گەرووی “هورمز” یەکێکە لە ستراتیژترین گەرووە ئاوییەکانی جیهان، بەگرنگترین رێگای گواستنەوەی دەریایی نەوت لەجیهاندا دادەنرێت. هەڵکەوتەی جوگرافی گەرووەکە دەكەوێتە باشوری كەنداو، ئاوی كەنداوی عوممان و دەریای عەرەب جیا دەكاتەوە. بە درێژایی مێژوو ململانێی لەسەر بووە، چەندین ڕێکەوتنی نێودەوڵەتیش هەن تا کەشتی و بارەبازرگانییەکان بە بێ هیچ گرفتێکی نیودەوڵەتی پیایدا هاتووچۆبکەن، دیارترین و دواترین ڕێکەوتنی نێودەوڵەتی لە ۳۰ نیسانی ۱۹٨۲ “یاسای نێودەوڵەتی دەریاکان”ی بۆ دەرکراوە،ئەودەوڵەتانە تیایدا بەشداربوونە کە کەوتوونەتە سەر دەریاکان. پێشتر و لەساڵی۱۹٥٨ ــ۱۹٦۰ لە ڕێکەوتنامەی ژنێفدا ئێران داوای کردبوو پاراستن و خاوەندارێتیکردنی گەرووەکەی پێ بدرێت، لەلایەن دەوڵەتانی ئەندامەوە ڕەتکرایەوە، جارێکی دیش لە ساڵی ۱۹٨۰ دووبارە هەمان داوای کردەوە و ڕەتکرایەوە، تا لە ساڵی۱۹٨۲ پاراستن و خاوەندارێتیکردنی بەنێوەندگیریی نێودەوڵەتی لەنێوان ئێران و عوماندا یەکلاکرایەوە. ئێران كۆنتڕۆڵی بەشی باكوری ئەو گەرووەی بەدەستەوەیە بەو پێیەی بەندەر عەباس دەكەوێتە ئەو بەشەی گەرووەكەوە، بەشی باشوریشی لەژێر كۆنتڕۆڵی شانشینی عوماندایە پارێزگای مەسەندەمی سوڵتاننشینەکە دەکەوێتە سەر گەرووەکە. لە گەرووەكەدا (دوورگەی هورمز)هەیە كە دەكەوێتە دەروازەكەیی و لە سەدەی شانزەدا ، یەكێك بووە لەو شانشینانەی لەژێر دەسەڵاتی خێزانێكی عەرەبی بوو لە عومان، لەساڵی 1515دا پرتوگالییەكان سەركەوتوو بوون لە داگیركردنی، لەساڵی 1632 هێزی هاوبەشی بەریتانی و فارسەكان توانیان پرتوگالییەكانی لێ وەردەربنێن، لەو كاتەوە تائێستا، گەرووەكە سەر بەئێرانە.
جگە لەوە هەر لەدەروازەی گەرووەكەدا چەندین دوورگەی تر هەن وەك دوورگەكانی قشم و لاراكی ئێران ، تونبی گەورە و بچووك و ئەبوموسا كە ساڵانێكە بووەتە شوێنی ململانێی نێوان ئێران و ئیمارات. لە ڕووی جیۆپۆلەتیکەوە گرنگییەکی تایبەتی هەیەجگە لەو شمەک و کاڵاجۆربەجۆرە بازرگانییانەی لەنێوان وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئاسیا و ئەوروپا ئاڵوگۆڕدەکرێت بەم گەروەدا دێن و دەبرێن، لە ئێستاشدا نزیكەی 40% بەرهەمی نەوتی جیهان كەبەئاودا دەگوێزرێتەوە، بەگەرووی هورمزدا تێپەڕدەبێت. سعودیە ٨٨% ، ئێراق ٩٨% ، ئیمارات ٩٩%ی نەوتەكەیان لە ڕێگەی گەرووی هورمزەوە هەناردە دەكەن، جگە لەوەش هەریەك لە ئێران و كوەیت و قەتەڕ تەواوی نەوتەكەیان لە گەرووی هورمزەوە هەناردە دەكەن پانی گەرووی هورمز ٥٠ كیلۆمەترە و قوڵیەكەشی ٦٠ مەترە.پانی هەردوو دەروازەی هاتنەناوەوەو دەڕچوونی گەرووی هورمز ۱۰٫٥كیلۆمەتر دەبن و ڕۆژانە توانای لەخۆگرتنی ٢٠تا ٣٠ كەشتی بارهەڵگری نەوتی هەیە، تێکڕا هەر ٦خولەک جارێک کەشتییەکی پیاتێدەپەڕێت.
ئەم گەرووە لە ئێستادا ئێران بە تەواوی کۆنترۆڵی کردووە بۆیە لەسەروبەندی ئاڵۆزیی و شەڕەکانی نێوان ئێران ـ ئیسرائیل ئەمریکادا وەک کارتی فشار و ئەو دەوڵەتە هەڕەشەی داخستنی دەکات و لەو ڕێگەیەوە دەیەوێت دەوڵەتان ناچار بکات فشارەکانیان بۆسەری کەم بکەنەوە. ئەگەر گەرووی هورمز دابخرێت ئابووری جیهان بە گشتی ناوچەکە بە تایبەتی زیانمەندی سەرەکی دەبن. کاریگەرییەکی گەورەی لەسەر ئابووری و ئەمنی جیهان دەبێت، بەتایبەتی لە بواری نەوت و شمەک و بازرگانیی نێودەوڵەتیدا.
ئەمە هەندێک لە زیانە گرنگەکانی داخستنی گەرووی هورمزە:
1.کاریگەری لەسەر بەرھەمی و گواستنەوەی نەوت و داخستنی ئەم گەروە دەبێتە هۆی کەمبوونەوەی بەرھەمی نەوت و بەرزبوونەوەی نرخی نەوت لە بازاڕە جیهانییەکان ئەمەش کاریگەری نەرێنی لەسەر ئابووری جیهان دەبێت.
- کێشە لە بازرگانیی نێودەوڵەتی: گەروی هورمز ڕێگایەکی گرنگە بۆ گواستنەوەی کاڵا لە نێوان وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئاسیا و ئەورووپا،داخستنی ئەم گەرووە ڕاگرتنی جوڵەبازرگانییەکان و وەستانی ئاڵوگۆرە.
۳. کاریگەری لەسەر وڵاتانی ناوچەکە: وڵاتانی وەک ئێراق، کووەیت، عەرەبستانی سعوودی، ئێران، قەتەر بەشداری گەورەیان هەیە لە دەرھێنانی نەوت، و داخستنی گەروی هورمز زیانێکی گەورە بۆ ئابوورییان دەگەیەنێت. بەجۆرێک هەندێک وڵاتیان تا نزیک خاڵی سفر وشکبوون ئابووریەکان دادەبەزێت. یا ئەم وڵاتانە دەبێت ڕێگای تر بدۆزنەوە بۆ گواستنەوەی نەوت، ئەویش خەرجی زیاتریان دەوێت.
- نائارامی سیاسی و ئەمنی: داخستنی گەروی هورمز دەبێتە هۆی نائارامی لە ناوچەکە و ڕەنگە وڵاتانی جیهان وەک ویلایەتە یەکگرتووەکان و ئەوروپا ڕاستەوخۆ بێنە ناو ئەم کێشەیەوە و دەستوەردان بکەن، ئەمە دەتوانێت ببێتە هۆی شەڕ یان ناکۆکی زیاتر لە ناوچەکە.
٥. کێشە لە بازاڕی ئابوری و بۆرسەدا داستنی گەرووەکە دەبێتە هۆی نائارامی لە بازاڕی پارە و بۆرسە جیهانییەکان، هاوکێشەی نێوان دراوەکان تێکدەچێت و وڵات بە گشتی زیانمەند دەبن.
ئەوانە لێکەوتەکانی گریمانەی داخستنی گەرووەکەن، بەڵام پێناچێت وا بەئاسانی بتوانرێت بۆ هەمیشەیی گەرووەکە دابخرێت،بەڵام دەگونجێت وەک کارتێکی فشار بۆ ماوەیەکی کورت هاتوچۆی بازرگانی تیا بووەستێت، چونکە لە سادەترین وەڵامدا ئێران خۆیشی سوودمەندی یەکەم لەگەرووەکە و ڕێگایەکی گەورەی بازرگانیی و بەتایبەتیش نەوتەکەیەتی لەوێوە ڕەوانەی جیهان بەگشتی و ژاپۆن و چین و ئیسپانیا و ئیتاڵیا و یۆنان و زۆر شوێنی دیکەی دەکات، داخستنی هەم پێشێڵکردنی پێوەرە نێودەوڵەتییەکان و هەمیش زیاندانە لە ئابوریی ناوخۆی خۆی.