نرخی دراوە دیجیتاڵییەکان ناجێگیرە، لە چوار رۆژی نیوەی دووەمی مانگی نیسان، زیاتر لە 3 هەزار دۆلار دابەزیوە. سێ رۆژی لەسەریەکیشە نزیکەی هەزار دۆلار دابەزیوە، بەوەش لە ماوەی تەنیا یەک هەفتەدا نرخی بیتکۆین زیاتر لە 7٪ دابەزیوە.
لە رۆژی 22ـی نیساندا و دوای تێپەڕبوونی 24 کاژێر، سەرمایەی بازاڕی دراوە دیجیتاڵییەکان بەڕێژەی 2.2٪ دابەزیوە بۆ 1.24 تریلیۆن دۆلار. دابەزینی نرخی بیتکۆین رۆژی چوارشەممە (19-4-2023) دوای ئەوە دەستیپێکرد کە رێژەی هەڵاوسان لە بەریتانیا لە سەرووی 10٪ مایەوە، ئەوەش ترسی زیادکردنی نرخی سوودی بانکی لە کۆبوونەوەی داهاتووی بانکی ناوەندی ئەو وڵاتە دروستکرد.
ئامارە ئابوورییەکانی ئەمریکا، ترسی زیادکردنی رێژەی سوودی بانکی و بەرزبوونەوەی بەهای دۆلاریش کاریگەریی نەرێنییان لەسەر نرخی بیتکۆین داناوە.
کەسێکی ئاگادار و دوور بین، ئازاد گەیلانییە کە بمەوێت سۆراخی ئەم بابەتەی لەگەڵدا بکەین.
ئازاد گەیلانی، شرۆڤەکاری بازاڕە داراییەکانە، من لە هەولێر و ئەویش لە لەندەن، “سێ بۆمبی” لەگەڵ خۆی هێنایە ناو گفتوگۆکەوە، دەیگوت بۆ ئەوەی بزانین بۆچی بیتکۆین دابەزیوە، دەبێت هۆکاری بەرزبوونەوەکەی بزانین، ئەو بڕوای وایە کە بەرزبوونەوەی بازاڕە داراییەکان و ئەو قەیرانە بانکییەی لە ئەمریکا سەریهەڵدا، هۆی گرنگن، بۆیە مەترسییەکە لەوێوە سەریهەڵدا کە یەدەگی فیدراڵی بڕێکی زۆر لە پارەی خستە بازاڕەوە، ئەوەش ئەو هەستەی دا بە بازرگانان کە دۆخی ساڵی 2021 و 2022 دووبارە دەبێتەوە، بەڵام ئەو پارەیەی لە کۆتایی مانگی نیسانی 2023 تەواو دەبێت، ئیتر پارە ناداتە ئەوروپا، کەنەدا و ژاپۆن.
زۆر هۆکار باسدەکرێن کە لە پشت بەرزبوونەوەی بیتکۆینەوەن، بەڵام لە گفتوگۆکەم لەگەڵ گەیلانی سێ هۆکاری نەوتراوم بیست.
یەکەم: دۆخی بازاڕەکانی جیهانە؛ لە نموونەی S&P500 کە هێندە بەرز بووەتەوە ناتوانێت لەوە زیاتر بەرزببێتەوە.
دووەم: زیادبوونی نرخی دراوە دیجیتاڵییەکان کە ئیدی دەبێت لەگەڵ بازاڕەکاندا خۆی بگونجینێت و دابەزێت، بۆیە ئەوانەی لە مانگی شوباتی 2023 قازانجیکی زۆریان کردووە، ئێستا بە قازانج دەیفرۆشنەوە، ئەوەش خستنەڕوو زیاد دەکات.
سێیەم: دەرکردنی یاسا لە پەرلەمانی ئەوروپا بۆ رێگەدان بە کارکردن بە دراوە دیجیتاڵییەکان کە دەکەونە ژیر رکێفی بانکە ناوەندییەکانەوە. بۆیە ئەوانەی مامەڵە دەکەن، دەبێت بەردەوام راپۆرت بدەن، بۆیە ئەو شرۆڤەکارەی بازاڕە داراییەکان پێشبینی دەکات، بەهای بیتکۆین داببەزێت، وەک خۆی دەڵێت “هەفتەی داهاتوو دەقەومێت”.
ئازاد گەیلانی، بەردەوام زانیاریی نوێ دەڵێت، خودا هەڵناگرێت لەم رووەوە هەم فێری کردووین و هەمیش تێر، جا وەک ئینگلیز دەڵێن “واو، بە مرۆڤ دەکات”، هەرکەس گوێ لە گفتوگۆکە بگرێت، هەستم پێدەکات کە زانیارییەکی ناوازە و نوێم لە کەسێکی بە ئەزموون دەستدەکەوێت، چۆن شۆک نابیت کاتێک دەبیستیت کە دەڵێت “نرخی زێڕ، دەگاتە 20 هەزار دۆلار”.
گەیلانی خۆی ئامادەکردبوو ئەم قسەیە بکات، بۆیە ئاگربڕی باشی بۆ کردبوو، قسەکە ئەمەیە “رەنگە ئەمساڵ یان ساڵی داهاتوو هەر ئۆنسەیەک زێڕ بگاتە 20 هەزار دۆلار”، ئەمە یەکێک بوو لەو “بۆمبانەی” کە ئاشکرای کرد: قەرزە کەڵەکەبووەکانی ئەمریکا و هەوڵەکانی کۆمارییەکان لەبەرانبەر بایدن (جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا کە دیموکراتە) کێشەی گەورەن، ئەگەر چارەسەر نەکرێن بەهای دۆلار زۆر دادەبەزێت، ئەوەش گەرەنتی بەرزبوونەوەی یوانی چینی دەکات، کە هۆکار دەبێت بۆ ئەوەی دابەزینێکی زۆر لە دۆلار ببینین، گەیلانی بە وریاییەوە ئەم قسەیەی کرد “کاتێک زێڕ دەگاتە 20 هەزار دۆلار، کە دۆلار زۆر داببەزێت”،
هۆکارێکی زۆر کاریگەر لەسەر نرخی زێڕ، پەیوەندییەکانی چین و ئەمریکایە لەبارەی تایوان.
شتێک کە من و ئەوانەی بەلایدا دەچن، هەروەها نایبینن بەهۆی بچووکییەکەیەوە، بابەتی “semiconductors”ـە، مەبەستم بابەتی مایکرۆچیپەکانە کە کرۆکی ئابووریی ئەمریکایە، ئەمانە بۆ بەرهەمە دیجیتاڵییەکان و ئەلیکترۆنیی بەکاردەهێندرێن.
رێژەی 80٪ـی ئەم چیپە ئەلیکترۆنییانە لە تایوان بەرهەمدەهێنرێن، هەر ئەوەشە وایکردووە ئەو ئەمریکا گەورەیە بچێت بە گژی ئەو چینە گەورەیەدا لەسەر ئەو تایوانە بچووکە، بۆیە ئەم هۆکارە نوێیە و زۆر کاریگەرە، لەبەرئەوە ئەمریکا دەیەوێت دەستی بگات بە زنجیرەی دابینکردنی ئەو چیپانە کە تایوان دابینکەری سەرەکییەتی، هەوڵەکانی چینیش لەگەڵ وڵاتان بۆ ئەوەی مامەڵە بە یوان بکەن، ئاڵنگارییەکی گەورەیە.
ئازاد گەیلانی دەڵێت، ئەوەی کە دۆلار لەم ئاستەدا ماوەتەوە هۆکارەکەی چینە، کە نایەوێت دۆلار زۆر دابەزێت، ئەگینا دەتوانێت ئەو یەدەگە دۆلارە زۆرەی کە هەیەتی، بخاتە بازاڕەوە، بەڵام یوانەکەی خۆی بەرزدەبێتەوە ئەوەش بۆ چین زۆر باش نییە.