“شتێکی باشە کە بەدکار بیت”
بێن کینگسڵی – ئەکتەری ئەمریکی
بە درێژایی دەیەکانی ڕابردوو؛ ڕاهاتبووین کە بەدکار/خرپەکار ئەو پیاوە بێت کە تەنها یەک ڕەهەندی هەیە – پیاوێکی تاک-ڕەهەندە- خاوەنی سیمایەکی شەڕانگێزی قێزەونە، دەستەکانی لەیەک دەسوێت و بە دەنگێکی بەرز پێدەکەنێت و دڵخۆشە بە وێرانکردنی جیهانی دەوروبەری، بەبێ هیچ پاڵنەرێک ئارەزووی لە هیچ شتێک نییە خراپەی ڕەها نەبێت..خراپەیەکی ڕەشی تاریک… وەلێ بە تێپەڕبوونی کات، ئەم ڕەشییە وردە وردە کاڵ بووەوە و لەگەڵ سپێتیدا تێکەڵ بوو بۆ ئەوەی بمانباتە نێو پانتاییەکی خۆڵەمێشی فراوانەوە کە پلەکانی لە خاڵێکەوە بۆ خاڵێکی دیکە دەگۆڕێن. لێرەدا کەسایەتییە بەدکارە فرە-ڕەهەندەکان دەرکەوتن، کە پاڵنەر و هۆکاری ئاڵۆزیان هەبوو، ئەمەش وای لە بینەر دەکرد لە دۆخیان تێبگات و پاشان هاوسۆزییان بۆ دەرببڕێت، تەنانەت سەرسامیشیان بێت، تا وای لێهات لای بینەر ببێتە جێگرەوەی پاڵەوانە چاکە کلاسیکییەکە (Hero)، کە چیتر وەک پێشوو لە پێشەوەی دیمەنەکە نییە.
ئەم بابەتە لەلای نووسەر و ڕۆماننووسەکان هۆکاری و پاڵنەری لۆژیکی خۆی هەیە، وەک ئەوەی ڕۆماننووس تێس کۆلینز (Tess Collins) لە وتارێکیدا لەژێر ناوی هاوسۆزی بۆ بەدکارەکە (The Sympathetic Villain) ڕوونی دەکاتەوە و دەڵێت؛ “مەبەستم لە بەکارهێنانی وشەی هاوسۆز (Sympathetic) ئەوە نییە کە بیسەلمێنم نووسەرەکە هاوسۆزە لەگەڵ کەسایەتییە بەدکارەکە، بەڵکو مەبەستم دروستکردنی جۆرێکە لە خۆخستنە شوێنی ئەوەی تر (بچیتە پێستی کەسێکی تر Empathy) لەپێناو بەهێزکردنی ڕەهەندەکانی کەسایەتییەکە، چونکە ئەو کێشەیەی ڕووبەڕوومان دەبێتەوە ئەوەیە کە سایەتییە بەدکارە تاک-ڕەهەندەکە، کەسایەتییەک نییە بۆ خوێندنەوە و گرنگیپێدان سەرنجڕاکێش بێت، بەکورتی کارەکتەرێکی جێی سەرنج نییە”. پێکهاتەکانی کەسایەتی (ئەو بەدکارەی کە هاوسۆزی دەبیت Sympathetic) هەمان پێکهاتەکانی کەسایەتی پاڵەوانی “چاک”یان هەڵگرتووە کە بریتین لە؛ ڕەهەندی فەلسەفی، دیدگا، ڕەهەندی مرۆیی و پاشخانی مێژوویی. تیس کۆلینز بنەمایەک دادەڕێژێت و دەڵێت؛ “ئەگەر لە نووسینی چیرۆکێکی سواو و دووبارە (واتە کڵێشەیی Cliché) دەترسیت، ئەوا تەنها چیرۆکەکە لە ڕوانگەی بەدکارەکەوە ئەندێشە بکە، بەمەش لە قاڵبە چەقبەستووەکان ڕزگارت دەبێت”. سەرباری ئەم ڕایە، دکتۆر کیت جۆنستن (Dr. Keith M. Johnston) مامۆستای ڕاگەیاندن لە زانکۆی ڕۆژهەڵاتی ئەنگلیای بەریتانی، باس لە گۆڕانکارییەک دەکات کە لە دە ساڵی ڕابردوودا لە کارە دراما تەلەفزیۆنییەکاندا ڕوویداوە؛ ئەویش گۆڕانە لە پێشکەش کردنی بەرهەمە کورتەکان “هەفتەچیرۆک/چیرۆکی هەفتە” بۆ پێشکەش کردنی زنجیرە درێژەکان کە تێیدا یەک چیرۆک بە درێژایی وەرزێکی تەواو دەخایەنێت. ئەمەش پێویستی بەوەیە کارەکتەرەکان لە ڕووی دەرونییەوە ئاڵۆزتر و تێکەڵتر بن، هەربۆیە لە درامای تەلەفزیۆنیدا ڕووکردنە ئەوە هەبووە کە کارەکتەرە بەدکارەکان لە قاڵبێکی دەروونی ئاڵۆزتردا دابڕێژرێنەوە.
هەروەها، دەبێت فاکتەرێکی تری گرنگ لەبەرچاو بگیرێت، ئەویش لە ڕوانگەی خودی ئەو کارەکتەرە لێهاتووانەی ڕۆڵی کەسایەتی بەدکار دەگێڕن؛ بەو پێیەی شارەزابوون لەم ڕۆڵەدا پیشەی سەرەکیی ئەوانە کە شکۆ و ناوبانگ و پارەیان بۆ دەستەبەر دەکات. بۆیە کارەکتەرەکە خۆی بە ناچار دەبینێت کە پەرە بە ڕۆڵەکەی بدات و داهێنانی زیاتری تێدا بکات، دواجار ئەمەش بۆ ئەوەی ڕووناکی کامێراکانی لەسەر لانەچێت و سەرچاوە سەرەکییەکەی بژێوی ژیانی لەدەست نەدات. کۆی ئەم هۆکارانە لە یەکەم نیگادا بە لۆژیکی و گونجاو دیارن، وەلێ بەلای منەوە بەس نین بۆ وەسپکردن و پاساودانی ئەو دۆخەی لەم کتێبەدا دەیخوێنینەوە؛ ئەویش ئەوەیە کە “بەدکار ببێتە پاڵەوانێک ” کە شایستەی خۆشەویستی و هاوسۆزی بێت، بگرە پڕوپاگەندەی بۆ بکرێت و بکرێتە “کاڵا” واتە بکرێتە کاڵایەکی سەرنجڕاکێش کە قازانجی لێ بەدەست بهێنرێت و نیشانەی بازرگانی تایبەت بە خۆی هەبێت، وەک بەدکارەکانی/خراپەکارەکانی کۆمپانیای دیزنی (Disney Villains) بە نموونە، لەبەرچاوگرتنی ئەو هۆکارانەی پێشتر باسکران بۆ سەرخستنی کارێکی هونەری، یانژی بۆ ئەوەی کارەکە/بەرهەمەکە ڕاستەقینەتر و مرۆییتر بێت و ڕێز لە عەقڵی خوێنەر یان بینەر یان بیسەر بگرێت، مەرج نییە ببێتە هۆی ئەوەی کە خۆشمان بوێت و هاوسۆزی بین. دیزاینەری ئەمریکیی یارییە ڤیدیۆییەکانی (PRGs)، جۆشوا سوایر (Joshua Sawyer)، لە وەڵامی ئەوەی چۆن پاڵەنەرەکانی بەدکار لە کارێکی هونەریدا دەربخرێن – تەنانەت ئەگەر ببێتە هۆی جۆرێک لە هاوسۆزیش – بەبێ ئەوەی ڕۆڵ و پەیامە سەرەکییەکە لە چیرۆکەکەدا تێکبچێت، ئاماژە بە خاڵێکی ورد و بنەڕەتی دەکات. ئەو دەڵێت؛ “گرنگە پالنەر و ڕەهەندەکانی کارەکتەر لە ڕۆماندا بزانرێت تاوەکو لە کارەکتەرێکی ڕووکەشی نا-سەرنجڕاکێش زیاتر بێت، و دیاریکردنی پەیوەندی نێوان پاڵەوان (Protagonist) و نەیار (Antagonist) بەندە بە نیاز و مەبەستی نووسەر لەم کارەکتەرانە و ڕادەی خزمەتکردنیان بە چیرۆکەکە”، بەڵام لە هەموو بارودۆخێکدا؛ “تەنها زانینی پاڵنەر و هۆکارەکانی بابای بەدکار، پاساو نییە بۆ هاوسۆزی لەگەڵی تا ئەو ڕادەیەی کارەکانی بە ڕەوا بزانیت”.
بە بڕوای من کرۆکی بابەتەکە لێرەدایە؛ “ناسین و تێگەیشتن لە پاڵنەرەکان، پاساو نییە بۆ پەسەندکردنی کارەکانیان”. بۆیە دەبێت جیاکارییەکی ڕوون لە بڕیاری کۆتاییدا لە نێوان سپی و ڕەشدا هەبێت و، یەقینێکی تەواومان هەبێت کە “خودا هیچ ستەمێک لە خەڵک ناکات – یونس؛ 44″، نەک ئەوەی بابەتەکان ئەوەندە تێکەڵ بکرێن کە چونیەک و وەک یەکیان لێ بێت، یان کارەکە بگاتە ئاستێک کە “ناپەسەند” بێتە “پەسەند” و بە پێچەوانەوە، بەمەش نەگۆڕ و بنەماکان هەڵدەوەشێنرێنەوە. ئاساییە کە “هەر کەسێک بە زەرورەت پاڵەوانی چیرۆکی ژیانی خۆی بێت”، وەک چۆن ڕۆماننووسی ئەمریکی جۆن بارس (John Barth) دەگێڕێتەوە، بەڵام لەم حاڵەتەی ئێمەدا، پابەندبوونێکی ڕوون دەبینم بە شتێکەوە کە مەرج نییە پابەندی بین، بە دەربڕینێکی تر پابەندبوونێک بۆ شتێک کە پێویست نییە و ناچار نین پێوەی پابەند بین! جاگوار (Jaguar)؛ ئەمە دەڵێم چونکە لە ناو جەرگەی ئەم پرسە مشتومڕئامێزەدا دەتوانیت بە ئاسانی هەست بە ژێیەکی شاراوە بکەیت کە تووندی لێی دەدرێت، ئەویش ئاڕاستەکردنی پەیامێکی “ئاساییکردنەوەیە” کە دەڵێت؛ “شتێکی باشە کە بەدکار بیت” (It’s good to be bad). ئەمە ئەو دەستەواژە دەنگدارە بوو کە ئەکتەری ئەمریکی بە ڕەچەڵەک بەریتانی سێر بێن کینگسڵی (Sir Ben Kingsley)، کە هەندێک بە باوەمیری بەدکارانی هۆڵیوود ناوی دەبەن، لە ڕیکلامە قەدەغەکراوەکەی ئۆتۆمبێلی وەرزشی (Jaguar F-Type) گوتی. ئەم ڕیکلامە کە بە ناوی ژوان (Rendezvous) ناسراوە و دوو لە بەناوبانگرین بەدکارە بەریتانییەکان تۆم هیدڵستن (Tom Hiddleston) و مارک سترۆنگ (Mark Strong) تێیدا بەشدارن، بێن کینگسڵی بە پرسیارێکی ئیستیفزازی دەست پێ دەکات؛ [ئایا تا ئێستا سەرنجت داوە کە چۆن ڕۆڵی بەدکاران لە هۆڵیووددا لەلایەن بەریتانییەکانەوە دەگێڕدرێت ؟] پاشان دەست دەکات بە ژماردنی تایبەتمەندییەکانی بەدکاری ئینگلیزی بەراورد بەوانی تر؛ ئەو هێمنە، وریایە و، لوانلێوە لە هێز. دواتر ڕیکلامەکە ئەم پەیامە دەخاتە سەر ئۆتۆمبێلی جاگوارە ڕیکلام بۆکراوەکە بە بزوێنەرە بەهێزەکەی و دیزاینە مۆدێرن و سەرنجڕاکێشکەی، چونکە ئۆتۆمبێلەکەش ڕێک هەمان ئەو خاسیەتانەی هەیە. دوای ئەوە بەدکاران پەیامە فریودەرەکەی خۆیان بە کارامەیی ئەنجام دەدەن، کینگسڵی ڕیکلامەکە بەم دەستەواژەیە کۆتایی پێ دەهێنێت؛ “بەڵێ، باشە کە بەدکار بیت”. جێی ئاماژەیە هۆکاری قەدەغەکردنی ڕیکلامەکە ئەم پەیامە نەبوو، بەڵکو هۆکارەکەی هاندانی ڕیکلامەکە بوو بۆ لێخوڕینی سەرکێشانە و بێباکانە! تۆ بڵێی چۆن بەدکاران بوونە کاڵایەکی پڕقازانج و سەرنجڕاکێش؟ چۆن بوونە ئامڕازێکی بازاڕدۆزی (مارکێتینک) بەهێز بۆ کۆکردنەوەی پارەیەکی زۆر لە کۆمەڵگادا کە بووەتە پەسەندکەراو و بگرە شەیدای ئەم بیرۆکە سەرنجڕاکێشە؟ بەڵکو چۆن ئەمە هاوکاتە لەگەڵ خۆراکدانی – تەغزیە – درامیی چڕوپڕ بەم بیرۆکەیە؟
تێبینی ئەم نموونەیە بکە؛ ڕاڵفی تێکشکێنەر (Wreck-it Ralph)؛ ڕەنگە هەندێک کەس پێیان وابێت کە کەسایەتی (مالیفسێنت) ساڵی (2014) کە لە پێشەکی ئەم کتێبەدا باسی لێوە کرا، ئەو پاڵنەر و هۆکارانەی ڕوون کردبێتەوە کە بوونە هۆی وەرگەڕانی بەرەو لایەنی تاریکی بەدکاران، و چۆن لە کۆتاییدا بوو بە پاڵەوانێکی باش کە مرۆڤەکان ستەمیان لێ کردووە. کەواتە بۆچی وەک نموونەیەک بۆ بەدکارە بۆ هاوسۆزەکان (واتە بینەر هاوسۆزی بۆیان هەیە) بەکاری دەهێنێن و دەیکەین بە ئایکۆنی کتێبەکە؟ ئێمەش لای خۆمانەوە دەڵێین؛ ئەمە بۆ ڕۆمانێکی کلاسیکی کۆن و چەسپاو لە مێشکدا بە هیچ شێوەیەک دروست نییە و مەحاڵە بگۆڕدرێت. دەستکاریکردنی ڕۆمانێکی نووسەر و شاعیری فەرەنسی شارل پیرو (Charles Perrault) کە لە ساڵی (1697) بڵاوکراوەتەوە و تێیدا ئەوە چەسپاوە – یەکلایی بووەتەوە – کە مالیفسێنت جادووگەرێکی بەدکارە/خراپەکارە و هیچ کێشەیەکی نییە جگە لەوەی بۆ ئاهەنگێک بانگێشت نەکراوە، بە جۆرێک لە یاریکردن بە بنەما جێگیرەکان هەژمار دەکرێت. هەرچۆنێک بێت؛ ڕەنگە نموونەی هەرە ڕوونتر لە مالیفسێنت فیلمی ڕاڵفی تێکشکێنەر (Wreck-it Ralph) بێت؛ کە یەکێکە لە فیلمە ئەنیمەیشنە چێژبەخشەکانی کۆمپانیای دیزنی کە لە ساڵی (2012) بەرهەم هێنرا. لەم فیلمەدا تەکنیک و توانایەکی سەرسوڕهێنەر بەکارهێنراوە و سەرکەوتنێکی گەورە و خەڵات و داهاتێکی زۆری کۆکردەوە. چیرۆکی فیلمەکە لە جیهانی یارییەکانی (ئارکێد)دا ڕوودەدات، کە تێیدا پاڵەوانانی یاری فیلیکسی چاککەرەوە (Fix-it Felix) یادی سی ساڵەی خۆیان دەکەنەوە و ڕێز لە فیلیکس دەگرن؛ ئەو پاڵەوانە خۆشەویستەی کە ڕۆژانە لە یارییەکەدا هەڵدەستێت بە چاککردنەوەی ئەو باڵەخانەیەی کە ڕاڵف تێکیدەشکێنێت -تێکیدەدات- ڕاڵف ئەو بەدکارە دوورخراوەیەیە کە دانیشتوان دەترسێنێت و هەمووان ڕقیان لێیەتی و، کەس بانگهێشتی ئاهەنگەکەی نەکردووە. لەو ڕۆژەدا “ڕاڵف” بڕیار دەدات بەشداری کۆبوونەوەی بەدکارانی یارییەکانی ئارکیێد (Bad-Anon) بکات، کە هەمیشە بانگهێشت دەکرا بەڵام نەدەچوو. بەڵام ئەمجارە ڕاڵف چوو بۆ ئەوەی ڕایبگەیەنێت؛ “نامەوێت جارێکی تر کەسێکی بەدکار بم”. لەوێ ئامادەبووان زۆر بێزار بوون لەوەی کە ڕاڵف گوتی، (کانۆ – Kano) لە یاریی (Mortal Kombat) پێی گوت؛ “ڕاڵف، ناتوانیت بەرنامەکە تێک بدەیت”(You can’t mess with the program Ralph).
پاشان پۆکی (Pokey) لە یاریی (Pac-Man) پێی گوت؛ “باشە ڕاڵف ئێمە لەوە تێدەگەین، بەڵام ناتوانین ئەوە بگوڕین کە هەین، هەرچی زووترە ئەمە قبوڵ بکەیت، ژیانت و یارییەکەت باشتر دەبێت”. پێشتر زانگیف (Zangief) لە یاریی (Street Fighter) پێی وتبوو؛ “لە ساتێکی ڕاشکاوانەدا بەخۆمم گوت؛ ئەگەر زانگیف کوڕە باشەکە بێت، ئەی کێ وەک من کاسەی سەری پیاوان پان بکاتەوە؟ بۆیە بە خۆمم وت؛ زانگیف، تۆ بەدکاری، بەڵام ئەمە بەو مانایە نییە کە تۆ پیاوێکی خراپ بیت”. زۆمبییەکەش (Zombie) بە دوایدا وتی؛ “ئەوە ناوەکان نین کە دڵخۆشت دەکەن (باش، خراپ)، بەڵکو دەبێت خۆتت خۆش بوێت هەر وەک چۆن هەیت”. لە کۆتایی دانیشتنەکەدا هەموویان دەستی یەکتریان گرت و وتیان؛ “من بەدکارم، ئەمەش باشە. من هەرگیز نابمە کەسێکی باش، ئەمەش خراپ نییە، نامەوێت کەسێکی تر بم جگە لە خۆم “(I’m bad, and that’s good. I’ll never be good, and that’s not bad, there’s no one I’d rather be than). ڕاڵف لە کۆبوونەوەکە هەڵدەستێت و نیشانەکانی بڕوانەکردن بەو قسانەی پێوە دیارە. دوای دەمەقاڵێیەک لەگەڵ فیلیکس و هاوڕێکانی، بڕیار دەدات ببێتە پاڵەوانێکی باش و خۆشەویست وەک فیلیکس. پێی وابوو ڕێگەی گەیشتن بەمە بەدەستهێنانی مەدالیای پاڵەوانەکانە، ڕێک وەک چۆن فیلیکس زۆری هەیە، بۆیە ڕاڵف بڕیار دەدات بچێتە ناو یارییەکانی تری ئارکێد (Arcade Games) بۆ گەڕان بەدوایدا. بە ڕاستی لە نێوان یارییەکاندا دەگەڕێت و بە چەندین بارودۆخی ئاڵۆزدا تێدەپەڕێت و بەبێ ویستی خۆی لە کارەساتێک تێوەدەگلێت کە هەڕەشە لە هەموو ئارکێدەکە دەکات. لە کۆتاییدا بۆی دەردەکەوێت کە پێویستە بە ڕاستی پاڵەوان بێت و بەرپرسیارێتی ئەوەی کردوویەتی بگرێتە ئەستۆ، و بە خێرایی کار دەکات بۆ چاککردنەوەی ئەوەی تێکی شکاندبوو/تێکی دابوو پێش ئەوەی کارەساتێکی مسۆگەر ڕووبدات.
هەموو ئەمانە باشن، تەنانەت پەیامێکی ئەرێیی بەرزیان تێدایە؛ ئەگەر ئەوە نەبایە کە لە کۆتایی فیلمەکەدا کاتێک بڕیاری خۆی دەدات و دڵنیایە لەوەی ڕزگارکردنی ئارکێد پێویستی بە قوربانیدان بە ژیانی هەیە، لەو دیمەنەی کە بە تووندی بەرەو شیرینییەکانی (مینتۆس) دەچێت بۆ ئەوەی بیانخاتە ناو گۆمێکی (کۆلا) تا تەقینەوەیەکی گەورە دروست بکات، دەبینێت هەمان ئەو دەستەواژەیە دەڵێتەوە کە لەگەڵ هاوکارە بەدکارەکانی لە سەرەتای فیلمەکەدا وتیان؛ “من بەدکارم، ئەمەش باشە. من هەرگیز نابمە کەسێکی باش، ئەمەش خراپ نییە، نامەوێت کەسێکی تر بم جگە لە خۆم”. ئەمە پەیامێکی ڕوونە کە دەڵێت؛ ” مەگۆڕی، تۆ پاڵەوانیت و بەو شێوەیەی هەیت قبوڵکراویت، مادام کەسێک هەیە خۆشی دەوێیت و بە پاڵەوانی خۆیت دەزانێت؛ وەک ئەوەی ڤانیلۆپی (Vanellope) کردی و مەدالیایەکی لە شیرینی دروستکراو پێبەخشی کە لەسەری نووسرابوو؛ ” تۆ پاڵەوانی منیت “(You’re my Hero).
نووسینی؛ عەمرو کامل عومەر
وەرگێڕانی؛ شڤان نەوزاد







































































