سایبۆرگ یاخود (مرۆڤی نیوە ئامێر)کە کورتکراوەی (Cybernetic Organism)ە، واتە کەسێک یان بوونەوەرێک کە تێکەڵەیەکە لە نێوان مرۆڤ یان بوونەوەری زیندوو و تەکنەلۆجیادا، بە شێوەیەك کە بەشێک لە جەستەی کەسەکە بە ئامێر یان سیستەمی ئەلیکترۆنی و تەکنیکی، گۆڕدراوە یان پشتیوانی دەکرێت. بە مەبەستی بەرزکردنەوەی تواناکانی مرۆڤ، وەک بینین، گوێگرتن، هێز، یاخود چارەسەری کێشەی تەندروستی بە یارمەتی تەکنەلۆجیا. لە زانست و فەلسەفەدا، سایبۆرگ وەک هۆکارێک بۆ تێکچوونی سنووری نێوان مرۆڤ و ئامێر دەبینرێت، کە نیشانەی ئەوەیە تەکنەلۆجیا چۆن بووە بە بەشێکی گرنگ لە ژیانی مرۆڤ. سایبۆرگ تەنها کردارێکی خەیاڵی نییە، بەڵکو لە ڕاستیدا بونی هەیە وەک، دەست و پێی دەستکرد، یان ئامێرە عەقڵیەکان کە بە جەستەی مرۆڤەوە پەیوەست دەکرێن و ژیان ئاسانتر و بەهێزتر دەکەن.
“جیاوازی چیە لە نێوان سایبۆرگ و ڕۆبۆتدا؟”
جیاوازیی سەرەکی نێوان سایبۆرگ و ڕۆبۆت لە بنەڕەتە بایۆلۆجییەکەیاندایە. ڕۆبۆت قەوارەیەکی تەواو دەستکردە، ئامێرێکە کە لە کانزا، پلاستیک و سیلیکۆن دروستکراوە و لە ڕێگەی کۆدی پێشوەختە یاخود ژیریی دەستکردەوە کار دەکات. جا قۆڵێکی سادەی کارگە بێت یان ڕۆبۆتێکی مرۆیی پێشکەوتوو، لە هەمان کاتدا ڕۆبۆت شانەی زیندوو و ڕۆحی بایۆلۆجی نییە. لە بەرامبەردا، سایبۆرگ بوونەوەرێکی تێکەڵاو(دووڕەگ)ە،کە بریتییە لە یەکخستنی قەوارەیەکی زیندووی بایۆلۆجی، لەگەڵ گەشەپێدانی تەکنەلۆجیدا. سایبۆرگ بوونەوەرێکی زیندوو، مرۆڤ یان ئاژەڵە کە توانا جەستەییەکانیان بۆ گەڕێندراوەتەوە یان زیاد کراوە لە ڕێگەی ئامێری تێکەڵکراو، وەک چاندنی دەمار یان پەلە دەستکردە بایۆلۆجییەکان. لە کاتێکدا (مێشک)ی ڕۆبۆت مایکرۆ پڕۆسێسەرێکی ئەلیکترۆنییە، سایبۆرگ هۆشیارییە بایۆلۆژییە ڕەسەنەکەی خۆی دەپارێزێت. ئەمەش بەو مانایەیە کە کردەوەکانی سایبۆرگ لەلایەن بیرکردنەوە و مەبەستی ئەندامییەوە ئاڕاستە دەکرێن، لە کاتێکدا کردەوەکانی ڕۆبۆت ئەنجامی داڕشتنی داتاکانن. بە کورتی، ڕۆبۆت ئامێرێکە یان قەوارەیەکی سەربەخۆیە کە لەلایەن مرۆڤەوە دروستکراوە، بەڵام سایبۆرگ مرۆڤێکە (یان ئاژەڵێکە) کە لە ڕێگەی تەکنەلۆجیاوە پەرەی سەندووە. لە جیهانی ئەمڕۆدا، تەنانەت ئەو کەسەی ئامێری ڕێکخەری لێدانی دڵی (Pacemaker)ی بۆ دانراوە، دەکرێت لە ڕووی تەکنیکیەوە وەک (سایبۆرگێکی پزیشکی) هەژمار بکرێت، ئەمەش ئەوە نیشان دەدات کە چۆن سنووری نێوان بایۆلۆجیا و ئامێر تا دێت لێڵتر دەبێت.
“ئەو تەکنۆلۆجیایانە چین کە لە دروستکردنی (سایبۆرگ)دا بەکار دەهێنرێن؟”
دروستکردنی (سایبۆرگ)، پێویستی بە تێکەڵەیەک لە زانستەکانی بایۆلۆجی، ئەندازیاری و کۆمپیوتەر هەیە. ئامانجەکە دروستکردنی زنجیرەیەکی کارلێکە کە تێیدا بەشە بایۆلۆجی و میکانیکییەکان بەبێ کێشە پەیوەندی بەیەکەوە بکەن. ئەمانەی خوارەوە ئەو تەکنەلۆژیا سەرەکییانەن کە بنەمای سایبۆرگێکی مۆدێرن پێکدەهێنن:-
- ڕووکارە دەمارەییەکان (BCI)ەکان؛ ئەمە پردی نێوان مێشک و ئامێرەکەیە. بۆ ئەوەی کەسێک ببێتە سایبۆرگ، دەبێت تەکنەلۆژیاکە کارلێک لەگەڵ کۆئەندامی دەماریدا بکات. ڕووکاری نێوان مێشک و کۆمپیوتەر :(BCI) ئامێرەکانی وەک Neuralink یان Utah Array ئەلیکترۆد بەکاردەهێنن کە لە ناو مێشکدا دەچێنرێن بۆ تۆمارکردنی ئاماژە کارەباییەکانی دەمارەکان. ئەم ئاماژانە لەلایەن ژیریی دەستکردەوە لێکدەدرێنەوە بۆ کۆنتڕۆڵکردنی قۆڵی ڕۆبۆتی یان ئامێری قسەکردن. دووبارە دەماردارکردنەوەی ماسولکەکان :(TMR) تەکنیکێکی نەشتەرگەرییە کە تێیدا ئەو دەمارانەی لە پەلی بڕاوەوە ماونەتەوە، دەبەسترێنەوە بە ماسولکە ساغەکانەوە. کاتێک کەسەکە بیر لە جوڵاندنی دەستی بڕاوەی دەکاتەوە، ماسولکە نوێیەکە گرژ دەبێت و هەستەوەرەکان ئەو جوڵەیە دەناسنەوە و دەستە دەستکردەکە دەجوڵێنن.
- تەکنەلۆجیای بایۆنیک و پەلە دەستکردەکان؛ ئەمە پەیوەندی بەو بەشە میکانیکییانەوە هەیە کە جێگەی ئەندامەکانی جەستە دەگرنەوە. پەیوەستی ئێسک : تەکنەلۆجیایەکە کە تێیدا پەلە دەستکردەکە ڕاستەوخۆ بە ئێسکی مرۆڤەکەوە دەبەسترێتەوە، بەمەش ئامێرەکە دەبێتە بەشێکی هەمیشەیی لە جەستە. ماسولکەی دەستکرد: بەکارهێنانی بزوێنەری زۆر بچووک و سووک کە هاوشێوەی ماسولکە سروشتییەکان گرژ دەبن و خاو دەبنەوە.
- سیستەمی فیدباکی هەستەوەرەکان؛ بۆ ئەوەی سایبۆرگەکە تەنها ئامێر نەبێت، دەبێت “هەست” بکات. پێستی ئەلیکترۆنی (E-skin): چینێکی تەنکە کە هەستەوەری تێدایە بۆ پێوانەکردنی پەستان و گەرمی. هاندانی دەماری: ئامێرەکە ئاماژە بۆ دەمارەکانی مرۆڤەکە دەنێرێتەوە تاوەکو مێشک هەست بەوە بکات کە دەستە دەستکردەکە دەستی لە شتێک داوە.
- زانستی ماددە و گونجانی بایۆلۆجی (Biocompatibility)؛ یەکێک لە گەورەترین ئاڵەنگارییەکان ئەوەیە کە چۆن جەستەی مرۆڤ پارچە ئاسن و پلاستیک ڕەت نەکاتەوە.
داپۆشەری بایۆلۆجی:- بەکارهێنانی ماددەی وەک (Parylene) یان (Hydrogels) بۆ داپۆشینی ئامێرەکان تا جەستە وەک “دوژمن” هێرشیان نەکاتە سەر.
پاترییە سەلامەتەکان:- دروستکردنی سەرچاوەی وزە کە لەناو جەستەدا نەتەقنەوە و ماددەی ژەهراوی دەرنەدەن.
“سایبۆرگەکان چ سودێکیان هەیە بۆ مرۆڤایەتی؟”
سایبۆرگەکان دەتوانن زۆر سوودیان بۆ مرۆڤایەتی هەبێت لە بواری تەندروستی، کار و کۆمەڵگا. ئەمانەی خوارەوە گرنگترین سوودەکانن:-
- سوودە تەندروستی و پزیشکییەکان؛ گەڕاندنەوەی تواناکان: دەست و قاچی دەستکرد، ئامێرە گوێییەکان و، چاوە دەستکردەکان یارمەتی مرۆڤ دەدەن لە بیستن، بینین هەروەها ڕۆیشتن. چارەسەری نەخۆشییە دەمارییەکان: پەیوەندی نێوان مێشک و کۆمپیوتەر یارمەتیدەرە بۆ کەسانی توشبو بە شەلەل، یان پارکینسۆن و گەشکە.
چاودێری تەندروستی:- ئامێرە زیرەکەکان دەتوانن بارودۆخی جەستە بەردەوام چاودێری بکەن و کاتێک پێویست بوو چارەسەری بکەن.
- باشترکردنی ژیانی ڕۆژانە؛ سەربەخۆیی زیاتر:- کەسانی خاوەن پێداویستی تایبەت بەم هۆیەوە دەتوانن خۆیان سەربەخۆ ژیانیان بەڕێوە ببەن. کەمکردنەوەی ئازار و ماندوبوون: ئامێرە دەستکردەکان بە گشتی بارگرانییەکانی جەستە کەم دەکەنەوە.
ژیانی درێژتر و تەندروستتر:- ئامێرە پێشکەوتووەکان دەتوانن نەخۆشی زوو بدۆزنەوە.
- زیادکردنی توانای مرۆڤ؛ هێز و بەرگری زیاتر:ئەم تەکنۆلۆجیایە یارمەتیدەرە بۆ هەڵگرتنی شتی قورس بە بێ مەترسی.
باشترکردنی هەستەکان: بینین، بیستن و خێرایی وەڵامدانەوە دەتوانرێت باشتر بکرێن. یارمەتی بیرکردنەوە: ئامێرە زیرەکەکان یارمەتیدەرن بۆ فێربوون و بیرکردنەوە و باشترکردنی یادگە.
- سوودەکانی لە بواری کار و ئابووریدا؛ پاراستنی کارمەندان: لە شوێنە مەترسیدارەکان وەک کانەکان و فریاکەوتن.
بەرزبوونی بەرهەمهێنان:- کەمبوونەوەی برینداربوون و خێرایی کار، بەمەش توانای بەرهەمهێنان بەرز دەبێتەوە. دروستبوونی پیشەی نوێ لە بواری تەکنەلۆژیا، پزیشکی و زیرەکی دەستکرد.
- کاریگەری کۆمەڵایەتی و مرۆڤایەتی؛ یەکسانی و بەشداریکردن: کەسانی خاوەن پێداویستی تایبەت دەتوانن بەشداربن لە کۆمەڵگا.
یارمەتی بۆ بەساڵاچوان:- لە جووڵە، بیرکردنەوە و کاری ڕۆژانە.
- پێشکەوتنی زانستی و تەکنەلۆجی؛ تێگەیشتنێکی باشتر لە مێشک و جەستەی مرۆڤ هاوبەشکاری مرۆڤ و ئامێر بۆ خێرایی پێشکەوتن.
“مەترسی و کێشەکانی سایبۆرگ”
تەکنەلۆجیای سایبۆرگ لە پاڵ سودە زۆرەکانیدا بۆ مرۆڤ، ئەم مەترسییانەشی هەیە:-
1. مەترسییە ئەخلاقی و کۆمەڵایەتییەکان.
نایەکسانی:- بەرزکردنەوەی تواناکان تەنها بۆ کەسانی دەوڵەمەند و چینە باڵاکان دەبێت، بەمەش جیاوازیی کۆمەڵایەتی زیاتر دەبێت.
شوناس:- ڕەنگە لە داهاتودا مرۆڤ بکەوێتە بەردەم کۆمەڵێک پرسیار وەک (ئایا چەندێک لە من هێشتا مرۆڤە؟)
فشار بۆ بەرزکردنەوەی توانا: ڕەنگە کرێکاران یان سەربازان ناچار بن ئەم ڕێگەیە بەکار بێنن بۆ بەرزکردنەوەی تواناکانیان بۆ ئەوەی توانای پێشبڕکێیان پارێزراو بێت.
2. مەترسییە دەروونییەکان.
وابەستەبوون:- ڕەنگە بەکارهێنەران بۆ کارکردنی ئاسایی بە تەواوی وابەستەی تەکنۆلۆجیا ببن.
کاریگەریی تەندروستیی دەروونی:- نیگەرانی، تێکچوونی ناسنامە، یان کەمبوونی هەستی کۆنترۆڵ.
3. مەترسییەکانی ئاسایشی ئەلیکترۆنی. هێرشە ئەلیکترۆنییەکان:- ئامێرە چێندراوەکان کە پەیوەست دەکرێن بە ئینتەرنێتەوە ڕەنگە مەترسی هاکیان لەسەر بێت، بەمەش مەترسی زیانی جەستەیی هەیە.
پاراستنی داتا:- داتای مێشک یان جەستە ڕەنگە چاودێری بکرێت، هەڵگیرێت، یان بە شێوەی نادروست بەکاربهێنرێت.
چاودێری:- حکومەتەکان یان کۆمپانیاکان ڕەنگە بەهۆی ئامێرە چێندراوەکانەوە چاودێری بەکارهێنەران بکەن.
4. مەترسییە پزیشکییەکان؛ کێشەکانی نەشتەرگەری: تووشبوون بە نەخۆشی، ڕەتکردنەوەی جەستە، یان زیانی دەماری.
نەزانراوە درێژخایەنەکان: کاریگەریی ئامێرە چێندراوەکان بۆ ماوەی درێژخایەن لەسەر مێشک و جەستە بە تەواوی نەزانراون.
تێکچوون (خراپبوون): تێکچوونی ئامێرەکان ڕەنگە ببێتە هۆی برین یان لەدەستچوونی تواناکان.
سەرچاوە:EBSCO
وهرگێڕانی؛ لاولاو مستهفا




































































