یەکێک لە خولە گرنگەکانی کە بینیم خولی دایاکایەتی و باوکایەتیە و مامەڵەکردن لەگەل مندال لە خوار تەمەنی ١٨ ساڵ کۆرسەکە بۆ ماوەی مانگێک بوو. هەندێک لەو خاڵە گرنگانەی کە دەستمان کەوت وە بە پێویستی دەزانم هاونیشتمانیانیشم بەشداربن لەگەڵم بۆ سوود بینین:
– سەرەتا یەکێک لە خاڵە گرنگەکان ئەوەیە (ڕێکەوتنامەی پاراستنی منداڵ )بەپێی رێکەوتننامەی پاراستنی منداڵ لە نەتەوە یەکگرتووەکان کە ٥٤ بەند لە خۆ دەگرێت زۆر گرنگە ئەو ڕێکەوتننامەیە لە لایەن دەوڵەتەوە جێبەجێ بکرێت. بەم جێبەجێکردنە نەوەیەکی تەندروست دێتە ئارا.
– یەکێک لە خاڵە گرنگەکانی ئەو خولە باسکردنی کاتی پشوو بوو کە زۆر گرنگە وەک دایک و باوک چالاکی بدۆزینەوە بۆ منداڵ کە ئەوە ئەرکی دایک و باوکە بەشێوەیەکی سەرەکی تەنانەت لە قوتابخانەش پیویستە منداڵ لەکاتی پشوو خەریکی وەرزشکردن و کاری دەست و چالاکی تر بکریت ئەو چالاکیانە وا لە منداڵ دەکات متمانەی بەخۆی دروست بیت و تەندروستی باشتر بێت و بەهرەی نوێ فێر ببێت. واتا منداڵ نابێت بۆ کاتی زۆر دابنیشێت بە دیار شاشەی ئایپاد و تەلەڤزیۆن.
– لەقوناغی باخچەی ساوایانەوە دەبێت منداڵ فێری یاساکانی ژیان بکرێت کە ئەوەش بەشێوەیەکی سادە. هەروەها منداڵ فێر بکرێت مانای داهێنان چییە ئەو منداڵە کاری بۆ بکات. ئەوەی باسی دەکەم نمونەی ڕاستەقینەیە لەو باخچە ساوایانەی کوڕەکەمی لێیە ڕاپۆرتێکیان دایە دەستم کە تێدا باس کرابوو کوڕەکەم لەگەل منداڵەکانی تر بەشدار بووین لەسەر پڕۆژەیەک لەسەر (ئاو) ئینجا لەو ڕاپۆرتە باس کرابوو کە چییان کردووە و بۆ کوێ بردراون ئەو منداڵانە بۆ زیاتر ناسینی (ئاو)و تێیان گەیاندبوو ئاو چۆن بەکار دێت و شتی تریش لەسەر سامانی ئاو، بەم جۆرە مندال فێری مانای فراوانکردنی بیرکردنەوە دەکەین و وایان لێدەکەین بزانن پڕۆژە چییە. لەگەل ئەوەش منداڵ فێر بکەن چۆن پاریزگاری لەخۆی دەکات، هەروەها فێر بکرێن مانای یارمەتیدان چییە و لە منداڵییەوە وشەی (نا)فێر بکەن ئەگەر شتێکی نەویست بڵی (نا).
– یەکێک لە خاڵە گرنگەکانی پەروەردەی منداڵ زۆر گرنگە منداڵ زۆر بەجوانی فێری زمانی دایک ببێت (کە بەداخەوە ئیستا لە کوردستان زۆربەی منداڵەکانمان لە زمانی دایک تەواو حالی نین و زۆربەیان بە ئینگلیزی قسەی دەکەن).
– زۆر گرنگە منداڵ لەتەمەنی زووەوە بزانێت دایک یان باوک لیپرسینەوە لە منداڵەکەی دەکات لە قوتابخانە، واتا پیویستە دایک یان باوک ماوە ماوە سەردانی قوتابخانە بکەن و لە منداڵەکانیان بپرسن. یەکێک لە یاسا جوانەکانی وڵاتی سوید ریگا بە دایک یان باوک دەدریت تەنانەت بچێتە ناو ژووری وانە وتنەوەی منداڵەکەی لە قوتابخانە وەک قوتابی دابنیشیت و گوێ بگرێت لە وانەکان کە ئەوە مافی دایک و باوکەکەیە وە بەم ڕەفتارە پەیوەندی نێوان منداڵ و دایک یان باوکی پتەوتر دەبیت.
– هەروەها لە کارە گرنگەکانی بەرامبەر منداڵەکەت دەیکەی دابین کردنی کەشی ئارام بۆ خوێندنی منداڵەکەت، جاری وا هەیە کە منداڵەکەت دێتەوە ماڵەوە پێت دەڵێت کە ئەو پرسیارەمان پێدراوە وەک ئەرکی ماڵەوە بۆ ئەوەی وەڵامی بدەینەوە، تەنانەت ئەگەر وەک دایک یان باوک نەشتزانی باسی چییە ئەو ئەرکەی ماڵەوە ئەوە بەگرنگیەوە گوێ بۆ منداڵەکەت و پرسیارەکەی بگرە واتا وا لە منداڵەکەت بکە بەدەنگی بەرز بۆت بخوێنێتەوە ئەگەر منداڵەکەت گەڕاوە ماڵەوە خۆی قسەی نەکرد لەسەر قوتابخانەو ئەرکی قوتابخانە ئەوە ئەرکی تۆ وەک دایک یان باوک لێرە دەست پێدەکات، خۆت لێی بپرسە وە بزانە چییان کردووە لەقوتابخانەو منداڵەکەت بدوێنە. لیکۆلێنەوەکان دەرییان خستووە کە تەنها بەو لێپرسینەوە کەمە ئاستی منداڵەکەت بەرەو باشتر دەچێت. ئەو منداڵانەی پرسیاریان لێدەکرێت و لەلایەن دایک و باوکانیان ئاستیان باشترە لەو منداڵانەی هیجیان لێناپرسرێت.
یەکیک لە شتە جوانەکانی وڵاتی سوید ئەوەیە یارمەتی دانراوە بۆ خویندنی قوتابی لە دوای دەوامی فەرمی قوتابخانەکان. ئەو یارمەتییەش لەلایەن مامۆستاکانی ئەو وڵاتە پێشکەشدەکرێت و ئەویش لە ڕۆژانی دیاریکراو لە کتێبخانە گشتییەکان مامۆستای تایبەت دانراوە ئەوانەش هەمووی بێبەرامبەرە بۆ قوتابیان و مامۆستاکانیش موچەی زیاتریان بۆ دابین دەکرێت لەلایەن حکومەت لە بری وانە تایبەتەکە.
– یەکێک لەمامەڵە گرنگەکانی دایک و باوک لەگەڵ منداڵەکانیان کە هەرگیز لە ماڵەوە نابێت جیاوازی بکەن لەنێوان کوڕو کچ و گوێ بۆ هەردوکیان بگرن وەک یەک و جیاوازی مەکەن لەمامەڵەتان لەگەڵیان.
– منداڵ دەبێت لەهەندێک شت بۆچوونی تایبەتی هەبێت و دایک و باوک گوێی بۆ بگرێت و ڕێزی لێبگرێت و لێگەڕی با هەندێک شت هەڵبژاردەی خۆی بێت.
– توندو تیژی و لێدانی منداڵ تاوانە بەرامبەر دەروونی منداڵ دەکرێت. لەبیر نەکەی کە تۆ وەک دایک و باوک قدوەی منداڵەکەتی. بۆیە ئەو لێدان و توندو تیژییەی تۆ بەکاریدەهێنی بەرامبەر منداڵەکەت ئەوە نازانی منداڵەکەت چۆن کاردانەوە دەکات و دەروونی چۆن ئازاری دەبێت.
– یەکێک لە کارە گرنگەکان بەرامبەر منداڵ دەبێت فێری بکەی مانای خێزان چیە و پیشانی بدەی بە کردار بۆ نمونە کۆبونەوە لەسەر خوانی نانی بەیانی یان نیوەڕۆ تەنانەت ئەگەر ڕۆژانە یەکجاریش بێت زۆر گرنگە.
سەبارەت بە هەرزەکار: کەتەمەنێکی هەستیار و قورسە من بەکورتی هەندێک خاڵ باس دەکەم پێویستە بیزانن:
١- دەبێت پێش ئەوەی منداڵەکەت بچێتە ناو تەمەنی هەرزەکاری ئامەدەکارییەکی باشی پێش وەختەی بۆ بکریت چ لەڕیگای دایک و باوک یان قوتابخانە بێت. بەڕاستی لە وڵاتە پێشکەوتووەکان جگە پرۆگرامی خوێندن کە ئامەدەکارییەکی باشی تیدایە بۆ هەرزەکار، ئەوە هەندێک سایت هەیە کە لەلایەن حکومەت و ڕیکخراوەکان دانراوە بەشێوەیەکی زانستی باسی هەرزەکار و پەروەردە و پێداویستی هەرزەکار دەکات وەک خواردنی تەندروست و چالاکی و گۆڕانەکانی بەسەر جەستەیان دێت.
٢- ببە بەهاوڕیی منداڵەکەت لەو تەمەنە هەستیارە کات دیاری بکە بۆ گفتوگۆ لەگەڵی و پیاسە بکە لەگەڵی وگوێی بۆ بگرە هاوڕێکانی بناسە تەنانەت هاتوو چۆی خێزانی هاوڕێکانی بکە.
٣- ئەگەر کارێکی هەڵەت لێ بەدی کرد خۆت بگرە لە هەلچوون و توندو تیژی ئینجا پاش ماوەیەکی کورت لەگەڵی دابنیشە و گفتۆگۆی تەواوی لەگەڵ بکە و وەک کەسێکی گەورە لایەنی خراپی ئەوکارە هەڵەی تێبگەیەنە. هەرگیز نەکەی گلەیی لێبکەی و بیشکێنییەوە یان وشەی ناشرینی بەرامبەر بەکاربهێنی.
٤- زۆرزۆر زەرورە باوکان و دایکان باوشی سۆز بۆ منداڵەکانیان زیاتر و زیاتر بکەن تەنانەت ڕۆژانە وشەی خۆشم دەوێی- سەربەرزم پێت…هتد بەکاربهێنن لەبەرامبەر منداڵەکان.