سەردەمی کشتوکاڵ شۆڕشێکی ئابوری گەورە بوو کە مرۆڤ توانی بەسەر زۆرێک لە گرفتەکانی خۆراکدا سەرکەوێت، بەتایبەتی لە ناوچە جیاکانی وڵاتی کوردستان.
کوردستانی دێرین بە لانکەی داهینان و ماڵیکردنی کشتوکاڵ دادەنرێت، ئەوەش کە ئەم راستیەی سەلماند کنەو پشکنینی گردی (نیڤالی کۆری)و کوپڵیک تەپە بوو لە باکوری کوردستان، لە زۆر شوێنی تریش دۆزرانەوە وەک مەرسیب لە رۆژئاواو بێستانسورو چەرمۆ لە باشوور.
یەکەم جار لە مێژووی مرۆڤایەتیدا ژن کشتوکاڵی دۆزیوەتەوەو دایهێناوە، ئەوەش لە کوردستاندا بووەو دواتر بووە هۆی سەرهەڵدانی شۆڕشی کشتوکاڵ. لە چاخەکانی پێش مێژوودا بەتایبەتی چاخی بەردینی کۆن کاتێ مرۆڤ لە ئەشکەوتەکان ژیاوە، پیاوەکان دەچوون بۆ ڕاوکردن تا خۆراک پەیدا بکەن، زۆرجار درەنگ دەگەڕانەوە یان رێگەی دوریان دەبڕی و چەند هەفتەیەکیان پێدچوو، زۆرجاریش هەر نەهاتوونەتەوە و فەوتاون. ژنەکانیش زیاتر لە ئەشکەوتەکاندا ماونەتەوە خەریکی چاودێری و بەخێوکردنی مناڵەکان بوون، لەو کاتانەی پیاوەکانیان درەنگ گەڕاونەتەوە ژنەکان بیریان لە کۆکردنەوەی بەروبومی رووەکی دەوروبەری خۆیان کردۆتەوەو کۆیان کردۆتەوە، دان و تۆوەکەیان دەرهێناوە بۆ خواردنی مناڵەکانیان تا لە برسا نەمرن.
کاتێ لەنزیک دەمی ئەشکەوتەکان ئەو بەروبومانەیان بە بەرد کوتاوە یان تەکاندویانە، تۆوی گەنم و جۆو پاقلەمەنیەکان هەڵوەریون و کەوتونەتە زەوی و تێکەڵ بە خۆڵ بوون، بە تێپەڕبوونی کات و هاتنی وەرزی زستان و باران و ساڵی نوێ ئەو تۆوانە روواون و بوون بە بەرهەمی نوێ، وەک گەنم و جۆو بەرهەمی خۆراکی. ئەمەش بووە هۆی سەرەتای بیری چاندن و بەرهەمهێنان. لە دوبارەکردنەوەی ئەم کارەیاندا دواتر بووە هۆی دۆزینەوەی کشتوکاڵ و داهێنانی چاندن لەسەردەستی ژنان و پاشان پیاوەکانیش بەشداربوون لە چاندن و درەوکردن و کۆکردنەوەی بەرهەمەکاندا.
لە قۆناغەکانی دواتردا ژن توانیی مەڕو سەگ و بەراز ماڵی بکات و لە هاوشانی کشتوکاڵدا توانیی بناغەی خێزان دروست بکات. لێرەشەوە توانیی پیاو ماڵی بکات و تارادەیەک دوری بخاتەوە لە چوونە دەرەوەی دورو راوکردنی ئاژەڵ، بەوەش ژنان توانییان لایەنی کۆمەڵایەتی پێشبخەن، کوخ و خانو و گوند دروست بکەن، پاشان لایەنی ئاینی و رەگەزی و شار گەشەی کرد. بۆ پاراستنی ئەمانەش هێزو دەوڵەت و یاسا دروست بوون. هەربۆیە لەم روانگەیەوە (ولل دیورانت) پێی وایە سەرهەڵدانی شارستانەیەت دەگەڕێتەوە بۆ پەیدابونی (کشتوکاڵ- ئابوری)و (خێزان- کۆمەڵایەتی)و (ئاین- رامیاری) بە بناغەی دروستبوونی شارستانیەتی مرۆڤایەتی دادەنێت(١).
سەرچاوە زانستیەکان بەتایبەتی رەگەزناسی، جەخت لەسەر ئەوە دەکەنەوە کە مرۆڤی (نیاندەرتال (Neanderthas- لە رۆژهەڵاتی ناوەراست و بەتایبەتی لە کوردستاندا کشتوکاڵیان دۆزیوەتەوەو بۆ یەکەم جار ئەوان هەوڵی چاندن و سەرەتاکانی کاری بەرهەمهینان و ماڵیکردنی بەروبومە کشتوکالیەکانیان داوە. لە ناوچەکانی دیجلەو فورات تا چیاکانی زاگرۆس. هەروەها بە رێگای شیکاری (DNA) ئەوە سەلمێنراوە کە ئەم جۆرە خەڵکە بە شێوەیەکی پێشکەوتوانە توانیویانە خۆیان بەهێز بکەن وزاڵ بن بەسەر کێشەکانی ژیاندا بەتایبەتی دوای خۆشبوونی کەشوهەوای ناوچەکە کە تەواو گونجاو بووە بۆ کشتوکال کردن. ئەم ماوەیەش بە (٥٤٠٠٠) ساڵ دادەنریت، دوای چاندی گەنم وسەرکەوتنیان لەو کارەدا بە هەنگاوێکی گەورەو پیرۆز سەیرکراوەو هەر لە هەمان کاتدا بەردی سەوزو لوئلو دۆزراوەتەوەو بە پیرۆز دانراوە وەک جۆریک لە پەرستن و نمایندەی کشتوکاڵ و خێرو بەرەکەتی کشتوکاڵ بووە. بەپێی وتەکانی زانای ئیسرائیلی (عەوفەربار یوسف).
هەروەها بەڵگەیەکی تری گرنگی چاندنی جۆ لە باشورو رۆژهەڵاتی چیاکانی زاگرۆس هەیەو لە پشکنینەکانی باکورو رۆژئاوای کوردستاندا دۆزراونەتەوە، بوونیان هەیە، بەشێوەیەکی دڵنیایی و یەکلاکەرەوە، ئەوەش روون بۆتەوە، دواتر شۆڕبۆتەوە بۆ ئەریحاو قوبرس.
بەڵگەیەکی تری ئەنجامدانی کاری کشتوکاڵی ئەوەیە لە نزیک ئەم کێڵگە کشتوکاڵیانەوشوێنی نیشتەجێی جوتیارەکان بەردی بورکانی و شوشەیی دۆزراونەتەوە کە بەکارهاتون. بۆ ئەم مەبەستە تیمێکی فەرەنسی-پۆڵندی بە سەرۆکایەتی زانای رووەکناس (جۆرج ویلکوکس-George wilcox ) پشکنینی لە گردی گرامیل (Garamil) لە رۆژئاوای کوردستان ئەنجامداوە، لە ئەنجامدا بۆی دەرکەوت سەرەڕای دانەوێڵەش گوێزو فستق وهەندێ جۆری تری خۆراک بەرهەم هاتووە، بەڵام ئەوەی بۆ ئەو گرنگ بوو دۆزینەوەی پاشماوەی گەنم و گەنمەشامی و نیسک و بەزالیا بوو. هەروەها پاشاماوەی تری رووەکی دۆزرانەوە کە بەڵگەی بەکارهێنانی ئەو جۆرە رووەکانە بووە لە ناوچەکەدا لەلایەن مرۆڤەوە.
هەروەها دواتر زانا ئەڵمانی و ئیتالیەکان بە بەکارهێنانی (DNA) لەسەر گەنم و دۆزراوەکانی ناوچەکە ئەوەیان سەلماند کە جوتیارەکان گەنمیان چاندووەو بەرهەمیان هێناوە لە ناوچەیەکی دیاریکراوی شاری ئامەدی کوردستان لە رۆژئاوای شاخی کاراکاداخ بە دوری چەند کیلۆمەتر لە شارەکەوە. لەگەڵ ئەوەشدا زانای ئەڵمانی-نەرویجی (مانفرید هیۆن-Manfred Heun) شارەزای بواری کشتوکاڵی ئەو زانیاریانەی پشتراست کردەوە کە دۆزینەوەکانی ئەو ناوچەیە ئەوە دەسەلمێنن کشتوکاڵ لەم هەرێمەوە سەری هەڵداوەو بە جیهاندا بڵاوبۆتەوە.
هەروەها زانا فەرەنسیەکان باس لە دۆزینەوەی جۆرێکی تری گەنم دەکەن بەناوی گەنمی (ئیمار) لەو ناوچانەدا وەکو جۆری دووەم لە گەنم کە لە ناوچەی (ئامەد) چاندراوە، دواتر بە هاوکاری تیمێکی ئەمریکی وچینی ئەوەیان سەلماند کە حەوت جۆر بەروبومی دانەوێڵەی و پاقلەمەنی و خۆراکی لەو شوێنەوارەدا دۆزراونەتەوە، کە سێ جۆریان لە جۆری دانەوێڵەن وەکو گەنمی جۆری یەکەم و گەنمی جۆری دوەم (گەنمی ئیمارو دلو)وجۆ. ئەوەکانیش پاقلەمەنی بون وەک نیسک، نۆک و بەزالیا، ئەوەی تریشیان کەتان بووە کە بە رۆن وچەوری و نەوت دەوڵەمەند بووەو بۆ ئاگرو روناکی بەکارهاتووە.
ئەم شوینەوارانە بە لانکەی داهینان و ماڵیکردنی کشتوکاڵ. دوتر بە ناوچەکەدا بڵاوبۆتەوە، ئەوەش کە ئەم راستیەی سەلماند کنەو پشکنینی گردی (نیڤالی کۆری)و کوپڵیک تەپە بوو لە باکوری کوردستان. لە زۆر شوێنی تریش دۆزرانەوە وەک مەرسیب لە رۆژئاواو بێستانسورو چەرمۆ(٢).
شۆڕشی کشتوکاڵ (Agricultural Revolution) ١٢٠٠٠ساڵ پ.ز، بە هەنگاوێکی کاریگەر و نوێ دادەنرێت لە گەشەی ژیانی مرۆڤدا، چونکە بۆ یەکەم جارە مرۆڤ بە خاک و ئاوەەوە دەبەستێتەوەو جێگیری دەکات. ئەم سەردەمە زۆر گۆڕانکاری گەورەتری بەدوای خۆیدا هێنا وەک دروستکردنی گوند و بەرهەمهێنانی گەنم و خۆراک و ماڵیکردنی ئاژەڵ و سود لێ وەرگرتنی و پەیدابوونی خاوەن زەوی و موڵکایاتی و دروستبوونی خێزان و کۆمەڵی پێکەوەی بەرژەوەندیخوازو بەرگری و دابەشکردنی کارو هاوکاری و هەرەوەزی و دانانی بەردی بناغەی هۆز و هێزو فراوانبوونی دەستەڵاتی مرۆڤ لە تواناو ژمارەدا. هەروەها سەرەڕای توندوتیژی و پەلاماردانی یەکتری، ئاشتی و رێکەوتن و رێووڕەسمی ئایینی و ئاهەنگێڕان و گۆڕینەوەی شت بە شت و بەتایبەت میوەو گۆشت لەنێوانیاندا وەک سەرەتای بازرگانی ناوخۆیی، تا وردەوردە شار دەرکەوت و شارە دەوڵەت هاتە ئاراوەو فەرمانڕەوایەتی دروستبوو….. هەر لەم روانگەیەوە (کارڵ مارکس) پێی وایە (کارکردن هەموو مرۆڤەکانی یەکخست)، یان لەم ماوەیەدا ئیتر مرۆڤ بە یەکجاری شانشینی ئاژەڵانی بەجێ هێشتووەو بە تەواوەتی خۆی لە جیهانی ئاژەڵ جیاکردۆتەوە، بەڵام لە رەگ و ڕەچەڵەکدا وەک (چارلس داروین) دەڵێت لە بنەڕەتدا مرۆڤ بەرهەمی گەشەکردنەو دەگەڕێتەوە بۆ سەر خێزانی گیانداران(٣).
سەردەمی کشتوکاڵ شۆڕشێکی ئابوری گەورە بوو کە مرۆڤ توانی بەسەر زۆرێک لە گرفتەکانی خۆراکدا سەرکەوێت، بەتایبەتی لە ناوچە جیاکانی وڵاتی کوردستان، ئەم ماوەیەش لە ٩٥٠٠ب٠٨٠٠٠پ.ز بووە. بۆ نمونە گەنم لە ٩٠٠٠ ساڵ بە تەواوەتی بەرهەم هینراوەو پاشان نیسک و پاقلە لە ٨٠٠٠ ساڵ پ.ز چێنراوە. پاشان لە٥٠٠٠ ساڵ زەیتوون و لە ٣٥٠٠ ساڵدا گوێزو ترێ ماڵی کراوە، واتە سەرەڕای دانەوێڵە باخداری و داری بەرداریش بەخێو کراوەو سودی لێ بنیراوەو میوە بەرهەم هاتووە. بەڵام هیچیان وەک گەنم کاریگەر نەبوون و نەیانتوانی ببنە هۆکاری پێشکەوتنی ژیانی مرۆڤ.
ماڵیکردنی گەنم واتە بەرهەرمی زۆری گەنم بۆ تۆوو چاندن و خۆاردن و هەڵگرتنی بۆ کاتی پێویست. وشەی ماڵیکردن (Domesticate) لە (Domus)ی لاتینیەوە هاتووە بە واتای ماڵ، واتە گەنمی ماڵ یان پارێزراو لە گەنجینەی ماڵداو بە سامانێکی یەکجار گرنگ دانراوە. بەهۆکاری سەرەکی گەشەی ژیانی مرۆڤ وزۆربوونی ژمارەی دانیشتوان و مانەوەی مرۆڤ دادەنرێت. هەروەها رێژەی زۆربوونی مناڵیش دەگەڕیتەوە بۆ ئەوە، ژنی ئەم کۆمەڵانە هەموو ساڵێ مناڵی بووە. بۆ نمونە ئەو مرۆڤانەی لە گوند نیشتەجیبوون و ژیانی خۆیان بە بەرهەمی گەنم و کشتوکاڵ دابین کردووە تەمەن دریژتر و زۆرتر ژیاون لەچاو ئەوانەی کۆچەری و خەریکی راوو شکار بوون.
شوێنەوارناسەکان چەندین ناوچە بە نمونە دەهێننەوە بۆ بەرهەمهینان و کۆکردنەوەی گەنم، ناوچەی نەتۆفی (Natufian)و کە ١٢٠٠٠بۆ ٨٠٠٠ساڵ پ.ز و دانیشتوانی ئەریحا (Jericho) کە زیاد لە پێویست گەنمیان بەرهەم هێناوە(٤).
بەڵام گوبیڵکی تەپە ( Gobelki Tepe) لە باکوری کوردستان و شاری ئورفا لە هەمویان گرنگتر بووە، شوێنی کۆکردنەوەی بەرهەمی کشتوکاڵ بووە، لەگەڵ ئەوەشدا لە دووریی ٣٠کم لە شوێنەواری گوبڵیک تەپە لە کاراکاداخ (Karacadag) ئەویش تێیدا پاشماوەی گەنم دۆزراوەتەوە، زاناکان بەوردی قسەی لەسەر دەکەن و بە هەنگاوێکی گرنگی دەزانن لەو سەردەمەدا بەو شێوەیە مرۆڤ توانیبێتی گەنم کۆبکاتەوە(٥).
ئەمەش مانای وانیە کە کۆمەڵەی نیشتەجێکان بێ کێشە بوون، ئەمانەش زۆرجار رووبەرووی کێشە بوونەتەوە، بۆ نمونە بارینی بارانی زۆر بووە بە هۆکاری نەبوونی بەرهەمی گەنم، یان بڵاوبوونەوەی نەخۆشی و کولەو دەردی کشتوکاڵی و زۆر جار برسێتی و لەناوچوون روویداوە و ناچار کۆچیان کردووە.
لەوانەش خراپتر سەرهەڵدانی شەڕ بووە لەنێوان جوتیارەکاندا لەسەر زەوی و ئاویان لەسەر بەرهەمەکان کە بەرهەم هاتووەو لە ماڵەوە دانراوە لەلایەن کۆمەڵێکی ترەوە پەلامار دراون بۆ بردنی گەنمەکان. ئەوەش وایکرد جوتیارەکان چەک دروست بکەن بۆ بەرگریکردن لە خۆیان و ئەو گەنمەی بەرهەمیان هێناوە (٦).
لەگەڵ ئەوەشدا مرۆڤ هێشتا دەستبەرداری شەڕانگێزیی خۆی نەبوو، بەڵکو پێشکەوتن و دۆزینەوەی کشتوکاڵ بووە هۆی سەرهەڵدانی کوشتن و وێرانییەکی گەورە بۆ مرۆڤ، چونکە لەم قۆناغەدا شەڕی گەورە لەنێوان کۆمەڵەی مرۆڤەکاندا دەستی پێکردووە. شوێنەوارناسان چەند نمونەیەکیان لە پاشماوەی ئێسکە پەیکەری مرۆڤ دۆزیوەتەوە کە بەهۆی لێدان و کوشتنەوە بووە نەک خۆی مردبێت، کە ماوەکەی بۆ (٣٠٠٠٠) ساڵ پ.ز دەگەڕێننەوە، بەڵام پێدەچێت ئەم روداوە وەکو بەرکەوتنێکی ئاسایی بووبێت نەک وەکو شەڕی بەرامبەرو دوو کۆمەڵەی خاوەن زەوی و گوند یان هێزێکی هێرشبەر، بە بەراوردکردنی لەگەڵ دۆزینەوەکانی دواتردا. بۆ نمونە لە سەروبەندی شۆڕشی کشتوکاڵدا لە (١٢،٠٠٠ساڵ پ.ز)دا لە پورتوگاڵ (٤٠٠) ئێسکەپەیکەر دۆزرانەوە کە دوانیان کوژراون. دواتر لە ئیسرائیل (٤٠٠)ی تر دۆزرانەوە کە هەموویان لە کاری توندوتیژیدا لەناوچوون کە پێدەچێت لە شەڕدا بووبێت. هەر لەو روانگەیەوە کۆمەڵەی سێیەم دۆزرانەوە لە دۆڵی دانووب کە ئەوانیش (٤٠٠) کەسێک بوون و ١٨یان شوێنی رم و تیرو بەرکەوتنی کەلوپەلی جەنگی کەوتوون(٧).
سەرەڕای ئەوانەش لە چاخی بەردینی نوێدا دروستکردنی گوندو کشتوکاڵ و ئاژەڵداری بە خاڵی گرنگ و بنەمای سەرەکی دادەنرێن لە پەیدابونی شارسانیەتدا کە دواتر شارستانی سومەری بەرهەم هێنا(٨).
سەرچاوەکان:
(1) Will Durant: Heroes of History ,A brief History of Civilization from ancient time to the Down of the Modern Age, Simen and Schuster ,New York,2001,p17.
(2) (Karin Bois: Min Eurpeiska Familj De Senaste 54000 Aren,2015,swed,p198-202 .
(3) Yuval Noah Harary: Sapiens Abrief History of Humankind,London,2014,p17-19.
(4) Yuval Noah Harary,p86.
(5)Karin Bois:,p203-207
(6) Yuval Noah Harary:,p81.
(7) Yuval Noah Harary,p59-60.
(8) Dan Cohn-Sherbok:JUDAIZM,History .Believ and Practice,NewYourk,2009,p3