ترس و دڵەڕاوکێی هانا ئارێنت بەگشتی ئەمە بوو؛ لە جیهانێکی ئاوا سارد و ڕەشداگەڕاو بە دووکەڵی “شەڕ”، لە تێگەیشتن لە جیهان و “شەڕ” بێبەری بین و نەتوانین ژیان لە جیهان و لەگەڵ ئەوانیتردابوون لە جیکەڵانەی مرۆیی خۆماندا بگونجێنن؛ چونکە تەحەمولنەکردنی بوون لە جیهان و لەگەڵ ئەوانی دیکەدا دەبێتە هۆی ڕەتکردنەوەی شارستانییەت و کۆتاییهاتنی مرۆڤ. ئامانجی ئارێنت ئاشتکردنەوەی ئێمە لەگەڵ جیهان و نامۆیی سڕینەوە لە نێوان مرۆڤەکان لەگەڵ ئامدەبوون و هەبوونی “شەڕ” دایە. بە بێ لەبەرچاوگرتنی ئەم دڵەڕاوکێیە، خوێنەری بەرهەمەکانی ئارێنت. لە تێگەیشتنی زۆربەی کتێبەکان و تۆژینەوەکانیدا ناکام دەمێنێت. “ئارێنت” سەرنجی ئێمە بۆ پرسێکی بنەمایی ڕادەکێشێت کە لە دێرزەمانەوە تاکوو ئێستە، بزوێنەری ئەندێشە و ئایدیا ئیلاهیاتی و فەلسەفییەکان بووە؛ ئایا مرۆڤێک کە بەشێوەیەکی بەردەوام لە ژێر دیواری داڕماوی کاتدا چەماوەتەوە و لە چاوەڕوانیی کۆتایی خۆیدا دەستەوئەژنۆ دانیشتووە و لە بەردەم نەخۆشی، هەورەبرووسکە، بوومەلەرزە، لافاوی سرووشت و کوشتن، خیانەت و تاوانکاریی هاوڕەگەزەکانی خۆیەتی، دەتوانێت بەشێوەیەک لە جیهان تێبگات کە بایەخی ژیانکردنی بۆی هەبێت؟
پەرژانە سەر فەلسەفە، ئیشی مرۆڤەکانە نەک خوداکان، پێویستیی ئەوانەیە کە بە کات و شوێن و ئەگەرەکانەوە گرێدراون، نەک نەمرەکان و ڕزگاربووان لە قەفەس و چوارچێوەی مادە و سرووشت. ئێمە تووشی شەڕ هاتووین، بۆیە پێویستمان بە بیرکردنەوەیە تاکوو ژیان لەگەڵ شەڕ ئامێزبوون و ناسازبوونیدا، مانا بکەینەوە و نەهێڵین مەودای نێوان مەرگ و ژیانیش بەیەکدی بگەن. شەڕ، تاقیکردنەوە و پێوەرێکە بۆ توانایی تێگەیشتنی مرۆڤ بەشێوەیەکی ڕەها. ئەگەر مرۆڤ لە پرسی پرسەکان، مانای ژیان، کە بە بێ تێگەیشتن لە شەڕ مومکین نییە، تێنەگات، چ گەرەنتییەک دەبێت کە بتوانێت لە تێگەیشتنی پرسەکانی دیکەدا بەئاکام بگات یان هەر لە بنەمادا ئەگەر لە تێگەیشتنی ژیان و شەڕ دەستەوەستان بمێنێتەوە، لە ناسینی پرسەکانی دیکەدا چ سوود و قازانجێکی دەبێت؟
لەگەڵ هەموو ئەمانەدا، فهیلهسووفانی کۆن، ئەگەرچی هەموو زەینیان سەرقاڵی پرسی بوون و جیهان بوو، بەشێوەیەکی ڕوون و ڕاستەوخۆ پرسی شەڕیان نەدەخستە ڕوو. شەڕ تا پێش لە سەردەمی مۆدێرن بەشێوەیەکی تایبەت، وەکوو پرسێکی ئیلاهیاتی و تیۆلۆژیک هەژمار دەکرا، نەک فەلسەفی. لە ئەندێشەی ئیلاهیاتیدا، شەڕ، تەنانەت ئەگەر لە نێڵەنێڵەی بورکان، هەورەبرووسکە، ئاگرکەوتنەوە، تۆفان، قات و قڕی و بوومەلەرزەدا دەرنەدەکەوت، وەکوو بەڵایەکی سرووشت لەقەڵەم دەدرا، یان وەکوو قەزا و قەدەری ئیلاهی دەخوێنرایەوە و ڕۆڵی مرۆڤ تێیدا بە هیچ یان زۆر کەم دەهاتە بەرچاو. لەو سەردەمەدا ڕووداوەکانی جیهان بە گوێرەی خواستی ئیلاهی دەبینران و هیچ شتێک توانای دەربازبوون لە ژێر سێبەری هێز و حیکمەتی خودای نەبوو؛ بەڵام لە چاخی مۆدێرندا، مانای شەڕ لەگەڵ بەکارهێنانە ئیلاهیاتییە پێشمۆدێرنەکەیدا جیاوازییەکی بنەمایی پەیدا کرد. لە ڕۆژگاری نوێدا، شەڕ زیاتر لە پەیوەندی لەگەڵی ڕەفتاری ئەخلاقیی مرۆڤدا باس کرا و داڕێژرا تاوەکو بابەتێک بێت لە ناو پێویستییەکانی حیکمەت، سەرنج، دادپەروەری و قەدەری ئیلاهی. بە دەربڕینی سووزان نایمەن؛ فهیلهسووفی ئەمریکی، بیریارانی کۆن لە هەمبەر ڕووداوێکی وەکوو بوومەلەرزەی لیسبوون دەیانپرسی کە چۆن خودایەکی قادری موتڵەق و دادپەروەر دەتوانێت وەها پێکهاتەیەکی سرووشتی بئافرێنێت کە تێیدا کەسانی بێگوناه تووشی ئازار و مەرگ دەبن؟ بەڵام لە چاخی نوێدا، پرسیاری فهیلهسووفەکان دوای ڕوودانی شەڕێکی وێنانەکراوی وەکوو هۆلۆکاست ئەمە بوو؛ چۆن مرۆڤەکان دەتوانن ئاوەها دڵڕەقانە و لە ڕووبەڕێکی ئاوەها سامناکدا، نۆرمەکانی ئەقڵانییەت و ئاوەزمەندێتی بنپێ بکەن؟ ئەم پرسیارە، نیشانەی گۆڕانکاری لە ڕوانگەی مرۆڤی مۆدێرنە بۆ شەڕ لە واقیعێکی سرووشتییەوە بۆ خەسڵەتێکی ئەخلاقی. “سووزان نایمەن” دەڵێت فهیلهسووفانی پێشمۆدێرن لەبارەی سرووشتی شتەکان، گەردوون، مرۆڤ و سرووشت بیریان دەکردەوە بەڵام فهیلهسووفە مۆدێرنەکان، هەر لە دیکارت و کانتەوە تا ئەوانی دیکەش، بە درزخستنە نێوان دیاردە و واقیع، لە توانایی ئێمەدا بۆ تێگەیشتن لە سرووشتی شتەکان گومانیان دروست کرد. نایمەن دەڵێت گومانی فهیلهسووفەکان لە ئەگەری واقیعینەبوون یان واقیعنوێننەبوونی دیاردەکان نەبوو، بەڵکوو بەپێچەوانەوە، ئەوان دەترسان جیهانێک بەم دزێوییە و بەم نالەباریی و بریندارکەرییەوە واقیعی بێت. لەم ڕووەوە ئەوان هەوڵیان دەدا لە پشتەوەی ئەم دیاردانە شتێکی جوانتر، حەقیقی تر و یان جێگیتر بکۆڵن و بدۆزنەوە تاوەکوو جیهان بکەن بە جێگەیەک بکرێت تیایدا بژیت. ئەندێشە ئیلاهیاتییەکان بە نا تێگەیشتنکردنی شەڕ، لە ڕاستیدا، مرۆڤەکانیان لە هەمبەر گرنگترین بابەتی ژیان واتە تێگەیشتن لە خودی ژیان، دەستەوەستان دەهێڵنەوە و دۆشداماوی و کۆڵەواربوونی مرۆڤ وەکوو بابەتێکی چارەسەرهەڵنەگر دەنوێنن.
ناتێگەیشتنبوونی شەڕ، واتە زەین و هەناوی مرۆڤ تووشی نوقسان و لاوازییەکی چارەسەرنەکراوە و زاتی ببینین و دواجاریش مرۆڤ لە پێشگرتن لە ڕوودانی دووبارەی شەڕ، دەستەوەستان و بێچارە بزانین. لە چوارچێوەی دەزگای چەمکیانەی ئیلاهیاتیدا، وێنەی جیهان بەڕادەیەک تۆقێنەر، مەترسیدار و شەڕپژێن دەنوێنێت کە بە هیچ شێوەیەک، ئارەزوویەک بۆ ژیانکردن تێیدا ناهێڵێتەوە؛ مەگەر لە خولقاندنی چەمکانێکی وەکوو خوداوەند و بەڵێنی نەمریی ڕۆح، ئەوەش نەک لەم دنیایە بەڵکوو لە دنیایەکی دیکەدا، دنیایەک لە دەرەوەی مادە و کات و وەکوو بینینی خەونێک لە بێداریدا. باوەڕ بە ناتێگەیشتنبوونی شەڕ، هەڕەشەیەکە لەسەر بوون و ئەم جیهانە بۆ مرۆڤی پێکهاتوو لە ئێسقان و پێست و گۆشت ژیانهەڵنەگر دەکات. “ئارێنت” لە هەمبەر ئەم هەڵگۆستە کۆنەیە لە شەڕ دەوەستێتەوە؛ شەڕ تێگەیشتن هەڵدەگرێت و هەر بۆیەش دەکرێت پێشی پێ بگیرێت. شەڕ هێزێکی بانمرۆیی، ئەهریمەنی، ئوستوورەیی و بانسرووشتی نییە. ئێمە دەتوانین خۆمان ڕزگار بکەین و جیهان بکەین بە شوێنێک بۆ ژیانکردن. شەڕ تێگەیشتنهەڵگرە، کەواتە دەکرێت پێش لە ڕوودانی دووبارەی بگرین و چوونکەش پێشگرتن لێی مومکینە، مرۆڤ بەرپرسە لە کردەوە و دۆخی خۆی.
ئایدیای ناوەندیی”ڕۆشنگەری” بوێریی بیرکردنەوە بۆ خودە و ئەمەش واتە بوێریی قبووڵکردنی بەرپرسیارێتی لە هەمبەر جیهاندا. لە چاخی نوێدا، مرۆڤ باری بەرپرسیارێتی لەهەمبەر ڕووداوەکان لەسەر شانی خودا هەڵدەگرێت و خۆی بەکۆڵی دەنێت. ڕۆژگاری مۆدێرن، سەردەمی ئاسوودەیی خوداوەند و دەسپێکی ئازادی و بەرپرسیارێتی قبووڵکردنی مرۆڤە. بە دەربڕینێکی نیچەیی”مەرگی خودا”، مەرگی بەرپرسیارێتیی خوداوەند و لەدایکبوونی وشیاریی بەئازار، بەدڵەڕاوکێ و بزۆزی مرۆڤ بۆ بەرپرسیارێتی تاکەکەسی و جەمعییە. “ئارێنت” دەڵێت کە شەڕ، “شەیتانی”، ڕازاوی و ناتێگەیشتنی نییە، بەڵکوو لە ئەنجامی بیرنەکردنەوەدایە. بیرنەکردنەوە زۆر مەترسیدارترە لە بەدڕەسەنی و شەڕانیبوون. چ لە ڕووی ترسەوە بێت، یان بەهۆی سەوای نومایشکردنی مەزنی و لێهاتوویی، مرۆڤەکان بەدەگمەن ملەچ و ناچاری ئارەزوویان بۆ ویرانکردن دەبن، بەڵام ملبادان و سەرپێچیکردن لە تێڕامان لە بەدواداهاتەکانی ڕەفتاری ئاسایی و نەریتپەسند، مرۆڤەکان ئاسانتر بەرەو ئەنجامدانی شەڕ ڕادەکێشێت، و لەم ڕوەوە، هەڕەشەیەکی واقیعی تر و چەندقاتترە بۆ مرۆڤ.
ئارێنت لە ڕاپۆرتە شیکارانەکەی لە دادگاییکردنی ئادۆلف ئایشمەن-کە یەکەمجار لە گۆڤاری نیۆیۆرکێردا بڵاو کرایەوە- لە نێوان توتالیتاریسم و “بیرنەکردنەوە”دا پەیوەندییەکی پتەوی دۆزییەوە. لە ڕوانگەی ئەوەوە، ئایشمەن، ئەو ئەفسەرەی کە جوولەکەکانی بەزۆرەملی سوار شەمەندەفەرەکانی مەرگ دەکرد، خاوەنی هێزێکی ئەهریمەنیی بانسرووشتی نەبوو. ئەم مرۆڤە زۆر ئاساییە، خۆی وەکوو فەرمانبەر و ئەنجامدەرێک دەزانی، و ناچار بە جێبەجێکردنی فەرمانەکانی کەسی سەرەوەی خۆی بوو. ئەو بۆ خۆی بیرناکاتەوە و لە ئەنجامدا، توانایی داوەریکردن لە نێوان خێر و شەڕی نەبوو.ئایشمەن نموونەیەک لە “ئاساییبوونەوە-یان ڕٶژانەییبوونەوەیی شەڕ” بوو. “سوزان نایمەن” لە کتێبی شەڕ لە ئەندێشەی مۆدێرندا؛ مێژوویەکی فەلسەفەی جیاواز دەبەڵگێنیت کە نیازی سەرەکیی هانا ئارێنت لە نووسینی توێژینەوە ڕاپۆرتی-شیکارانەکەی لەبارەی دادگاییکردنی ئایشمەن شتێکی زیاتر لە ڕوونکردنەوەی شەڕ بوو. ئارێنت بیری لەمە دەکردەوە کە ئیتر چۆن دەکرێت لە جیهانێکدا بژین کە تێیدا وێنانەکراوترین شەڕەکان، شەڕە نامومکینەکان، ڕوو دەدەن و دەبن بە واقیع؟ ئامانجی ئارێنت، بەرگریکردن لە جیهان بوو؛ جیهانێک ئەم هەمووە نغرۆیە لە شەڕدا و لێوانلێوە لە ناپاکی.
“ئارێنت” لە هەڵپێکانی “شەڕ” و “بیرنەکردنەوە”، لە لایەنانی جۆراوجۆرەوە، قەرزارباری ئیمانۆئێل کانتە. کانت لە نامیلکەکەی خۆی “ لە وەڵامی ئەم پرسیارەدا؛ ڕٶشنگەری چییە؟” ڕٶشنگەری بە دلێری و ئازادبوون نواندنەوە؛ “ ڕزگاربوونی مرۆڤ لە ناپێگەیشتوویی خۆویستانە. ناپێگەیشتوویی، نەتوانینی مرۆڤە لە بەکارهێنانی تێگەیشتنی خۆی بە بێ ڕێنوێنیی ئەویدی. خۆویستانەبوونی ئەم ناپێگەیشتووییە لەم ڕووەیە کە هۆکارەکەنی نەک نەبوونی ئهقڵ بەڵکوو نەبوونی ئیرادە و دلێرییە بۆ بەکارهێنانی لەڕێگە و بە ڕێنوێنیی ئەویدییە. Sapere aude ! دلێریی بەکارهێنانی ئهقڵی خۆتت هەبێ!” ئەمەیە دروشمی ڕۆشنگەری.” هەر ئەم دەربڕینە کورتە، کرۆکی هەڵگۆستەی کانت لە بابەتی ڕۆشنگەری ڕوون دەکاتەوە. نە کانت بەدوای “پێناسەکردن”ی ڕٶشنگەرییە، و نە ڕۆشنگەریش-لە پێگەی ئایدیایەکدا نەک سەردەمێکدا- لە بنەمادا دەکرێت پێناسە بکرێت. ڕۆشنگەری وەکوو ئایین یان فەلسەفەیەکی تایبەت، کۆمەڵێک لە گوزارەکان، باوەڕ، بنەمای باوەڕەکان یان ئامانجەکان نییە. ڕۆشنگەری بەمانای جۆرێک لە بیرکردنەوەیە کە تێیدا، مرۆڤ سێبەری هەیمەنە و سەرچاوەبوونی پیاوانی ئایینی و مامۆستاکان لا دەدات و ڕزگاربووە لە خاوەندارێتکردن لە لایەن هەر سەرچاوەیەکی دەرەکی، و خۆی بیر دەکاتەوە. ڕزگاریی ئەو نەک بە پێڕەویکردن لە بنەماکانی ئەم نەریتە یان ئەو ئایینە بەڵکوو لە هەناوی خۆیەوە هەڵدەخێزێت؛ پچڕاندنی هەر جۆرە هەودایەکی لاساییکردنەوەی ئەویدی و هەڵلووشانی ئەوەی وا خۆی، بە پێچەوانەی نەریت، بیری لێ دەکاتەوە.
“نوور” ئەگەرچی لە دەقە ئاییننەکانی وەکوو تەورات، و قورعان و هەروەها لە فەلسەفەی یۆنانیشدا، لەوانەش لە تیۆرەی ئەشکەوتی ئەفلاتووندا، میتافۆڕێکی باوە و دەمانباتەوە سەر هەواری حەق و حەقیقەت، بەڵام لە زمانی ڕٶشنگەریدا ئاماژەی بە “حەقیقەت”ێکی تایبەت کە دەرهاوێشتە، بنەما یان بانگهێشتکاری سیستمێکی ئایینی یان فەلسەفی دیاریکراو بێت، نییە. زوڵمەت لەو شوێنەیە کە وا مرۆڤ نەتوانایە لە دەستنیشانکردنی دروست لە نادروست. “دەرچوون لە زوڵومات، واتە بڕیاردان لەوەی کە پرسیار بکرێ، پێداچوونەوەیە بەسەر بنەماکانی ڕابردوو، ڕەتکردنەوەی پاژەکی یان گشتەکیی ئامۆژگارییە ئایینییە نەریتییەکان و بانگکردنی ئەوانی دیکەش بۆ ئەم پرسیارکردن و بیرکردنەوەیە. لەسەر ئەم بنەمایە، ڕۆشنگەری بە مانای وردی وشە لە سەدەی هەژدەیەم، ڕەخنەکردنی ئەو شتەیە کە لە نەریتەکانی پێشوو بە ڕۆشنگەری لەقەڵەم دراوە.” هەر بۆیە، ناپێگەیشتوویی، ئاماژە نییە بۆ کەمتەمەنی بەڵکوو ئاماژەیە بۆ وابەستەیی و پێڕەوکردنی ئەوانی دیکە. پێگەیشتوویی واتە گەیشتن بە بڕیار و ڕوانگەی تایبەت بە خۆت، بیستنی دەنگی داوەریکردنی ناخ و زەینی خود و وازهێنان لە پێڕەوکردن و بەدواداڕۆشتنی کوێرانە لە دابونەریتەکان، سەرچاوە فیکری و ئایینییەکان و هەروەها هەیمەنە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکان. کانت لەسەر “خۆویستانە” بوونی ناپێگەیشتوویی پێداگریی دەکات و ناپێگەیشتوویی نەک بە ئەنجامی کەمزانین کە بە بەرهەمی لاوازیی ئیرادە دەزانێت و بەدەستهێنانی زانستی زۆر خۆی لە خۆیدا، وەکوو دەرمان و چارەسەرییەک بۆ ناپێگەیشتوویی نازانێت.
ژێدەر؛ انسان ها در عصر ظلمت، هانا آرنت. مهدی خلجی. آموزشکدە آنلاین “توانا” برای جامعەی مدنی ایران.
وەرگێڕان؛ موحسین عەلیڕەزایی






































































