“پێشەکی”
ئۆکرانیا و ڕووسیا لەبەر یەککەوتنی مێژووی خۆیاندا؛ بەرهەمی کۆنفرانسێکە کە لە کۆتایی ساڵی ١٩٨١ لەشاری هامیڵتۆن لە ویلایەتی ئۆنتاریۆ بەرێوەچوو، پێوەندی سیاسی نێوان ئۆکرانییەکان و ڕووسەکان لەساڵانی حەفتاکانەوە گۆرانکاری دیمۆگرافی لەنێوان ڕووسەکان ئۆکرانیەکان لەیەکێتی سۆڤیەت ڕوویداوه، ئەم تێڕوانينەی ڕووسيا سەبارەت بە ئۆکرانیا، بە بەراورد بە دەوڵەتە دراوسێکانی تر فراوانتر و قووڵترە، چونکە ڕووسەکان وەک نيشتمانی لەدەستچوو (The Lost Homeland) تەماشای ئۆکرانیا دەکەن، ئەو نيشتمانەی کە دەبێت بگەڕێتەوە بۆ خاوەنەکەی. ڕووسەکان لە خەياڵ و تێڕوانينياندا وەک بەشێک لە نيشتمانی خۆیان سەيری ئۆکرانيا دەکەن کە لەدەستيان داوە. لە جيۆپۆلەتيکی هاوچەرخدا دەستەواژەی (Geopolitical Imagination) بۆ ئەم دۆخە بەکار دەهێنرێت ئەو نەتەوە و دەوڵەتەی کە بەشێک لە نيشتمانی خۆی لەدەست دەدات، چاوەڕێی هەوڵێک دەکات کە بەهێز بێتەوە و ئەو نيشتمانە لەدەستچووە بگەڕێنێتەوە.
زۆرێک لە ڕووسەکان پێيان وایە کە شاری کێيەڤی پايتەختی ئێستای ئۆکرانیا، یەکەم نيشتمانی نەتەوەکەیانە دەوڵەتی کێيەڤ ڕووس (Kievan Rus) کە لە کێيەڤی پايتەختی ئۆکرانيا لە (٨٦٢-١٢٤٢) دامەزرا، سەرچاوەی هەر یەک لە ڕووسيا و ئۆکرانیای ئێستایە، جگە لەوەی لە مێژووی نوێدا لە سەردەمی سۆڤيەتدا هەریەک لە ڕووسيا و ئۆکرانیا بەشێک بوون لە یەکێتیی سۆڤيەت. کەواتە هەر یەک لە ڕووسەکان و ئۆکرانيیەکان زۆر کات یەک وڵات و یەک نيشتمانيان هەبووە. ئەم یەکبوونە بەردەوام دەبێت تا ڕووخاندنی سۆڤيەت و لە ساڵی ١٩٩١ ئۆکرانیا دەبێتە دەوڵەتێکی سەربەخۆ. هەر بۆیە پوتين دەڵێت: ڕووسيا و ئۆکرانیا بران، لە بەرامبەردا سەرۆکی ئۆکرانيا وەڵامی دایەوە و وتی:- برايەتيمان وەک برایەتیی قابيل و هابيلە
“سەربەخۆبوون”
لە ساڵی 1991 ئۆکرانییەکان توانیان لە ژێر دەسەڵاتی روسەکان بێنە دەرو سەربەخۆیی بەدەستبێنن. لە ساڵی 1997 ڕوسیا بەناچاری دانی نا بە ئۆکرانیا وەک وڵاتێکی سەربەخۆ. راستە ڕووسیا دانی بەسەربەخۆیی ئۆکرانیادا نا بەڵام هەمیشە وەک بەشێک لە خاکی روسیا سەیری کردووە. ئۆکرانیا خاوەنی 24 کانتۆنە و خاوەنی دوورگەی بەناوبانگی کریمیایە کە خاڵی سەرەکی و سەرهەڵدانی ناکۆکیەکانی هەردوو وڵات بوو. دواجار لە سالی 2014 دا روسیا لە رێی هێزی سەربازییەوە دەستی بەسەردا گرت.
“مێژووی ناکۆکییەکانی ڕووسیا و ئۆکرانیا”
ناکۆکییەکانی ڕووسیا و ئۆکرانیا چەندین وێزگەی مێژویی بە خۆیەوە بینیوە. ساڵی 2008 دەنگۆی داواکردنی ئۆکرانیا بۆ بوون بە ئەندامی ناتۆ، گڕی بەردایە پەیوەندییەکانی ئەو دوو وڵاتە. روسیا لە ساڵی 2014 هێرشی کردە سەرخاکی ئۆکرانیا و بەشێک لە خاکی ئۆکرانیای داگیر کرد. روسیا پاڵپشتی سەرەکی ئەوانەی دەکرد کە بە جووداخوازە روسەکان ناسراون دژی حکومەتی ئۆکرانیا.
“وزەی یەکێتی ئەوروپا”
جەنگی ئۆکرانیا هۆکاری بەرزبوونەوەی وزە بوو لەسەر ئاستی جیهان ئەوەش کاریگەری لەسەر ئابووری جیهان بەگشتی و ئەوروپا بەتایبەتی جێهێشتووە، بەهۆی ئەوەی ڕووسیا و ئۆکرانیا هەناردەکار و رێرەوەی سەرەکی وزەی ئەوروپان بۆیە دەستپێکردنی جەنگ کاریگەری بەرچاوی لەسەر بەرزبوونەوەی نرخی نەوت و گاز لە جیهاندا هەبوو. لە دوو دەیەی ڕابردوو دا گرینگترین پرس لە نێوان ڕووسیا و یەکێتی ئەوروپا پرسی وزە بوو، ڕووسیا خاوەن گەورەترین یەدەگی گازی سرووشتییە لەسەر ئاستی جیهاندا، پێویستی بەردەوامی یەکێتی ئەوروپا بە گازی سرووشتی فاکتەری بەروپێشچوونی بەردەوام و ئالۆزی پەیوەندیەکان بووە لەگەڵ ڕووسیا، دەرکەوتنی ڕووسیا وەک هێزێکی کاریگەر لە بازاری وزەی جیهاندا، زیاتر بۆ سەردەمی سەرۆکایەتی ڤلادیمیر پۆتین دەگەرێتەوە. پۆتین وزەی وەک فاکتەرێک بۆ گەشەو و ئاسایشی ئابوری لە هەمانکاتدا وەک کارتێکی فشار بەرامبەر بە ئەوروپا بەکاری هێناوە.
لە نێوان کڕیاراندا یەکێتی ئەوروپا هاوردەکاری سەرەکی گازی ڕووسیایە، کریملین هەوڵیداوە بەردەوامی وابەستەی وڵاتانی ئەوروپا بە وزەی ڕووسیا بدات و، هەروەها پێگەی کۆمپانیای گازپرۆم لە بازاری وزەی وڵاتانی ئەوروپی بەهێز بکات، لەو چوارچێوەیە پەیوەندییە دوو لایەنەکان و دیاریکردنی نرخی وزە بەپێی جۆری رێککەوتنەکان و لە پێشینەی سیاسەتی وزەی ڕوسیادایە، ئامانج لەو ڕێکارانە پەرتەوازەکردنی سیاسەتی وڵاتانی ئەوروپا بووە بەرامبەر بە ڕەفتارەکانی ڕووسیا لە سیاسەتی دەرەکیدا، بەم شێوەیە ڕووسیا ویستویەتی لە ڕێگای رێککەوتنامە درێژخایەنەکان و ڕاکێشانی هێلی نوێ، کرینی ژێرخانی وزەی وڵاتانی وەک جۆرجیا و هەنگاریا، بەهێزکردنی کۆمپانای گازپرۆم، هەوڵەکانی ئەوروپا شکاندنی قۆرخکاری مۆسکۆ بەسەر سیاسەتی جیهانی وزە و راکێشانی هێلی جێگرەوەی وزە پوچەڵ بکاتەوە. پێش هەڵگیرساندنی جەنگ، ڕووسیا بە تێکرای ٪٤٠ پێداویستییەکانی گازی وزەی یەکێتی ئەوروپا دابین دەکرد بەو جۆرە لە ١/٣ گازی سرووشتی وڵاتانی ئەندام یەکێتی ئەوروپا لە ڕووسیا هاوردەدەکرا، کە لە بواری پیشەسازی و بەرهەمهیێنانی کارەبا و گەرمکردنی ماڵان لە زستان بەکاردەهێندرا، جگە لە گاز ١/٤ پێداویستیەکانی نەقتی ئەو وڵاتانە لە لایان ڕووسیاوە دابیندەکرا، وڵاتانی یەکێتی ئەوروپا وەک یەک پشت بە وزەی ڕوسیا نابەستن، فاکتەری جوگرافیا و سیاسی و ئابووری ڕۆلی سەرەکی لە رێژەی هاوردەکان دەگێرێت بۆ نموونە ئەڵمانیا بەهۆی نزیکی سنورەکانی و گەشەی ئابووری زۆرترین رێژەی گازی لە ڕوسیاوە هاوردە دەکرد لە کاتێکدا وڵاتانی وەک ئیسپانیا و پرتوگال بە ڕێژەیەکی کەمتر پشت بە وزەی ڕووسیا دەبەستن.
ڕۆژی 24 شوباتی 2022، رۆژی دەستپێکی هێرشی ڕووسیا بوو بۆ سەر ئۆکرانیا، کە بازاڕی وزەی جیهانی هەژاند و گۆڕانێکی مێژوویی لە ئاراستەی بازاڕی جیهانی وزەدا لێکەوتەوە، خودی هێرشەکە کاریگەریی لەسەر بازاڕی وزە نەبوو، بەڵام ترسی هەندێک لە بانک و کۆمپانیاکانی خۆرئاوا لە لێپێچینەوەی یاسایی، وایکرد مامەڵە لەگەڵ نەوت و غازی سرووشتیی ڕووسیا رابگرن، لە هەمان کاتیشدا ڕووسیا درکی بەوە کرد، کە دەبێ بەشێکی هەناردەکانی بەرەو دەوڵەتانی تر بەتایبەتی ئاسیا بگۆڕێت، گرفتەکە لەوەدابوو، کە ئەوروپا بازاڕی سەرەکی و سرووشتی نەوت و غازی روسیا بوو، بەهۆی کورتی مەودای نێوانیانەوە، بەراورد بە مەودای نێوان رووسیا و دەوڵەتانی ئاسیا، وەک چین و هیندستان و ئەوانی تر، لەبەرئەوە گۆڕینی ئاراستەی هەناردەی رووسیا بەرزبوونەوەی تێچوونی هەناردەش بەدوای خۆیدا دەهێنێت، نەوتی رووسیا ناتوانێ لە دەوڵەتانی ئاسیا کێبڕکێ بکات ئەگەر بە هەرزان تر نەیفرۆشێت. ڕووسیا ژمارەی نەوت گوێزەرەوەی کەم بوو، بەدوایشیدا کرێی بارکردن زۆر بەرزبۆوە، بۆ ئەوەی کۆمپانیاکانی ئاسیا نەوتی رووسیا بکڕن دەبێ نرخەکەی نزمتر بێت لە نرخی نەوتی دەوڵەتانی دیکە، ئەمەش داشکانی نرخی نەوتی روسیای لێکەوتەوە و نرخی بەرمیلێک نەوتی خاوی ئۆرال لە بەندەرەکانی روسیا گەیشتە نزیکەی 40 دۆلار.
نرخی غازی سرووشتیش وەک نەوت لە بازاڕی جیهانیدا بەرز بۆوە، بەتایبەتیش لە ئەوروپا، نرخی غازی سرووشتی لە بازاڕی دەستبەجێی ئەوروپا ئێجگار بەرز بۆوە، بەجۆرێک ئاستی مێژوویی تێپەڕاند و نرخی غازی شلیش بە هەمان شێوە بۆ ئاستی پێوانەیی بەرز بۆوە و شارەزایانی ئەو بوارە پێشبینییان نەدەکرد، بەڵام هێندەی نەبرد، بەهۆی زۆری خستنەڕوو و کەمبوونەوەی خواست، ئەو نرخە بەرزە داڕما بۆ داشکانی خواست لەسەر غازی سرووشتی، ئەوروپا هەنگاوێکی نا کە پێشبینی نەکراو بوو، ئەویش گەڕانەوە بوو بۆ خەڵوز، هەرچەندە بەردەوام باسیان لە پاراستنی ژینگە و بەرەنگاربوونەوەی گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوا دەکرد، هەروەها گەلانی خۆیان ناچار کرد دەست بە بەکارهێنانی وزەوە بگرن و ئامادەی قبوڵکردنی ئاستێکی نزمتری خۆشگوزەرانی بن، بێگومان بەرزبوونەوەی نرخی غاز و کارەبا و سووتەمەنی رۆڵێکی گەورە و بەرچاوی لە داشکاندنی خواست لەسەر غازی سرووشتی گێڕا، گەورەترین بەرئەنجامی جەنگ لە بواری غازی سرووشتییدا، پشتکردنە غازی رووسیا و رووکردنە غازی شلی ئەمریکا بوو، ئەگەر بمانەوێ گرنگترین رووداو کە ئەو جەنگە لە بازاڕەکانی وزە خستییەوە دیاری بکەین، ئەو گۆڕانکارییەی لە شۆڕشی نەوت و غازی بەردینی ئەمریکا بەدیهات، هەناردەی غازی رووسیا بۆ ئەوروپا بۆ کەمتر لە پێنج یەک داشکا، لەولاشەوە ئەوروپا بە نزیکەی %5 هاوردەی غازی لە ئەمریکا بۆ %42 بەرز کردەوە، هەروەها پشت بەستنی ئەوروپا بە غازی نەرویجیش زیادیکرد. لە کۆتاییدا؛ لە گرنگترین ئاسەوارەکانی جەنگ لە بازاڕی وزەدا، زۆربەی دەوڵەتان بەتایبەتیش ئەوروپاییەکان، باربۆی داراییان پێشکەش بە گەلانیان کرد تا قورسایی بەرزبوونەوەی نرخی وزەیان لەسەر سووک بکەن، ئەو دەوڵەتانە سەدان ملیار دۆلاریان بۆ نەوت وەک بار بۆ پێشکەش کرد، ئەمەش لە کاتێکدایە، بەردەوام دژی نەوت و باربۆکردنی کردنی بوون.
“قەیران و نادڵنیای ئاسایشی خۆراک”
ڕووسیا و ئۆراسیا بە دوو دەوڵەتی کشتوکاڵی دەناسرێن، لەبەر ئەوە جەنگی ئۆکراین بە هۆکاری دروستبوونی ناسەقامگیری ئابووری و بەرزبوونەوەی نرخی بەرهەمە کشتوکاڵییەکان دادەنرێت لە سەر ئاستی جیهان و وڵاتانی ئەندام لە یەکێتی ئەوروپا. ئەگەر چی هەردوو وڵات ڕۆلێکی گەورە ناگێرن لە ئابووری جیهاندا، بەلام بە هەناردەکەری سەرەکی بەرهەمە کشتوکاڵییەکانی وەک گەنمەشامی و گەنم، بەرهەمەکانی گوڵەبەرۆژە، پەین، دادەنرێن و جەنگ کاریگەری لەسەر بەرزبوونەوەی نرخی ئەم بەرهەمە کشتوکاڵیانە هەبووە. ڕووسیا و ئۆکرانیا بە بەشداری سەرەکیان لە بازاری جیهانی گەنم ناسراون، ڕووسیا تێکرای ١٨٪ هەناردەی گەنمی جیهان و ئۆکرانیا لە ٧٪ پێکدەهێنن، واتا بە هەردوو وڵات لە ٢٥٪ پێداویستیەکانی بازاری جیهان پڕدەکەنەوە. جگە لەوە ئۆکرانیا بە گەورەترین هەناردەکاری زەیتی تۆو( seed oils) دادەنرێت و ٢/٥ جیهان پێکدەهێنێت. لە پاڵ ئەوەشدا رێزبەندی سێزدەمینی گرتووە لە هەناردەکردنی گەنمەشامیدا، دوای لەشکرکێشی ڕووسیاش بە هۆی ئالۆزی و سنوردارییە بازرگانیەکان لە دەریای رەش بەرهەمە کشتوکاڵیەکان بەرزبوونەوەیەکی بەرچاویان بە خۆیانەوە بینی.
سزا ئابوورییەکانی یەکێتی ئەوروپا توانای رووسیای بۆ هەناردەکردن سنوردار کرد، کە کاریگەری لەسەر دابینکردنی پێداویستیە کشتوکاڵییەکان لەسەر ئاستی جیهان بەدەرکەوت، ئەوەش لەکاتێکدایە ڕووسیا رێژەیەکی بەرچاو لە هەناردەکردنی پەینی کشتوکاڵی لە جیهاندا پێکدەهێنێت، هەر یەک لە رووسیا و بیلارووسیا ٣/١ پۆتاش(potash)پێکدەهێنن، لەگەل ئەوەشدا رووسیا ١٤٪ پەینی نایترۆجینی جیهان بەرهەمدەهێنێت، کە بەکاردەهێندرێن بۆ کشتوکاڵکردن، تووندکردنی بەربەستەکان بۆ دەستراگەیشتن بەو پێکهاتانە دەتوانن قەیرانی خۆراک بەدوای خۆیدا بەهێنن. دوای لەشکرکێشی ڕووسیا نرخەکان بەرزبوونەویان بەخۆیانەوە بینی و ئاسایشی جیهانی خۆراک کەوتە مەترسییەوە بەتایبەت لەسەر ئەو دەوڵەتانەی بۆ هاوردەکانیان پشتیان بە رووسیا و ئۆکرانیا دەبەست. بەزبوونەی نرخی بەرهەمە خۆراکییەکان مەترسی لەسەر تێکچونی ئاسایشی خۆراک زیاتر کرد، رێکخراوی نەتەوە یەکگرتوەکان و بەشێک لە وڵاتان هەوڵەکانیان خستە گەر بۆ رێککەوتنی لایەنە ناکۆکەکان لە دروستکردنی رێرەوەی هاتووچۆی سەلامەت بۆ کەشتیە بارزگانییەکان، دواتر رێککەوتنی دەستپێشخەری دانەوێلەی دەریای رەش و رێرەوەی هاوپشتی یەکێتی ئەوروپا بۆ هەناردەکردنی بەرهەمە کشتوکاڵییەکان هۆکارێک بوون بۆ کارئاسانی هەناردەکان و دابەزینی نرخەکان.
بێگومان بەرزبوونەی نری خۆراک کاریگەری لەسەر وڵاتانی یەکێتی ئەوروپا هەبووە، بۆ گەشەپێدان بە کەرتی کشتوکاڵی و بەرەنگاربوونەوەی دۆخی ناسەقامگیری ئاسایشی خۆراک یەکێتی ئەوروپا کۆمەلێک ڕێکاری گرتە بەر لەوانە بەرزکردنەوەی بەرهەمی کشتوکاڵی لە ناو خودی یەکێتییەکە، هەڵگرتنی سنورداری لە هەناردەکردنەکان بۆ پاراستنی ئاسایشی جیهانی خۆراک، پاڵپشتی لە وڵاتانی هاوبەش بۆ بەهێزکردنی کەرتی کشتوکاڵی، هەروەها پەرەپێدان بە تۆیژینەوە و داهێنانی کشتوکاڵی، هەر لەو چوارچێوەیەدا یەکێتی ئەوروپا دەستپێشخەر بوو لە دروستکردنی دامەزراوی خۆراک و بەرگەگرتن(food and resilience facility) بۆ یارمەتیدانی دراوسێ هاوبەشەکانی باشور کە پشتیان بە هاوردەکردنی خۆراک بەستووە و جەنگی ئۆکراین کاریگەری لەسەر هاوردەکردنیان دروستکردووە. لەسەرەتا بۆ ئەو پرۆژەیە ٢٢٥ ملیۆن یۆرۆ تەرخانکرا، جگە لەوە یەکێتی لە رێگای سندوقی نەختینەی نێودەوڵەتی بۆ کەمکردنەوەی هەژاری و گەشەپێدان ١٠٠ ملیۆن یۆرۆی تەرخانکرد، کە ئامانجێی یارمەتیدانی ئەو دەوڵەتانە بوو کە بە هۆی جەنگ دەستراگەیشتنیان بە خۆراک و پەین سنوردا ببوو و نرخی خۆراک تیادا بەرزبووەتەوە.
“کاریگەری شەری ئۆکراین لەسەر ئاسایشی یەکێتی ئەوروپا”
شەری ئۆکراین و ململانێی جیۆپۆلیتیکی رووسیا و یەکێتی ئەوروپا کاریگەری بەرچاوی لەسەر بە ئاسایشیکردنی کیشوەری ئەوروپا هەبوو. لە ئەنجامی دۆخی ئۆکراین و نیگەرانییەکان، بە تایبەت لە وڵاتانی رۆژهەڵاتی ئەوروپا وەک پۆلندا، لاتیڤیا، لیتوانیا و ئیستۆنیا، بۆ رێگریەکان لەئەگەری دەستدرێژی ڕووسیا هەندێک رێوشوێنی گشتگیر بۆ دڵنیایی و پاراستنی ئاسایشی ئەوروپا گیراوەتە بەر، لەوانە ئامادەیی بەهێزتری ناتۆ بەتایبەت هێزە سەربازییەکانی ئەمەریکا لە سنووری رۆژئاوایی هاوپەیمانیەتیەکە. شەری ئۆکراین و پێویستیەکانی دابینکردنی ئاسایشی کیشوەری ئەوروپای بە دەستوەردانی ئەمەریکای سەلماند. وەک ڕوونە وڵاتانی ئەندام لە یەکێتی ئەوروپا بۆ پێشکەشکردنی یارمەتیە سەربازییەکانیان لە پشتەوەی ناتۆ و ئەمەریکا وەستاون، لە کاتێکدا بروکسل کارا بووە لە رێکخستنی هەماهەنگی و کاردانەوکان، بەلام شکستی هێناوە لە پەرەپێدان بە توانای سەربازی سەربەخۆ بۆ رووبەرووبونەوی مەترسییە ئەگەرییەکان.
بۆ چارەسەرکردنی کەلێنەکان و بەهێزکردنی توانای بەرگری، لە کۆبوونەوەی ئازاری ٢٠٢٢ لە ڤێرسای سەرکردەکان لە ئەنجومەنی ئەوروپا جەختیان لە هەوڵەکانیان کردەوە بۆ سەربەخۆی سەربازی بەرزکردنەوەی توانای ئاسایش بەرگری ئەوروپا. ئەوان پێداگریان کرد لەسەر پێویستی هاوکاری تووندی یەکێتی ئەوروپا و ناتۆ بۆ ئاسایشی ئەوروپا. لەپاڵ ئەوە پرسی بەرەوەپێشبردنی توانای بەرگری یەکێتیەیە بەشێک بووە لە گفتوگۆکان. بەلام دانیان بەوەدانا کە ناتۆ وەک بەردی بناغەی بەرگری بە کۆمەڵ ماوەتەوە بۆ ئەندامەکانی. لە درێژەی پێداچونەوەکاندا لە ٢١ ئازاری٢٠٢٢ ئاراستەی ستراتیژیەتی ئاسایش و بەرگری بۆ یەکێتی ئەوروپا تا ساڵی ٢٠٣٠ پەسەند کرد، لەوێدا جەنگی ئۆکراین وەکو هەرەشەیەکی راستەوخۆ درێژمەودا بۆ سەر ئاسایشی ئەوروپا لە قەڵەمدرا، جەنگ وەک ئالانگاریەک ناو برا، کە پێویست دەکات لەرێگای بەهێزکردنی توانای بەرگرییەوە رووبەرووی ببنەوە، بۆ ئەو مەبەستە بڕیار لەسەر چەند رێکارێکی ئاسایشی درا، لەوانە فروانکردنی تواناکان بۆ شیکاری هەواڵگری،دروستکردنی تیم و سندوقی ئامرازەکان بۆ دەستنیشانکردن و بەرپەچدانەوەی هەڕەشەی سەرچاوە تێکەڵەکان، پەرەپێدانی زیاتر بە سیاسەتی بەرگری ئەلیکترۆنی، دارشتنی ستراتیژیی بۆشایی ئاسمانی بۆ ئاسایش و بەرگری، هەروەها بەرزکردنەوەی تواناکان بۆ مامەلەکردن وەک ئەکتەرێکی ئاسایشی دەریایی. لە لایەکی ترەوە وڵاتانی ئەندام بە مەبەستی گەیشتن بە ئامانجی هاوبەشیان کە بریتییە لە پڕکردنەوەی بۆشاییە بەرجەستەکانی توانای سەربازی و بەهێزکردنی پیشەسازی بەرگری ئەوروپا، لەسەر زیادکردنی خەرجییە بەرگرییەکان بەشێوەیەکی بەرچاو رێککەوتن. جەنگی ئۆکراین هۆکارێک بوو بۆ هەماهەنگی یەکگرتوویی ئاسایش و بەرگری وڵاتانی ئەندام لە یەکێتی ئەوروپا. لەدوای لەشکرکێشی ڕوسیا وڵاتانی یەکێتییەکە هەنگاویانناوە بۆ بەرەو پێشبردنی پیشەسازی سەربازی و بەهێزکردنی توانای بەرگریان.ئەوەش بەزیادکردنی بووجەی زیاتر بۆ توانای بەرگریان.
لەم چەند دەیەی دواییدا، یەکێتی ئەوروپا دەبوایە تێبکۆشێتەوە بۆ ئەوەی ببێت بە دووەم هێزی جیهان لە دوای ئەمریکا، بەڵام پێویستی بە یەکگرتنێکی سیاسی پتەوتر بوو لەگەڵ سیاسەتێکی دەرەکی هاوبەش و توانای بەرگری یەکگرتوو. یەکێتی زلهێزێکی سەربەخۆی سەرەکی نییە لەسەر قۆناغی جیهانی هەرچەندە بەریتانیا و فەرەنساو ئەڵمانیا لەرابردووەوە پێگەیەکی جیهانیان بۆ ماوەتەوە و بەریتانیاش بەترسەوە ماوەتەوە سەبارەت بەیەکێتی ئەوروپا و فەرەنسا بە دوودڵی و متمانە بەخۆبوون لە ئاراستە جیهانییەکانیدا دەمێنێتەوە، ئەڵمانیا بزووێنەری ئابووری ئەوروپایە، وەک قەبارەیەک ماوەتەوە بۆ ئەنجامدانی هەر بەرپرسیارێتییەکی سەربازی لە دەرەوەی وڵاتەکەی. لەگەڵ جەنگی ڕوسیاو ئۆکرایندا یەکێتی ئەوروپا ڕووبەڕووی گۆڕاوەکان دەبێتەوە و ئەوروپییەکان لە ئەنجامی ئەو دەرئەنجامە ئابوورییانەی پشتیوانیان بۆ ئۆکرانیا و بەرزترین تێچووی وزەی جیهانی لەچاو ئەمریکییەکاندا دەناڵێنن لە کاتێکدا هەڵئاوسان لە ئەمریکا لە مانگی نۆڤەمبەری 2022دا لە 7.7٪ وەستا، لە بەریتانیا گەیشتە 11.1٪ و لە ئەڵمانیا 11.6٪ و لە هۆڵەنداش لە هەمان مانگدا 14.3٪ لە بەرامبەر قەیرانی وزەشدا هەنگاوی جدی بۆ کەمکردنەوەی وابەستەیی بە ڕووسیاوە بۆ دابینکردنی غازی سرووشتی لە ئەوروپا و بە تایبەتی لە ئەڵمانیا نراوە هەرچۆنێک بێت هێشتا دەوڵەتانی بالتیک و هەندێک لە وڵاتانی ئەوروپای ناوەندی پشت بە ڕووسیاوە دەبەستن بۆ غازی سرووشتی کە بە شێوەیەکی سرووشتی نایانەوێت شەڕەکە درێژتر بکەن و هەروەها نیگەرانن لە ئەگەری بەکارهێنانی چەکی ناوەکیتەنیا پۆڵەندا کە دراوسێی ئۆکرانیایە دەیهەوێت شەڕ بەردەوام بێت و بەسەر ڕووسیادا زاڵ بێت و ڕۆڵێکی سەرەکی دەبینێت لە گەیاندنی چەک و تەقەمەنی بۆ ئۆکرانیا و هەمان شت بەسەر کۆماری چیکدا دەسەپێنرێت کە نزیکە لەو ستراتیژە پۆڵەندا و کۆماری چیک ئەو وڵاتانەن کە زۆربەی پەنابەران لە ئۆکرانیاوە وەردەگرن و بەشێکی زۆر لە ناخۆییەکانیان لە شەڕی ئۆکرانیا خەرج دەکرێت لەگەڵ ئەوەشدا تەواوی هاوپەیمانی ڕۆژئاوا بە دوو وڵاتی ناوبراوەوە وەڵامیان لەبارەی ماوەی ئەم جەنگە نەدۆزییەوە.
“قەیران و ئاڵنگارییەکانی پەنابەرانی ئۆکراین و دیاردەی رەگەز پەرستی”
ململانێی جیۆپۆلیتیکی نێوان ڕووسیا و یەکێتی ئەوروپا پەیوەندییەکی راستەوخۆی بە هەڵگیرساندنی جەنگی ئۆکراین، قوربانی گیانی، داڕمانی ژێرخانی ئابووری و خزمەتگوزارییە سەرەکییەکان لە ئۆکراین هەیە، کە بوونەتە هۆی بە پەنابەربوونی نزیکەی هەشت ملیۆن ئۆکرانی لە وڵاتانی ئەوروپی. دوابەدوای دەستپێکردنی جەنگی ئۆکراین لێشاوی کۆچی هاووڵاتیانی مەدەنی ئەو وڵاتە بۆ وڵاتانی درواسێ دەستیپێکرد، ئەوەش وەک قەیرانێکی مرۆیی گەورە لە ئەوروپا لە دوای جەنگی دووەمی جیهانی لە قەڵەمدرا. بەو هۆیەوە دەکرێت کاریگەری پەنابەرانی ئۆکرانی بۆ وڵاتانی ئەوروپا ئەو دوو لایەنە بێت، ئەگەر پەنابەران بتوانن هێزی کاری نوێ بن بۆ گەشەی ئابووری و لە ڕێگای توانایی و پسپۆرییان کاریگەربن لە زیادکردنی ئاستی بەرهەمهێنان، لەهەمانکاتدا بەهۆی خەرجییەکان بۆ دابینکردنی پێداویستیەکانیان تێکەڵکردنیان بە کۆمەڵگای ڕەسەن و فێربوونی زمان دەکرێت بارگرانی ئابووری بۆ دەوڵەتی خانەخۆی دروست بکات، سەرەرای ئەوەش دەکرێت جیاوازیە کەلتورییەکان یان جیاکاری رەگەزی لە نێوان پەنابەرانی سەر بە ڕەگەز، ئاین، نەتەوە و ئیتینکی جیاواز کاریگەری نەرێنی لەسەر ئاسایشی کۆمەڵایەتی هەبێت.
یەکێتی ئەوروپا لەسەر شەش پرەنسیپی سەرەکی دامەزراوە، دەوڵەتانی ئەندام پابەندکراون بە رێزگرتن و پابەند بوون بەو بنەمایانەی کە شێوەیان بەو فۆرمە سیاسییە سەروو دەوڵەتییە بەخشیوە، ئەوانیش کەرامەتی مرۆیی، ئازادی، دیموکراسی، یەکسانی، ڕۆڵی یاسا و مافی مرۆڤن، جەنگی ئۆکراین و لێشاوی پەنابەران بۆ ولاتانی ئەندام لە یەکێتی ئەوروپا، هەروەها کاردانەوەکان لە ئاستی کۆمەلگا و دامەزراوە میدیاییەکان بەهۆی جیاکاری ڕەگەزی و ئەو ئاماژە مەترسیدارانەی کە لە پێشوازی و یارمەتی ئۆکرانییەکان بەدەرکەوتن، بەهاکانی یەکێتیەکەی خستۆتە ژێر پرسیارەوە؟ پرسی جیاکاری ڕەگەزی تەنها پەیوەست نییە بەو رێکارە نامرۆییانەی کە بەرامبەر پەنابەرانی ئاسیایی و رۆژهەڵاتی ناوەراست دەگیرێتە بەر، بەڵکو پەنابەرانی خودی وڵاتانی ئەوروپی لە دەرەوەی یەکێتی ئەوروپا کە دانیشتوانی بە ڕەچەڵەک سلاڤن یان وڵاتەکەیان بە دۆستی رووسیا لە قەڵەم دەدرێن وەک بێلاروس بۆسنیەکان، ڕووبەرووی هەمان دۆخ بوونەتەوە، ئەوەش کاریگەری ناکۆکی و ململانێی جیۆپۆلیتیکی روسیا و وڵاتانی ڕۆژئاوایی لەسەر پرسە مرۆییەکان دەخاتە روو. کاردانەوەی یەکێتی ئەوروپا بە بەراورد بە قەیرانی پەنابەرانی دوای شۆرشی بەهاری عەرەبی تا رادەیەکی زۆر خێرا و بەرچاو بوو کە ئەو کات کۆمەڵێک بەربەستیان بۆ پەنابەرانی بەهاری عەرەبی هەبوو، بە پێچەوانەی پەنابەرانی جەنگی ئۆکراین کە خزمەتگوزارییەکانی پەروەردە و تەندروستی و نیشتە جێبونیان پێشکەشکرا، ئەوەش لە کاتێک دایە پەنابەرانی ئاسیایی و ئەفریقی رووبەرووی سوکایەتی و توندوتیژی و ناردنەوەت زۆرەملێی دەبوونەوە.
راپۆرتەکان نیشانی دەدەن کە پاسەوانانی سنوور جیاکاریان کردووە لە نێوان ئۆکرانییە رەسەنەکان و عەرەب، ئەفریقی، هیندییەکان لە تێپەر بوون بۆ نێو خاکی وڵاتانی ئەوروپی، پاسەوانان کەسانی بیانی نێو پەنانەرە ئۆکرانییەکانیان لە هێلەکانی پشتەوە داناون، هەروەها رێگریان کردووە لە سەرکەوتن بۆ نێو پاسەکانی گواستنەوە، زانیاریەکان باس لەوە دەکەن دەربازبوونی یەک کەسی رەنگاو رەنگ بەرامبەر بەرێکردنی سەد ئۆکرانی بووە، لەگەل ئەوەشدا پێچەوانەی سپی پێستەکان ئۆکرانییەکان دۆزینەوەی خانووی کاتی و گەیشتنی یارمەتی وڵاتی میواندار بۆ کەسانی رەنگا و رەنگ قورستربووە، لە بەشێک لەو وڵاتانەی کە پەنابەریان لە خۆیان گەتووە، هێزە ڕەگەزپەرستەکان قورساییەکی تەواویان لە دەسەڵاتدا هەیە.هەموو ئەمانەش نیشانەی ئەوەن پرسی پەنابەرن بە رەنگ و کەلتور و ڕەگەزوە پەیوەستە لای وڵاتانی ئەوروپا، دیاردەی ڕەگەز پەرستی تا ڕادەیەکی زۆر لەوڵاتانی بە ناو دیموکراسی ئەوروپا هێشتا بوونی ماوە.
“دەرئەنجام”
گرژی و ئالۆزی لە پەیوەندی نێوان ڕووسیا و رۆژئاوای ئەوروپا بەر لە سەربەخۆ بوونی ئۆکراین و جیابوونەوەی لە رووسیا بوونی هەبووە بۆیە ناتوانین هەموو گرژییەکان بۆ ئەوە بگەرێنینەوە، بەلام ئەو شەرە تا رادەیکی زۆر کاریگەری لەسەر پەیوەندییەکان دروستکردووە، مەرامەکانی رووسیا رەنگە هەرگیز بە دلی وڵاتانی رۆژئاوا نەبوو بێت بە تایبەت دوای هەڵوەشاندنەوەی یەکێتی سوڤیەت و هاتنە سەرتەختی فلادمیر پۆتین، بۆیە کۆمەلێک هۆکاری جۆراو جۆر هەن کە بوونەتە هۆی گرژی و ئالۆزی لە نێوان ڕووسیا و وڵاتانی رۆژئاوا یەکێک لەو هۆکارانەش پرسی ئۆکراینایە دەتوانین لە کۆتای دا بگەین بەو دەرئەنجامانەی خوارەوە:-
- پرسی وزە نابێت لە بیری بکەن، وزە بۆ ڕووسیا وەک بڕبڕەی پشتی ڕووسیا وایە بۆ ئابورییەکەی بۆیە وزە هەمیشە بۆ رووسیا گرینگ بووە و هەرگیز سازشی لەسەر ئەو پرسە نەکردووە بەرام بەر جیهان و بە تایبەت ئەوروپا، ئەوروپا رێژەیەکی یەکجار زۆر لە گاز و نەوتی ڕووسی هاوردەدەکات بۆیە هەرگیز ئەوروپا لە ئالۆزبوونی پەیوەندیەکانی لەگەل رووسیا ناتوانێت بیگەێنێتە لوتکە چونکە هەردەم پێویستی بە گازی رووسیا هەیە، تا ئێستاش نەیتوانیوە جێگرەوەی ئەو گازە بدۆزێتەوە کە بەشێکی زۆری ئەو گازەش بە ناو خاکی ئۆکراین دا بۆ وڵاتانی ئەوروپا دەڕوات، روسیاش بە هەمان شێواز نایەوێت بازاری وزەی ئەوروپا لە دەست خۆی بدات بۆیە وزە رۆلێکی گرینگی هەیە لە پەیوەندی نێوانیاندا.
- ئاسایشی وڵاتانی ئەوروپا، رووسیا هەردەم لە توانای داهەیە لە سنوورەکانی لەگەل وڵاتانی ڕۆژئاوا ئاڵۆزی دروست بکات، بەلام وڵاتانی ئەوروپا هەرگیز حەز بەوە ناکەن بۆیە ولاتانی رۆژئاوا ئەبێت هەندێک کات سازش بنوێنن بەرامبەر بە رووسیا، بۆیە جەنگی ئۆکراین بە دڵی هەموو وڵاتانی ئەوروپا نییە بە هۆی ئەوەی بۆتە هەرەشە بو سەر ئاسایشی وڵاتەکانیان،
- پرسی هەڵاوسان و بەرهەمەکان، لەسەرەتای شەری ئۆکراین-ڕووسیا بەرزبوومەوەی نرخەکانی سوتەمەنی بۆ هەموو وڵاتانی جیهان جێگای باس و مشتوومربوو، بەڵام دوای ئەو پرسی بەرهەمە خۆراکییەکانیشی هاتە سەر بە تایبەت گەنم و گەنمەشامی لە بازاری جیهان تووشی هەڵئاوسانێکی زۆر بوو، بۆیە هەرگیز وڵاتانی ڕۆژئاوا نایانەوێت تووشی حالەتێکی وای هەڵئاوسانی خۆراک ببنەوە وەک چۆن ناشیانەوێت تووشی بەرزبوونەوەی نرخی وزە ببنەوە.
- شەری ئۆکراین بۆ روسیا بووەتە هۆکارێک بۆ زیادبوونی خەرجیەکی یەکجار زۆر کە رێژەیەکی یەکجار زۆر لە خودی خەڵکی رووسیا نایانەوێت ئەم جەنگە بەردەوام بێت، بە تایبەت بە هۆی ئەو سزایانەی لە لایان وڵاتانی رۆژئاوای و ئەمەریکا ئەخرێتە سەریان، لە هەمان کاتدا هاووڵاتیانی وڵاتانی ڕۆژئاواش ڕێژەیەکی زۆر لەگەڵ ئەوە نین وڵاتەکانیان بخرێنە نێو ئەو شەڕە و هاواکاری ڕەوانی ئۆکراین بکەن.
- پرسی کۆچکردن یەکێکی ترە لە ترسەکانی وڵاتانی ڕۆژئاوا بۆ ناو وڵاتەکانیان، ڕووسیا کە توانای ئەوەی هەیە لە رۆژهەڵاتی ئەوروپا سنوورەکان بە تایبەت لە بێلا روس بە ئاسانی بە رووی کۆچبەران دابکاتەوە دا داخیلی ناو وڵاتانی ئەوروپا بن کە وڵاتانی ئەوروپی هەرگیز حەز بەوە ناکەن، بۆیە جەنگی ئۆکراین کاریگەری لەسەر پرسی کۆچبەران بۆ ناو وڵاتانی ئەوروپا دا هەیە.
- لە کۆتایدا دەتوانین بڵێین؛ ئەو جەنگە تا ئێستا نە لە بەرژەوەندی ڕووسیا دایە کە بەهۆیەوە تووشی کۆمەلێک خەرجی زۆر بووە و، هاووڵاتییەکانیان بێزار بوونە نە لە بەرژەوەندی خودی ئۆکراین دایە، کە ئەویش بەو هۆیەوە تووشی وێرانکاریەکی زۆر بووە جگە لەو خەرجیە زۆرەی سەری کە تارادەیەکی بەرچاویش وڵاتانی رۆژئاوا خەرجییە سەربازی و مرۆیەکانیان کەمکردۆتەوە بۆ ئەو ولاتە .