“بەرایی”
پرسی لۆبیکردن یەكێکە لە پرسە هەرە گرنگەکان لە دوونیای هاوچەرخدا. دوای بڵاوبوونەوەی پرۆسەی جیهانگیری و پیشکەوتنی شۆڕشی تەکنەلۆژیا و زانیاری نەتەوەکان زیاتر لەیەکتر نزیک بوونەوە و تێکەڵاوی یەکتربوون. ئەمەش بووە هۆی ئەوەی بەرژەوەندی نەتەوەکانیش بەیەکەوە ببەسترێتەوە، ئەم بەیەکەوە بەستنەوەیەی نەتەوەکانیش یارمەتیدەر بووە بۆ ئەوەی کار و کارلێکردن لە نێوانیاندا بێتە کایەوە. کورد وەك گەورەترین نەتەوەی بێ دەوڵەت لەسەر ئاستی جیهان، زیاتر لە هەموو نەتەوەکانی دیکەی پێویستی بە کاری لۆبیکردن هەیە، لەبەر ئەوەی لە ڕێگەی لۆبیکردنەوە دەتوانێت دۆزە ڕەواکەی زیاتر بە دوونیای دەرەوە بناسێنێت. لەم چوارچێوەیەشدا فاکتەری یارمەتیدەر بۆ کاری لۆبیکردنی کورد لە دیاسپۆرا بوونی ژمارەیەکی زۆری کوردە لە دەرەوە، بە جۆرێک لەسەر ئاستی دەوڵەتانی ئەوروپا و ئەمریکا ڕەوەندی کوردی بەشێوەیەکی بەرچاو بەدیدەکرێت.
“واتای چەمکی لۆبیکردن”
لەڕووی وشەسازییەوە، چەمکی لۆبیکردن لە بنەڕەتەوە وشەیەکی ئینگلیزییە بە مانای “هۆڵی چاوەڕوانی” یان “پشوودان لە هۆتێلەکان” دێت. بۆ یەکەمجار فەرهەنگی ئۆکسفۆری بەریتانی لە ساڵی ١٨٠٨ بە واتا سیاسییەکەی بەکارهێناوە کە گوزارشتە لەو کەس و گرووپانەی کاریگەرییان هەبووە لەسەر ئەندامانی پەرلەمان و یاسادانەران لەو وڵاتە. فەرهەنگی ئەلیکترۆنی بریتانیکا (BRITANNICA) بەم جۆرە پێناسەی لۆبیکردن دەکات؛ بریتییە لەهەر هەوڵێک کە لەلایەن تاکەکان یان گروپەکانی بەرژەوەندی تایبەت دەدرێت بۆ دروستکردنی کاریگەری لەسەر بڕیارەکانی حکومەت. لیدەر هێرمانس ( Lyder Hermansen) مامۆستای زانستە سیاسییەکان لە زانکۆی کۆپنهاگن بەم شێوەیە پێناسەی دەستەواژەی لۆبی دەکات: “پێوەندیی ناڕێکخراو لەگەڵ سیاسییەکان و بەرپرسان، تاوەکوو کاریگەریی لەسەر بڕیارەکانیان هەبێت.” نووسەری ئەمریکی ریچارد بڕۆنۆیل (Richard Brownell)یش پێیوایە؛ لۆبیست “به‌و که‌سانه ده‌گوترێت که‌وا سه‌رنجی شوێنه ڕه‌سمییه‌کان و حکوومه‌تی هه‌ڵبژێردراو به لای خۆیدا ڕاده‌کێشێت، به مه‌به‌ستی سوودگه‌یاندن به یاسا و بڕیاره‌کانیان.”
“سەرەتای سەرهەڵدانی چەمکی لۆبیکردن”
سەرەتای دەرکەوتن و بەکارهێنانی ئەم دەستەواژەیە، دەگەڕێتەوە بۆ ساڵانی (١٨٦٩-١٨٧٧) لە کاتی سەرۆکایەتیی یەکێک لە سەرۆکەکانی ئەمریکا بە ناوی “یولیسیس گرانت”. یەکێک لە ئارەزووەکانی ناوبراو لەو کاتەدا، بریتی بوو لە چوونەدەرەوەی لە کۆشک، بۆ ئەوەی بتوانێت چاوی بە هاونیشتمانیانی بکەوێت و لە گرفتەکانیان بکۆڵێتەوە. بۆ ئەنجامدانی ئەم کارە، گرانت سەردانی هۆتێلێکی دەکرد بە ناوی ویلارد و، لەوێ چاوی بە هاووڵاتیان دەکەوت. ئەوانەی کە لە گردبوونەوەکەدا ئامادە دەبوون، ئەم دەرفەتەیان دەقۆستەوە بۆ ئەوەی لە ڕێگه‌ی هونەری ئاخاوتنەوە کاریگەری بخەنە سەر بڕیارەکانی سەرۆکی ئەمریکا. گرانت بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ دەکەوتە ژێر کاریگەریی ئەو کەسانە و، لە ئەنجامدا هەندێ یاسای دەگۆڕی کە ئامادەبووان وایان دەزانی لە بەرژەوەندیی ئەواندا نییە. ئەمەیش وای کرد کە چەند یاسایەکی نوێ لە شوێنی یاسا کۆنەکان دەربچێت. بەم شێوەیە سەرۆکی ئەمریکا ناوی ئەم چالاکییانەی کردە لۆبی و، ئەو کەسەی ئەم کارەیشی دەکرد، بە لۆبیست ناوی بردن. سەرەڕای ئەم مێژووە، چەند بۆچوونێکی تریش هەن ئاماژە بەوە دەدەن کە تەنانەت مێژووەکەی دەگەڕێننەوە بۆ سەرەتای ساڵانی ١٨٠٠. بۆچوونێکی تریش هەیە کە دەڵێت کاتی لەدایکبوونی ئەم دەستەواژەیە دەگەڕێتەوە بۆ سەدەی حەڤدەی زایینی لە وڵاتی به‌ریتانیا، کاتێک خەڵک بۆ دیدەنیی ئەندامانی ئەنجومەنی نوێنەران ڕوویان لە ڕێڕەو و هۆڵەکانی باڵەخانەی ئەنجومەن دەکرد کە پێی دەگوترا لۆبی.
کەواتە، لۆبی مانای کارێک دەگەیەنێت ، کە کەسێک یان گرووپێک کاریگەری بخاتە سەر بڕیار‌و سیاسەتی ئەندام پەرلەمانێک یان ئەندام کۆنگرێسێک. کە لە ئەمریکا لە دەرەوەی باڵەخانەی کۆنگرێسی ئەمریکادا، شوێنێک هەیە کە خەڵکی ئاسایی دەتوانێت بچێت ئەندام کۆنگرێسەکان ببینێت. لێرەشەوە وشەی لۆبی هاتە ناو مەیدانی سیاسیەوە، کە تێیدا کەسانێک یان گرووپێک یان نەتەوەیەک لە رێگەی ئەندامانی کۆنگرێس یان پەرلەمانەوە، دەتوانێت بۆچوونی خۆی بگەیەنێت و بتوانێت فشارێکی سیاسیی لەسەر دەزگا حکومییەکان دروست بکات.
“ئامانج و گرنگی لۆبیکردن لەسەردەمی جیهانێکی گۆراودا”
ئامانج له دروستکردنی گرووپی لۆبیی کوردی، بۆ ئه‌و مەبەستەیە کە کورد وه‌ک وڵاتانی دیکەی دوونیا ببێتە خاوەن گرووپی لۆبیی خۆی؛ ئه‌و که‌لێنەیش پڕ بکاته‌وه که هه‌میشه بازی به‌سه‌ردا داوه. ئامانج له دروستکردنی لۆبیی کوردی ئه‌وه‌یه، له ڕێگه‌ی لۆبییەوە شان به شانی حزبه کورد و کوردستانییه‌کان له ناوه‌وه قه‌ناعه‌ت به ناوه‌ندی ده‌سه‌ڵات له ئه‌وروپا و جیهان و ناوچه‌که بکات، تا کوردیش وه‌ک وڵاتانی دیکە ببێتە خاوەن دەوڵەتی سەربەخۆ، چونکە هیچ گەلێک نییه ئه‌وه‌نده‌ی کورد قۆناغی سه‌خت و دژوار و جه‌نگی مانه‌وه‌ی به‌رامبه‌ر تورک و فارس و عه‌ره‌ب و وڵاتانی زلهێز بینیبێت. به‌شێک له نه‌ته‌وه و گه‌لانی تر، به‌رگه‌ی زۆرداریی ئیمپراتۆره‌کانیان نه‌گرت و به‌یه‌کجاری له‌نێو گه‌لانی تردا توانه‌وه. ئێستایش سه‌رده‌می گلۆبالیزم و پۆستمۆدێرنیزم و فه‌یسبووک و میدیایه، جیهان وه‌ک گوندێکی بچووک سەیر ده‌کرێت، هه‌واڵ و ڕووداوه‌کان زۆر به‌خێرایی به هه‌موو جیهاندا بڵاو ده‌بنه‌وه، کوردیش تا ئێستا قۆناغی باشی بڕیوه، پشتگیریی نێوده‌وڵه‌تییشی تا ڕادده‌یه‌کی بەرچاو هه‌یه. بۆیه ئەستەمە گه‌لی کورد له نێو نه‌ته‌وه‌کانی تردا بتوێته‌وه؛ واتا قۆناغی توانه‌وه‌ی له نێو عه‌ره‌ب و فارس و تورک و عه‌جه‌م تێپه‌ڕی کردووه. بۆیە لەم کات و ساتە هەستیار و مێژوویییەدا ئەرکی سەرشانی حکوومه‌ت و سەرجەم حزبه سیاسییه‌کان و کەسایەتییە دەستڕۆیشتووەکان و ڕه‌وه‌ندەکانی کوردییه، هه‌وڵی جددی بدەن لە دروستکردنی لۆبیی کوردی له‌سه‌ر بنه‌مایه‌کی نه‌ته‌وایه‌تی، تاکوو بەم هۆیەوە ئه‌و که‌ڵێنه پڕ بکه‌ینه‌وه که‌وا هه‌میشه له مێژووی گه‌لی کورددا پشتگوێ خراوه و بازی به‌سه‌ردا دراوه. له ڕێگه‌ی لۆبیی کوردییه‌وه به‌رده‌وام کێشه و گرفت و زانیارییه‌کان بگه‌یه‌نینه سیاسییه‌کان به‌تایبه‌تی و کۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی به‌گشتی، تاوه‌کوو گوشارێکی گه‌وره له‌سه‌ر وڵاتانی سه‌رده‌سته‌ی کوردستان دروست بکه‌ین و ددان به مافی ڕه‌وای گه‌له‌که‌ماندا بنێن. بۆیە ده‌کرێت لە ئاستی جۆراوجۆر دانیشتن له‌گه‌ڵ لۆبیی وڵاتاندا بکرێت و داوای هاوکارییان لێ بکه‌ین.
کاری لۆبیی کوردییش سەرەنجام له‌سه‌ر حزبه کوردی و کوردستانییه‌کان وه‌ستاوه. ئه‌گه‌ر حزبە کورد و کوردستانییه‌کان له ڕۆڵ و گرنگیی لۆبیی کوردی تێ بگه‌ن و کەسانی دڵسۆز و نه‌ته‌وایه‌تیمان هه‌بێت، ئه‌وا له‌مڕۆ به‌دواوه کار بۆ دروستکردن و به‌گه‌ڕخستنی ده‌که‌ین له‌سه‌ر ئاستی نه‌ته‌وایه‌تی، چونکه کاری لۆبیی کوردی هه‌ر به دروستکردنی ده‌وڵه‌تی کوردستان کۆتایی نایه‌ت به‌ڵکوو پاش سه‌ربه‌خۆییی کوردستانیش پێویستیی زۆرمان پێیه‌تی. گونجاوترین پێشنیاری خێرایش لەمبارەیەوە ئەوەیە کە:-
- دروستکردنی گوشاری به‌رده‌وام له‌سه‌ر دامودەزگه‌کانی حکوومه‌ت تاوه‌کوو بەبه‌رده‌وامی بڕیاری ڕاست و دروست ده‌ربکەن.
- گه‌یاندنی زانیارییه‌کان به کۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی و پاراستنی پێوه‌ندییه‌کانمان له‌گه‌ڵ دۆستان و سیاسه‌توان و په‌رله‌مانتاران و ئه‌ندامانی حکوومه‌ت و ڕێکخراوه حکوومی و ناحکوومییه‌کان.
ئه‌گه‌ر له ڕابردوودا؛ هه‌وڵێک بۆ دروستکردنی لۆبیی کوردی درابێت، ئه‌وا هه‌ڕه‌مه‌کی بووه و جێگه‌ی سەرنجی زۆر نەبووە. بۆ نموونه هەرچەندە بۆ سەرخستنی لۆبیی کورد لە واشنتۆن کاری باش کراوە، بەڵام ئه‌و نووسینگه‌یه‌ی لۆبیی کوردی له واشنتۆن، نه‌کراوه به پڕۆژه‌یه‌کی گه‌وره‌ی نه‌ته‌وایه‌تی. ئه‌وه‌ی له ناوه‌ڕاستی هه‌شتاکان له به‌ریتانیا دروست بوو، لۆبیی کوردی نه‌بوو، به‌ڵکوو هه‌وڵێک بوو بۆ دروستکردنی لۆبیی کوردی. هۆکاره‌کانیش ڕوون و ئاشکران: گرنگترینیان به‌هێزیی ده‌زگه‌ی سیخوڕیی وڵاتانی داگیرکه‌ری کوردستان بوو له وڵاتانی ئه‌وروپا و پشتگیریی به‌رده‌وامی وڵاتانی زلهێزی جیهانی و ناوچه‌که بوو بۆ ڕژێمه داگیرکه‌ره‌کانی کوردستان له پێناو پاراستنی به‌رژه‌وه‌ندیی سیاسی و ئابووریی خۆیان. هۆکاری دووه‌میش نه‌بوونی ڕەوەندی به‌هێز له ئه‌وروپا و ئه‌مریکا و که‌میی سه‌رمایه‌داری کورد و نه‌بوونی ئابوورییه‌کی به‌هێز و که‌مته‌رخه‌میی حزبه سیاسییه کوردییەکان بووه له بواری لۆبیدا. پاش نه‌وه‌ده‌کان و ڕووخانی بلۆکی ڕۆژهه‌ڵات به‌رامبه‌ر ئه‌مەریکا و کۆچی لاوانی کورد بۆ ئه‌وروپا و جیهان و ڕزگاربوونی باشووری کوردستان له ده‌ست داگیرکه‌ران و کرانه‌وه‌ی جیهان به‌ڕووی گه‌له‌که‌مان و شۆڕشی ڕاگه‌یاندن و گلۆبالیزم و بوونی سه‌دان کۆمه‌ڵه و ڕێکخراوی کوردی له ئه‌وروپا و جیهان، ڕێگه‌خۆشکه‌رن بۆ دروستکردنی لۆبییەکی بەهێزی کوردی. بێ گومان، لۆبیی کوردی به شه‌و و ڕۆژێک، به حزب و ڕێکخراوێک به‌ته‌نیا دروست نابێت و کاری لۆبیبش دوای ڕاگەیاندنی سه‌ربه‌خۆیبی کوردستان هەرگیزاوهەرگیز کۆتایی نایه‌ت. ئه‌مانه و چه‌ندین خاڵی دیکه، کۆمەڵە هه‌نگاوێکن بۆ دروستکردنی لۆبیی کوردی؛ هه‌موو هه‌نگاوه‌کانیش له هه‌نگاوی یه‌که‌مه‌وه ده‌ست پێ ده‌کات. هیوادارین ڕۆژێک بێت بتوانین پێکه‌وه لۆبیی کوردی له‌سه‌ر ئاستی نه‌ته‌وایه‌تی دروست بکه‌ین.
“کۆبەند”
کورد بە شێوەیەکی گشتی، هەرێمی کوردستان بە تایبەتی پێویستییەکی زۆریان بە کاری کۆبیکردن هەیە، لە پێناو سەرخستینی دۆزی ڕەوای نەتەوەی کورد نەک تەنها لەهەرێمی کوردستان بەڵکو لە تەواوی پارچەکانی دیکەی کوردستانیش. کورد وەك هەر نەتەوەیەکی دیکە لە جیهان خاوەنی هێزی مرۆیی زۆرە بۆ برەودان بە پڕۆسەی لۆبیکردن، ئەوەی زۆر گرنگە ئەوەیە کە دەبێت ئەم پڕۆسەیە بە شێوەیەکی ڕێکخراو ئەنجامبدرێت، بۆ ئەوەی ئاست و شێوازی کاریگەرییەکەی زیاتر بێت. لۆبیی کوردی زه‌مینه‌سازیی باش و پلانی تۆکمه‌ی ده‌وێت، به‌تایبه‌ت له لایه‌ن حزبه کورد و کوردستانییه‌کانه‌وه، چونکه هه‌موو حزبه کورد و کوردستانییه‌کان ده‌توانن له هه‌موو کاتێکدا سوود له وزه و توانای لۆبیی کوردی وه‌ربگرن و، له کاتی خۆشی و ناخۆشیدا پاڵپشتی گه‌وره‌ی حزبه‌کان و گه‌لی کورد بن.
“چەند خاڵێکی گرنگ بۆ بەرەو پێشبردنی کاری لۆبیکردن بۆ کورد”
زۆر گرنگه به لایه‌نی که‌مه‌وه هه‌وڵی ئه‌وه بده‌ین زۆربه‌ی هەرە زۆری سیاسییه‌کان و ئه‌کادیمییه‌کان و خاوه‌ن توانا و لێهاتووه‌کان و خاوەن سه‌رمایەکان و پسپۆرانی وڵاتانی خانه‌خوێ و کوردستان کۆ بکه‌ینه‌وه و، لێرەدا ئەم هەنگاوانەی خوارەوە دەخەینەڕوو وەك ڕاسپاردە، بۆ ئەوەی سەرکردایەتی سیاسی هەرێمی کوردستان بتوانێت کاری لەسەر بکات:-
- سه‌ره‌تا ده‌بێت پرسی لۆبیی کوردی، بکرێت به باس و خواستی میدیا، ڕۆشنبیران، پسپۆران، سیاسه‌توانان، که‌ناڵه‌کان، حزبه سیاسییه‌کوردستانییه‌کان. و پرسی نەتەوەیی کورد و کورستان ببێتە چەقی لۆبیکردن و لە پێناو سەربەخۆییی نیشتمانی دایک و کوردستانییانه، کار بکه‌ین.
- پێکهێنانی لیژنه‌یه‌کی باڵا، که نوێنه‌ری هه‌موو لایه‌نه سیاسییه‌کان و پسپۆڕان و چین و توێژه‌کانی تێدا بێت.
- کۆکردنه‌وەی خاوەن سه‌رمایه‌کان، ئه‌کادیمییه‌کان، پسپۆڕان، لێهاتووان، سیاسه‌توانان، ئه‌ندام په‌رله‌مانه کورده‌کانی ناوخۆ و دەرەوە، چالاکوانی کۆمه‌ڵگه‌ی مه‌ده‌نی، ڕۆشنبیران، هونه‌رمه‌ندان، ڕۆژنامه‌نووسان، خاوه‌ن تواناکانی وڵاتانی ئه‌وروپا و جیهان و بانگهێشتکردنیان بۆ کوردستان و هەوڵدان بۆ سازکردنی کۆنگره‌یه‌ک سه‌باره‌ت به لۆبیی کوردی بە زووترین کات.
- پێویستە کۆنگره میساقێکی هه‌بێت، کە تێیدا نه‌خشه‌ڕێگه و هه‌یکه‌لی ڕێکخستنی خۆی داڕشتبێت و، بۆ ئێستایش باره‌گای سه‌ره‌کیی له کوردستانی باشوور بێت.
- که‌سانی پسپۆڕ، که بڕوایەکی پتەویان به دروستکردنی لۆبیی کوردی هه‌یە، له‌سه‌ر میلاکی حکوومه‌تی هه‌رێم دابمه‌زرێن و بە زووترین کات له وڵاته گه‌وره‌کانی وه‌ک ئه‌وروپا و ئه‌مریکا بنکه و باره‌گای تایبەتیان بۆ بکرێته‌وه؛ به هه‌مان شێوه که‌سانی پسپۆر و زمان‌زان له‌سه‌ر میلاکی حکوومه‌تی هه‌رێم کار بکه‌ن، چالاک و به‌توانا بن و ڕابردوویان پاک بێت و جێگه‌ی متمانه بن. مه‌رج نییه هه‌موویان کورد بن، باشتره به‌شێکیان خه‌ڵکی وڵاتانی خانه‌خوێ بن، پسپۆڕ و دڵسۆز بن و باوه‌ڕیان به کێشه‌ی ڕه‌وای گه‌له‌که‌مان و لۆبیی کوردی هه‌بێت؛ ئه‌گه‌ر که‌مته‌رخه‌م و به‌توانا نه‌بن، به‌ئاسانی بگۆڕدرێن.
- گرنگیی ته‌واو بدەن به کاری پێوه‌ندی و ڕاگه‌یاندن و دروستکردنی چه‌ندین لقی تر وه‌ک لۆبیی په‌ڕله‌مان، لۆبیی حکوومه‌ت، لۆبیی خاوەن سه‌رمایه‌کان، لۆبیی ڕێکخراوه مه‌ده‌نییه‌کان، لۆبیی ڕۆشنبیران و هونه‌رمه‌ندان و ڕۆژنامه‌نووسان، لۆبیی میدیاکاران، لۆبیی پزیشکان و ئه‌ندازیاران، لۆبیی پسپۆران و لێهاتووان و لۆبیی تر.
- پاش بەدەستهێنانی ڕه‌زامه‌ندیی په‌ڕله‌مان، سه‌رچاوه‌ی دارایی‌یان له بوودجه‌ی حکوومه‌تی هه‌رێم بۆ دیاری بکرێت. هەروەها هەوڵ بدرێت به‌شێک له سه‌رچاوه‌ی داراییی تریشیان له ڕێگه‌ی خاوەن سه‌رمایه‌کانی ناوەوە و دەرەوە، ڕه‌وه‌ندی کوردی، ڕێکخراوه نێوده‌وڵه‌تییه‌کانه‌وه تەرخان بکرێت.
- پێویستە ئەم دامەزراوە نوێیە، ڕۆژنامه و گۆڤار و ناوه‌ندی بڵاوکراوه‌ی تایبەت بە خۆی هه‌بێت و هاوکات سەرجەم که‌ناڵه‌کانی تر هاوکاریان بن بۆ دانانی کاریگەری له‌سه‌ر ڕاگه‌یاندنی وڵاتانی خانه‌خوێ له ڕێگه‌ی نووسین و ناردنی بابه‌ت، ڕێپۆرتاژ، لێکۆڵینه‌وه، چیرۆک، ڕۆمان، په‌رتووك، چاوپێکه‌وتنی ته‌له‌ڤزیۆنی، کاری هونه‌ری وه‌ک مووزیک و فیلم و شانۆگه‌ری و…، تاوه‌کوو ڕای گشتی به لای گه‌لی کوردا ڕابکێشین.
- دروستکردنی پێوه‌ندیی توندوتۆڵ له‌گه‌ڵ لۆبیی وڵاتانی تر، که‌ڵکوەرگرتن لە ئه‌زموونیان، تەنانەت له کاتی پێویستدا داوای هاوکارییان لێ بکرێت، بەتایبەتی لۆبیی ئیسڕائیل.
- سه‌نته‌رێکی زانیاری و لێکۆڵینه‌وه به ناویسه‌نته‌ری لێکۆڵینه‌وه‌ی لۆبیی کوردیدروست بکرێت.




































































