وزەی سەوز؛ هەر جۆرە وزەیەکە لە سەرچاوەی سرووشتییەوە بەرهەم دەهێنرێت، وەک تیشکی خۆر، با، ئاو. هەندێکجار ئەم وزەیە لە سەرچاوەی وزەی نوێکراوە بەرهەم دەهێنرێت، هەرچەندە هەندێک جیاوازی لە نێوان وزەی سەوز و وزەی نوێکراوەدا هەیە، وا لە خوارەوە ڕونی دەکەینەوە.
“ئەم وزەیە چۆن کار ئەکات؟”
وەک سەرچاوەیەکی وزە، وزەی سەوز زۆرجار لە تەکنۆلۆجیاکانی وزەی نوێکراوەوە بەرهەم دێت وەک وزەی خۆر، وزەی با، وزەی جیۆتێرماڵ(گەرمی ژێر زەوی)، وزەی زیندە بارستەییەکان، وزەی کارۆئاوی. هەر یەک لەم تەکنۆلۆجیایانە بە ڕێگەی جیاواز کار دەکات، یان لە ڕێگەی وەرگرتنی وزەی خۆرەوە وەک سیستەمی سۆلار، یا لە ڕێگەی تۆرباینەکانی باوە یاخود لە ڕێگەی ئاوەوە وزە بەرهەم دەهێنن .
“بۆچی ئەم ناوەی لێنراوە؟”
بەهۆی ئەوەی ئەو سەرچاوانەی کە ئەم وزە بەکارئەهێنن، هیچ پیسبونێک بەرهەم ناهێنن وەک ئەو وزانەی کە لە سەرچاوە تەقلیدیەکانەوە(نەوت،گاز) بەرهەم دەهێنرێن. هەموو ئەو سەرچاوانەی کە لەلایەن پیشەسازی وزەی نوێکراوەوە بەکاردێن مەرج نیە وزەی سەوز بن. بۆ نمونە ئەو وزەیەی لە سوتاندنی مادە ئۆرگانیکەکانی دارستانەکان بەرهەم دەهێنرێت لەوانەیە وزەی نوێکراوە بێت بەڵام وزەی سەوز نیە، چونکە لە پرۆسەی سوتاندنەکەدا (Co2) بەرهەم دەهێنێت. سەرچاوەکانی وزەی سەوز بە گشتی بەشێوەیەکی سرووشتی لە سرووشتدا پڕ ئەبنەوە، بە پێچەوانەی سەرچاوە تەقلیدییەکان وەک گازی سرووشتی و خەڵوز، کە ڕەنگە ملیۆنان ساڵی پێویست بێت، هەروەها وزەی سەوز بە زۆری دورە لەو پرۆسانەی کە زیان بە ئیکۆ سیستەم دەگەیەنن، وەک هەڵکەندن و تەقاندنەوەی کانەکان.
“جۆرەکانی وزەی سەوز”
سەرچاوە سەرەکییەکان بریتین لە وزەی با، وزەی خۆر، وزەی کارۆئاوی( وزەی شەپۆل کە لە شەپۆلی دەریا و زەریاکانەوە وەردەگیرێت). وزەی خۆر و وزەی با دەتوانرێت لەسەر پانێڵێک لەسەر خانووی ماڵان یاخود بە پێچەوانەوە لەسەر ڕوبەرێکی گەورەتر بۆ مەبەستی پیشەسازی بەرهەم بهێنرێت.
“وزەی سەوز شەش جۆری باوی هەیە”
١-وزەی خۆر:- ئەم جۆرە باوەی وزەی دووبارە لە ڕێگەی پانێڵە هەتاوییەکانەوە بەرهەم دەهێنرێت، کە تیشکی خۆر وەردەگرێت و دەیگۆڕێت بۆ وزەی کارەبا. ئەم وزەیە بە هەمان شێوە بەکار دێت بۆ گەرمکردنەوەی بیناکان، گەرمکردنی ئاو، ئامادەکردنی خواردن و ڕووناککردنەوە. ئەم وزەیە لە ئێستادا بەهۆی ئەوەی تا ڕادەیەک ئاسان دەست دەکەوێت، دەتوانرێت بۆ ماڵان بەکاربهێنرێت بۆ نمونە بۆ ڕوناککردنەوەی باخچە، وە لە هەمانکاتدا ئەتوانرێت بە بەکارهێنانی پانێڵێکی گەورەتر بڕی پێویست وزە بەشی گەڕەکێک دابینبکرێت.
٢-وزەی با:- ئەم وزەیە بە تایبەت بۆ ئەو شوێنانە گونجاوە کە دورن لە کەنارە ئاوییەکان و لە ئاستی ڕوی دەریاوە بەرزن.وزەی با هێزی با بەکارئەهێنێت بۆ سوڕاندنی تورباینەکان و دواتر بەرهەمهێنانی کارەبا.
٣- وزەی کارۆئاوی:- ئەم وزەیە بە هەمان شێوە بە وزەی هایدرۆ کارەبایی ناو دەبرێت، ئەم جۆرەی وزەی سەوز لێشاوی ئاو لە ڕووبارەکان، جۆگەکان، بەنداوەکان یان هەر شوێنێکی تر بەکاردەهێنێت بۆ بەرهەمهێنانی وزەی کارەبا. وزەی کارۆئاوی تەنانەت دەتوانێت لە ئاوی کەمتریش وزەی کارەبا بەرهەم بهێنێت بۆ نمونە لە بۆری ئاوی ماڵان،ئاوی بەهەڵم بوو،بارانبارین یاخود لە شەپۆلی دەریا و زەریاکانەوە.
“بە پشت بەستن بە چۆنێتی بەرهەمهێنانیان، ئەتوانین بڵێین ئەم سێ جۆرەی تری وزە تا چ ڕادەیەک وزەی سەوزن”
٤-وزەی گەرمی ژێر زەوی(جیۆتێرماڵ):- ئەم جۆرەی وزەی سەوز ئەو گەرمییە بەکار دەهێنێت کە لە ژێر توێکڵی زەویدا خەزنکراوە. لە کاتێکدا بۆ دەستگەیشتن بەم سەرچاوەیە پێویستە زەوی هەڵکۆڵین. لێرەدا پرسیار دروست ئەبێت لەسەر کاریگەرییەکانی ئەم هەڵکۆڵینە لەسەر ژینگە. وزەی جیۆتێرماڵ هەزاران ساڵ پێش ئێستا بەکارهاتوە بۆ خۆشۆردن لە کانیاوە گەرمەکاندا. ئەکرێت هەمان سەرچاوە بەکار بهێنرێت بۆ هەڵمکردن و دواتر لە ڕێگەی تورباینەکانەوە بگۆڕدرێت بۆ وزەی کارەبا. تەنها ئەو وزەیەی لەژێر خاکی ئەمریکادایە بەسە بۆ ئەوەی (١٠) ئەوەندەی ئەو وزەی کارەبا بەرهەم بهێنێت کە ئێستا بە خەڵوز بەرهەم دەهێنرێت. لەکاتێکدا هەندێ وڵاتی وەک ئایسلەندا بە ئاسانی دەستیان بەم وزەیە دەگات. ئەم سەرچاوە پشت بە هەڵکەوتەی شوێنەکە ئەبەستێت، بۆ ئەوەی ئەم وزەیە بە تەواوی وزەی سەوز بێت پێویستە بە وریاییەوە پرۆسەی هەڵکۆڵینەکەی جێ بە جێ بکرێت.
٥- وزەی زیندە بارستەییەکان(بایۆماس):- ئەم جۆرەی وزەش پێویستە زۆر بە وریاییەوە مامەڵەی لەگەڵ بکرێت، تا بە ڕاستی بتوانین بە وزەی سەوز ناوی ببەین. ئەم وزەیە لە پاشماوەی دار، کا، پاشماوە کشتوکاڵییەکان دەست دەکەوێت. لە کاتێکدا سووتاندنی ئەم مادانە دەبێتە هۆی دەرپەڕاندنی گازە زیانبەخشەکانی بەرگەهەوای گۆی زەوی، بەڵام هێشتاش دەرپەڕاندنی ئەم گازانە زۆر کەمترن لەو بڕەی کە بە هۆی بەرهەمهێنانی وزەی لە سەرچاوە پترۆڵیەکانەوە بەرهەم دێت.
٦- سووتەمەنی ڕووەکی(بایۆفیول):- سووتاندنی مادە ئۆرگانیکەکانی بایۆماس (وەک لە سەرەوە باسکراوە)دەکرێت بگۆڕدرێن بە سووتەمەنی شل وەک ئیثانۆڵ و بایۆدیزڵ. ئەم وزەیە لە ساڵی ٢٠١٠ تەنها ڕێژەی٪٢.٧ ی سوتەمەنی شلی بۆ گواستنەوە دابین دەکرد، بەڵام بە پێی پێشبینیەکان بۆ ساڵی ٢٠٥٠ ئەم وزەیە ٪٢٥ ی وزەی جیهان بۆ مەبەستی گواستنەوە دابین دەکات.
“بۆچی ئەم وزەیە گرنگە؟”
وزەی سەوز گرنگە بۆ ژینگە چونکە بەدیلی کاریگەرییە نەرێنییەکانی وزە تەقلیدییەکانە و دۆستی ژینگەیە. لە سەرچاوە سرووشتیەکانەوە وەرگیراوە و بەهەمان شێوە بەزۆری وزەی نوێکراوە و خاوێنن. هیچ بڕێک یان کەمترین بڕی گازە زیانبەخشەکان بەرهەم دەهێنن و بەزۆری ئامادە و بەردەستن. تەنانەت کاتێک کە چاودێری سوڕی تەواوی بەرهەمهێنانی وزەی سەوز دەکرێت، دەبینین کەمترین گازی زیانبەخش لە بەرگە هەوای گۆی زەوی و کەمترین پیسبوون لە هەوا بەرهەم دەهێنێت بە بەراورد بە سەرچاوە تەقلیدییەکان.ئەمەش هەم بۆ هەسارەکە و هەم بۆ مرۆڤ و ئاژەڵەکان بەسوودە. ئەم وزەیە دەکرێت نرخی وزە جێگیر بکات، چونکە ئەم سەرچاوانە بەزۆری لە ناوخۆدا بەرهەم دەهێنرێن و قەیرانە جیۆپۆلیتیکەکان، بەرز و نزمی بازاڕ یاخود زنجیرەی دابینکردن (سەپڵای چەین) کاری تێناکەن. هەروەها یەکێک لە سوودە ئابورییەکانی بریتیە لە ڕەخساندنی هەلی کار، ئەم وزەیە لە ساڵی ٢٠١٨ دا نزیکە (١١)ملیۆن هەلی کاری ڕەخساندوە لە سەرتاسەری جیهاندا. بەهۆی سرووشتی بەرهەمهێنانی ئەم وزەیەوە لە ڕێگەی سەرچاوە سروشتیەکانی وەک خۆر و باوە،ژێرخانی ئابوری ئەم وزەیە زیاتر خۆگونجێنەرە و کەمتر پشت بە سەرچاوە ناوەندییەکان دەبەستێت هەروەها چارەسەرێکی کەم تێچوە بۆ دابینکردنی پێویستی وزە لە سەرتاسەری جیهاندا.
“چۆن ئەم وزەیە یارمەتی ژینگە دەدات؟”
وزەی سەوز سودێکی ڕاستەقینە بە ژینگە دەگەیەنێت، چونکە هێزی ئەم وزەیە لە سەرچاوە سرووشتییەکانەوە وەردەگیرێت وەک تیشکی خۆر، با، ئاو کە بە بەردەوامی بەشێوەی سرووشتی لە سرووشتدا پڕ دەبنەوە. ئەم سەرچاوەی وزانە بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ دژی سەرچاوە تەقلیدیەکانە کە کاربۆن بەرهەم دەهێنن کە زیاتر لە سەدەیەکە بەکار دێن. بەرهەمهێنانی وزە بە شێوەیەک کە هیچ گازێکی کاربۆن نەکاتە سروشتەوە،هەنگاوێکی گەورەیە بەرەو بنیاتنانی ژینگەیەکی تەندروست لە داهاتوودا، ئەگەر بە شێوەیەکی دروست لە بواری پیشەسازی و گواستنەوەدا بەکاری بهێنین ئەوا بە شێوەیەکی بەرچاو دەتوانین کاریگەرییە نەرێنییەکانمان لەسەر ژینگە کەم بکەینەوە.
“دەرئەنجام”
وا دیارە وزەی سەوز ئەبێت بە بەشێک لە داهاتوی جیهان و هەروەها بەدیلێکیش ئەبێت بۆ زۆرێک لە سەرچاوەکانی وزە کە لەمڕۆدا بەکار دێن. ئەم وزەیە تەنها بۆ ژینگە بەسوود نیە بەڵکو بۆ ڕەخساندنی هەلی کار و هەروەها سەرچاوەیەکی دور مەودای وزەشە. ڕاستییەک کە هەیە ئەوەیە، ئەبێت وزە تەقلیدییەکان لەمە بەدوا وەک ڕابردوو سەیر بکرێن چونکە پێویستییەکانمان دەستەبەر ناکەن لە بواری وزەدا. بە پێشخستنی سەرچاوەی وزەی جۆراو جۆر دەتوانین بەبێ زیان گەیاندن بە ژینگە، داهاتویەکی باشترمان هەبێت لە دابینکردنی وزەدا.
سهرچاوه؛ TWI Global
وهرگێڕانی له ئینگلیزییهوه؛ لاولاو مستهفا