يەكێك لەو پرسانەى جێگاى مشتومڕ و ناکۆکییە لە دەوڵەتی فیدراڵیدا، بابەتى بەشداری یەکە پێکهێنەرەکانیەتی لە خاوەندارێتی و بەڕێوەبردنى سامانە سرووشتییەکانی وڵات. بۆیە ڕێکخستنى دەستووری و یاسایی بۆ سەرچاوەکانى وزە گرنگییەکى زۆری لە وڵاتانى فیدراڵی بەرهەمهێنەرى نەوت و گازی سرووشتی هەیە. لە ڕواڵەتدا دەستووری هەمیشەیی ئێراق بۆ ساڵی 2005، لە ماددەكانی (111 و112)، ئاماژەی بە مافی خاوەندارێتی و شێوازی بەڕێوەبردنی نەوت و گازی سرووشتی کردووە. هەر وەک دەبینین لە ماددە (111)ـدا، بە دەقێكی گشتی هاتووە كە سامانی نەوت و گاز موڵكی هەموو گەلانی ئێراقە. هاوکات لە بڕگەی (١)ـی ماددە (112)ـیشدا، باس لەوە دەكات حكوومەتی فیدراڵی لەگەڵ هەرێم و پارێزگا بەرهەمهێنەرەكانی نەوت و گاز، كێڵگەكانی ئێستا بەڕێوە دەبهن. لە بڕگەی (٢)ـی هەمان ماددەشدا باس لە ڕەنگڕێژكردنی سیاسەت و ستراتیژی پێویست بۆ پێشخستنی سامانی نەوت و گاز دەكات. بەگوێرەی ئەم ماددەیە، حكوومەتی فیدراڵی، هەرێم و پارێزگاكان، لە دانانی پلان و ستراتیژیەتی سامانە نەوتییەكاندا بەشدار دەبن و نابێت حكوومەتی فیدراڵی یەكلایەنانە بەڕێوەیان ببات.
پرسی بەڕێوەبردن و مافی خاوەندارێتی هەرێمی كوردستان لە سەرچاوەکانی وزە لە دەوڵەتی فيدراڵی ئێراقدا، ڕای دامەزراوەکان و یاساناسانی کردووە بە دوو بەشی پێچەوانە لە یەکتر. ڕای یەکەم، کە زیاتر گوزارشت لە بۆچوونی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەکات، پێیان وایە بە گوێرەی دەستووری بەرکار، هەرێم مافی ئیدارەدان و خاوەندارێتی لە سەرچاوەکانی وزە هەیە. هەر وەک لە ڕاگەیەندراوی ئەنجوومەنی وەزیران. لە 15ی شوباتی 2022ـدا هاتووە، کە دەڵێت: “هەرێمی کوردستان لە ڕوانگەی باوەڕبوونی بە دەستووری بەرکار، پێی وایە بواری نەوت و گاز لە دەسەڵاتی حەصری حکوومەتی فیدراڵی نییە، ماددە (١١٢)ـی ئەو دەستوورەش دانی ناوە بە مافی هەرێمی کوردستان بۆ دەرهێنان و پەرەپێدانی نەوت و گازی هەرێم. بۆیە لە ڕوانگەی کاری پێکەوەیی لەم کەرتەدا، حکوومەتی هەرێم لەگەڵ حکوومەتی فیدراڵی، ڕەشنووسی یاسای نەوت و گازی فیدراڵی لە شوباتی ٢٠٠٧ پەسەندکرد. لە کۆنووسی ئامادەکردنی ڕەشنووسەکەشدا هاتووە هەر دوولا ڕێكکهوتن ئەگەر لە ماوەی شەش مانگ پڕۆژە یاساکە دەرنەچووێنرا لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بەو داڕشتنەی کە هەر دوولا پەسەندیان کردبوو، ئەوا هەر دوو حکوومەت سەرپشکن لە پەرەپێدانی سێکتەری نەوت و گازی تایبەت بە خۆیان”.
هەروەها ئهنجوومهنی دادوهری ههرێمی كوردستانیش لە ڕوونكردنهوهیهكدا لە 30ی ئایاری 2022، دەڵێت: “ههڵسوكهوتهكانی حكوومەتی ههرێمی كوردستان لەگەڵ پرسی نهوت، لهگهڵ دهستووری هەمیشەیی ئێراق دهگونجێت، دۆسیهی نهوت و گاز له چوارچێوهی دهسهڵاته حەصرییهكانی حکوومەتی فیدراڵیدا نین كە لە مادده (110)ـی دهستووردا هاتووه”. هەروەها ئهنجوومهنی ناوبراو دەشڵێت: “به له بەرچاوگرتنی ئهوهی له مادده (112)ـی دهستووری ئێراقدا هاتووه، ئهو بیره نهوتیانهی دوای ساڵی 2005 له ههرێم دۆزراونهتهوه دهكهونه چوارچێوهی دهسهڵاتهكانی ههرێمی كوردستان، ئهو دهقهش باسی بیره نهوتیهكانی ئێستای كردووه، واتا ئهوانهی پێش ساڵی 2005 ههبوون، لهبهر ئهوهی بیره نهوتییهكانی ههرێم دوای ساڵی 2005 دۆزراونهتهوه، بۆیه دهكهونه چوارچێوهی دهسهڵاتهكانی حكوومەتی ههرێمی كوردستان، به پشت بهستن بهمهش دهقهكانی یاسای نهوت و گازی ههرێمی كوردستان، ژماره (22)ـی ساڵی 2007، ڕێكه لهگهڵ حوكمهكانی دهستووری عێراقی و پێچهوانهی نییه”.
لە لایەکی دیکەوە (جەیمس کراوفۆرد/ James Crawford)، یاساناسی ئەمریکی و بەڕێوەبەری سەنتەری لاوتێر پاخت بۆ یاسای نێودەوڵەتی لە زانکۆی کامبریج. لە بۆچوونێكی یاسایی فهرمییدا سهبارهت به گرێبهستهكانی نهوتی ههرێم، کە لە ٢٩ی کانوونی دووەمی ٢٠٠٨ بەرزکراوەتەوە بۆ حکوومەتی هەرێمی كوردستان، پێی وایە گرێبهسته نهوتییەکانی ههرێم لەگەڵ کۆمپانیا بیانییەکان پێچهوانهی دهستووری هەمیشەیی ئێراق نییە. لەگەڵ ئەوەشدا کراوفۆرد دهسهڵاتی حكوومەتی ههرێم له بهڕێوهبردنی سامانە نهوتی و گازییەکان پشتڕاست دهكاتهوه وهك ئەوەی دیاری كراوه لە یاسای نەوت و گازی هەرێمی کوردستان، كە هاوتایە لەگەڵ بڕگەكانی دەستووری بەرکاری ئێراق. لە هەمان کاتیشدا یاساناسی کورد، “د. سەعدی بەرزنجی” پێی وایە مافی بەڕێوەبردنی کێڵگە نەوتییە دۆزراوەکانی دوای ساڵی 2005، دەکەوێتە چوارچێوەی دەسەڵاتەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان. هەروەها یاساناسی ئێراقی (د. منذر الفضل) پێی وایە ئەو گرێبەستە نەوتیانەی لە لایەن حكوومەتی هەرێمی كوردستانەوە واژوو كراون، یاسایین و پێچەوانەی دەستووری فیدراڵی نین.
ئەم بۆچوونانەی کە باسمان لێوەکرد، زیاتر پشت ئەستوورە بە بڕگەی (١) لە ماددەی (112) و ماددە (115)ـی دەستووری هەمیشەیی، کە دەڵێت: “هەرشتێک لە سنووری دەسەڵاتە تایبەتەکانی حکوومەتی فیدراڵیدا ئاماژەی پێ نەکرابێت، ئەوە دەبێتە دەسەڵاتی هەرێمەکان و ئەو پارێزگایانەی ناکەونە سنووری هیچ هەرێمێکەوە. ئەگەر ناکۆکی دروست بوو لەسەر دەسەڵاتە هاوبەشەکانی نێوان حکوومەتی فیدراڵی و حکوومەتی هەرێمەکان، ئەوا پێشینە بۆ یاسای هەرێمەکەیە. وەک ئاشکرایشە نەوت و گاز لە چوارچێوەی دەسەڵاتە تایبەتەکانی حکوومەتی فیدراڵیدا نییە. لە بەرامبەردا ڕای دووەم، کە گوزارشت لە بۆچوونی حکوومەتی فیدراڵی دەکات، ئاماژە بەوە دەکەن لە چوارچێوەی ماددەكانی دەستووری بەرکار، هیچ ئاماژەیەكی ڕاستەوخۆ بەدیناكرێت بۆ بەخشینی مافی بەڕێوەبردن و خاوەندارێتی نەوت و گازی سرووشتی بۆ هەرێمەكان. بۆیە پێیان وایە ماددە (111)ـی دەستوور، بە دەقێکی ڕوون ئاماژە بەوە دەکات کە نەوت و گاز موڵکی سەرجەم خەڵکى ئێراقن لە هەموو هەرێم و پارێزگاکاندا. جگە لەمەش پێیان وایە دەستوور شێوازى بەڕێوبردنى کێڵگە نەوتییەکان و هەروەها چۆنیەتى ڕەنگڕێژى سیاسەتى نەوتى لە وڵاتدا بەپێی ماددە (١١٢) ڕێکخستووە. هەر بۆیە حکوومەتى فیدراڵی ئێراق، جەخت لەسەر فرۆشتنى نەوتى هەرێمى کوردستان دەکاتەوە لە ڕێگەى (سۆمۆ/ SOMO)، وە پێی وایە دەبێت داهاتەکانی کەرتی وزە بۆ بەغداد بگەڕێنرێتەوە.
هەر لە چوارچێوەی ئەم ڕایەدا، کە مافی بەڕێوەبردن و خاوەندارێتی لە کەرتی وزە بۆ هەرێمی کوردستان بە ڕەوا نابینێت، لە ١٥ی شوباتی ٢٠٢2، دادگاى فیدراڵی باڵاى ئێراق بڕیارى لەسەر هەر دوو سکاڵای ژمارە (٥٥/ فیدراڵی/ ٢٠١٢) و سکاڵای ژمارە (110/ فیدراڵی/ 2019) لە دژی دۆسیهی نەوت و گازی هەرێمی کوردستان دەرکرد، بەوەی کە کارکردنی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و گشت کۆمپانیا بیانی و ناوخۆییەکان لەم کەرتەدا کارێکی نایاساییە و پێویستە دۆسێیەکە ڕادەستی حکوومەتی فیدراڵی بکرێت. زیاد لەوەش، دادگای ناوبراو یاسای ژمارە 22ی ساڵی 2007ی تایبەت بە نهوت و گازی ههرێمی كوردستان، بە نادەستوورى ناساند.
بەگشتی دەوڵەتانی فیدراڵی بەشێوەی جیاواز مامەڵەیان لەگەڵ کەرتی وزەدا كردووە، هەندێكیان خاوەندارێتی و بەڕێوەبردنی ئەم کەرتەیان تایبەتمەند كردووە بە دەسەڵاتەکانی حکوومەتی فیدراڵی و هەندێكی دیکەشیان خستویانەتە چوارچێوەی دەسەڵاتی هەرێمەكان. لەم نێوەندەدا دەستووری بەركاری ئێراق ئەم کەرتەی لە چوارچێوەی تایبەتكارییە هاوبەشەكان ڕێكخستووە، هەر وەک ئەوەی لە ماددە (112)ـدا هاتووە. بەڵام لە ڕاستییدا دەستووری هەمیشەیی ئێراق، ڕەچاوی وردەكاری ڕێكخستنی دەستووریی و یەكلاییكردنەوەی ئەو ناكۆكییانەی تێدا بەدی ناكرێت. بە پێچەوانەوە چەندین بابەتی وردەكاری جێناكۆك و هەڵگری فرەلێكدانەوەی تێدا بەدی دەكرێت، بەهۆی فرەیی دەستەواژە دەستوورییە بەكارهێنراوەكانی پەیوەست بەم بوارە، سەرەڕای جیاوازی كردن لە بەڕێوەبردنی نەوتی دەرهێنراوی ساتی بەركاربوونی دەستوور و پاشتر لەو بەروارە.
بۆیە دەکرێت بڵێین، كرۆكی كێشەكانی هەولێر و بەغدا لەم دۆسێیەدا، خۆی لە تەفسیر و ڕاڤەی جیاواز بۆ بڕگە و ماددەكانی دەستووری هەمیشەیی دەبینێتەوە. بە جۆرێك حكوومەتی فیدراڵی، هەرێم بە سەربەخۆ و ناشەفاف لە واژوو كردنی گرێبەست، دەرهێنان، هەناردەكردن و بە بازاڕكردنی نەوت تۆمەتبار دەكات، لە بەرامبەریشدا حكوومەتی هەرێم ئاماژە بەوە دەكات، كه بەو پێیەی دەستووری ئێراق، دەستووری وڵاتیكی فیدراڵە، بۆیە دەسەڵاتی زیاتری بە هەرێمەكان و پاراستنی تایبەتمەندییەكانیان داوە و لە چوارچێوەی دەستووردا دەتوانن یاسای تایبەت بە خۆیان لەو بوارەدا دەربكەن.