زمانی کوردی، شوناس و فەرهەنگمانە، یەکێک لە بنەما سەرەکییەکانی مانەوەی هەر نەتەوەیەک زمانەکەیەتی، خوێندن بە زمانی دایک بۆ نەتەوەیەکی دابەشکراو و داگیرکراوی وەک ئێمە ئیجگار گرنگ و پێویستە، چونکە هۆکاری مانەوە و شکۆ و شانازیمانە. ئەگەر زمان لەدەست بدەین، مێژوو و کولتوور ڕەسانایەتی لە دەست دەدەین، دواتر چیمان بۆدەمێنێتەوە تا شانازی پێوەبکەین! ڕەسوڵ حەمزاتۆڤ دەڵێ: “ئەگەر بزانم سبەینێ زمانەکەم دەمرێت، ئەوا من ئامادەم هەر ئەمڕۆ بمرم.” زمان گیانی نەتەوەیە و پەیوەندی بە ژیان و مان و نەمانەوە هەیە. گرنگیدان بە زمان لە خێزان و کۆمەڵگە، قوتابخانە و قۆناغەکانی خوێندنەوە دەستپێدەکات، تا دەگاتە پەیمانگە و زانکۆکان، وەزارەت و دەزگا و دامەزراوە حکومییەکان، دەزگاکانی کەرتی تایبەت، ڕاگەیاندنەکان، پەیوەستە بە ئاستی وشیاری تاک بە تاک و هەموو چین و توێژەکانی کۆمەڵگەوە. کە چۆن ڕێز لە بوون و وجودی خۆیان و نەتەوەکەیان دەگرن. ئەمین مەعلووف گوتەنی: زمان کەرامەتی نەتەوەیە.
خوێندن بە زمانی دایک، وەک شیری دایک بۆ منداڵ پێویستە، لە قۆناغەکانی سەرەتاییەوە، کەسێتی منداڵ و ناسنامە کولتوورییەکەی بەهێز دەکات، بێگومان لە قۆناغەکانی تریشدا پێویستە و ئاستی تێگەیشتن و ئاسۆی بیرکردنەوەی خوێندکار فراوان دەکات. نوام چۆمسکی، کە خاوەنی دەیان کتێب و تیورە لە بواری زمانەوانیدا، ڕای وایە: هەر کەسێک زمانی دایکی بە باشی نەزانێت، ئەوا زمانەکانی تریش بە باشی نازانێت. شاعیر و نووسەرانی ئێمەش، دەیان ساڵ لەمەوبەر، گرنگی و بایەخی زمانی کوردیان زانیووە، شانازیان بە زمان و فەرهەنگی نەتەوەکەیانەوە کردووە، دەکرێ ئێمە لەم سەردەمەدا، هێندە هۆشیاریمان نەبێت، زمانەکەمان فەرامۆش بکەین؟!
نالی؛
کەس بە ئەلفازم نەڵێ خۆ کوردییە خۆ کردییە،
ھەرکەسێ نادان نەبێ، خۆی تالیبی مەعنا دەکا
سالم؛
“مە پارس زبانم گفت سالم شەرح حالت گو”
وتم جانا بەڵەد نیم، ئیختیڵاسی ئێوە، من کوردم
مەحو؛:
کوردی زمانی ئەسڵمە گەر تەرکی کەم بە کول
بۆ فارسی، بە کوللی ئەمن ئەبمە بێوەفا
حاجی قادری كۆیی؛
مهڵێن فهســاحــهتی كوردی به فارســــی نــاگــــا
بـــهلاغهتێـــكی ههیــه، هیـــچ زوبـــانێ نایــگـــاتــێ







































































