نیشانەکردنی داتا یاخو دناساندنی داتا بریتییە لە پرۆسەی تاگکردن و نیشانەکردنی داتا ناڕێکخراوەکان “وەک ڤیدیۆ، وێنە و دەق” بۆ ئەوەی مۆدێلەکانی فێربوونی ئامێر (Machine Learning) بتوانن شێوازەکان لەناو ئەم داتایانەدا بناسنەوە و پێشبینی دروست بکەن. مۆدێلەکانی فێربوونی ئامێر لە ڕێگەی ئەزموونەوە فێر دەبن، بۆیە پێویستیان بەوەیە لەسەر زانیارییەکی ورد و ڕاستەقینە ڕابهێنرێن. بەڵام، دەبێت سەرەتا ئەم داتایانە سیفەتیان بۆ دیاری بکرێت، تاگ بکرێن و نیشانە بکرێن بۆ ئەوەی بۆ مۆدێلەکانی فێربونی ئامێر ئاسان بێت و لێی تێبگەن و زانیارییە پەیوەندیدارەکان بپارێزن. بۆ نموونە، ئەگەر بمانەوێت ئەلگۆریزمێک بە وردییەکی بەرزەوە پشیلە لەناو وێنەکاندا بناسێتەوە، پێویستمان بە کۆمەڵە وێنەیەکی جۆراوجۆر هەیە کە نیشانە کرابن. کۆمەڵە داتاکە دەبێت چەندین جۆری پشیلە، شێوازی وەستان، باری ڕووناکی و باکگراوندی جیاواز لەخۆ بگرێت. جگە لەوەش، دەکرێت وێنەی بێ پشیلەشی تێدا بێت (وەک نموونەی نەرێنی). ئاڵۆزی پرۆسەی ناساندنی داتا بەپێی بەکارهێنانە جیاوازەکانی مۆدێلەکان و پڕۆگرامەکانی ژیری دەستکرد دەگۆڕێت. بەدەستهێنان، ئامادەکردن و نیشانەکردنی بڕی پێویستی داتا و پشتڕاستکردنەوەی کوالێتییەکەی دەکرێت کارێکی زۆر سەخت و کاتکوژ بێت. زۆربەی پڕۆژەکانی ناساندنی داتا پشت بە تێکەڵەیەک لەمانە دەبەستن:-
- شارەزایی مرۆیی.
- پرۆسەی داڕێژراوی ورد.
- ئامرازەکانی ناساندن (Annotation tools) کە بە ژیری دەستکرد کار دەکەن.
“بۆچی نیشانەکردنی داتا (Data Annotation) بۆ ژیریی دەستکرد و فێربوونی ئامێر گرنگە؟”
نیشانەکردنی داتا هەنگاوێکی سەرەکییە بۆ پەرەپێدانی مۆدێلە سەرکەوتووەکانی ژیریی دەستکرد و فێربوونی ئامێر لەبەر ئەم هۆکارانە:-
دروستی: داتای نیشانەکراوی کوالێتی بەرز، بنەمایەکی ڕوون و جێگیر بۆ مۆدێلەکانی ژیری دەستکرد دابین دەکات تا لێیەوە فێر ببن، ئەمەش دەبێتە هۆی ئەوەی مۆدێلەکان متمانەپێکراوتر بن. نیشانەکردنی ناڕاست یان ناتەواو دەبێتە هۆی دروستبوونی لایەنگری و هەڵە لە مۆدێلەکەدا.
باشترکردنی کارایی: هەرچەندە داتا نیشانەکراوەکان وردتر و جۆراوجۆرتر بن، مۆدێلێکی ژیری دەستکرد باشتر دەتوانێت کار بکات. بەمەش دەتوانێت شێوازە ئاڵۆزەکان بناسێت و لە بارودۆخە ڕاستەقینەکاندا بڕیاری ورد بدات.
بەکارهێنان لە جیهانی ڕاستەقینەدا: نیشانەکردنی وردی داتا، تواناکانی ژیریی دەستکرد بۆ مەودایەکی فراوان لە کارپێکردنەکان دەکاتەوە،لە ئۆتۆمبێلە بێشۆفێرەکانەوە کە تەنەکانی سەر ڕێگا دەناسنەوە، تا دەگاتە سیستەمەکانی دەستنیشانکردنی پزیشکی کە وێنەی تیشکی (X-ray) شیدەکەنەوە.
دیاریکردنی ڕاستی بنەڕەتی: نیشانەکردنی داتا زۆر گرنگە بۆ دروستکردنی داتای “ڕاستی بنەڕەتی” (زانیاری پشتڕاستکراوە و دروست کە بەکاردێت بۆ مەشقپێکردن و تاقیکردنەوەی مۆدێلەکانی ژیریی دەستکرد) کە کوالێتییەکی بەرزی هەبێت. ئەم داتایە وەک پێوەرێک بەکاردێت بۆ پێوانی ئەوەی کە مۆدێلێکی ژیری دەستکرد تا چەند ورد و کاریگەرە. ئەو کەسانەی نیشانەی داتا دەکەن بە دیاریکردنی وردی زانیارییەکان، وەڵامی ڕاست بۆ مۆدێلەکە دابین دەکەن تاوەکو لێیەوە فێر ببێت.
“جۆرەکانی نیشانەکردنی داتا”
جۆرەکانی نیشانەکردنی داتا، بەپێی شێوازی داتاکان دەگۆڕێن و زۆرجار پرۆژەیەک پێویستی بە تێکەڵەیەک لە چەندین ڕێگەی جیاواز هەیە بۆ ئەوەی بگات بە ئامانجە دیاریکراوەکانی.ئەمانەش جۆرە سەرەکییەکانی نیشانەکردنی داتان:-
- نیشانەکردنی دەق (Text Annotation).
- نیشانەکردنی دەنگ (Audio Annotation).
- نیشانەکردنی وێنە (Image Annotation).
- نیشانەکردنی ڤیدیۆ (Video Annotation).
- نیشانەکردنی دەق (Text Annotation).
نیشانەکردنی دەق جەخت لەسەر ڕاهێنانی ئامێرەکان دەکاتەوە بۆ تێگەیشتن لە داتای نووسراو، بۆ نموونە چاتبۆتێک لەوانەیە لەسەر وشە سەرەکییەکان یان مەبەستە تایبەتەکان ڕابهێنرێت بۆ ئەوەی بتوانێت داواکارییەکانی بەکارهێنەر بناسێتەوە و چارەسەری گونجاو پێشکەش بکات. ئەگەر نیشانەکردنی دەقەکە نادروست بێت، ئەوا چاتبۆتەکە زانیاری ناپەیوەندیدار پێشکەش دەکات، هەر بۆیە نیشانەکردنی وردی دەق زۆر گرنگە بۆ دابینکردنی ئەزموونێکی باش بۆ بەکارهێنەر. لە پرۆسەی نیشانەکردنی دەقدا، خاڵەکانی داتا دەکرێت بۆ ڕستە و وشە سەرەکییە دیاریکراوەکان تەرخان بکرێن، و چەندین ڕێگەی باویش هەن کە لەم بوارەدا بەکاردێن.
نیشانەکردنی مانایی (Semantic Annotation)؛ نیشانەکردنی مانایی بریتییە لە نیشانەکردنی یاخود تاگکردنی تێکستەکان بە یەکە و چەمکە پەیوەندیدارەکان وەک ناوی کەسایەتییەکان، ڕێکخراوەکان، شوێنەکان، ڕووداوەکان، بەرهەمەکان، یان بابەتە دیاریکراوەکان. ئەم پرۆسەیە یارمەتی ئامێرەکان (کۆمپیوتەر) دەدات کە زانیارییەکان لە ناو داتای دەقە ناڕێکخراوەکاندا بە ئاسانی بدۆزنەوە و لێیان تێبگەن. لە ئەنجامدا، کۆمپیوتەرەکان نەک تەنها بەڵگەنامەکان دەدۆزنەوە، بەڵکو دەتوانن پەیوەندی نێوان بەشە جیاوازەکانی مێتا داتا و ئەو سەرچاوانەی کە وەسف کراون شی بکەنەوە و بیخوێننەوە.
نیشانەکردنی مەبەست (Intent Annotation)؛ لێرەدا، سەرنجی سەرەکی لەسەر شیکردنەوەی ئەو مەبەستە شاردراوەیە کە لە پشتی دەقەکان یان گەڕانەکانەوە هەیە. بۆ نموونە، ڕستەی “حەز دەکەم شوێنی مۆبایلەکەم بدۆزمەوە” گوزارشت لە داواکارییەک دەکات. نیشانەکردنی مەبەست لە مانای وشەیی تێدەپەڕێت و دەقەکە بەپێی ئامانجی بەکارهێنەر پۆلێن دەکات (وەک: داواکاری، ڕەزامەندی یان پرسیار).
نیشانەکردنی هەستەکان (Sentiment Annotation)؛ نیشانەکردنی هەستەکان بریتییە لە دیاریکردن و لێدانی “تاگ” یان نیشانە بۆ ئەو هەست و سۆزانەی کە لەناو دەقێکی دیاریکراودا دەربڕدراون. بەم شێوەیە، ئامێرەکان و سیستەمە زیرەکەکان دەتوانن فێرببن چۆن هەستەکانی مرۆڤ لەناو دەقەکاندا بناسنەوە. بۆ نموونە، تۆ دەتوانیت مۆدێلێکی فێربوونی ئامێر ڕابهێنیت بۆ ئەوەی سەرنج و ڕەخنەکانی کڕیاران دەربارەی بەرهەمێک شی بکاتەوە. لە ڕێگەی نیشانەکردنی هەستەکانەوە، مۆدێلەکە دەتوانێت لەو هەستانە تێبگات کە لە پشت دەقەکانەوەن و ڕەخنەکان پۆلێن بکات بۆ:-
- ئەرێنی.
- نەرێنی.
- بێلایەن.
پۆلێنکردنی دەق (Text Categorization)؛ ئەم پڕۆسەی نیشانەکردنی داتایە پێکدێت لە دیاریکردنی جۆر یان پۆل بۆ ڕستەکان یان تەنانەت تەواوی پارەگرافەکان لەسەر بنەمای بابەتەکەیان. ئەمەش وا دەکات دۆزینەوەی ئەو زانیارییانەی کە بەکارهێنەران پێویستیانە لەناو وێبسایتێک یان لەناو بەڵگەنامەیەکی گەورەدا ئاسانتر بێت.
2- نیشانەکردنی دەنگ(Audio Annotation).
گرنگە جیاوازی بکرێت لەنێوان نووسینەوە (Transcription) و نیشانەکردن (Annotation). نووسینەوە بریتییە لە پرۆسەی گۆڕینی فایلێکی دەنگی بۆ دەق بە شێوەی وشە بە وشە. بەڵام نیشانەکردن بریتییە لە دیاریکردنی جۆر و زیادکردنی زانیاری زیاتر یاخود مێتاداتا بۆ فایلێکی دەنگی. پرۆسەی نیشانەکردنی دەنگ پێکدێت لە زیادکردنی نیشانە بۆ فایلێکی دەنگی کە وەسفی ناوەرۆکی دەنگە تۆمارکراوەکە دەکات. بۆ نموونە، نیشانەکردنی دەنگ ڕەنگە بەکاربهێنرێت بۆ ناساندنی دەنگی هۆڕینی ئۆتۆمبێل، یان پێکەنینی کەسێک. بە زیادکردنی ئەم نیشانانە، ئێمە یارمەتی ئامێرەکان دەدەین بۆ ئەوەی تێبگەن لە چوارچێوە و واتای ناو فایلە دەنگییەکە.
3- نیشانەکردنی وێنە (Image Annotation).
ڕۆڵێکی بنەڕەتی و یەکلاکەرەوە دەگێڕێت لە ڕاهێنانی مۆدێلەکانى ژیریی دەستکرد و فێربوونی ئامێر. بە دانانی نیشانە و زانیاریی پەیوەندیدار لەسەر وێنەکان، ئێمە یارمەتی مۆدێلەکان دەدەین تا تێگەیشتنێکی قووڵ بۆ جیهانی بینراو لای خۆیان دروست بکەن. ئەم پڕۆسەیە ڕێگە بە مۆدێلەکان دەدات فێرببن لەڕێگەی بەستنەوەی نیشانەکان بە وێنەکانەوە. بەپێی پێویستی جۆری پڕۆژەکە، ژمارەی ئەو نیشانانەی دەخرێنە سەر وێنەیەک دەکرێت بگۆڕێت.باوترین جۆرەکانی بریتین لە:-
پۆلێنکردنی وێنە (Image classification)؛ پۆلێنکردنی وێنە بریتییە لە ڕاهێنانی ئامێرەکان لە ڕێگەی وێنەی نیشانەکراوەوە. مۆدێلی ژیریی دەستکرد فێر دەبێت کە ناوەڕۆکی گشتیی وێنەکە بناسێتەوە بە پشتبەستن بەو نموونانەی پێشتر دەستنیشانکراون. بۆ نموونە، ڕەنگە وێنەیەک وەک “پشیلە” یان “کەنار دەریا” پۆلێن بکرێت، ئەمەش بەپێی ئەو نیشانانەی کە پێی دراوە.
ناسینەوەی تەنەکان (Object detection)؛ ئەمە هەنگاوێکی وردترە لە پۆلێنکردنی وێنەدا، کە سەرنج دەخاتە سەر ناسینەوە و دیاریکردنی شوێنی تەنە دیاریکراوەکان لەناو وێنەیەکدا. دەکرێت ئەمە بە جیاوازی نێوان نیشانەکردنی وێنەیەک وەک “دارستان” و دەستنیشانکردنی یەک بە یەکی دارەکان لەناو ئەو دارستانەدا بچوێندرێت. لە “پۆلێنکردنی وێنە”دا، تەواوی وێنەکە یەک نیشانەی پێ دەدرێت، بەڵام لە “دەستنیشانکردنی تەنەکان”دا، هەر تەنێک نیشانەیەکی تایبەت بە خۆی وەردەگرێت.
4- نیشانەکردنی ڤیدیۆ (Video annotation).
نیشانەکردنی ڤیدیۆ بریتییە لە پرۆسەی پۆلێنکردن و ناساندنی لایەنە جیاوازەکان لەناو ڤیدیۆیەکدا بۆ ئەوەی یارمەتی ئامێرەکان بدات لە ناوەڕۆکەکەی تێبگەن. هەرچەندە ئەمە لە نیشانەکردنی وێنە دەچێت، بەڵام نیشانەکردنی ڤیدیۆ ئاڵنگارییەکی تایبەتی تێدایە، ئەویش ئەوەیە کە شتەکان دەجووڵێن، ئەمەش پێویستی بە شیکردنەوەی ڤیدیۆکە هەیە فرەیم بە فرەیم (وێنە بە وێنە) بۆ ئەوەی دڵنیا ببینەوە کە کەسەکان یان تەنەکان بە شێوەیەکی گونجاو نیشانە کراون. هاوشێوەی نیشانەکردنی وێنە، ئەو زانیارییانەی دەستنیشان دەکرێن ڕەنگە وردەکاریی وەک قەبارە و ڕەنگی ئەو تەنانە لەخۆ بگرێت کە لە جووڵەدان.
سەرچاوە؛ Sigma AI
وهرگێڕانی؛ لاولاو مستهقا







































































