دکتۆر (هێرش قادری)لەتێزی دکتۆراکەیدا بەناوی «ئەقڵی سیاسی ئێرانی و ناسنامەی کوردەکان» دوو چەمکی بنەڕەتی سەبارەت بە دینامیکیەتی مێژوویی کورد پێشکەش دەکات. ئەو جیاوازی نێوان «کرۆڵ» و «کرمۆڵ» وەک دوو ڕەوتی جیاوازی مێژویی دەخاتە ڕوو. لەم چوارچێوەیەدا، پێویستە خوێندنەوەیەکی قوڵتر بۆ ئەم تێزە بکەین. لە ڕوانگەی میتۆدۆلۆژی مێژووییەوە، «کرۆڵ» ئاماژەیە بۆ دۆخێکی دینامیکی کە تیایدا نەتەوەیەک، سەرەڕای قەیران و تەنگەژەکان، توانای خۆڕێکخستنەوە و بەرەنگاربوونەوەی هەیە. ئەمە لە بەرامبەر چەمکی «کرمۆڵ» دایە کە ئاماژەیە بۆ دۆخی داڕمانی تەواو و لەدەستدانی توانای کاریگەری سیاسی و مێژووی کورد. دکتۆر قادری پێی وایە: «کە کورد لە مێژوودا، سەرەڕای ڕووبەڕووبوونەوەی چەندین قەیرانی قوڵ، هەرگیز نەگەیشتووەتە دۆخی کرمۆڵبوون».
لە سەدەی شازدەیەمدا، کاتێک کوردستان بووە گۆڕەپانی ململانێی نێوان عوسمانی و سەفەوی، میرنشینە کوردییەکان توانییان سیستەمێکی خۆبەڕێوەبەری دابمەزرێنن. ئەمە نمونەیەکی بەرچاوی «کرۆڵ»ـە، چونکە لە ناو قەیرانێکی گەورەدا، کورد توانی فۆرمێکی نوێی ڕێکخستنی سیاسی بەرهەم بهێنێت. لە سەرەتای سەدەی بیستەمدا، دوای هەڵوەشانەوەی ئیمپراتۆریەتی عوسمانی و سەفەوییەکان، کورد لەگەڵ دۆخێکی نوێی سیاسی ڕووبەڕوو بووەوە. لەم قۆناغەدا، سەرەڕای دابەشبوونی خاکی کوردستان، بزوتنەوەی نەتەوەیی کورد سەریهەڵدا. شۆڕشەکانی شێخ مەحموودی حەفید، شێخ سەعیدی پیران، سمکۆی شکاک و دامەزراندنی کۆماری مەهاباد و… نمونەی ئەو «کرۆڵ»ـەن کە دکتۆر هێرش باسی دەکات.
لە نیوەی دووەمی سەدەی بیستەمدا، سەرەڕای سەرکوتکردنی بزووتنەوە کوردییەکان لە چوار وڵاتی داگیرکەری کوردستان، کورد توانی فۆرمی نوێی خەباتی سیاسی و کولتوری بەرهەم بهێنێت. بزوتنەوەی ڕۆشنبیری و ئەدەبی کوردی گەشەی کرد و پارتە سیاسییە کوردییەکان دامەزران. لە سەرەتای سەدەی «٢٠، ٢١»، دامەزراندنی هەرێمی کوردستان لە باشور و ئەزموونی ڕۆژئاوا لە ڕۆژئاوای کوردستان، دۆخێکی تاڕادەیەکی زۆر ڕیزپەڕە و لە «کرۆڵ»ـەی کە دکتۆر هێرش باسی دەکات لە تێزەکەیدا بەدەرە و دەبێ چاوەڕێی ئەو ئەزمونە بکەین. بەتایبەت باشوری کوردستان، نمونەی هەرە نوێی ئەو «کرۆڵ»ـەن کە دکتۆر باسی دەکات. لێرەدا کورد توانیویەتی، سەرەڕای هەموو ئاستەنگەکان، فۆرمی نوێی دەسەڵاتداری و بەڕێوەبردن بەرهەم بهێنێت.
بەڵام ئەم «کرۆڵ»ـە بەردەوام لەژێر هەڕەشەدایە. قەیرانە ئابووری و سیاسییەکان، کێشەی ناوخۆیی، و فشاری دەرەکی بەردەوام هەڕەشە لە ئەزمونی کوردی دەکەن. لێرەدایە کە گرنگی تێزەکەی دکتۆر قادری دەردەکەوێت: کورد دەبێت بەردەوام لە دۆخی «کرۆڵ»دا بمێنێتەوە و خۆی لە «کرمۆڵ» بپارێزێت. تێزەکەی دکتۆر هێرش ڕوانگەیەکی نوێ بۆ تێگەیشتن لە دینامیکیەتی مێژوویی کورد پێشکەش دەکات. ئەم تێزە دەریدەخات کە چۆن نەتەوەیەک دەتوانێت، سەرەڕای قەیران و ئارێشەکان، بەردەوام لە دۆخی چالاکی و بەرهەمهێناندا بمێنێتەوە. ئەمەش وانەیەکی گرنگە بۆ داهاتوی کورد و نەتەوە بندەستەکانی دیکە.
لە چوارچێوەی فەلسەفەی مێژوو و سۆسیۆلۆژیای سیاسیدا، پێویستە سەرلەنوێ خوێندنەوەیەکی قوڵ بۆ دیاردەی «کرۆڵی کورد» بکەین. (فوکۆ)، لە تیۆری «دەسەڵات-مەعریفە»دا باس لەوە دەکات کە هەر گروپێکی کۆمەڵایەتی لە ڕێگەی بەرهەمهێنانی مەعریفە و گوتارەوە، دەسەڵاتی خۆی بەرهەم دەهێنێتەوە. کورد لەم ڕوانگەیەوە، لە مێژوودا بەردەوام خەریکی بەرهەمهێنانی گوتار و هێزی تایبەت بە خۆی بووە.
(هابرماس)، لە تیۆری «کردەوەی پەیوەندیکاری»دا باس لەوە دەکات کە کۆمەڵگاکان لە ڕێگەی گفتوگۆ و پەیوەندییەوە خۆیان بەرهەم دەهێننەوە. کورد وەک «کرۆڵ» لە مێژوودا بەردەوام لە پڕۆسەی دیالۆگ و دانوستاندا بووە لەگەڵ دەسەڵاتە جیاوازەکاندا. ئەمەش وایکردووە کە وەک هێزێکی کاریگەر لە گۆڕەپانی سیاسی و کولتوریدا دەربکەوێت. (ئیمانوێل والەرشتاین)، لە تیۆری «سیستەمی جیهانی»دا باس لە پەیوەندی نێوان «ناوەند» و «پەراوێز» دەکات. کورد، سەرەڕای ئەوەی کە لە پەراوێزی سیستەمی جیهانییدا بووە، بەڵام توانیویەتی وەک هێزێکی کاریگەر دەربکەوێت و کاریگەری لەسەر ناوەند دروست بکات.
لە ئاکامدا، چەمکی «کرۆڵی کورد» دەبێت وەک دیاردەیەکی دینامیکی سەیر بکرێت کە لە چوارچێوەی تیۆرە فەلسەفی و کۆمەڵایەتییە هاوچەرخەکاندا شیکاری بۆ دەکرێت. ئەم چەمکە پێویستی بە خوێندنەوەیەکی بەردەوام هەیە کە لەگەڵ گۆڕانکارییە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکانی سەردەمدا بگونجێت. کورد وەک «کرۆڵ» لە مێژوودا نەک تەنها بەشداربوویەکی چالاک بووە، بەڵکو بەرهەمهێنەری گوتار و هێزی خۆی بووە. بیرمەندی کورد دکتۆر هێرش قادری لە تێزی دکتۆراکەیدا پێی وایە: بەدرێژایی مێژوو کورد کرۆڵ بووە، بەڵام کرمۆڵ نەبووە و بەیەکجاری توشی داڕمان و کەوتن هاتبێ.