+ بۆچی ناوی خۆت بۆ پابلۆ نیرۆادا گۆڕی؟
– نیرۆدا:- لەڕاستیدا لە یادم نییە، ئەو وەخت سیانزە چواردە ساڵانێک دەبووم. بیرمە کاتێک ئارەزووەکانی خۆم بۆ نووسین دەردەبڕی، باوکم ڕووی خۆی خیس دەکرد. پێی وابوو نووسین خۆم و خێزانەکەشم لەناودەبات، ئەمانە تووڕەییان نەدەکردم. بەرگریکردن، یەکێک بوو لە هۆکارەکانی گۆڕینی ناوم.
+ ناوی نیرۆدات لە شاعیری چیکی “جان نیرۆدا” وەرگرتووە؟
– نیرۆدا:- خوێنەری شیعرەکانی نەبووم، بەڵام کتێبێکی بەناوی “چیرۆکەکانی مالا سترانا” کە باس لەو خەڵکە ساددەی بەهەمان ناوەوە لە پراگ دەژین، خوێندووەتەوە. دەشێت ناوەکەم لەوێوە هاتبێت. چیکییەکان بەیەکێ لە خۆیانم دادەنێن، بەشێوەیەکی جوان زیاد لەجارێک بەرکەوتەم هەبووە لەگەڵیاندا.
+ کاتێک قەسیدەکانت دەخوێنیتەوە خەڵکی چۆن پێشوازی لێ دەکەن؟
– نیرۆدا:- زۆریان خۆشدەوێم، هەندێکجار لە هەندێک شوێن ناتوانم وەدەربکەوم یان وەژووربکەوم. بەهۆی گەمارۆدانی ڕۆژنامەنووسەکانەوە پاسەوانم هەیە، لەهەموو شوێنێک ئەمە ڕوودەدات.
+ ئەگەر سەرۆکایەتی چیلی و خەڵاتی نۆبڵت لەبەردەم بنێین. کامیان هەڵدەبژێری؟
– نیرۆدا:- ناکرێت پرسیاری بژاردەکردنی دوو شتی جیاواز بکەی.
+ئەی ئەگەر لەسەر مێزەکە هەردووکی دابنێین چی؟
– نیرۆدا:- لەم بارەدا، هەڵدەستم و دەڕۆم.
+ پەیوەندییەکی خۆشەویستی بەناوبانگ لەگەڵ جۆزێ بلیس، کە هەمیشە لە قەسیدەکانتدا یادی دەکەیت هەیە؟
– نیرۆدا:- بەڵێ، لەناو شیعرەکانمدا جێپەنجەیەکی قووڵی جێهشت. تەنانەت لە نوێترین کتێبیشمدا یادم کردووە.
+ کەوایە شیعرەکانت لە ژیانتەوە نزیکن؟
– نیرۆدا:- ئەمە شتێکی سرووشتییە، دەبێت ژیانی شاعیر لە قەسیدەکانیدا ڕەنگ بداتەوە، ئەمە یاسای هونەر و ژیانە.
+ ئەگەر یەکێک لەکارەکانت لە سووتان ڕزگار بکەیت. کام کارەت دەبێت؟
– نیرۆدا:- هیچیان. چ پێویستییم پێیانە؟ پێم باشترە کیژێک یان کۆمەڵە چیرۆکێکی باشی پۆلیسی ڕزگاربکەم، چوون بەلامەوە ئەوانە زیاتر لە کارەکانی خۆم گرنگترن.
+ شیعرەکانت زۆرترین وەرگێڕانیان بۆکراوە.، بەنزیکەیی سی زمان. چ زمانێک باشترین وەرگێڕانی بۆ شیعرەکانت کردووە؟
– نیرۆدا:- لەوانەیە بەهۆی لێکچوونی هەردوو زمانەکەوە، زمانی ئیتاڵی بێت. جگە لە زمانی ئیتاڵی زمانی ئینگلیزی و فەڕەنسیش دەزانم، بەڵام ئەم جووت زمانە نە لە گۆکردن نە لە شوێنی وشەکان تەنانەت لە کێشی وشەکان و ڕەنگەکانیش بە ئیسپانییەوە موتوربە نابن. شتەکە پەیوەندی بەتوانای وەرگێڕەوە نییە. لۆژیک جەخت لە توانای وەرگێڕان لە گەیاندنی شیعردا دەکاتەوە. لەڕاستیدا گواستنەوەی دەکرێت شیعر لەناوببات. لەزۆرێک وەرگێڕانە فەڕەنسییەکان، ناڵێم هەمووی بەڵام لەبەشێکی زۆری شیعرەکان سیمای خۆیان لەدەست داوە. ئەگەر بە فەڕەنسی هەمان شیعرم بنووسیبایە، لە وشەکاندا نەدەچوونەوە سەر یەک.
+ دەتوانی ڕای خۆت لەسەر ئەمریکای لاتین بدەیت؟
– نیرۆدا:- هەریەک لەو گۆڤارانەی لە هندۆراس، نیویۆرک، مۆنتیڤیدیۆ و گوایاکیڵ دەردەچن، ئەوە ئاشکرا دەکەن کە لەهەمان ئەدەبی ئالیۆت و کافکاوە هاتوون، ئەمە جگە لە نموونەی داگیرکاری کولتووری هیچی دیکە نییە. ئێمە هێشتا بە ئەتەکێتی ئەوروپییەوە دەنازین. هەر بۆنموونە لێرە لە چیلی، کابانێکی ماڵ دەبینی کە دەفرێک شتێک دەردێنێت و دەڵێت ئەمە”هاوردەیە”. زۆربەی کەرەستە بێ کەڵکەکانی ئەمڕۆی ناوماڵی چیلی، کە خراپترین جۆریشێتی، هاوردەیە. هەرلەبەرئەوەی لە ئەڵمانیا و فەڕەنسا و ئەو ناوچانە دێت، بەباشترینی دادەنێن.
+ هەندێک لە خەڵکی تۆمەتبارت دەکەن بەوەی دوژمنایەتی خۆرخێ لویس پۆرخێس دەکەی؟
– نیرۆدا:- بەلەبەرچاوگرتنی بیروڕا جیاوازەکانمان، دەتوانی بەدوژمنایەتییەکی فکری و سەقافی هەژماری بکەی. هەر یەکێکمان دەتوانێت بە کاوەخۆ بجەنگێت، جگە لە کتێب دوژمنی دیکەشم هەیە. ئیمپریالییەکان و سەرمایەدارەکان ناپاڵمیان لە ڤێتنام نا، ئەمانە دوژمنی منن. بەڵام پۆرخێس نا.
+ ڕات چییە لەسەر پۆرخێس؟
– نیرۆدا:- نووسەرێکی گەورەیە. هەرکەس بە ئیسپانی قسەبکات، بەبوونی کەسێکی وەها لەسەر هەرەمی ئەمریکا سنگی خۆی دەردەپەڕێنێت. پێش پۆرخێس کتێبمان بەراورد بە ئەوروپییەکان کەم بوو، بەڵام بەم ڕادە خوێنراوییە نووسەرمان نەبوو. ناتوانم بڵێم مەزنترین، بەڵام بەجۆرێک لەجۆرەکان ڕێگای سەرنجی ئەوروپای بەلای وڵاتەکەمانەوە خۆشکرد. ئەگەر وەکو دەینەسۆڕێکیش بیربکاتەوە، خۆ دژایەتی فکری من ناکات. ئەو هیچ شتێک لەبارەی جیهانی هاوچەرخەوە تێناگات، ئەویش پێی وایە من لەهیچ تێناگەم. بۆیە یەکسانین.
+ ڕۆژی یەکشەممە چاومان بە هەندێک گەنجی ئەرجەنتینی کەوت کە قەسیدەکانی پۆرخێسیان دەژەنی و دەچڕی. ئەو دیمەنە دڵخۆشی کردی؟
– نیرۆدا:- ئەو قەسیدە زۆر دڵخۆشم دەکات، دەریدەخات کە پۆرخێس چەند جڵەوکار و زیرەک و ئاڵۆزە و دەتوانێت بە پەنجە شیعرییەکانی بۆ ئەو شێوە عەوامە خۆی بگۆڕێت. زۆر کەیفم بە قەسیدەکەی دێت و دەبێت شاعیرانی لاتینیش ڕێچکەی ئەو بگرنە بەر.
+ ئامۆژگاریت بۆ شاعیرە گەنجەکان چییە؟
– نیرۆدا:- هیچ ئامۆژگارییەکم بۆ شاعیرە گەنجەکان نییە. دەبێت خۆیان ڕێگەی خۆیان بکەنەوە، بۆئەوەی بەشێوەیەکی دروست خۆیان دەربخەن پێویستە ڕووبەڕووی لەمپەرەکان ببنەوە و زاڵبن بەسەریدا. بەنەنووسینی شیعری سیاسی ئامۆژگاریان دەکەم.
شیعری سیاسی زیاد لەهەر جۆرێکی دیکە قووڵترە، ناتوانیت لەناچاریدا بینووسی، چوون کرجوکاڵ و ناپەسەندکراو دەردەچێت. دەبێت داهێنان لە هەموو ڕەنگەکانی شیعر بکەیت تا شیعرێکی سیاسی بنووسی. کاتێک ڕەخنەی ناپاکی ئەدەب و شیعری ئاڕاستە دەکرێت، دەبێت بە سنگێکی فراوانەوە وەریبگرێت. دەبێت شیعری سیاسی بەناوەڕۆک و ئامراز و فکر وسۆزی دەوڵەمەند، کە دەست لە جۆرێکی دیکەی شیعر هەڵبگرێت پڕ چەک بکرێت. ئەمەش بە دەگمەن ڕوودەدات.
+ کاریگەرییە ئەدەبییەکانی سەر نێروادا چین؟
– نیرۆدا:- بەشێوەیەک لەشێوەکان نووسەری ناوەکی دەگۆڕێت، ئەو هەوایەشی کە هەڵیدەمژین لەیەک شوێنەوە سەرچاوە ناگرێت. گواستنەوەی نووسەری ناوەکی وەک بارکردنی ماڵ وایە: پێویستە کەرەسەتەکانی بگۆڕیت. بیرمە “فێدریکۆ گارسیا لۆرکا” کاتێک داوای لێدەکردم دێڕەکان و قەسیدەکانم بخوینمەوە، هەمیشە لەناوەڕاستی خوێندنەوەیەدا ڕایدەگرتم و دەیوت”بوەستە، بوەستە، تەواوی مەکە، نابادا کاریگەری لەسەرم هەبێت”.
+ هەندێک هێما هەیە هەمیشە لە قەسیدەکانتدا خۆیان دووبارە دەکەنەوە. وەک: دەریا، ماسی، باڵندەکان…هد.
– نیرۆدا:- بروام بە هێما نییە، زر بە ساددەیی هەر مانای خۆی دەدات. بۆ نموونە کە دەڵێم دەریا هەر مەبەستم دەریایە. دەرکەوتنی هەندێک گوزارشت لە قەسیدەکانم دەرکەوتنێکی ماددی زیاتر نییە.
+ کۆتر و گیتار ئاماژەن بەچی؟
– نیرۆدا:- کۆتر کۆترە و گیتاریش ئامێرێکی میوزیکییە.
+ جارێک وتت دیوانی”نیشتەجێبوون لەسەر زەوی” ” یارمەتی مرۆڤ دەدات بمرێت نەک بژێت”.
– نیرۆدا:- ئەو دیوانە، نموونەی ساتێکی تاریک و مەترسیداری ژیانم بوو، لەو ساتەدا شیعر بێ دەرهێنەر بوو. تەنها بۆ ئەوەی ئەو قۆناغە تێپەڕێنم، پێویست بوو سەرلەنوێ لەدایک ببمەوە. لە خەمێک کە ئێستاش نازانم چەند قووڵبو ڕزگارکرام. جەنگی ناوخۆیی ئیسپانی و چەند شتێکی دیکە وایان لێکردم دووبارە تێڕا بمێنمەوە. جارێک وتم ئەگەر دەسەڵاتم بەدەست بوایە، نەمدەهێشت جارێکی دیکە بڵاوبکرێتەوە و لە چاپ بدرێتەوە. وەکو بارگرانییەکی بە ئازار و هەستێکی بکوژانە، هەستی ژیانی زیاتر لە قەبارەی خۆی گەورەتر دەکرد، بەڵام لەبەرئەوەی ڕەنگدانەوی دەروونی خۆمە، بەباشترین کتێبم هەژماری دەکەم. هەر یەکێک لە ئێمە کە دەنووسێ- نازانم هەمووان وابن یان نا- بیردەکاتەوە لەوەی ئاخۆ وشەکانی جێگەی خۆیان لەسەر زەوی دەکاتەوە یاخود نا؟
“ڕۆبەر فرۆست”، لەیەکێک لە وتارەکانیدا بەناوی ئازار تاکە ڕووی شیعرە دەڵێت”واز لە ئازار بهێنن با لەگەڵ شیعردا بێت”، نازانم ئەگەر کوڕێکی گەنجی گەوزاو لە خوێن لەتەنیشت کتێبەکەیدا خۆی کوشتبێت چی دەکات. کوڕێکی گەنج کە وەک ئەوەی باسیان دەکرد پڕبووە لە ژیان، لە تەنیشت کتێبەکەمدا خۆی کوشتبوو، بۆ مردنەکەی هەست بە تاوان ناکەم. ئەو پەرە سپییە گەوزاوانە لەخوێندا واناکەن هەر بەتەنها شاعیرێک بیربکاتەوە، بەڵکە وا لەهەموو شاعیرەکان دەکات بیربکەنەوە. بێگومان دوژمنەکانم بەمە دڵخۆش بوون، سیاسییەکان بە جۆرێ سەرزەنشتیان دەکردم کە دەستم دایە نووسینی گەشبینانە. هەرگیز بەهۆی ئەو ڕووداوەوە هەستم بە تەنهایی و ئازار و خەم نەدەکرد.
گۆڕانی تۆنی قەسیدەکانم بەدڵ بوو، حەزدەکەم دەنگەکان بدۆزمەوە و هەموو ڕەنگەکان ڕاونێم. بەدوای هێزی ژیاندا بگەڕێم، ئەگەرچی بوونیادنەر یان تێکدەریش بێت. شیعرەکانیشم هەروەک خۆم هەر لەمنداڵییەوە بیگرە تا غوربەتی بەهەموو قوناغێکدا تێ پەڕیووە. بەتەنگ ئەوەوەبووم ببمە بەشێک لەم مرۆڤایەتییە گەورە. هەموو ئەوەی کە هەیە، ئەوەیە ژیانم پێگەشت.
سهرچاوه:
https://www.google.com/url?sa=t&source=web&rct=j&opi=89978449&url25D8%25B1%25D9%258A%25D9%2581%25D9%258A%25D9%2588/&ved=2ahUKEwiCwanRsf-
وەرگێڕانی: مەدینە ئەحمەد