گەشتوگوزاری تاریک لقێکی گرنگە لە لقەکانی گەشتوگوزار، ھەرچەندە دیاردەیەکی نوێ نییە، بەڵام بەکارھێنانی ئەم چەمك و زاراوەیە (ناونانی) نوێیە. گەشتوگوزاری ڕەش یان گەشتوگوزاری خەم و پەژارە، یاخود گەشتوگوزاری سێبەر، وەیان گەشتوگوزاری تاریک لە زمانی عەرەبیدا (السياحة السوداء، السیاحة المظلمة، السیاحة الداكنة) بە ئینگلیزی (Dark Tourism). بریتییە لە گەشتکردنی گەشتیاران بۆ ئەو ناوچانەی لە ڕابردوودا دووچاری مەرگەسات و کارەساتێکی سروشتی وەكو بوومەلەزە، تەقینەوەی گڕکانەکان، تسۆنامی، باوبۆران، لافاوتۆفان بوونەتەوە، یان کارەساتێکی مرۆیی چوون ئەو ناوچانەی مافەکانی مرۆڤی تێداپێشێلکراوە وەکو ئازار و ئەشکەنجەدان، لەسێدارەدان، زیندانیکردن، جینۆساید و کۆمەڵکوژی و زیندە بەچاڵکردن و…هتد.
سەبارەت بە پێناسەی گەشتوگوزاری ڕەش هەموو ئاماژە و هەوڵە زانستیەكان جەخت لەسەر پێناسەكەی (لینۆن و فۆلی) دەكەنەوە كە بەداهێنەری ئەم چەمكە دادەنرێن و جەخت لەسەر بنەمای مردن و کارەسات و دڕندەیی مرۆڤ دەكەنەوە و ڕووداوەكان تێکەڵەیەکن لە فاکتەرە سەردەمیەكانی وەك بارودۆخی سیاسی، کۆمەڵایەتی، ئابووری، تەکنەلۆژی. ئەو هۆكارانە شوێنی و ڕووداوەكانیان کردووە بە توانستێك بۆ گەشتیوگوزاری تاریک. پاشان هەوڵدان بۆ پێناسەکردنی گەشتوگوزاری تاریک لەلایەن ژمارەیەک توێژەر و نووسەرەوە بەردەوام بوو. بۆ نموونە: (سیتۆن، جۆن تونبریج و ئاشۆرس)، کە ئەمانیش زیاتر لەسەر بنەمای پێناسەكەی فۆلی و لینۆن، هەوڵەكانی خۆیان خستەڕوو سەبارەت بە گەشتوگوزاری تاریك.
بەم پێیە دەتوانرێت گەشتوگوزاری تاریک بەو شێوەیە پێناسە بکرێت، کە گەشتکردن و سەردانیكردنی شوێنەکانی پەیوەست بە (مردن، ئازار، کارەساتی مرۆیی، جۆرە جیاوازەکانی دڕندەیی و ترسناکی و وێرانکاری و قڕكردن و…هتد). هەروەها کارەساتی سرووشتی، وەك: (لافاو، گڕكان، بوومەلەرزە، تسۆنامی و…هتد). كەواتە مەبەست لەو شوێنانەیە، پەیوەندییەکی ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆیان لەگەڵ مردن و ئازار و توندوتیژی و تراژیدیادا هەیە. وەک گۆڕستانەکان، بەرەكانی جەنگ و گۆڕەپانەكانی كوشتن، شوێنەكانی جینۆساید و كۆمەڵكوژی، شوێنە ترسناكەكان. و ڕووداوە سروشتیەكان. ڕەنگە ئەم ئادگارانە یادگاری و بیرەوەری تاڵی لای مرۆڤەكان بەجێهێشتووە و مۆزەخانە و مۆنۆمێنتەكان وەك پارێزەری تابلۆی ڕووداوە خەمناكەكان دەبنە شوناس و مۆركی چالاكی ئەم جۆرە گەشتوگوزارە. هەرێمی كوردستانیش، تابلۆیەكە بۆ گرنگیدان بەم جۆرە گەشتوگوزارە. بەهۆی ئەو ڕووداو و مەرگەساتانەی كە بەسەر گەلی كوردا هاتوون، چەندین مۆنۆمێنت و دیواربەند و گۆڕستانی تایبەت بە ئەنفال و كیمیاباران و جینۆسایدی گەلەكەمانی تێدایە، كە دەتوانرێت وەك بنەمایەك بۆ پەرەپێدانی گەشتوگوزاری ڕەش پەرەیان پێبدرێت.