“خوێندنەوەیەکی ڕەخنەگرانە، کوردییانە و پۆستکۆلۆنالییانە لەسەر بڵاوکراوەیەکی د. إیاد قنیبی، بانگخوازی ئیسلامی”
بانگخوازی ئیسلامی “إیاد قنیبی” لەسەر داوای کوردێک، وەکو خۆی ئاماژەی بۆ کردووە، بڵاوکراوەیەکی لەسەر هەڵمەتی ئەنفال لە تۆڕی کۆمەڵایەتی گووگڵ بە شێوازی “دەق” بڵاوکردۆتەوە و ئیسلامییە سیاسییەکانی کوردستانیش بۆسەر زمانی کوردیان وەرگێڕاوە. بڵاوکراوەکە، نەک وتار، زیاتر بە لەکۆڵخۆکردنەوەدەچێت و لە پەراوێز باسی پرسی کردنە ئامانجی کورد وەکو پێکهاتەیەکی موسڵمان دەکات. بڵاوکراوەکە لە دەوری وتاری برایەتی ئایینی یەکسانی بە “تقوی” دەخولێتەوە. ئەم وتارە شیکارییەی من هەوڵ دەدات دەقەکە بە چاویلکەی کوردبوون و پۆستکۆلۆنیالیزم هەڵبوەشێنێتەوە تا ڕوونی بکەمەوە بۆچی سەرەڕای مەیلی نیازپاکی د. إیاد قنیبی (وەکو خۆی دەیەوێت نیشانی بدات) دوور و نزیک لە کرۆکی پرسەکە نزیک نابێتەوە کە کورد بە ئامانج گیراوە و کۆمەڵکوژ کراوە، واتا لە بڵاوکراوەکەی ئەو پرسی ئەنفال تەواو بچووککراوەتەوە.
“وێڕای ئەوەش، ئامانجەکانی وتاری بڵاوکراوەکەی قنیبی لە چوار بازنە دەرناچن”
یەکەم:- چەندپاتکردنەوەی “برایەتی باوەڕداران” وەکو چوارچێوەیەکی ناوەندی، نووسیویەتی:- “خوێنیان یەکسانە، جەنگیان یەکە و ئاشتییان یەک”.
دووەم:- لە چوارچێوەدانی پرسەکە بە فەرموودەی:- “لا فضل لعربي على عجمي إلا بالتقوى” و مەیلی رەتکردنەوەی جیاکاریی نەتەوەیی لە دەرەوەی “تقوی”.
سێیەم:- خۆبەدوورگرتن و رەتکردنەوەی چەمکی “انفال” و دواتر لەقەڵەمدان و ناونانی ئەو کۆمەڵکوژی و هەڵمەتە بە ” تاوانێکی دیکە” و دوورکەوتنەوە لە کرۆکی ئەو بەکارهێنانەی چەمکی “أنفال” بۆ خۆبەدوورگرتن لە ڕەخنەگرتن لە رژێمی پێشووی ئێراق لە کۆمەڵکوژکردنی کورد.
چوارەم:- دڵنیاییدانەوە لە ڕێگەی ئایەتی “ولا تزر وازرة وزر أخرى” بۆ خۆ بەدوور گرتن لە لۆمەکردن و سەرکۆنەکردنی گشتی لە ئێراق.
کاتێک تایبەت و تایبەتمەند دەسڕدرێتەوە، لە ڕووانگهی کورد و قوربانیانی کوردستان بە گشتی، هەڵمەتی کۆکوژی کورد پرسێکی ئایینی یان باوەڕدار دژی بێ باوەڕ نیە، پرسێکی نەژادییە و نەتەوەیەکی سیاسی زۆرینە عەرەب نەتەوەیەکی دیکەی ناعەرەب، کە کوردە، کراوەتە ئامانج و پرسێکی سیاسی مێژووییە. ڕوونە هەڵمەتی ئەنفال پرۆژەیەکی دەوڵەت بوو بۆ سڕینەوەی نەژادێکی بەرامبەر و کۆکوژکردن و جینۆسایدی زیاتر لە 280 هەزار کوردزمان، وێرانکردنی 5000 گوند و دێهات، بەکارهێنانی چەکی کیمیایی لە دژی کورد و دەست نەپاراستن لە ژن و منداڵ و بەتەمەنەکان تەنیا لەسەر ناسنامەی نەتەوەیی. واتا ئەمە بە ئامانجگرتنێکی نەژادییە نەک ئایینی، هەرچەندە ئایینیش وەکو پاساو بۆ گەوجاندنی گشتی بەکارهێنراوە. بەو پێیە و لەو چوارچێوەیە، وتار و مەبەستی بڵاوکراوەکەی قنیبی سێ لادانی جەوهەری و کڕۆکی ڕەت ناکات:-
یهكهم:- گشتاندنی چەوساندنەوەی کورد و بێبەها کردنی:- وتار و مابەست و کاریگەری لەسەر خوێنەری کورد لە ڕێگەی ڕستەی گوایا “موسڵمانانیش تا شەریعە پەیڕەو نەکرێت ستەمیان لێ دەکرێت” راستەوخۆ ئەنفال دەخاتە ستەمدیدەیی موسڵمانان بە گشتی (بە بێ لێوردبوونەوە و خوێندنەوەی تایبەت). بەمەش کوردبوون وەکو هۆکاری سەرەکی لە ئامانج و هۆکاری ئەو تاوانە لەسەر دەستی رژێمی رابردووی ئێراق دەسڕێتەوە. بابەتی” تقوی” لە “التقوى وحدها تصنع الفرق” زەقدەکاتەوە بە ئامانجی سڕینەوەی خواستە نەتەوەییەکان (مافی بڕیاردان لە چارەنووس) لە چوارچێوەی ئێراقی دوای کۆلۆنیالیزم کە هەمان پەیڕەوی رەشبگیری ناوەندی لە دژی داگیرکراو “کورد” بەرجەستە دەکرد (و دەکات). ئەمە مافە فەرهەنگی، مێژوویی، زمان، جوگرافیایی و سیاسییەکان دادەشۆرێت و دەیکاتە پرسێکی لابەلا. بە مەش نزیکبوونەوە لە چارەسەری پرسە نەتەوەییەکە بەدوور دەگرێت و دادگەری بەڕەوا نابینیت و تەنیا دەیخاتە ملی ناپەیڕەوی شەریعەت. دواتر خۆی لە کڕۆکی بابەتەکە دەدزێتەوە و هاوشێوەی تێکڕای بابەتەکە لەوەدا قەتیس دەکات نایەوێت خوێ بخاتە سەر برینەکان “دەنووسێت:- لا أحب أن أنكأ الجراح”، بەمەش بۆ کورد و ڕزگاربووان بە تایبەت داپۆشین و باس نەکردنی تاوانەکە تەنیا یەک ڕامان هەڵدەگرێت ئەویش بەردەوامییدانە بە ئازار و ترۆما و مەینەتییەکە و داخستنی دۆسیەکەیە بە بێ چارەسەر.
هەرچی لە ڕووانگەی پۆستکۆلۆنیالیزمە، بڵاوکراوەکەی قنیبی دەچێتە نێو چوارچێوەی ئامراز و پەیڕەوەکانی بێدەنگکردن و دەمکوتکردن. لەو چوارچێوەیەدا، لە ڕووانگهی فرانز فانۆن، گشتاندن و بەگەردوونیکردن وەکو ئامرازی توندوتیژی مەعریفی و زانیاریی دێتە هەژمار. فانۆن بە وردی ئاماژە بەوە دەدات چۆن داگیرکار و کۆلۆنیالیست (دەسەڵاتی خۆسەپێنی بیانی)، یان لێرە خۆبەخاوەنزان، لەو دیو دروشمی “یەکسانی گشتی” مەرامەکانی دەشارێتەوە. لای خۆشی گایاتری سپیڤاک دەڵێت توندوتیژی مەعریفی و زانیاری ئەو کاتە دێتە پێشەوە کاتێک رێگە نادرێت مەینەتییەکانی “ژێردەستە” یان داگیرکراو سەرپەردە و ئاشکرا بکرێن مەگەر بە شێواز و زمانی داگیرکار و “سەردەست” نەبێت! لێرەدا کۆمەڵکوژی ئەنفال و لە جینۆساید کردنی کورد دەگۆڕدرێت بۆ “ستەمێک بەسەر باوەڕداران هاتووە.” لە دەرئەنجام، تاوانە کۆمەڵکوژییەکە لە تایبەتیبوون دادەماڵێت، واتا لە ڕەهەندە نەتەوەیی و مێژوویی و زمانەوانی و جوگرافیەکەیدا دەسڕێتەوە.
دووهم:- سڕینەوەی پانتایی سیاسی لەژێر سیبەری باوەڕ و ئایین. لەو چوارچێوەیەشدا بیرمەند تەڵاڵ ئەسەد دەپەرژێتە سەر وتاری ئیسلامیزمی سیاسی کە ئیسلام لە دەرەوەی دەسەڵات و هێز لە پێناسە دەدەن. دەکرێت ئەوەش بگوترێت، بەرامبەر بە گشتی ئیسلام لە سیاسەت دادەشۆرێنن و بەرامبەر بە تێکڕای بەرەی “کفر” سیاسەت وەکو کڕۆکی ئیسلام دەناسێنن و دەنوێنن. لە ڕووانگهی تەڵاڵ ئەسەد ئیسلامیستەکان ئیسلام دەکەنە پرۆژەیەکی ئاکاری یەک ڕووانگهی داشوراو لە پاڵنەری هێز و دەسەڵات، بۆ نمونە قنيبي دەڵێت:- “إلى أن تحكم الشريعة” واتا تا شەرع حوکم نەکات کێشەکە بەردەوام دەبێت. واتا کێشەکە لە ئاستی دەوڵەت و ئایدۆلۆژیا و مێژوو بۆ ئاستی نەبوونی یاسایی و رەوایی خوایی و شەریعە هەر بەردەوام دەبێت. واتا ئەمەی قنيبي دەیکات باسدانە بەسەر ئەنفال و جینۆساید لە وڵاتێکی داتاشراو و دروستکراوی دوای کۆڵۆنیالیزمی عەرەبی یان بەعەرەبیکراو، واتا ئێراق، کە میراتگری سنوورە داتاشراوەکانی هەردووک کۆڵۆنیالیزمی ڕۆژئاوایی (بەریتانیا و فەرەنسا) و ڕۆژهەڵاتییە (عوسمانی و سەفەوییەکان)، کە بە پاڵپشتی ڕۆژئاوا و یەکێتی سۆڤیەت بە ئایدۆلۆژیایەکی بەعسی عەرەبچی و بەعەرەبکار.
سێیەم:- رەهەندی سیاسەتی ناونان و زمانی تایبەت. لە ژێر رۆشنایی تیۆرەکانی جاکێس دێریدا و ئێدوارد سەعید و ئەوانی دیکەش، زمان بۆ پێناسینی ئەوی دیکە و مەرامە سیاسییەکان زۆر بە چڕی شەنوکەو کراوە. لێرەدا رژێمی پێشووی ئێراق لە خۆڕا ئەو ناوەی هەڵنەبژاردووە، بێگومانیش هەڵە نەبووە، چونکە پارتێکی سەیری چەپی فاشیستی کۆمەنیستی نازی-ئاسا بە بەرنامە هەموو شتێکی ئەنجام دەدا. واتا هەڵبژاردنی چەمکی “أنفال” بە ئاگایی و مەبەست بووە بۆ کۆمەڵگەیەکی ئایینی وەکو ئێراق تا شەرعیەتی ئایینی بۆ کوشتن و بڕین و دەستبەسەرداگرتن ببەخشن.
بەکورتی:- دەقەکەی د. قنيبي دەچێتە چوارچێوەی وتاری ئیسلامیزم و تەواوکاریی ئەو ڕەوتەی لە ڕووی سیاسییەوە درێژەپێدەری وتاری زاڵی عەرەبی ئیسلامیە و داشۆردنی ئەنفالە لە پاڵنەرە نەژادییە و سیاسییەکانی. بڵاوکراوەکە ناتوانێت وەڵامی پرسیاری ئاسایی لەسەر کۆمەڵکوژی ئەنفال بداتەوە، بۆ نمونە، بپرسێت ئاخۆ جینۆساید نەتەوەیی بووە؟ لە لایەن نەتەوەیەکی باڵادەست بەرامبەر بە نەتەوەیەکی ژێردەست کراوە؟ ئەوەش بابەتێکی زۆر هەستیارە و هیچ هەوڵێک بۆ چارەسەر یان سەرکۆنەکردنێکی بەرپرسیارانەی هەڵنەگرتووە تا دووبارەکردنەوەی بە دوور بگرێت! بڵاوکراوەکە نزا بۆ “مردووان” دەکات بەڵام شیکاریی و توێکاری بۆ چۆنایەتی لەناوبردن و شەهیدکردنیان ناکات. لێرەدا ئەوە بۆ تاکی کورد دەردەکەوێت، بۆ تاکێک بەرکەوتەی مەستی دوای داگیرکاریی نەبێت یان ڕزگاری بووبێت، هیچ دڵی ئاو ناخواتەوە. واتا بۆ کەسێکی کورد، ئەم جۆرە قسانە دەبێتە نموونەیەکی تر لە “جیهانگیریی بەزەییدار” و گشتگیر کە تیایدا پەنجە ناخرێتە سەر کێشە تایبەت و سەرەکییەکە و دەگشتێندرێت تا وێنەی کورد وەکو گەلێکی ستەملێکراو لە جیهانی ئیسلامی بشاردرێتەوە. ئەمەش قسەیەکە کە لە ڕووکەشدا دڵنەرمە و خەمی مرۆڤ نیشان دەدات، بەڵام لە کرۆکدا هیچ گۆڕانکارییەک لە هۆکاری ستەمەکە ناکات و وەک خۆی دەیهێڵێتەوە. وەک ئەوە وایە کەسێک ماڵەکەت بسوتێنێت، پاشان بێت و بڵێت “هەموومان مرۆڤین و دەبێ یەکترمان خۆشبوێت” بەڵام نە باس لەوە بکات کێ ماڵی سووتاندی و بۆچی سووتاندوویەتی؟ ئینجا نە قەرەبووت بکاتەوە، نە ڕێگری لە دووبارە سووتاندنی بکات. قسەکە بۆ کەسی نائاگا ئەرێنی و باشە، بەڵام ئەو سیستەمەی ڕێگەی دا ماڵەکەت بسوتێنێت هەر وەک خۆی دەمێنێتەوە. ئەوەش تا ئەو کاتە وەها بەردەوام دەبێت عەرەبێکی ئێراقی یان دەرەکی هەست بە کەموکوڕی بکات، یان بەلایەنی کەم ستەمی رژێمی پێشوو لە کورد بە سیستەمی ناوەندی نەبەستنەوە گوایا ستەمی لەهەمووان کردووە وەکو یەک، رژێمەکەی ئێستاش سیاسەتی دژە زمان و فەرهەنگ و خاک پەیڕەو دەکات و ئێستاش هاوشێوەکانی حەلبوسی و خەزعەلی و کلدانی هەمان وتاری ناوەندی سەردەمی کۆن دەڵێنەوە، کە دەرخەری وتارێکی نەژاد ناوەندییە هەرگیز بێجگە لە چەمکی “شیمال” ناوی کوردستانیش بەکارناهێنێنن و هەشن دەیانەوێت وەکو پارێزگە مامەڵەی لەگەڵ بکەن.






































































