وهكو زۆرێک لە لایەنەکانی كولتووری ڕۆژئاوایی، ئیعتیبارێک کە ئەدەبی ڕۆژئاوا بەدەستی هێناوە میراتێکە لە یۆنانییەکان و کتێپی پیرۆز بۆمان ماوەتەوە. ئەم میراتە بەدرێژایی سەدەکان لە تووناوتوون و ما و هەزاری زۆرەوە تێپەڕیوە تا ئێستاکە گەیشتووەتە بەردەستی ئێمە. ئەگەر ئێمە گرێدراوی شێوەیەک لە شێوە باو و زۆر و زەبەندەکانی كولتووری ڕۆژئاوایی بین، ئەم میراتە هێشتاش “هی ئێمە”ەیە. بەڵام پێویستە بیر بخرێتەوە کە ئەفلاتوون (نزیکەی ٤٢٧-٣٤٨ پ. زاین) و “ئهرستۆ (٣٨٤-٣٢٢پ.زاین) و کتێبی پیرۆز دەسپێکی ڕەها و بێڕکابەری ئەم میراتە نین. ئەمانە لە سەردەمی خۆیاندا لەخۆگری پاژگەل و کۆمەڵێک کەرت و لەتی پێشمەرج، چیرۆک و تیۆریگەلی زۆر کۆنتر دەبن. یەکێک لە نووسەرانی کۆتاییەکانی چاخی ڤیکتۆریا (سەدەی نۆزدەیەم) بەناوی ڤالتێر پاتێر لە بەرهەمەکەی خۆیدا “ئەفلاتوون و ئەفلاتوونگەرایی”، هەر لەم ڕەهەندەوە دەپەرژێتە سەر ئەفلاتوون و لە باسەکەی خۆیدا چوار خوازەی جوان بەکار دەهێنێت. نووسراوەی ئەفلاتوون لە بەردێک دەچێت کە لە هەناویدا چەندین بەردینەی هەڵگرتبێت، یان لە دەستنووسێک دەچێت کە وشە و پیتەکانی کوژرابنەوە(سڕابێتنەوە) و لەسەری شتێکی نوێیان نووسی بێت، بەڵام هێشتاش نووسینە کۆنەکە لە ژێر تارمایی نووسینە نوێکەدا بەدیدەکرێت، یان هاوشێوەی مافوورۆچکەیەکە تانوپۆکەی پیشتر بەکار هاتبێت، یان وهكو تەنێکی ئۆرگانیکە کە بە تێپەڕێنی زەمەن کاژ دەخات و خۆی نوێ دەکاتەوە:-
بەشێک لە بەرووبوومەکانی بیرمەندانی پشوودرێژی پێشووتر، تەنانەت ئەو کەسانەی کە لەو سەردەمەدا کۆچی دواییان کردبوو و بارگەیان بۆ جیهانێکی دی گواستبووەوە، بەشێکن لە پێکهاتەی فەلسەفەکەی ئەو. ئەم بەرووبوومانە لە هەموو شوێنێکی پێکهاتەی فەلسەفەکەی ئەودا ئامادەن، ئەوەش نەک بەشێوەی هێڵێکی هەڵکۆڵراوی بینایەکی کۆنتر کە بە هەڵکەوت و بە پەرتەوازەیی لێرە و لەوێی بینایەکی نوێ بینرابێتەوە، بهڵكو زیاتر وهكو پاشماوە ورد و گچکەکانی ژیانی ئۆرگانیکی پێشووترە کە لە دانەبەدانەی ئەو بەردانەی کە بینای فەلسەفەکەی خۆی لەسەری هەڵچنیووە، ئامادەن. لەگەڵ ئەو تاموبۆنە سەرسووڕهێنەرەی کە تەڕوپاراوی و بۆنوبەرامەیەکی ئەدەبیی تایبەت دەداتە بە بەرهەمەکانی ئەفلاتوو، بەڵام قسەیەکی بێسەروبەر و نەپۆڕاو نییە ئەگەر بڵێین شتێک کە بەتەواوەتی لە فەلسەفەی ئەودا نوێ بێت، بوونی نییە؛ یان باشترە بڵێین وهكو زۆرێک لە بەرهەمە ڕەسەن و دانسقەکانی نبووغی مرۆییە، کە ئەوەی وا بە ڕواڵەت نوێباو دەنوێنێت کۆنیشە، دەستنووسێکە کە سڕیویانەتەوە و دیسان لەسەری نووسیویانەتەوە، مافوورۆچکەیەکە تانوپۆکەی لە ڕابردوودا بەکار هاتووە، یان وهكو لەشی ئاژەڵێکە دانە بە دانەی گەردیلەکانی بە جاران و باران ژیاون و بە باران و جارانیش مردوون.
ئەو قسانەی کە پاتێر لەبارەی ئەفلاتوونەوە دەیکرد، لەبارەی کتێبی پیرۆزیشەوە بەڕاست دەگەڕێت. ئەگەر بشێت دەقێکی نیشتگ و تانشین هەبێت، کتێبی پیرۆز لەوانەیە. کتێبی پیرۆز لەخۆگری کۆمەڵێک توێژاڵە لەو پاشکۆ و زیادکراوانەی کە تا ڕادەیەک ناهاوتەریب و لێکنەچوون. بەڵام هۆکاری ئەوەی کە من دیسان هاتوومەتە سەر کتێبی پیرۆز، ئەفلاتوون و “ئهرستۆ بەو هۆیەیە کە وێنا و خەیاڵکردنە تازەکانی ئێمە لەسەر کارکرد و ئیشی ئەدەبیات هەر هەمووی بەشێوەیەک داڕێژراوی دووبارەی ئەو تێم و ناوەرۆکانەیە کە لەم “سەرچاوە سەرەکی”یانەدا ئامادەن، سەرچاوەگەلێک کە خۆیشان پلە یەک و بەتەواوەتی ڕەسەن نین.
دەبێت بەپارێزەوە باسی کتێبی پیرۆز وهكو ئەدەبیات بکەم. کتێبی پیرۆز لە پێگەی کەلامی خودادا ئیعتیبارێکی زۆری وەرگرتووە و هەر بەم هۆیەوە دەسەڵاتی ئەم ئیعتیبارە بەنیسبەت زیاترە لە دەسەڵاتی ئەو ئیعتیبارەی کە ئەدەبیاتی نائایینی(سیکیولار)ی كولتووری ئێمە وەریگرتووە و پەیدای کردووە، هەرچەندە ئیعتیباری كولتووری سیکیولاری ئێمە زۆر زۆرە. هۆکارەکانی خوێندن(یان نەخوێندن)ی چیرۆکی ئیبراهیم و ئیسحاق لە سیفری “پەیدابوون”دا بە تەواوەتی لەگەڵ هۆکارەکانی خوێندن(یان نەخوێندن)ی دیکێنز، وۆردزۆرس، شێکسپییەر و تەنانەت دانتە و میلتۆن جیاوازە، ئەمە لە حاڵێک دایە کە دانتە و میلتۆن هەردووک لە شاعیرانی ئایینین. ئەوەی دەقە پیرۆزەکان لە خوێنەری خۆیان داوای دەکەن بە تەواوەتی لەگەڵ دەقە سیکیولارەکان جیاوازە. بەڵام بە هەموو ئەمانەشەوە کتێبی پیرۆز بۆ ئێمە سەرنموونە و چاولێکراوە بووە. گێڕانەوە جیاوازەکانی کتێبی پیرۆز، دەقە بنەماییەکانی دوو ئایین لە سێ ئایینی گەورەی”ئەهلی کتێب” بووە، واتە ئایینی یەهوودی و مەسیحییەت، ڕێک بەهەمان شێوە کە قورعان(ی مەجید) کتێبی پیرۆزی ئایینی ئیسلامە.
بۆ بڵاوکردن و پەرەپێدانی مەسیحییەت و سەرخستنی بۆ پێگەی ئایینێکی جیهانی، پێویست بوو نوسخە چاپکراو و هەرزانباییەکانی کتێبی پیرۆزی مەسیحی بەشێوەیەکی بەربڵاو لە جیهاندا بڵاو بکرێتەوە و بگاتە دەستی هەمووان. کتێبی پیرۆز تەقریبەن وەرگێڕدراوەتە سەر هەموو ئەو زمانانەی ڕۆژێک”تیشکی هەتاویان” بەرکەوتووە. پرۆتێستانتیزمیش هەر ئەم ئەدەبیاتە سیکیولارە هاوشان و هاوڕێیەی كولتووری چاپە. سەرباری ئەمەش پرۆتێستانتیزم هاوڕێ و هاونەوای ئەمپریالیزمی ڕۆژئاواشە. بازرگانیی بەدوای ڕێچکەی ئاڵادا دەرۆیشت، بەڵام خودی ئاڵا بەزۆری شوێن هەنگاوەکانی ئەو بانگوازانە دەکەوت کە بە ئامانجی بەمەسیحیکردنی وڵاتانی بێگانە ڕٶشتبوون بۆ سووچ و قوژبنانی دوورەدەستی جیهان. بەزۆری هەر ئەم بانگخوازانە بوون کە پێش لەوانی دیکە پێیان دەنایە سەر خاک و وڵاتانی دیکەوە.
کتێبی پیرۆز لەگەڵ ئەدەبیاتی یۆنان سەرنموونەی زۆربەی ژانێرە ئەدەبییەکانی ئەدەبیاتی سیکیولاری ڕۆژئاوا بوون: شیعری لیریک شوێنپێیەکی لە مەزامیردا هەیە، حەماسە یان لانیکەم “حەماسەی بچووک”[1]، لە کتێبی ئەیووبی پێغەمبەردا، پێشبینییە شهوودییەکان لە کتێبی ئەشعیای نەبی، ئەرمیای نەبی و یان حێزقیالی نەبی، تا ئەنبیا کەمتر گرنگەکان، لە کتێبی دانیال و یوشەعەوە بگرە تا دەگاتە زەکەریا و مالاکی نەبی؛ مێژوو یان ڕووداونامەکان ڕەگەزیان لە کتێبی یەکەم و دووەمی “مێژووەکان”ی سەردەم و هەروەها ڕەگەزیان لە کتێبی یەکەم و دووەمی “پاشاکان” دایە؛ حیکایەت ڕیشەی لە کتێبی ڕۆس و ئێستێردا هەیە و، هەروەها هەموو ئەو سەرنموونە باڵایانەی کە بۆ چیرۆنووسی لە سێفری پەیدابوون و داهاتندا و لە سێفری دەرچووندا دەیانبینین؛ لەوانە مەتەڵ و حێکمەتەکان لە کتێبگی مەتەڵەکانی سلێمانی نەبی؛ مەتەڵەکان لە مەتەڵەکانی عیسا مەسیح لە ئینجیلەکاندا؛ ژیاننامە لە ئینجیلەکان؛ نامە وهكو ئەدەبیات لە نامەکانی پۆلس لە پەیمانی نوێدا. گومانێک لەوەدا نییە کە لە پولسی ڕەسووڵەوە تاکوو کلاریسا(Clarissa)ی ساموئێل ڕیچاردسۆن ڕێگەی دوور و درێژ پێوراوە، بەڵام ڕۆمانە نامەنووسانە گەورەکانی سەدەی حەڤدەیەم و هەژدەیەم، بەرهەمەکانی کەسانێکی وهكو ڕیچاردسۆن (١٦٨٩-١٧٦١)، ئافرا بێن (١٦٤٠-١٦٨٩)، شودێرۆس دێ لاکلوس (١٧٤١-١٨٠٣) و زۆرێکی دیکە، نەک تەنها نموونە لە کۆمەڵە “نامە واقیعییەکان”ی کەسانی دیار کە ڕابردوودا بڵاو بوونەتەوە، وەردەگرن، بهڵكو سەرنموونەگەلێکی دیکەشیان هەیە وهكو نامەکانی پۆلسی ڕەسووڵ لە پەیمانی نوێ یان نامەکانی یەعقووب، پێترۆس، یوحەنا و یەهوودای ڕەسووڵ. نامەکانی پەیمانی نوێ بە کۆمەلێک نیشانەی دیاریکراوەوە نووسراون کە یان جڤاک و کۆمەڵێکیان کردووەتە بەردەنگ (ڕۆمییەکان، فیلیپییەکان، قرنتییەکا، عیبرانییەکان و…هتد) یان کەسانێکی دیاریکراویان کردووەتە بەردەنگ (بۆ نموونە غایۆس لە نامەی سێهەمی یوحەنای ڕەسووڵدا). بەڵام لە هەمانکاتدا هەموو ئەم نامانە(نامیلکانە) لە دواجاردا بڵاو بوونەتەوە، و کەوتوونەتە بەردەستی هەموو مرۆڤایەتییەوە. بۆ خوێندنی نامەی پۆلسی ڕەسووڵ بۆ ڕۆمییەکان پێویست ناکات کەسەکە حەتمەن ڕۆمی بێت. و هەر بەم شێوەیەش خوێنەر بەشێوەیەکی جادوویی دەستیڕادەگات بە نامە تایبەتەکانی پامێلا لە پامێلای ڕیچاردسۆن و نامەکانی والمۆنت لە ئاشنا خەتەرناکەکان بەرهەمی لاکلوس.
کتێبی پیرۆز دوای بڵاوبوونەوەی یەکەمین نوسخەی چاپکراوی(١٥٣٥) بۆ چەندین بەرە بۆ ملیۆنان کەس وهكو “ئەدەبیات”ی سەرەکیی ناوماڵ بەمانای کۆنتری”ئەدەب” بەگشتی هەژمار دەکرا. جان ڕاسکین یەکێک لەو کەسانە بوو کە لە سەدەی نۆزدەیەمدا هێشتاش کتێبی پیرۆزی هەر ساڵ بەشێوەیەکی میتۆدیک لە سەرەتاوە تا کۆتایی دەخوێند. بە باوەڕی من، ڕۆژی یەکەمی ژانڤییەی هەر ساڵ خوێندنی کتێبی پیرۆزی لە سەر “ڕا” دەست پێ دەکرد. لە ڕوانگەی مەسیحییەکان لە كولتووری ئێمەدا کتێبی پیرۆز لە پێگەی کەلامی خوداوەنددا خاوەنی ئێتیواری ڕەهایە. ئەم کەلامە لەڕێگەی ئیلهامبەخشین بە کاتیبەکان و ئەو نێونجییانەی کە پەیامهێن بوون، داخوێنراوە(تلقین). ئەم کتێبە لە لایەن باڵاترین بەرپرسانی کڵێسا و حوکومەتەوە ڕەوایی وەرگرتووە. کتێبی پیرۆزی پاشا جەیمز(King James Bible)(١٦١١) بەم هۆیەوە ئەم ناوەی لێ نراوە کە هەڵەگرییەکەی بە فەرمانی جەیمزی یەکەم، پاشای ئینگلیز (١٥٦٦-١٦٢٥) بووە. وا بڕیاردرا ئەم “نوسخە فەرمییە(وەرگێڕاوی دانپێدانراوی کتێبی پیرۆز بە ئینگلیزی) “ لە کڵێساکان بخوێننەوە، کە مەبەستی ئەو کڵێسایانەیە کە بە بەشێک لە کڵێسای فەرمیی ئینگلیز دادەنران. ئەمە ئەوپەڕی ئیتیوارێکە کە شتێک دەتوانێت بەدەستی بهێنێت. و تا ڕادەیەکش باشترین هۆکاری وێناکراوە کە بۆچی دەبێت “ئەدەبیات” بخوێنرێت.
لەبارەی کتێبی پیرۆزی پاشا جەیمزەوە، هێزی بەرهەمەکە لەگەڵ هەیمەنە و ئوتوریتەی نەتەوە-دەوڵەتدا هاوشان و هاوتا کراوە. لە چوارچێوەی كولتووری چاپی ڕۆژئاوادا، ئێتیواری ئەدەبیاتی سیکیولار هەمیشە دوور بە دوور “ و هەندێجار لە نزیک و بەئاشکرا” لە سەرنموونەی ئێتیواری کتێبی پیرۆز نموونەی هەڵگرتووەتەوە. بە درێژایی سەدەکانی دوایی، ئێتیواری کتێبی پیرۆز زیاتر بەهۆی داکۆکی دەسەڵاتی حوکومەتی بووە. ئەم دیاردەیە تەنانەت لەبارەی ئەو وڵاتانەی وهكو ویلایەتە یەکگرتووەکانیش بەڕاست دەگەڕێت؛ ئەو وڵاتانەی کە بنەماکەیان بە ڕوونی لەسەر جیاکردنەوەی کڵێسا و دەوڵەت دانراوە، بەڵام بە هەر حاڵ لە نێوان هێزی حوکومەت و ئاییندا پەیوەندییەک هەیە. ئەمڕۆکە گێڕانەوەی کۆمپیوتێریی کتێبی پیرۆز دیار نییە لە کوێی دنیاوە هاتووەتە ناو تۆڕی ئێنتێرنێتەوە و لە بەردەستی هەمووانە، ڕەنگە بەهۆی هەمان پەیوەندیی نێوان دەسەڵاتی حوکومەتی و ئایین بێت کە لانیکەم لە ڕوانگەی منەوە خوێندنی کتێبی پیرۆز لە تۆڕی ئێنتێرنێت بۆ خوێنەر هەمان قورسایی و ئێتیواری نییە کە خوێندنی نوسخە چاپییەکەی هەیەتی.
سەرچاوە؛ پیرامون ادبیات. جی هیلیس میلر. ترجمە علی اصغر بهرامی. نشر نی. تهران. ١٣٨٤
[1] -epyllion لە ئەدەبی ئینگلیزیدا شیعری گێڕانەوەییە کە لە بنەمادا ئێپیزۆدێک بووە لە حەماسەیەکی گەورەتری ڕابردوو؛ ئێپیلیۆن لە ڕووی تێم و لەحنەوە هاوشیوەی عەماسەی سەرەکییە وەکوو ڕۆسەم و زۆراو بەرهەمی ماتیۆ ئاڕنۆڵد. (ورگێڕی فارسی).
نووسین: جۆزێف میلێر هیلیس
وەرگێڕان: عادڵ قادری







































































