لێرنێر لە پەرتوکی گوزار لە کۆمەڵگای تەقلیدیی؛ نوێکردنەوەی ڕۆژهەڵاتی ناڤین (The passing of Traditional Society, Modernization the Middle East, 1958) خوێندنەوەی بۆ پرۆسەی چۆنیەتی مۆدێرنکردنی شەش وڵات لە ڕۆژهەڵاتی ناڤیندا ئەنجامدا. ئەم وڵاتانە بریتیبوون لە ئێران، تورکیا، سوریا، ئەردەن، لوبنان و میسر. هەڵبەت کاری مەیدانی لە یۆنانیش ئەنجامدرا، بەڵام دەرەنجامەکانی تایبەت بە یۆنان لەم پەرتووکەدا باس نەکراوە. (لێرەدا سوود لە چاپی چوارەمی ساڵی ١٩٦٨ وەرگیراوە بۆ خوێندنەوەی دۆخی لوبنان لە ساڵی ١٩٥٨).
“لوبنان”
“لێرنێر” بۆ لوبنان نازناوی دوو جیهان لە پانتایەکی بچووکدا (Lebanon: Two world in small compass) بە کار دێنێت. لە کاتی ئەنجامدانی توێژینەوەکە، لوبنان بە مودێرنترین وڵاتی ئەو ناوچەیە هەژماردەکرا و لە دوای ئەو تورکیا دەهات. لەو سەردەمەدا، لوبنان لە ڕووی کشتوکاڵ و بەپیشەسازیی بوون و سەربازییەوە پێشکەوتوو نەبووە، بەڵام ڕێژەیەکی بەرزی شارنشینی، خوێندەواریی و بەکارهێنانی ئامرازەکانی ڕاگەیاندنی هەبووە. بە بۆچوونی لێرنێر، لە ڕووی مێژووییەوە لوبنان وڵاتێک بووە، کە ئاڵۆگۆڕی بازرگانی و کارگێڕی و سەردانکردنی لەگەڵ جیهانی دەرەوە هەبووە. مەسیحییەکانی لوبنان لەگەڵ جیهانی مەسیحیەتی ئەوروپی لە پەیوەندیدا بوون. ئەم ئاڵوگۆڕە ئایینی، ئابوری و کولتوورییە، بە بەراورد لەگەڵ وڵاتانی تری عەرەبی، گۆڕانکاریی بەسەر سیماکانی ژیانی گوندنشینی لە لوبناندا هێنا. بە بڕوای لێرنێر کۆمەڵێک فاکتەر لوبنانی هاندا کە بەرەو مۆدێرنیزاسیۆن هەنگاو بنێت کە بریتیبوون لە:-
“یەکەم؛ فاکتەری بە ڕۆژئاوایی کردن”
بە درێژایی مێژوو لوبنان مەڵبەندی بازرگانی (entrepot) و ئاڵوگۆڕی بیر و بۆچوونەکان بووە. ئەمەش بووە هۆی بەرزبوونەوەی ئاستی خوێندەواری لەم وڵاتەدا. بوونی زانکۆی بیانی، فرۆکەخانە و گرێدانی کۆنفرانسی جیهانی لەم وڵاتە، کۆمەڵگای لوبنانی بەرەو کۆمەڵگایەکی کراوە هاندا. بۆ “لێرنێر”، خاڵی سەرەکی مۆدێرنیزاسیۆن لە لوبنان بۆ ڕەشەکوژی مەسیحییەکان بەدەست دەروزەکان لە ساڵی ١٨٦٠دا دەگەڕێتەوە. دوای ئەم کارەساتە، زلهێزە ئەوروپییەکان ناوچەیەکی ئۆتۆنۆمیان بۆ مەسیحییەکان دروستکرد و دام و دەزگای سیاسیی-کارگێڕییان دامەزراند. ئەمەش بووە هۆی پێشکەوتنی ژیانی کۆمەڵایەتی و سیاسیی لۆبنان؛ بە شێوەیەک کە لۆبنان وەپێش گشت هەرێمەکانی تری ژێر دەسەڵاتی ئیمپراتوری عوسمانی کەوت. بە بڕوای لێرنێر، مەسیحییەت و بە ڕۆژئاوایی بوون پێکەوە لە لوبنان گەشەی سەند. تەنانەت یەکەم ڕۆژنامەی عەرەبی لە سەدەی هەڤدەیەم، لەسەر دەستی کەسێکی مارۆنی کە لە ڕۆم خوێندبووی، دەرکرا. هەروەها، یەکەمین قوتابخانە لە ساڵی ١٧٨٩ لە لایەن کەسێکی مارۆنی کە لە ئیتالیا خوێندبووی، دامەزرا. زیاد لەمەش، بە هۆی داخراوەیی سیستەمی میللەت (mullet system) لە ئیمپراتۆری عوسمانیدا، مۆدێرنگەرایی لە لایەن مەسیحییەکانەوە خێراتر بوو لە موسڵمانەکان، چونکە مەسیحییەکانی لۆبنان کەناڵەکانی ڕۆشنگەریان لەبەر دەست بوو، واتە قوتابخانە، ڕۆژنامە و پەیوەندی دەرەکی و بەم جۆرەش توانیان بەرەو گۆڕانی کۆمەڵایەتی هەنگاو بنین. ئەم کەناڵانەش لە لایەن موژدەدەرە ئەمریکی و ئەوروپییەکانەوە پارەدار دەکران. هاوتەریب، ئیمپراتوری عوسمانی دەستی بە مۆدێرنکردنی بواری سەربازی کرد بوو. بەڵام ئەم دوو جۆرە مۆدێرنیزاسیۆنە، دوو ئامانجی جیاوازیان هەبوو، تا وای لێهات لە لوبنان مەسیحییەکان کە ٣٠٪ی کۆی گشت دانیشتووانی لوبنا بوون، بەڵام ٧٠٪ی خوێندەوارانی پێکدێنا.
لە کاتێکدا لە لوبنان مەسیحییەت، ڕۆشنگەری هێنایە ناو ئەم وڵاتەدا، بەڵام مۆدێرنیزاسیۆنی سیاسیی لوبنان میراتی فەڕەنسایە. بەریتانیا و ئەمریکیەکانیش لە بواری بازرگانی و پەروەردە (خوێندەوارکردنی مەسیحییەکان) چالاکیان دەگێڕا. فەڕەنسیەکان یاسای نوێیان داڕێشت و نەزمی کۆمەڵایەتیان بەرقەرارکرد. هەروەها فەڕەنسیەکان، ڕێگاوبان، بەندر و کارگەی چیمەنتۆ و ئاوریشەمیان دروستکرد. گشت ئەم هۆکارانەش بوونە هۆی هاتنەکایەوەی بزۆکی (mobility) تاکی لوبنانی و کۆچکردن لە گوندەکان بەرەو شارەکان و بەرەو جیهانی دەرەوە. کەواتە، پەیوەندی (communication) لۆبنانیەکان، بە تایبەتیش مەسیحییەکانی ئەم وڵاتە، یەکێک لە هۆکارەکانی مۆدێرنیزاسیۆنی ئەم وڵاتە بووە.
“فاکتەری دووەم؛ میدیا و دۆخی کۆمەڵایەتی (media and status)”
“لێرنێر” لێرهدا باس لە ڕۆڵی گوێ لە ڕادیۆ گرتن دەکات کە چۆن تاکەکان هاندەدات بە دوای ڕووادووەکان بکەون و هەوڵی بەدەستهێنان زانیاری لەسەر کولتور و ڕووادوەکانی جیهانی دەرەوە بدەن. بە تایبەتیش ئەو کەسانەی کە زمانی تری بیانی وەک فەرەنسی و ئینگلیزی دەزانن. بە پێی ئەو توێژینەوەی کە “لێرنێر” لەسەر لوبنان ئەنجامی داوە، دەردەکەوێت کە ئەو کەسانی گوێ لە ڕادیۆ دەگرن، هاوکات هەوڵدەدن دەستیان بە میدیایتر وەک ڕۆژنامە و گۆڤاریش بگات. بە بڕوای لێرنێر، ئەوانەی کە گوێ لە میدیای بیانی (ڕۆژئاوا) دەگرن، بوونە بە هەڵگری بەهای ڕۆژئاوایی و هاودڵی (Empathy) لەهەمبەر بەهاکانی ڕۆژئاوا لە خۆیان نیشاندەدەن کە بەهایەکی مۆدێرنە و دژی ڕۆژئاوا ناوەستنەوە. تەنانەت ئەوان گوێ لە مۆسیقای ڕۆژئاوایش دەگرن.
“فاکتەری سێیەم؛ هەڵگرانی بۆچوونی نوێ لە ناوچە گوندنشینەکانی لوبنان”
بە هۆی سەرچاوهی نوێی زانیاری و بۆچوونی نوێ، ژیانی گوندنشینی لە لوبنان گۆڕانی بەسەردا هاتووە. لێرەدا “لێرنێر” باس لەوە دەکات کە چۆن هاتنی ئامرازەکانی ڕاگەیاندن بۆ ناو گوند بووە هۆی سەرچاوەیەکی نوێ زانیاری و پەیوەندی نێوان ئەندامانی گوند گۆڕانی بەسەردا هات. واتە چیتر کەسێکی وەک موختار یان گەورەی گوند سەرچاوەی زانیارییەکان نەبوون. هەروەها کۆچی نەوەی نوێ لە گوندەوە بەرەو شار و وەرگرتنی بەهاکانی شارنشینی و خوێندەواری کە دەبنە هۆی بەرزبوونەوەی ئاستی داهاتی تاکەکەس، ئەم نەوە نوێیەی وەک ڕێبەرانی تازە سەرهەڵداو و داهێنەری بۆچوونی نوێ لە گوندەکاندا نیشان دەدات. هاوکات ئەم نەوە نوێیە هەم بەها تەقلیدییەکانی گوند پشتگوێ دەخەن و هەمیش بەهای نوێی مۆدێرن بۆ ناو گوندەکاندا دەگوازنەوە. ئەم ڕووداوە هاوکاتە لەگەڵ چوونە ناوەوەی پارتی سیاسیی بۆ ناو گوندەکان. ئەمەش دەبێتە هۆی ئەوەی کە سیاسەتمەدار و یاساناسان شوێنی دەستڕۆیە کۆنەکانی گوند (موختار و ڕیش سپی) بگرنەوە و دەبنە سەرچاوەی نوێی زانیاریی. هاوکات گوندیش دەچێتە چوارچێوەی پرۆسەی بەشداریکردنی سیاسییەوە.
“فاکتەری چوارەم؛ ئافرەت و میدیا”
“لێرنێر” باس لەوە دەکات کە چۆن ئافرەت لە کۆمەڵگای تەقلیدیدا بە شەرەفی خێزان هەژمار دەکرێت و لە دابەشکردنی کاری کۆمەڵایەتیدا کەمتر لە پیاو بەشدارە و لە دۆخێکی پەراوێزدا دەژیت. “لێرنێر” ئاماژە بە نموونەکانی وەک باڵاپۆشی و نیقاب و جیاوازیی ڕەگەزیی لە نێوان ژن و پیاو و کولتووری خۆ بەگەورە زانینی پیاو (male vanity culture) لە کۆمەڵگای ڕۆژهەڵاتی ناڤین (کۆمەڵگای زۆڕینەی موسڵمان نشین) دەکات. تەنانەت سیستەمی پەروەردەش لەسەر ئەم بەها دواکەوتووانە دامەزراوە. لێرنێر تیشک دەخاتەسەر ئەوەی کە چۆن بیروباوڕی ئایینی لە لایەن خودی ڕەگەزی مێینە قبوڵکراوە کە ئەو ڕەگەزێکی خووارووترە لە پیاو. “لێرنێر” لە توێژینەوەکەیدا چاوپێکەوتن لە نێوان ئافرەتی خوێندەوار و نەخوێندەوار ئەنجام دەدات. ئەو ئافرەتی خوێندەوار بە مۆدێرن ناو دەبات. بە پێی ئەنجامی توێژینەوەکە، ئافرەتە خوێندەوارەکان زووتر بەهای جیهانی مۆدێرن (ئەمریکا) و پێگەی مۆدێرنی ئافرەت قبوڵ دەکەن، لە کاتێکدا کە ئافرەتە نەخوێندەوارەکان ئەم پێگە و بەهایانە ڕەت دەکەنەوە.
بە بڕوای “لێرنێر”، چوونە ناو پرۆسەی مۆدیرنیزاسیۆن لە لایەن ئافرەتی لوبنانیەوە، بەهۆی بەهاکانی لوبنان یان بزاڤە فێمینیستەکانەوە نەبووە؛ بەڵکو بە هۆی دەستگەیشتن بە ئامرازەکانی پەیوەندی ڕۆژئاواوە (western communications) بووە. ڕادیۆ و تەلهڤزیۆن و بینی فلمی ئەوروپی، ئەم ئافرەتانەی هاندا کە چۆن بە دوای بەهای مۆدێرندا بکەون. بە بڕوای لێرنێر، دۆخی ئافرەت لە لوبنان بە بەراورد لەگەڵ وڵاتانیتری عەرەب زۆر باشترە و بەلانیکەمەوە ئافرەت وەک بارگرانیەک وێنا ناکرێت؛ بەڵکو بە خاتوونی ماڵ (mistress of the house) هەژمار دەکرێت و لە ساڵی ١٩٥٣دا توانیان بەشداریی لە پرۆسەی دەنگداندا بکەن.
ئافرەتە مەسیحییەکانی لوبنان لە ڕێگەی دوو قوتابخانەوە کە لە لایەن موژدەدەرەکانەوە بوونیاد نرابوون فێری خوێندەواری کران. لە ساڵانی ١٨٣٠دا، دوو قوتابخانەی تایبەت بە کچان لە لایەن ئەم موژدەدەرانەوە کرانەوە. لە ساڵانی ١٨٦٠دا، قوتابخانەی ئەمریکی بۆ کچان دامەزرا. لە ساڵانی نێوان ١٩٢١-٢٣ زانکۆی ئەمریکی دەرگای بە ڕووی قوتابیە کچەکاندا کردەوە. گشت ئەم گۆڕانکاریانە بوونە هۆی سەرهەڵدانی “پرسی ئافرەت” لە لوبناندا.
لە کۆتاییدا، سەبارەت بە لوبنان “لێرنێر” بەم دەرەنجامە دەگات کە گشت ئەو فاکتەرانەی لەسەرەوە باسمان کردن هیندە بەهێز نین کە بتوانن سەقامگیری و دیمۆکراسی لە لوبنان جێگیر بکەن. بە بڕوای “لێرنێر” سیستەمی سیاسیی لوبنان و سەرکردەکانی لە نێوان دووریانی کولتووری عەرەبی-ئیسلامی و کولتووری مەسیحی-مۆدێرندا دەژین کە ناتوانن واز لە هیچ یەک لەم دوو کولتوورە بهێنن. لە دەرنجامدا، لوبنان بووە بە کۆمەڵگایەک کە هەندێ خەسڵەتی سیاسیی ڕۆژئاوایی لە خۆگرتووە. سیستەمی ئابوری بە ئەوروپی کراوە بە بێ ئەوەی کە هیچ کۆنترۆڵێکی کۆمەڵایەتی لەسەر ئەم سیستەمە بوونی هەبێت. ئەمە و سەرەڕای کێشەی مەسیحی-موسڵمان؛ هەروەها پۆستە سیاسیی و کارگێرییەکان لەم وڵاتەدا بە پێی پێوەری ئایین و ئایینزا دابەشکراون؛ ئەگەرچی سەندیکا و ڕێکخراو و حزبە سیاسییەکان هەوڵدەدەن ئەم لێکدابڕانە تائیفیە لەناو ببەن. سەرەنجام لێرنێر ئاماژە بەوە دەکات کە ”هیچ کۆمەڵگایەکی مۆدێرن ناتوانێ کارکردی کارایی هەبێت بە بێ هەبوونی سیستەمێکی مۆدێرنی پەیوەندی گشتی (public communication)، ئەمەش گرنگی ئامرازەکانی ڕاگەیاندن دەخاتەڕوو’ (P, 213).