زمان بۆ ئێمەی کورد تەنیا کۆمەڵێک وشە و ڕێسای ڕێزمانی نییە؛ زمان ڕۆحی بەکۆمەڵمانە. هەر وشەیەکی کوردی کە بە زمانماندا دەڕژێت، هەڵگری مێژوو و یادەوەری ئازار، هیوا و بەرخۆدانی نەتەوەیەکە. بۆیە فێرکردنی زمانی دایک تەنیا پرسێکی پەروەردەیی نییە بۆ کورد، بەڵکو پرسێکی ژیانی و ناسنامەیییە. هەر جارێک زمانێک سنووردار بێت یان بێدەنگ بکرێت، ئەو کۆمەڵگایە بەشێک لە بوونی خۆی لەدەست دەدات؛ و ئەمەش چارەنووسێکە کە ساڵانێکە زمانی کوردی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان سێبەری کردووە. لە ڕۆژهەڵاتدا سەرەڕای هەمەچەشنی نەتەوەیی و کولتووری بەرفراوان، سیاسەتی زمان لە دەوری ئاسمیلەکردن داڕێژراوە. فێرکردنی زمانە غەیرە فارسییەکان بە کردەوە لە سیستەمی فەرمیدا جێگەی نییە و مادەی ١٥ی دەستوور زیاتر لە دروشمێکی جێبەجێنەکراو دەچێت. لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان ڕۆژانە ملیۆنان منداڵ و هەرزەکار دەچنە قوتابخانە، بەڵام زمانی دایکیان لە پشت دەرگای پۆلەکانەوە دەمێنێتەوە. ئەم وەدەرنانی فەرمییە بۆشایی قووڵی لە نێوان نەوەکاندا دروست کردووە؛ گەنجان لە فێربوونی زمانی دایک بێبەش دەبن و پەیوەندییان بە میراتی کولتوورییەوە وردە وردە لاواز دەبێت. وەها دۆخێک نادادپەروەرییەکی ئاشکرایە کە نەک هەر متمانە بەخۆبوونی زمانەوانی گەنجان کەم دەکاتەوە، بەڵکوو لە بەشێک لە ناسنامەی مێژوویی خۆیان جیایان دەکاتەوە.
بەڵام زمانی کوردی بەردەوامە لە هەناسەدان. لە ناو ئەو بێبەشییانەدا، کۆمەڵە و دامەزراوە فەرهەنگییەکانی وەک “ڤەژین و نۆژین” و دەیان ناوەندی تری فەرهەنگی بوونەتە قەڵای بەرخۆدان. ئەوان بە ئەنجامدانی وانەکانی بێبەرامبەر و بڵاوکردنەوەی سەرچاوەی پەروەردەیی و کەڵک وەرگرتن لە پۆتانسێلی سۆشیال میدیا، باری زیندوو ڕاگرتنی زمانەکەیان لە ئەستۆ گرتووە. ئەم هەوڵانە هەرچەندە سنووردارە و هەندێکجاریش لە ژێر گوشاردایە، بەڵام ئەوە دەردەخات کە پێکهاتەی کورد ئامادە نییە زمانەکەی تەسلیمی لەبیرچوونەوە بکات. فێرکردنی زمانی دایک لەم هەلومەرجەدا جۆرێکە لە کردەی بەرخۆدان؛ پراکتیزەیەکی کولتووری کە لە دەرەوەی کارامەیییەک، یارمەتی بوونیادنانەوەی ناسنامە و یەکگرتوویی کۆمەڵایەتی دەدات. بۆ گەنجانی کورد زمانی دایکیان تەنیا ئامرازی پەیوەندیکردن نییە؛ پەیوەندییەکە لە نێوان ئەوان و مێژووەکەیان، لە نێوان ڕابردوویەکی پڕ لە ئازار و داهاتوویەکی هیوابەخش. لە سەردەمی دیجیتاڵیدا ئەم بەستەرە دوو هێندە گرینگ بووە. ئەو گەنجانەی فێری زمانی کوردی دەبن دەتوانن ناوەرۆک لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بەرهەم بهێنن و کولتووری خۆیان دروست بکەنەوە و پیشانی جیهانی بدەن. لێرەدا زمان دەبێتە ئامرازێک بۆ بەرخۆدانی نەرم و پاراستنی شوناسی بەکۆمەڵ. لەم ڕوانگەیەوە فێرکردنی زمانی کوردی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا تەنیا پێویستییەکی پەروەردەیی نییە، بەڵکو پێویستییەکی فەرهەنگی، کۆمەڵایەتی و تەنانەت سیاسیشە. ئەم نووسینە هەوڵ دەدات لە پێگەی فێرکردنی زمانی کوردی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا بکۆڵێتەوە، لە گۆشەنیگای جیاوازەوە-لە کارلێکی کۆمەڵایەتییەوە تا ئامادەبوون لە کەشی ئەلیکترۆنی و دووبارە دروستکردنەوەی شوناسی بەکۆمەڵ- کاریگەرییەکانی لەسەر گەنجان شی بکاتەوە و نیشان بدات کە زمانی دایک، تەنانەت لە سایەی سنووردارکردندا، هێشتا دەتوانێت وەک پایەی سەقامگیری کولتووری و کۆمەڵایەتیمان بمێنێتەوە.
“دۆخی پەروەردەی زمانی کوردی لە ڕۆژهەلاتی کوردستان”
پەروەردەی زمانی دایک، بەتایبەت بۆ ئەو گەلانەی کە چەندین سەدە ڕووبەڕووی گوشاری سیاسی و بەرتەسکی کولتووری بوونەتەوە، تەنیا داواکارییەکی پەروەردەیی نییە، بەڵکو داواکارییەکی شوناس و مێژووییشە. لە ئێراندا، هەرچەندە لە مادەی ١٥ی دەستووردا بە ڕاشکاوی ئاماژە بە مافی فێرکردنی زمانی نەتەوەیی لە پاڵ زمانی فەرمیدا کراوە، بەڵام واقیعی کۆمەڵایەتی و سیاسی ڕێبازێکی جیاواز نیشان دەدات. بە کردەوە فێرکردنی زمانی کوردی هەرگیز لە سیستەمی پەروەردەی وڵاتدا بە شێوەیەکی فەرمی و بەربڵاو جێگەی خۆی نەدۆزیوەتەوە. ئەم دژایەتییەی نێوان یاسا و پراکتیک خۆی نیشانەی ئەو سیاسەتە ئاسمیلەکردنی کولتوورییەیە کە دەیان ساڵە بەسەر کۆمەڵگای کوردیدا سەپێندراوە. بۆ لاوێکی کورد لە شاری سنە، مەهاباد، کرماشان و…هتد، واقیعەکە ئەوەیە کە زمانی دایک لە پشت دەرگای قوتابخانەکانەوە دەمێنێتەوە. ئەوەی لە قوتابخانەدا دەیبیستێت و دەینووسێت، زمانی فەرمی ئێرانە، زمانێک کە بێگومان بەها و پێگەی خۆی هەیە، بەڵام پێگەی تایبەتی خۆی، زمانەکانی دیکەی پەراوێز خستووە. هەر لە ساڵانی یەکەمی خوێندنەوە گەنجێکی کورد ڕووبەڕووی جۆرێک لە کەلێنی زمانەوانی دەبێتەوە؛ لە ماڵەوە و لە شەقامەکاندا، بە زمانی دایک قسە دەکات، بەڵام لە قوتابخانە، جیهانێکی دیکە ئەزموون دەکات کە پێدەچێت بەشێک لە بوونەکەی پشتگوێ بخات. ئەم بۆشاییە، بە تێپەڕبوونی کات، دەتوانێت ببێتە هۆی جۆرێک لە دوو شوناس و تەنانەت هەست بە غەریبایەتی لەگەڵ خۆشی بکات.
بەڵام واقیع تەنیا ڕووخسارێکی تاڵی نییە؛ لە ناو ئەو سنووردارکردنانەدا، کۆمەڵگای کورد هەمیشە ڕێگەی بەدیل بۆ مانەوە و پاراستنی کولتوورەکەی دۆزیوەتەوە. کۆمەڵە و دامەزراوە فەرهەنگیەکانی وەک “ڤەژین و نۆژین و چەند کۆمەڵەیەکی دیکە” و ژمارەیەکی زۆر لە گرووپە جەماوەرییەکان هەوڵیانداوە بە شێوەیەکی نافەرمی فێرکردنی زمانی کوردی بەرەوپێش ببەن. ئەم چین و توێژانە هەرچەندە سنووردارن و زۆرجار بێ پشتیوانی حکومەت، بەڵام هێمای جۆرێک لە بەرخۆدانی کولتوورین. ئەو مامۆستایانەی کە ئەلفوبێی کوردی فێری منداڵان و هەرزەکاران دەکەن بە مووچەیەکی کەم یان تەنانەت خۆبەخشانە، لە ڕاستیدا هەڵگری ئەرکێکی مێژوویین: پاراستنی ئەو زمانەی کە میراتی هەزار ساڵەی نەتەوەیەکە. لە لایەکی دیکەوە زانکۆکانی ئێرانیش تا ڕادەیەکی سنووردار قسەیان بۆ زمانی کوردی کردووە. بۆ نموونە لە زانکۆکانی سنە یان ورمێ، بەشەکانی بواری زمان و ئەدەبی کوردی دامەزراون. بەڵام ئەم توانایییانە زۆر کەمن و ناتوانن پێداویستی دانیشتوانی ملیۆنان کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان دابین بکەن. جگە لەوەش، تێڕوانینی زاڵ بۆ فێرکردنی زمانی کوردی زۆرجار ئامراز و دیکۆراتی بووە، نەک سیاسەتێکی جددی و هەمەلایەنە لە چوارچێوەی دادپەروەری پەروەردەیی. یەکێک لە گرفتە گەورەکان لەم بوارەدا نەبوونی سەرچاوەی پەروەردەیی و مامۆستای تایبەتمەندە. نەبوونی کتێبی خوێندنی ستاندارد، یەکگرتوویی مێتۆد و پشتیوانی دامەزراوەیی، پەروەردەی زمانی کوردی تا ڕادەیەکی زۆر لە ئەستۆی کۆمەڵگەی مەدەنیدا هێشتۆتەوە. تەنانەت زۆریەک لە سەرچاوە پەروەردەییەکانی ئێستاش بەهۆی نەبوونی مۆڵەتی فەرمییەوە بە شێوەیەکی سنووردار و نافەرمی بڵاودەکرێنەوە. ئەم دۆخە ئەوە دەردەخات کە زمانی دایک تەنیا مافێک نییە بۆ کورد، بەڵکو دیمەنێکی خەباتی کولتوورییە.
بەڵام نابێ ئەوەمان لە بیر بچێت کە دونیای ئەمڕۆ کەرەستەی نوێی بۆ مانەوە و بڵاوبوونەوەی زمانەکە دابین کردووە. سۆشیال میدیا، پلاتفۆرمی پەروەردەیی ئۆنلاین و بەرهەمە کولتوورییە دیجیتاڵییەکان دەرفەتێکی ناوازەیان بۆ گەنجانی کورد ڕەخساندووە بۆ فێربوون و بەکارهێنانی زمانی زگماکی خۆیان، بەبێ گوێدانە سنووردارکردنی فەرمی. لە سۆشیاڵ میدیا مرۆڤ دەتوانێ هەزاران لاپەڕە و کەناڵی تایبەت بە فێرکردنی زمانی کوردی بدۆزێتەوە و گەنجانیش بە ئارەزووی خۆیانەوە بەشدارییان دەکەن. هەرچەندە ئەم کەشە جێگرەوەی پەروەردەی فەرمی نییە، بەڵام وەک مەیدانێکی کراوە، گرینگییەکی زۆری هەیە لە زیندوو ڕاگرتنی زمانی دایکدا. دواجار دۆخی پەروەردەی زمانی کوردی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا ڕەنگدانەوەی دۆخی گشتی مافە کولتوورییەکانی کەمینەکان لە ئێرانە. لە کاتێکدا زۆرێک لە وڵاتان پەروەردەی فرەزمانی وەک ئامرازێک بۆ بەهێزکردنی یەکگرتوویی کۆمەڵایەتی سەیر دەکەن، بەڵام لە ئێراندا نیگەرانییەکی سیاسی سەبارەت بە فێرکردنی زمانە نافەرمییەکان ماوەتەوە. ئەم نیگەرانیانە ڕەگ و ڕیشەی لە ڕوانگەیەکی ئەمنییەوە هەیە سەبارەت بە فرەچەشنی زمانی و کولتووری. ئەم دۆخە بۆ نووسەرێکی کورد زیاترە لە پەروەردەیی، ئەزموونێکی ژیاوە؛ ئەزموونێکی وەدەرنانی و بەرەنگاربوونەوە، لە بیرچوونەوە سەپێنراوەکان و یادەوەرییەکی بەکۆمەڵ کە ڕەتیدەکاتەوە بکوژێتەوە.
“کاریگەری پەروەردەی زمانی دایک لەسەر گەنجان”
بۆ هەر کۆمەڵگایەک پەروەردەی زمانی دایک تەنیا فێربوونی شێوازێکی قسەکردن نییە؛ زمانی دایک پردێکە لە نێوان ڕابردوو و داهاتوودا، تارێکە کە یادەوەری مێژوویی نەتەوەیەک بە ڕۆحی نەوەی گەنجەوە دەبەستێتەوە. زمانی دایک بۆ لاوانی کورد لە ڕۆژهەڵات تەنیا ئامرازێکی پەیوەندیی ڕۆژانە نییە، بەڵکو بەشێکە لە بوون و شوناسیان. هەر وشەیەکی کوردی کە بە زمانیاندا دەڕژێت، پەپوولەی یادەوەری بەکۆمەڵ و مێژووی خەبات و ئازار و خۆشییەکانی نەتەوەی کورد لەخۆدەگرێت. هەربۆیە پەروەردەی زمانی دایک ڕۆڵێکی لەدەرەوەی فێرکردنی کارامەیییەک هەیە و دەبێتە پرۆسەیەکی کۆمەڵایەتی-فەرهەنگی و تەنانەت سیاسیش. ناسنامەی کولتووری و متمانە بەخۆبوون؛ گەنجێک کە زمانی دایک فێر دەبێت، لە ڕاستیدا ئاوێنەیەکی بەدەستەوەیە کە تێیدا دەموچاوی خۆی ببینێت. زمان بنەمای شوناسە؛ بەبێ ئەو مرۆڤ لە بەرامبەر دونیادا بێ بەرگری دەبێت. لە کوردستاندا زۆرێک لە گەنجان ئەزموونی خوێندنیان لەو قوتابخانانە هەیە کە زمانی دایکیان تێدا نییە. ئەم نەبوونە بە مانای پشتگوێخستنی بەشێک لە بوونیان دێت. فێرکردنی زمانی کوردی دەتوانێ ئەم بۆشایییە پڕ بکاتەوە و گەنج بە ڕەگ و ڕیشەی خۆیەوە ببەستێتەوە. ئیتر هەست بەوە ناکەن کە دەبێت لە نێوان “خۆی کورد” و “خۆی فەرمی” خۆیاندا یەکێکیان هەڵبژێرن؛ بەڵکو دەتوانن هەردووکیان پێکەوە هەبێت. ئەم پێکەوە ژیانە، متمانە بەخۆبوونی زمانەوانی و کولتووری گەنجان زیاد دەکات و ڕێگەیان پێدەدات بە شانازییەوە بەرگری لە ناسنامەی خۆیان بکەن لە کۆمەڵگادا.
کارلێکی کۆمەڵایەتی و هەستکردن بە سەربەخۆیی؛ زمانی دایک ڕۆڵێکی گرنگی هەیە لە کوالێتی پەیوەندییە کۆمەڵایەتیییەکان. گەنجێک کە فێری زمانی کوردی دەبێت، دەتوانێت پەیوەندیییەکی قووڵتر لەگەڵ دەوروبەرەکەیدا دروست بکات. بەشداری لە کۆبوونەوە خێزانییەکان و ڕێوڕەسمە ناوخۆیییەکان و کۆبوونەوە کولتوورییەکان بکات بەبێ ئەوەی هەست بە ناتەواوی و لاوازی بکات. زمانی دایک هەستی سەر بە گرووپەکە بەهێز دەکات؛ گەنجەکە چیتر خۆی وەک “نامۆیەک لە ماڵەکەی خۆیدا” نابینێت، بەڵکو وەک ئەندامێکی چالاک و وەرگیراو لە کۆمەڵگاکەیدا دەبینێت. ئەم ئەزموونەی سەربەخۆیی، بەرخۆدانێکی نەرم و درێژخایەن لە بەرامبەر گوشارەکانی ئاسمیلەکردنی کولتووریدا دروست دەکات. ئامادەبوون لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و کەشی دیجیتاڵی؛ نەوەی ئەمڕۆی کوردستان نەوەیەکە بەشێکی بەرچاوی ژیانی خۆی لە کەشی دیجیتاڵیدا بەسەر دەبات. لەم کەشەدا زمانی دایک بۆتە ئامرازێک بۆ ناسینەوە و نوێنەرایەتیکردنی کولتووری. ئەو گەنجانەی فێری زمانی کوردی بوون، لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا:- لە شیعر و ئەدەبەوە بۆ موزیک و کلیپ و نوکتەی ڕۆژانە، بە شێوەیەکی چالاکانە ناوەرۆک بەرهەم دەهێنن. ئەم بەرهەمانە نەک هەر زمانەکە بە زیندوویی دەهێڵنەوە، بەڵکو دەیخەنە گۆڕەپانی جیهانییەوە. گەنجێکی کورد کاتێک لە ئینستاگرام یان یوتیوب بە زمانی دایک قسە دەکات، لە ڕاستیدا خەریکە بە جیهان ڕادەگەیێنێت کە ئەم زمانە زیندووە و نامرێت. بە واتایەکی تر کەشی ئەلیکترۆنی دەرفەتێکی بۆ پەروەردەی زمانی دایک ڕەخساندووە کە ببێتە هۆی دووبارە دروستکردنەوەی ناسنامەی بەکۆمەڵ لە ئاستێکی بەرفراواندا.
هێزی خۆڕاگری و مانەوە؛ بۆ گەنجێکی کورد فێربوونی زمانی دایک تەنیا فێربوونی ڕێسای نوێی ڕێزمان یان وشەسازی نییە؛ هەروەها جۆرێکە لە بەرخۆدان. لە هەلومەرجێکدا کە زمانی کوردی لە هەیکەلی پەروەردەیی فەرمی ئێراندا پەراوێزخراوە، فێربوونی ئەم زمانە بە کردەیەکی فەرهەنگی و سیاسی دادەنرێت. گەنجێک کە فێری زمانی خۆی دەبێت، بەرەنگاری سیاسەتەکانی نەهێشتن و ئاسمیلەکردن دەبێتەوە و نیشان دەدات کە زمانی دایک هێشتا زیندووە. ئەم خۆڕاگرییە، ئەگەر لەسەر ئاستی تاکەکەسی و بچووکیش بێت، دواجار سەقامگیری بەکۆمەڵی نەتەوەیەک دەبات. پەیوەندی نێوان نەوەکان؛ فێرکردنی زمانی دایک گەنجان بە نەوەکانی پێشووەوە دەبەستێتەوە. باپیر و داپیرە چیرۆک، ئەفسانە و پەندەکانیان بە زمانی کوردی دەگێڕنەوە. ئەگەر گەنج فێری زمانی دایک نەبووبێت، ئەم میراتە بۆیان ناگوازرێتەوە. بەڵام کاتێک زمانێکی هاوبەش لە نێوان نەوەکاندا دامەزرا، مێژوو و کولتوور لە ڕێگەی گێڕانەوە بە زیندووی دەمێننەوە. لەم پڕۆسەیەدا گەنجی کورد تەنیا گوێگر نییە بۆ ڕابردوو، بەڵکو هەڵگری ڕابردووە بۆ داهاتوو. گەشەسەندنی داهێنانی تاکەکەسی و بەکۆمەڵ؛ زمانی دایک سەکۆیەکە بۆ داهێنان. گەنجێک کە فێری زمانەکەی دەبێت، دەتوانێت بیر و هەستەکانی خۆی بە شێوەی جۆراوجۆری هونەری و ئەدەبی دەرببڕێت. ئەم داهێنانە تاکەکەسییە، لەپاڵ داهێنانی بەکۆمەڵدا، بەشدارە لە گەشەکردنی ئەدەب و مۆسیقا و هونەری کوردیدا. ئەمڕۆ شاهیدی زۆرێک لە شاعیر و نووسەر و مۆسیقاژەنی گەنجین کە بەرهەمی بەنرخ بە زمانی کوردی دروست دەکەن. ئەم بەرهەمانە نەک تەنیا لە ناو کوردستاندا دەنگ دەدەنەوە، بەڵکو لە نێو ڕەوەندی کوردیش لە سەرانسەری جیهاندا دەنگ دەدەنەوە.
بۆ گەنجانی کورد فێربوونی زمانی دایک پێویستییەکی ژیانییە؛ پێویستییەک کە ڕێگەیان پێدەدات ڕەگ و ڕیشەی خۆیان بناسن، متمانە بەخۆبوونێکی کولتووری بەدەستبهێنن، هەست بە سەربەخۆیی بکەن لە کۆمەڵگادا، نوێنەرایەتی ناسنامەی خۆیان بکەن لە کەشی ئەلیکترۆنیدا و لە کۆتاییدا، بەشێک بن لە بەرخۆدانی مێژوویی نەتەوەکەیان. ئەم پرۆسەیە ئەگەرچی لە ڕووی فەرمی و یاساییەوە ڕووبەڕووی سنوورداربوونی زۆر بووەتەوە، بەڵام بووەتە هۆی ئەوەی کە زمان نەک تەنیا وەک ئامرازێکی پەیوەندیکردن، بەڵکو وەک ئاڵایەکی بەرخۆدان و ژیان دەبینێت.
“ئاڵنگاری و دەرفەتەکان بۆ فێرکردنی زمانی کوردی لە ڕۆژهەڵات”
ئاڵنگارییەکان:
١- نەبوونی پەروەردەی فەرمی؛ گەورەترین بەربەست لەبەردەم فێرکردنی زمانی کوردی لە ڕۆژهەڵاتدا، نەبوونی پێگەی فەرمی لە سیستەمی پەروەردەی ئێراندایە. هەرچەندە لە مادەی ١٥ی دەستووردا بە ئاشکرا ئاماژەیە بۆ فێرکردنی زمانە ناوخۆیییەکان، بەڵام ئەم پرەنسیپە زیاتر وەک “مافی کاغەز” دەمێنێتەوە. قوتابخانەکان لە کوردستان بەردەوامن لە فێرکردنی تەنیا زمانی فەرمی وڵات و زمانی کوردیش لە پشت دەرگا داخراوەکانەوە دەمێنێتەوە. ئەم بێبەشکردنە تەنیا پرسێکی پەروەردەیی نییە، بەڵکو جۆرێکە لە سڕینەوەی کولتووری کە نەوەکانی کورد ناچار دەکات بە بێدەنگی هەڵگری ناسنامەی خۆیان بن.
٢- نەبوونی سەرچاوە و مامۆستای پسپۆڕ؛ تەنانەت لەو چەند کەشە کە خوێندنی نافەرمی زمانی کوردی تێدا بەردەستە، نەبوونی سەرچاوەی ستاندارد و مامۆستای پیشەیی ئاڵنگاریی جددی دروست دەکات. زۆرێک لە پۆلە بێبەرامبەرەکان بە شێوەیەکی خۆبەخشانە بەڕێوەدەچن، هیچ ئاسانکارییەک بۆ ڕاهێنانی مامۆستایان و بڵاوکردنەوەی کتێبی خوێندنی فەرمی نییە. ئەم کەمییە بەو مانایەیە کە کوالیتی خوێندن بە سنووردار دەمێنێتەوە و بەردەوامییەکەی هەمیشە لە مەترسیدایە.
٣- گوشار سیاسی و ئەمنییەکان؛ لە ئێراندا پرسی زمان زۆرجار لە چوارچێوەیەکی ئەمنیدا لێکدەدرێتەوە نەک وەک پرسێکی کولتووری و پەروەردەیی سەیر بکرێت. کۆمەڵە و دامودەزگا کولتوورییەکان کە فێری زمانی کوردی دەکەن، چەندین جار ڕووبەڕووی گوشار و هەڕەشە و تەنانەت داخستن بوونەتەوە. ئەم ڕوانگە ئەمنییە نەک هەر ڕێگری لە گەشەی زمانی کوردی دەکات، بەڵکو گەنجان بە هەستێکی ترس و خۆسانسۆریشەوە بەجێدەهێڵێت؛ وەک ئەوەی زمانی زگماکییان تاوانێکی نەوتراو بێت.
دەرفەتەکان:
١- توانای کۆمەڵگەی مەدەنی؛ سەرەڕای هەموو سنووردارکردنەکان، کۆمەڵگەی مەدەنی کوردستان توانای خۆی بۆ دروستکردنی چارەسەری بەدیل سەلماندووە. کۆمەڵەکانی وەک “ڤەژین و نۆژین” و ژمارەیەکی زۆر لە گرووپە فەرهەنگییەکان، بە ئەنجامدانی وانەکان و چالاکیی فەرهەنگی زمانی کوردییان بە زیندوویی ڕاگرتووە. ئەم دامەزراوانە هەرچەندە بچووک و سنووردارن، بەڵام ڕۆڵی “قەڵای کولتووری” دەگێڕن و هیوا لە دڵی نەوەی گەنجدا بە زیندووی دەهێڵنەوە.
٢- کەشی دیجیتاڵی و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان؛ یەکێک لە دەرفەتە گەورەکان بۆ زمانی کوردی بوونی بەهێزی لە کەشی دیجیتاڵیدا. ئەمڕۆ گەنجان دەتوانن تەنها بە مۆبایل دەستیان بە سەرچاوە پەروەردەییەکان بگات، ناوەڕۆکی ڤیدیۆیی دروست بکەن یان کتێبی دیجیتاڵی کوردی بخوێننەوە. تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان سەکۆیەکیان دابین کردووە کە هیچ دەسەڵاتێک ناتوانێت بە تەواوی کۆنتڕۆڵی بکات.
٣- ڕەوەندی کوردی؛ هەروەها پێکهاتەی کوردی دەرەوەی کوردستانی ئێران بووەتە دەرفەتێکی گرنگ بۆ پەروەردە و پێشخستنی زمانی کوردی. بڵاوکردنەوەی کتێب، بەڕێوەچوونی خولی ئۆنلاین و چالاکی میدیای کوردی لە ئەوروپا و ئەمریکا سەرچاوەی بەنرخ بۆ گەنجانی ناو کوردستانی ئێران دابین دەکات. ئەم پەیوەندییە فرانتەیشناڵە ڕێگەی بە زمانی کوردی داوە سنوورەکان ببڕێت و لە ئاستێکی فراوانتردا بژی.
٤- توانا ئەکادیمییەکان؛ هەرچەندە سنووردارە، بەڵام بوونی پسپۆڕی زمان و ئەدەبی کوردی لە هەندێک زانکۆدا دەرفەتێکە کە دەتوانێت یارمەتی ڕاهێنانی مامۆستایان و بەرهەمهێنانی سەرچاوەی زانستی بدات. ئەگەر ئەم توانایییانە فراوان بکرێن، دەتوانن بەشێک لە پێداویستییە پەروەردەییەکان دابین بکەن و زمانی کوردی لە پەراوێزەوە لە ناوەندی سەرنجی ئەکادیمی نزیک بکەنەوە. ئاڵنگاری و دەرفەتەکانی خوێندنی زمانی کوردی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا دوو دیوی یەک دراون. لە لایەک کۆت و بەندی فەرمی و نەبوونی ئیمکانات و گوشارە ئەمنییەکان و مەترسی لەبیرچوونەوە، مەترسییەکی جددی لەسەر مانەوەی زمانەکە دروست دەکەن. لە لایەکی دیکەوە بەرخۆدانی کۆمەڵگەی مەدەنی و توانای کەشی دیجیتاڵی و ڕۆڵی ڕەوەند و تەنانەت کرانەوەی بچووکی ئەکادیمیش هیوایەکی نوێی بۆ بەردەوامبوون و گەشەسەندنی زمانی دایک خوڵقاندووە. بۆ نووسەرێکی کورد، ئەم دۆخە زیاترە لە مشتومڕێکی تیۆری؛ ئەزموونێکی ژیاوە: بینینی ئەو منداڵانەی کە لە ماڵەوە بە زمانی کوردی قسە دەکەن بەڵام لە قوتابخانە بێدەنگ دەبن، بیستنی چیرۆکی ئەو کۆمەڵەیانەی کە لە ژێر گوشاردا داخراون و لە هەمان کاتدا، سەیرکردنی گەنجان بە شانازییەوە ناوەڕۆک بە زمانی دایک خۆیان بە شێوەی ئۆنلاین بەرهەم دەهێنن. ئەم دژایەتیانە ڕووی ڕاستەقینەی بارودۆخی پەروەردەی زمانی کوردی لە ئێران: دیمەنێکی پڕ لە ڕەنج و هیوا، سەرکوت و خۆڕاگری، هەڕەشە و دەرفەت.
“ئەنجام”
زمانی دایک تەنیا ئامرازی پەیوەندیکردن نییە، بەڵکو پایەی ناسنامەی بەکۆمەڵ و کولتووری نەتەوەیەکە. بۆ کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، زمانی کوردی زیاترە لە وشە و ڕێسای ڕێزمانی؛ هەڵگری مێژوو، ئەدەب، مۆسیقا، فۆلکلۆر و یادەوەرییەکی هاوبەشە کە نەوەکان بەیەکەوە دەبەستێتەوە. پەروەردەی زمانی دایک بە تایبەت بۆ گەنجان ڕۆڵێکی گرنگی هەیە لە داڕشتنی ناسنامەی تاکەکەسی و کۆمەڵایەتی خۆیان. گەنجێک کە فێری زمانەکەی دەبێت نەک هەر پەیوەست دەبێت بە ڕەگ و ڕیشەی خۆیەوە، بەڵکو متمانەی زیاتر بەخۆی و توانای بەشداریکردنی چالاکانە لە کۆمەڵگادا بەدەست دەهێنێت. بەڵام هەر وەک لەم وتارەدا لێکۆڵینەوه کرا، بارودۆخی پەروەردەی زمانی کوردی له ڕۆژهەڵات ڕووبەڕووی ئاستەنگیەکی قووڵ و پێکهاتەیی بووەتەوە: جێبەجێ نەکردنی مادەی ١٥ی دەستوور، نەبوونی خوێندنی فەڕمی له قوتابخانەکان، نەبوونی ئیمکانات و مامۆستای پسپۆر، گوشاره ئەمنییەکان له سەر کۆمەڵه فەرهەنگییەکان و مەترسی ورده ورده له بیرچوونەوەی زمان لەنێو نەوه نوێیەکاندا. ئەم ئاڵنگاریانەیە وێنەیەکی تاریکی هەڵاواردنی زمانەوانی دەکێشن کە بەشێک لە نەتەوەی کوردی لە مافی سروشتی پەروەردەی زمانی دایک زەوت کردووە.
بەڵام لە ناوەڕاستی ئەم تاریکییەدا، تیشکی هیواش دەبینرێت. کۆمەڵگای مەدەنی کوردی، سەرەڕای هەموو گوشارەکان، بەردەوامە لە هەوڵدان بۆ زیندوو ڕاگرتنی زمانەکە. کەشی دیجیتاڵی و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دەرفەتی نوێیان بۆ بڵاوبوونەوە و فێرکردنی زمانەکە ڕەخساندووە. هەروەها ڕەوەندی کوردی لە دەرەوەی وڵات سەرچاوە و پشتیوانییەکی گرنگی بۆ بەهێزکردنی زمان و فەرهەنگی خوڵقاندووە. ئەم هۆکارانە ئەوە دەردەخەن کە زمانی کوردی سەرەڕای هەموو گوشارەکان، هێشتا زیندووە و بەردەوامە. لە ڕوانگەی نووسەرێکی کوردەوە، دەرەنجامەکە ئەوەیە کە پەروەردەی زمانی دایک تەنیا پرسێکی پەروەردەیی نییە، بەڵکو گۆڕەپانی شەڕی کولتووری و شوناسە. هەر پۆلێکی بچووکی زمانی کوردی، هەر کتێبێک یان نامیلکەیەک کە بە شێوەیەکی نافەرمی چاپ دەکرێت و هەر ناوەڕۆکێکی دیجیتاڵی کە گەنجان بە زمانی دایک بەرهەمی دەهێنن، لە ڕاستیدا پارچەیەکە لە پازێلی بەرخۆدانی کولتووری. ئەم هەوڵانە ئەوە دەردەخات کە هیچ سیاسەتێک ناتوانێت زمانێک بێدەنگ بکات کە ڕەگ و ڕیشەی لە دڵی خەڵکدا هەیە. بۆیە بەهێزکردنی پەروەردەی زمانی کوردی تەنیا پێویستییەکی کولتووری نییە، بەڵکو پێویستییەکی کۆمەڵایەتی و مرۆییشە. ئایندەی کۆمەڵگای کوردی پەیوەستە بە فێربوونی نەوە گەنجەکان و فێربوونی زمانەکەیان و بیرکردنەوە و قسەکردن لەگەڵیدا بۆ جیهان. تەنیا ئەو کاتە ناسنامەی کورد دەتوانێت لە سیاسەتەکانی ئاسمیلەکردن و هەڕەشەکانی لەبیرچوونەوە بمێنێتەوە. بۆ ئێمەی کورد زمانی دایک تەنیا زمان نییە؛ ژیانە، یادەوەرییە، بەرگرییە. وە تا ئەم زمانە لە قوڕگی گەنجەکانماندا دەڕژێت، هیچ دەسەڵاتێک ناتوانێت لە ڕەگ و ڕیشەمان جیامان بکاتەوە.