ئەگەر ئەم نووسینەم بەم پرسیارەوە دەست پێ دەکرد کە ئایا مێژوونووس دەبێت بێ لایەن بێت، وای بۆ دەچوم زۆرینەمان وامان بیر دەکردەوە کە وەڵامەکەمان لایە. ئێمەیان وا فێر کردووە کە وا بیربکەینەوە کە هەر لێکۆڵینەوەیەک لە دنیای ڕۆشنبیریدا دەبێت بێ لایەنانە بێت، هیچ ئامانجێکی کرداری و هیچ خواستێک هاندەری نەبێت مەگەر خولیای کەشفی هەقیقەت، ئیتر هەقیقەت هەرچییەک بێت! ئەمە لانیکەم بۆچوونێکە کە لە نەریتێک لە زانست و توێژینەوە کە من پەیوەستم پێیەوە، بۆ من بە میرات ماوەتەوە. بەڵام، لە لایەکی دیکەوە، زۆرجار لەسەر ئەم بابەتە داڵغە دەمگرێت و لە خۆم دەپرسم ئایا ئاوەها جیاوبوونەوەیەکی تیۆری لە کردار لە بنەمادا هەر دەکرێت؟ هەر بۆیە لەم نووسینەدا دەمەوێت پرسیاری ئاماژەپێدراو تەنها لەبارەی لێکۆڵینەوە مێژووییەکانەوە شی بکەمەوە، و لەباتی ئەوەی کە بپرسم ئایا دەبێت مێژوونووس بێ لایەن بێت، دەپرسم کە ئایا لە بنەمادا مێژوونووس دەتوانێت بێ لایەن بێت، چونکە ئەمە ئەو پرسیارەیە کە دەبێت سەرەتا بپەرژێینە سەری. واتە دەمەوێت بڵێم ئەگەر کەسێک لە بنەمادا لە ئەنجامدانی کارێک ناکارامە و نەتوانا بێت، ئەم پرسیارە کە ئایا ئەو دەبێت فڵان شت بکات یان نەیکات، هەر نایەتە بەر باس و گرنگی نامێنێت.
بەڵام ناتوانین بپەرژێینە سەر ئەم پرسە مەگەر پێش ئەوە ڕوونی کەینەوە کە مەبەستمان لە بێ لایەنی و دژەکەی واتە لایەنداری-چییە. وا بیر دەکەمەوە کە باشتر وایە لە نێوان دوو جۆر لایەنداری جیاوازی دابنێین، یەکیان گرێدراوە بەو شتەی وا خوستمان لە سەرێتی و دەمانەوێت و ئەوی دیکەشیان گرێدراوە بەوەی کە وا بیر بکەینەوە کە چ شتێک ڕاست و دروستە. هەڵبەت ئەمەشم قبووڵە کە سنووری نێوان ئەم دووە بەتەواوەتی ڕوون نییە و وردەوردە تێک دەخزێن بەڵام ئەگەر هەر کامەیان بە شێوەی جودا لێک بدەینەوە، ئەوا بابەتەکە ڕوونتر دەبێتەوە. یەکێک لە ماناکانی بێ لایەنی نەبوونی بڕیاری پێشوەختەیە. مەبەستی من لە بڕیاری پێشوەختە مەیلی مرۆڤ بۆ داوەریکردن لەبارەی پرس و کێشەکان و یەکلاکردنەوەیانە بەر لەوەی بەڵگە و هۆکارەکان لێک بداتەوە. بۆ نموونە، کەسێک ڕەنگە دەست بکات بە توێژینەوەیەک لە بارەی ئەمەی کە ئایا زانکۆی ئاکسفۆرد دێرینترە یان زانکۆی کیمبریج؛ و ئەگەر وا بزانێت دێرینەبوون بە تەنهایی دەبێت بە مایەی بەرزی و شانازیی ڕێکخراوەکان، و ئەگەر ئەو خواستی بۆ ئەم بۆچوونە بێت کە زانکۆکەی خۆی شانازییەکی زیاتری بەر دەکەوێت، بەدڵنیاییەوە سەرەتا بەم بڕیارە پێشوەختەوە دەست پێ دەکات کە ئاکسفۆرد دێرینترە لە کیمبریج. بەشێوەیەکی هاوسان، ئاوەها کەسێک ڕەنگە لەبارەی هۆکارەکانی شەڕی یەکەمی جیهانی لە ١٩١٤ دەست بداتە توێژینەوەیەک بەڵام بەم بڕیارە پێشوەختەیەوە کە هەموو هەڵە و غەڵەتەکان لە لایەنی ئاڵمانەوە بووە؛ یان لەبارەی داگیرکردنی ئینگەلتەرا لە لایەن نۆرمەنەکانەوە لە ١٠٦٦ی زاینی، بەڵام بەم بڕیارە پێشوەختەوە کە هەر وا باشتر دەبوو کە فەرەنسییەکان بەسەر ئینگلیسییەکاندا زاڵ نەبن؛ یان لە بابەت شەڕی پلۆپێنزی (لە نێوان ئەسینا و ئیسپارت لە ٤٣١ بۆ ٤٠٤ی پێش زاین) بەم بڕیارە پێشوەختەوە کە ئەسینا هێمای دیموکراسی بوو، و هەر بۆیە ڕووخانی ئەسینا بۆ ژیاری مرۆڤایەتی کارەساتێک بووە.
من ئەم نموونانەم بەم مەبەستە هەڵبژارد تاکوو نیشان بدەم تۆوی بڕیاری پێشوەختە دەشێت لە چ پانتاییەکی بەربڵاوی مەعریفەی مێژووییدا بچێندرێت. بڕیاری پێشوەختە نەک تەنها بۆ ئەو پرسانەی کە بە شەخسی جێگەی حەز و خولیای مێژوونووسن پەل دەهاوێت؛ بەڵکوو هەروەها تەشەنە دەکات بۆ پرسە پێوەندیدارەکان بە بنەماڵەکەی و شارەکەی و وڵات و نەتەوە و چین و تەنانەت پیشە و ئایین و ڕەگەزی کەسی مێژوونووس؛ تەنانەت کاتێک ئەم گرێدراوێتی و هۆگرییانە بەشێوەی دەمودەست ئامادە نەبن، ئەو ڕەنگدانەوەیان لە بابەتە لێکدراوەکەی خۆیدا دەبینێتەوە، بە هەمان شێوە کە جیۆرج گرۆتێ (Geroge Grote-1794-1871) لیبرالیسمی سەدەی نۆزدەیەمی لە دیموکراسیی ئەسینادا بینییەوە، یان ڕوستوڤتسێف (M.I.Rostovtseff-1871-1952) وێنای بەلشویکی لە سەرباز و کرێکارانی قۆناغی دوایی سەردەمی ئیمپراتۆریدا بینییەوە. پێناسەی من لە بڕیاری پێشوەختە ئەمەیە کە کەسێک حەزی هەبێت وەڵامێکی دیاریکراو بە فڵان پرس و بابەت، ببێت بە وەڵامێکی دروست و بێ ئەملاولا. ئەگەر ئێوە بتانەوێت پرسێکی مێژوویی تایبەت یەکلا بکەنەوە کە وەڵامەکەی یان “ئەلف”ە یان “ب”ێ، گریمانەی من ئەمەیە کە حەز دەکەن بزانن کامیان وەڵامی دروستە؛ بەڵام زۆربەی کات سەرباری ئەمە، حەزێکی دیکەش لە ئێوەدا هەیە کە بریتییە لەەوەی خۆزگە وەڵامی دروست ئەلف بێت. ئەگەر تەنها حەزی یەکەم لە ئێوەدا بێت، ئەوا ئێوە توێژەرێکن بە بێ بڕیاری پێشوەختە؛ بەڵام ئەگەر هەر دوو حەزەکەتان هەبێت، ئەوا توێژەرێکن بە بڕیاری پێشوەختەوە؛ و ئەگەر تەنها حەزی دووهەم لە ئێوەدا هەبێت، بڕیارێکی پێشوەختەتان هەیە بە بێ ئەوەی توێژەر بن کە بەداخەوە ئەمە حاڵەتێکی باو و بەربڵاوە.
هەمووان ئەم ڕاستییە دەزانن کە بۆ کەسێک خوازیاری دۆزینەوەی هەقیقەت بێت، بڕیاری پێشوەختە شتێکی مەترسیدارە. ئەگەر توێژەر بیەوێت ئەلف ڕاست بێت، خۆزگەی ئەو بۆ ئەم بابەتە بەرەو شوێنێک پەلکێشی دەکات کە هەموو بەڵگە و هۆکارەکان لە خزمەت “ئەلف”دا پشتڕاست دەکاتەوە و بەسەر ئەو هۆکار و بەڵگانەی کە داکۆکیکاری “ب” دەبن باز دەدات. ئەگەر بڕیاری پێشوەختە بە ڕادەی خۆی خەست و خۆڵ بێت، کەسەکە ڕەنگە بەڵگە گومانهەڵنەگرەکان لە داکۆکیکردنی “ب”ێ بەتەواوەتی بەلاوە نێت و پشتگوێی بخات، لە خۆڕاش کۆمەڵێک بەڵگە لە قازانجی “ئەلف”دا ساختە بکات. کەواتە بەڕوونی دەردەکەوێت کە بڕیاری پێشوەختە شتێکی قێزەون و دزێوە و دەبێت لێی وەدوور کەوین. بەڵام ئەم بەڵگاندنە بە تیرێک دوو خاڵی پێکاوە. وتم پێش لەم پرسیارە کە ئایا مێژوونووس دەبێت بێ لایەن بێت، پێویستە بپرسین کە ئایا ئەو دەتوانێت بێ لایەن بێت. بابەتەکە ئەمە نییە کەسێک بڵێت “ئەگەر من لەباتی خودای داهێنەری مێژوونووسان بام، ئەوانم بە بێ بڕیاری پێشوەختە دروست دەکرد”! با لە بابەتە سەرەکییەکە لا نەدەین. پرسیارەکە ئەمەیە کە ئایا مێژوونووس دەتوانێت بێ بەری بێت لە بڕیاری پێشوەختە؟
ڕوون و ئاشکرایە کە مێژوونووس لەکاتی باسکردن لەبارەی کۆمەڵێک پرس کە پەیوەست دەبێت بە خۆیەوە وەکوو مرۆڤێک کە لە پانتای کرداردایە یان تەنانەت کاتێک کە نووسین ڕەنگدانەوەی حەز و بەرژەوەندییەکانێتی، مومکین نییە لە دەرەوەی بازنەی بڕیاری پێشوەختەدا بێت. کەسانێکی وەکوو گروت و ماکاولای (T.B.Macaulay. 1800-1859) و مومزێن (T.mommsen. 1817-1903) کە ژیانی سیاسی چالاکانە و ڕێبازێکی سیاسیی تایبەت بەخۆیان هەبووە، لەو مێژووانەی وا نووسیویانە ئەزموون و ئامانجەکانی خۆیان نواندووەتەوە. هەروەها ئەمەشم بینیوە کە هەندێک بەڵگە دەهێننەوە کە نابێت فیلسووفەکان مێژوو بنووسن، چونکە لە بەرژەوەندیی فەلسەفەکانی هاوشێوەی خۆیاندا دەکەونە ناو بازنەی بڕیاری پێشوەختە و هەتا دوایی. دەرهاوێشتەی هەموو ئەم وتانە زۆر سادەیە. بۆ خۆبواردن لە بڕیاری پێشوەختە دەبێت ئەم ڕێسایە بچەسپێت کە هیچ کەسێک کە بەشێوەی تاکەکەسیی هۆگریی بە بابەتێکەوە هەیە نابێت دەست بداتە نووسینی مێژووی ئەو بابەتەوە. تاقانە مێژوونووس بە بێ بڕیاری پێشوەختە ئەو کەسەیە کە بەشێوەی تاکەکەسیی هیچ بیروڕایەکی سیاسی نەبێت؛ کەسێک دەبێت مێژووی هونەر بنووسێت کە بە تەواوەتی لە زەوقی هونەری بێبەش بێت؛ هەر کەسێک کە ڕٶژێک لە ڕۆژان لە شەڕێکدا بەشداریی کردبێت شایستەیی پێویستی بۆ نووسینی مێژووی شەڕەکان و شێوازەکانی شەڕ نییە؛ تاکوو سەرەنجام بگات بەو ڕاستییەی کە بڵێت تاقانە دادوەری بێگەردی جوانیی ژنانە، پیاوێکی خەسێنراو و بێ گونە. بوارم بدەن ناوی ئەم بنەمایە بنێم “تیۆرەی مێژوونووسی خەساو”.
ئەم تیۆرەیە هەر چەندەش لە دنیای تیۆرییەکاندا سەرنجڕاکێش بێت، لە کردەوەدا کێشەی بۆ ساز دەبێت. یەکەم لەبەر ئەوەی کە ڕێک هەر ئەو مێژوونووسانەی وا خەساو نەبوون و هەستە تاکەکەسییە خەست و خۆڵەکانیان پڕوزە و چالاک بووە، نەمرترین بەرهەمەکانیان لە ئەدەبیاتی مێژوودا داهێناوە. چ شتێک گەمژانەتر لەوە هەیە کە بۆ بڕیارە پێشوەختەکانی کەسانێکی وەکوو گیبۆن (E.Gibbon.1737-1794) و گروت و ماکاولای و ڕوستوڤتسێف ئاخ و ئۆف هەڵکێشین لە کاتێکدا خوێنەر خۆی دەبینێت کە ئەوەی زەینی ئەم مێژوونووسانەی گەیاندووە بەم پلە لە تامەزرۆیی و گەرموگوڕی کە ئاوەها قووڵ و بەباروبەر لەبارەی پرسە مێژووییەکان بیر بکەنەوە، ڕێک هەمان بڕیارە پێشوەختەکان بووە؟ ڕوستوڤتسێف ڕقی لە کۆمۆنیستەکان بوو چونکە خۆی و هاوڕێکانی لە لایەن کۆمۆنیستەکانەوە بێ ماڵ و حاڵ بووبوون؛ بەڵام هەر ئەم ڕاستییەی ڕقی ئەوە کە بە خوێندنەوە و ڕاڤەیەکی نوێ لە مێژووی سەدەی سێهەمی زاینی بیر و هزری ئێمەی پاراو کردووە. پەیوەست بە بابەتەکانی دیکەشەوە هەر هەمان تاس و حەمامە. ئێستە ئەم پرسیارە دەکەم بە تیۆرەی خەساویی مێژوو چۆن دەبێت ئیش بکرێت؟ هەر بیرکردنەوەیەکی مێژوویی داهێنانەوە و بانگهێشتکردنەوەی هەندێ لە ئەزموونەکانی ڕابردووەی کەسەکان لە زەینی مێژوونووسە. بەڵام مێژوونووسێک کە بە هیچ شێوەیەک هیچ ئەزموونێکی سیاسیی یان جەنگیی نییە، چۆن دەبێت بچێتە زەینی دەوڵەتدارێکی وەکوو ڕیشیلیو یان سەردارێکی وەکوو مارلبوروقەوە (Marlborough.1722-1650) و لە ڕوانگەی ئەوانەوە قسە بکات؟ ئەگەر من عاشقی ژنێکی قژزەرد بم، ڕەنگە بحەپەسێم بەوەی کە کەسێک عاشقی ژنێکی پرچ ڕەش ببێت؛ بەڵام هەمدیسان ئەگەری تێگەیشتن لە ئەزموونەکەی بۆ من زیاترە بەنیسبەت حاڵەتێکەوە کە هەرگیز عاشقی هیچ ژنێک نەبووبێتم!
هەربۆیە دەبێت دوو ڕەخنە لە تیۆریی خەساویی بگرم. (١) ئامانجی تیۆرییەکە ئامانجێکی دوورەدەست و مەحاڵە. بڕیاری پێشوەختە داوێکی وەها پان و بەرینە کە دەربازبوون لێی نامومکینە. مێژوونووسێک کە لە لایەکەوە لێی هەڵبێت، ئەوا لە لایەکی دیکەوە پێیەوە دەبێت. بۆ نموونە ئەگەر مێژووی سیاسی دەنووسێتەوە و هیچ بڕیارێکی پێشوەختەی هەڵخێزراو لە بیروڕا سیاسییەکانی خۆی نییە، کۆمەڵێک بڕیاری پێشوەختەی دیکەی لایە کە لە حەزی ئەو بۆ سەلماندنی ڕای ئەو مێژوونووسانەی کە بە دڵی ئەون یان بە پێچەوانەوە بەدڵی ئەو نین، سەرچاوە دەگرن و ئەمەش خاڵێکی ناسک و هەستیارە. باپیرە گەورەی خۆمان، میژوونوسی ئینگلیسی؛ و.ئێستوبز (W.Stubbs.1825-1901) وتوویەتی کە هیچ کارێکی مێژوونووسی بە بێ توخمێک لە ڕق مومکین نییە. بە کورتییەکەی، بنەمای پتەو و چەسپاو ئەمەیە کە مێژوونووسی بە بێ لایەنداری بوونی نییە. (٢) ئەگەرچی ئامانجی تیۆرییەکە بە مانای وردی وشەکە ئامانجێکی مەحاڵە، و هەرچی لێی نزیک بینەوە زیاتر خەسار بەر بەهای ڕاستەقینەی لێکۆڵینەوەی مێژوویی دەکەوێت. بەڵام مێژوونووس هەر چەندە زیاتر لە بڕیاری پێشوەختە تەکێنرا بێت، شایستەیی بۆ باسوخواس لەبارەی بابەتەکەوە کەمتر دەبێت، چونکە لە ئەزموونێک کە دەبێت بۆ تێگەیشتن لە بابەتەکەی هەیبێت، بێ بەریترە.
هەڵبەت کێشەکە هێشتا هەر هەیە. واتە ناتوانین ئەمە ڕەت بکەینەوە کە کەسێک دەتوانێت بەڵگە و هۆکارەکان بە قازانجی لایەنێک زەق بکاتەوە و بە زیانی لایەنێکی دیکەش پشتگوێ بخات. کەواتە دەبێت چ بکەین؟ دەکرێت باسی دوو شت بکەین. یەکەم، لەباتی ئەوەی کە بەشێوەیەکی ڕیاکارانە و درۆزنانە دڵی خۆمان خۆش بکەین و بڵێین ئێمە هیچ بڕیارێکی پێشوەختەمان لا نییە، یان بە بێ ئەنجام هەوڵ بدەین لە هەر جۆرە بڕیارێکی پێشوەختە ڕزگار بین، دەبێت زەینی خۆمان هەڵکۆڵین و بزانین چ بڕیارانێکی پێشوەختەمان هەیە. دەتوانین دڵنیا بین کە کۆمەڵێک بڕیاری پێشوەختە هەیە؛ زۆر باشە و دەی با بیاندۆزینەوە و بە ڕێکی و پێکی و بە وردبینییەوە و ئەو بەڵگە و هۆکارانەی وا داکۆکیکاری ئەو ڕایەن کە بەنیسبەتییەوە بڕیاری پێشوەختەی نەرێنیمان هەیە، لێک دەینەوە. بەم کارەمان شوێنگەی پارێزەر بەجێ دێڵین و شوێنگە و ڕوانگەی دادوەرێک وەردەگرین. و ئەمە ئەو کارەیە کە دەبێت پێی هەستین، هەڵبەت ئەگەر بتوانین. بەڵام، دووەم، ئەگەر نەتوانین ئەمە بکەین بەهۆی ئەوەی بڕیارە پێشوەختەکان زۆر بەهێزن واتە کاتێک وا هەست دەکەین ناتوانین بە سەریاندا زاڵ بین، دەبێت ببینین کە ماهییەتیان چییە و لە بەردەم هەموواندا دانیان پێدا بنێین. دەرئەنجام، خوێندنەوەیەکی لایەندارانە لە مێژوو لەئارادا دەبێت بەڵام بە ڕاستبێژی و ڕاشکاوییەوە کە هیچ هۆیەکیش نییە کە لە ڕووی مێژووییەوە بە بەهاداری لەقەڵەم نەدەین. بەپێچەوانەوە هەمان هێز و گوڕوتینی بڕیارە پێشوەختەکان ڕەنگە تەنانەت بەهاکەشی بباتە سەرەوە. حەز بۆ ئەوەی کە فڵان وەڵامی تایبەت بۆ پرسیاری بابەتەکە دروست بشکێتەوە، بەتایبەتی ئەگەر ئەم حەزە قووڵ بێت، دەبێتە هۆی ئەوەی کە مێژوونووس بە هیوای سەلماندنی باوەڕەکەی خۆی، بابەتەکە وردتر و قووڵتر لێک بداتەوە و هەر بۆیەش بڕیاری پێشوەختە هێزی جووڵێنەری لێکۆڵینەوەی مێژوویی دەبێت.
سەرچاوە: آیا مورخ می تواند بیطرف باشد؟ ر.ج.کالینگ وود. ترجمە حزت اللە فولادوند. پایگاه مجلات تخصصی نور. خرداد ١٣٨٠. شمارەی ١٨. ص ٧ تا ١٩
ر.ج.کالینگ وود
وەرگێڕان بۆ فارسی: عیزەتوڵڵا فولادوەند
وەرگێری کوردی: موحسین عەلیڕەزایی