ئیمیلیۆ: بەردەوام دەبیستین و قسەکان لەبارەی دەروونشیکارییەوە ڕوو لە زیادبوونە، دەوترێت فرۆید بەسەرچووە و لە ئێستادا کارەکانی بۆ تێگەیشتنی مرۆڤ یاخوود دۆزینەوەیەکی قووڵ لەبارەی پەیوەندیکردن بە جیهانەوە بەس نین؟
ئەوانە تەنها مقۆ مقۆیەکن. لە بنەڕەتدا شتێک نییە بەناوی قەیران، ناشکرێت هەبێت. دەروونشیکاری هێشتا لە کێشانی هێڵەکەی نزیک نەبووەتەوە، هێشتاکە شتانێکی زۆر هەن دەبێت بە ڕاهێنانکردن لە بواری زانین بدۆزرێنەوە. وەڵامێکی دیاریکراو نییە و گەڕانێکی درێژ و ئارامگرتنی لەبارەی نەخۆشییەکانەوە دەوێت.
بۆ بەشی دووەمی قسەکانیشت کە پەیوەندی بە فرۆیدەوە هەیە، چۆن دەکرێت بڵێین بەسەرچووە لەکاتێکدا ئێمە بەتەواوی لێی تێنەگەشتووین؟ ئەوەی جەختی لەسەر کراوەتەوە ئەوەیە هانی داین بۆ بینینی شتی نوێ، شتانێک هەرگیز پێشتر بە خەیاڵماندا نەدەهات. هەر لە کێشەکانی نائاگایی بە گرنگی سێکس، لێکدانەوەی هێماگەری بۆ ملکەچبوونی یاساکانی زمان.
هەرخۆی ڕێکخستنی ڕاستی بەشێوەیەکی سیستماتیکی، بە جۆرێک کە پەیوەندی بەهەمووان و هەموو کەسێکەوە هەیە، بابەتێکی پرسیار ئامێزە. شتێکی دیکەیە جگە لە قەیران.
دووبارەی دەکەمەوە: هێشتا دوورین لە فرۆیدەوە، بەبەکارهێنانی ناوی ڕووپۆشی چەندین شت لابران، ئەمەش بووە هۆی چەندین لادان، شوێنکەوتووەکانی بەوشێوەیەی کە خوازراوە شوێن نموونەکە نەکەوتن و بەربەستیان بۆ دروست بوو.
دوای مردنی لەساڵی ١٩٣٩دا هەندێک لە خوێندکارانی ڕێچکەی ئەویان بە کەمکردنەوەی مەنهەجەکەی بۆ کۆمەڵێک دەستەواژەی بێ ئەقڵانە گرتە بەر. تەکنیک تەنها وەک نزایەک و پراکتیزەکردنی کورتکرایەوە لە چارەسەرە ڕەفتارییەکان، ئامانجییەتی لەڕێگەیەوە تاک بەسەر بازنە کۆمەڵایەتییەکەیدا سەرکەوێت، ئەو شتەی کە فرۆید خۆی بە توندی دژایەتی دەکرد وەک پڕاکتیزەکردنی بۆرژوازی بەتایبەت لە هۆڵەکان و هۆشداری لەبارەوە دەدا: کە وتی سێ کاری ئەستەم هەیە: بڕیاردان، فێرکردن، پڕاکتیزەکردنی دەروونشیکاری. لەکاتی ئێستا هەموو کەسێک بەرپرسیارێتی بڕیاردان لە ئەستۆ دەگرێت و هەموو کەسێک خۆی بە مامۆستا دادەنێت. ئەمما بەلای دەروونشیکارەکانەوە سوپاس بۆ خودا هەروەک جادوگەرەکان بە چارەسەرێکی دەسبەجێیی پێشنیاری یارمەتیدانی خەڵکی دەکەن و کڕیارەکانیش یەکانگا لە دەرگاکانیان دەدەن، زیادیان کردووە. دەروونشیکاری شتێکی جیاوازە.
ئیمیلیۆ: بەتەواوی چییە؟
وەکو نمایشێک وەسفی دەکەم – شتێکە تراژیدیای ئەم سەردەمەی تیایدا دەژین هەڵدەماڵێ. بێگومان فەلسەفە نییە، من ڕقم لە فەلسەفەیە و لەمێژە شتێکی سەرنجڕاکێشی نەخستووەتە بەر باس. هەروەها دەروونشیکاریش ئاڵۆز نییە و وەکو زانستێک باسی ناکەم. با ناوی بنێین پراکتیزەکردن، دەدا لە دەرگای ئەو شتانەی ناڕێکن. ئەوەشی پراکتیزەکردنی زۆر قورس دەکات ئەوەیە بەدوای دەستگرتنییەتی بەوشتانەی ڕێی تێ ناچێت و بۆ ژیانی ڕۆژانە خەیاڵین. تا ئەم ساتە گەشتووەتە هەندێک دەرئەنجام، بەڵام لەسەر یاساکان بونیادنەنراوە، هێشتا هەموو جۆرەکانی بەربەستیش ڕووبەڕووی دەبێتەوە.
بۆ ساتێکیش نابێت ئەوەمان لەیاد بچێت، کە چ بە ڕوانگەی پزیشکیی یان زانستی دەروونی بەهەموو لق و پۆپەکانییەوە بێت؛ هێشتا دەروونشیکاری نوێیە. هێشتا گەنجە و فرۆید ٣٥ ساڵە کۆچی دوایی کردووە. یەکەم کتێبی لەساڵی ١٩٣٠ بڵاوکراوەتەوە و سەرکەوتنێکی بەرچاوی بەدەست نەهێنا. وابزانم لە ساڵەکانی دەرچوونی تەنها ٣٠٠ چاپی لێ فرۆشرا. ژمارەیەکی کەمی خوێندکاری هەبوو، بە شێتیان لەقەڵەم دەدا لەگەڵ ئەوەشدا لەبارەی چۆنیەتی پراکتیزەکردن و جێبەجێکردنی ئەوەی فێری بوون لەنێو یەکدا ڕێکنەدەکەوتن.
ئیمیلیۆ: لەمڕۆدا چ شتێک لای خەڵکی ناڕێکە؟
ئەم بێباکییە گەورەی کە لە ژیاندا هەیە، وەکو دەرئەنجامێکی ڕکابەری بۆ پێشەوە. خەڵکی دەیانەوێت لەڕێگەی دەروونشیکارییەوە بزانن دەتوانن تا چەندێک بڕۆن و ئەم بێباکییەش لەگەڵ خۆیاندا پەلکێش بکەن.
ئیمیلیۆ: چ شتێک پاڵنەرە بۆ ئەوەی مرۆڤ دەست بۆ شیکاری ببات؟
ترس، کاتێک ڕووداوێک بەسەر مرۆڤدا دێت و لێی تێناگات، تەنانەت ئەگەر ویستی ڕوودانیشی هەبێت، دەیترسێنێت. بەهۆی تێنەگەیشتنەوە دەناڵێنێت و ووردە ووردە لە ترسدا دەکەوێت. ئەمەش دەروونییە. لە هیستریایی دەروونی، جەستە بەهۆی ترس لە نەخۆشی نەخۆش دەکەوێت، تەنانەت ئەگەر ڕاستیش نەبێت. لە وەسواسیدا، ترس شتی سەیروسەمەرە لە ئەقڵی مرۆڤدا دادەنێت، شت گەلێک ئەستەمە کۆنترۆڵی بکات، ترسی ئەوەی شێوازەکان و شتەکان مانای جیاواز لە خۆ بگرێت مرۆڤ دەخاتە تۆقانەوە.
ئیمیلیۆ: بۆ نموونە؟
بۆ نموونە کەسی دەروونی ئەوەی بەسەردا دێت هەستدەکات پێویستە دە جار دڵنیاببێتەوە لەوەی بەلوعەکە بەستراوە یان شتەکان لە شوێنی خۆیدان؛ لەکاتێکدا دڵنیاشە هەم بەلوعەکە بەستراوە هەم شتەکانیش لە شوێنی خۆیدان. هیچ حەپێک نییە سەربکەوێت بەسەر ئەمەدا، دەبێت هۆکاری ڕوودانەکەی و زانینی ئەوەی مانا چی دەدات بدۆزرێتەوە.
ئیمیلیۆ: ئەی چارەسەر؟
دەروون نەخۆش لەڕێگەی قسەکردنەوە چارەسەر دەکرێت، پێش هەموو شتێکیش ئەوەی کە پەیوەندیدارە پێیەوە. دەبێت قسەبکات، باسی بکات، خۆی ڕوونی بکاتەوە. فرۆید پێناسەی دەروونشیکاری کرد بەوەی بابەتی ” نەخۆش” بەهۆی ڕابردووە تایبەتەکەییەوە دەزانرێت، کە خۆی لە ئاستی وتاردان بەرەو ڕووی ئەوانیتر دەبینێتەوە. دەروونشیکاری بوارێکی وتاردانە و ڕەچەتەیەکی چارەسەری نییە. فرۆید ئەوەشی وت نائاگایی ئەوەندەش قووڵ نییە کە ئاگایی نەتوانێت لێپرسینەوەی لەگەڵا بکات. لەناو ئەم نائاگاییەدا، قسەکردن وەک بابەتێک دەچێتە ناو بابەتەوە، بابەتەکەش بەرزدەبێتەوە. قسەکردن بابەتێکی بەهێزی دەروونشیکارییە.
ئیمیلیۆ: قسەکردنی کێ؟ نەخۆش یان دەروونشیکار؟
لە شیکاری دەروونیدا، دەستەواژەیەکانی وەک ” نەخۆش”، ” دکتۆر”، ” چارەسەر”، جگە لە فۆرمولایەکی باوی بەکارهاتوو هیچی نییە. دەڵێین ” شیکاری وەردەگرێت” ئەوە تێکەڵەیەکە. ئەوەی کە کە کارە ڕاستەکە دەکات ئەوەیە قسەدەکات، تەنانەت ئەگەر بە پێشنیاری دەروونشیکارەکەش بێت کە بۆ پڕۆسەکە بێداری دەکات و لەملا لا یارمەتی وەردەگرێت، خودی بابەتەکەیە خۆی چارەسەر دەکات.
بابەتەکە بەپێی لێکدانەوەیە، لەیەکەم تێڕوانینەوە وادەردەکەوێت ئامانجی بەخشینی مانایەکە بە بابەتەکە، بەڵام لێکدانەوەی جدی فێڵبازانەیە، هەڵدەستێت بە دوورخستنەوەی مانا لەو شتانەی کە بابەتەکە پێیەوە دەناڵێنێت. ئامانجی ئەوەیە لەڕێگەی قسەکردنەوە بۆ بابەتەکەی دەربخات کە نەخۆشییەکە پەیوەندی بە هیچ شتێکەوە نییە و چەند مانایەکی دیاریکراوی کەمە. تەنانەت ئەگەر ” نەخۆش” ییەکەش شیاویش بێت، بوونی نییە.
ئەو ڕێگایەنەی کە جووڵەی گوتاردانی لێوە دەردەچێت، پراکتیزەکردن و ئارامگرتنێکی بێ کۆتایی دەوێت. هەر یەک لە ئارامگرتن و پێوەر، کەرەستەکانی دەروونشیکارین. تەکنیکەکە لەسەر پێوەری ئەو ڕێژە یارمەتیدانەی پێویستە پێشکەشی بابەتەکەی بکەیت دەوەستێت. دوای ئەوەش شیکارکردنی دەروونی شتێکی سانا نییە.
ئیمیلیۆ: کاتێک لەبارەی جاک لاکانەوە قسە دەکەین، بێگومان ناوی بە ” گەڕانەوە بۆ فرۆید” موتوربە دەبێت.ئەم ڕستەیە یانی چی؟
خۆی لە ماناکەیدا دەبینێتەوە، دەروونشیکاری یانی فرۆید. ئەگەر بمانەوێت دەروونشیکاری پراکتیزە بکەین دەبێت بگەڕێینەوە بۆ فرۆید، وشە و چەمکەکانی فرۆید پیت بە پیتی بخوێنینەوە و لەیەکی بدەینەوە. هەر لەبەر ئەم هۆیەش قۆتابخانەی فرۆیدی لە پاریس دامەزرا. بیست ساڵ پێش ئێستاکە ڕوانینی خۆمم لەم بارەیەوە وتووە: گەڕانەوە بۆ فرۆید یانی لابردنی دیاردە ناڕوونەکان لەسەر بوونگەرایی، بۆ نموونە: وەک ئەو ڕێکخرانەوەی بۆ کۆمەڵە دەروونشیکارییەکان دروستکراوە؛ دەبێت لەڕێگەی بنەما بنەڕەتییەکانەوە دووبارە خوێندنەوە بۆ مەنهەجی فرۆید بکەین. هەرکەس ئەوە نەکات جگە لەوەی لەکاتی قسەکردنی لەبارەی دەروونشیکارییەوە بە هەڵە لە چەمکەکان گەیشتووە هیچی دیکەی نەکردووە.
ئیمیلیۆ: فرۆید گرانە، وەک ئەوەشی دەوترێت لاکان گرانتری کردووە. لەلای لاکان لە گوتاردان نزیک دەبینەوە، نووسینەکانی جگە لە ژمارەیەکی کەمی لایەنگرانی نەبێت، ئومێدی لێ تێگەیشتن لە خۆ ناگرێت؟
دەزانم، وای دەبینن من بیرکردنەوەکانم لە پشت پەردە دوکەڵاوییەکانەوە دەشارمەوە. لە خۆم دەپرسم بۆچی؟ بەلایەنی دەروونشیکارییەوە، من لەگەڵ فرۆیدم، بەوەی ” یارییەکی پەوەندیکردنی خودییە،لەڕێگەیەوە بانگی ڕاستی دەکات بچێتە ناو واقعەوە”. ئیتر ئەمە ڕوون نییە؟ دەروونشیکاری یاری منداڵان نییە.
بە کتێبەکانم دەوترێت لێی تێناگەین، بەڵام بەلای کێوە؟ بۆ هەمووانم نەنوسیووە، هەر یەکێک پێی وایە دەتوانێ بەم شێوەیە لێی تێبگات. بەپێچەوانەوە لایەنگران نرخییان هەرچییەک بێت، هیچ هەوڵێکم بۆ پڕکردنەوەی پێداویستییەکانیان و ڕازیکردنی ئارەزووی ئەوان نەداوە. شتم هەیە بۆ وتن و دەیشیڵێم. ئەوەندە بەسە ئاپۆڕایەکم هەیە کارەکانم دەخوێننەوە. ئەگەر هیچ تێنەگەیشتن تەنها کەمێک ئارامگرتنی دەوێت.
بەلایەنی ژمارەی خوێنەرانەوە خۆم لە فرۆید بەبەختر دەزانم. دەشێت کتێبەکانم زیاتر بخوێنرێنەوە، ئەمەش سەرسامم دەکات. زۆر دڵنیام دوای دەساڵ یان زیاتر، ئەوانەی کارەکانم دەخوێننەوە دەبینن هەروەک پەرداخێکی بیرەی سەهۆڵاوی، ڕوونە. لەوانەیە ئەوکات بڵێن: ئەمە لاکانە! ئای بۆ گاڵتەجاڕییەکانی!
ئیملیۆ: پێکهاتەکانی لاکانی چین؟
بۆ وتن درەنگە، چیتر لاکانی بوونی نییە. وەکو ترسێک دەتوانین بەتەنکی هەستی پێبکەین. بە هەموو بارودۆخێکەوە، لاکان ئەو کەسەیە بۆ ماوەی زیاتر لە چل ساڵ و پێش ئەوەش کاری لە دەروونشیکاری کردووە. متمانەم بە پێکهاتەگەرایی و زانستی زمان هەیە. لە یەکێک لە کتێبەکانمدا نووسیومە ” ئەوەی فرۆید دۆزییەوە یەکگرتمان بوو لەناو سیستەمێکی گەورە، دەتوانین بڵێین دووبارە لەدایکبوونەوە، لە حاڵەتێک کە پێی دەوترێت “منداڵی دوای قسەکردن دەرچووین”.
سیستەمی هێماگەری کە فرۆید بۆ دۆزینەوەکانی پشتی پێ بەست، لەسەر زمانێک و سەرهەڵدانی گوتارێکی فرە دادەمەزرێت، کە لەسەرەتاوە لە هەموو گۆڕانکارییەکان سڕابووییەوە. جگە لە وشە هیچ شتێکی دیکە مانا بە گرنگی شتەکان نادات، بەبێ وشە هیچ شتێک نابێت. بەبێ پەیوەندییەکی زمانەوانی، چێژ لە کوێدایە؟
تێبینیم ئەوەیە فرۆید لە یەکەم کتێبەکانییەوە – لێکدانەوەی خەونەکان، پشت بنەمای چێژ…- باسی یاساکانی نا ئاگایی کرد، داهێنانی لەو بیردۆزانە کرد کە چەند ساڵێکی دیکە پشتی پێ دەبەسترێت، ئاڵفرێد دی سوسیر بۆ کردنەوەی دەروازەیەک لەبەردەم زمانی هاوچەرخ.
ئیمیلیۆ: ئەی بیری ڕەسەن؟
وەکو هەموو شتێکە، ملکەچە بە یاساکانی زمان. وشەکان توانیوویانە بەرهەمی بهێنن و یەکگرتوویی پێ ببەخشن. بەبێ زمان مرۆ لە توێژینەوە فکرییەکاندا ناتوانێت هەنگاوێک بنێت. هەمان شتیش لەسەر دەروونشیکاری پەیڕەودەبێت. ئەرکەکەی هەرچییەک بێت ئاڕاستەی دەکرێت – شێوازی چارەسەرییەکە، پراکتیزەکردن، ڕاپرسی- جگە لە بەکارهێنانی نیوەندگیرییەک هیچی تر نییە : گوتاری نەخۆشەکە. کە هەموو گوتارێک پێویستی بە وەڵامە.
ئیمیلیۆ: دەروونشیکاری وەک چاوپێکەوتنێک، دەبینین بە جێگرەوەی دانپێدانانی دادەنێن؟
بەڵام چ دانپێدانانێک؟ هیچ دانپێدانانێک بە شیکاری نییە. زۆر بە ئاسانی ڕێگە بە کەسەکە دەدەین هەرچی لە مێشکیدایە هەڵیڕێژێت. وشەکان، ئەمە هەموو شتێکە.
دەروونشیکاری پۆلێنکردنی مرۆڤە وەکو بوونەوەرێکی وتاردەر. لەسەر کەسی شیکار ئەرکە وتارێکی بە مانا ئاماددەبکات تا ماناش و بەڵگەشی پێ بدات. بۆئەوەی شیکارییەکە بەوشێوەی ویستراوە بکرێت، دەبیت لەنێوان شیکارەکە و ئەو بابەتەی کە خۆی شیکاردەکات ڕێککەوتن و لەیەک تێگەیشتن هەبێت.
لەڕێگەی وتارەوە دەروونشیکارەکە بەدوای دروستکردنی بیرۆکەیە لەبارەی مەبەستەکە و گەڕان بەدوای نیشانەکان بۆ دۆزینەوەی ڕاستییە شاراوەکانی پشت بابەتەکە. ئەرکی دەروونشیکار لە دۆزینەوەی مانایەک بۆ وتار تا نەخۆش بتوانێت ئەوەی لە دەروونشیکارییەوە چاوەڕێی دەکا هەزم بکات، دەردەکەوێت.
ئیمیلیۆ: پەیوەندییەکە متمانەیەکی زۆری دەوێت؟
ئاڵوگۆڕییە، یەکێک قسەدەکات و یەکێک گوێ دەگرێت، هەر خودی ئەمەش گرنگە. بێدەنگیشن، دەروونشیکار نە پرسیاردەکات نە بیرۆکەیەک بەدەستەوە دەدات. تەنها ئەو وەڵام و پرسیارانەی کە دەیەوێت دەیخاتە ڕوو. لەکۆتایدا ڕەخنە لەو بابەتە دەگرێت کە خۆی شیکاردەکات بەرامبەر ئەو ڕووخسارەی بەرەو دەروونشیکارەکەی دەبات.
ئیمیلیۆ: باسی چارەسەرت کرد، هیچ ڕێگەیەک بۆ چاکبوونەوە و ئازادبوون لە چنگی دەروونی هەیە؟
کاتێک مەیدانەکە بە دزەکردنە ناو پشتەوەی نیشانەکان و واقع ڕووناک دەبێتەوە، دەروونشیکاریش سەردەکەوێت. بە گوزارشتێکی ڕوونتر کاتێک دەڵێین، دەست لە ڕاستی دەدات.
ئیمیلیۆ: دەتوانی دووبارە کەمتر لە لاکانی، ڕوونی بکەیتەوە؟
ناوی من هەموو ئەو شتانەی لە واقعەوە دەردەچین دەردەهێنێت، واقعیش هەموو ئەو شتانەیە کە باش نین و ناڕێکن و ئەوانەشە کە لە ژیاندا ڕووبەڕووی مرۆڤ دەبێتەوە و دەبێتە لەمپەر لەبەردەم کەسایەتییەکەیدا. واقع هەموو جارێک دەگەڕێتەوە هەمان شوێن و بەهەمان گۆڕانکاریشییەوە لەوێ دەیبینیتەوە.
هەندێک لە زانایان بانگەشەی ئەوە دەکەن لەژێر سێبەری واقع ئەستەم بوونی نییە – تەنانەت وا لە دەروونییەکان دەکەن شتانێکی لەم شێوەیە بڵێن، من بڕوام وایە، لە نەفامییەکی گەورە لەنێوان ئەوەی کەسێک دەیڵێت و دەیکات بەرهەم هاتووە.
مەحاڵ و واقع دوو شتی دژیەکن و ناکرێت لەهەمان ئاستدا بن. شیکار بابەتەکە بەرەو مەحاڵ دەبات و وایلێدەکات بە واتایەکی خەیاڵی و بێ واتا سەیری دنیا بکات وەک ئەوەی لە واقع هەیە.
لەکاتێکدا واقع وەکو باڵندەیەکی شەڕانگێز وایە جگە لەسەر شتە بەرجەستەکراوەکان بەهیچ تێر نابێت و ڕووداوەکانی مانایان هەیە.
لەبارەی ئەوەی مانایەک بە بیرۆکەکان و ئاواتەکانت و چێژەکان و سێکس و ژیان و ئەمەو ئەوە ببەخشین، دەیبیستین. بەڵام ئێمە هیچ شتێک لەسەر ژیان نازانین. داناکان بەدوای ئەوەی بۆ ئێمەی ڕوونبکەنەوە تووشی هەناسە بڕکێ دەبن.
ترسم ئەوەیە، لە هەڵەکەیانەوە دەرچووە، واقع لە کۆتایدا سەرکەوتن بەدەست دەهێنێت. زانست خۆی بۆ دین گواستووەتەوە، بەڵکو شوێنی دینیشی گرتووەتەوە. خودای – گەردوونی – خودای فەلەکی… کاتێک زانست یان دین سەردەکەوێت، دەروونشیکاریش دوومایی دێت.
ئیملیۆ: لەکاتی ئێستاماندا، پەیوەندی نێوان زانست و دەروونشیکاری چییە؟
بەلای منەوە، زانستی ڕاستەقینە کە پێویستە شوێنی بکەویت: زانستی خەیاڵییە. ئەمما ئەوی دی، فەرمییەکان، کە کۆمەڵکوژییەکانی کڵێسا لە تاقیگەکانیان دەیکەن و بەبێ وریایی دەست لە ڕێگاکە دەدات، ترسی لە سێبەرەکە دەستی پێکردووە.
ئەو ساتەش کە شارەزایان بەر خەمێکی گەورە دەکەون دێت. ئەو نەتوانستانە ئەقڵ بچووکانە بە قاتەکانیانەوە لەناو تاقیگە نەزۆکەکانیاندا بڵاوبوونەتەوە و یاری بە شتانێک دەکەن کە هیچ بیرۆکەیەکیان نییە لەبارەیەوە، ئامێری نەزۆکی ناڕوون دروست دەکەن و دەستدەکەن بە پرسیارکردن ئاخۆ سبەی چی ڕوودەدات و ئەو توێژینەوە نوێیانە چی هەڵدەگرن. دەڵێم ئەمەیە! چی ئەگەر درەنگ بووبێت؟ لەئێستادا هەریەک لە بایۆلۆژییەکان و کیماییەکان و فیزییاییەکان دەپرسن، وای بۆ دەچم شێت بوون. ڕووی جیهانیان گۆڕیووە و ئێستاکە دەبێت گرنگی بەو مەترسییە بدەن کە لە خۆی گرتووە. چی ئەگەر شتەکە بە ڕوویاندا هەڵگەڕایەوە؟
ئەگەر ئەم ئاپۆڕایە بەبێ ئەقڵییەکی بەس، جیهان داپۆشێت، بە خوودی ئەو شارەزایانە سەرەتاییە؟
هەر یەک لەو کارە ئەستەمەی کە فرۆید ناوی هێناوە: بڕیاردان، فێربوون، دەروونشیکاری. من چوارەمی بۆ زیاددەکەم، ئەویش زانستە. شارەزایان هێشتا نە گەشتوون بەو ئەزموونەی بۆیان ئاشکرا بکات کارەکەیان ئەستەمە.
ئیمیلیۆ: ئەوە ڕوانینێکی دوورە لە ڕەشبینی بەرەوپێشچوون…
نا، ئەوە شتێکی دیکەیە. بێگومان من ڕەشبین نیم. هیچ شتێکیش ڕوونادات، بە هۆکارێکی ساددە مرۆڤ توانای هیچی نییە و شیاوی لەناوبردنی جۆری خۆی نییە. بەرهەم هێنانی پەتایەکی هەمەجۆر لەڕێگەی مرۆڤەوە سەرنجڕاکێشە، ئەمەش دەبێتە گرنگییەک لەوەی مرۆڤەکان هەر لە دەستی وقاچیانەوە بەبێ دەست تێوەردانی هێزێکی خودایی یان سروشتی توانای کردنی شتەکانیان هەیە.ئەم هەموو بەکتریا جوانانە وەکو جرجی ئینجیل بۆ ئەوەی بە جیهاندا بڵاوببنەوە لە ڕادەبەدەر خۆراکیان پێ دەدرێت، ئاماژەیە بۆ سەرکەوتنی بەسەر مرۆڤدا، بەڵام ئەوە ڕوونادات. زانست لەژێر سێبەری بەرپرسیارێتیدا بە ئاسانی هەنگاو دەنێت: دەڵێت، هەموو شتێک دەگەڕێتەوە شوێنی خۆی. بەرسڤی دەدەمەوە: وەک هەمیشە واقع لە پێشینە دەبات و وەک هەمیشەش جگە لە شوێنکەوتە نابینە هیچی تر.
ئیمیلیۆ: جیاوازییەکی دیکەی جاک لاکان جگە لە گرانی زمان و چەمکەکان، یاریکردنە بە وشە، هەرکەس گوێت لێ دەگرێت یان دەتخوێنێتەوە، هەستدەکات مافی سەر لێ شێوانی هەیە؟
من گاڵتەو گەپ ناکەم، شتی جدی دەڵێم. هەروەک چۆن زاناکان کەرەستەکانیان بەکاردەهێنا منیش زۆر بە ساددەیی وشەکان بەکاردەهێنم. وەکو پێداچوونەوەیەک بە دەروونشیکاریدا دەڕۆم.
ئیمیلیۆ: وتت: واقع بوونی نییە. بەڵام مرۆڤی ئاسایی پەی بەوە دەبات کە واقع جیهانە، ئەوەی لە چواردەوریەتی و دەیبنێت و دەستی لێ دەدات.
با سەرەتا ئەو مرۆڤەی وەک ئەوەی بوونی نییە واز لێ بهێنین. تاک بوونی هەیە و ئەمە هەموو شتێکە. کاتێک گوێم لە خەڵکییە لەبارەی خەڵکی سەرشەقامەوە قسەدەکەن، ڕای گشتی، پەل و پۆلی ئەم جۆرە، بیر لە هەموو ئەو نەخۆشانە دەکەمەوە لە ماوەی چل ساڵدا گوێم لێ گرتوون. هیچ کەسێک بە پێوەرێک لە پێوەرەکانی لە کەسانی تر ناچێت. هیچ کەسێک هەمان فۆبیا و نیگەران و ترس و شێوازی قسەکردن لەوە تێی ناگات، نییە. ئیتر ئەو کەسە ئاساییە کێیە؟ من، تۆ، پاسەوانی تەلارسازی، یان سەرۆک کۆمار؟
ئیمیلیۆ: خەڵکی وادەزانن تۆ زیاتر بەرەو ڕەشبینی سەر دەکێشیت؟
ئەمە ڕاست نییە، من نە سەر بە ڕەشبینەکانم، نە سەر بە دڵەڕاوکێکانم. ڕاستە بە نیگەرانی و سەرنجڕاکێشی گەمارۆمان دەدەن، هەروەک شاشەی تەلەفزیۆن کە خۆراک بە بەشێکی گەورەی ئێمە دەدا. بەڵام ئەوە دەگەڕێتەوە بۆ خۆبەدەستەوەدانی خەڵک بۆ تەلەفزیۆن.
هەندێک شتی دیکە هەن. وەک: ناردنی ساروخ بۆ مانگ، توێژینەوە لە قووڵایی دەریا، هەموو ئەو جۆرە شتانە کە بەبێ مەبەستێک لە کردنی شتێک لەدەرەوەی ئەم درامایە کە خەڵکی بەکاردەهێنێت، بڕوام وایە ئەگەر ساروخ و کەناڵە تەلەفزیۆنییەکان بە هەموو ڕاپۆرتە چەپەڵەکانییەوە بۆمان دەستەبەر بکرێت، بەدوای شتانێک دەگەڕێین کە خۆمانی پێ مژووڵ بکەین. ئەوە دەردانی دین و سووڕە دووبارەکەیەتی، یان وانییە؟ جگە لە دین چ شتێک هەیە باشتر بەسەرمادا سەربکەوێت؟ ئاهەنگگێڕانێکی بەردەوامە کە چێژەکەی ماوەکەی بە سەددەیە، هەروەک چۆن لەپێشتریشدا شتی وا ڕوویداوە. وەڵامی من بۆ ئەم هەمووە ئەوەیە هەمیشە مرۆ توانای ئەوەی هەیە بەسەر خراپەدا سەربکەوێت. تاکە واقع کە دەتوانین وێنای بکەین و تەماحی گەشتنمان بۆی هەبێت ئەو پێویستییەیە. وەک پێشتر ئاماژەمان پێکرد مانا بە شتانێک دەبەخشێت. بە وێنەیەکی دیکە، مرۆڤ نیگەرانی نییە، منیش دەبمە مامۆستایەکی ئاماددەیی.
ئیملیۆ: ئایا نیگەرانی هەمیشە لەم سروشتە دایە، یان موتوربەیە بە هەندێک مەرجی کۆمەڵایەتی، لەماوەی جەنگدا بێت یاخوود لەشوێنی جوگرافی؟
ئەو نیگەرانییەی جیهان کە دەترسێت لە ئاشکرابوونی، ئەمڕۆ زیاتر ئەگەری ڕوودانی هەیە، بەڵام ئەو شتانەی لە سەردەمەکانی دیکەدا چی ڕوویداوە، ئێمە چی دەزانین لەبارەیەوە؟ تراژیدیایی بگەڕەکانی دیکە؟ نیگەرانی کرێکارێکی دوورخراوە لە ڕێکخستی بەرهەمەکان وەک سەوڵی کەشتی – ئەمە نیگەرانییەکان ئەوڕۆیە. یان زۆر بە سانایی، ئەم نیگەرانییە بە وشە و چەمکەکانی ئەمڕۆەوە بەندە.
ئیمیلیۆ: بەڵام نیگەرانی بەلای دەروونشیکارییەوە چییە؟
شتیکە لە دەرەوەی جەستە، ترس لە هیچ شتێک، دەکرێت جەستەیان تەنانەت ئەقڵیش هانی بدات. بە کورتی و پوختی ترسە لە ترس. کۆی ئەم ترس و نیگەرانییانە بەو ئاستەی کە هەزمی دەکەین دەیبینین پەیوەندیدارە بە سێکسەوە. فرۆید پێی وایە سێکس بەلای ئاژەڵەوە باڵایە، ئەوەی بە مرۆڤی دەڵێت نە چارەسەری هەیە نە ئومێدێک. ئەوەی دەروونشیکاری دەیکات ئەوەیە لە قسەکانی نەخۆش پەیوەندییەک لەنێوان سێکس و نیگەرانیدا بدۆزێتەوە، ئەمە نەزانراوە گەورەکەیە.
ئیمیلیۆ: ئێستا کە سێکس لە هەموو شوێنێک دەبینین، لە سینەما، سێکس لەسەر تەختەی شانۆ، تەلەفزیۆن، ڕۆژنامەکان، گۆرانییەکان، کەنار دەریا. وەک ئەوەی کە دەیبیستین ئێستا خەڵکی کەمتر نیگەرانی ئەو کێشانەن پەیوەندی بە لایەنی سێکسییەوە هەیە. بەلای خەڵکییەوە ترس لە سێکس نەماوە؟
ئارەزووی بەربڵاوی سێکسی جگە لە دیاردەیەکی بازرگانی هیچی تر نییە. وەک پێشتر وتم دەروونشیکاری شتێکی جدییە و پەیوەندی بە نێوان دوو تاکەوە هەیە:بابەت و دەروونشیکارەکە.شتێک نییە بەناوی دەروونشیکاری کۆ، دەروونی و نیگەرانی کۆ- ش، نییە.
ڕاستی بە بازرگانیکردنی قسەکانم لەبارەی سێکس و نمایشکردنی لەلاکانی شەقام و مامەڵەکردنی وەک هەر پاککەرەوەیەک کە لە تەلەفزیۆن پیشان دەدرێت، هیچ مایەی دڵخۆشی نییە. ناڵێم شتێکی خراپە. ئەوەی جەختی لێکراوەتەوە ئەوەیە بەس نییە بۆ ئەوەی مامەڵە لەگەڵ نیگەرانی و کێشە تایبەتەکان بکات. ئەوە لە مۆدە دەرناچێ، لە مۆدە ساختەکانی لیبراڵییەکان کە ناوی دەنێن کۆمەڵگای نەرم و نیان، وەک ئەوەی خەڵاتێکی ئاسمانی بێت. بەڵام لە ئاستی دەروونشیکاری سوودی نییە.
WWW.Blogger.com
وەرگێڕانی : مەدینە ئەحمەد
ئەم چاو پێکەوتنە لەساڵی ١٩٧٤ سازدراوە.