“نووسین و بیرکردنه‌وه”
نووسین ساته‌وه‌ختێکی پیرۆز و دره‌وشاوه ژیاری مرۆڤ بووه، ده‌توانین بڵێم پاش دۆزینه‌وه و داهێنانی خه‌ت و شێوه‌نووسین له لایه‌ن فینیقییه‌کانه‌وه کو‌لتوور و ژیاری مرۆڤ ئیتر ئه‌و کولتووره نه‌ما که پێش ئه‌م که‌شف و دۆزینه‌وه‌یه هه‌بوو، کاتێک فه‌یله‌سووفێکی وه‌کوو سوقرات وتی مرۆڤ ئاژه‌ڵێکی قسه‌که‌ره، ڕه‌نگه به‌شێک له‌م ڕاستییه‌ی پێکابێت و به دروستیش پێکابێتی، چون قسه‌کردن تۆوی نوسینی به‌شیوه‌یه‌کی جه‌وهه‌ری له‌خۆیدا هه‌ڵگرتووه، بۆیه ئه‌گه‌ر پێگه‌ی نووسین له گه‌شه‌ی ڕۆحی و زه‌ینی مرۆڤدا له‌به‌رچاو بگرین، ده‌توانین بڵێین مرۆڤ ئاژه‌ڵێکی نووسه‌ره.
دیاره نووسه‌ربوون لێره‌دا به‌و مانایه‌شه که قسه ده‌کات، به‌و مانایه‌شه که ده‌نووسێت، ڕه‌نگه ده‌لاله‌تی ژێره‌وه‌ی گوزاره‌که‌ی سوقرات هه‌ر ئه‌مه بووبێت، چونکه نووسین ئه‌گه‌رچی نووسین یان هه‌ڵکۆڵین و …بێت، به‌ڵام هه‌ر نیشانه، وشه، پیت و ڕسته یان وێنه‌کانه له‌سه‌ر تێنووسێک که هاوکات قسه‌کردن و خۆدواندنێکیشه که مرۆڤ پێش داهێنانی خه‌ت به‌شێوه‌یه‌کی هێزه‌کی و هه‌ڵگیراو له‌خۆیدا هه‌ڵیگرتووه تا کاتی بگات، واته ئه‌و چرکه‌ساته‌ی که نووسین ده‌بێت به وشه و پیت و…له‌سه‌ر پێستی ئاژه‌ڵان یان دیوار و دار و به‌رد و دواتر ڕووپه‌ڕ و په‌ڕاوه‌کان ده‌نووسرێته‌وه، هه‌ر بیچمبه‌ندی و ڕیزبه‌ندییه‌ک دابنیین بۆ ئه‌م خاڵه مێژووییه ناکۆک نییه له‌وه‌ی که بڵێین توانستی نووسین له ڕێگه‌ی توانستی گوتن و بیرکردنه‌وه له ناخی مرۆڤدا دێته دی و ته‌نها کاتێکی ده‌ویست له ئاسته کردارییه‌که‌یدا و به ڕێگه فیزیاییه‌که‌یدا پراکتیزه بکرێت، قۆناغی گرینگ دوای ئه‌مه ده‌ست پێ ده‌کات که قۆناغی سه‌رهه‌ڵدانی ژیار و تۆمارکردنی ڕووداوه‌کان و مێژوو و زانسته، که ئه‌م ئه‌گه‌ره‌ی به مرۆڤ داوه به ده‌رفه‌تێکی له‌بارتر و له دووتوێی لاپه‌ڕه‌کانی داهێنراوێک به ناوی کتێب بیر له ڕووداوه‌کان و دونیا بکاته‌وه، واته داهێنانی کتێب یه‌کێک له گه‌وره‌ترین داهێنانه‌کانه که ئه‌گه‌ر گرینگی و چارهنووسسازییهکهی به‌ڕاده‌ی دۆزینه‌وه و که‌شفی ئاگر و کاره‌با نه‌بێت ئه‌وا که‌متر نییه.
خودی ئه‌م پرۆسه‌یه ده‌رخه‌ری هه‌ر هه‌مان تێڕوانینه‌ی سه‌ره‌وه‌مانه، واته پێشمه‌رجی نووسین گوتن و پێشمه‌رجی هه‌ر دووی ئه‌مانه توانستی وێناکردن و خه‌یاڵکردن واته به مانایه‌ک هه‌مان بیرکردنه‌وه‌یه. ئه‌م سێ جه‌مسه‌ره پێکه‌وه گرێدراون، به‌ڵام له هه‌ر قۆناغێکدا به‌پێی ڕه‌وتی گه‌شه و نه‌شه‌ی مێژووی ژیاری مرۆڤایه‌تی جه‌مسه‌رێکی کرده‌کی و پراکتیزه بووه‌ته‌وه. بۆیه نووسین ساته‌وه‌ختی قووڵبوونه‌وه و که‌ڵه‌که‌کردنی ئه‌زموونه کرداری و زه‌ینییه‌کانی مرۆڤ و به‌ردی بناغه‌ی تۆمارکردنی مه‌عریفه‌یه، ده‌کرێت بڵێین نێزیکترین ده‌لاله‌ته له‌و شته‌ی که هیگل ده‌ڵێت مێژوو فه‌لسه‌فه‌یه، واته تۆمارکردنی ئه‌زموون و بیرکردنه‌وه‌کانی مرۆڤ و بینین و تێفکرینیان له ئاسۆیه‌کی زه‌مه‌نیدا هۆکاری تێگه‌یشتنه له ڕه‌وتی فه‌لسه‌فه و یاسا و ڕێساکانی. به‌ڵام بێگومان دۆخی نووسین و نووسه‌ر له هه‌موو سه‌رده‌مه‌کاندا به‌م شێوه‌یه نه‌بووه و له هه‌ر قۆناغێکدا پێ به پێی پێشکه‌وتن یان پاشکه‌وتنی کۆمه‌لگه و ژیاری مرۆڤ ئه‌رک و پێگه‌ی جیاوازی بۆ دیاری کراوه، له سه‌رده‌مێکدا نووسه‌ران خزمه‌تگوزاری پاشاکان و هه‌ڵبه‌ستوانی به‌ر قاپی وان بوون، له سه‌رده‌مێکیشدا هه‌ڵگیرسێنه‌ری شۆڕش و ڕه‌وتی چاکسازی له کۆمه‌ڵگا جۆراوجۆره‌کان دژ به ده‌سه‌ڵات و ئایین بوون، به‌گشتی له هه‌ر کوێ وشه‌ی ڕه‌سه‌ن هه‌بووه جمووجووڵ و ڕووداو، بیرکردنه‌وه و پراکتیک له‌لایه‌ک و به‌رپرسیارێتی و ئه‌خلاق له لایه‌کی دیکه‌وه ئاماده بووه، ئه‌گه‌رچی باسکردن له ئه‌خلاق و به‌رپرسیارێتی باسی زۆر هه‌ڵده‌گرێت، به‌ڵام که‌م نووسه‌ر له مێژوودا هه‌بووه به بێ هه‌ستکردن به به‌رپرسیارێتی سه‌رشان و ئه‌رکێکی ئه‌خلاقی(له سیسته‌می بیرکردنه‌وه‌ی خۆیدا) ده‌ستی دابێته نووسین.
به‌ڵام ئه‌مه یه‌ک سه‌ری هاوکێشهکهیهکی گه‌وره‌تره و نووسین تاکوو له قه‌واره‌ی کتێب و کاغه‌زدا بوو ئه‌گه‌رچی به‌ربڵاو و لهجآوهی سه‌رده‌می ئێسته‌ماندا زۆر کاریگه‌ر نه‌بوو، به‌ڵام پیرۆز و ڕێزلێگیراو بوو، وشه حورمه‌تی هه‌بوو، پیته‌کان خه‌رمانه‌ی جوانیی ما‌نایان به ده‌وردا ته‌نرابوو، هه‌ر وشه‌یه‌ک دڵۆپێک بوو له عاره‌قی ڕۆحی و زه‌ینیی و مه‌عریفه‌ی زۆر یان گچکه‌ی نووسه‌ر و شاعیر و…به‌ڵام لایه‌نه نه‌رێنییه‌که‌ی ته‌کنه‌لۆژیا یان ئه‌گه‌ر به زمانێکی بنیامینیانه بڵێین: گه‌شه‌سه‌ندنی ئامێره‌کانی به‌رهه‌مهێنانی ته‌کنیکیی له ئاستێکی به‌رفراوان ئه‌و پێگه و خه‌رمانه‌ی پیرۆزه‌ی نه‌ک کاڵ کرده‌وه و سڕییه‌وه به‌ڵکوو سیسته‌مێکی بێ‌ڕۆح و چرووکی له باتی نووسین جێگیر کردووه، که ئه‌مه‌ش له لایه‌ن که‌سانی ئینفلۆئێنسێر یان ناسراوی ناو تۆڕه کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان که بانگه‌شه بۆ به‌رهه‌م یان کاڵا و بڕاندێک ده‌که‌ن (مه‌رج نییه هیچ توانایی یان هه‌ڵکه‌وتووییه‌کیان هه‌بێت)، بره‌و پێ ده‌درێت و له ماوه‌یه‌کی کورت یان درێژی زه‌مه‌نیدا ئه‌خلاق و هه‌ڵسوکه‌وتیان به ناو کۆمه‌ڵگادا بڵاو ده‌بێته‌وه و یه‌ک کۆڵه‌که‌ی بنه‌مایی نووسین و دونیای وشه واته خوێنه‌ر داده‌ڕمێنن و گرێدراویی ئه‌م کۆڵه‌که‌یه‌ش له‌گه‌ڵ نووسین و نووسه‌ر وه‌کوو مانگ و خۆر وایه، بۆیه سه‌رێکی دیکه‌ی هاوکێشه‌که ده‌بێت به پێشکه‌وتنی ته‌کنه‌لۆژیایی و دیارده‌ی ئینفۆلئێنسێرهکان و کاریگه‌رییه نه‌رێنییه‌کانیان.
“گه‌شه‌ی ته‌کنه‌لۆژیا؛ له وشه‌وه بۆ شاشه بێ ڕۆحه‌کان”
به نسیبه‌ت ته‌کنه‌لۆژیاوه له وڵاته پێشنهکهوتووکان وێنایه‌کی ناته‌واو و خواروخێچ هه‌یه، ئه‌مه هه‌م له ئاستی خه‌ڵکی ئاسایی و گشتیدا ده‌رده‌که‌وێت و هه‌م له ئاستی خوێنده‌وار و هه‌ندێ نووسه‌ر و ڕۆشنبیردا. هه‌رچی چینی ئاسایی و خه‌ڵکی ڕه‌شۆکییه که جیهانی کۆن و پێشنهکهوتوویان به‌شێک له بیر ماوه هه‌ر پێشکه‌وتنێکی ته‌کنه‌لۆژی له سه‌یاره‌وه و موبه‌ڕیده و فڕۆکه و سه‌ته‌لایت، به مایه‌ی ئاسووده‌یی بۆ مرۆڤ ده‌زانن و له‌و ڕووه‌وه کێشه‌یان له‌گه‌ڵدا نییه، ئه‌وان هیچ کات بیر له‌و لایه‌نه‌ی ناکه‌نه‌وه که به‌هۆی پێشکه‌وتنی زۆری ته‌کنه‌لۆژیا و چالاکیی بنکه ئه‌تۆمییه‌کان و کارگه پێشه‌سازییه‌کان، گۆی زه‌وی و توێژی ئۆزۆن مه‌ترسیی که‌وتووه‌ته سه‌ر و ئێسته پله‌ی گه‌رمیی گۆی زه‌وی له حاڵه‌تی ئاسایی خۆی ده‌رچووه، بۆیه تێکدانێکی گه‌ردوونیی ژینگه و که‌ش و هه‌وا ڕووبه‌ڕووی دانیشتوانی گۆی زه‌وی بووه‌ته‌وه. ئه‌مه بێگومان تاکڕهههندییهکی خه‌مناکه که زیاتر له ناو چینه گشتی و پۆپیۆلارهکانی کۆمه‌ڵگا به‌دی ده‌کرێت. له‌و لاوه‌ش چینی نوخبه و ڕۆشنبیر دۆخێکی ڕه‌خنه‌گرانه و هاوکات کۆنسێرڤاتیڤیان هه‌یه که به شێوه‌یه‌کی سه‌یر له‌م دوو فاقێتییهدا ده‌ژین و ده‌جووڵێنه‌وه چون به‌ها مۆدێڕنه‌کان کۆمه‌ڵێک گۆڕانکاریی به‌دوای خۆیدا دینێت، مه‌رج نییه به ئاسانی له هه‌ناوی ئه‌م تاکه‌دا جێگیر بێت و هاوکات کۆمه‌ڵێک به‌ها هه‌ڵده‌وه‌شێنێته‌وه که له بازنه‌ی نۆستالۆژیا و نه‌سته‌وه‌ری ئه‌م چینه‌دا ڕه‌گئاژۆ بووه.
به‌ڵام ئه‌م دوو تێڕوانینه له ناو کایه‌ی گشتیی ته‌کنه‌لۆژیا و مۆدێڕنیته‌دا ده‌ژین و مه‌ترسیی هه‌ره گه‌وره نه‌ک ئه‌م تێڕوانین و مومارهسهکردنانه، به‌ڵکوو له‌کیسچوون و له‌ناوچوونی زمان و وشه وه‌کوو ڕۆح و هه‌ڵگری مانا و تێفکرینه به‌هۆی ئامێره‌کانی جیهانی ته‌کنه‌لۆژیاوه، ئه‌مه زیاتر له تۆڕه کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان و وه‌کوو نموونه‌ی زه‌ق له ئینستاگرامدا ده‌رده‌که‌وێت که به‌ر له‌وه‌ی جێگه وشه و ڕسته و مانا و بیرکردنه‌وه بێت، جێگه‌ی وێنه و خه‌یاڵکردنی نابهرههمهێنه و ئه‌م وێنه و خهیاڵکردنهش له یه‌ک ڕه‌هه‌ندی سه‌ره‌ڕۆ واته پۆرنۆگرافیدا زیاتر زه‌ق ده‌بێته‌وه، بابه‌ته‌که ته‌نها کاریگه‌رییه‌کانی پۆرن نییه، به‌ڵکوو به‌رته‌سککردنی خه‌یاڵی به‌رده‌نگ یان بینه‌ر بۆ ڕه‌هه‌ندێکی دیاریکراو و کوشتنی وشه و زمان و مانا و ڕه‌سه‌نایه‌تیی مرۆڤه وه‌کوو بوونه‌وه‌ر و وجوودگه‌را. بۆ نموونه ئێمه وێنه‌یه‌کی مارکس یان مه‌سعود محه‌مه‌د له ئینستاگرام ده‌بینین به که‌مترین لایک و پێشوازیکردن و سه‌رنجدانان و کۆمێنته‌وه، به‌ڵام وێنه‌یه‌کی هیلی لۆڤ هه‌زاران لایک و کۆمێنت تێده‌په‌ڕێنیت ئه‌مه له حاڵێکدایه ئه‌وان خزمه‌تی بیرکردنه‌وه و وشه‌یان کردووه و له ئاستی خۆیاندا به نسیبه‌ت کێشه‌کانی کۆمه‌ڵگا و سه‌رده‌می خۆیاندا خه‌مسارد و بێ لایه‌ن نه‌بوونه، به‌ڵام من له 16 ئۆکتۆبه‌ره‌وه تا ئێسته هێلی لۆڤ موتابه‌عه ده‌که‌م نه ڕووداوه‌کانی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوین به گشتی، نه شه‌ڕی ڕووسیا و ئۆکراینا، نه شۆڕشی ژینا، نه دۆخی کورد له باشوور و هیچ پارچه‌یه‌کی دیکه، نه ڕووداوه‌کانی فه‌ره‌نسه، نه دۆخی په‌نابه‌ران و نه هیچ شتێکی دیکه له دونیادا له پهنهجره و ئه‌کاونتی ئه‌ودا نابینرێت.
ئه‌وه‌ی هه‌یه بانگه‌شه‌ی زۆر بۆ جۆره‌کانی پێڵاو و جانتای ژنانه و و هه‌وره‌ها پیشاندنانی سمت و حاڵه‌ته‌کانی سمته، ئه‌مه ئه‌و لایه‌نه به‌ڕواڵه‌ت دهرههستهی پۆرنۆگرافییه که دوژمنی جه‌وهه‌ریی وشه و بیرکردنه‌وه و زمان و خه‌یاڵ به مانا بهرفراوانهکهیهتی. له‌ڕێگه‌ی ئینفلۆئینسێرێکی وه‌کوو هیلی لۆڤ و ده‌یان هه‌زاری دیکه له دونیادا به بێ هه‌بوونی هیچ گۆشه‌نیگایه‌ک بۆ دونیا و قه‌یران و ئاریشه‌کانی باشترین که‌سابه‌ت و قازانج به‌سه‌ر ته‌کنه‌لۆژیا و به سه‌ر لاشه‌ی زمان و وشه‌وه ده‌کرێ، ئه‌مه ئه‌و لایه‌نه ڕه‌شه دره‌وشاوه و هاوکات ده‌مامکدار و مهکیاجکراوهی ته‌کنه‌لۆژیا ومۆدێڕنهیه که هاوکێشه‌ی دژهزمایی تێیدا بیچم ده‌گرێت و فورموله ده‌بێت. هه‌ر بۆیه مانا و به‌هاکان له هه‌ناو و توێ ئاڵۆز و ئه‌فسووناوییه‌کانی وشه و پیته‌کان گوازراونه‌ته‌وه بۆ وێنه‌ی پۆرن و لا سمت و نێو مه‌مکه نه‌شته‌رگه‌ری کراوه‌کان و ئه‌مه کاره‌ساتی مانا و زمانیی ته‌کنه‌لۆژیایه له سه‌رده‌می ئێمه‌دا که به هه‌بوونی ئینفلۆئینسێرهکان یان هه‌مان ئه‌کته‌ره نیوهپۆرن و بهبرهندکراو و کاڵاگهراکان که دونیا له په‌نجه‌ره‌ی پێڵاو و سه‌فته دۆلار و پشتگوێخستنی هه‌موو شتیکی وجوودیانه‌ی مرۆڤه‌وه ده‌بینن، بووه به ئاکارێکی سه‌رتاپاگیر و به‌شیکی زۆری کۆمه‌ڵگا و کولتووری ڕه‌سه‌نی خوێندن و نووسین کاڵ و سڕ و مڕ ده‌کات، کۆی ئه‌م دیمه‌نه گوازرانه‌وه‌ی ئه‌قڵ و ئاوه‌زه له وشه ڕۆحبهخشهکانهوه بۆ ئهبڵقهکردن و زۆپبوونهوهی چاوه به سه‌ر شاشه ڕه‌نگاڵه‌ییه بێڕۆحهکاندا.
“کورد و نووسین و ته‌کنه‌لۆژیای پۆرنئامێز”
کێشه‌ی گه‌وره‌ی ئێمه وه‌کوو کورد، هه‌ر ئه‌و دۆزه‌یه که له شه‌ڕی چاڵدێرانه‌وه زه‌ق کراوه‌ته‌وه و تا سایکس پیکۆ و لۆزان درێژ کراوه‌ته‌وه، ئه‌م بێده‌وڵه‌تی و بێده‌سه‌ڵاتییه تاک و کۆمه‌ڵگایه‌کی په‌شێو و سه‌رلێشێواویش به‌ناچاری به‌رهه‌م دێنیت، سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی که ڕۆحی به‌رگریکار و دانهسهکناوی کورد تا ئێره‌ش سه‌نگه‌ری پاراستووه و هێشتا کورد و زمانی کوردی به زیندوویی ماوه‌ته‌وه، باشوور دوا ده‌رئه‌نجامی ڕۆحی کوردپارێزهرانهی ئێمه‌یه له مێژوودا که به‌داخه‌وه هه‌م ده‌سکه‌وتی زۆری هه‌بووه و هه‌میش قه‌یرانی زۆر ده‌ژی.
ئێسته دوای چه‌ند ده‌یه له ئازادی و حوکومداری له پاڵ کۆمه‌ڵێک نووسه‌ر و چالاک و بیرمه‌ند هه‌زاران زڕهنووسهر و چالاکی فه‌یک و بیرمه‌ندی ده‌ڵه‌مه و ساخته هه‌نه، که ئینفلۆئینسێر و سیلیبێرتییهکانیش ده‌که‌ونه ناو ئه‌م تۆڕه به‌ربڵاوه‌وه. خۆی تاکی کورد به شێوه‌یه‌کی ئاسایی به‌ر دونیایه‌ک برین و قه‌ڵشتی مێژوویی و له‌تبوونی شوناس که‌وتووه، ئیتر ئه‌م زڕه ده‌رکه‌وتانه‌ی ناو جیهانی دیموکراسیی و ته‌کنه‌لۆژیا و جیهانگیریش دۆخه‌که‌ی زۆر ئاڵۆز کردووه، نموونه‌یه‌کی وه‌کوو هیلی لۆڤ که له سه‌ره‌وه باسم کرد ته‌نها یه‌ک نموونه‌یه، ئێمه ڕۆژانه ده‌یان و سه‌دان که‌س ده‌بینین که به‌ناوی هونه‌رمه‌ندی میللی و شرۆڤه‌کاری سیاسی و بیرمه‌ند و بانگخواز و جیهادی ده‌رده‌که‌ون که مرۆڤی ئێمه ده‌گه‌ڕێننه‌وه بۆ سه‌رده‌مه به‌ده‌وی و پێشنهکهوتووکان، بانگخوازی وامان هه‌یه به دوو ڕسته مێژووی ڕۆژئاوا و فه‌لسه‌فه‌که‌ی و هونه‌ر و ئایینه‌که‌ی به ته‌واوه‌تی ڕه‌ت ده‌کاته‌وه، شرۆڤه‌کاری وامان هه‌یه هه‌موو کورد به نابهشهر و گه‌مژه ناو ده‌هێنێت و بێ ئه‌وه‌ی چوار قامکه‌که‌ی دیکه‌ش که ئاماژه بۆ خۆی ده‌که‌ن ببینێت، وه‌ک بڵێی ئه‌و ته‌نها کوردی ژیر و ئاقڵه که هه‌ڵکه‌وتووه و هاتووه گه‌مژه‌یی کوردان به ئێمه بسه‌لمێنیت.
ئینفلۆئێنسێری واشمان هه‌یه که ته‌نها شتێک که مانای نییه بۆی وشه و پیت و نووسینه، ئه‌و ته‌نها وه‌کوو بڕاندناسێک ده‌رده‌که‌وێت، هێنده بڕه‌نده‌کان ده‌ناسینێت که خۆی و جه‌سته‌ی به‌کاڵاکراوی به تایبه‌تی ده‌بێ به براند، ئه‌مه نه‌ک له کوردستان، به‌ڵکوو له هه‌موو جیهان که‌م و زۆر وایه به‌ڵام ئێمه چونکه هێشتا له دۆخی دۆزینه‌وه‌ی ئایدینتیتی و شوناسیی مرۆیی و نه‌ته‌وه‌یی خۆمان له سه‌ختترین سهردمداین، ئایا لۆژیکی نییه چاوه‌ڕان بین ئه‌وانیش له ماوه‌ی هه‌ر پێنج ساڵ بۆ ده ساڵێک باسێکی کورد یان په‌نابه‌رانی ڕۆژهه‌ڵاتی یان شۆڕشی ژینا که له به‌لووچستانه‌وه تا کۆلۆمبیا دهندگدانهوهی هه‌بوو یان دۆخی ژینکه‌ی جیهان بکه‌ن؟ ئه‌مه ته‌نها فۆرمێک له فۆرمه‌کانی سیلبێرتی و ئینفلۆئینسێرن و فۆرمه‌کانی دیکه که به زۆری بڵاو بوونه‌ته‌وه ئه‌و گچکه ئینفلۆئینسێر و کچه مۆدێله ساده و بچووکانه‌ن که له‌مانه‌ی سه‌ره‌وه کۆپی وه‌رده‌گرن و ئاکاره‌کانی ئه‌وان به شێوازێکی دیکه بڵاو ده‌که‌نه‌وه، بۆ نموونه ئێسته ئێمه بڕۆینه سه‌ر ئه‌کاونت یان هه‌ژماریان له تۆڕه کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان ده‌بینین وه‌کوو ناساندن نووسراوه: نووسه‌ر، ئه‌کته‌ر، چالاک، ژینگه‌پارێز، وه‌رزش، سه‌فه‌ر و…(ئه‌مانه هه‌مووی بۆ یه‌ک که‌س نووسراوه) و فاڵۆوێرێکی زۆریشی هه‌یه کاتێک به‌دواداچوونی بۆ ده‌که‌ی هه‌ڵوێسته‌کانی له‌سه‌ر ڕووداوێکی وه‌کوو ئاگرکه‌تنه‌وه له دارستانه‌کانی کوردستان بۆ نموونه له ئاستی قوتابییه‌کی ناوه‌ندیشدا نییه و ته‌نها بۆ جۆره هاونهواییهک شتێک ستۆری ده‌کات.
ئه‌مه ده‌ستوپێ سپی بوون و داماویی وزه‌ی کۆمه‌ڵایه‌تیی ئێمه ئاشکرا ده‌کات، لایه‌نه‌کانی ئه‌م کێشه‌یه هێنده فراوان و سه‌یر و سه‌مه‌ره‌ن که بابه‌تی چه‌ندین لێکۆڵینه‌وه‌یه، ئه‌وه‌ی که هه‌یه ئه‌و سه‌ردێڕانه‌ی که ئه‌مانه بۆ خۆیان هه‌ڵیده‌بژێرن سووککردن و بچووککردنی بابه‌تێکی وه‌کوو نووسین، زمان و وشه و بیرکردنه‌وه‌یه که نه بواری کاریی ئه‌وانه و نه شایسته‌ی ئه‌و سهردێڕانهش هه‌ن به‌ڵام له زه‌ینی زۆرینه‌دا وه‌کوو گریمانه‌یه‌ک قبووڵ کراوه و که‌س ده‌نگی لێ هه‌ڵنابڕێت. بۆ ئێمه‌ی کورد ئه‌مه مه‌ترسییه نه‌ک ته‌نها له لایه‌ن چه‌ند کچه مۆدێل یان پیاوانی گه‌ڕاڵی بێ مه‌به‌ستی ناو تۆڕه کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کانه‌وه به‌ڵکوو مه‌ترسییه، چونکه ئێمه ڕه‌نگه به‌ڕاده‌ی میلله‌تانی دیکه ته‌یار و پڕچه‌ک نه‌بین بۆ هه‌ستانه‌وه له هه‌مبه‌ر ئه‌م شه‌پۆله چرووککهره جیهانییه، بۆیه ده‌سه‌ڵاتی کوردی و ناوه‌نده کولتوورییه‌کان ده‌توانن به کردنه‌وه‌ی خوله جیاوازه‌کان ڕۆشنگه‌ریی پێویست به‌م بابه‌ته بڵاو بکه‌نه‌وه تاکوو له جیهانی وشه و بیرکردنه‌وه دانهبهزێینه جیهانی وێنه‌ی بێ ناوه‌رۆک و بێ به‌رهه‌مهێن به‌ڵام کاریگه‌ر.