“حه‌وته‌م؛ نهێنییەكانی دادگا”
ئامادەبوونی رۆژنامەنووس لە هۆڵەكانی دادگا و گواستنەوەی هەواڵەكان بۆ جەماوەر، ئەركێكی گرنگی میدیاكانه، به‌ڵام یاسا كۆمه‌ڵێك بابه‌تی دەستنیشان كردووه كه پێویسته ره‌چاو بكرێت. ئامانج له‌م پره‌نسیپه‌ش، پشتیوانی دادگایه بۆ گرەنتی جێبەجێكردنی یاسا و بەباشی بەڕێوەچوونی رەوتی دادوه‌ری، هه‌ربۆیه بڵاوكردنەوەی هەندێك هەواڵی رووداوەكانی دادگا و هەواڵ لەبارەی لێكۆڵینەوە بەراییەكانی قەدەغە كردووه[1]. لە یاسای رۆژنامەگەری ژمارە “35”ی ساڵی “2007”، بڕگەی “6”ی ماددەی نۆیەمدا هاتووە:-“هەر بابەتێك زیان بەڕێكاری لێكۆڵینەوەی دادوەری بگەیەنێ قەدەغەیە، تەنها مەگەر دادگا رێگای بەبڵاوكردنەوەی دابێ”. هه‌رچه‌نده ئەم بڕگەیە، بوارە زیانبەخشهكانی دەستنیشان نەكردووە، هه‌ربۆیه دادوەر ناچارە بگەڕێتەوە بۆ هەردوو ماددەی “235-236”ی یاسای سزادانی ئێراقی ژمارە “111”ی ساڵی “1969” كە سزای زیندانی و غەرامەی بۆ پێشێلكارانی ئەو بڕگەیە داناوە.
له ماددەی “235”ی یاسای سزاداندا ئاماژە بۆ ئەوە دەكات كە سزای زیندانی بەمەرجێك لە ساڵێك تێپەڕ نەكات و لە “100” دینار غەرامە زیاتر نەبێ یاخود هەردوو سزاكە بەسەریەكەوە بەسەر ئەو كەس و لایەنانەدا دەسەپێندرێ كە بابەتێك بڵاو بكەنەوە كاریگەریی لەسەر دادگا و دادوەر هەبێت. لە ماددەی “236”ی هه‌مان یاسادا، “6” بواری دەستنیشانكردووە كه ده‌بێ میدیاكان هیچ ده‌ستوه‌ردانیان نه‌بێت وه‌ك:- “هەواڵی دادگا، هەواڵی لێكۆڵینەوە و رێكارەكانی دادگا، كاروباری دادگا، بڵاوكردنەوەی كۆبوونەوەكانی دادگا بۆ مەبەستی خراپ، بڵاوكردنەوەی وێنە و ناوی سكاڵاكار و سكاڵا لەسەر تۆماركراو، سكاڵاكانی پەیوەست بەسكاڵا مەدەنی و تاوانكارییەكان و تاوانەكانی جنێودان و تۆمەتدانەپاڵ و ئاشكراكردنی نهێنییەكانیان”. بێگومان ئامانجی ئه‌م بڕگه یاساییه، پاراستنی ره‌وتی دادوه‌رییه له‌هه‌ر ده‌ستوه‌ردانێك كه كار له‌سه‌ر ڕێڕه‌وی بڕیاری دادگاكان بكات.
“هه‌شته‌م؛ تەزویر و مامه‌ڵه‌ی نادروستی ئەلیكترۆنی”
بەكارهێنانی پرۆگرامی جۆراوجۆر بۆ دەستكاریی “داتا، وێنە، مۆر و ڤیزا…تاد” به‌كارده‌هێنرێت، پاشان له‌ڕێگه‌ی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانهوه به خه‌ڵك ده‌فرۆشرێن. بۆ نمونه دیكۆمێنتێكی فه‌رمی “بڕوانامه، ناسنامه و پاسپۆرت و…تاد” به‌ناوی كهسێكهوهیه، وێنه یاخود داتایه‌كی ده‌ستكاری ده‌كه‌ن بۆ مامه‌ڵه‌یه‌كی ته‌زویر. ئەم تاوانە له تۆڕهكۆمهڵایهتییهكاندا، بۆ چەند جۆرێك پۆڵێن دەكرێت:-
– دروستكردنی ئەكاونت و پەیجی تەزویر.
–بەكارهێنانی پرۆگرامی پێشكەوتوو بەمەبەستی تەزویركردنی دەنگ و رەنگ و وێنە و ڤیدیۆ یاخود دەستكاریكردنیان.
بۆ ده‌ستنیشانكردنی تاوانه‌كه و ئاستی سزادانی، لە ماددەی “292”ی یاسای سزادانی ئێراقی ژمارە “111”دا، جه‌خت له‌سه‌ر ئه‌وه ده‌كاته‌وه كه سزاكه‌ی بەندكردنه یاخود غرامەیەكه زیاتر نەبێ لە “300” سێ سەد دینار یان بە یەكێك لەو دوو سزایە، هەر كەسێك هەستا بە بەكارهێنانی ناوێكی ناڕاست یان كەسایەتییەكی ناڕاست بۆ بەدەستهێنانی مۆڵەتێكی فه‌رمی یا پێناسێك یان پێناسێكی دەنگدانی گشتی یان رێپێدانی گواستنەوە یان جێگۆڕین یان تێپەڕبوون لەناو وڵات‌دا[2].
به‌پێی پۆڵێنی یاسای سزادانی ئێراقی، دوو جۆر ته‌زویری ماددی و مه‌عنه‌وی هه‌یه.
-ته‌زویری ماددی:- ده‌ستكارییه له بابه‌تی به‌رجه‌سته‌ی وه‌ك په‌نجه‌مۆر و ئیمزا و هاوشێوه‌كانی.
مه‌به‌ست له ته‌زویری مه‌عنه‌ویش، ئه‌و ساخته‌یی و دهستكارییانه ده‌گرێته‌وه كه په‌یوه‌ندیداره به‌قسه و گوته و گێڕانه‌وه. بۆ نمونه بهپرۆگرامێك، ده‌نگی كه‌سێك ته‌زویر بكرێت و ئاوێته‌ی رووداوێكی نه‌شیاو بكرێت.
– تەزویری مەعنەوی:- ئه‌م جۆره تاوانانە ده‌گرێته‌وه:-
ا- گۆڕینی وتەی كەسێك كە مەبەستهكه جێگیر كردنێتی لە نوسراوێكدا.
ب- رووداوێكی تەزویر بە رووداوێكی راستەقینە دابنرێت لەگەڵ ئەوەی بزانرێ كە ناڕاستە.
ج- رووداوێكی دانپێدانەنراو بەشێوەی رووداوێكی دانپێدانراو دابنرێت.
د- خۆنواندن بەكەسایەتی یەكێكیتر یا گۆڕینی كەسایەتی یا خۆنواندن بەسیفاتێكی ناڕاست، بەگشتی بەلاڕێدابردنی راستی لە نووسراوێكدا یا باس نەكردنی شتێك كە لەكاتی نووسینی نوسراوەكەدا كە لە بنەڕەتدا نووسراوەكە بۆ سەلماندنی ئەو شتە ئامادەكراوە[3].
تاوانێكیتیر كه “مامه‌ڵه‌ی نادروستی ئه‌لیكترۆنی”یه، به‌هۆی به‌رفراوانبوونی رێژەی بەكارهێنانی تۆڕەكۆمەڵایەتییەكان، دەرفەتی بۆ بواری بازاڕگەری رەخساندووە تا بەهۆی ڕیكلام و دروستكردنی پەیوەندیی نێوان فرۆشیار و كڕیار، زۆرترین كاڵای ماددی یاخود سێرڤسی جۆراوجۆر بخەنەڕوو، سەرچاوەیەكی داهاته بۆ خاوەن بەرهەم و كارئاسانیش بۆ هاووڵاتیانه تا بەسانایی دەستیان بە كرین و ئاڵوگۆڕی كاڵا رابگات. وێڕای ئەم لایەنە ئەرێنییە، جێگەی نیگەرانییە زۆرجار بەناوی فرۆشتنی بەرهەمی ئەلیكترۆنی و ئەپڵیكەیشنەوە یاخود جۆرەها خزمەتگوزاری وەك بەكرێدانی موڵك و ئۆتۆمبێلەوە، لەلایەن كەسانی تەڵەكەباز، هەوڵی فریودانی خەڵك ده‌درێت. یاخود ڕیكلام بۆ كاڵای نایاسایی ده‌كرێت وه‌ك:- فرۆشتنی ئامێری سیخوڕی و نهێنی بۆ كاتی تاقیكردنه‌وه بۆ خوێندكاران، ده‌رمانی قه‌ده‌غه و هۆشبه‌ر…هتد.
هه‌ر چه‌نده خۆشبه‌ختانه به‌هۆی پێشكه‌وتنی ته‌كنه‌لۆژیای چاودێرییه‌وه، زۆرجار ئه‌م تاوانبارانه ده‌دۆزرێنه‌وه و راپێچی دادگا ده‌كرێن، به‌ڵام كاریگه‌رییه نه‌رێنییه‌كانی مامه‌ڵه‌ی نادروست، كاردانه‌وه و زیانی گه‌وره‌ی به کۆمەڵگەی كوردی گه‌یاندووه.
“نۆیه‌م؛ ڕیكلامی زیانبه‌خش”
به‌كارهێنانی ئامرازه‌كانی میدیا بۆ بڕه‌ودان به‌فرۆشی كاڵا و سێرڤسێك یاخود فرۆش و ئاڵوگۆڕی به‌رهه‌مێك، له سه‌رجه‌م وڵاتانی جیهاندا به یاسا ئۆرگانیزه كراوه، هه‌ر جۆره فریودان و ههڵخهڵهتاندنێك له‌م مامه‌ڵه‌یه‌دا ده‌چێته خانه‌ی تاوان. به بڕوای ئێمه به‌سه‌رنجدان له میدیای ئه‌لیكترۆنی له هه‌رێمی كوردستان، تاوانه‌كانی بواری ڕیكلام چه‌ند جۆرێكه:-
-كاڵای ته‌زویر:- ڕیكلام بۆ دۆزینەوەی كڕیار بۆ كاڵایه‌كی ته‌زویر له تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كاندا لە كاتێكدا فڕوفێڵ له بەرهەمەكهدا هه‌یه، به تاوان داده‌نرێت. بۆ نمونه بانگه‌شه بۆ فرۆشتنی كاڵایه‌ك بڵێن ماركه‌یه، به‌ڵام ده‌ستكاری ناوه‌كه‌ی یا ناوه‌ڕۆكه‌كه‌ی كرابێت.
-فریودان و هەڵخەڵەتاندن:- هه‌ندێكجار كاڵایه‌ك یا خزمه‌تگوزارییه‌ك له تۆڕهكۆمهڵایهتییهكاندا ده‌خرێته‌ڕوو، به‌ڵام ته‌نها بۆ وه‌رگرتنی پاره‌یه. بۆ نمونه:- ڕیكلام بۆ پێدانی ڤیزای وڵاتێكی ئه‌وروپی ده‌كرێت، به‌ڵام دوای وه‌رگرتنی پاره، خاوه‌ن سایت و په‌یج فریوی كڕیاران ده‌دات.
-ڕیكلام بۆ كاڵای نایاسایی:- هه‌ندێ كاڵای نایاسایی و ناشه‌رعی هه‌ن كه مامه‌ڵه‌كردنیان به‌پێی یاسا قه‌ده‌غه‌یه، یاخود به‌بێ رێنمایی پزیشك به مه‌ترسی داده‌نرێت، به‌ڵام له تۆڕهكۆمهڵایهتییهكاندا ڕیكلامیان بۆ ده‌كرێت.
ئەمڕۆ زۆرینەی وڵاتان یاسایان داڕشتووە بۆ دەستنیشانكردنی سنورەكانی ڕیكلام و دانانی سزا لەكاتی خراپ بەكارهێنانیدا. لە هەرێمی كوردستانیش، ئێستا یاسای رێكخستنی رێكلامی بازرگانی لە هەرێمی كوردستان، ژمارە “4”ی ساڵی “2019ز” بەركارە، لە ماددەی “3”دا كە تەرخانكراوە بۆ رێگەپێنەدراوەكان، تیایدا جەختی لەسەر ئەوە كردۆتەوە كە نابێ هیچ ڕیكلامێك لە پێچەوانەی ئەم مەسەلانەی خوارەوە بێت:-
-ئادابی گشتی .
-سیستمی گشتی.
-ئاسایشی گشتی.
-تەندروستی گشتی.
-مافەكانی مرۆڤ.
“ده‌یه‌م؛ هەواڵی هەڵبەستراو/فهيكنيوز”
بڵاوكردنه‌وه‌ی جۆره‌ها زانیاری ناڕاست له‌ژێر ناوی هه‌واڵ و زانیاریی گرنگ، دیارده‌یه‌كی نایاسایی سه‌دان په‌یج و ئه‌كاونته كه بوونهتهمایهی روودانی جۆره‌ها تاوان له‌ناو کۆمەڵگەدا.
به‌گشتی فه‌یكنیوز به‌كۆمه‌ڵێك نیشانه‌دا ده‌ناسرێته‌وه:-
–په‌یجه‌كه خاوه‌نه‌كه‌ی دیار نییه.
–زانیاریی نێو هه‌واڵه‌كه، له سه‌رچاوه‌ی فه‌رمی وه‌رنه‌گیراوه.
–هه‌میشه ده‌رباره‌ی بابه‌ته گرنگه‌كانه وه‌ك:- موچه، تیرۆر و ته‌قینه‌وه، دانان و لابردنی پۆست و پله، به‌دڕه‌وشتی، دزی و گه‌نده‌ڵی و…تاد.
–له ماوه‌یه‌كی كورتدا دوای بڵاوكردنه‌وه‌ی فهیكنیوزهكه، زۆرجار لاده‌برێت و ده‌سڕدرێته‌وه بۆ ئه‌وه‌ی لێپرسینه‌وه و به‌دواداچوونی له‌گه‌ڵدا نه‌كرێت.
–په‌یامه‌كه زیاتر رووی له چین و توێژی گه‌نجانه.
دیارترین مه‌ترسی فهیكنیوزیش به‌بڕوای پسپۆڕێك:- بەهۆی كاریگەرییەكانی لەسەر گۆڕانی هۆشیاریی جەماوەر، ئاستەنگ بۆ تێگەیشتنی كۆمەڵگا بۆ بابەتەكان دروست دەكات[4].
بێگومان جگه له‌و كه‌سانه‌ی یه‌كه‌مجار فهیكنیوزهكه بڵاوده‌كه‌نه‌وه، هه‌ر كهسێكیتر شه‌یر یان كۆپی بكات و بڵاوی بكاته‌وه، هه‌مان به‌رپرسیارێتی یاسایی له‌ئه‌ستۆدایه و به‌پێی جۆری بابه‌ته‌كه‌ش به‌رپرسیارێتییه‌كه گۆڕانی به‌سه‌ردا دێت.
له ماددەی دووەمی یاسای ژمارە “6”ی ساڵی”2008”ی”یاسای قەدەغەكردنی خراپ بەكارهێنانی ئامێرەكانی پەیوەندیكردن لە هەرێمی كوردستان”دا هاتووه كه ئه‌م ره‌فتارانه ده‌چنه خانه‌ی تاوان:- “هەركەسێك گەر بە خراپی تەلەفۆنی خانەیی “مۆبایل” یا ئامێرێكی پەیوەندی كردنی تەلدار یان بێ تەل یان ئەنتەرنێت یان پۆستی ئەلیكترۆنی بۆ مەبەستی هەڕەشەكردن یان تۆمەت هەڵبەستن یان جنێودان یان بڵاوكردنەوەی هەواڵی هەڵبەستراو بەكارهێنا كە ترس پەیدا دەكات”. له یاسای بەرەنگاربوونەوەی تۆقاندن “تیرۆر” ژمارە “3”ی ساڵی “2006”دا، له برگه‌ی چواره‌می ماددەی چوارەمدا هاتووه “ئەم كارانەی خوارەوە بە تاوانی تۆقاندن “تیرۆر” دادەنرێن و سزا دەدرێت بە زیندانی لە “15” ساڵ تێپەڕ نەكات، هەر كەسێك:-
–بە ئەنقەست، هەواڵ، روونكردنەوە یاخود پڕوپاگەندەیەكی تۆقێنەر بڵاوبكاتەوە، هۆیەكانی راگەیاندنی بینراو، بیستراو، خوێندراو یان ئەلیكترۆنی بەهەل وەربگرێت یان بەكاریان بێنێت، لە ئینتەرنێت بەیاناتی ئەوتۆ بڵاوبكاتەوە راستەوخۆ بگاتە رادەی هاندان بۆ ئەنجامدانی تاوانی تیرۆركاری وەها كە ئاسایشی گشتی بخاتە مەترسییەوە و ترس بخاتە نێو هاوڵاتیان و هەڕەشە لە قەوارەی سیاسی هەرێم بكات”.
سه‌رجه‌م ئه‌م سزایانه‌ی سه‌ره‌وه، له‌كاتی تۆماركردنی سكاڵا له‌لایه‌ن كه‌س و لایه‌نی زیانلێكه‌وتوو یاخود داواكاری گشتی به‌رگریكارێكی مافه گشتییه‌كانه‌وه، دوای به‌دواداچوون و یه‌كلاكردنه‌وه‌ی دۆسییه‌كه، ده‌چێته خانه‌ی جێبه‌جێكردنه‌وه.
سه‌رچاوه‌كان؛
*یاساكان:-
-یاسای سزادانی ئێراق، ژمارە “111”ی ساڵی “1969”
-یاسای بەرەنگاربوونەوەی تۆقاندن “تیرۆر”، ژمارە “3”ی ساڵی “2006”.
-یاسای رۆژنامه‌گه‌ری، ژماره “35”ی ساڵی “2007ز”.
– یاسای قەدەغەكردنی خراپ بەكارهێنانی ئامێرەكانی پەیوەندیكردن لە هەرێمی كوردستان، ژمارە “6” ی ساڵی “2008”.
-یاسای مافی دانەرو مافە هاوسێكانی، ژمارە “17”ی ساڵی “2012ز”.
-یاسای مافی دەسكەوتنی زانیاری لە هەرێمی كوردستان، ژمارە “11”ی ساڵی “2013ز”.
-یاسای ڕێكخستنی ڕیكلامی بازرگانی لە هەرێمی كوردستان، ژمارە “4”ی ساڵی “2019ز”.
به‌زمانی عه‌ره‌بی:-
– د.عامر قندیلجی:- مصادر المعلومات الاعلامیة، دار المسیرة للنشرو التوزیع، طبعة الثانیة 2015.
– د. عمر سالم:- نحو قانون جنائی للصحافی، طبعة الآولی، القاهرة، 1994.
– د. مبدر الویس:- أثر التشهیر في الصحافة، دراسة مقارنة، طبعە الاولي، مطبعة دار الجاحظ 1986.
به‌زمانی فارسی:-
– محمد علی سفری:- مفاهیم تروریسم در قاموس زورمداران جهان، انتشارات صبا، 1384
به‌زمانی ئینگلیزی:-
-Balmas, M. “2014”. When fake news becomes real:- Combined exposure to multiple news sources and political attitudes of inefficacy, alienation, and cynicism. Communication Research.
-Hancock, B:-“Cyber-Tracking, Cyber-terrorism Computers and Security“, Vol.20,No7, 2001.
-Shostack.A and Syverson.P “2004”:-What price privacy, J. in Economics of Information Security”, The Netherland, Kluwer
-The New Encyclopedia Britannica, 1986,Vo 11.
– Warren and Brandeis:- The Right to Privacy, Harvard Law Review,Vol. IV, 1890, No. 5,
http:-//groups.csail.mit.edu/mac/classes/6.805/articles/privacy/Privacy_brand_warr2.html -.
[1]– د. عمر سالم: نحو قانون جنائی للصحافی، طبعة الآولی، القاهرة، 1994، ص165.
[2]– مادة 212: يعاقب بالحبس وبالغرامة التي ال تزيد عن ثلثمائة دينار او باحدى هاتين العقوبتين من توصل بانتحال اسم كاذب او شخصية كاذبة الي الحصول على اية رخصة رسمية او تذكرة هوية او تذكرة انتخاب عام او تصريح نقل او انتقال او مرور داخل البالد. ويعاقب بالعقوبة ذاتها من زور او اصطنع محررا من هذا القبيل.
[3]– مادة 287:
2– ويقع التزوير المعنوي باحدى الطرق التالية:
ا– تغيير اقرار اولي الشان الذي كان الغرض من تحرير المحرر ادراجه فيه.
ب–جعل واقعة مزورة في صورة واقعة صحية مع العلم بتزويرها.
ج–جعل واقعة غير معترف بها في صورة واقعة معترف بها.
د–انتحال شخصية الغير او استبدالها او الاتصاف بصفة غير صحية وعلى وجه العموم تحريف الحقيقة في محرر او اغفال ذكر بيان فية حال تحريره فيما اعد لاثباتة.
[4]– Balmas, M. (2014). When fake news becomes real: Combined exposure to multiple news sources and political attitudes of inefficacy, alienation, and cynicism. Communication Research, 41(3), 430-454.




































































