر لەسەر ئەم بابەتە هەیە، بەڵام پێموایە لەو کەسانەبوو کە ئەمڕۆ پێیان دەڵێن دووڕەگەزخواز-bisexual، پەیوەندی درێژخایەنی لەگەڵ ھەردوو ڕەگەز، ژن و پیاودا ھەبووە. من وا بیردەکەمەوە کە زۆر خەمی ئەوەی بووە کە ئاخۆ نازییەکان چی بەسەربێنن ئەگەر لەو بارەیە بزانن. تەنانەت ڕەنگە کۆمەڵێک خەونیشی بینیبێت. “ئێمە جۆنسنەکەت دەبڕین لباوسکی بەڵێ.
کەواتە ئەم فیلمە پێموایە هەمان ئەو خاڵە زەق دەکاتەوە کە وتارەکەی ئاورباغ باسی دەکات، ئەویش ئەوەیە کە تیۆرییەکانی ڤیتگنشتاین سەبارەت بە زمان بە تەواوی ڕەنگدانەوەی چۆنیەتی پەیوەندیکردنمانە لەگەڵ یەکتردا لە سەردەمی دیجیتاڵیدا. زۆر ئاسانە کە خۆت بخەیتە ناو یاریکردن بەم گەمە زمانییە بەتاڵانە بە کۆڵدان لە پەیوەندییە ڕاستەقینە مانادارەکان و ئەوەش دەبێتە هۆی بڕێکی زۆر سەرلێشێواوی کە نەخشە جیاوازەکانی ژیان دەخاتە ڕێ. بەڵام گرنگە ئاماژە بەوەش بکەین؛ ڤیتگنشتاین تەنها نەیگوتووە باسکردنی ئەم پرسە ئاڵۆزانە قورسە. دەیگوت کە بێمانایە، کات بەفیڕۆدانە، تەنانەت لەدیوێکەوە نزیکە لە بێ ئەخلاقی، ئەو خۆی دوای نووسینی کتێبێکی کاریگەری گەورەی فەلسەفە (Tractatus Logico-Philosophicus) بە تەواوی وازی لە فەلسەفە هێنا، چون پێی وابوو بەردەوامبوون لە مشتومڕکردنی کات بەفیڕۆدانە (بەیاننامە ڕەسەنەکەی پۆرت هیورۆن، نەک دووەم ڕەشنووس). هەروەها بە خوێندکارەکان (بەتایبەت زیرەکەکان)ی دەگوت کە وازبێنن لە وانەکەی و خۆیان خەریکی شتێکی دیکە بکەن، ئەو مشتومڕە بەناوبانگەی لەگەڵ پۆپەر لە بنەڕەتدا ئەوە بوو کە بە هەمووانی گووت “پێویست ناکات کەس باسی ئەم بابەتە بکات، ئەمە کات بەفیڕۆدانێکی گەورەیە، بڕۆنەوە ماڵێ”.
لەم سەردەمە بووایە، تەنھا نەیدەگووت مشتومڕکردنی پرسەکان لە تویتەر سەختە. بەڵکو دەیگوت تویت ھەر مەکەن. پێموایە لباوسکیش ھەمان شتی دەوت، چونکە قوربانی لە کۆتاییدا دۆنییە، تاکە کارەکتەرێک بەتەواوی بێتاوان لە ھەموو شتەکاندا.
تێبینی//
١- Reddit تۆڕێکی کۆمەڵایەتییە کە ئەندامانی تۆمارکراو دەتوانن دەنگ بە ناوەڕۆک بدەن و گفتوگۆیان لەسەر بکەن. لە ملیۆنان مەکۆ یان گرووپی تایبەت بەکۆمەڵ پێکهاتووە کە پێیان دەوترێت Subreddits. بۆ ئەوەی بە شێوەیەکی جیاواز بڵێین، ڕێدیت پلاتفۆرمێکی کۆمەڵایەتییە کە لە سابڕێدیتەکان پێکهاتووە.
٢- ئیتۆس: جۆرێک لە گفتوگۆیە، لێرەدا ئارگومێنتێک دەردەبڕیت و لایەنی بەرامبەر باوەڕت پێدەکات، چونکە متمانەی پێت هەیە، بە هۆکاری ئەوەی ڕەنگە لە ڕابردوودا و لە گفتوگۆی چەند بابەتێکی دیکەدا، ئارگومێنتەکەت دروست بووبێت. هەندێک کەسیش متمانەیان پێ دەکرێت، چونکە خاوەنی پێگەیەکی دیارن. ئیتۆس لە ڕابردوودا ڕێگەیەکی سەرکەوتووانە بووە بۆ چۆنێتیی دەربڕینی ئارگومێنت.
سهرچاوه:
https://www.vulture.com/2015/09/the-big-lebowski-wittgenstein-and-the-garbage-pile-that-is-online-discourse.html#
نووسین: ئێدی بڕاوڵی
وهرگێڕانی له ئینگلیزییهوه: ڕێکەوت مەجید