بۆ وەڵام دانەوەی ئەم پرسیارە دەبێت بەرچاو ڕوونییەک هەبێت سەبارەت بە مێژووی کۆماری ئیسلامی ئێران و بە هەمان شێوە سیستەمە سیاسییەکەی، بەڵام بە شێوەیەکی کورت واباشترە بگەڕێینەوە بۆ دەستووری ڕژێمی کۆماری ئیسلامی ئێران، چونکە دەستوور بە داڕێژەری سەرجەم بنەماکانی دەوڵەت و حکومەت دادەنرێت و ئامانج و ڕێسا و یاساکان و ماف و دەسەڵاتی دامەزراوەکان و جۆری دەوڵەتەکە دیاری دەکات، بێگومان زۆر ڕوونە کە حکومەتی ئێران هەڵگری ئایدیۆلۆژیای تیۆکراسییە واتا حوکمی پیاوانی ئایینی کە پێیان وایە ئەوەی کە جێبەجێی دەکەن حوکمی خودایە و پیاوانی ئایینی کە لەسەر دەسەڵاتن ئەوە نوێنەری خودان لە سەر زەوی و دەبێت هەمووان بەو بنەمایانەی کە داڕێژراون پابەندبن و هەڵسوکەوت و چالاکییەکانی تاکەکان پێچەوانەی ڕێسا و یاساکان نەبن لەسەر ڕێچکەی دوازدە ئیمام بن. جگە لەوە بە پێی دەستوور سیستەمی سیاسی ئێران کۆماری و ئیسلامییە و ئەوەش ڕوونە کە حکومەتی کۆماری ئیسلامی ئێران ئایینی ئیسلامی بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانی خۆی بەکار هێناوەو دەهێنێت.
دەوڵەتی ئێرانیش بە دەوڵەتێکی ئیسلامی شیعە ناسراوە و لە قەڵەم دراوە چ لەسەر ئاستی هەرێمی چ لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی هەر بۆیە دەستووری ئێران لەسەر سێ بنەمای سەرەکی داڕێژراوە کە هەر کابینەیەکی حکومەت بێت ئەوە پێویستە لەسەری کە ئەو بنەمایانە جێبەجێ بکات ئەو بنەمایانەش ئەمانەن:
١- مانەوەی ڕژێمی سیاسی کۆماری ئیسلامی ئێران بە هەر شێوەیەک بێت.
٢- پاراستنی یەکپارچەیی خاکی ئێران.
٣- پاراستنی یەکییەتی و کۆمەڵایەتی و پابەند کردنی گەل بە بنەماکانی ئیسلام و شیعەگەری.
مەبەست لە بنەماکانیش ئەمانەن:
بنەمای یەکەم ئەوەیە چ لە دەرەوە چ لە ناوخۆ ئەرکی دەسەڵاتی جێبەجێکردن و سەرجەم دەسەڵاتەکانی دیکەیە کە لە ناوخۆ و لە دەرەوە هەژموونی کۆماری ئیسلامی ئێران باڵادەست بکەن و مانەوەی مسۆگەر بکەن و ئەو کیانە بپارێزن کە لە ئینقلابی 1979 وە دەستیان هێناوە.
دووەم بنەما بە هەر شێوەیەک چ بە سەربازی چ لە ڕێگای هێزی نەرمەوە بێت ئەوە ئەرکە لەسەر دامەزراوەکان بە تایبەتی دەسەڵاتی جێبەجێکردن کە یەکپارچەیی خاکی ئێران بپارێزرێت و دژی هەر گرووپێکی چەکداری و مەدەنی بێت کە دەبێتە مایەی هەڕەشە بۆ سەر یەکپارچەیی خاکی ئێران و ئاسایشی نەتەوەیی.
سێیەم بنەما ئەوەیە یەکێتییەکی هاوبەش لە نێوان سەرجەم نەتەوەکانی دیکەی ئێران دروست ببێت چ لە ڕووی فەرهەنگییەوە چ لە ڕووی کۆمەڵایەتییەوە و پێویستە بنەماکانی ئایینی ئیسلام و بە تایبەت تر بنەماکانی مەزهەبی شیعە جێبەجێ بکرێت بە سەر سەرجەم ئایینەکان و نەتەوەکانی دیکەی ئێران.
سەرۆک کۆماری ئێران بە پێی ماددەی (١١٤)ی دەستووری کۆماری ئیسلامی ئێران ئەوە بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ لە لایان گەلەوە هەڵدەبژێردرێت و بۆ ماوەی ٤ ساڵ لە پێگەکەی دەمێنێتەوە. بۆیە کە بە ڕاستەوخۆش لە لایان گەلەوە هەڵبژێردراوە ئەوە دەبێت لە ڕاستیدا سەرۆک کۆمار ڕۆڵێکی بەرچاو ببینێت، بەڵام ئەوەی وا دەکات سەرۆک کۆمار سەربەخۆ نەبێت لە بڕیارەکانی و نوێنەرایەتی ڕاستەقینەی گەلی ئێران نەکات و شێوازێکی پرۆتۆکۆڵیانە و ئیداری بە خۆیەوە ببینێت ئەوەیە کە ملکەچی فەرمانەکانی ڕێبەری گەورەی کۆماری ئیسلامی ئێرانە واتا ئایەتوڵڵا خامنەیی، کە ڕێبەری ئێرانیش بە پێی دەستوور دەسەڵاتێکی ڕەهای پێدراوە وەک لە ماددەی (110) تایبەت بە دەسەڵاتەکانی ڕێبەری ئێران بە پێی بەندی (2) ڕێبەر چاودێریکار و جێبەجێکاری سیاسەتی گشتی سیستەمەکەیە و بە پێی بەندی (٤)ی هەمان ماددە سەرۆکی گشت هێزە چەکدارەکانە و بە پێی بەندی (٥) فەرمانی جەنگ و ئاشتی دەدات و بە پێی بەندی (9) کۆتا بڕیار دەدات و ئیمزا لەسەر ئەوە دەکات کە سەرۆک کۆمار لە دوای ئەوەی بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ لە لایەن گەلەوە هەڵبژێردرا ئەوە ببێت بە سەرۆک کۆمار یاخود نا. هەرچەندە بە پێی ماددەی (١٢٥) سەرۆک کۆمار دەتوانێت کە ڕێککەوتننامە و پەیماننامە لەگەڵ دەوڵەتانی دیکە بکات و ببەستێت، بەڵام پێش هەر شتێک دەبێت ڕەزامەندی ڕێبەری گەورەی ئێرانی لەگەڵدا بێت. هەر بۆیە بە شێوەیەکی گشتی ئەوە ڕوون دەبێتەوە کە ڕێبەری گەورەی ئێران بە تەواوی هەژموونی خۆی لە سەر سەرۆک کۆمار و وەزیرانی وەزارەتەکان سەپاندووە چ وەزارەتی ناوخۆ چ وەزارەتی دەرەوە و هتد… ئەوەش کە داڕێژەری سیاسەتی ستراتیژی ئێرانە چ لە سیاسەتی دەرەوە چ لە سیاسەتی ناوخۆ بێت ئەوە ڕێبەری گەورەی ئێرانە، چونکە خاوەن هێز و دەسەڵاتە.
هەر بۆیە بە نەمانی ئەو بەرپرسە باڵایانەی کە لەو ڕووداوە گیانیان لە دەست دا ئەوە گۆڕانکارییەکی ئەوتۆ نایەتە کایەوە تەنیا مەگەر بەوەی کابینەکانی داهاتوو بە شێواز گەلێکی دیکە ئامانجە سیاسییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران بپێکن ئەگەرنا ئامانجەکان نەگۆڕن و ئەوەی دەگۆڕێت تەنیا کەسەکان و شێوازی گەیشتن بە ئامانجەکانە هەر بۆیە ڕەئیسیش هەمان ئەو ستراتیژییانەی پەیڕەو دەکرد کە کابینەکانی پێش خۆی پەیڕەویان دەکرد و کابینەی دوای خۆشی پەیڕەوی دەکەن هەر بۆیە چاوەڕێ ناکرێت کە گۆڕانکارییەکی سیاسی بە شێوەیەکی گشتی بێتە کایەوە لە سەر ئاستی ناوخۆ و دەرەوە. ئەوەی کە جێی سەرنج بێت ئەوەیە بە ئەگەرێکی زۆرەوە بۆی هەیە دووبەرەکییەک لە نێوان پارتەکان ساز ببێت لەسەر ئەوەی لە داهاتوودا کێ دەبێتە سەرۆک کۆماری ئێران هەرچەند وەک ئاماژەمان پێکرد کۆتا بڕیار لە لایان ڕێبەری گەورەی ئێرانەوە دەدرێت بۆیەش ئەو دووبەرەکییە زۆر ناخایەنێت جگە لەوەی ڕووداوەکە هێندە گوماناوییە کە دەکرێت تۆی دووبەرەکیش لە نێو خۆی ئێراندا بچێنێت و لە داهاتوودا کێشە ساز بێت. بێگومان ئەوەش پشت ڕاست کراوەتەوە کە ئەمە یەکەمین جار و یەکەمین ڕووداو نییە کە بەرپرسانی باڵای ئێران بە شێوازی گوماناوی و جۆراوجۆر گیان لە دەست بدەن.!