“کۆنفرانسی ئاسایشی ميونشن، وەک دەروازەی بهستنهوهی هەرێمی کوردستان بە سیستەمی ئاسایشی جیهانی”
کۆنفرانسی ئاسایشی ميونشن (Munich Security Conference)، کۆبوونەوەیەکی ساڵانەیە و لە پاییزی ١٩٦٣ـەوە هاتووەتە ئاراوە، کۆنفرانسێکە لە ناوەندە سیاسی و میدیاییەکاندا بە (داڤۆسی ئاسایش) ناو دەبرێت و بە گرنگترین پلاتفۆرم لە بواری ئاسایشی جیهانی دادەنرێت، کە تێیدا سەدان کەسایەتی لە دروستکەرانی بڕیار، دەستەبژێر، پسپۆڕان و پیادەکەرانی ئاسایش، تێگەیشتن و هەڵوێستی خۆیان لەسەر پرسە ئاسایشییەکان دەخەنە ڕوو. ئەم کۆنفرانسە، تەنیا ئەو وڵات و ئەکتەر و ڕێکخراوانە کۆ ناکاتەوە کە هاوپەیمانی یەکدین و تێگەیشتنێکی ڕوونیان لەسەر ئاسایشی نێودەوڵەتی هەیە، بەڵکوو ئەکتەرە ناکۆکەکانیش، هەموویان لەو کۆڕبەندەدا بەرنامەی خۆیان دەخەنە ڕوو.
کۆنفرانسی میونشن دەرفەتێکی گەورە بۆ بەستنی چەندین دیدار و کۆبوونەوەی گرنگ لە نێوان بەشداربووانی کۆڕبەندەکە دەڕەخسێنێت، تاکوو لە نزیکەوە دروستکەرانی بڕیار، بیروڕاکانیان ئاڵوگۆڕ بکەن و لە ئاراستە و گۆڕانکارییەکان لەسەر ئاستی جیهانیش تێبگەن. دواتر لەژێر ڕۆشنایی دەرەنجامەکانی ئەو ڕووداوانە، دەتوانن سیاسەت و ستراتیژیی ئاسایشی خۆیان بە جۆرێک دابڕێژن کە نامۆ نەبێت بە گۆڕانکارییەکان لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی، بەتایبەت لە قۆناغی دوای جەنگی ساردەوە ئاسایشی ناوخۆی وڵاتەکان بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ، بەستراوەتەوە بە پرسە جیهانییەکان، بە جۆرێک هیچ وڵاتێک نەیتوانیوە بەتەواوەتی خۆی لە کاریگەرییەکانی سیستەمی نێودەوڵەتی و بنەما و نۆڕمە جیهانییەکان بە دوور بگرێت.
ئامانجی ئەم کۆنفرانسە دروست کردنی متمانە و یارمەتیدانە، لە پێناو چارەسەرکردنی ململانێ و ناکۆکییەکان بە شێوەیەکی ئاشتییانە، لە ڕێگەی پاراستنی دیالۆگێکی بەردەوام و چاودێری کراو لە کۆمەڵگای نێودەوڵەتییدا. وە جەخت لەوە دەکرێتەوە ئەم کۆبوونەوەیە شوێنێکە بۆ پلاندانانی ئەو دەستپێشخەرییە دیپلۆماسییانەی لە پێناو چارەسەرکردنی زەقترین نیگەرانییە ئەمنییەکان لە جیهاندا خراونەتە ڕوو. بۆیە کۆنفرانسی ئاسایشی میونشن کۆبوونەوەکانی خۆی بە جۆرێک لە (بازاڕی بیرۆکەکان) دەزانێت، کە تێیدا دەستپێشخەری و چارەسەرییەکان پەرەی پێ دەدرێت و بیروڕا لەنێوان لایەنەکاندا ئاڵوگۆڕ دەکرێت. هەروەها لە پەراوێزی ئەم کۆنفرانسەدا، فەزای پارێزراو بۆ کۆبوونەوە نافەرمییەکانی نێوان بەرپرسانی وڵاتانی جیاواز و هەروەها گرووپ و دامەزراوە جیاوازەکان دابین دەکرێت.
ئامادەبوونی هەرێمی کوردستان وەک ئەکتەرێکی نادەوڵەتی لە کۆنفرانسی میونشن و سازکردنی چەندین کۆبوونەوە لەگەڵ دروستکەرانی بڕیاری سیاسی و ئاسایشی، شایەنی سەرنج پێدانە. چونکە لە ساڵی ١٩٩١ـەوە تاکوو ئێستا، بوون و ئاسایشی هەرێمی کوردستان، تاڕادەیەکی زۆر لە ڕێگهی بنەماکانی سیستەمی نوێی جیهانی و پشتگیری کۆمەڵگای نێودەوڵەتییەوە گرێنتی کراوە. پاشان پشتگیری کۆمەڵگای نێودەوڵەتی لە جهنگی دژی داعش دووپاتی کردەوە، کە بوون و ئاسایشی ئەکتەرە نادەوڵەتییەکان، سەرەڕای خەباتی ڕزگاریخوازی مێژووییان، بەرهەمی سیستەمی نێودەوڵەتی دوای جەنگی ساردن، کە سەردەمێک بوو، لە ڕێگهی ئاشناکردنی کۆمەڵێک چەمکەوە، لەوانە: (دەستتێوەردانی مرۆیی، بەرپرسیارێتی پاراستن و بەدیموکراتیکردن)، سنووریان بۆ ستەمکارییەکانی زۆرێک لە حکوومەتە ناوەندییەکان دانا، گەلی کوردستانیش سوودمەندێکی گەورەی ئەو قۆناغە بوو.
هەرێمی کوردستان لە دوای سەرهەڵدانی ڕێکخراوی دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام لە حوزەیرانی ٢٠١٤ـەوە، ساڵانە و بە بەردەوامی ئامادەیی لەم کۆڕبەندە ئاسایشییەدا هەبووە. بۆ کوردستان ئەم جۆرە کۆنفرانسانە گرنگن، چونکە هەرێم پێویستی زۆری بە چالاکی دیپلۆماسی هەیە لەگەڵ دونیای دەرەوە، بەتایبەت لەگەڵ وڵاتانی بڕیار بەدەست و بەهێزی ڕۆژئاوا، چونکە فاکتەرێکی سەرەکی مانەوەی هەرێمی کوردستان، پەیوەستە بە پاڵپشتی نێودەوڵەتی. وە بەو پێیەی کۆنفرانسی ساڵانەی میونشن بووەتە شوێنێک بۆ گردبوونەوی وڵاتە ڕۆژئاواییەکان، بەشداری کردنی هەرێمی کوردستانیش دەچێتە خانەی ئەو پەرۆشی و ڕوانگەیەی کە وڵاتانی ڕۆژئاوا بۆ پرسە جیهانییەکان هەیانە، بەتایبەتیش پرسە ئاسایشییەکان.
ئەوە ڕوونە هەرێمی کوردستان لەم چەند ساڵەی دواییدا ڕۆڵێکی باشی بینیوە لە پاراستنی ئاسایشی جیهانی لە ڕێگهی جەنگی دژی داعش، لە بەرامبەریشدا ئەو پاڵپشتی و هاوکارییە نێودەوڵەتییەی بۆ هەرێمی کوردستان هەیە، پەیوەندی بەو ڕایەڵە ئاسایشییەوە هەیە کە هەرێم لەگەڵ وڵاتانی ڕۆژئاوادا هەیەتی. هەر ئەمەش وای کردووە بەشێکی زۆری گفتوگۆکانی شاندی هەرێم لەگەڵ وڵاتانی ڕۆژئاوا لە کۆنفرانسی ئاسایشی ميونشن، تایبەت بێت بە دژایەتی کردنی تیرۆر و شەری داعش، بۆیە ئەم کۆنفرانسە دەرفەتێکی گونجاوە بۆ هەرێمی کوردستان کە لە کەمترین ماوەدا زۆرترین چالاکی دیپلۆماسی هەبێت.
بەگشتی دەکرێت بڵێین، بەشداری هەرێمی کوردستان لەم جۆرە لووتکانە گرنگە، بەو پێیەی دەرفەتێک دەبێت بۆ ئەکتەرە نادەوڵەتییەکان، کە هاوشانی دەوڵەتان بەشداربن لە دروست کردنی ڕوانگەیەکی هاوبەشی ئاسایشی و سیاسی بۆ بڕیاردهرانی دەوڵەتانی کاریگەر لەسەر ئاستی جیهان. جگە لەوەی کاتێک کە دۆخی ئاسایشی هەرێمایەتی یاخود نێودەوڵەتی دەکەوێتە بهردەم هەڕەشە، یان بەرەو گۆڕانکاری دەچێت، ئەکتەرەکان هەوڵ دەدەن پێناسەیەکی نوێ لە هەڕەشە و مەترسییەکان، هەروەها هاوپەیمان و ڕکابەر و دوژمنانیان بخەنە ڕوو و پاشان بەشدار بن لە داڕشتنی سیستەمە چاوەڕوانکراوە نوێیەکە. لەم چوارچێوەیەشدا هەرێمی کوردستان لانی کەم، دەتوانێت ئاگاداری گۆڕانکارییە ئەمنی و سیاسییە هەرێمی و جیهانییەکان بێت.