رێبازی ئابووریی: قۆناغەکانی ڕۆستۆ بۆ بوژانەوەی ئابووریی
(The economic approach: Rostow’s stages of economic growth)
رۆستۆ بەرهەمێکی کلاسیکی لەبارەی قۆناغەکانی گەشەی ئابووریی نووسیووە. ئەو لە یەکێک لە باسەکانی ئەم پەرتووکەدا بە ناوی ‘هەستانەوە بەرەو بوژانەوەیەکی پشتبەخۆبەستوو’ (١٩٦٤)، دەڵێت، پێنج قۆناغی سەرەکی لە گەشەسەندنی ئابوریدا هەیە کە بە کۆمەڵگای تەقلیدییەوە دەست پێدەکات و بە کۆمەڵگای بەکاربردنی بەرفراوان کۆتایی دێت. لە ناوەڕاستی ئەم دوو جەمسەرەی گەشەسەندندا، ڕۆستۆ دەڵێت ”قۆناغی هەستانەوە” دێت.
ڕۆستۆ ناوی ئەم قۆناغەی هەستانەوەی لە هەستانەوەی فڕۆکە وەرگرتووە. لە سەرەتا فڕۆکە وەستاوە، دواتر هێدێ هێدی دەست بە ڕۆیشتن دەکات، دواتر بەرەو ئاسمان هەڵدەستێت. بە بڕوای ڕۆستۆ نموزەجی وڵاتانی جیهانی سێیەم لە ڕۆیشتن بەرەو گەشەسەندن، هاوشێوەی نموزەجەی فڕۆکەیە. سەرەتا، وڵاتی جیهانی سێیەم لە قۆناغی تەقلیدیدایە و گۆڕانێکی کەم بەخۆوە دەبینێت. دواتر دەست بە گۆڕان دەکات، کارسازی (entrepreneurs) نوێ، بەرفراوانبوونی بازار، گەشەی پیشەسازیی نوێ و… دێنەکایەوە. ڕۆستۆ ئەم قۆناغە بە ‘قۆناغی پێشمەرجی هەستانەوە’ ناو دەبات. ئەم قۆناغە تەنیا قۆناغێکی پێشمەرجە، چونکە تەنانەت ئەگەر بوژانەوەی ئابوریش بێتەدی، ژمارەی مردنی لەدایکبووان کەم دەبێت و ژمارەی دانیشتووان زیاد دەبێت. کەواتە لەم قۆناغەدا، ئەگەر کەمە بۆ هاتنەدی بوژانەوەی ئابوورییەکی پشتبەخۆ بەستوو، چونکە بە هۆی ژمارەی زۆری دانیشتووان گشت زیادەبەرهەمی ئابووریی بەرکاردێت و هەناردە ناکرێت.
رۆستۆ دەڵێت هاندەرێک پێویستە بۆ ئەوەی کە هانی وڵاتانی جیهانی سێیەم بدات لە قۆناغی پێشمەرجی هەستانەوە، دەرباز بن. دەکرێ ئەم هاندەرە شۆڕشێکی سیاسی بێت کە زۆربەی دامەزراوەکان سەر لە نوێ بونیات بنێتەوە؛ یاخود ئافراندنێکی تەکنۆلۆژی بێت، بۆ نموونە، داهێنانی ئامێرێ هەڵم لە شۆڕشی پیشەسازیدا؛ یاخود هاتنەدی ژینگەیەکی نێودەوڵەتی گونجاو بێت کە ببێتە هۆی بەرزکردنەوەی ئاستی هەناردەکردن و نرخی کاڵاکان. دواتر بە پێی بۆچوونی ڕۆستۆ، دوای دەربازبوون لە قۆناغی پێشمەرج، ئەو وڵاتەی کە خوازیارە بوژانەوەیەکی ئابوریی پشتبەخۆ بەستووی هەبێت، پێویستە ئەم ستراکتۆرەی خووارەوەی بۆ چوونە ناو قۆناغی هەستناوەی هەبێت: دەبێ سەرمایە و سەرچاوەکان بە جۆرێک مۆبیلیزە بکرێن تا ئاستی سەرمایەگوزاریی بەرهەمهێنەر بگاتە١٠٪ی داهاتی نەتەوەیی؛ ئەگەر نا بوژانەوەی ئابووریی ناتوانێ وەپێش زیادبوونی ژمارەی دانیشتووان بکەوێت.
چۆن نەتەوەیەک دەتوانێت سەرمایە و سەرچاوەی پێویست بۆ سەرمایەگوزاریی بەرهەمهێنەر دەستەبەر بکات؟ بە بۆچوونی ڕۆستۆ، دەکرێ لەم ڕێگەیانەی خووارەوە ئەم کارە بکرێت:
یەکەم: ئەو داهاتەی لە میانەی دەستبەسەرداگرتنی (confiscatory) سەرمایە، یاخود لە ڕێگەی باج دەستەبەر بکرێت. بۆ نموونە، لە ژاپۆنی سەردەمی میجی، لە میانەی باجدانانێکی زۆر قورس بەسەر جوتیارانەوە سەرمایەگوزاریی بەرهەمهێنەر دەستەبەرکرا. تا بەم شێوەیە سەرچاوەکانی ئابووریی لە گوندەکانەوە بۆ شارەکان بگوازرێنەوە. هەروەها لە ڕووسیای سۆشیالیستیدا، لە ڕێگەی دەستگرتن بەسەر موڵک و ماڵی خاوەن زەوییەکان و سەرمایەگوزاریکردنی لە شارەکاندا، سەرمایەگوازریی بەرهەمهێنەر بەدیهێنرا.
دووەم: دەکرێ لە ڕێگەی دامەزراوەکانی وەک بانک، بازاری سەرمایە، سەنەداتی حکومەت (government bonds)، بازاری بۆرس، سەرمایەگوزاریی بەرهەمهێنەر دەستەبەر بکرێت، ڕۆڵی گشت ئەم ئامرازانە بریتییە لە گواستنەوەی سەرچاوە نەتەوەییەکان بۆ ناو ئابووردا.
سێیەم: دەکرێ لە ڕێگەی بازرگانی دەرەکییەوە سەرمایەگوزاریی بەرهەمهێنەر دابین بکرێت. دەکرێ بۆ هاوردەکردنی تەکنۆلۆژی بیانی و ئامرازە تەکنۆلۆژییەکان سوود لە داهاتەکانی هەناردەکردن وەربگیردرێت.
چوارەم: سەرمایەگوزاریی دەرەکی ڕاستەوخۆ، بۆ نموونە کێشانی هێلی مێترۆ و هەڵکەندنی کانەکان، دەکرێ ڕێگەیەکیتربێت بۆ دابینکردنی سەرمایەگوزاریی دەرەکی لە وڵاتانی جیهانی سێیەمدا.
بەمجۆرەش، فاکتەری سەرەکی بریتییە لەوەی کە بتوانرێت ١٠٪ لە داهاتی نەتەوەیی بۆ سەرەوە بە ڕێکوپێکی و بەردەوامی لە کەرتی ئابووریدا وەگەڕ بخرێت. سەرەتا دەکرێ سەرمایەگوزاریی بەرهەمهێنەر لە لە کەرتی بەرهەمهێنان لە ڕێگەی کارخانەکانەوە وەگەربخرێت و دواتر بە خێرایی لە کەرتەکانیتری ئابووریدا بڵاوببیتەوە. هەر کاتێک کە بوژانەوەی ئابووریی بوو بە پرۆسەیەکی ئۆتۆماتیکی، واتە پشتبەخۆ بەستوو، بە قۆناغی چووارەم یاخود ‘قۆناغی پێگەیشتن’ (The Drive to Maturity) گەیشتووین. دوای ئەم قۆناغە هەلی دامەزراندن، داهاتی نەتەوەیی، ئاستی داواکاریی بەکاربەر بەرزدەبنەوەو بازاڕێکی بەهێزیی ناوخۆیی دێتەدی. ئەم قۆناغەی کۆتایی لەلایەن ڕۆستۆ بە ‘قۆناغی بەکاربردنی بەرفراوانی جەماوەر (High Mass Consumption) ناونراوە.
بە پێی مۆدێلی بوژانەوەیی پێنج قۆناغی، (واتە کۆمەڵگای تەقلیدیی، پێشمەرجی هەستانەوە، هەستانەوە، پێگەیشتن و کۆمەڵگای بەکاربردنی بەرفروانی جەماوەریی)، ڕۆستۆ چارەسەرییەکی بۆ هاندانی وڵاتانی جیهانی سێیەم بەرەو مۆدێرنیزاسیۆن دۆزیەوە. ئەگەر کێشەی وڵاتانی جیهانی سێیەم بریتی بێت لە نەبوونی سەرمایەگوزاریی بەرهەمهێنەر، کەواتە چارەسەر بریتییە لە یارمەتیدانی ئەم وڵاتانە- یارمەتی سەرمایە، تەکنۆلۆژیی و شارەزا. هاوڕا لەگەڵ ڕۆستۆ، سیاسەتداڕێژەرانی ئەمریکا لەو بۆچوونەدابوون کە یارمەتییەکانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا باشترین ڕێگەیە بۆ مۆدێرنکردنی وڵاتانی جیهانی سێیەم. بەمجۆرەش ساڵانە بە میلیۆنان دۆلاری ئەمریکی بە وڵاتانی جیهانی سێیەم دەدرا، تا کەرتی ژێرخان و بەرهەمهێنانی وڵاتەکەیان بونیات بنێن و شارەزایان بۆ نێردران تا بۆ گەیشتن بە قۆناغی هەستانەوە یارمەتی ئەم وڵاتانە بدەن.
Social Change and Development
Modernization, Dependency and World System Theories
Alvin. Y. So
1990
وەرگێڕانی: هیوا مەجید خەلیل